Skip to Content

ئاپۆکالیپس لە  “سەرما و بەرد”ی دلاوەر قەرەداغیدا …نووسینی: بەکر ئەحمەد

ئاپۆکالیپس لە “سەرما و بەرد”ی دلاوەر قەرەداغیدا …نووسینی: بەکر ئەحمەد

Closed
by حوزه‌یران 23, 2019 General, Literature, Slider

لە فیستیڤاڵی فیلمی ٢٠١٨ ی یۆتۆبۆریدا، چەترێک وەک ناونیشان کۆمەڵێک تەوەری ناوەرۆکی فیلمەکانی کۆدەکردەوە: (ئاپۆکالیپس و فیلم). بابەتەکانی وەک پەلاماری زۆمبی، بڵاوبوونەوەی پاندێمی، گەرانەوەی وەحشە گەورەکان، کاتێک مەکینەکان دەسەڵات بەدەستەوەدەگرن، دەسەڵاتە دیستۆپیەکان، کارەساتە سروشتییەکان، سروشت پەلامار دەداتەوە، پەلامار لە فەزاوە و جەنگە ئەتۆمیەکان، دەکرێ وەک کۆمەڵێک ناونیشان ئاماژە پێبدرێت بۆ ئەو بەرهەمانەی کە لە ڤیستیڤاڵدا نمایشکران. هەموو ناونیشانەکانی سەرەوەیش بە جۆرێک گێڕەرەوەی ئەوەیە کە کۆمەڵگا ڕووبەڕووی کۆتایی خۆی دەبێتەوە و کەمایەتییەک مێژووی دووبارە ژیانەوە و سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەیەکی تر نمایشدەکات.

چەمکی (ئاپۆکالیپس) لە سادەترین دەربڕینەکانی ماناکەیدا :بە کۆتایی دنیا دەکرێ سەرنجی بدرێتێ. وشەکە لە بناغەدا یۆنانییە و زانستی ئێستاکۆلۆجیا کە بەشێکە لە زانستەکانی لاهوت و فەلسەفە سەروکاری لەگەڵ ئەو بەشە لە حەکایەتی “کۆتاییەکان”دایە.

چیرۆکی نوح و دروستکردنی کەشتییەک بۆ ڕزگارکردنی نەوەکانی بەشەرییەت و تۆفانی گەورە بە یەکێک لە حەکایەتە ئاپۆکالیپسییەکانی ناو ئایین لەقەڵەم دەدرێت. هەمووان دەمرن و کەمایەتییەکی کەم دەربازدەبێت و سەرلەنوێ دەستپێدەکردنەوەیەکی دیکە بەرێوەیە.

یەکێ لەولقانەی فیلمەکانی ئاپۆکالیپس لەم دواییانەدا کاری لەسەر دەکات، بە فیلماتیزەکردنی ئەو چیرۆکانەیە کە سەر بە ئەدەبیاتی دیستۆپیایە. لقێک لە بواری نووسین کە نووسەر بۆ ڕەخنەگرتن لە کۆمەلگای ئەمڕۆ ، وێنەیەکی ئایندەییانە بۆ کۆمەلگایەک دەکێشی کە دەسەلاتی سیاسی تیایدا تۆقێنەرە.
دیستۆپیا ڕێک پێچەوانەی یۆتۆپیایە و رۆمانە بەناوبەنگەکەی (مارگرێت ئەتوود) ” حەکایەتی کارەکەرەکە” و “1984’ی “جۆرج ئۆروێل” دەچێتە خانەی ئەم بوارەوە.
ئەگەرچی (سەرما وبەردی) دلاوەر قەرەداغی دووبارەکێشانەوەی وێنەی ڕابردوویەکە لە ئیستاوە سەرنجی دەدرێتێ، بەلام گێرەرەوەی هەمان ناوەرۆکێکە کە حەکایەتە دیسپۆتییەکان باسیدەکەن. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەدەبی دیستۆپیا لە زمانی عەرەبیدا بە (ادب المدینە الفاسدە) وەرگێردراوە.

بۆیەش ئەو وێنەکێشانە رۆژانەیەی لە مەمەلەکەتی سەرما و بەرد دا دلاوەر دەستی بۆ دەبات، هێندەی وەسفکردنی شاریکی فاسدە، رەنگە ناونیشانێکی دیکە دروست نەبێت بۆ ئەم جیهانە.

ئەم پیشەکیییە کورتە سەبارەت بە ئاپۆکالیپس و دیستۆپیا، بۆمن گرنگە و لە شوێنێکی دیکەی ئەم نووسینەدا دەگەرێمەوە سەری.

ئەگەر گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئیلهامی (مارگەرێتا ئەتوود)ی ئەمریکییە بۆ نووسینی “حەکایەتی کارەکەرەکە”، ئەوا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی عێراقدا، ئیلهامبەخشی دلاوەرە بۆ نووسینی (سەرما و بەرد). بەڵام بە جیاوازییەک کە (مارگەریتا ئەتوود) لە ئیستاوە وێنەی کۆمەلگایەکی ئایندەییانەی ئەمریکا دەکێشێت کە کارەساتێکی سروشتی روویداوە و دەسەڵات کەوتوەتە دەست ڕاستی مەسیحی. بەڵام لای دلاوەر قەرەداغی، (سەرما و بەرد)، دووبارەگیرانەوەی مێژووی دابەزینی جەنگاوەرەکانی شاخە بۆ شار لە شیعردا.

کاتێک جەنگاوەرەکان لەشاخەکان
هاتنە خوارەوە و شۆڕش کۆتایی هات.
من شەوێکیان جلی پێشمەرگایەتیم لەبەر کرد و
دامە شاخ.

ئەم چەند دێرەی سەرەوە، دەستپێکی یەکەمین دیرەکانی قەسیدەی (سەرماو وبەرد)ی دلاوەرە. خوێنەر لەم دەربڕینە کورتەدا لە بەرانبەر بەهێزترین بەشەکانی ئەم قەسیدەیەدایە. ئاخر کۆتایی شۆڕش و هاتنەخوارەوی جەنگاوەرەکان، دەکرێ بە دەستپێكی ئەو یۆتۆپیایە دەستپێبکات کە حەکایەتی شۆڕش لە چەند دەیەی رابردوودا کاری لەسەر کردووە و بە گوێی کۆمەلگادا دراوە. بەڵام رێک لەو سەرەتایەدا کە خەون و ئاوات و درەخشاوەیی ئایندەیەک کە خەریکە خۆی پیشانی هەمووان دەدا، شاعیری (سەرما وبەرد)، پشت لە شار و یۆتۆپیا و ڕوو لە شاخ هەڵدێ.

“گابرێل گارسیا مارکیز” لە (سەجەلەی مردنێکی ڕاگەیاندراو)دا و لە یەکەمین دێرەکانی رۆمانەوە دەنووسێ:”ئەو رۆژەی ئەوان دەیانویست سانتیاگۆ ناسر بکوژن، ئەو پینج و نیوی بەیانی لە خەو هەستا تا خۆی بگەێنێتە لای ئەو کەشتییەی کە قەشەی پێ هاتبوو.” ڕەنگە ئەمە جوانترین دەستپێکردنی رۆمان بێت کە بە کوشتنی پالەوانی سەرەکی دەست پێدەکات.
دلاوەریش لە قەسیدەی سەرما و بەردا، لە رۆژی سەرکەوتنی شۆرشدا، لە شۆرش هەڵدێت. ئیتر خوێنەر دەبێ بە شوێن ناوەرۆکی ئەم شۆرشەوە، لە دیرەکانی دیکەدا بۆ کار و کردەوەکانی شۆڕش بگەرێ.

بەوەی جەنگاوەرەکان بەشاخەوە بوون و کارییان لە شۆڕشدابوونێکی بەردەوامدا بووە، لە هاتنەخوەرەوەیاندا، کۆتایی بە شۆڕشییان دەهێنن و لەگەڵ زەماوەندی ئەم هاتنەخوارەوەیاندا، جەژنی سەرکەوتنی شؤڕش دەگیڕن.

بەڵام ئەم جەژنگێرانەی شۆڕش لە شارەکاندا کە بە کۆتایی شۆڕش تەواودەبێت، بە دەستپێکی جەژنگێڕانێکی دیکەی شاخەکان دەستپێدەکات کە لە کاتی بوونی شۆڕشگێرەکاندا لە شاخ، دەرفەتی ئەم سەما بێدەنگییەی ناو شاخەکانی نەدەرەخساند. ئاخر

ئەو ڕۆژانە بەفرێکی سپیتر ئەباری
بارانێکی نەرمتر بەسەر گووندەکاندا دای ئەکرد
…….
ئەو ڕۆژانە هەموو شت لە شاخەکان
کپ و ئارام
وەک ئەوە وابوو
دونیا دوای شەوانێکی درێژ پشێوییو خەوزڕان
قوڵ قوڵ خەوی لێ بکەوێ

بەڵام ئەم ئارامییە ئەفسووناوییەی شاخەکان لەدوای جێهێشتنی جەنگاوەرەکان و چوونەخوارەوەیان بۆ شارەکان، هاوکاتە بە پڕبوونی شارەکان لە دەنگەدەنگ و قەڵەباڵغی.

بەڵام کاتێک دەنگی منی ناو شیعر کە لەگەڵ هاوڕێەکیدا بە جادەیەکی تەڕ و تاریکدا پیاسەیان دەکرد، بە دەنگێکی نزم کە بە تەنها هاوڕێکەی گوێی لێ بێ

ئەبینیت.. من لە دوورەوە تارمایی سەرما و زوقمێک
ئەبینم
کەوا خەریکە بەرەو ڕوومان هەڵ ئەکا!

شاعیر لەناو کەڕنەڤاڵی شایی و زەماوەندی ناو شارەکاندا، هەوری سەرما و زوقمێکی سارد دەبینێ کە بەڕێوەیە.

لێرەوەیە کە دەنگی گێرەرەوەی ناو شیعر، ئەو سەری کارەسات دەبینێت و پێی وایە شار ڕووبەڕووی تاعونێکی سەخت دەبێتەوە.

بەڵام ڕێک لەو شەوانەدا کە شاعیر بای تاعوونی سەرما و بەرد دەبینێ

شەوێکیان دەستێک جلی پێشمەرگایەتیم
لە یەکێکیان
کە چیدی پێویستی پێنەمابوو
وەرگرت و
دامە شاخ.
نەک بۆ ئەوەی دژی هیچ بجەنگم
بەڵکو بۆئەوەی لەگەڵ خۆمدا ئاشت ببمەوە.

کاتێك شاعیردەداتە شاخ، ئەو بە ئەلفبێی زوبانێک کە خەریک بوو لەو زەمانی پێشمەرگایەتییەی دوای شۆڕشدا فێری دەبوو، دەکەوێتە یاداشتکردنی ئەو شتانەی کە دەیبینێ و دەیبیستێ. ئیتر خوێنەر کێشدەکرێتە ناو تۆماری ئەو ڕووداوانەی کە لە دوای کۆتایی شۆڕشدا ، شاعیر لە وێنەکێشانیدا نیشانماندەدات.

ئالێرەوەیە تەواوی ئەو لقە جۆراوجۆرانەی کە ئاپۆکالیپس دەکرێ لەخۆیدا کۆیبکاتەوە لەبواری ئەدەب و فیلماتیزەکردنی ئەو لە سینەمادا، دێنە ناو سەرماو بەردی دلاوەر قەرەداغییەوە.

جەنگەکان دێنە ناو زمان و ماڵی ئینسانەکانەوە. لە جیاتی گۆدزیلا، وەحشی گەورە گەورە لە هەموو شکڵەکانی خۆیاندا پەیدادەبن، لە شیوازی خانووی گەورە گەورەدا، لە شێوازی زەلامی گەورەدا. ئینسانەکان وەک ئەوەی بەر پەلاماری زۆمبییەکان کەوتبن:

هەر شت بوو لێمان ئەکەوت
هەر شت بوو لە شوێنان بیرمان دەچوو
هەرشت بوو لەملاو لا لێمان جێ ئەما

وەک ئەوەی لە دوای کارەساتێکی سروشتییەوە رودەدات، ئینسانەکان لە کونج و کەلەبەری شارەکەیانەوە سەردەردێنن، هەتاو تەڵ تەڵ دەیدایە کزی، کۆلان عەموود عەموود دەیدایە کزی، شەوان تاریک و بێ ئەستێرە.

ریتمی ژیان وەک ئەوەی لە فیلمی خەیاڵە زانستییەکاندا لە لایەن رۆبۆتێکەوە قورمیشکرابێ و لە ژیانی ( مومو و خەبات لە پێناوی کات) ی “میشێل ئێندێ”دا بەرجەستەدەکرێتەوە، بە خێراییەکی لەرادەبەر تێدەپەڕێ. ئیتر ژنەکانی ئەم مەملەکەتە لە ناو قەسابخانەکانی سەربڕیندا لە هەموو شوێنێکدا سەردەبڕڕان. لە دەوڵەتێکی پۆلیسیدا، هەموو ئینسانەکان دەکرێن بە پۆلیس و لەسەرە درێژەکانی بوون بە پۆلیسدا، لە شار و دێوە، حەشاماتێکی زۆر ڕادەگیرێن.

کارەساتە سروشتییەکان نەک هەر تەر و وشک دەسووتێنێ، بەڵکو وەک دارەکانی فیلمی “حەکایەتی ئەڵقەکە”ی “جەی ئار ئار تۆڵکین” زمانیان دەپژێ و دەقیژینن و دەترسن بکەونەوە بەردەستی باخەوانە دڵرەقەکان. ئیتر هەڵهاتنی خەلک دەستپێدەکات وبە کۆرەوی نیوان شار و شاخەکانەوە دەبینرێت. سەرما هەلدەکات و سروشت بە هەموو رقێکی خۆیەوە پەلاماردەدات و ئەم مەملەکەتەی سەرما و بەرد لە گرتنێکی دڵرەقانەدا یەخسیردەکات. ئەگەر کانیبالیزم و ونبوونی هەموو پێوەرە ئینسانییەکان لە ئاپۆکالیپسییەکانی ئەدەب و ئایین دا هەمیشە ئامادەیی خۆی هەیە، ئەوا لە سەرما و بەردا بە تەواوی هێزی خۆیەوە، نمایشدەکرێت. لەم حەکایەتانەدا ئینسان دەگەێنرێتە ئاستانەی فەنابوون (یوم الاخر)، بەڵام کەسانێکیش هەن دەبێ بجەنگن و مانایەک لەم کاوسەدا بدۆزنەوە و حورمەتی ئینسانی خۆیان لەدەستنەدەن. ئالێرەوەیە شۆڕش وەک یاخی بوونێکی لە سەرەتاوە تاکگەرایانە و دواتریش دەستە جەمعی دێتە ناو مێشکی ئەو ئینسانانەی کە دووچاری ئەم عەزابە گەورەیە ناو حەکایەتە ئاپۆکالیپسییەکان دەبنەوە.

لە سەما و بەردا، ئەوە گێرەرەوەی چیرۆکی گەیشتن و دابەزینی شۆڕشگێرەکانە بە شار کە دەداتە شاخ و لەم کەش وهەوا زەهراوی بووەی شارەکاندا ، ئینسانییەتی خۆی دەپارێزێ و جار ناجار، لە ڕێگای نامەی هەندێک لە هاورێکانییەوە بەشێک لە جومگەکانی ژیانی دەمووچاودارانەی ژێر دەسەلاتی (سەرما و بەرد)مان پیشاندەدات.

دلاوەر قەرەداغی لە سەرما و بەرددا، لە باسکردنی دوایین بەیانییەکانی کۆتری برا گچکەماندا، دەربرینێکی جوان و سادە بۆ ناونیشنای ئەم پۆرترێتە هەڵدەبژیرێ. ئەو بە “دۆکۆمێنتارییەکی شیعری رەش و سپی” ناوی دەبات و منیش زۆر سادە و سووپاسگوزارانە لە دەلاوەری قەرزدەکەم.

بۆ من، هەموو قەسیدەی (سەرما و بەرد) دۆکۆمێنتارییەکی ڕەش و سپی ناشیرینترین زەمەنەکانی مێژوویەکە کە تا ئیستاش زوقمی ئەم بەستەلەکە و دڵرەقی ژیانی ناو ئەم مەملەکەتە درێژەی هەیە. بەلام لەگەل ئەوەیشی کە دلاوەر وەستایانە هەموو رەگەزەکانی ناو ئاپۆکالیپسێکی سیاسی کە لە یەکەمین وشەکانی دەستپێکی قەسیدەکەوە ئاماژە بە دەرکەوتنەکانی دەکات و بە دەربڕینی: کاتێک شۆڕش کۆتایی هات و ئەو شەوێکیان جلی پێشمەرگایەتی لەبەردەکات و دەداتە شاخ. لە کاتێکی وادا کە یۆتۆپیا دوای سەرکەوتنی شۆرش ، جەماوەرێکی گەورە مەستدەکات ، ئەو نەک هەر پێشبینی هەڵهاتنی خۆری دەسەڵاتێکی دیستۆپی دەکات ، بەلکو لە وێناکردنی بەشێکی گەورەی جومگەکانی ژیانی ناو ئەم دەسەلاتەدا ، وێنە دەگرێت و لە بەئەرشیفکردنی ئەم مێژووەدا لە بواری شیعردا، قەسیدەیەکی جوان دەخوڵقێنێ.

بەلام هیشتاش هەستدەکەم دڕندەیی زەمەنەکە و کارەساتەکانی ناوی خاوەنی دەنگ و دەمووچاوێکی دیاریکراوی خۆیان نین تا خوێنەر بتۆقێنێت و هەست بە ساردی و گەرمی بێحورمەتییەکانی ئەو زەمەنە بکرێت کە (سەرما و بەرد) دەیەوێ بیگێڕێتەوە.

قەسیدەی سەرما وبەرد، لە نیشاندانی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری ڕەش و سپی دەچێت لە سەر مێژووی زەمەنێکی پڕ لە دڕندەیی، بەڵام بە بێ بوونی هیچ مۆسیقایەک لە باکگراوندی دیمەنەکاندا. ونبوونی دەنگ بە مانای تایبەتی وشەکە، وەک ئەو فیلمانەی لەسەر مەکینەی سینەما کۆنەکان پیشاندەدرێت کە تاکە دەنگێک دەبیسترێت، چکەچکی بەکرەی فیلمهەڵکردنەوەکەیە. وەک نیشاندانی فیلمەکانی ئاوشویتس بە کامێرای ڕەش و سپی کە تیایدا دەمووچاوەکان بە کۆمەڵ دەسووتێنرێن و ئاه و نزوولەیەکێان لێدەرنایەت.

(ستیڤن سپێڵبێرگ) لە فیلمی “لیستی شیندڵەر”دا، بۆ ئەوەی لەم بێدەنگیی و بێدەمووچاوییەی چۆڵکردنی گەڕەکی جووەکانی یەکێک لە گیتۆکانی کراکۆڤدا لە پۆلۆنیا رزگارمان کات و زەبروزەنگی بەکارهاتووی زەمەنەکە بخاتە دڵی تەماشاچییانی فیلمەکەوە، لە کاتێکدا کە فیلمەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بە رەش و سپی گیراوە، دیمەنی منداڵێک کە پاڵتۆیەکی سووری لەبەردایە و بۆ کەسێک دەگەرێ، دەخاتە ناو وێنە رەش و سپییەکانی سکێچەکەوە و بینەری فیلم، بیجگە لە منداڵی پالتۆسوور، هەموو ئەو جووڵە بێئەژمارانەی کە لە دیمەندا دەگووزەرێ لە بەرچاویدا وندەبێ و چاوی ئەو جگە لە منداڵی پاڵتۆسوور، ناچێتە سەر هیچ گۆشەیەکی دیکەی ناو دیمەنەکە.

دلاوەر قەرەداغی لە سەرما وبەردا، بێجگە لە پۆرترێتی کۆتری برا گچکەمان و دوو نامەیەک کە دەکرێ دەنگ و رەنگ بە زەبرو زەنگ و دڕندەیی زەمەنەکە بدات و خوێنەر لە بەرانبەر سەرمای یەکێک لە دەمووچاوەکانی ژێر دەسەلاتی کوردیدا ڕابگرێت، دڕندەییەکانی زەمەنەکە و تووندوتیژی ڕۆژگارەکە لە دەرکەوتنیدا لەسەر دەمووچاوەکان جێناهێڵێ. بۆیەش دەنگ ورەنگ و زەبروزەنگی ڕۆژگاری ئینسانەکانی کۆماری سەرما و بەرد، وەک وێنەیەکی ڕەش و سپی دۆکۆمێنتاری بێدەنگ بەبەرچاوماندا تیدەپەرێ. هەربۆیەش سەرتاپای شیعرەکە لەسەر ریتمێکی ئارام دەچیتە پێشەوە کە خوێنەر لە خوێندنەوی دێرەکانیدا تووشی ماندووبوون و دڵەراوکییەکی دەروونی نابێت. بێگوومان ئەم دەربڕینە گشتیگەرانە نییە و هەندێ شوێنی قەسیدەکە راتدەگریت و جوولەت لێدەبڕێ.
دیمەنی گۆرانیوتنی ماسییەکانی دەریای ئیژە بۆ منداڵە نووقومبووەکانی کۆچی کوردان، یەکێک لەو دیمەنانەیە کە لە پرسەیەکی ژێر ئاودا، بێ هەناسەدان بۆ ماوەیەکی درێژ ڕاتدەگرێت.

ماسییەکان قوڵپ قوڵپ لەبەرخۆیانەوە
بە دیارییانەوە گریاون و
بۆ دڵدانەوەیان
شەڕە ئاویان لەگەل کردوون و
هەی لێ لێ، هەی لۆلۆیان بۆ گوتوون.

وەک چۆن لە هەموو حەکایەتە “ئاپۆکالیپس”ەکاندا گروپێک و چەند کەسانێک بەرەنگاربوونەوەیەک نیشاندەدەن، چیرۆکی مەرگی کۆتایی و دووبارە دەستپێکردنەوەیەکی دی سەرهەڵدەدات، بەڵام لە سەرما و بەرددا، ئاماژەیەکی لەم جۆرە بەدی ناکرێت. ئەمە نەک بەداوای ئەلتەرناتیڤکردن لە شاعیر لێکبدرێتەوە، بەڵکو وەک بەشێک و جومگەیەکی سادەی ناو ژیانی ئەم مەملەکەتەی کە دووچاری پەلاماری شۆرش و نەفرەتەکەی دەبێتەوە و بەستەلەکێکی دیستۆپییانە هاولاتیانی ئەم مەملەکەتە لە زستانێک و دڵرەقییەکی گەورەدا رادەگرێت، هاتنەدەرەی ئینساکان لە تاریکی و دووبارەدەستپێکردنەوەیەکی تر، لە سەرما و بەردا ، لە نادیاریدا هێڵراوەتەوە.

بە جیا لە دەنگێكی یاخی کە دەنگی شاعیر خۆیەتی کە وەک چاوساغێک دەستمان دەگرێت و دەمانباتە ناو ئەم مەلەکەتەوە، خۆڕاپسکادنێکی سروشتی و بەئاگایانە لە بەرانبەر دەسەلاتی مەملەکەتی سەرما و بەردا، لە بێجوولەیەکی تەواونادیارو نەبینراودا، خۆی نمایشدەکات.

|ئیلیزابێس فۆنسێکاس” لە تۆمارکردنی مێژووی قەرەجەکانی ئەوروپای خۆرهەڵاتدا، لە زمانی یەکێک لە قەرەجەکانی بوڵگاریاوە، دەربڕینێک وەردەگرێت و دەبێتە ناونیشانی کتێبە بەناوبانگەکەی. ئەو دەنووسێ: کاتێک ماڵەکەم جێهێشت، پیرەی ناو ماڵ دەستی گرتم و پییوتم: تۆیەک کە مێژووی ئێمە دەنووسیتەوە، دەمەوێت ئەم قسەیەم بۆ تۆمار بکەیت. بە پێوە بمنێژە، ئاخر هەموو تەمەنم لەسەر چۆک بووم!”
ئەم دەربڕینە غەمناکە کە فرمێسکی لێ دەڕژێ ، هاوکات ئاماژەی ملنەدانە بە ژێردەستەییەکی مێژوویی کە تیایدا قەرەجی تیا دەخرێتە سەرچۆک، بەڵام لە مەرگیدا دەیەوێ ئازاد بێت وبە پێوە بێت.”

لە قەسیدەی( سەرما و بەرد)دا، هێندە چاولەسەر ناشتنی دار و عەمود و باخچە و ئینسانەکانی ناو مەملەکەتی شۆڕشگێرە دابەزیوەکانە لە شاخە و بۆ شار کە بە لەسەرچۆکبوونەوە دەخرێنە گۆڕ، فرسەتی بینینی ناشتنی ئەو تەرمانەی دی نییە کە ناتوانرێت لە گۆرەکانیاندا رایانکێشن و بە ڕاوەستاوی و بە پێوە نەبن، چاویان لێکنانێن.

بەلام کاتێکیش دەگەینە کۆتایی قەسیدەکە، هەستدەکرێت، وەرزی دەستپێکردنی سەرما، لە سەرەتای خۆیدایە و دەکرێ ئەم خۆڕاچلەکاندنەی کۆمەلگا، لە بەرگی کچێکی پاڵتۆسووری دەمووچاودیاری شاردا، یان لە سەفەری لووتێکی بڕاوی ناو کۆلاندا ، یان شیعاری نووسراوی سەردیواری کارگەی جگەرەدا، بەستەڵەکی ئەم وەرزە دڵڕەقە هێندە دی ساردتر نەکات.

کۆتایی قەسیدەی سەرما وبەرد، لەوە دەچێت، سەرەتایەک بێت لە کۆتایدا. بۆیە دەکرێ وەک چۆن سەرەتای یۆتۆپیای کۆتاییهاتنی شۆڕش بە “شەوە”یەکی سیاسی دەستپیدەکات، هەر ئاواش کۆتایی قەسیدەکە، سەرەتای یۆتۆپیایەکی دیکە بێت کە کۆمەڵگای کوردی قەت نەیتوانیوە، ناوێکی بۆ بدۆزێتەوە.

نووسینی: بەکر ئەحمەد
2019-06-06

Previous
Next
Kurdish