Skip to Content

کۆڕی ئاوردانەوەیەک لە تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە لە ئۆتاوا/ کەنەدا بەڕێوەچوو

کۆڕی ئاوردانەوەیەک لە تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە لە ئۆتاوا/ کەنەدا بەڕێوەچوو

Closed
by حوزه‌یران 26, 2019 General


ئاوڕدانەوەیەک لە تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە؛ ئێوەرە کۆڕێک بوو پێگەی ڕۆشنبیری کوردیی ئۆتاوا لە سەکۆی خۆی لە ئۆتاوا/ کەنەدا ڕێکیخستبوو. سەرەتای کۆڕەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە هونەرمەندان م.سەردار ئەحمە( باب سەردار) و هونەرمەند ئیسماعیلی سابووری دەستی پێکرد. پاشان هونەرمەند م. ئارەزوو ئیسماعیل مەنسوور بەڕێوەبەری پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی شەهید جەعفەر لەکۆیە، بەوتەیەکی کورتی ڕێزلێنان بۆ یادی م.سەردار و ئەو پەیکەرە مەدالیایەی کە لە لایەن هونەرمەندی پەیکەرساز کاوان قادر و وێنەیەکی سکێچ لە لایەن هونەرمەند وریا ئەحمەدە وە بۆ یادی چلەی م.سەردار ڕێکخرابوو لەکۆیە وەک ڕێزلێنانێک نمایشکراو بەدیاری پێشکەش بە کەسایەتی هونەری و ئیداری کران لەهەمان ڕۆژدا. شایانی باسە کە ئەو پەیکەرە بە سەرپەرشتی پێگەی ڕۆشنبیری کوردیی ئۆتاوا لە لایەن ئاراس ڕەشید ئارەزوو ئیسماعیل مەنسوور ئەنجامدرا و تێچوونەکەی لە لایەن گۆران ئازاد ئەندام پەرلەمانی خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانەوە دابینکرا. تەواوی پەیکەرەکە لە کەنەدا ئەنجامدرا و قاڵبەکەی نێردرایەوە بۆ کۆیە، ئەندامانی تیپی مۆسیقای ئارامی ڕۆح کۆپیان لەبەرگرتەوە. ئەو پەیامەی هونەرمەند ئارەزوو ئیسماعیل بە شێوەی کرتەی ڤیدیۆیی پێشکەشکرا. د.ڕەحیم سورخی مامۆستای میوان لە دانشگای کارلتۆن لە ئۆتاوا پەرەدەی لەسەر پەیکەرەکەی م. سەردار لادا و هەر بەوبۆنەوە وتەیەکی کورتی لەسەر ڕۆڵی هونەرمەندان لە زیندووهێشتنەوەی کەلتور و مێژووی نەتەوەیەک باسکرد.


بڕگەی دووەی کۆڕەکە کە لەلایەن ئاراس ڕەشید و هۆز بەکرەوە بەڕێوەدەبرا، بریتی بوو لە گفتوگۆی ڤیدیۆیی لەگەڵ م. سەفین عبدالخالق سەرۆکی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە بوو کە لەلایەن ئاراس ڕەشیدەوە ئامادەکرابوو، و هۆز بەکر ئەرکی مۆنتاجکردنەکەی لە ئەستۆ گرتبوو. ئەم گفتوگۆیە ئاماژە بوو بەئەرک و ماندووبوونی لێنەبڕاوەی چەند نەوەیەک لە هونەرمەندانی شاری کۆیە. ئەو تیپە بەچەندان قۆناغی هەورازونشێودا تێپەڕیوە، بەڵام پەیامەکەی کە هونەرە بۆ مرۆڤایەتی لەدەستنەداوە. هەروەها ناوەڕۆکی گفتوگۆکە باسی لە زۆر دەورانی مێژوویی چۆنیەتی دروستبوونی ئەو تیپە کرد. جگەلەوەی کە ئەو تیپە ئێستا چۆن بووەتە مێژووی شاری کۆیە و خەڵکەکەی و مێژووە کۆمەڵایەتیەکەی. جێی خۆیەتی کە ئاماژە بەو بەراوردەبکەین کە بەڕێز سەفین ئاماژەی بۆکرد لەگەڵ پەیامی ئەو تیپە و بەناو هونەر و هونەرمەندانێک کە ئەمڕۆ تاڕادەیەک نوێنەرایەتی هونەری کوردی دەکەن، وە ئەو سنووربەندیەی کە ئەوان دەیکەن لەگەڵ هونەری بازرگانی. لەکۆتاییدا دەبێ ئەوە بڵێین کە ئەم گفتوگۆیە وەڵامی زۆر پرسیاری مێژوویی هونەری و ئیداری و کۆمەڵایەتی دایەوە لە میانی دمەتەقێیەکەدا.


بڕگەی کۆتایی؛ نمایشکردنی گفتگوگۆی مۆنتاجکراوی بەڕێز ئەمیر محمد مستەفا کەبابچی( کۆیی) بوو. ناساندنی ئەو بەڕێزە بە ئامادەبووان وەک نموونەی کەسی ( لەخۆبووردوو، ماندوونەناس، بێفیز، بێتەماحی ماددی، هۆشیاری هونەری، پەیبەر بە گرنگی و سۆزی بۆ ئەرشیف، هەروەها پاڵپشتی سەرەکی م. تایەر تۆفیق لە تۆمارکردن وپاراستنی گەنجینەی دەنگی ئەو هونەرمەندە و چەندان سفاتی دیکەی کە کەمن ئەو مرۆڤانەی ئەم کاراکتەرەیان تێدابێت) . سەیرکردنی ئەو گفتوگۆیە وێنای مرۆڤێکی ڕاستگۆ و سادە و پراوپڕ لە هونەر و قەدرزانی هونەری لایە. هەروەک ئامادەبووانیش دوای کۆڕەکە ئاماژەیان پێدا، کە کوردستان دەبێت شانازی بکات کە کەسانی لەوشێوەی هەیە و توانیویانە ئەو پەیامە پاکە بگوازنەوە بۆ نەوەی سەردەمی بەرامبەرکێ.
لەکۆتاییدا وێڕای دەستخۆشی و سوپاسی تایبەت بۆ بەڕێزان ئارەزوو ئیسماعیل و سەفین عبدالرەزاق و ئەمیر کەبابچی و هۆز بەکر. مەدالیایەکی م. سەردار ئەحمەد پێشکەش کرا بە هۆز بەکر کە بەماندووبوونی ئەو کۆڕەکە بەئەنجام گەیەندرا. مەدالیاکە لە لایەن بەڕێز شەهرام دۆستان سەرۆکی کۆمیونیتی کوردی ئۆتاواوە پێشکەش کرا.
بەشی میدیای پێگە/ ١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩
پێگە سەکۆیەک بۆ هەمووان

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish