Skip to Content

هەمیشە لە سێبەردا … هۆمەر نۆریاوی

هەمیشە لە سێبەردا … هۆمەر نۆریاوی

Closed
by ئاب 8, 2019 General, Literature


نێوەڕاستی هەفتاکانی هەتاوی(نەوەدەکانی زایینی)بوو کە یەکەمین بەرهەمی شیعریی “فەرید زامدار”م بەردەست کەوت. ئەم بەرهەمە شیعرییە،هیچ ناونیشانێکی لەسەر نەبوو هەر بۆیە بە دەفتەرە شیعری “بێ ناونیشان”ناوی دەرکرد و ساڵی 1990 بڵاو بووەوە. ئەو سەردەمە نازانم هۆکار چبوو ئەوەندە سەوداسەری خوێندنەوەی شیعری نوێ بووم. شتێک لە دەروونەوە بەردەوام هانی دەدام پتر بە نێو ئەو دنیا خەیاڵاوییەدا ڕۆ بچم. ڕەنگبێت وشە و چەمک و دەستەواژە نوێباوەکانی لای فەرید زامدار کە لە ناخێکی پاکژەوە هەڵدەقوڵان،یەک لە هۆکارەکانی ئەم پرسە بووبێت.
هەر لە نێو ئەو بەرهەمە شیعرییەدا،فەرید زامدار خاوەنی جیهانێکی شیعریی تایبەت بە خۆ بوو. کەمتر لە دووی لاساییکردنەوە بوو و هەردەم بیری لە داهێنان و نوێگەری دەکردەوە. دیارە نغرۆبوونی ئەم شاعیرە لە نێو دنیای ڕەنگدا ئەوەندەی دی لەسەر قووڵبوونەوەی لە نێو شیعردا دەوری بینیوە. ئەرچی شیعری فەرید زامدار،هەر لە هەمان سەرەتای نووسینەوە،مۆرکی خۆی پێوە دەبێت و کاتێک ڕوو لە نووسین دەکات،تیف تیفەی ڕۆح دەدات. بۆیە بۆ خۆی دەنووسێت:”نووسین،شێوەیەکە لە شێوەکانی کڕنۆش بردن بۆ وەحی ڕووح،تا حاڵەتی ڕووحیانەی شیعر پێنەگا و دروست نەبێ،شاعیری ڕەسەنیش دروست نابێ”.

هەر ئەم خاڵە جەوهەرییە کە فەرید زامدار ئاماژەی پێ دەدات واتە”کڕنۆش بردن بۆ وەحی ڕووح”لە شیعری ئێستادا کەمتر دەور دەبینێت هەر بۆیە مەودایەک کەوتووەتە نێوان شیعر و بەردەنگ و هەتا دێت خوێنەری شیعر کەم دەبێتەوە. هەڵبەت شیعری هەنووکە بەدەست گەلێک ئارێشەوە دەناڵێنێت کە دیارە ئەم پرسە پێویستی بە خەسارناسیی هەیە و لێکۆڵینەوەی تایبەتی گەرەکە. لەم ئاشووفتە بازاڕەی شیعردا پڕ ڕوونە کە خراپ دەکارگرتنی تەکنۆلۆژیایش دەور دەگێڕێت.شیعری ئێستا سەنگە ئەدەبییەکەی دابەزیوە و ئەمەیش لای کەس[توێژەر و ڕەخنەگری ئەدەبییەوە]حاشا و نکۆڵی لێوە ناکرێت.

فەرید زامدار هەروەها دەڵێ:”ئەو کاتانەی کە دەنووسم،بیر ناکەمەوە بەڵام ئەو کاتانەی کە نانووسم بیر دەکەمەوە”. خوێنەر و تۆرەوانی ئێستا پێویستە بۆ بەهێزکردنی ڕۆحە ئەدەبییەکەی،پشت بە ئەزموونی ڕابردووی شیعری کوردی ببەستێت و تەنێ دووی ئەزموونە تاکەکەسییەکەی خۆی نەکەوێت.

فەرید زامدار ،بەر لەوەی نووسەر و شاعیرێکی وردبین بێت،خوێنەرێکی وشیار و وریایە و هەرگیز لە خۆ نامۆ نابێت؛بۆیە خۆی دەڵێت:”لە بێئاگاییم بە هەموو زمانە جیا جیاکانی جیهان بیر دەکەمەوە بەڵام دەربڕینم کوردییە”.
پێنووس لای ئەم نووسەر و شاعیرە کوردە ئەوەندە خودان سەنگە کە دەنووسێت:”قەڵەم نیشتمانە،لە هەر شوێنێکی زەمیندا قەڵەمێک بشکێ،منیش دەشکێم،قەڵەمێک زیندانی بکرێ،منیش لەوێم،قەڵەمێک ڕاو بندرێ،منیش ڕاو دەنرێم،قەڵەمێک ئازار بدرێ،ژانەکەی دەگاتە ڕووحی منیش،قەڵەمێک داگیر بکرێ،منیش داگیر دەکرێم،لە هەر کوێیەک قەڵەمێکی خێرخواز بانگم بکا ،دەچمە ئەوێ،….. هەموو قەڵەمە خێرخوازەکانی دنیا بە نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆم دەزانم و هەموو نووسینە هونەریی و دا‌هێنانە ئەدەبییەکانی جیهانیش بە هی خۆم دەبینم..،لە هەر کوێیەک قەڵەمێک ئازاد ببێ،منیش ئازاد دەبم”.

فەرید زامدار بە شاعیرێکی داهێنەری نێو ڕووبەری شیعری هاوچەرخی کوردی دادەنرێت کە بە زمانێکی جوایەز دەنووسێت و شیعر دەدوێنێت. ئەوەتانێ بۆ خۆی دەڵێ:”ئەوەندەی باوەڕم بە سەلیقەی زمان و سەلیقەی ڕووحیانەی وشە و سەلیقەی مۆسیقایی خۆڕسکی شیعری هەیە… ئەوەندە باوەڕم بە ڕێزمان و زانستی زمان نییە”.

ڕوانگە و بۆچوونەکانی ئەم کەسایەتییە ئەدەبییە لەسەر شێعر و شاعیر بۆ ئێستایش هەر نوێ دەنوێنن؛تەمەنی ئەم پەیڤانەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 30 ساڵ پێش نها کەچی بۆ هەنووکەیش هەر تازەن. بۆ خۆی دەڵێ:”شاعیری بەهرەمەند،زمانناس و جوانناس و بەهرەناس و هونەرناسێکی خۆڕسکە،شاعیر، زمان دەنووسێ نەک زمانەکە شاعیرەکە بنووسێ،مەبەستیشم لەوە شێواندنی زمان نییە،بەڵکوو تێکشکاندنێکی بابەتیانەی زمانەکەیە بۆ دروستکردنی زمانێکی ئەدەبیی سەربەخۆ و….”
یەکێکی دی لە تایبەتمەندییەکانی شیعری فەرید زامدار ئەوەیە کە شێوە و فۆرم بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت. ئەم شاعیرە ئەرچی گرنگییەکی تایبەت بە پەیڤ و شێوازی دەکارهێنانی وشە دەدات و هەرگیز وەک شێوەی باو،وشە دەکار ناهێنێت لێ،بە تەنیا ئاوازی نێو شیعری لا مەبەست نییە و بیرکردنەوە لە کردەی وشەیشی لا زۆر گرینگە. بۆ خۆی دەڵێ:”بە تەنیا بیر لە مۆسیقای وشە ناکەمەوە بەڵکوو بیر لە کرداری وشەکەش دەکەمەوە”.

خاڵێکی دی کە شیعری فەرید زامدار لە شاعیرانی دی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە جوگرافیای شیعری ئەم هۆزانە خۆی بە دەڤەرێکی دیار و تایبەتەوە نابەستێتەوە و وەک چلۆن ئازادانە تێدەفکرێت،بۆ شیعریش هەمان ڕوانگەی هەیە. هەر سەبارەت بەم پرسە دەڵێ:”نەمامی شیعر لە ناوچەیەک دەچێندرێ و لە ناوچەیەکی دی شین دەبێ و لە ناوچەیەکی دیکەش دەدووروێتەوە”.
بە پێچەوانەی ژمارەیەک شاعیر کە هەمیشە چەند پلەیەک خۆ لە خەڵکانی دی بە بانتر دادەنێن،فەرید زامدار تەنێ شاعیر بە جوایەزتر دەزانێت و قەت تووشی لەخۆباییبوون نابێت. بۆ خۆی لەم بارەوە دەڵێ:”شاعیر لە خەڵکی ئاسایی گەورەتر و مەزنتر نییە بەڵکوو جیاوازترە”.

فەرید زامدار هەر دوابەدوای شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس،عەبدوڵڵا پەشێو،لەتیف هەڵمەت،ڕەفیق سابیر و … دووی ڕەوتی نوێکردنەوەی ئەدەب خاسما شیعری کوردی دەکەوێت و لەم بوارەیشدا گەلێک بەرهەمی ڕەنگاڵەیی بە ڕووبەری شیعری کوردی دەبەخشێت. عوسمان شەیدا،سەعدوڵڵا پەرۆش،کەریم دەشتی،موحسین ئاوارە،ئەنوەر قادرمحەممەد،فەرهاد شاکەلی،ئیسماعیل محەممەد،جەلال مەلەکشا و گەلێک شاعیری دی،لە هاوڕێ و شاعیرە هاوچاخەکانی ئەم شاعیرە نوێخوازە دێنە ئەژمار کە دواتر ئەم ڕەوتی تازەبوونەوەیەی نێو شیعری کوردی لە ڕێی کەسانی وەک دلاوەر قەرەداغی،ئیسماعیل خورماڵی،هیوا قادر،بەختیار عەلی،مەهاباد قەرەداغی،مارف ئاغایی،قاسم موئەییدزادە(هەڵۆ)،یوونس ڕەزایی،کەژاڵ ئەحمەد و هتدەوە بەردەوام دەبێت.
بۆ وتن دەشێت کە “فەرید بەکرئەییووب” ناسراو بە “فەرید زامدار”ساڵی 1952(1331ی هەتاوی)لە هەولێر لەدایک بووە و سەرەنجامیش ئەم شاعیر،پێشمەرگە،ڕۆژنامەوان و شێوەکارە ناسراوەی کورد،ڕۆژی 21ی جۆلای 2019 (30ی پووشپەڕی 2719)لە تەمەنی 67 ساڵیدا ئاخی کوردستان بۆ هەمیشە دەبێتە دوا مەکۆی و تێیدا ستار دەگرێت.
فەرید زامدار بە نێو سێبەردا هاتە نێو مەیدانی هەراوی شیعر و هەر لە نێو نسێی شیعریشدا ئۆقرەی گرت. سەرەتا و هەتا هەنووکەیش من،فەرید زامدار زێتر لە ڕێی شیعرەوە دەناسم ئەرچی شێوەکار،ڕاگەیانکار و ڕۆژنامەوانێکی دیاری نێو کوردیش بوو.


بەرهەمە شیعرییەکانی فەرید زامدار بریتین لە:
برووسکەی هەوری مەبەستێک،شیعر،چاپی یەکەم،چاپخانەی شیمال،کەرکووک،1973
ژوانی سێبەر،شیعر،چاپی یەکەم،چاپخانەی جمهوور،موسڵ،1970
ماکرۆکۆسم(گەورەترین جیهان)،شیعر،چاپی یەکەم،1996
میکرۆکۆسم(بچووکترین جیهان)،چاپی یەکەم،1996
ستێکس،وەزارەتی ڕۆشنبیری،چاپی یەکەم،چاپخانەی قەڵا،سلێمانی،1997
Toho،لە شەوی یەک دەققەییدا،چاپی یەکەم،سلێمانی،1999
مردنی ئەندازەیی پەنجە شێتەکانی شەیتان،چاپی یەکەم،سلێمانی،2001
ئەنیمامۆندی،چاپی یەکەم،سلێمانی،2006
شەڕی وشەکان و نیو نوقتە لە ژێر نیودا،بڵاوکراوەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری،چاپی یەکەم،سلێمانی،2007
مردنی بازنەیی،لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی فیکری و ئەدەبی نما،چاپی یەکەم،چاپخانەی شەهاب،هەولێر،2012
بارانی چل شەوە،بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ڕێ و نووسەری ڕێ، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ناوچەیەک لە ژوورە دزراوەکە، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ئیمزایەکی بزر بە قەڵەمی شاعیرێک، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
دوایین ئێوارەخوان، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
ئۆکتافیا،پێکە خوداییەکانی لاتەریکی، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
گەردوون لە پیلانێکی شیعریدا، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
دەریاچەی ئاگر، بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد،چاپی یەکەم،چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر،2013
(….)
بەر لەوەی ئێوە بمکوژن
من دەمێکە خۆم کوشتووە
بەر لەوەی ئێوە بمنێژن
من دەمێکە خۆم ناشتووە
بەر لەوە ڕوانینم بدزن
من دەمێکە چاوەکانم داخستووە
بەر لەوەی ئێوە پێم بڵێن
سەردەمێکە
من خۆم بە خۆمم وتووە
بەر لەوەی ئێوە پارچەم کەن
زەمانێکە
من خۆم بە خۆمم کردووە
سەرچاوەیەکی زۆر شێلوم
دەمێکە هەوکی خنکان و داڕژانی خۆم گرتووە
لەسەر پشتی هەڵەکانم
خۆتان هەڵوەشێنن و،بڕۆن
سەفەری من
مردن ڕێگای نەگرتووە
لە ناو جەستەی خۆم دەڕۆم و
تەماشای ڕۆیینی پیادە و
تەرمی نەمردووی خۆم دەکەم
لەگەڵ پێکەنینی مردن
خۆم لە ناو خۆم
چاوەڕێی ژیانی خۆم دەکەم…..


(………..)
لە باتی خوێن… ڕۆحم دەمژی
ئەی نەهەنگی…
عیشقی کوژراو
ئەگەر ستەم سندم بکرێ
هەموو چاوێک
بەهرەی جوانی بەردەکەوێ
حەز بە ئازاری کەس ناکەم
بە ناڕەوا
من ئازادیم لە کەس ناوێ…!


ژێدەر:
• دیوانە شیعری “بێ ناونیشان”ی فەرید زامدار،چاپی یەکەم،ساڵی 1990
• ڕووپەڕی شاعیر لە فەیسبووک
• ژمارەیەک ماڵپەڕی کوردی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish