Skip to Content

زامی ئاب … نووسینی؛ ئیسماعیل سابیر

زامی ئاب … نووسینی؛ ئیسماعیل سابیر

Closed
by ته‌مموز 5, 2019 General, Poems

یادێک بۆ هاوین

شار بە قەرەباڵغیەکانەوە پەل دەهاوێ، حەسانەوەی پشووەکان لە ئەپارتمانەکاندا دەهێنێتە دەرەوە، لە ڕووخساردا زام خەفەدەبێت.
جەستە وەک تەرمێکی تژی لە برین بەپێشتدا هاموشۆی کرد، درەنگ هەستت پێکرد دووپشک، شاعیرێکی تۆراوە وەک دووکەڵ لەناو ڕووخاوی کۆڵانەکان زۆر نامێنێتەوە.
هەناسەتەنگیم بەڕۆژە ڕەشەکانەوە خووی گرتووە، نەخۆشیم وەک ئەسپێک لە خۆڵدا گەوزاوە، لەناو نۆڕینگەکاندا چارەسەریم وەک ئاژەڵێکی بریندار دەنەڕێنێ، تۆ ئەی پڵنگی برسی چیتر ئاسکەکەی تۆ نیم، بۆیە بەدوای دەرمانەکانتدا لە هیچ شەقامێکدا بۆم مەگەڕێ.
قاچەکان ماندووی جەنگێکی پووچن، خوێن بە یەخەی کورتەک و شەلوارەکان بۆتە ملوانکە.
شۆڕشگێڕەکان یادەوەریان ئەتککرد، ” سەد و بیستییان ” بەڕووی گۆرانیەکاندا کردەوە تا سەرخۆشیمان چیتر قیڕتاوی شار شپرزە نەکات.
دووکەڵی بزوێنەرەکان ئایدیای پشووەکانمان دەخنکێنێت.
کڵاشینکۆفەکان بەڕووی ئەتەکێتی تووڕەییەکانمان لە ئامادەباشی دابوون. توند دەستیان بە پەلەپیتکەی هەواوە گرتبوو. خەوەکان لە کەمپەکاندا ناونووس کران. شەهیدەکان لە داخی گەرما خەونەکانیان لە پشتناو و قاچیان لەناو سەریان هەڵگرت، لە گۆڕستانە ساردەکاندا بێ پاڵتۆ، بوون بە پاسەوانی کوردایەتیمانەوە.
سەری بریندار لە شەقامدا کە تەنگە جێی نابێتەوە، هەنگاوەکانم کە گوتت خوارن، لێخن بوون، قاڵۆنچەیەک کە ڕابردوو بوو، پیسایی کاتەکانمی کرۆژت.
بەدیار هاڕینی وەرزەکان، کارگەکان سووتان.
ژیان لە سێبەری باڵەخانەکان، زوو وەڕزی لێهەڵسا.
دەرگاکان بەڕووی چاوەڕوانیمدا هەڵوەرین، گەرما سوبێکتی سێبەرێکی شێواند.
یادەوەریی بووخاری کردووە، حەسانەوەم جێینابێتەوە، نائارام وەک هێلکە دەلەمەیەک لەناو سکمدا دەلەقێت.
هەوا بەدڵتەنگییمەوە فێی گرتووە و دەست لە پیاسەکانم دەوەشێنێ.
شەقام قاچی کەسێکی پێدا نەڕوا، مات و دڵتەنگ دەگریێ.
کاتێ؛ قەرەوێلەکەت پەنجەرەکانی دادەخات، قریشکە بەردەبێتە سەر حەسانەوەی پێخەفەکان.
ڕووکاری پێستم، بەدیار سەوزبوونی گوڵەبەڕۆژەیەکەوە لۆچی کرد.
جەستەم لە دەرەوەی کاتژمێر دەکڕوزێتەوە،
بیرکردنەوەم تینووە، لە سێبەرێک دەگەڕێت نەیسووێنێت.
بێزارییم لەناو ئارەقەدا هۆن هۆن دەگریێ…
جەستەم هێندە بەدیار بێڕەحمی خۆرەوە گەرم داهاتووە، لێم نزیک بیتەوە وەک کارگەیەکی تەقەمەنی بەڕووتدا دەتەقێتەوە.

ماشێنەکان بەفێنکی بەناو خۆر و هەوادا پیاسە دەکەن،
لە قەراغی شۆستەکاندا گەرما قرچەی دێ و عاموود وەک زام لە یادەوەریمدا دەڕوێت.
کەس دیار نیە؛ لە جیات بووکەشووشە جنێو لەسەر شەقامەکان دەچێنم، گەرمی زامەکان لە کۆگای سەفەردا سەفتدەکەم، کات شەمەندەفەرێکە ڕابردووم دەباتە پیاسە. ئەو چەند جارەی کەللەسەری شەوەکانت لێ بەردەبۆوە، سەر زەوی پڕ ببوو لە زەلکاو، ڕەسیف لە چاوەکانتدا جێگای خاڵی بوو. لەسەر شۆستەکاندا تەنیایی بەڕەڵڵا بەبەرچاوی داڵغەکانت دەسووڕایەوە. هیچت نەکرد. دەتویست دەستی پێیەکانت بگریت و بیگەڕێنیتەوە ناو کەرنەفاڵی وڕێنەکان. پێکەنینەکان هێند دوور ڕۆیشتن تاقەتیان نەما بگەڕێنەوە بۆ ناو دەستپێکی یەکەم نیگای ئەو شەقامانەی کەوا “ئەربائیلۆ” شارستانیەتی سۆمەڕیەکان و ئاشووریەکان و باببلییە کۆنەکانی تێدا عەمبار کرد.
هەوای تاقەتپڕووکێن دەڵێی دڕکە بەر سیەکانت دەکەوێت. هەناسەت غەمگینە بە زام. یادەوەری لێکدابڕانی سەدەیەکی تێدا فیچقە دەکات. پێیەکان بریندارن بەو پیاسە درێژانەی کەوا کێشران. شوێنپێکان وەک بۆنی ئاژەڵێکی تۆپیو لە حەسانەوەی لووتم دەچەقن.
بە یادی گەرمی هەنگاوەکانی هاتن کە هەمووکات لەسەر لاشانی ڕۆژە ماندووەکاندا قوورس دەبینرێن، پێڵاوەکان ئەتکێتی هاتنی کەسێکم بیرم دەهێننەوە، چاوەڕوانیم زیزبووە، ڕۆژگار بەڕوومدا ئەڤینێکی کاڵفامە، خەریکه لەناو جانتەکەتدا دڵێک کە دەڕوا، هیوایەک بەردەبێتەوە !
هەمیشە کە دەستت بۆ پاکەتی گیرفانی لا چەپم بردووە ماچی خەوتوو لەناو زمانمدا کڵپەی کردووە.
چزوویەک لە شێوەی گوللە هەمیشە ئامادەیە ئاراستەی پیاسەکانت بگۆڕێت. زۆرت جگەرە بۆ یادی ئەو ڕۆژانەی وازت لە جگەرە هێنابوو، کێشا…
بیرت نەماوە کۆتا جار کەی فڕینی خەونەکانت تێکشکێنرا.
بیرت چۆتەوە سەبیلەکەت لە کوێ بەتاڵکراو وەک فلتەری جگەر لە قەراغی شۆستەکاندا فڕێدرای.
بەزەحمەت ئازاری ئەو ماشێنانەت دێتەوە یاد کەوا لە سەیرکردنت وەک خۆر دەسووتان و بەخیلییان بە شۆڕبوونەوەی گوارە و گەرمی سەر شانەکانت دەبرد. ئەو دەستانەی وەک خەڵاتێکی گرانبەها لەناو قۆڵتدا توند گرۆڵە ببوون. گەرمای تاقەتپڕووکێنی ناو تێپەڕینەکان کردینی بە خەڵووز. بەخیلی، سروشتم بیردێنێتەوە، سروشت کاتێ؛ وەک دەعبایەک لە مابەینی درەختەکان دەجولاو مۆڕەی لە ماچەکان دەکرد، لە داخان کورسی و ڕامووسانی پەنا باخچەکانی دەلەراندەوە.

غرور تەپڵی شکستی بۆ شەوگاڕی شەوەهای شەوی هەموو ئەو ژوانانە لێدا کەوا لە چاوەڕوانیمدا بێدەنگیان هەڵبژارد.
غەریبیم سواری هەموو ئەو ڕۆژانە بوو کەوا کات لە ڕابردوودا پیاسەی پێ دەکرد.
تۆ بیرت چۆتەوە ڕۆژگارێک کات قیبلەنمای شەوەهای شەو بوو، شەو تژی بوو لە ئەستێرەی قاوەیی، کە لە خەو هەڵدەستان خەواڵوو خەونیان لێ بەردەبۆوە، ئایندەیان وەک باران بەسەر سالەکانمدا دەڕژاند.
وەلێ ئێستا داهاتوو قیبلە نمای پاشەکشەی
ئەو پێکەنینە مۆمیاکراوانەیە کەوا هەرگیز نابنە ڕابردوو.
تۆ هەستی پێناکەی، بەڵام من چاک دەزانم، کاتیش دەزانێت ” شکستەکان دەبن بە پەڵەیەکی سووتاو، بە نیشانەیەک، بە دەستکەوتێکی ڕۆژگار، بە درێژایی تێپەڕینی ساڵەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و بە نێو چەوانی ئایندەماندا دەبریسکێنەوە !”

ئاگری تەمموز

وەک دوو تەرمی سارد تابوت فەرامۆشی کردبێتن، لەناو پێخەفی ڕۆژمێرەوە بێدەنگ بەدیار سووتانی کاتەوە ڕاکشابووین.
هاوین بوو ئەستێرە وەک شارە مێروولە لە دەوری غەریزەکانمان ئاڵابوو. چۆلەکەش لەدەوری سەرمان وەک هێللانە،
گوتبووت؛ ئەم پانتاییە نەفرەتلێکراوە، سەربازەکانی زوو دەخنکێنێت. هەواکەی بەرگەی ساردی لەشکرەکان ناگرێت، ئەی دۆن کیشۆتی خەڵەفاو زوو سوپای خەونەکانت کۆکەوە، تاکو تۆزی ژێر پێی غروری پیاوەکان ئابی ساڵەکانیان هەراسان نەکردووە.
ڕۆژ نیە مێشوولەیەکی عەبەس جەستەی هەڵتۆقیوم نەخنکێنێت.
ئەستێرەی سەر شانی سەربازەکان وەک ملوانکەیەک لە ملی شکستەکانی ژیانمدا بوون بە خەڵات.
چەقۆی ماچەکان یادەوەریەکانی بزمار ڕێژ کردووین.
لێرە گەر ئەتەکێتت پۆشیوە دەبێت خۆت لە سوبێکتی سێبەرەکەم لادەی تا چەقۆی زام و شەپڵە گووت بەرنەکەوێت.
گوتبووت؛ مەچەکی ژنانەم بە کپی غەریزە و دڵڕەقی پیاوانە مەبڕەوه.
گوتبووت؛ تەورێک لەناو مەعریفە دەربێنە و سەری دڵتەنگی و گورگە هارەکانمی پێ بقرتێنە.
گوتبووت؛ غەمگینی سێبەر و گەرمی جگەرە کێشانت لە وێنەکاندا، وەک خۆرێکی تاقەتپڕوکێن لێوی پشووەکانم دەسووتێنێت، لوورەی دانەگیرسانی لێوەکان لەناو پێخەفدا، ڕۆژ نیە مەمکی ژێر ستیانەکانم نەکرۆژێت.

مەنجەنیق

ئەی هەڵاتووی ناو کیشەوەرەکانی شکست، نشوستەکانت بەسەر ڕووخساری ڕۆژە جێماوەکان هەڵمەواسە. وێنەی سەربازە ئازاکان لەناو بەتانیەکەتدا دەربێنە، وەک مناڵێکی ترسنۆک سەرت لەناو سەرینەکەتدا مەشارەوە، دێوەکان ڕۆژێک پشووەکانت دەڕفێنن، سێدارە بۆ ملی چاوەڕوانی وڕێنەکانت هەڵدەواسن، تۆوی خۆکوژی مێشکی هەموو ئەو خەونانەی پێ دەگێ کەوایە بەتەمایە سەرین لەسەر سەری دانێت و بخەوێت.

ژوورەکان لە دیار گرمۆڵەبوونی ترسەکان دەبن بە ڤیستیڤاڵی تارماییەکان، تۆ لە بەستەڵەکی پەیوەندیەکان بدوێ، با سێبەری ڕۆیشتنی بەتریقەکان لەو زەمهەریرەدا مردارمان نەکاتەوە. تارمایی سەر دیوارەکان بە بێدەنگی خەونی سەربڕاوەکان لە قتوو دەنێن، بنمیچەکان وەک بوڕکانێک دەتەقن و شوناسی ئایدیاکانمان نوقمی خامۆشی دەکەن.
سەرینەکەت فرمێسکی ئەبەدی پیاوە تەنیاکانی مۆمیا کردووە. هێندە بە بازدانی مەیمونەکان خۆت فریومەدە، مەحالە قاچت لەناو ئەپارتمانەکان جێگای بێتەوە، تۆ کە هیچ شەقامێکت نیە خەونی تێدا لێخوڕی و هیچ ماشێنێکت نیە جانتای ڕێبوارەکانی تێدا سەرخەی، هیچ کافێیەکت نیە ئەتەکێتی ماچی تێدا نمایش کەی، ئەی بۆچی ئاوا زوو فریوی ئەو دێڕە پڕ شەهوەتانە دەخۆی؟ کەستەکێکی لە کێوەکاندا ڕەقبوویتەوە، هیچ درەختێک لەناو تۆزی ئازارەکانت سەر دەرناهێنێت. لە چاوەڕوانی عفریتەکان دەبیت بە غوبار، حوشترەکانی بیابان سەوزاییت دەخۆن، بێڕەحمانە قاچ بەسەر سووتانی ڕۆژەکانتدا دەنێن.

دۆزەخ

ئەو خۆرەی لەسەر شەقام ژێر پێی پیاسەکانی دەسووتێنێت، دەیبینی؛ ڕۆژێک دەبێت بە ڕووناکی بۆ داگیرسانی تاریکی هەسارەکان.
ئەوەی وەک پڕۆمیسیۆس لە تاریکی ڕۆژەکاندا ئاگری لێدزرا، باکی بە ئەشکەنجەی ئاب و وەحشیەتی عفریتەکان نەبوو. ئەو پشکۆیەی دڕندانە گیانی “حەلاج “ـی گڕ تێبەردا، باکی بەسووتانی مۆتەکە و ئەو هەموو زیندەخەوە نەبوو. ئەو شەوانەی ڕاکشانی سەر جێخەوەکان وەک پووشوپەلاش لەناو تێپەڕینی کاتدا دەبرژان، کارگەکانی نۆستالژیا تژی بوون لە خستنەوەی ژان، هەر دەمەو زەندیقێک پاشگەزدەبۆوە و قامچی لە جوانیەکان دەدا. وەک پاسەوانێکی خەواڵوو بە دیار زنجیری پێی دیلەکان گەمژانە ئایندەمان بردە ژێر بەتانی کاتەوە و خەوتین.
بەیانی ڕەنگە دابڕانێکی درێژ بێت، کڵاو خودەکەی سەرت پێویستە مین ڕێژ بێت بە ئیدیال و گومانی ئەهریمەنانە. کۆڵوانەی ئەڤینت پڕ بێت لە زەخرەفەی ئازار.
لە ترسی کۆکوژی فیرعەونەکان وەک کۆڵبەرێک ئەو شاخ بۆ ئەو شاخ خەونەکانت لە پشتنێ.
ڕۆیشتنی هیواکان بەسەر پشتی کیسەڵێکی لاوازەوەیە، قەرارە ئاسوودەیی، دەست بەسەر شۆستەکانەوە پرسە بگێڕێت.
بازدان بەسەر سەر بەردەکاندا پشووەکی درێژی گەرەکە، زەخیرەیەک تژی لە نیگەرانی لەناو جانتاکەتدا دەبێت چاک گرمۆڵە بێت.
قاچت دەئێشی و سەرقاڵیت بە یاداشتێکەوە ئاڵاوە. لە قەرەباڵغی هەنگاوەکاندا سێبەر نابینرێت، بیرکردنەوە بۆ یادێکی دوور، برین دەستەمۆی دەکات. شەهیدەکان چەند ساڵێک پێش ئێستا ئەوشتانەیان دەزانی بۆیە زوو مردنیان لە باخەڵنا، ماندوو، بەبێ تەقە و ڕووبەڕوو بوونەوە بەناو چاوماندا تێپەڕبوون.

ئەی زامی ئەو هەموو ڕۆیشتنە چیە هەنگاوەکان عاسێ دەکات و ماشێنەکان لە قوڕاودا دەچەقێنێت؟
لە پشوو، لە چاوگێڕاندا تاریکییەک خۆی ڕووت دەکاتەوە، فوو بە قەرەباڵغی یادەوەریەکاندا دەکات، بێدەنگی نامەکان قەتماغەمان دەکولێنێتەوە. تەفسیر و ئایندەی هەموو وڕێنەکان دەباتەوه بۆ پوچی، لە تێپەڕینی ئێستای کاتەکاندا خامۆشی داگیرساوە.
لەگەل هەڵکردنی فریوی شۆرشگێڕەکان هیواکانیش وەک مۆم وردە وردە دەکوژێنەوە.
تەماحێک هەیە، تاریکی بۆ ڕۆژەکان هەڵدەکا، فریوێک هەیە، شوێندەستی گۆڕانکارییەکانی شار لە ڕووخساریەوە ڕا دەشێوێنێت، سیحرێک هەیە نازانی هی چ جادوویەکە، شەوێک دادەگیرسێ و گڕ لە کەئابەی ڕۆژەکان بەردەدا، کە هەڵدەکا، گەورە دەبێت، بۆ ئەبەدیش ناکوژێتەوە…

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish