Skip to Content

102 Views

چیرۆک … حیکایەتەکانی «ڕ» ئەو کچەی دوو چیرۆکی ھەبوو … نیهاد جامی

چیرۆک … حیکایەتەکانی «ڕ» ئەو کچەی دوو چیرۆکی ھەبوو … نیهاد جامی

Be First!
by July 10, 2019 General, Literature
image_print


مرۆڤ چیرۆکێکی ھەیە دەتوانێت وەک ژیاننامەی خۆی بیگێڕێتەوە، من کارەکتەری حیکایەتێکم دەمەوێت نووسەری حیکایەتەکە دەستخەڕۆ بدەم، ھەموو ئەوانەی ئەو دەیگێڕێتەوە ئەوە چیرۆکی ژیانی من نیە، بەڵکو ئەو منی کردووە بە پاڵەوانی حیکایەتێک، کە من نیم تەنیا لەخەیاڵی ئەودا من وام، بۆیە نامەوێت کەس دەستخەڕۆ بکەم، کاتێک ئەو حیکایەتی من دەگێڕێتەوە، ئەوە من نیم، بەڵکو منم لەگێڕانەوەی ئەودا، بۆ ئەوەی من و ئەو نەبینە دوو شێتی ناو شێتخانەیەک یەکێکمان قسە بکات و ئەویتریش تاوانبارێک بێت بەھۆی بێدەنگی پێتان ووتبێت کەوا شێت بووە، بۆیە ھەردووکیان بەدوو تۆمەتی جیاواز دەخرێنە شێتخانەوە، ناچارم ھەمیشە لەپاڵ حیکایەتە درۆینەکانی ئەودا، منیش ژیاننامەی ڕاستەقینەی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە، ئێوە ئازادن بڕوا بەقسەکانی خۆم دەکەن، یان پێتان وایە حیکایەتەکانی ئەو ژیانی ڕاستەقینەی منە.
کارەکتەری چیرۆکی نووسەرێک ئاوا بەگژ نووسەرەکەیدا دەچێتەوە، ھەڵبەت نووسەرەکەش بۆ خوێنەرانی قسەی خۆی ھەیە، کە لە ووتەی کارەکتەرەکەی جیاوازە، دەبێت ئەو چۆن کارەکتەرەکەی بە درۆ بخاتەوە؟ یاخود پاڵپشتی دەکات و درێژە بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەیان دەدەن؟
ھەموو ئەوەی بیستان ھەوڵدەن باوەڕی پێنەکەن، کارەکتەری ئەو چیرۆکە لەدەست من دەرچووەو بۆ خۆی دەیەوێت ژیانێکی نوێ ھەڵبژێرێت، بۆ ئەوەش نکوڵی لەژیاننامەو حیکایەتەکەی دەکات، بۆیە پلانی داناوە لەدژی من چیرۆکێکیتر بگێڕێتەوە، ئێوە بیھێننە پێش چاوتان، نووسەر ڕۆمان دەنووسێت یا کارەکتەری ڕۆمانەکە؟ ھەڵبەت کارەکتەرەکە زادەی خەیاڵی نووسەرە، بۆیە ئەوە نووسەرە ژیان و چیرۆکی ئەو درووست دەکات، نەوەک ئەو بتوانێت چیرۆکی خۆی لەدەرەوەی من بگێڕێتەوە.


رەنگە زۆرکەس دوای خوێندنەوەی وا تێگەیشتبێت، ھەوڵمداوە ژیانی ئەو بنووسمەوە، نەک لەبەر ئەوەی نووسەرێکی کارامەم، بەڵکو ژیانی ساڵەھای ساڵم وەک عاشقێک منی گەیاندۆتە ئاستێکەوە بتوانم لەکۆتاییدا عاشق بم و مەعشووقم نەبێت، دڵم پڕی بێت لە ژن و جەستەم ژنێکی لەباوەش نەبێت، بەڵام ئەوە ھەرگیز بەو مانایە نیە من یەکێک لەچیرۆکە دڵداریەکانی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە، بەڵکو ئەو چیرۆکە بەرھەمی خەیاڵی ڕووتی بیرکردنەوەیەکە، وامھێنا پێش چاوم کەسێک لەتاریکی شەوێکدا لێم دەردەکەوێت، دنیا تاریک و ئاسمان چەند پەڵە ھەورێک بەئاستەم دەخاتە ڕوو، ئەوە وادەکات ڕووخساری ئەو کەسە باش نەبینم کە کێ بوو تەنیا بەیانی کە خەبەرم بۆوە ملوانکەکەی لەملی خۆی کردبۆوە کەیەکەم پیتی ناوەکەی بوو بە زمانی ئینگلیزی نووسرابوو «R»
ھەموو ئەوەی ئەو نووسەرە شێتە دەیگێڕێتەوە دوورە لەڕاستیەوە، وونکردنی ملوانکەکەم لەکۆڵانێکدا بوو، کەبەدوای گەڕام ئەو پیاوە پێی ووتم «کچی جوان بەدوای ئەو ملوانکەیە دەگەڕێی» بەحەپەساویەوە بەرەو ڕووی چووم، وەک باوکێک یان پیاوێکی پیرو لێقەوماو دەمبینی، بە خەندەوە داوای لێکردم «بۆچی ملوانکەکەت نابەخشیت بەمن؟ خۆ من تەنیا دەمویست خاوەنەکەی بدۆزمەوە تا بزانم ئەو ملوانکەیە ھی کیژۆڵەیەکی جوانە» ئەو لە سواڵکەر دەچوو، نا من کەسێکی خراپ نیم، ئەوە ئەو پیاوەیە لێم پاڕایەوە کە ملوانکەکەمی پێ ببەخشم، دوای ئەوەی لەبەردەرگای ماڵی خۆیان دۆزیبوویەوە، نەوەک لەشەوێکدا عاشقی پیاوێک بووبم لەتەمەنی باوکمەو سبەینێ ملوانکەی خۆم بۆ جێھێشتبێت.

منیش وەک ئێوە گوێم لەقسەکانی ئەو خانمە گرت، گوایە ملوانکەی وونکردووە، لەکاتێکدا من وئەو لەشەوێکی تاریکدا ڕێکەوتی یەکمانکرد و لەگەڵ خۆرھەڵاتن من سیمای ئەوم نەبینی، تەنیا ملوانکەکەی جێھێشتبوو، بۆیە نامەوێت وەسفی درۆزنانەی ئەو بکەم کە ڕووخسارو قژی چۆن بوو، تەنیا ھێندە دەڵێم ئەو چاوەکانی لەدوو چاوی پەپوولەیەک دەچوون کاتێک بەسەر گوڵێک نیشتۆتەوە، قژی نازانم چ ڕەنگێک بوو، بەڵام بەسەر شانەکانی ھاتبوونە خوارەوە، کاتێ ک ملوانکەکەم بینی ئەو پشتی لەمن بوو لێم دوور دەکەوتەوە، دەمویست ڕووخساری ببینم، بەڵام جێھێشتنی ملوانکەکە وەک یادگارێک دەمزانی ووزەی بینینی ھەموو ژنی دنیام پێدەبەخشێت، ئێستاش ئەوەی لەو بینیم ئەو کاتە بوو کە قژە درێژەکەی بەسەر کراسە شینەکەی ھاتبوونە خوارەوە، ئەوە دوا وێنەی ئەو بوو من بینیم.


سات بەسات تێدەگەم نووسەران درۆزنی گەورەن، بوێرن لەتۆمەت بەخشینەوە، نووسینیش شتێک نیە ھەر ھێندەی ئەو ژەھرەیە کە کاتی خۆی لەکتێبێکدا خوێندومەتە دراوە بە فەیلەسوفێکی یۆنانی وەک سزایەک تا بمرێت، بۆ ئەو جۆرە نووسەرانەش سزای ژەھرخواردکردنیان نووسینە، تا بۆ ھەتا ھەتایە وەک مرۆڤی خراپەکار لەناومان بمێننەوە.
وابوو ئەو شەوەش زۆر باسی ئەو فەیلەسووفەت کرد، سەرسامی خۆت بەمن بۆ ئەو فەیلەسووفە گەڕاندەوە، ئەوە کێشەیەک نیە، کە من خراپەکار بم، ھیچ کاتێک خۆم وەک کەسێکی باش نەبینیووە، بەڵکو دەزانم جگە لە خەتاکارێک شتێکیتر نیم، ڕەنگبوو لەبڕی ئەو ملوانکەیە خۆت بمابایتەوە، لەپێناو تۆ وازم لەچیرۆک گێڕانەوە بھێنابا، بەدرێژایی ژیان شیعرم بۆ تۆ بنووسیبا، نامەوێت کارەکتەری چیرۆکەکەم کاتمان زۆر ببات، بۆیە ھەوڵ دەدەم چیرۆکی ئەو بگێڕمەوە.


کچێک لەسەرەتای تەمەندا عاشقی شیعرو کتێبە خەیاڵیەکان دەبێت، تا ئاستی ئەوەی چیرۆکە خەیاڵیەکان بەژیانی خۆی دەزانێت، ئەو خۆی لێدەبێتە بوونەوەرێکی خەیاڵی، ترس لەدنیای ڕاستەقینە بەرەو ناو غەزەل وئەدەبیاتی کلاسیکی دەبات، تا ئاستی ئەوەی بڕوای وایە بوونەوەرێکی خەیاڵی لە ئاسمانەوە چاودێری دەکات، شەوێک لەخەودا ملوانکەیەکی پێ بەخشیووە، بەیانی لەخەو ھەڵساوە ملوانکەکەی لە مل بووە، ئیدی لەو کاتەوە چاو بە ئاسمان دەگێڕێت بۆ ئەوەی ئەو پیاوە بدۆزێتەوە.


لەناو تاریکی کۆڵانێکی تەسکدا ڕێکەوتی پیاوێک دەکات، کە لەشەوی خەونەکەیەوە بۆ ئێستا وەک خۆی نەماوە، لەدواوە شانی دەگرێت و پێی دەڵێت «چیتر لەئاسمان بەدوام مەگەڕێ من لەسەر زەویم» ئەو بڕوای پێناکات کە پیاوی ناو خەونەکەی بێت، پیاوەکە دەست بۆ پەنجەکانی دەبات، تا پەنجەکانیان دەکەونە ناو پەنجەی یەکتر، تاوێک بەو شێوەیە دەمێننەوە، کچەکە دەستی خۆی دەکێشێتەوە لەپەنجەی پیاوەکە، ئەو بەبێ نیگەرانی، بەڵام لەشێوەی کەسێک لەمردن گەڕابێتەوە دەڵێت «جوانی تۆ پیری کردم» ئەوە ھیچ کاردانەوەیەک بۆ کچە درووست ناکات، تەنیا ئەو کاتەی پێی دەڵێت «ھێشتا ملوانکەکەت لەملە» ئیدی تێدەگات ئەو پیاوەی لەئاسمان بۆیدەگەڕا ئێستا ئەو لەسەر زەوی تووشی بوو، ئەوە سەرەتای چوونە ناو دنیایەک بوو کە تێگەیشت پیاوی خەونەکانی دۆزیەوە.


لەپڕ گەمەیەکی ژنانە بەسەریدا زاڵ بوو ھەموو یاریەکەی بردە ئاقارێکیتر، ئەو دەمەی پێی ووت «ئەو ملوانکەیە یەکەم پیتی ناوی خۆمە.. تۆ نەھاتویتە خەونی من، چونکە من عاشقی پیاوێکیترم» ئەو گەمەیە زۆربەی ژنەکان دەیکەن، بۆ ئەوەی گەمەی ناسین درێژە بخایەنێت، ئەو چونکە کچێک بوو بەناو کتێبە خەیاڵی وئەدەبیەکان دەگەڕا پێشتر ژنانێکی زۆری بینیبوو کە ئەو جۆرە گەمانەیان ئەنجامدابوو، بۆیە دەیویست ئەویش ھەمان شتبکاتەوە، نەیزانی ئەو لەبەردەم نووسەرێکە کە بۆخۆی چەندین چیرۆکی گەمەی ژنەکانی نووسیوەتەوە، تەنانەت یەکێک لەو کتێبانەی کە ئەو پێی سەرسام بوو، ئەو نووسیبووی، کتێبەکە داڕشتنەوەیەکی نوێ بوو بۆ چیرۆکی ھەزارو یەکشەوە، لەژێر ناونیشانی «شەھرەزاد درێژە بەھەزار ویەکشەویتر دەدات»
چیرۆکی ئەو ملوانکەیە بەدوورو نزیک پەیوەندی بەو گێڕانەوەیە نیە، کە ئەو حیکایەت گێڕەرەوە بۆ ئێوەی گێڕایەوە، سوێندتان بۆ دەخۆم سەر لەبەری ئەو حیکایەتە درۆیە، دەمەوێت ڕاستیەکانتان پێبگات، بۆیە ھەموو شتێکتان وەک خۆی بۆ دەگێڕمەوە.


ھیچ پیاوێک نەھاتۆتە خەونی من، ھەموو ژیانم ڕقم لە ئەدەبیات و خەیاڵ بۆتەوە، کچێکی واقیعبینم، کەس ھێندەی من ڕقی لە کلاسیک نیە.. چونکە شتی کۆن وبەسەرچوون، ئێمەی گەنج حەزمان بەشتی نوێ وسەردەمی خۆمانە.. نەک ئەو شتە کۆنانە، منێک کە تاقەتی کتێبەکانی خوێندنی خۆم نەبووبێت، لەکوێ کتێبی ئەوم خوێندۆتەوە.. کچینە ووریابن ئەو جۆرە پیاوانە بەناوی نووسین فریوتان نەدەن، ھیچ شەوێک نەبووە بێمە دەرەوە، ملوانکەیەک لەڕۆژی لەدایک بوونم خۆشەویستەکەم بۆی کڕیووم، نەوەک لەخەون بەمن درابێت، دواتر بەڕاستی ئێوە دەتوانن بڕوا بەو قسە تڕوھاتە بکەن.. لەخەوندا ملوانکەیەکت بکرێتە مل وبەیانی کەخەبەرت بێتەوە ھێشتا ملوانکەکە لەملت بێت؟ ئاخر ئەوە چ قسەیەکە.


پەلەمەکە دەردەکەوێت کە من وتۆ کاممان چیرۆکی ھەڵە دەگێڕینەوە، بەڵام دەزانم بۆ دەبێت چیرۆکی خۆمان بەرەو ئەو ئاراستە ھاودژە بەریت.
نووسەری ئەو چیرۆکە بەدوای گەمەیەک دەگەڕێت، کە وەک گەمەی کارەکتەرەکەی بێت، دەیەوێت کاردانەوەی ئەو ببینێت، چونکە وەک دەردەکەوێت ھەریەکە لە نوسەرو کارەکتەرەکە کەوتونەتە ئەوینێکی شاراوە لەگەڵ یەکتری، بۆیە کاتێک کچە پێی دەڵێت ئەو عاشقی کەسێکیترە، ئەوە دەگۆڕێت بەگەمەیەکی ھاوشێوەی خۆی.
نازانم کێ باسی عەشقی کردووە، تا ئاوا بیگەیەنیتەوە بە عەشق، منیش عاشقی ژنێکیترم.. ژنێک قژی لەتاڵی گیتار دەچێت.. کاتێک دەست دەخەمە ناو قژی دەبمە گیتارژەن و ئەویش لەسەر سینەم پاژنەی پێڵاوەکانی دادەکوتێت و سەما دەکات.


ئەوە گەمەیەکیتر بوو، ھەریەکە لەو دوانە لەگەڵ یەکتردا کردیان، ھەردووکیان بێدەنگ دەبن تا وونبون لەناو تاریکیدا.
ئەوەی ئێمە کردمان گەمە نەبوو درۆکردن بوو لەگەڵ خۆمان، ویستمان وای بخەینە ڕوو کە ئەویتر کەسێک نیە بیری لێبکەمەوە، کەچی ھەریەکەمان لەڕێی گەمەیەک برینێکمان خستە قوڵایی ڕۆحی خۆمانەوە، ئەوەتا ئێستا کە یەکتریمان لەدەستدا تێدەگەین چەند تەنیاین، دەشێت ئەو ڕاستی کردبێت پیاوێک ھەبووبێت لەژیانی، ھەموو ئەوانەی من لەو چیرۆکە دەینووسم بەرھەمی خەیاڵی خۆم بێت، کارەکتەری چیرۆکەکە لێی بێئاگا بێت. چیرۆکنووسەکە بەو دێرە دەیویست کۆتایی بەچیرۆکەکەی بێنێت، بێئاگا لەوەی کارەکتەرەکەی لۆمەی خۆی و ئەویدەکرد «چۆن دەبێت پیاو ھێندە زوو ھەستی ژن بریندار بکات؟» کاتێک ئەو پرسیارەی لەخۆی دەکرد، لەھەمان کاتدا دەیووت «کێ دەڵێت چیرۆکی ئەو ژنەی قژی دەکات بە گیتار ڕاستەقینە نیەو منی تەنیا وەک بوونەوەرێکی خەیاڵی نەبینیووە؟»
لەکاتێکدا ھەردووکیان ڕەوایەیتیان بەقسەی یەکتری دەدا، کەچی ھەر لەو کاتەدا نووسەرەکە بیری لەو دیمەنە دەکردەوە، کاتێک کچەکە ڕۆیشت وقژە درێژەکەی بینی.. چۆن خەیاڵی بۆ کردووە ڕۆژێک دەست بخاتە قژیەوە بەتاڵەکانی گیتارێکی ئیسپانی بژەنێت، ھەر لەو کاتەبوو کاتێک کارەکتەرەش لەبەردەم ئاوێنەدا، پێڵاوە پاژنە بەرزەکانی تاقیدەکردەوە کە بیکوتێ لەسەر سینگی ئەو، ئەو دەمەی گیتارێکی ئیسپانی بەقژی دەژەنێت.. ئەویش لەسەر سینەی ئەودا سەمایەکی ئیسپانی لەو مەرقەسە ساز بکات.


من وەک ڕەخنەگرێک بەو شێوەیە شیکاری چیرۆکی «ڕ» م کرد، ئەو چیرۆکەی لەناو ئەرشیفی دەزگای عاشقە وونبوەکان دۆزیمەوە، لەھەموو چیرۆکەکان زیاتر سەرنجی ڕاکێشام، کە نووسەرەکەی نادیارە، پێدەچێت ئەو ھێشتا لەژیاندا بێت، تاکە شتێک لەو چیرۆکە جێمابێت یەکەم پیتی ناوی نوسەرەکەیە کە سێ ھێلی لاتەریبی لەشێوەی «/|» کاتێک ئەو سێ ھێلە بەیەکەوە بگەیەنم پیتی «N» دەردەچێت.
ئەوەی لێرەشدا خوێندتانەوە خوێندنەوەیەکی تەئویلکاریمە کە ویستومە لەسەر ھەندێک لەتێگەیشتنەکانی بیرمەندی فەڕەنسی «ڕۆڵان بارت» نزیک بکەومەوە، بۆ خوێندنەوەی مەرگی نووسەر و پەیوەندی نێوان نووسەر و کارەکتەر.. لەو ڕێگەیەوە چیرۆکی نووسەرم بەمانای یەکەم سەیر کرد، مانای دووەم ژیانی کارەکتەرو مانای سێیەمیش نھێنی نەووتراوی ھەریەکە لە نووسەرو کارەکتەرەکە بوو کە من لەمانایەکی ئاشکرا نەکراوی پەیوەندی ئەو دووانە خستمە ڕوو.


1/4/2018 سانتانا- ئیتاڵیا

Previous
Next

Leave a Reply