Skip to Content

67 Views

مەرگی ئەویتر لە گۆشەنیگای خەمۆکییەوە … کاوان محەمەدپوور

مەرگی ئەویتر لە گۆشەنیگای خەمۆکییەوە … کاوان محەمەدپوور

Be First!
image_print


سرنجێک لەسەر ڕۆمانی خەوزڕان، نووسینی سراج بناگەر

پێشەکی
هایدیگەر بە ئاماژە بە مەرگی (ئۆفێلیا) لە شانۆنامەی (هەملێت)ی شێکسپیر، «مەرگ لە ناو ئاو دا» بە جوانترین مەرگ دەزانێ. ئۆفێلیا لە پاش ئەوەی باوکی-بە هەڵە- لەلایەن هەملێتەوە ئەکوژرێت، شێت ئەبێ و بە دەسچنێک لە گوڵ خۆی لە ئاودا دەخنکێنێ. ئەم ئاماژەی هایدیگەر، لە ئاست ڕەخنەی ئەدەبییەوە-جەخت دەکەمەوە لە ئاست ڕەخنەی فەنی ئەدەبیات‌دا!- بۆ تاوتوێی ڕۆمان هیچ یارمەتییەکمان نادا، ئەوەی کە تێۆری هایدیگەر لە ئاست ڕەخنەی ئەدەبی ناتوانێ یارمەتی دەرمان بێت دوو هۆی زۆر ئاسایی هەیە، یەکەم: هایدیگەر فەیلەسووفە و ڕەخنەگری ئەدەبی نییە، کەواتە تێۆرییەکانی هایدیگەر لە ئاست فەلسەفەی نەزەری ئەدەبیات بەکەڵکن، یانی دەتوانین بۆ بووتیقای ئەدەبی کەڵکیان لێوەرگرین، نە وەک ڕەخنەیەکی فەنی ئەدەبیات. دووهەم: هایدیگەر سەری کێشە و ناکۆکی لەگەڵ گشت هونەری مۆدێڕن (بە شێعر وڕۆمان و نیگارکێشی و…)وە هەیە، دیارە کە ڕۆمانیش یەکێ لە سەرچاوە هەر گرینگەکانی هونەری مۆدێڕنە، کەواتە لەسەرتاوە ڕوانگەی هایدیگەر بۆ ئەم باسە ڕوونە .

بەڵام هۆی ئاماژەی من لە سەرەتای ئەم وتارە بە ڕستەکەی هایدیگەر دەگەڕێتەوە سەر پێوەندی یەک وێنا و دوو چەمکی هاوبەش لە ڕۆمانی (خەوزڕان) و ڕستەکەی هایدیگەر. وێنای (مەرگ لە ناو ئاودا) و دوو چەمکی (مەرگ) و (پاشماوەکانی مەرگ). بابەتی (مەرگ)- کە وەک یەکێ لە باسە سەرەکییەکانی ڕۆمانی خەوزڕان وایە- لەلایەن هایدیگەرەوە بە تێر و تەسەل قسەی لەسەر کراوە وهاتۆتە ژێر نیگای فەلسەفیانەی ئەو، کەواتە بۆ شیکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەم باسە وەکوو پرسیارێکی گرینگی فەلسەفی هایدیگەر دەتوانێ یاری دەرمان بێت(نە وەکوو ڕەخنەگرێکی ئەدەبی). من سەرەتا بە کورتی لە ڕوانگەی گێڕانەوەناسی، پێکهاتەی ڕۆمانەکە تاوتوێ دەکەم تا بە چەشنێک پێوەندی پێکهاتەی ڕۆمان و ناوەڕۆکی باسەکە لەیەک گرێ دەین و هۆگەل و پاساوی ڕەخنەی ئەدەبیشمان بۆ شیکردنەوەی ناوەڕۆکی باسەکە هەبێ. دواتر دەچمە سەر شی کردنەوەی ناوەڕۆکی ڕۆمانی خەوزڕان و پێوەندی مرۆڤ بە چەمکی (مەرگ، ئۆبژەی لە دەستچوو و خەمۆکی) باس دەکەم. بۆ ئەم باسە کە دێتە خانەی کردەوە دەروونناسییەکانی مرۆڤ، پێویستمان بە وتارەی (شینگێڕی و مالیخولیا)ی فرۆیدەوە هەیە.


بەکورتی ئەم وتارە لە دوو بەش پێکهاتووە، یەکەم سرنجێکی کورت لەسەر گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی خەوزڕان و دواتر تاوتوێی ناوەڕۆکی ڕۆمان بە سازدانی مەنزوومەیەکی نەزەری لە دوو ڕوانگەی هایدیگەر لەسەر (مەرگ وەکوو چەمکێکی ئینتزاعی) و، خوێندنەوەی فرۆید لە (ئاکاری مرۆیی لە دوا مەرگ و لە دەستدان)، بە پێوسیتی هەر دوو بەشی وتار، هەوڵ دراوە لە دەستەواژەی تایبەت بە باسەکە کەڵک وەربگرم، لە بەشی گێڕانەوەناسیدا باس لە نووسەر ناکرێت و (گێڕەوە)-راوی- و چۆنیەتی گێڕانەوە شی دەکرێتەوە، بەڵام لە بەشی دووهەم بەپێی پێویست، باس لە ئەندێشەکانی نووسەر لە ڕووی هێماکانی دەقەوە دەکرێ. نووسەری ئەم وتارە، لەسەر ئەو باوەڕەیە شرۆڤە و ڕاڤە کردنی دەق، هیچ ئەوەی کە نابێتە هۆی (مەرگی داهێنەر)-تێۆری ڕۆڵان بارت-، بەڵکوو بەچەشنێکی‌تر نووسەر زیندوو دەکاتەوە و لە جەستەیەکی‌تردا بۆ خوێنەری شەمەند دەکا. ئەم بۆچوونە هیچ دژایەتی لەگەڵ شرۆڤە جیاوازکانی دەق یان هەوڵی بێ ئەنجام بۆ دۆزینەوەی مانای ڕێکی ناومێشکی نووسەر نییە، چوون ڕەنگە تەنانەت خودی نووسەریش ئاگادار نەبێ لەو کاتەدا ڕێک بەچی بیریکردۆتەوە، یان ئەگەر لە دانیشتێکی خۆمانەشدا بۆمان باس کا دیسانەکە بەشێ لە ڕاستییەکانی چیرۆک ونن و کەس دەستی پێناگەن. کەواتە مەبەستی بەشی دووهەمی ئەم وتارە-کە هەر لە پێوەندی بەشی یەکم دایە- شەمەند کردنی نووسەر لە جەستە و مانایەکی‌تر دایە، نە کوشتن و کۆتایی پێهینانی!.


مەوداکانی گێڕانەوە و بەرسازەکردنی ڕووداو:


ڕۆمانی خەوزڕان -کە بەسەرهاتی عەشق و لە دەستدانمان لە بیست و چوارکاتژمێردا بۆ دەگێڕێتەوە- لە شێوازی(سبک) کلاسیک بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان کەڵکی گرتوە و (گێڕەوەی زانای گشتی سنووردار)(راوی دانای کل محدود)ی بۆ بەسەرهاتەکان هەڵبژاردوە، لەحنی گێڕەوە لەم رۆمانەدا، خۆ لە قەرەی حەقایەت بێژی دەدا و نزیک دەبێتەوە لە گێڕانەوەی رۆژەزاری کوردی. هەرلەسەرەتای ڕۆمانەوە، گێڕەوە وەسفی دۆخێکیمان بۆ دەکا کە قەرارە ڕووداوەکانی چیرۆک لەوێدا ڕوو بدەن، ئەم وەسفانە لە سەرانسەری ڕۆمان پاتە دەبنەوە، وسفی خۆر و هەوای بەهار، وەسفی جێگە و کاتەکان، وەسفی کێوی ئاویەر و شوێنگەکانی (بڕوانە لاپەڕەکانی (٥)و(١٠٠)و…) ئەم چەشنە لە وەسف کردنی فەزای چیرۆک، شێوازی ڕۆمانی کلاسیکە کە بە مەبستی هاندانی خوێنەر بۆ ناو کایەکانی ڕۆمان و نزیک بوونەوەی لە ڕووداوی چیرۆک بەکار دێت.

هەر بەم پێیەش گێڕەوەی ڕۆمان لە پلەیەکی نزیکەوە بەسەرهاتەکانی ڕۆمان دەگێڕێتەوە، واتە بە ڕووداوەکان نزیکە و (مەودا)( Distance)ی گێڕەوە و بەسەرهاتەکان زۆر نییە ، بۆیەش خوێنەر لەگەڵ عەینیەتی ڕووداو بەرەوڕوو دەبێتەوە، وەختێ گێڕەوە باس لە ڕووداوەکانی چیرۆک دەکا لە زۆربەی شوێن هەوڵ دەدا، لە شێوازی ناوەندی‌ کردنەوەی(Focalization) سفر، کەڵک وەرگرێت. مەبەست لە ناوەندی کردنەوە، چەقسازی یان تیشکۆخولقاندنە کە لە گێڕانەوەناسیدا بە مەبەست و کارکردی بەرچاوکردنەوە و لە ناوەند گرتن دێت. بە ڕوانگەی ژیرارد ژێنێ، لە هەر چیرۆکێک‌دا دەتوانین سێ شێوەی ناوەندی کردنەوەمان هەبێ: ١) ناوەندی کردنەوەی ناوەکی: مەبەست ئەوەیە کاتێک رووداوی چیرۆک، لە گۆشەنیگای یەکێ لە کاراکتێرەکان دەگێڕدرێتەوە و بەردەنگ دەرک و فامی کاراکتێر لە رووداوەکە وەردەگرێت (وەکوو کاتێک ژۆزێف-کا لە ڕۆمانی مووحاکمەی کافکادا، وسفی ماڵێکی ئاسایی دەکا کە لە فامی ئەودا وەک دادگا دەنوێنێت). ٢) ناوەندی کردنەوەی دەرەکی: کاتێک لە گۆشەنیگایەکی پەسیڤەوە چیرۆک دەگێڕدرێتەوە، واتە گێڕەوە وەکوو کامێرایەک تەنیا هەڵسووکەوتی کاراکتێرەکان پێشان دەدات و هێچ باسێک لە فام و دەرکی کەسایەتی لەمەڕ رووداو ناکا، ٣) ناوەندی کردنەوەی سفر: کە مەبەست لەوەیە، کاتێک گێڕانەوە لە گۆشەنیگای هیچ کام لە کاراکتێرەکان ناگێڕدرێتەوەو بەردەنگ تەنیا لەگەڵ شێوە ڕوانینی گێڕەوە بەرەوروویە، وەکوو چیرۆک‌گەلێک کە گێڕەوەی زانای گشتی هەیە و گێڕەوە خۆی قسە دەکا. هەر بەم شێوەی ئاماژەمدا، ڕۆمانی خەوزڕان لە زۆربەی شوێنەکان لە شێوازی ناوەندی کردنەوەی سفر کەڵک وەردگرێت، ئەم شێوازە لەگەڵ پێکهاتەی گشتی چیرۆکەکە و کەڵک وەرگرتن لە گێڕەوەی زانای گشتی یەکگرتووەی هەیە و بەباشی لەگەڵ یەکدا دەگونجێن. بۆ نموونەی ئەم ناوەندی کردنەوە دەتوانین ئاماژە بە لاپەڕەکانی: (٣٣)و(١٠١)و…بکەین.


ئەگەر بڕوانینە شێوازی ناوەندی کردنەوە لە ئاستی کاراکتێرەکاندا ئەبینین کە گێڕەوە لەو ئاستەدا لە ناوەندی کردنەوەی ناوەکی سوود وەردەگرێت، واتە تەنیا وەکوو کامێرایەک هەڵسووکەوتی کاراکتێرەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکوو بە باشی فکر و خەیاڵیان لە قاڵبی لەحنێکی شیاوە بۆ هەر کام لە کارەکتێرەکان نمایش ئەدا. هەر ئەم تەکنیکە-کە بەباشی لە ناو ڕۆماندا گونجاوە- ئاستی پێکهاتەی کاراکتێرەکانی بردۆتە سەر و خوێنەر لەگەڵ کاراکتێرسازی فەنی و ڕێک و پێک بەرەوڕوویە. بۆیەش ئەتوانین ئاماژەکەین ڕۆمانی خەوزڕان نموونەیەکی باشی (ڕۆمانی کاراکتێر) لە ئەدەبیاتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. بە شیاوی، لەحنی یەک بە یەکی کاراکتێرەکان پارێزراوە و بێ ئەوەی ناوی کاراکتێرەکانمان لەبەر دەست بێت ئەزانین کام کاراکتێر قسە دەکا یان فڵان هەڵسووکەوت لەخۆی ئەنوێنێت. تەنانەت ڕوانگە و بەرسازەی بازە (سەگی فەریدوون) و بەختیار (هاوڕێ فەریدوون) و خودی فەریدوون بە (تەنیایی و مەرگ) بە باشترین شێوە لە ناو ڕۆماندا گونجاوە.

ئەم شێوە لە کاراکتێرسازی ئاگاداری و لێزانییەکی تایبەتی لە چەشنی ناوەندی کردنەوە و لەحندا پێویستە، واتە دەبێت سێ چەشنی ناوەندی‌کردنەوە و لەحن بە باشی لە لۆژیکی چیرۆکدا جێ بگرێت و بەپێ پێویست ئەم ئاستانە ئاڵۆگۆڕیان بەسەر بێ- کە (خەوزڕان) توانیویەتی لەم ئاستەدا بە باشی سەرکەوێت-. مەوادی کەمی گێڕەوە لەگەڵ ڕووداوی چیرۆکەکە و پێوەندی نێوان پێکهاتەی هێڵی ڕۆمان و گەڕانەوەکان(Flash Back)-کە تەنیا لە ڕووی بیرەوەرییەکانی کاراکتێر و گێرەوە بۆ خوێنەر روون دەبنەوە-، هێڵی چیرۆک بەباشی دەباتە پێش. کەڵک وەرگرتن لە لەحنێکی نزیک بە حەقایەت بێژی، سەمیمییەتی نێوان خوێنەر و ڕۆمانەکە شەمەند دەکا و دەبێتە هۆی ئەوە خوێنەر بە ئەدەبیاتی گێڕەوە نزیکتر بێتەوە.

گێڕەوە بەردەوام لە وشەی (جا) بۆ گێڕانەوە کەڵک دەگرێت:«جا بێ ئەوەی تەمار ئەم بمێنێ»،«جا بەکەنینەو درێژەی دا»، «جا ئەوەنە هەڵاورد و ئەوەنە درێژەی دا»، «جا وەک ئەوە لە قسەکەی خوەی ترسیاوێ»و…«…». ئەم شێوە لە لەحنی گێڕەوە، بیرخەرەوەی گێڕانەوەی ئاسایی و بەتایبەت حەقایەت بێژی کوردییە. پێوەندی ئەم لەحنەی گێڕەوە و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە-مەرگ و لە دەستدانی خۆشەویست- دەتوانێ پاساوێکی زانستی هەبێ کە لە درێژەدا باسی لێوەدەکم.


گێڕەوە لە زەمەنی(tense/ Tempus) ئاسایی و هێڵی بە گێڕانەوە کەڵک دەگرێت و بە هیچ شێوە خۆی لەقەرە شێواندی زەمەن نادا. تەنانەت خوێنەر بۆ ئاگاداری لە ڕابردووی ڕووداوەکان لە ڕووی بیرەوەری کاراکتێر و گێڕەوە زانیاری پەیدا دەکا، ئەم شێوە لە (گەڕانەوە بۆ ڕابردوو) ‌(Flash back) شێوازی ئاسایی کایە بە زەمەنە، لە هیچ شوێنک لەم چیرۆکدا(گەڕانەوە بۆ داهاتوو)مان (Flash Forward) نییە و گەڕانەوەکان لەگەڵ زەمەنی چیرۆکی یەکتر دەگرنەوە، هەر بۆیە (زەمەنی چیرۆکی) لەگەڵ (زەمەنی دەق) یەکگرتوویان هەیە و تەنیا واقیعێک کە پێکهاتەی هێڵی چیرۆک دەوێستێنێت، بیرەوەرییەکانی گێڕەوە وکاراکتێرەکانە کە بەم شێوەی باسم کرد شێوازی ئاسایی بەکار هێنانی (گەڕانەوە بۆ ڕابردوو)(Flash back) لە چیرۆکی کلاسیک دایە، هەڵبژاردنی گێڕەوە بۆ ئەم چەشنە زەمەنەش گونجاوی لەگەڵ پێکهاتەی گشتی ڕۆمانەکە هەیە. گێڕەوە بۆی هەیە (زەمەنی چیرۆکی) و (زەمەنی دەقی) ڕووداوەکان تێک بدا و بە پێی پێوسیت ئاڵۆگۆڕیان بەسەر بێنێت، بەڵام بۆ ئەم کارە یەکم، دەبێ لەگەڵ لۆژیک و پێکهاتەی چیرۆکەکەی هاوتەریب بێت و دووهەم: ئەم شێوە کایە بە زەمەن لە ڕۆمانی مۆدێڕنیستی و پۆست مۆدێڕن دا دەبینرێتەوە نە ڕۆمانێک بە پێکهاتەی کلاسیکەوە.

ڕۆمانی نووسەرە کلاسیکەکان(مەبەست ئەو نووسەرانەیە کە بە شێوازی کلاسیک ڕۆمان ئەنووسن)، بۆ نموونە تۆلۆستۆی، باڵزاک، داستایۆفسکی، مارک تواین و… کەمتر کایەی فۆرمی و هەر بەم پێیەش کایەی زەمەنی لەناو کارەکانیاندا هەیە، ئەم شێوە لە ڕۆمان زیاتر گرینی بە ناوەڕۆکی ڕۆمان و کاراکتێرسازی ئەدات تا ئەزموونی فۆرمی. هەڵبەت ئەمە بە هیچ ڕوو بەو مانایە نییە ڕۆمانی مۆدێڕنیستی گرینگی بە ناوەڕۆک نادا، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەم دەستە لە نووسەران بە کایەی فۆرمی ئەیانهەوێت ناوەڕۆک بە جەختێکی زیاتر و چەشنێکی‌تر بۆ زەینی خوێنەر هەناردە بکەن.(بۆ ئەم باسە بڕوانە جیاوازییەکانی شێوازناسیی ڕۆمان).

ئۆبژەی لە دەستچوو و پاشماوەکانی مەرگ:


هەر بەم پێیەی لەسەرەوە باسم کرد ڕۆمانی خەوزڕان بە شێوازی کلاسیکەوە دارێژراوە و ناوەڕۆکی ڕۆمان شەڕێکی دەستەویەخە لەگەڵ دوو بیرۆکە و پرسیاری هەر گرینگ و کلاسیکی ژیانی مرۆیین، واتە (لە دەستدان و مەرگی خۆشەویست و، ژیانی مرۆڤ دوا ئەم کارەساتە). فەرەیدوون، (کاراکتێری سەرەکی ڕۆمان) لە پاش مەرگی خۆشەویستەکەی (سەیران) لە ناو دەریادا، تەرکی ئاشنا و ڕۆشنا دەکا و چی‌تر ئەم کوڕە شۆخ و شەنگەی جاران نامێنێت. لە ناو ڕۆماندا ئێمە بەردەوام لەگەڵ فکر و خەیاڵاتی فەریدوون لە پاش ئەم کارەساتە بەرەڕووین و هەڵسووکەتی فەریدوون لەمەڕ نەسیحەت و پەندەکانی دەورووبەریەکانی ئەبینین.


هایدیگەر مەرگ بە ڕاستەقینەترین ڕووداوی مرۆیی ئەژمار دەکا و بە چەشنێک لە (ئێگزیستانس)( Existence)ی مرۆڤی دەزانێت و دەڵێت: «مەرگ تەنیا بۆ مرۆڤ بوونی هەیە». ئەم ڕستەیەی هایدیگەر بەو مانایەیە کە تەنیا مرۆڤە کە ئاگاداری بەسەر مردنی خۆیدا هەیە و ئەزانێت ڕۆژێ ئەمرێت-حەیوانەکانی‌تر چوون ئەم ئاگادارییان نییە نازانن کە دەمرن-.مەرگ بۆ مرۆڤ هەمیشە چەمکێکی پڕ لە پرسیار و مەترسییە، پڕ لە پرسیارە چوون –چ لە گریمانەی: زیندوو بوونەوەدا و چ لە گریمانەی: مەرگ کۆتاییە-، مرۆڤ نازانێ دوا مەرگ، ڕێک چی بەسەر دێت. لە لایەکی‌ترەوە مەرگ (هەڵکەوتە)کانی ژیان بە کۆتایی دێنێت و ئیتر مرۆڤ دەرفەتێکی بۆ هەڵبژاردن لە ناو ژیانیدا نامێنێت، مەرگ ئیمکاناتی وجوودی ژیان بەکۆتایی دێنێت و پێش بە گۆڕانکاری لە مرۆڤدا دەگرێت، نەبوونی زانیاری بەسەر: پاش مەرگدا و سڕینەوە و داماڵینی هەڵکەوتەکان و دەرفەتەکانی ژیان، خۆی لە خۆیدا ترسناک و مەترسی دارە. ئەم ترسە لە مەرگ دەبێتە هۆی ئەوەی هەر وەخت باس لە مەرگ دەکەین، مردن پاڵ دەیەنە باوەشی «ئەویتر»ەوە. (من نووسەری ئەم ڕستانە لەبارەی ڕۆمانی خەوزڕان و ئێوەی خوێنەرانیش، ڕۆژێ دەمرین!)، تەنانەت ئەم ڕستەی منیش ترسی پێوە دیارە.

بە بۆچوونی هایدیگەر مەرگ شەخسی‌ترین و تاکانە‌ترین ڕووداوی مرۆییە، بەڵام ترس لە مردن هەمیشە وەها دەکا ئێمە مەرگێ کە ئەزموونی تاکەکەسییە-هەڵبەت ئەگەر بتوانین وەکوو ئەزموون ناوی لێ بێنێن- بەشێوەی خێڵی و جەماوەری باسی لێوەدەکەین و خۆمان بە تەنیا لەمەڕ مەرگ ناهێڵینەوە. بۆ نموونە لەم ڕستەیەمدا: (من نووسەری ئەم ڕستانە لەبارەی ڕۆمانی خەوزڕان و ئێوەی خوێنەرانیش، ڕۆژێ دەمرین!)، لێرەدا ترسی من لە مەرگ وەهای کرد کە لەسەرەتادا خۆم لە ئەزموونی تەنیایی مەرگ بپارێزم و ئێوەی خوێنەریش لەگەڵ خۆم دەم. دووهەم مەرگ (فەرافکەنی) بکەم بۆ سەر ئێوەش! واتە مەرگی ئەوانی‌تر لەمەڕ مەرگی خۆمدا بەرجەستە کەمەوە. (هەموومان ڕۆژێ ئەمرین) بۆ هایدیگەر ڕستەیەکە کە مرۆڤ لە ترسی ئەزموونی تاکەکەسی مەرگەوە، بەکاری دێنین. کە واتە بیرکردنەوە لە مەرگ ترسناکە.

بەلای هایدیگەرەوە تەنانەت ئەوانەی ئێژن مەرگ بۆ من ترسناک نییە لە ترسی مەرگەوە وەدەڵێن، چوون ئەم ڕستە هێمای هەوڵ بۆ دوور خستەنەوەی (بیرکردنەوە لە مەرگ)ە، بێژەری ئەم چەشنە ڕستەیە، وەها دەنوێنێ کە «من پرسیارم لە مەرگ نییە»، ئەوە لە حاڵێکدایە کە چەمکی مەرگ، چەمکێکی پڕ پرسیارە و هیچ کات مرۆڤ بە هۆی خسڵەتی ئیگزیستانسییەوە ناتوانێ لەم پرسیارە خۆ بپارێزێت. لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگ دایە کە ئەدەبیات و فەلسەفە کارێکی دژوارە، چوون ئەم دوو ساحەتە توانستی ئەوەیان هەیە لەگەڵ یەکێ لە مەترسیدارترین و بێ‌جوابترین پرسیارەکانی مرۆیی بەرەوڕوومان کەنەوە،
لە ڕۆمانی خەوزڕاندا نووسەر بەردەوام لەدەمی کاراکتێرەکانەوە-بەتایبەت بەختیار و دوکتۆر کەلام- ئاماژە بەوە دەکا کە گشتمان ڕۆژێ ئەمرین و مەرگ شتێ نییە تەنیا بۆ (سەیران) هاتبێتە پێش. لێرەدا ترس لە مەرگ، نووسەری خەوزڕان بەرەو ئاقارێک دەبا کە دەسداتە نووسینی بەرهەمێ کە لەسەرەتاوە بەهیچ ڕوو ناتوانێ وەکوو ئەندێشە خۆی لێ بپارێزێت، کەواتە ناچارە دەری ببڕێ، دووهەم ترسی ئەم ئەندێشە و نزیک بوونەوەی ساتەوەختیانەی مەرگ، ناچاری دەکا لە دەمی کاراکتێرەکان ئەم پاساوە بۆ مەرگی ئەوانی‌تر بێنێتەوە: «هەموومان ڕۆژێ ئەمرین». بازە(سەگی فەریدوون) نازنێ مەرگ چییە و نەبوونی سەیران بە مەرگ تەعبیر ناکا، بەڵکوو تەنیا دەزانێ ماوەیەکە سەیران دیار نییە، بۆیە شرۆڤە و ڕاڤەیەکی تایبەتی لەسەر مەرگ نییە. هەر وەک باسمان کردن ئاگامەندی بەسەر مەرگدا، ئاگامەندی تایبەتی مرۆییە، نە حەیوانەکانی‌تر. ترسی مەرگ لەم ڕۆمانەدا ئەوەندە بە هێز دەبێتەوە کە نووسەر گشت ڕووداوەکانی ڕۆمان لە چواچێوی مەرگی ئەویتردا بۆ خوێنەر باس دەکا، (مەرگی سەیران) لە ڕۆماندا بە پەراوێز دەکەوێت و هەر لەسەرەتادا، نووسەر هەوڵ دەدا باسی ئاکاری مرۆڤ لە پاش (ئۆبژەی لەدەسچوو) بکا.

گشتی ئەم ئەندێشانەی نووسەر دەکەوێتە بەر لە نووسینی ڕۆمان. واتە ترس لە مەرگ وەها دەکا یەکەم مەرگ (فەرافکەنی) بکا بۆ سەر ئەویتر، دووهەم لە پێناو مەرگی ئەویتردا و بیرۆکەی مەرگی ئەویتر، لەگەڵ دۆخێکی –ڕەنگە تەنانەت ناخۆشتر لە مەرگی خۆمان- بەرەوڕوومان دەکاتەوە، ئەویش ژیان و کردەوەی کەسەکان، لە پاش مەرگ و لە دەستدانی خۆشەویستەکانیانە. بە گێڕانەوەیەکی‌تر کاتێ من، مەرگی خۆم بە پاساوی ڕستەی (هەموومان دەمرین) لەخۆم دوور دەکەمەوە، لە مانای ڕاستەقینەدا ئەم مەرگە ئەنێرمە باوەشی ئاشنا و خۆشەویستەکانم. ڕێک لێرەدایە کە ڕۆمانی (خەوزڕان) دەسپێدەکا، واتە پاش کۆتایی بیرۆکەیەک سەبارەت بەمەرگ (دوور کردنەوەی مەرگ لە خۆم) و دەسپێکی بیرۆکەی‌تر سەبارەت بە مردن (مەرگی ئازیزانم)، لێرەوەیە کە نووسەر بە پێوسیت دەزانێ لەگەڵ کەسانی‌تر بۆ ئۆقرە گرتنی دەروونی قسە بکا!، کەواتە ڕۆمان دەنووسێت.


فەریدوون لەگەڵ مەرگی خۆشەویستەکەی دەستەویەخەیە دەبێتەوە، ئۆبژەیەک لە خۆشەویستی هەبوو کە ئەلان بوونی نەماوە. تازەودا دەلاقەیەکی هاوبەش بۆ دیتنی دونیا و بەسەرهاتەکانی بۆ فەریدوون بوونی نییە. پەنجەی مەرگ خۆشەویستەکەی لەگەڵ خۆی برد- تەنانەت ئەگر بۆشی شی بێتەوە هۆی مەلەکردنی سەیران لە ناو دەریادا و دوور ڕۆشتنی و دواتر خنکانی چی بووە، دیسانەکە ئەم ڕەنجەی پاش مەرگی سەیران بۆ فەریدوون (کە دەتوانێ هەر یەک لە ئێمە بین) بەردەوامە-. لێردا بە باشی بۆمان دەردەکەوێت چەمکی مەرگ، بە دوو سەرەوە، چ مەرگی خۆمان، چ مەرگی ئەویتر دووبارە ترسناکە.
ڕۆمانی خەوزڕان بەرەو ئەم پرسیارەمان دەبا کە کردەوە دەروونییەکانی مرۆڤ پاش مەرگ و لە دەستدانی خۆشەویستەکانیان (یان ئۆبژەی لە دەستچوو) چۆنە؟ ئەمە پرسیاری فرۆید لە وتاری (شینگێڕی و مالیخولیا)یە. فرۆید لە وتاری (شینگێڕی و مالیخولیا)دا دوو چەمکی شینگێڕی و مالیخولیا- وەکوو کردەوەیەکی دەروونناسانەی مرۆڤ لەمەڕ ئۆبژەی لە دەستچوو-لە یەک جیا دەکاتەوە. لای ئەو دوو کردەوەی بەرچاوی مرۆییمان بۆ «ئۆبژەی لە دەستچوو» هەیە. «ئۆبژەی لە دەستچوو»، ئەو چەمکەیە کە ئیتر بوونی نییە و بە هۆگەلی جیاواز لە دەستی ئێمە دەرچووە، وەکوو (زێد و نیشتمان، ئازادی، مەرگ و نەمانی خۆشەویستێک)، یەکێ لەم دوو کردەوانە، «شینگێڕی»یە(سوگواری) کە بەمانای قەبووڵکردنی لە دەسدانە و دان بە نەمانی ئۆبژەی تایبەتە، واتە بۆ فرۆید کردەوەی شینگێڕی (بۆ نموونە بۆ مردوو) وەکوو قەبووڵ کردنی سایکۆلۆژیکی مەرگ و نەمانی ئەوەو هەوڵێکی دەروونی مرۆڤە بۆ گەیشتن بە ئاسوودەی و ئارامشی دوا ئەم کارەساتە. بەڵام «مالیخولیا»(شیدایی)، نائۆمێدی و مەیلی زێدە بە دووبارە تێکەڵبوونەوە لەگەڵ ئۆبژەی لە دەستچوویە، بەو مانایە لە مالیخولیادا مرۆڤ ناتوانێت قەبووڵی ئەو ڕاستییە بکات کە فڵانە چەمک یان کەسایەتی، ئیتر لە ژیانیدا نەماوە و هیچ بوونێکی نییە. مالیخولیا خەمۆکییە، بێ‌تابشتی لەمەڕ«فەرامۆشی»و «بیرەوەرییە».

لە مالیخولیادا ئۆبژەی لەدەسچوو هیچ کات، نەبوون و نەمانی لەلایەن ئێمەوە قەبووڵ ناکرێت تا وەک بیرەوەری ناوی لێ‌بێنین و لە ئاکامدا بە فەرامۆشی بگا. من باسە دەروونشیکارییەکەی فرۆید بۆ پێشگیری لە مالیخولیا و بەئەنجامدانی شینگێڕی لێرە زیاتر درێژە نادەم (ئەتوانن ئەم باسە لە وتارەی فرۆید بە ناوی (شینگێڕی و مالیخولیا)(بەفارسی: سوگواری و مالیخولیا)، وە هەروەها وتاری (بیرهێنانەوە، پاتەکردنەوە ودەکارکردن)(بە فارسی: به‌یادآوردن، تکرارکردن و به‌کارآوردن) بخوێنەوە).


بەڵام ئەوەی کە لێردا پێوەندی بە ڕۆمانی خەوزڕانەوە هەیە، کردەوەکانی فەریدوون لەمەڕ لە دەستدانی خۆشەویستەکەیەتی. بە زمانێکی فرۆیدی کردەوەی فەریدوون ئایا مالیخولیایە؟ یان شینگێڕی؟. فەریدوون لە پاش مەرگی سەیران کردەوەیەکی خەمۆکییانە دەنوێنێ کە هانی ئەدا بەرەو تەنیایی. ئەو هەموو شەو دەچێتە لەسەر گۆڕەکی سەیران و لە پاڵ گۆڕەکە ئەکەوێت و قسەی لەگەڵ دەکا، خۆی لە هەموو کەس دەپارێز و مەیلی بۆ هیچ پەیوەندییەک ناچێ. ئەم کردەوە مالیخولیا نییە، بەڵکوو شینگێڕی لە ڕادەبەدەرە. فەریدوون قەبووڵی ئەوەی کردەوە ئیتر سەیران بوونی نییە و مردەوە، بەڵام لە نەبوونی بە ئازارە!. ئەم ئازارە شێوەیەکی تایبەت لە شینگێڕی (سوگواری) بۆ فەریدوون بەدی دێنێت، ئەم شێوە لە شینگێڕی ئەتوانێت مرۆڤ بەرەو خەمۆکی هان بدات بەڵام چەشنی خەمۆکییەکەی لەگەڵ خەمۆکی مالیخولیادا جیاوازە. لەم چەشنەدا، بەم هۆیەی کە مرۆڤ ئیتر ناتوانێ دەلاقەی هاوبەش بە خۆی بدۆزێتەوە، هەر کەس و هەر ڕوانگەیەکی‌تر بێ بایەخ دەبینێت، واتە جیهان لە پڕدا لە مانا دەکەوێت. (لە کن من با وجوودی ناس و ئەجناس/ کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ-نالی). شینگێڕی فەریدوون لەگەڵ شینگێڕی (بنەماڵەی سەیران) ئەو جیاوازییەی هەیە، کە فەریدوون بەردەوام بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە چاو لە مەرگ دەکا و بە چەشنێک بەم کردارەی بەرهەڵستی جیهانی دوا سەیران دەبێتەوە. ڕەنگە ئەم شێوە لە ڕەخنەی فەریدوون، لە دیالۆگ و مۆنۆلۆگی ڕۆمانەکەدا زۆر ڕوون نەبێت بەڵام لە ئاست ئاکار و کردەوە بە باشی خۆ ئەنوێنێت و هێما و دەلالەتەکانی بەرەو ئەم چەمکە ئەچێتەوە.


نووسەر لە دەمی گێڕەوەی ڕۆمان بەباشی ئاگاداری ئەوە هەیە، کرداری فەریدوون نابێ و ناکرێ تاسەر درێژەی هەبێ و دەبێ لە جێگەیەک کۆتایی پێ بێت. ئەم جێگەیە دووپات بوونەوەی عەشقە. لە لاپەڕەی (١٥٣)دا لە زمانی (دکتۆر کەلام)ەوە-کە خۆی ئەزموونی لەو چەشنە، بەڵکوو خەمبارتریشی هەیە- بە فەریدوون دەڵێت:«…تەنیا چتێک بتوانێ نەجاتۆ بات و لەم سەرگەردانی و ئاشێوە دەرۆبێرێت، ئشقە. تەلاش کە بەشکم دووبارە دڵبەستەی کەسێ بیت. تۆ بەسەر ئەم گشتە ناهەمواریا بازهەم ئەوەڵ دەمتە و ئەم کارە، ئاسانە بۆت. تۆ ئەشێ هەممەت بەخەرج بەیت و زەخم ئشق بە مەرهەم ئشق تیمار کەیت تا خوەشەو بێت…» ، سەیران چوون هێمای خۆشەویستی و عەشقە بۆیە مەرگەکەی بۆ فەریدوون وەها گرانە، تەنانەت مەرگی سەیران وەک کەنیشک و مناڵی بنەماڵەکەی بەم شێوەی کە بۆ فەریدوون گران و دژوارە بۆ ئەوان وەها نییە. فەریدوون لە داخی لەدەسدانی مرۆڤێک، چەشنێک لە شینگێڕی تایبەتی هەڵنەبژاردەوە، بەڵکوو لە داخی نەمانی عەشقە کە وەها ئاکارێک دەنوێنێ. کەواتە دووبارە دۆزینەوەی عەشق ئەگەری ئەوەی هەیە کە چارەی بکا. واتە پاتەکردنەوەی ئەزموونی پێشووی لە ژیان و دۆزینەوەی دووبارەی دەلاقەی هاوبەش بۆ ڕوانین بە جیهان. (زنجیرە پۆڵایەکان تەنیا بە شمشێری پۆڵاین ئەپسێن).


لە کۆتاییدا بە پێی ئاماژەی گێڕانەوەناسی و شیکردنەوەی ناوەڕۆکی ڕۆمانی (خەوزڕان) بەم ئەنجامە دەگەین، نووسەر بۆ باس کردنی چەمکێکی بنەڕەتی وەک مەرگ و ژیانی کەسەکان لە پاش لە دەستدانی ئازیزانیان، لە شێوازی نووسینی رۆمانی کلاسیک و بە مەودایەکی نزیکی گێڕەوە بە ڕووداوی چیرۆک کەڵکی وەرگرتوە. هەڵبژاردنی ئەم تەکنیکە-واتە مەودای کەمی گێڕەوە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆمان- ئەمە شەمەند دەکا کە نووسەری ڕۆمان خۆی بە تەواوی لەگەڵ ئەم ئەندێشەیە دەستەویەخەیە و بیرکردنەوە لەم چەمکە وەک کردەوەیەکی حاشا هەڵنەگر دەزانێ. مەودای کەمی گێڕەوە لە گێڕانەوەی ڕۆماندا بە تەواوی خوێنەر لە عەینییەتی ڕووداوەکان نزیک دەکاتەوە و تا ئاستێکی بەرچاو پرسیار و داڵغەی سەرەکی ڕۆمان دێنێتە بەرباسی خوێنەر. ئەم پرسیار و لێکۆڵینەوە تەنانەت لە دوو کاری کوردی پێشووی سراج بناگەر(کۆمەڵە چیرۆکی چاوشارەکێ و ڕۆمانی قولولولوو) بە چەشنێک پاتە دەبێتەوە و وێدەچێت هەزارن ڕۆمان و ملوێنان دەق قەرەبووی باسێکی وەها ناکەن.

پەراوێزەکان:

. بڕوانە: (سرآغاز کار هنری.مارتین هایدگر، ترجمەی ضیا شهبازی) و (انکار حضور دیگری. سیاوش جمادی).
.بە هۆی مەودای کورتی وتارەکە، تەنیا ئاماژە بە لاپەڕەکان کراوە و خۆم لە نووسینی ڕستەکانی ڕۆمان پاراستوە.
. (مەودا)، بەو مانایەیە، کە گێڕەوە لە کاتی گێڕانەوەی چیرۆکدا چەندە بە واقیعی رووداوەکە نزیکە؟ ئایا رێک گشت رووداوەکە دەتوانێ بە عەینییەتەوە بگێرێتەوە و مەودایەکی کەمی لە گەڵ چیرۆک هەیە؟، یان نا تەنیا توانستی گێڕانەوەی بەشێک لەو رووداوی هەیە؟. هەتا مەودای نێوان گێڕەوە و رووداو کەمتر بێت، ئەوە بەردەنگ لە گەڵ عەینیەتێکی زیاتر لە چیرۆک دا بەرەورووە و له بەسەرهاتەکانی چیرۆک بە باشی ئاگادارە، بەڵام کە مەودای نێوان چیرۆک و گێڕەوە زیاد بوو، لە عەینییەت کەم دەبێتەوە و زیاتر له شێوەی زەینی نیزیک دەبێتەوە، لێڕەدا بەردەنگ لە گەڵ دەرووناسیی کاراکتێر و هەلومەرجەکانی زەینی-گێڕەوە/کاراکتێر –بەرەورووە.
.لێردا مەبەست لە زەمەن، زەمەنی تەقوویمی(time) نییە و مەبەست زەمەنی دەستووری چیرۆک و دەقە.
. گشت ئاماژەکان بە ڕۆمان لەم چاپە وەرگیراون: بناگەر، سراج.(١٣٨٩).خەوزڕان.سەقز. بڵاوگەی خانی.

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی (http://kurdishbookhouse.com)

Previous
Next

Leave a Reply