Skip to Content

ئەنارشیستانی کوردیی-زمان تکایەکی هاوڕێیانە لە خۆم و لە ئێوەش!… هەژێن

ئەنارشیستانی کوردیی-زمان تکایەکی هاوڕێیانە لە خۆم و لە ئێوەش!… هەژێن

Closed
by حوزه‌یران 20, 2019 General, Opinion

وەک مێژوو بزووتنەوەی ئەنارشیستی بە ئێمە نیشاندەدات، ئەنارشیستەکان ئەو بنەما کردەییەیان پەیڕەوکردووە :

مەیدانی بەرەنگاریکردنی سیستەمی سەروەریی چینایەتی زۆر لەوە فراوانترە، کە چەند ڕەوت و ئاراستەیەکی جیاواز نەتوانن هەر یەکە و بە شێوازی خۆی خەریکی پاگەندەکردنی بۆچوون و بنەماکانی و کەتوارییکردنەوەی ئەڵتەرناتیڤەکانی بێت.

ئێمە خەریکی بەرەنگاریکردنی سیستەمی سەروەریی چینایەتی و کۆششی کۆمەڵایەتیینانەی خۆمان دەبین، کەسانی دیکە  چیدەکەن، ناتوانن ڕێگریی کەتواریی هەوڵە شۆڕشگەرییەکانی ئێمە بن، ئەگەر ئێمە بەڕاستی لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان خەریکی کۆشش و خۆڕێکخستنی خۆمان و بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتییەکان بین.

بەدرێژایی مێژووی سەدەی هەژدە و نۆزدە و بیست و ئێستاش سەرەتای سەدەی بیست و یەک، ئەوە ڕەوت و ئاراستە ئایدیۆلۆجیی و ڕامیارییەکانی دیکەی بەناو “سۆشیالیزم” و “کۆمونیزم”، شان بەشانی شێواندن و تۆمەتەکانی سەروەران بۆ ئەنارشیزم و ئەنارشیستەکان، وێناکردنی بیرکردنەوەی ئێمەیان شێواندندووە و وێنەی ئێمەیان ناشیرینکردووە و لە ئێمە دوژمنی شۆڕش و رزگاری کرێکارانیان چیکردووە و سەد و هەشتا (180) پلە ئامانج و شێواز و مێژووی ئێمەیان پێچەوانە و لنگاوقووچ نیشانداوە و هەرچی بەرەنجامی نیگەتیڤیی پارتییایەتی و ئایدیۆلۆجییگەریی خۆیان بووە و هەیە، بە شان و ملی ئێمە داداوە و هەردەم چ لەوپەڕی دەسەڵاتداریی و چ لەوپەڕی پووچەڵبوونەوەی وەک ئێستایان بۆ یەک تاقە سات و چرکەش لە دوژمنسازیی لە ئێمە نەوەستاون، چونکە بوونی ئێمە مەترسیی و ڕێگری سەروەرخوازی و دەسەڵاتخوازیی و ناوبانگخوازیی و مشەخۆرییخوازیی سەرانی پارتییەکانی ئەوانە.

ئەگەر ئەوە نەبێت، دەبوو ئێمە نزیکترین دۆست و هاوتێکۆشانی ئەوان بوونایە، هەر ئاوا لە کۆمونەی پاریس 1871 و لە ڕوسیە 1917-1921 و لە هەرێمی باڤاریای ئاڵمانیا 1918 و لە ئیسپانیا 1936-1939 و لە ئەمەریکای لاتین نیشانمانداوە،  ئێمە هەردەم دژی دەوڵەتان و سەرمایەدارانی ناوچەکە و جیهان، لە ئەوان (چەپەکان) پشتیوانیمانکردووە و ئەوان پاش تەواوبوونی مەترسییەکە، لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوییان لە پشتی هاوسەنگەریی ئێمە داوە.

هاوڕێیان ئەنارشیستی کوردیی-زمان، ئەرکی مێژوویی ئەنارشیستەکان زۆر لە دژایەتیکردنی پارتییە چەپەکان و چەند چەپێکی تەرەکەوتوو، گەورەتر و فروانترە؛

ئەنارشیستەکان دژی سەروەریی چینایەتین لە خێڵەکییەوە تاکو پاشایەتی و دەوڵەتی هاوچەرخ و فەرمانداریی-پارلەمانیی، نەک بەس جۆرێک لە سەروەریی، ئێمە خوازیاری خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی شوێنی کار و ژیان لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمیی خۆجێی و یەکێتی فێدرالیستیی ئازادانە،

ئەنارشیست هزرەکان دژی دارایی تایبەت و دارایی دەوڵەتیین، نەک بەس دژی جۆرێکی سەروەری، ئێمە خوازیاری دارایی کۆمەڵایەتیین، 

ئەنارشیست هزرەکان دژی کاری کرێگرتەین چ بۆ  سەرمایەداران و چ بۆ دەوڵەت، نەک بەس جۆرێکی کاری کرێگرتە، ئێمە خوازیاری بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی و هەرەوەزیین،

ئەنارشیست هزرەکان دژی هەموو ستەم و هەڵاواردنێکین، نەک بەس دژی جۆرێکی ستەم و هەڵاواردن، ئێمە خوازیاری یەکسانی مافی تاک و کۆمەڵەکان، یەکسانی ماف و ئەرکی ڕەگەزەکان، یەکسانی ماف و ڕەوایی کولتوورەکانین،

ئەنارشیست هزرەکان دژی هەموو ڕێکخستنێکی نێوەندگەرا و قووچکەیی و پارتیی و دەوڵەتیین، نەک بەس دژی جۆرێکی دیاریکراو، خوازیاری خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ و ئاسۆیین بەبێ سەرۆک و ڕابەر و شوانەیی ڕامیاران،

ئەنارشیست هزرەکان دژی هەموو بەرتەرییەکی ڕامیاریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی دەستەبژێر و گرووپەکانین، نەک بەس دژی جۆرێکی، ئێمە خوازیاری ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیین،

ئەنارشیست هزرەکان دژی هەموو سالارییەکی مرۆڤ لەسەر مرۆڤێن، نەک بەس جۆرێکی، ئێمە خوازیاری یەکێتی و هاوپشتی خۆخواستانە و خۆبەخشانەی تاک و کۆمەڵە ئاازادەکانین،

ئەنارشیست هزرەکان دژی هەموو بەڕێوەبەرییەکی سەرووخەڵکین، نەک بەس دژی جۆرێکی، ئێمە خوازیاری خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیین،

ئەنارشیست هزرەکان دژی پۆلیس و سوپا و زیندان و قەنارە و دوورخستنەوەین، نەک بەس هی دوژمنەکانمان، بەڵکو بۆ هەموو کەس،ئێمە خوازیاری خۆپارێزیی کۆمەڵایەتیی شوێنەکانی کار و خوێندن و ژییان و کۆمەڵەکانین،

ئیدی بەو جۆرە جیاوازییەکان درێژدەبنەوە، تاکو دەگاتە جۆری ژییانی تایبەتیی و ڕەفتار و گوفتار و ئەتوار و تەنانەت خواردن و بەکاربردن و ژینگەپارێزیی و خەمخۆریی بۆ نەوەکانی دواتری مرۆڤایەتی ….تد

بەڵام،

ئەوان دژی سەروەریی خاوەن کۆمپانییەکانن، بەڵام بۆ سەروەریی پارتییەکەی خۆیان هەوڵدەدەن،

ئەوان دژی دارایی تایبەتیی خاوەنکارانن و لەسەر دارایی دەوڵەتیی پێداگرییدەکەن،

ئەوان دژی کاری کرێگرتە بۆ خاوەنکارخانەکانن و لەسەر کاری کرێگرتە بۆ دەوڵەت پێداگرییدەکەن،

ئەوان دژی ستەم و هەڵاواردنی خاوەنکارخانەکانن لە خەڵک و بەرانبەر خەڵک، بەڵام ڕەوایەتیدەری ستەمکاریی و هەڵاواردنی خۆیان و پاساودەری ئەو کۆمەڵکوژیی و تاوانانەی درێژایی حەفتا ساڵی سەدەی بیستەم هاوبیرانیان بەرانبەر کۆمەڵ ئەنجامیان داوەن،

ئەوان دژی ڕێکخستن و ڕێکخراوەکانی سەرمایەدارە تاکەکانن، بەڵام پێداگری هەمان جۆری ڕێکخستنی ڕامیاریی و ئابووریی و ئایدیۆلۆجیین بۆ خۆیان و نێوەندگەرایی و قووچگەیی سیستەمی بەڕێوەبردن بە لووتکە دەگەیێنن، هەر بەو جۆرەی موسۆلێنی و هیتلەر و پۆلپۆت و سەدام و خومەینی گەیاندیان،

ئەوان دژی بەرتەریی ڕامیاریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیین بۆ دەستەبژێرەکانی سایەی سەرمایەداری بازاری بەڕەڵا، بەڵام وەک پاشاکان بەرتەریی بۆ  سەرانی پارتییەکانیان و جەنەڕاڵەکانیان ڕەوایدەکەن،

ئەوان سالاریی خاوەنکارەکان ڕەتدەکەنەوە،بەڵام خوازیاری جێگرتنەوەی ئەو سالارییەن لەلایەن خۆیانەوە،

ئەوان دژی جۆرێکی دەوڵەتن، بەڵام لەسەر پێداویستیی دەوڵەتی قەرەقووشیانەی خۆیان پێداگرییدەکەن و تەنانەت لەپێناو سەپاندنی کۆمەڵکوژیی ملیۆنی ئەنجامدەدەن،

ئەوان دژی پۆلیس و سوپا و زیندان و قەنارە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستان، بەڵام ڕەواکەری پۆلیس و سوپا و زیندان و قەنارەی خۆیانن و پاشگری “شۆڕشگێری”یان بۆ زیاددەکەن،

ئیدی بەو جۆرە لیستی هەڵوێست و بیرکردنەوەی “بانێکە و دوو هەوا”ی ئەوان لە کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەوە تاکو ئەم ساتە درێژدەبێتەوە و سەراپای هەوڵی ئەوان بۆ جێگرتنەوەی سەروەریی ئەوانی دیکە بە سەروەریی خۆیان، جێگرتنەوەی دیکتاتۆریی خۆیان بەناوی “پڕۆلیتاریا”، درووستکردنی پارتیی و چوونە پارلەمان و وەرگرتنی مۆڵەت و مووچە و کۆمەک لە دەوڵەتانی سەرمایەداریی و تاوانبارکردنی ئێمە بە “خزمەتکردن بە سەرمایەداریی” و …تد

بە بۆچوونی من و سەلماندنی ئەزموونەکانی مێژووی سەد و هەشتا ساڵەی ڕابوردوو، هەر ئەوەشە هۆکاری دژایەتیکردنی ئەنارشیزم و کۆمەڵکوژکردن و تیرۆرکردنی پاگەندەیی ئەنارشیستەکان، شێواندنی بنەماکانی هزری ئەنارشیزم، لنگاوقووچ-نیشاندانی وێنا و وێنەی ڕاستینەی کۆشش و ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئەنارشیستی، تاکو ئەندامان و لایەنگرانی فریوخواردووی خۆیان بە “سۆشیالیزم” و “کۆمونیزم”ی دێوجامەیی لە ڕاستی ئامانج و هەوڵ و مێژووی هزر و بزووتنەوەی ئەنارشیستی تێنەگەن و تەنانەت وەک ئایینگەراکان کولتووری ترس لە خوێندنەوەی سەرچاوە ئەنارشیستییەکان باودەکەن و ئەگەر بزانن ئەندام یان لایەنگرێکیان خەریکی ڕامان و هەوڵدانە بۆ تێگەییشتن لە ئەنارشیزم و سەرچاوەکانی دەخوێنێتەوە، تۆمەتباران و شەرمنیدەکەن و جەنگی دەروونی بەرانبەر دەکەن.

کورتەی پەیام و هاندەری نووسینی ئەم پەیامە، هاوڕێیان (ئەنارشیزم) بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی بووە و شۆڕشگەریی ئەو هەر ئەوەیە و هەر بەوەش دەمێنێت، لەبەرئەوە مەیدانی پاگەندەکردنی هزر و بۆچوونەکانی ئەنارشیزم، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن، مەیدانی کۆششی ئەنارشیستەکان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان؛ ئەرەکە بنەڕەتییەکانی ئەنارشیستەکان وەک ڕۆشنگەرانی شۆڕشگەر و چالاکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی، پاگەندەکردنی بۆچوونەکانی خۆیانە، نەک جەنگی بۆچوونە چەپییەکان؛ بەشداریکردنی ناڕەزایەتی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە، نەک بەرەی هاوبەش لەتەک بزووتنەوە نائیدیۆلۆجیی و پارتییەکان، یان بچووکردنەوەی کۆشش و بەرەنگاریی خۆمان لە دژایەتیکردنی چەند پارتیی و گرووپ و کەسێک؛ ئەرکی ئەنارشیستەکان هەوڵدابنە بۆ خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و پێکهێنانی ڕێکخراو و گرووپە خۆجێییە سەربەخۆ و ئاسۆییە جەماوەرییەکان، نەک کات بەفیڕۆدان بە شەڕەدەندووک لەتەک بۆیباخ لەملانی چەپ، ئەوانەی هەر سات خەریکی هەواڵدان و سازشکردنن لەتەک دەسەڵاتداران بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و مشەخۆریی.

هەر کەس بەڕێی خۆی و با لەوە زیاتر کات و وزە و تواناییەکان بەفێرۆنەدەین، کێ دەتوانێت با خەریکی وەرگێرانی سەرچاوە هزرییەکان، وەرگێڕان و ناساندنی مێژووی بزووتنەوەکە، وەرگێرانی فیلمە دۆکومێنتەرییەکان، کێ دەتوانێت با وەرگێردراوەکان چاپ و بڵاوبکاتەوە، کێ دەتوانێت با کۆڕی ڕۆشنگەریی بگێرێت و کێ دەتوانێت با بۆ پیكهێنانی فۆڕووم و گرووپە خۆجێییە ئەنارشیستییەکان لەنێو گوندەکان، یان لەنێو کۆڵان و گەڕەک و گۆشەی شارەکان هەوڵبدات، شتێک کە نابێت ئێمە لەبیریبکەین، ئەوەیە؛ ئەنارشیزم بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە و بەس لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتی و بزووتنەوە  جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر و توانای پەرەسندن و کۆمەڵایەتییبوونەوەی ئەنارشیزم هەیە. پارلەمان و سیمینیاری چەپەکان و فسکە فسکی بنکە پارتییەکان و شەڕە تفەنگی چریکەکان و خۆنواندنی نێو کاناڵەکانی بۆرجوازی مەیدانی تێکۆشانی ئەنارشیستەکان نین و نەبوون و نابن.

بۆ ئێمە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەس مەیدانی پاگەندەکردنی بۆچوون و گەیاندنی سەرچاوە هزرییەکانی ئەنارشیزم و وەک خۆیان نیشاندانی بنەما هزرییەکانی ئەنارشیزمن بۆ ڕسواکردنی و بە درۆخستنەوەی هەموو شێواندنەکانی چەپ و ڕاست. لەبیرمان نەچێت، پێش ئەوەی چەپەکان دژی ئێمە بن، دوژمنی گەورەتر هەیە، کە ڕەوتە سێکسیست و ئایینییە-ڕامیارییگەرا و ناسیونالیست و شۆڤێنیست و فاشیستەکانن، ئیدی ڕەنگی ئاڵا و درووشمی ئەو بزووتنەوە ڕاستڕەوانە هەر چی بێت، دوژمنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیین و لە سەرووی ئەوانیشەوە دوژمنە سەرەکی و گشتییەکە، لەبیرنەکەین؛ سەروەریی چینایەتی بە هەموو ڕەنگ و زمان و بۆن و قەبارەکانیانەوە!

هاوڕێیان، تکایە خۆتان و بزووتنەوە و ئامانجەکەتان تاکو شەڕەدەندووککردن لەتەک سەرانی چەپ و پارتییەکان و گرووپە رامیارییەکان و  چەند کەسێكی ناوبانگخواز دامەبەزێنن، ئەوەی ئەوان سەرمایەداریی و دەوڵەتەکان و کۆمپانییەکان و ڕەوتە ڕاستڕەوەکانیان لەبیرکردوون و خەم و قسەی شەو و ڕۆژەیان بووە بە دژایەتیکردنی ئەنارشیزم و ئەنارشیستەکان و تەنانەت شەوانە بە دژایەتیکردنی ئەنارشیزمەوە وڕێنەدەکەن، نیشانەی هەژموون و بوونی کۆمەڵایەتییانەی ئێمەیە، سەرەتای کارە و کاتی خۆڕێکخستن و بەشداریکردنی بزووتنەوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان و کەتوارییکردنینەوەی ئەلتەرناتیڤە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و بەڕێوەبەرییەکانە، کاتی خۆڕاپساندنە لە ڕابوردووی چەپڕەویی و ڕاسڕەویی کەسیی، کاتی هەنگاونانە بە هەر شێویەک دەکرێت و دەلوێت و دەگونجێت و بوار هەیە و تواناییە کەسییەکانمان بواردەدەن، کاتی ئاشناکردنی بنەماکانی ئەنارشیزمە بە چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانی کۆمەڵ، نەک ئەنارشیستکردنی پارلەمانتاران و سەرانی پارتییەکانی چەپ. هەر کات ئەوان بەبێ ڕەتکردنەوەی رابوردوو و دارایی و ناوبانگ و دەسەڵات و پلەیان ببنە ئەنارشیست، ئەوە نیشانەی ئەوەیە، کە ئێمە لنگاوقووچ لە ئەنارشیزم تێگەییشتووین و خەەریکین لنگاوقووچ بە کۆمەلی دەناسێنن، ئەنارشیزم هزری کۆمەڵایەتیی نەداران و بێدەسەڵاتکراوانە، نەک بنێشتە خۆشەی دەمی ڕامیاران و سەرمایەداران و دەروێشانی ئایدیۆلۆجیی !

هاوڕێیان بۆ ئەوەی بزانین کە لە ماوەی چواردە ساڵی ڕابوردوو (2005 تاکو ئێستا) چ کات و وزە و ورەیەک لە بەرەبەرەکانێ و وەڵامدانەوەی تۆمەتەکانی چەپ بەفیڕۆداوە و چووە، بەخۆتان بەراورد بکەن، ئەگەر لەجیاتی ئەوە خەریکی وەرگێران و کاری هونەریی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی و کاری هەرەوەزیی بووینایە، ئێستا بزووتنەوەکە خاوەنی چی دەبوو و لە چ ئاستێکی کۆمەڵایەتیی دەبوو.

من لێرەدا بەڕاشکاویی و بەبێ سڵەمینەوە من بەبێ گومان و بەوپەڕی بڕواوە ئەم دەستەواژەیەی کۆتایی دەنووسم، بابەتە فەسیبووکییەکان و ڕیزکردنی ناوی ئەنارشیزم  لە ڕیزبەندیی ئاژاوە و خراپەکانی و …تد لەلایەن چالاکانی ڕەوتە چەپڕەوەکان و راستڕەوەکان بۆ تووڕەکردن و خەریککردنی ئێمەیە، بۆ گێرانەوەی ئێمەیە لە ئەنجامدانی ئەرکانمان، بۆ دوورخستنەوەی ئێمەیە لە مێژووی بزووتنەوەکەمان، بۆ بەرگرتنە لە پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی هزری ئەنارشیستی؛ ئاخر بڵاوبوونەوەی بنەماکانی هزری ئەنارشیستی و تێگەییشتنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتکراوەکانی کۆمەڵ لە ڕاستیی ئامانجی ئەنارشیستەکان و ئەنارشیزم، بە خوریکردنەوەی ڕێسی هەموو دەسەڵاتخوازان و ناوبانگخوازان و مشەخۆرانە لە ڕاستەوە بۆ چەپ، داچڵاکان و هوشیاربوونەوەی چەوساوانە بەوەی کە بەس خۆیان (چەوساوان) دەتوانن ڕزگاریکەری خۆیان بن و هەموو پارتیی و گرووپ و کەسێک بەناوی “پێشڕەویی سۆشیالیستی و کۆمونیستی” وەک ڕامیارانی نێو پارلەمان و دەسەڵاتداران لەپێناو بەشی گەورەتر لە کێکی تاڵانکردنی ڕەنجی ڕەنجدەران و سامان و داهاتی کۆمەڵ، هەوڵدەدەن و هەر کات چەپەکان دەسەڵاتیان هەبێت، هەمان شت دەکەنەوە کە پێشینانیان کردیان؛ ئەوان هەمان تاکتیکی ئاژاوەچییەتی دەسەڵاتخوازان و پاوانگەران پەیڕەودەکەن “ئەگەر نەتوانن شۆڕشگەر بن، خۆ دەتوانن شۆڕش تێکدەر بن”، وەک بە کردەوە دەبینین و  سەد و پەنجا ساڵ زیاترە (لە درووستکردنی یەکەمین پارتیی سۆشیال-دێمۆکراتی سویسرا تاکو دواهەمین باڵی جیاوەبووی حیکمەتیستەکان)دەردەکەوێت، ئەوان بە درووستکردنی پارتییەکان و جیابوونەوە و باڵ-باڵێنە سێکتاریزم پەرەپێدەدەن و بە دەسەڵاتخوازیی و دەوڵەتەکانیان و بەشدارییە پارلەمانییەکانیان، چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتکراوەکان لە  بەدەسهێنانی داخوازییەکانیان و سەرکەوتنی شۆڕش نائومێدکردووە و دەکەن و وەرگەڕانی کۆمەڵەکانی جیهان بەرەو ڕاستڕەویی و پەرەسەندنی بزووتنەوە ئایینییە-رامیارگەرا و ناسیونالیست و شۆڤێنیست و فاشیست و سێکسیستەکان بەرەنجامی ئەو شکستانەن، کە دەوڵەتگەرایی چەپ لە بلانکیستەکان تاکو بۆلشەڤیک و مائۆئیستەکان و کاسترۆئیستەکان و حیکمەتیستەکان و ..تد بەسەر چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان هێنایان و ئەوانیان لە ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕش نائومێدکرد!

بە درێژایی مێژووی پارتییایەتی و چەپ، فیلۆسۆفیی دژە-شۆڕشانی دەسەڵاتخواز و  پاوانگەر و ناریسیست ئەوە بووە “ئەگەر نەتوانم  شۆش بەیەکجاری لەنێوبەرم، خۆ دەتوانم پارچە-پارچە و تێکی-بدەم ”، بۆ سەلماندن و دەرکەوتنی ڕۆڵی دژە-شۆڕشانەی پارتییچییەکان بەناوی “سۆشیالیزم” و “کۆمونیزم”، سەرنجێکی خێرای ڕووداوەکانی نێو بزووتنەوەی کرێکاران و بزووتنەوەی سۆشیالیستی سەدەی نۆزدە و بیست و ئێستا بەسە، کە هەردەم بەهۆی درووستکردنی پارتییەکان و پەرەدان بە سێکتاریزم  و پەڕشوبڵاوکردنی ڕیزی یەکگرووی کرێکاران و سۆشیالیستان و کۆمونیستان بەسەر  پارتیی و گرووپ و دەستەکان، بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە وەک هێلکەیەکی پاککراو و وردکراو خراوەتە پارووی سەرمایەداران و سەروەران، هاوکاتیش پارتییچییەکان شان بە شانی دەوڵەتان و سەرمایەداران لە ڕۆڵی شۆڕشگەرانەی ئەنارشیستان لەنێو بزووتنەوەی کرێکاران و بزووتنەوە ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەرییخوازەکان داوە و سۆشیالیست و کۆمونیستە ئازادخواز و ڕاستینەکان [ئەنارشیستان]یان بە دوژمنی چەوساوان ناساندووە؛ ئەوە تاکە کۆشش و بەرەنجامێکی تاکو ئێستای پارتییچییەتی و دەوڵەتخوازییە بەناوی پڕۆلیتاریا و کرێکاران و سۆشیالیزم و کۆمونیزم.

هاوڕێ، هاورێیان، هاوڕێیان، ئەگەر دەخوازن و ئارەزومەندی وەڵامدانەوەی تۆمەتەکان و شێواندنەکان و دوژمنایەتییەکانن، با هەموومان پێکەوە و هەر کەس لە شوێنی کار و ژییانی خۆی و بەگوێرەی توانا و کات و ئارەزوومەندیی و هۆگریی خۆی خەریکی کۆشش و ئەنجامدانی ئەرکی مێژوویی خۆمان بین، کە شۆڕشی کۆمەڵایەتییە، شۆڕشی کۆمەڵایەتیی [= ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتیی، کۆشش و چالاکی کۆمەڵایەتیی، بەرەنگاریکردنی کۆمەڵایەتی، خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی،پێکهێنانی ڕێکخراوە و گرووپە خۆجێییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە  سەربەخۆ و ئاسۆییەکانی شوێنی ژییان و کارکردن و خوێندن، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هەرەوەزییە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان، هەڵخڕاندنی ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتیی، هەوڵدان بۆ لێکگرێدانەوەی تان و پۆی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی خۆجێی و ناوچەیی و هەرێمی و …تد]، چونکە ئەنارشیزم هزر و بۆچوونی شۆڕشگەرانەی کۆمەڵایەتییە بۆ گەییشتن بە کۆمەڵی بەبێ چین و چەوسانە و بەبێ سەروەریی چینایەتی✊

هەژێن

19ی جوونی 2019



Previous
Next
Kurdish