Skip to Content

پێشەکی کتێبی ” شوێنێکی تری جەنگ ” … دڵشاد عەبدوڵڵا

پێشەکی کتێبی ” شوێنێکی تری جەنگ ” … دڵشاد عەبدوڵڵا

Closed
by تشرینی دووه‌م 24, 2016 General, Literature

باخچەیەک لە تاریکیدا !

شیعر کۆکردنەوەی پاشماوەکان نییە

لێم مەپرسن، چیم دەوێ؟ هێشتا لافاو نەنیشتۆتەوە
مەپرسن، دەچمە کوێ؟ لە ناوەڕاستی زەریادام.
سەت هێندەی وڵاتی خۆم غەریبم!
چل ساڵە دەئەزموونێم کەچی دەڵێی تازە لەدەرگا گاڵەدراوەکان دەدەم؛ بیکەنەوە.
ڕەخنەگر و ئەکادیمیاکان، کێ بەئاگایان دێنێ؟
چل ساڵە و هەمان دەستەواژەم لەسەر ژوورەکەم هەڵواسیوە : ” کەمینە گرنگە ” !
چل ساڵە فەرهادی قوڵنگ وەشێنی کێوی زمانم، کەچی هێشتا نیگەرانیم نەنیشتۆتەوە لەگەڵ هاوزمانم!
بەو نیگەرانییەوە دەگەڕێم بۆ کەسێکی گەردوونی!
کەسی گەردوونی کێیە؟ نووح یان ئەوانەی لەناو کەشتیەکەدان ؟
ئەوانەی گەیشتنە سەرزەوی و ژیانێکی نوێیان دروستکرد، بێ ئەوەی باکڕاوندێکیان لەبارەی ئەو شوێنەوەهەبێ کەلێی نیشتنەوە، یان نووح کەڕاستی لافاوی دی بەرلەوەی ڕووبدا؟
گەردوونیبوون جیهانبینی و بەرپرسیارەتییە .
چل ساڵەو دەیان جار گلاوم بۆ هەستانەوەیەک.
چل ساڵەو دەیان خاچ هەڵیواسیوم و باوەشێک نەیهێنامە خوار.
دەیان لافاو هەڵیبڕیوم، شەپۆلێک نەیگەیاندمە کەنار.
باخچەیەک لە تاریکیدا، ئەوە منم! هەمیشە سەرئامەد بە شیعر و بەس.
*
ناتوانی ژیانی شاعیر لەبەرهەمەکانی دەرهاوێژیتە دەرەوە، هەرچەند شیعر سیفەتی ئاوێنەی نییە بەڵکو مەوشوورییەو ئەوەی تێیدا دەردەکەوێ ئەوە نییەکەهەیە. بەو تێگەیشتنەوە شیعرم گواستەوە بۆ ( ناکەس) . بەو واتایەی لەڕاستەوخۆیی دوورکەوتمەوە بۆ قووڵایی، قووڵایش بە هەموو بایەک ناجووڵێ .
ماوەیەکی زۆری ژیانم لەگەڕەکێکدا دەژیاین کە زۆربەی خەڵکەکەی لەچینی مامناوەند بوون، هەر خێزانەو لەناوچەیەکەوە هاتبوو، بەشێکیان خۆشناوبوون، حەزم لە شێوەئاخاوتنیان بوو. دایکم ڕەگەکی لەوانە، بەڵام خێزانی ئێمە شارستانە وگوێی نەداوەتە هۆزوعەشیرەت. ماوەیەک بیرم لەوەدەکردەوە بەو شێوەناوچەییە شیعر بنووسم، ئەم بیرکردنەوەیە سەرچڵی نەبوو، ئەو ئاسانکارییەی لەشێوە ئاخاوتنی ئەواندا هەیە ڕەنگە بۆ ئاهەنگی شیعر جوان بکەوێتەوە. جگە لەمەش ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنە پەرچەکردارێکی نەستیی بووبێ لەبەرانبەر ئەو ڕیتمە سواوەی لەشیعری کوردیدا هەبوو. خوێنەری کورد لەڕووی ئەزموونەوە کەمتوانایە بۆیە هەر دەرچوونێک وەکو دژایەتی لێک دەدرێتەوە، ئەم هۆیە بەربەست بووە لەبەردەم زۆر پڕۆژەی ئەدەبیدا. هەرچەند دڵنیام ئەگەر خۆم زۆر مکوڕبام وا بەئاسانی دەستبەرداری بیرکردنەوەکە نەدەبووم . لەشیعرەکانی بەراییمدا بە سنوورداری ئەم هەوڵە ڕەنگی داوەتەوە. لە لاوک و حەیراندا هەمان زمان هەیە. دواتر هێمن وهەندێک نووسەری کوردی ڕۆژهەڵات شێوەی موکریانیان هێنایە ناو نووسین و بەشێک لەئەدیبانی ناوچەی سلێمانی بەکاریشیان هێنا. لای میللەتانیش ئەم جۆرە ئەزموونە هەیە، چما ڕامبۆ بەزمانی ستاندار شیعری نووسیوە؟
گەرەکەکەمان زۆربەی خەڵکەکەی خۆپاریزبوون، ژنێک هەبوو جلی کورت وبێقۆڵی دەپۆشی و سەربەستانە لەبەردەرگای ماڵەکەیان دەوەستا، لەناو هەموو ژنەکاندا جێگەی سەرنجم بوو ، نەمدەزانی بۆ؟ دواتر تێگەیشتم کە جوانی ئەوژنە و جیاوازییەکەی ئەو ئازادییە بوو کە لەشێوەی جلپۆشینیدا هەبوو. ئەدەبیش جیاوازییە بەڵام لەئەدەبدا جیاوازی بەتەنیا بەس نییە ئەگەر تەکنیک وزمانی جیاوازی لەپاڵدا نەبێ. دەرچوون لەپۆل مەرجی ئەفراندنە دواتر شتی تر بەدوای خۆیدادێنێ.
هەمووجار کەبیر لەپڕۆژەی تازە دەکەمەوە دەڵێم ، مەسیح بە تەنیا لەسەر سێدارەبوو!
واتا تاک هەردەم پێشڕەوە و کۆمەڵ دوای دەکەوێ، بەڵام دەرکەوتنی مەسیح لە بۆشاییەوە نەبوو، زەمینەی فیکریی و کۆمەڵایەتی هەبووە.
چل ساڵ پێش ئێستا کەدەستم بەنووسین کرد، سەرەتایەکی ئاساییم هەبوو وەکو هەر گەنجێک کە خولیاو حەزێکی دیاریکراو دەیبا بۆ لای شیعر. بەڵام کاریگەری خوێندنەوەی زۆر زوو دەربازی کردم لەو سەرەتایە. دوای چەند ساڵێک بێدەنگی لە بڵاوکردنەوە، دەمویست لەڕێی دەقی قورسەوە خۆم بناسێنم. قەسیدەی ” گورگ ” کە دواتر بوو بە هەوێنی قەسیدەی ” سووتانی ڕەنگەکان ” بوو بە سەرەتای ئەو ناساندنەم . لەوێ بەشێک لەزمانی جوداو ڕیتمی جوداو هەناسەی شیعری جودا هەیە. ئەم هەوڵەم دەرچوون بوو لەو ڕیتمە باوە سواوەی لەشیعری کوردیدا هەبوو. قەسیدەی پەخشان کە پێشتر هەندێک هەوڵی تر هەبوو بەو ئاراستەیە، بۆ من بوو بەو چوارچێوە هونەرییەی شیعری خۆمی تێدا نیشان بدەم. ڕستەی شیعری چڕ و ئاوێتەی فرەمانا، چڕکردنەوەی وێنەکان لەڕێی بەکارهێنانی ئەفسانە بۆ قووڵکردنی ساتەکانی ئێستا، بە پێچەوانەشەوە ئێستا بۆ دوورایی ئەفسانەیی. لەم ئەزموونەدا هەموو هەوڵێکم بۆ شیعرییەت بوو، چونکە شیعر ئەگەر شیعرییەت لەدەست بدا بۆ هەر مەبەستێک با زۆرگرنگیش بێ کلۆر دەبێ.
پێش شیعر هیچ شتێکی ترنییە، بەو مانایەی شیعر لەبیرۆکەی ئامادە دروست نابێ، هەموو ئەو شیعرانەی کە بۆ هەر بیروباوەڕێک خیانەت لە شیعرییەت دەکەن ژیانیان کورتە. شیعرییەت سنوور بەزێنە.
*
شیعر لای میللەتان مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەشێکی کتێبە ئاینییەکان بەشیعر هۆنراونەتەوە، گاتاکان و کتێبی یارسان نموونەی ئەوجۆرە کتێبانەن. سەرەتای شیعری کوردی ئەگەر وەکو شێوە ئاخاوتنی جوان و دەربڕینی بیروباوەڕی ئاینیش بچێتەوە سەر ئەم دوو کتێبە، بەڵام شیعری کوردی وەکو دەقی هونەریی لە بابا تاهیری هەمەدانییەوە یان لەمەلای جزیرییەوە دەستپیدەکا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو ئاراستەیەیە کە گەشەی تێداکردووەو بۆتە ناسنامەی، ئەویش ئەو شیعرەیە کەبەشێوەزای کرمانجی ناوەڕاست نووسراوە. ئەم ئاراستەیە وانەبێ کارێکی ناتەندروست بێ بە پێچەوانەوە ئەدەبی هەموو میللەتان هەر ئەوها گەشەیان کردووە، کێماسی وخاڵی لاواز ئەوەیە کە پەردەی داداوە بەسەر شێوەزارەکانی تر ولێیان دوور کەوتۆتەوە. ئەم حاڵەتە خوێنەری دابڕیوە لەیەک وکاری نێگەتیڤی کردۆتە سەرنووسەران خۆیان وئەدەبەکەش، بەهەموو بارێکدا وای بۆدەچم کە پاشماوەی سیستمی خێڵەکی ئیمارەتەکان بێ بۆمان مابێتەوە .

*
تازەگەریی یەک مێژووی هەیە، هەر میللەتەو بە شێوەیەک وەریگرتووە و نەخشی خۆی پێداوە. کورد نە ئاوەزی ڕەخنەگرانەی هەبووە، نە بۆرجوازیشی شۆڕشی هەڵگیرساندووە، نە ( کانت ) و ( رۆپسپیر )ی هەبووە ( بە وتەی ئۆکتاڤیۆ پاز کە لە بارەی تازەگەری ئیسپانیاوە نووسیوویەتی ) و نەناوەندی بازاڕێکی بەهێزێشی هەبووە. سەرەڕای ئەمانە، هەژموونی بزووتنەوەی چەکداری درێژخایەن و فشاری داگیرکەرانی هەمەجی، بەیەکەوە شیعری تازەیان هاڕیوە.
مەرج نییە هەوێنی تازەگەریی لەناوخۆوە بێ، ئەوە ئەزموونی ئەدەبی میللەتان، کێ لە ناوەخۆوە هێناویەتی؟ بۆدلێر خۆیشی دەڵێ تازەگەریم لە ئەدگار ئالان پۆی ئەمەریکایی وەرگرتووە، ئیلییەت لە شاعیرانی سیمبولیزمی فەرەنسایی وەرگرتووە، گۆران لە شیعری نوێی تورک. مەرج ئەوەیە کەسێک هەبێ توانای وەرگرتنی هەبێ، یان بەمانایەکی تر ئامادەیی هەبێ لەسەر ئاستی شاعیردا وەک مەنشوری تیشک وەرگر.
ئەزموون ئیسفەنجە و تەڕایی هەڵدەمژێ، عەیب نە لە ئیسفەنجە و نە لەتەڕایی.
*
لە بۆدلێرەوە تا جیسواف میوۆش خوێندنەوەی ئەزموونی هەریەکێک لەمانە گەواهی بۆ ئەو ڕاستییە دەدەن کە ئەزموونەکان فرەو هەمەڕەنگن ولەکرۆکدا یەکن، پوختەکەی ئەوەیە کەشیعر لە وشە دروست دەکرێ و وشەش جوانی بەرهەمدێنێ، جفرەی جوانیش مرۆیە. شیعر ئەگەر ئەو جوانییە مرۆییەی تێدا نەبێ وەکو گوڵێک وایە زوو بپوکێتەوە.
ساڵانێکی زۆر قەسیدەم دەنووسی، پێم وابوو ئەوها دەتوانم دنیای پانوبەرینی موعانات کۆ وەکەم، ئێستا شتێکی تردەگوزەرێ لە دنیادا، شیعریش گۆڕاوە، چڕی و پوختی هەردەم خاسییەتی شیعربووە ، هەنووکە کورتیشی هاتۆتە پاڵ.
شاعیر وەستای دانا نەبێ بە وەسپی ئەزراپاوەند فریای ئەو هەموو مەکرە ناکەوێ، شیعر چییە ئەگەر تەکنیکی پەنادانی بیرۆکەی شیعریی نەبێ؟! شیعری تازە ئۆرکسترایەکە بە ئامێرێک دەژەنرێ!
خێرا بیژەنە بە دڵ، وەکی ئەوەی هەموو دنیا کەوتبێ بەسەر تارەکانتەوە. خێرا بیژەنە!
بە ئێسقان، بۆ ئەوەی لەگەڵ نەغمەی هەر پارچەیەک شوێنێکی لەش برینداربێ، بەو زامەوە بڕۆ بانگی باڵندەکان بکە بۆ سەفەری دوور، بڕۆ بانگی جوانییەکان بکە بۆ مەستی بێ سنوور، بڕۆ شووشەی پیاڵەکان بە نەشئەی بادەی وشە بڕەنگێنە، بڕۆ باخچەی ناو تاریکی ڕووناک بکەوە، بڕۆ مەوەستە.
” کەمینەی زۆروزەوەند ” خوان ڕامون خیمینیز.
” کەمینەی بەختەوەر ” ستاندال.
ڕیتم و ئاوازی دنیا هەمیشە کەمینە گۆڕیویەتی.
*
ئەم نووسینە ناچێتە خانەی ئیعترافەوە، تانە گرتنە، لە کێ؟ خوێنەر؟ لەو کەسەی خۆی دەدۆزێتەوە کاتێک لە ئاوێنەی ئەم دێڕانەدا تارمایی خۆی دەبینێ.
دەمێکە شیعر فریای نەسلی ئەو قەومە کەوتووە کە لە خوار زاگرۆسەوە ژیان بەسەر دەبا، ئەو نەبا نە زمانمان دەما نە ناویش، واتا شیعر هەر تەنیا تەعبیر نەبووە لە ناخ بەڵکو شوورەی پاراستنی نەتەوەش بووە، کەسیش جێگەی شاعیر ناگرێتەوە. کەچی هەندێک هەرزە هێشتا خەونی ئەفلاتوونی دەبینن بۆ دەرکردنی شاعیر لەم مەملەکەتە خۆڵەپۆتە.
دەرکەوتنی مەسیح چەندە گرنگ بوو بۆ مرۆڤایەتی، ئەزموونی شیعریی بۆدلێر ئەوەندە گرنگ بوو بۆ تازەگەری.
بۆدلێر جوانییەکی شازی لەبێزاریی وئازار وتاریکی وبەدکاریەوە هێنا کایەوە، ” گوڵی خراپە” دۆزینەوەی جوانی لە خراپەدا، سەرسوڕهێنترین گوڵی ناو فەرهەنگی شیعرە،گوڵێک شەڕانگێزی دروست بکا. شاعیری قەدیسیش گونجاوترین وەسفە بۆ ئەم شاعیرە.
لەشیعری سیمبولیزمی فەرەنسایی فێری زمانی تاراپۆشی بووم، شیعرێک لەیەکەم سەرنجەوە خۆی نەدا بە دەستەوە، سیحر و جوانی شراوەی هەر بمێنێ.
*
تازەگەریی پێویستییەکی شیعریی بوو، لەڕووی ناوەرۆک و تەکنیک و زمانی دەربڕینەوە. هەوێنی تازەگەریی لە شیعری کوردی ئەزموونی شاعیرانی تورک بوو لەیەکەم قۆناغدا و ئەزموونی شاعیرانی عەرەب بوو لە دووەم قۆناغدا ، ئەزموونی سیمبولیزمی فەرەنساییش بوو لە قۆناغی سێیەمدا، تا ئاستی لاسایی کردنەوە ! ئەگەرچی ماوەیەکی زۆریش کاریگەر بووم بە ئیلییەت و تیۆرە شیعرییەکەی و هەندێکجار لاسایی ئەزموونی نووسینی ئەویشم کردووەتەوە. ئیلییەت خۆیشی تێگەیشتنی تازەگەریی لە کەلەپووری ئینگلیزەوە وەرنەگرت بەڵکو لە بۆدلێر و لافۆرگ و کۆربێری وەرگرت.
ئەوەی تایبەتە بە قۆناغی سێیەم ئەو لەیەکنەگەیشتنەیە کە لەنێوان شیعر و خوێنەردا دروست بوو، کە تا ئەمڕۆش بۆتە بەشێک لە کێشەی جیدی نێوەندی ئەدەبیمان. مۆدێرنیزم هاتۆتە ناو بواری ژیانمانەوە، بەڵام لێکنەگەیشتن لەگەڵ شیعری مۆدێرنیزمی کوردی هێشتا لە قۆناغی نێگەتیڤ دایە، واتا بەدحاڵیبوون هەیە. هۆیەکەی بۆ هەڵوێستی خراپی ئەکادیمیا( زانستگا )و نەبوونی ڕەخنەی جیدی دەگەڕێتەوە لەلایەک و بۆ بەرزەفڕی مەیلەو تەجریدی ئەزموونەکە خۆشی دەگەڕێتەوە . ئێستا کە تەماشای ئەو کاتانەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەکەم، کە سەرەتای ئەو سەرهەڵدانە تازەی شیعر بوو، هەست بەو جیاوازە زۆرە دەکەم کە لەنێوان خەونی بەرزی شاعیرانی ئەم تەوژمەو ئاستی نزمی خوێنەرو ناوەندی ئەدەبی کوردیدا هەبووە، سەرەڕای ئیرهابی دەسەڵاتی دەوڵەت کەبە ئاشکرا ئەم تەوژمەی بە تێکدەر وترسناک وەسف دەکرد.
*
من نەهاتووم شوێنەوارەکان لە شیعری خۆمدا بپارێزم، هەوڵمداوە ئەو شتگەلەی هەمە بیانکەم بە شوێنەوار تا ناسنامەی خۆمیان پێ ئاشکرا بکەم. هەموو نووسەرێک ڕۆژانێکی پێویستە تا سنووری ناسین ببەزێنێ و ببێ بەهێما بۆسەردەمێک کە نەک تێیدا ژیاوە، بەڵکو چالاکی خۆی تێیدا پەرە پێداوە بۆ گەیشتن بە لوتکە. ئەوانەی لە ڕێگای بەرەو لوتکەدا دەمرن، ئەوانەن کە تەواوی ژیانیان بۆ ئەفراندن تەرخانە. گەیشتن بە لوتکە ئامانج نییە هێندەی تەرخانکردنی ژیانە بۆ ئامانجێکی قووڵتر و لەزەت بەخشینێکی بێ سنوورە لە خوڵقاندنی جیهانێکی سفتی ئینسانی لێوانلێو لە خۆشەویستی. بە کورتی نووسین سەفەری هات ونەهات نییە، هێندەی سەفەری چنینەوەو کەڵەکەکردنی داهاتووە، ئەوەی نەشمتوانیوە بینووسم دەبێ بە ورووژێنەری خەیاڵی خوێنەر. داوا دەکەم خوێنەرم لێم زوێر نەبن کە نەمتوانیوە هەموو هەستەکانم بنووسمەوە، ئەوە قەدەری مرۆیە لە ئەزەلەوە کە نەتوانێ ببێ بە کەسێکی کامل، کێماسییەک هەر دەمێنێ بۆ ئەوەی خوێنەر لەوێوە دەست پێ بکا بۆ پەرەپێدانی ئەزموونێکی تر.
ئەوەشم بە ئەنقەست و بەرنامەو پلان نەکردووە، تواناو هێزی نووسینم هەر هێندە بووە، ئەگینا کێ لە داهێناندا هەمان خەونی گلگامیشیی نەبووە ! کەلێن وکەلەبەریش بەشێکە لەئەزموونی نووسین . خۆشبەحاڵی ئەوانەی کەمترین کەلەبەر لە ساختومانی ئەزموونیاندا هەیە. چ بکەم زمان و ئەزموونم هەر هێندە فریای من کەوتووە؟! کەلێنی هەر دەقێک مەرج نییە لەسەرەتاوە بۆ خوێنەر دەربکەوێ، دوای چەندین خوێندنەوە، یان هەڵکشانی ئەزموون وکەڵەکەبوونی ڕۆشنبیریی ئەوجا ئەو توانایە دێتە ئاراوە. بەڵام ئەو دۆزینەوەیە مەرجە بۆ خوێنەری داهێنەر.
*
گێڕانەوە مەرج نییە زیان لە شیعر بدا، بەڵام مەرجە شیعرییەت لە پلەی ئەفراندن نەهێنێتە خوارەوە. هەندێک خوێنەر لە ڕێی کاریگەریان بە شیعری فارسییەوە ڕەخنە لە ئەزموونی گێڕانەوەی شیعری کوردی دەگرن، گۆیە کاری شیعر چەخماخەدانە نەک گێڕانەوە، هیچ گومانی تێدا نییە چەخماخەدان ڕوحی شیعرییەتە. بەڵام شیعری تازەی دنیا کار لەسەر بیرۆکەی شیعری دەکا، بیرۆکەی شیعریش شێوەی گێڕانەوە وەردەگرێ. سەرەڕای ئەوەی بەشی زۆری بەرهەمی شیعری دنیا لەکۆنەوە لەڕێی گێرانەوەبوو، ئەوە کۆمیدیای دانتی و بەهەشتی ونبووی ملتۆن و لە پێش ئەوانیش ئەلیازەو ئۆدیسە.. تاد. ئەگەرچی هەر سەردەمەو شێوە دەربڕینی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ڕابردوو ئەوە نییە کە لەیاد بکرێ بەڵکو ئەوەیە بژی لەگەڵ خەونە تازەکانماندا.
ئەی شیعر! لەگەوارای خۆت بێبەشم مەکە. بێ تۆ هیچم نییە .
تۆ زمانی منی، تۆ تەڕایی ژیانی منی.
ئەی خوێنەر! تۆش خیانەتم لێ مەکە، خۆشەویستی یەک لایەنە بەسە .
*
شیعر بە قیاسی خۆم دەنووسم ، شیعر منی وا گرواندووە، بەڵام خوێنەرێکی زیرەک لە بنی ناخمدا ئامادەیە .
تاریکی بۆتە بەشێک لەئەزموونم، زانستی ڕوح بۆتە ئەکادیمیام، بەکورتی ژیانم بەو بەرهەمانە دەکێشرێ کە دەینووسم. لە ئوستوورەی گلگامیشدا گیای نەمری هەیە لە ژیانی مندا شیعر.” پڵنگیک لەناومانەوە بازبدا بۆ ناو ڕووناکی” بە تەعبیری گیسواف میوۆش ئەوهایە شیعرنووسین. شیعر ئومێدی ژیانە ئەگەر لە ئەوپەڕی نائومێدیشدا بنووسرێ.
ئەوانەی شیعر دەخوێننەوە کەمینەن، بەڵام هەمووان پێویستیان بە ئومێدە. زۆرینە شیعر
ناناسێ، بیناسێ دەستبەرداری نابێ. زیندوو شیعر دەخوێنێتەوە، بەڵام شاعیرەکان دوای مردنیش هەمیشە دەخوێندرێنەوە. مەرگی شیعر مەحاڵە! مەزەندە دەکەم مردووش پێویستی پێیەتی بۆ شەوی ئەبەدی، شاعیرەکان ئەو ڕاستییە دەزانن.
بەینی مەرگ و ژیان هێندە زۆر نییە، لە زۆر ساتدا بەیەکەوە دەژین، بۆیە لە خەیاڵی شیعریدا وەکو یەک شت دەبینرێن. شاعیر جوانی دەدۆزێتەوە، جوانیش لە هەموو شوێن و شتێکدا هەیە، شێوەی دەربڕین ئاشنامان دەکا پێی وەک ئەوەی تازە بیبینین، ئەگینا بابەتە ئینسانییەکان لە ئەزەلەوە هەن. بەشێکی ئەزموونی شیعرییم ئەو پەیوەندییەی پاراستووە و ئەوانەی مردوون تەنیا بەجەستە دوورن لێمانەوە، ئەگینا لە گەڵماندا دەژین. هەر ئەوەش وای کردووە لە زۆر دەقمدا ئەوان ئامادەبن، نۆستالجیا نییە زیاتر زیندوویەتی ئەوانە لە ژیانی مندا ( نالی، دانتی، مەولەوی، خەیام، بۆدلێر، واڵت ویتمان ….).
من ژیان بەو مەودا فراوانییەوە دەبینم کە مەحاڵە لە شوێنێک و لە کەسێکدا تەواو بێ. بازنەیەکی بەردەوام لە خولانەوەدایە چەشنی سروشت، زستان دواتر بەهار… پایز، بێ بڕانەوە، ئەوە گەڵاکانن دەوەرن!
ترسی مردن نیو بە قەت ترسی ژیان نییە. ئێمە ئەگەر مردووەکان بدۆڕێنین، مەحاڵە ژیان فریامان بکەوێ بەو کەمەی بەرمان دەکەوێ. گرنگ ئەوەیە تا چەند مەودا فراوان دەکەین، ژیانمان بەو مەودافراوانکردنە دەپێورێ.
چۆن من ئەوان دەخوێنمەوە ئەوها ئەوان من دەخوێننەوە تا ئەبەدی ئابدین.
بۆ پێشەکی ئەم کۆمەڵە شیعرەم، پێویست دەکا پاتەی بکەمەوە، هێشتا سوورم لەسەر ئەوەی شیعر موڵکی سەردەمێک و جۆرە ژیانێک و کۆمەڵێک نییە موڵکی هەموو بەشەرە،
لەوەش هەورازتر موڵکی گەردوونە، ئەوەنییە خواکانیش بە زمانی شیعر لەگەڵ پێغەمبەرەکان لەبارەی گەردوونەوە دواون!
ماوەتەوە بڵێم،کەئەم کۆمەڵە شیعرەم بەرهەمی دوو ساڵی نووسینمە هەر لە ناوەڕاستی ٢٠٠٣ تا ناوەڕاستی ٢٠١٥ ، جگە لە شیعری ماکۆکین کەزووتر نووسیومە بەڵام نازانم بۆ نەمخستۆتە ناو هیچ کتێبێکمەوە . هەندێک لەشیعرەکان پێشتر بڵاوبوونەتەوە لەڕۆژنامەو گۆوارەکاندا ، ئەمەی لێرەدایە دوا داڕشتنیانە.
هەڵبژاردنی ناونیشانیش بۆ من هەردەم مایەی دڵەڕاوكێیە، من تەواو قەناعەتم بەو بیرکردنەوەیەی ئیمبرتۆ ئیکۆ هەیە کە دەڵی، ناونیشان دەبێ بیروبۆچوونەکان تێک بدا نەک بیانکا بە قاڵبی کانزایی. سەرەتا وتم، کێوی بێدەنگان، دواتر گۆڕیم و کردم بە ماکۆکین، کە ناوی ئەو دەقە شیعرییەیە کە لەناو کۆمەڵەکەدایە و ساڵی ٢٠١١ نووسیومە. ماکۆک چیایەکە بەسەر بێتواتەوە. بەڵام دواجار لەسەر ئەم ناوەی ئێستا گیرسامەوە ، دەشێ هێماو تەشقی کۆی شیعرەکان نیشان نەدا، چونکە تەشقی شیعری تریفەخانەکان بۆ نموونە جیاوازە، بەڵام جەنگ گەیشتۆتە زۆر شوێنی دووری زمان وخەون و ژیانمان، ، دۆخێکی بەردەوامە لەهەڕەشە وخەریکە مێژووی بەشەر هەمووی لەبنوبۆتکەوە بسڕێتەوە.

Previous
Next
Kurdish