Skip to Content

چاوپێکەوتن لەگەڵ عەدنان کەریم یەکێک لەڕابەرانی پێشووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی کوردستانی عێراق

چاوپێکەوتن لەگەڵ عەدنان کەریم یەکێک لەڕابەرانی پێشووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی کوردستانی عێراق

Closed
by تشرینی دووه‌م 26, 2016 dengekan, General, Marxism, Opinion


– کۆمۆنیزم؛ ئایدیۆلۆجی و دۆگما یا بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی؟
– هۆکارە فیکریی و سیاسییەکانی بنبەست و پاشەکشەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا.

عەدنان کەریم(یا ئەحمەد موعین) پێشتر یەکێک بوو لە ڕابەرانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا. عدنان یەکێکە لە کادیرە ناسراوەکانی قۆناغە سەرەتاییەکانی بزوتنەوەی چەپ لە کوردستاندا. وێڕای تەمەنی گەنجیی ئەو لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا، یەکێک بوو لە کادیرە چالاکەکانی رێکخراوە چەپەکانی ئەوکات بوو. سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەکەی لە یەکێتیی و کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە نزیک بوون و دوو برایشی لە ریزەکانی( ی.ن.ک) دا گیانیان لەدەست داوە کەچیی چەندین جار لەلایەن قیادەی باڵای کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە، هەوڵی لەناوبردنی دراوە و و ساڵانێکی زۆر سەرباری ئەوەی لەلایەن ڕژێمی فاشیی بەعسەوە وەکوو زیندانیەکی سیاسی دووبارە لەدەستگرتنی دەزگاکاکن ڕژیم هەڵهاتووە بەڵام لەهەمان کاتدا تووشی ڕاونان و گرتن بۆتەوە لەلایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە بەهۆی چالاکیی سیاسی و هەڵسووڕانیەوە، تا کار گەیشت بەوەی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ( دێهاتەکانی کوردستان)ەوە بگەڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی بەعس و بە مەخفیی( خۆحەشاردان) بۆ ماوەی ١٠ ساڵ درێژە بە ژیانی سیاسیی بدات و لە تێرۆری یەکێتیی دوور بکەوێتەوە.

لە ئایدیۆلۆژیای ئاڵمانییدا هاتووە” ژیان، بەهۆی ئاگاییەوە، رەنگڕێژ ناکرێ، بەڵکو ئاگایی بەهۆی ژیانەوە، رەنگڕێژ دەکرێ…” ئەم بۆچوونە، وێڕای لایەنە ئەدەبیی، ئێثێتیکیی و بگرە کۆمەڵایەتییەکەیشی، زۆر واقیعییەتی سیاسیی، فەرهەنگیی و کولتووریی تێدایە، بەڵام چادرێکی گەورەی ئایدیۆلۆژییشی بەسەرەوەیە.
ئایدیۆلۆژیا لە دیدی مارکسیزمەوە، ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی و دیدگای چینە دەسەڵاتدارەکانی کۆمەڵگە یە. لێرەشەوە، چینی چەوساوە و چەوسێنەر، مەغز و ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژییانەی مارکسیزم لەسەر تەواوی کێشەکانی جیهان، بەیان دەکرێت. عەدنان کەریم، وەکو کەسێک کە تەجاوزی عوقدە ئایدیۆلۆژیی و عوقدە سیاسییەکانی ئەو دونیا ئایدیۆلۆژییە ئەبستراکتەی سیاسەتی کردووە، بە بەرچاوڕۆشنییشەوە، رەخنە لەو جوغزە ئایدیۆلۆژییە فەندەمێنتالیستییانە دەگرێ کە هێشتا پێیانوایە، کێشە سیاسیی و ئابوورییەکانی جیهان، بە چرای ئایدیۆلۆژیی چینایەتیی، چارەسەر دەبن.
لە هەموو مێژووی کۆن و نوێی چەپدا بگەڕێیت، لەناو حیزبی شیوعیی عێراقییەوە بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاریی و بۆ چەپەکانی ئەم سەردەمە، زۆر بە دەگمەن کادیرێک، رابەرێکیان دەبینیت کە وازی لە ئایدیۆلۆژیای ئەو حیزب و گرووپانە هێنابێت و بە جورئەتەوە رەخنە لەو دیدە دۆگماییەی سیاسەت بگرێ. زۆربەی ئەوانەی لە دۆخی رەخنەکردنی فیکرییدا بوون، وردە وردە سەری خۆیان کز کرد و لە پەناوە دانیشتن، تا مەرگیش بردنیەوە، بچووکترین رەخنەی جدیی و ریشەییان لە رابردووی فیکریی و سیاسیی خۆیان نەبوو. عەدنان کەریم، بە نووسین، بە کردار و بە ئاشکرا، بۆچوونەکانی خۆی بەیان دەکات کە بۆچی دەسبەرداری کۆمۆنیزم بووە و بۆچی ئەم ئایدیۆلۆژیایەی وەکو پرەنسیپێکی سیاسیی، چیتر قبوڵ نییە. وێڕای ئەو وازهێنانەیشی لە فیکر و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم، ئەو هێشتا خۆی بە چالاکوانێکی سیاسی دەزانێت کە لایەنگری داوکارییە رەواکانی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و نەیاری سەرمایەدارییە وەکو سیستەمێکی سیاسیی و ئابووریی زاڵ بەسەر دونیاوە.

بۆ روونکردنەوە وراڤەکردنی بۆچوون و تێڕوانینی عەدنان کەریم لەسەر کۆمۆنیزم، مارکسیزم و بزوتنەوەی چەپ لە کوردستان، ئەم پرسیارانەم ئاراستەی کرد و وەڵامی داینەوە.

——————–
لێرەدا بە خوێنەرانی بەڕێز ڕادەگەیەنین هەرکەسێک پرسیاری هەیە لە چوار چێوەی ئەم باسەدا، دەتوانێت لە ڕێی دەنگەکانەوە ئاراستەی کاک عەدنانی بکەین بۆ وەڵامدانەوە، دیارە کاک عەدنان لە کۆتاییدا ئازادە لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە یان وەڵامنەدانەوەی. دوا ڕۆژی وەرگرتنی پرسیارەکان کۆتایی مانگی یازدەیە. ( دەنگەکان)

—————————————————-

دەنگەکان :
یەکێک لەو سکۆلارە رەخنەگرانەی کە ئایدیۆلۆژیا دەداتە بەر رەخنە و لە دونیای هاوچەرخدایە و لەژیاندا ماوە، مایکڵ فریدن ( Freeden)ە. ئەو پێیوایە کە رەخنەی هاوچەرخ لە ئایدیۆلۆژیا دەبێ لەو ترادیسیۆنە باوە کە ستاتۆکەی سیستەمەکانی باوەڕگەریی(belief systems )ە، بهێنرێتە دەرەوە. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە سێمانتیکی( مەعناناسیی= semantic ) مودێرن، بۆ چەمکی ئایدیۆلۆژیا، رێک وەکو زمانە. بە واتایەکی تر، چۆن زمان گەشە دەکات، ئایدیۆلۆژیاش گەشە دەکات؟
ئایا پێتوایە هەژموونی ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم لە داکشان و هەڵسانەوەکانیدا، لە کوردستان و ناوچەکەدا، بە پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ، شکاوەتەوە؟

عدنان کریم :
ئایدۆلۆجیا خۆی بریتییە لە سیستمێکی شەتەکدراو لە بیروبۆچوون سەبارەت بە دیاردەکانی سروشت و کۆمەڵگە واتە هەموو گەردوون. تایبەتمەندی ئایدیۆلۆجیا لەوێدا بەرجەستە دەبێتەوە کە بۆ سەلماندنی راستیی بیروبۆچونەکانی سیستەمەکەی پێویستی بە ئیستیدلالی زانستی نیە یا بەمانایەکی تر ئەوە بە پێویست نازانێت کە بەئیستیعارەی بەڵگە لە بوارێکی تری زانست ، ڕاستیی چەمکەکان و میتۆدی بیروباوەڕەکەی بقبووڵێنێت یا خود بسەلمێنێت. ئەوە تەنها خەسڵەتی مارکسیزم نیە وەکو ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیزم بەڵکو سیمای هاوبەشی گشت ڕەوتە ئایدیۆلۆجیەکانە. مارکسیزم گەر تایبەتمەندیەکی هەبێت لەوبوارەدا ئەوەیە کە ئەو پەتایەی گەیاندە چڵەپۆپە و بەتایبەتی لەسەردەمی لینین بەدواوە سواری سەری مارکسیزم دەبێت و ئیتر لەگیانی دەخات.

گەورەترین وەهم ئەوەیە کە ئایدیۆلۆجیا بە بونێکی سەربەخۆ بزانین وئەوە لە سایەی لیبرالترین سیستمی سیاسیشدا هەر وەهمە. جگە لەوەش هەر لەوکاتەدا کە ڕەوتە ئایدیۆلۆجیەکان ئەبن بە پیگە بۆ بەهێزبونی ڕەوتە سیاسییەکان بەلام هەر ڕەوتیکی ئایدیۆلۆجیش بەپێی نزیکایەتی و تەبایی لەگەل سیستمە سیاسیەکاندا بواری لەبارتری بۆ گەشە و هەڵدان بۆ دەڕەخسێنرێ یا بە پێچەوانەوە. لەسایەی ڕژیمە دیموکراتی و پەرلەمانیەکاندا بواری زیاتر بۆ فکری لیبرالی دەڕەخسێنرێ و تەنگەبەری زیاتر بۆ فکری سۆسیالیستی پێکدێت و بەپێچەوانەشەوە لە ڕژیمە سۆسیالیستەکاندا جگە لە مارکسیزم هەمو ڕەوتە ئایدیۆلۆجیەکانی تر نەک تەنها تەنگەبەر بەڵکو قەدەغە ئەکرێن و تەنها مارکسیزم وەکوو ئایدیۆلۆجیی ڕەسمی ئەناسرێت.

پوختەی قسەکەم ئەوەیە کە ئەوە خۆشباوەڕیی توان دووە چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە بۆ ناسینی ماهیەتی دیاردەکان ( سیاسی ، فکری، ئابووری ، کۆمەڵایەتی ، کەلتووری و .. تاد ) ڕەوتە ئایدیۆلۆجیەکان بەشێوازێکی سەربەخۆ یارمەتیمان بدەن. بۆنمونە لیبرالیزم کە ئێستاشی پیوەبێت یەکێکە لە بەهێزترین و بەنفووزترین ڕەوتە فکریەکانی دنیا ، نەک سیستمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی زاڵی سەرمایەداریی وەکوو خۆی پیناسە نەکرد بەڵکو ڕۆڵی کاریگەری بینی لە شاردنەوەی تایبەتمەندیەکان و جەوهەری ئەو سیستمە و ڕازاندنەوەی لەژێر ناوی ئازادی و یەکسانیی حقوقیدا. مارکسیزمیش لەبەرانبەردا ڕیک هەمان ڕۆڵی گێڕا و بگرە زۆر زیاتریش لە لیبرالیزم واوەتر چو لە شاردنەوەی ماهیەتی سۆسیالیزم وەکوو سیستمێک کە نە هەژاری لەناوبرد و نەیەکسانیی بەرهەم هێنا و نەئازادیشی کرد بەدیاریی بۆ پرۆلیتاریا ( کە ئەوانە تێزی ماهەویی مارکسیزم بوون ) و بەپێچەوانەی هەموو ئیدیعا ئایدیۆلۆجیەکانیەوە تۆتالیتاریانیزمی کرد بە سیستمی زاڵ بەسەر نزیکەی نیوەی جیهان و دانیشتوانی گۆی زەوەی. لێرەدا چێی خۆیەتی ئەو ڕاستیە نەشارینەوە کە تەجروبەی تاڵی سۆسیالیزم بەهەمو مۆدیلەکانیەوە، زۆرترین خزمەتی بە سەرمایەداری کرد و تۆماری ڕەشی ئەو مۆدێلە جیاوازانەی سۆسیالیزم و شکستی سەرتاسەریی هەر هەمویان ، بو بە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەشەریەت بەناچاری هەموو ناعەدالەتیەکانی سەرمایەداری بۆ دەورانێکی دریژ قبووڵ بکات چونکە ئەلتەرناتیڤێک کە لە جێی ئەو دامەزرا بەشێکی زۆری ماف و دەسکەوتەکانی ئینسانی لەسایەی هەمان سەرمایەداریدا کردە سەرەڕمی هێرشی خۆی و دانیشتوانی وڵاتانی سۆسیالیستی ناچارکرابوون کە نەک تەنیا خەو ببینن بەو ژیانەوە کە کرێکاران لە ئەمریکا و ئەورووپای سەرمایەداری لێی بەهرەمەندن بەڵکو ژیانی خۆیان بخەنە بەر مەترسیی زۆر گەورە و بە شەپۆل بەسەر کۆسپەکانی وەکوو دیواری بەرلیندا بپەڕینەوە بۆ دنیای بەناو ” سەرفرازی و خۆشگوزەران ” .ئەوە باشترین خزمەت بوو کە سۆسیالیزم بە سەرمایەداریی کرد و بۆ قۆناغێکی نادیار صەکی شەرعیەت ومانەوەی بەخشی بەو نیزامە.

گەر ئایدیۆلۆجیا بەوەندەش ڕازی بوایە کە تەنها وێنەی شتەکان و دیاردەکان بکێشێت بەڵام ئەو مافەی بۆئێمە جێ بهێشتایە کە بەخۆمان حوکم بدەین و ئەنجامگیری عە‌مەڵیی خۆمان بکەین ، شتێکی تر بو بەڵام کاتێک کە ئایدیۆلۆجیا سەرەتا وێنەیەکی لێڵ وگومانکراوی شتەکان ئەکێشێت و حوکمی خۆشی لەسەریان دەرکردوە، ئیتر تەنها بوارێک بۆ ئێمە بمێنێتەوە ئەوەیە کە ئەو حوکمانە وەکو تێزی پیرۆزی زانستی قەبوڵ بکەین. ئەرکی ئیستیدلال لای مارکسیزم ( بۆ نمونە ) ، کە ئەو پەتا ئایدیۆلۆجیە دەگەیەنێتە چڵەپۆپە ، ئەوە نیە کە ڕاستیی حوکمەکە شەون وکەو وبکات وبیگۆڕێت بە بابەتی گفتوکۆ بەڵکوو ئیستیدلال لە مەنهەجی مارکسیەتدا ئەرکەکەی سەڵماندن یا پێسەڵماندن یا قبولاندنی ئەحکامە جێگیرەکانی خۆیەتی. لەم حەلقەیەوە سنوورێک لە نێوان وەهم و زانستدا نامێنێتەوە و ئیتر فەرەزیاتی زیهنی جێی مەعریفە و مەنهەجی زانستی دەگرێتەوە.

ئایدیۆلۆجیا تەنها کۆکراوەی کۆمەڵێک میتۆد و ئامراز و ڕێسای بێلایەن نیە بەڵکوو لای هەمو ڕەوتێکی فکری لە پشتی هەمو ڕواڵەتەکانیەوە هەوڵێک هەیە بۆ پاڵپێوەنانی ڕەوتی ڕوداوەکان و دیاردەکان بە ئاراستەیەکی سیاسی و کۆمەلایەتیی دیاریکراودا کە خزمەت بە هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسیی زۆر دیاریکراو ئەکەن.

لای کۆمۆنیستەکان ئەوە بڕاوەتەوە کە مارکسیزم ، وەکو تیۆریی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، تاکە سەرچاوەی حەقیقەت و مەعریفە و زانستە، سەرەتا و کۆتایی عەقڵە و بەوپێیە تەنها کلیل و کۆدی ناسینی هەموو دیاردەکانی سروشت و کۆمەڵگای بەشەری لای کۆمۆنیستەکان هەیە. لای ئەوان ئەوە ڕەواترین کارە کە ڕەخنە لە هەر تێز و ئایدیا و باوەڕێک بگیرێت وەیا چەسپی نازانستی بوون بدرێت لە تەوێڵی گشت بیروباوەڕە نامارکسیەکان و هەمو بیروباوەڕ و تیۆریە سیاسی و ئایدیۆلۆجیەکانی تر بکرێن بە مەیدانی ڕمبازێن و ڕەخنەی قوڵی مارکسی و بگرە هەموو شتێک بکرێت بە مەشروعێک بۆ ڕەخنەلێگرتن تەنها مارکسیزم و کۆمۆنیزم نەبێت.

مارکسیزم چونکە زیهنی ترین ڕەوتی ئایدیۆلۆجیە پێیوایە کە مێژو شتێک نیە جگە لە دوبارەبونەوەیەکی میکانیکیی سواوی خەڕەکی خەباتی چینایەتی. ئەمە نەک بەرهەمی ئیشتیقاقێکی زانستی نیە بەڵکو بەرهەمی تێڕامانێکی زیهنیی سەرسەرەکیە بۆ مێژوی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای مرۆیی چونکە ڕەوتی ڕوداوەکانی مێژوو زۆر لەوە ئاڵۆزتر ، جیاوازتر ، پڕپێچ و دەورتر ، قوڵتر و چەند سەرە و چەند جەمسەرترن.
لێرەدا، بەوهۆیەوە کە ئەوە کرۆکی بابەتی گفتوگۆکەمانە ، گەر مارکسیزم بە نمونە بهێنینەوە ، وردتر ئەو تایبەتمەندیانە دەرئەکەون.

مارکسیزم ڕەوتێکی ئۆثۆریتێریان ( سلطوي ) یە. ناکرێ ئەم تیۆریە بەو شێوازە بناسینەوە کە لایەنگرەکانی پێناسەی ئەکەن بۆی. گەر وا بکەین و هەر ڕێبازێکی فکری بەپێی پێناسی خاوەنەکانی یا لایەنگرەکانی بناسینەوە تووشی هەڵدێر دەبین و ئەوکات ئەبێ بڕوامان وابێت کە ئاینەکان بۆ” هیدایەتی ” مرۆڤ و نیشاندانی ڕێگەی ڕاست هاتون و ئیسلام ئاینی خۆشەویستی و ئاشتی و ئارامشە وئامانجی بەرزی لیبرالیزم بریتیە لە ڕیزکردنی هەمو مرۆڤەکان وەکو بونەوەری یەکسان و …. تاد ، چونکە ئەوانیش بەو تایبەتمەندیانەوە پێناسەی خۆیان کردوە.

لەگەڵ ئەوانەشدا، ئایا قۆناغی هەیمەنە و ڕەواجی ئایدیۆلۆجیا بەسەرچوە؟ من پێموایە سەرباری پاشەکشەی سەرسوڕهێنەری مارکسیەت لەچاو سەدەی بیستدا بەڵام خودی ئەو ڕەوتە فکریە بچووکترین چاوپیاخشاندنەوەی بەسەردا نەهاتوە و سەرباری ئەو گورزە کاریگەرانەی خواردویەتی سەرسەختانە ، گەرچی لە مەوقیعیەتێکی پەراویزخراوەوە، درێژە بە پێداگری لەسەر ئەرکان و بنەما زیهنیەکانی ئەدات.
بەڵام ئەوە وەهمە کە واتێبگەین کە ئەوە تەنها ئەحزابی سیاسیی عەقیدەتیی چەپی و کۆمۆنیستیە کە پارێزەری سەرسەختی ئەو دنیابینیە تەسکە ئایدیۆلۆجیەیەن ، بەڵکو ، بەتایبەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ، ئایدیۆلۆجیا بە تایبەتمەندیە ڕاستڕەویەکەیەوە ، هەیمەنەیەکی فراوانتری هەیە بەتایبەتی بەسەر بوارەکانی ئەکادیمی و میدیادا .

ڕۆژگاری ئەمڕۆ ، بەپێچەوانەی زۆربەی پێشبینیەکانەوە ، بەتایبەتی پێشبینیی ڕەوتە لیبرالەکانی ڕۆژئاواوە، سەردەمی پووکانەوە و پێچرانەوەی مەلەفی ئایدیۆلۆجیا نیە، بەڵکو ڕەوتە ئایدیۆلۆجیەکان گەرچی بە تین و تاوێکی کەمترەوە لەچاوجاران، درێژە بەتەمەنی خۆیان ئەدەن و لە قاڵب و فۆرمی نوێ و لە بەرانبەر تەحەدیاتەکانی ئەم سەردەمەدا دێنە مەیدان و مەوجی تازەی بزووتنەوەی ڕاسیزم و ناسیونالیزم و کۆنسیرڤاتیڤی ڕۆژئاوایی و ئیسلامی سیاسی تەنها چەند نمونەیەکن.
ئەوەندەی بگەڕێتەوە سەر کوردستان و ناوچەکە نابێ لە بواری باسکردنی ئایدیۆلۆجیای مارکسیزمدا ٢ شت لەیاد بکەین :
یەکەم : ئەوە نوسخە و ڤێرژینە ئەسڵی و دەستی یەکەمەکەی ئایدیۆلۆجیای مارکسیزم نیە کە لە سیەکان و چلەکانی سەدەی بیستەوە بەرەبەرە بڵاوئەبێتەوە بەڵکوو ئەوە ئایدیۆلۆجیای مارکسیزمە بەڕیوایەت و تەفسیری ستالینییەوە ، وەکو مەرجەعی سەرەکیی مارکسیزم و کۆمۆنیزم لەو قۆناغەدا.
دوەم: بڵاوبونەوەی هەر ئایدیۆلۆجیایەک لە هەر شوێن و کاتێکدا زەمینە و پێویستیی تایبەتی خۆی هەیە. دەستبردن بۆ مارکسیزم و کۆمۆنیزم ( شیوعیەت ) لەو قۆناغە سەرەتاییانە لە عێراق ( ١٩٢٠ – ١٩٣٠ ) و لە کوردستاندا ١٩٣٠ – ١٩٤٠ لەسەر بناغەی پێویستیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دیاریکراو بو کە بریتی بو لە دابینکردنی پێویستیەکانی ڕوکردنە مۆدرنیتە و پەیوەست بون بە ڕەوتی کۆمەڵگای جیهانیی ئەوکاتەوە کە شتێک نەبوو جگە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریی جیهانی.

بەڵام بەوهۆیەوە کە عێراق بە کوردستانیشەوە لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا بو بۆیە بەتەبیعەت ئەو پرۆسەیە مۆدێلی دژی کۆلۆنیالیستی و قاڵبێکی چەپیی بەخۆوە گرت. لەو سەردەمەی عێراقدا ڕزگاربون لە کۆتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی و ئەنجامدانی پرۆسەی سەربەخۆیی سیاسی بۆ عێراق، ڕیگەی پەیوەست بون بوو بەڕەوتی مۆدیرنیزمەوە لە سایەی مۆدێلی بزوتنەوەی ڕزگاریی نیشتیمانیدا کە تیۆریزانە مارکسیەکانی ئەوکاتەی سۆڤیەت سەبارەت بە چارەنوسی وڵاتانی ژیردەستی کۆلۆنیالیزم دایانڕشتبوو. هەڵبەتە ئەوە تەنها مۆدێل نەبو بەڵکو لەپەنای ئەوەدا مۆدێلێکی تر هەبوو کە چینی ناوەنجیی تازە سەرهەڵداوی ئەو جۆرە ولاتانە پەیڕەویان لێئەکرد کە پێی وابو کە هەمان پرۆسەی مۆدیرنیزم لەپەنای وڵاتانی ڕۆژئاوا و هێزە کۆلۆنیالیستەکاندا باشتر و بێدەردیسەرتر دێتە دی وەکو نموونەی ئوردن یا ئێرانی ئەوکاتە. لەڕستیشدا ئیستە پاس ٨٠ ساڵ دەرکەوت کە ئەرکی مۆدیرنەکردنی ئابوریی وڵات و پیادەکردنی مۆدێلێکی داینامیک لە ڕوانگەی دوەمەوە دابین ئەبێت و بەپێچەوانەوە ئەوانەی مۆدێلی بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانیان پەیڕەوکرد سەرەنجام تووشی داڕووخان و بنبەستی گەورەبون. نمونەکانی ئیمارات، کوەیت ، قەتەر، بەحرەین ، مەغریب لەلایەک کە پرۆسەی گەشەی ئابووری وپەیوەست بون بە ئابووری گڵۆباڵیزەکراوی سەدەی بیستویەکیان دابینکرد و تیایدا جێگیر بون و جۆرێک لە ئیستیقراری سیاسی تیایاندا جێگیربووە ، لەبەرانبەریشدا نمونەکانی لیبیا و میسر سوریا و عیراق و یەمەنی خوارو هەن کە جگە لە داڕووخانی هەیکەلیی ئابوریان بوونە بە مەڵبەندی نائارامی سیاسی و تیرۆر و ئەزمەی قوڵی کۆمەڵایەتی.

من وتم مارکسیزم لەسەر بناغەی زەمینە و پێویستیە تایبەتەکانی خۆی سەرهەڵئەدات واتە پێویستیەک وادەکات کە لەدرێژەی پرۆسەیەکی سیاسیدا بۆ بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ژیانی سیاسیدا چینە نوێکان بەتایبەتی ئەوانەی کە هەست ئەکەن کە بەئەندازەی پێگەی کۆمەڵایەتیی نوێیان بەهرەمەند نین لە پێگەی سیاسیی شیاو لەگەڵ ئەو ئەو پێگە کۆمەڵایتیادا ،و لێرەوە مارکسیزم بە فیعلی ئەو ڕۆڵە ئەبینێت. لێرەشدا بە پێچەوانەی ئیدیعائاتی شیوعی و کۆمۆنیستەکانەوە ، ئەو توێژە نەک کرێکاران بەڵکوو چینی ناونجیی شار و ڕۆشنبیرانی هاوتیرازی ئەوانن و وەکو هەمیشەش مەرام و تەماحە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی خۆیان لەژێر بەرگی بەرژەوەندی چینی کرێکاران و جوتیاراندا ئەخەنەڕو نەک بێن و ڕاستەوخۆ بەناوی چینایەتیی خۆیانەوە ئەو پەیامە ڕابگەیەنن.

لەکوردستاندا ئەم پرۆسەیە ، بەهۆی خاویی دینامیزمی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای ئەوکاتە و ڕکوودی ئابووری و فکریەوە ١٠ ساڵێک پاش باقی عێراق ئەکەوێت. بۆیە ئەو قۆناغەی چرۆکردنی مارکسیزم ، بەتایبەتیش بەهۆی لاوازیی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کوردەوە و هەروەها پێگەی لاواز و نەخەمڵیوی چینی ناوەنجیی کۆمەڵ ، هیچ تایبەتمەندی و ڕەنگوبۆیەکی تایبەتیی کوردستانیی پێوەنیە بەڵکو درێژکراوەی ڕاستەوخۆی پرۆسەی سەرهەڵدانی مارکسیزمە لەبەشی عەرەبیی عێراقدا ، بەهەمان تایبەتمەندی و لەسەر بناغەی هەمان پێویستی و بەهەمان میتۆد و لەقاڵبی هەمان ئەو تێزە سیاسیانەدا ( سەربەخۆیی عێراق ، گەشەپێدانی ئابوریەکەی ، ئازادیی خەڵکەکەی لە کۆتی وابەستەیی بە بەریتانیاوە، هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامە ناڕەواکان کە بەریتانیا سەپاندونی بەسەر عێراقدا ، ئەندامەتیی عێراق لە ئەنجومەنی گەلان و… تاد ) ، لە کوردستانیش مارکسیزم بە ١٠ ساڵ تاخیرەوە سەرهەڵئەدات.

لێرەدا پێویستە جەخت لەسەر خاڵێکی مانادار بکەمەوە. بڵاوبونەوەی ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیستی هەر لەسەرەتاوە و تا ئێستاش تەنها و تەنها وەکو ئامرازێکی ڕاستەوخۆی خەباتی سیاسی وەیا وەکو عەقیدەیەک و بەدیاریکراویش وەکو ئامرازی بەرجەستەکردنەوەی تموحاتەکانی چینی ناوەنجیی تازە سەرهەڵداوی کۆمەڵ دەرکەوتوە نەک وەکو ڕەوتێکی فکری و کەلتووری کە بوارەکانی فەرهەنگ و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و نوسین بگرێتەوە یا گەر لەوبوارانەشدا هەر بروزاتێکی مارکسیزم ببینرێت ئەوە هەر بە پەیوەند بە چالاکیی حیزبی و سیاسەتەوەیە کە پریشکەکانی لەوبوارانەشدا و بۆ خزمەت بە ئامانجە سیاسی و حیزبیەکە دەرکەوتون.

هەیمەنەی جیهانیی فکری مارکسی و داینامیکیەتی ئەو ئایدیۆلۆجیایە و تەداعی بونەوەی بە ڕزگاربونی گەلانی ستەملێکراوی ڕووسیا و ڕۆژهەڵات بەگشتی و خەسڵەتی نوێی ئەو بیروباوەڕە بەتایبەتی لەڕۆژهەڵاتدا و لە مەحەکنەدانی تا ئەوکاتەی و لەئارادانەبونی نمونەی شکستخواردویی ئەو ئایدیۆلۆجیە خاڵی بەهێزبون و خزمەتیان بەگەشەسەندنی ئەکرد. لەولاشەوە پوچ دەرچونی بانگەوازەگانی دەوڵەتە کۆلۆنیالیەکانی ڕۆژئاواو بەتایبەتی بەریتانیا و پرەنسیپەکانی ویلسون و بەڵێنەکانیان سەبارەت بەئازادیی گەلانی ژێردەستە لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم و ڕوخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی کە ببو بە مۆتەکەیەک بەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە، لەگەڵ چەندین هۆکاری تردا کە بواری ڕیزکردنیان نیە ، وایان کرد کە ئەو تموحاتە سیاسیانەی چینی ناوەنجی لەپەنای ئیمپراتۆریی تازە سەرهەڵداوی سۆڤیەتی و لەقاڵبی چەپی و سۆسیالیستیدا بەرجەستە بکرێن . ئیتر تایتڵی گەورەی چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی و مەقوولاتی هاوشانی ئەوان لەو بەستەرە سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا و لەو ململانێ واقیعی و ڕاستیەدا سەرهەڵئەدەن و مانا پەیدا ئەکەن نەک خەباتی چینی کرێکار لە دژی سەرمایە و بورجوازی ، کە وجوودێکی دەرەکیان نەبوو ، یا لەچاو بزوتنەوەی یەکەمدا بەبەراورد نەدەهات. بەڵام هەروەکو لەپێشەوە وتم ئیتر ئایدیۆلۆجیا و بەتایبەتیش لەپرۆسەی تەمەنی خۆیدا و لە ئەڵقەکانی دواتردا ئەوانە ئەکات بە بەدیهیاتی فکری. لیرە بەدواوە ماتریالە ڕاستەقینەکە لەگەڵ وێنەکەیدا جێگۆڕکێیان پێئەکریت و بابەتە ئەسڵیەکە وەکو ڕەنگدانەوەی وێنەکە نیشان ئەدریت و بەتێپەڕینی ڕۆژگار ئیتر ئەوە ئەبێت بە ڕیوایەتی ڕاست. هیچ شتێک ناتوانێت شتەکان ئاوا سەرەوقنگ نیشان بدات جگە لە سیحری ئایدیۆلۆجیا.

بەوپێیە ئایدیۆلۆجیای مارکسیزم لە عێراق و کوردستانەکەیدا هەر لەسەرەتاوە ڕەنگ و بۆیەکی تەواو حیزبی و سیاسیی هەبوە و کەمتر وەکو میتۆدێک خراوەتەگەڕ بۆ ناسینی کۆمەڵگا و چینەکان و ڕەوتە فکریەکانی تر و مێژوی ئەو وڵاتە و پێکهاتە ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکەی. ئێمە لێرەدا ڕوبەڕوین نەک لەگەڵ ئایدیۆلۆجیا بەمانا مەعریفیە پان وپۆڕەکەی ( بەبەراورد لەگەڵ ئەو دەسکەوتە فکری و مەعریفیانەی کە مارکسیزم لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بەدەستیان دیێنێت لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی وهونەر و ئەدەب … تاد ) بەڵکو لەگەڵ ئایدیۆلۆجیا بەمانا لەقاڵبدراو و بەرجەستەکراوەکەی لەچوارچێوەیەکی شەتەکدراوی تەسکی سیاسی و گروهی و حیزبیدا.


دەنگەکان:
لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا و لە کۆپلەیەکدا ئاواتان نووسیوە، (مارکسیزم چونکە زیهنی ترین ڕەوتی ئایدیۆلۆجیە پێیوایە کە مێژوو شتێک نیە جگە لە دووبارەبوونەوەیەکی میکانیکیی سواوی خەڕەکی خەباتی چینایەتی.)
ئایا پێتان وایە مارکسیزم وەکو تیۆر (زهنگەراییە) یاخود، لایەنگرانی ئەو میتۆدە فکرییە ئاوا لەگەڵیدا کار دەکەن؟ ئەی ئەگەر پێت وانییە مێژوو لە ژێر هەژموونی خەباتی کارو سەرمایەدا دەچێتە پێشەوە، ئەی چیترە؟

عدنان کریم:

مانیفێستی کۆمۆنیست ، کە بە حەق ناونراوە ئینجیلی کۆمۆنیزم ، یەکەمین پەرەگرافی گوزارشت لەو مانا مەفهوومیەی Conceptual ) ) مارکسیزم ئەکات بۆ خەباتی چینایەتی و ئەڵێت : مێژووی تا ئێستای مرۆڤایەتی ( جگە لە قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتایی ) ، شتێک نیە جگە لە مێژووی خەباتی چینایەتی.
لێوەهەڵسانی قسەکانی من لەسەر مارکسیزم واتە خودی ئەو تیۆریەیە کە مارکس و ئەنجلز بناغەکانیان داڕشت و دواتر لینین لەسەرەتای سەدەی بیستەوە تەکمیلی کرد. تیۆریی خەباتی چینایەتی لای مارکس ( بەتایبەتی لە ساڵانی چلەکان و پەنجاکانی سەدەی نۆزدەدا ) زیاتر ڕەهەندێکی سۆسیۆلۆجیی هەبو بەلام لای لینین ڕەهەندێکی تەواو ئایدیۆلۆجی و سیاسی بەسەریدا زاڵ ئەبێت.
پێداگریی جەوهەریی مارکسیزم لەسەر ئەوەیە کە مێژووی بەشەریەت شتێک نەبوە جگە لە مێژوی خەباتی چینە ژێردەستەکان لە دژی چینە دەسەڵاتدارەکان کە دواترینیان بریتیە لە ململانێی بێ ئەمانی چینی کرێکار لەدژی سەرمایەداری و چینی بورجوازی و هەموو چینەکانی تری کۆمەڵ کە کەم تا زۆر سودمەندن لە نیزامی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری. تیۆریی مارکسیزم پێ لەسەر ئەوە دائەگرێت کە سەرمایەداری خۆی گۆڕ هەڵکەنی خۆی واتە چینی کرێکار دروست و پەروەردە ئەکات . بەوپییەش ناکۆکیە حەتمیەکانی ئەو نیزامە تا دێت قوڵتر ئەبنەوە و سەرەنجام چینی کرێکار و پێشڕەوانی ئەو چینە واتە کۆمۆنیستەکان لە دڵی ئەزمە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم نیزامە و لەسەرپایەی ناڕەزایەتیی گشتی و سەرتاپاگیری چینی کرێکار و هەمو توێژە ژێردەستەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری پاراوتر و موجەڕەب تر ئەبن.

ئەم تەفسیرە دواتر ئەگاتە جێ مەبەستی ڕاستەقینەی خۆی و پێداگری لەسەر ئەوە ئەکات کە کۆمۆنیستەکان بەدامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیست ڕیزی سەربەخۆی بزووتنەوەی سۆسیالیستی بەدی دێنن و چینی کرێکار ساز و ئامادە ئەکەن تا لە ڕێگەی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی خۆیەوە سەرمایەداری لە گۆڕنێت و لەجێی ئەو دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا وەکو یەکەمین پێویستی و هەنگاو بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگای سۆسیالیستی بسەپێنێت و تا لەوێوە مڵکدارێتیی گشتیی ئابووری بەرقەرار بکات و هەنگاوی یەکجاری بنێت ڕوەو نەمانی چینەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگای بێ چین و بێ دەوڵەتی کۆمۆنیزم. لێرە بەدواوە چیدی شتێک نامێنێت بەناوی چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە و ئازادی بەمانا ڕەهاکەی لەسایەی کۆمۆنیزمدا ئەگات بە چڵەپۆپەی خۆی و خۆشگوزەرانی هەموو سوچێکی کۆمەڵ ئەگرێتەوە.
بەڵام مارکسیزم بەلەحنێکی نیمچە دینی هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە ئەکات و بەبیرمان دێنێتەوە کە مەرجی یەکەمی سەرجەم ئەو پرۆژە گەورەیە پەیڕەوەی کردن لە سۆسیالیزمی زانستی ( واتە مارکسیزم ) ودامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستە.
ئەو وێنەیەی سەرەوە دەسکردی من نیە، بەڵکوو ئەوە جەوهەری مارکسیزمی ئەرتەدۆکسە کە جێی هاوڕایی تەواوە لەناو باڵە جیاوازەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا لە کۆنەوە تا ئێستا.
تیۆریی مارکسی سەبارەت بە خەباتی چینایەتی لێوانلێوە لە وەهم. ئەم تیۆریە تایبەتمەندیەکی هلامیی هەیە . زۆر سەییالە و هیچ نادات بەدەستەوە. دەتوانرێت بۆ زۆر مەبەستی ناکۆک و جیاواز بخرێتەگەڕ.

مەقولەی خەباتی چینایەتی و فۆرمۆلەی خەباتی کرێکاران لە دژی سەرمایەداری مەقولەیەکی زانستیی سەربەخۆ و بێلایەن و بێمەرام نیە لەچاو زۆرێک لە مەقولات و تێرمی تری بواری سۆسیۆلۆژی. ئەم تێزە بۆ مەبەستی سیاسیی زۆر ڕۆشن داتاشراوە و لەململانێ لۆکاڵی و جیهانیەکانی یەک سەدە و نیوی ڕابوردودا چەکی دەستی بزوتنەوەیەکی سیاسی دیاریکراو بوە بە ئامانجی تایبەتی خۆیەوە کە ناوەکەی لێکەیتەوە ، لەناوەڕۆکدا، چینی کرێکار قازانجێکی لێ نەبینیوە.
کریکارانی وڵاتانی سۆسیالیستی و بەتایبەتی لەسەردەمی لینین و ستالیندا ، ژێردەستەترین بەشی کۆمەڵگای ئەو وڵاتە و گشت سیستمە سۆسیالیستیەکان بون. بارودۆخی کرێکاران لە کۆریای باکور و باشوور یان لە ئەلمانیای ڕۆژهەڵاتی جارانی سۆسیالیست و ئەڵمانیای سەرمایەداری لە ڕۆژئاوادا بەراورد ناکرێن. لەکۆریای باشوردا چینی کرێکاری بەهرەمەندە لە مافی مانگرتن ، ڕێکخراوبون، پێکهێنانی ڕێکخراوی سیاسی و پیشەیی، مافی مانگرتن و خۆپیشاندان، و لە باکورەکەیدا هیچیەک لەو مافانەی نیە گەرچی سیستمەکە نازناوی ئەو چینەی پێوەیە و بەناوی ئەوەوە زیندانێکی گەورە دروستکراوە. لە ساڵی ١٩٦٢ بەدواوە حکومەتی ئەڵمانیای سۆسیالیستی ( شەرقی ) دیواری بەرلین دروست ئەکات بۆ ڕێگرتن لە هەڵاتنی کرێکاران و خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ ” دۆزەخی ” ئەڵمانیای فیدرالی سەرمایەداری ئەوکات!!!!. گەیشتن بەئاستی گوزەرانی کریکارانی ئەمریکا و ئەو مافانەی لێیان بەهرەمەندبون، هەر لە سەردەمی لینینەوە، خەونێکی دێرینی کرێکارانی سۆڤیەتی جاران بو.

بەکورتیەکەی ، چینی کریکار کە بابەتی ئەسڵیی کۆمۆنیزمە هیچ خێروبێرێکی ئەو هەمو ڕیتۆریکە لەفزیەی مارکسیزمی بەرناکەوێ سەبارەت بە ئازادی و یەکسانی و دەسەڵاتدارەتیی کرێکاران و ….تاد و بەپێچەوانەوە کۆمۆنیزم خزمەتێکی گەورە ئەکات بەسەرمایەداری لەڕێ بنیاتنانی سیستمێکی تۆتالیتارەوە کە چینێکی نوێی حیزبی – ئایدیۆلۆجی تیا فەرمانڕەوان. سیستمێکی تاک حیزبی و تاک ڕەهەندی لەهەموو بوارەکانی ژیاندا کە جگە لەوەی ئازادی لە خەڵک و لەپێشیانەوە لە کرێکاران زەوت ئەکات دژوارترین بارودۆخی ئابوریش بەسەریاندا ئەسەپێنێ و ئێستاش قات و قڕیەکان و مەرگەساتەکانی ژیان لەسایەی سیستمی سۆڤیەتیدا لەیادەوەری خەڵک و مێژوی ئەو وڵاتەدا بە زیندویی ماونەتەوە . بەوجۆرە کۆمۆنیزم گەورەترین هەڵمەتی ڕزگاریبەخشی ئینسان لەسەدەی بیستدا لە دژی سەرمایەداری ئەکات بەقوربانیی ڕیتۆریکە فکری و ئۆتۆریتانیزمە سیاسیەکەی خۆی وسەرەنجامە مەئساویەکانی بلۆکی سۆسیالیستی لە جیهاندا بۆ قۆناغێکی دورودرێژ خەونی ڕزگاری لە کۆتی چەوسانەوەی سەرمایەداری و بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی ، لە ناخی ئەواندا ئەمرێنێت.
لێرەدا ئەوە گومانی تیا نیە کە لە ئەمریکا و کۆریای باکور و ئەڵمانیای فیدرالی ئەوکات ، ئەوە سیستم و نیزامی کاپیتالیستیە کە زاڵ بوە و زاڵە و ئەو نیزامەش لەسەر بناغەی ناعەدالەتیی ئابووری ونایەکسانیی فرسەت بۆ چینەکان و چەوسانەوەی چینایەتی و دەسەڵاتدارەتیەکی سیاسی بنیاتنراوە کە پارێزگاری لەو سیستمە ئەکات ، بەڵام هێشتا چینی کرێکار ، لەچاو هەموو جۆرەکانی سۆسیالیزمی تا ئێستادا ، بەهرەمەندە لە ژیانێکی باشتر.

ڕەنگ بێ کەسانێک پەیدا بن و بڵێن کە هیچیەک لەو سیستمانەی تا ئێستا لە میژوودا بەناوی چینی کرێکار و سۆسیالیزمەوە دامەزراون ، سۆسیالیزمی ڕاستەقینە نەبوون!!! . ئەم جۆرە دەربڕینانە ئیتر لە بواری جەدەل و پلمیکی فکری دەرئەچن ومن پێموایە ئەو ڕیتۆریکە ڕۆمانسیە سیاسیانە لەهیچ شوێنێکی دنیا کڕیارێکیان نەماوە و کەس ئەو جۆرە هەڵوێستانە بەجدی وەرناگرێت. ئەو سیستمانەی بەناوی سۆسیالیزمەوە لە ڕوسیا ، چین ، ئەوروپای شەرقی، ڤێتنام ، کوبا، کەمبودیا ، لاوس و چەندین وڵاتی تری جیهانی سێیەم دامەرزران ، کتومت و هەریەکەیان بەپێی تایبەتمەندیی خۆیان پەیڕەویان لە تیوریی مارکس ولینین کردوە. لەڕوسیا لینین خۆی ئەندازیاری ئەو سیستمە بو و بنەماکانی دامەزراندنی سیستمی پڕ لە ستەم و چەوسانەوە لەلایەن خودی ئەوەوە بنیاتنرا.
بەو مانایانە مەقولەی خەباتی چینایەتی و ململانێی چینی کرێکار لە دژی سەرمایەداری شتێک نیە جگە لەڕەوتێکی فکری- سیاسی تری کۆمەڵگای مودرین و بەرهەمێکی تری مودرنێتە کە بەرپرسیارە لە بەدیهێنانی ئەو دنیا پڕ لەستەمە.
گەر سنورەکانی ئەو ئیدراکە عاتیفی و ڕۆمانسیە ببەزێنین کە تان و پۆی کۆمۆنیزم پێکدێنێت و دیاردەکان هەروەکوو خۆیان هەن نەک بەوجۆرەی کە پێویستە هەبن ، ببینین، ناواقیعی بونی ئەو تێز – جەوهەرە مارکسیە دەرک پێئەکەین.

با نمونەی مێژوی ئەوروپا بە بیر بهێنینەوە. ئایا بەڕاستی لەسەدەکانی زایین بەدواوە مێژوی ئەو ناوچەیە میژووی خەباتی چینایەتی بوە و ئەو خەباتە ڕەنگڕێژی کۆمەلگا و دیاردەکانی کردوە وسیماکانی دیاریکردوە؟ بێگومان نەء . شەڕەکانی ئیمپراتۆری ڕۆمانی ، کێشەکانی نێوان مەزهەبە جیاوازەکانی کریستیانیەت ( پرۆتیستانت و کاتۆلیک و ئەرسەدۆکس واتە کەنیسەی شەرقی ) ، ڕۆڵێ کەنیسە و قەشەکان ، شۆڕشی پیشەسازی ، ڕێنیسیانس، مەزهەبە ئابوریە پەیڕەوکراوە جیاوازەکان و ئاکامەکانی پەیڕەوکردن لەهەر یەکێکیان ، شۆڕشەکانی جوتیارانی ئەڵمانیا و پۆڵۆنیا و چیک لە دژی فیۆدالەکان ، پەلامارەکانی عوسمانیەکان بۆ سەر ئەوروپا و بەرەنگاریی ئەوروپا لەبەرانبەریاندا، سەرهەڵدانی ئیسلام و دواتر شەڕی سەلیبیەت، و دەیان کارەسات ودیاردەی ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی ، فکری ، ڕۆشنبیری ، ئەدەبی و هونەری تر ڕۆڵیان هەبوە لە سازدان و خەمڵاندن وپێشڕەوی مێژووی واقیعیدا. ئەوانەن توخمە پێکهێنەرە ڕاستەقینەکانی مێژوی کۆنی ئەوروپا تا دەگەن بە شۆڕشی پیشەسازی و قۆناغی داهێنانی ئامێری هەڵم و شۆڕشی فەرەنسا و ئیسلاحاتی دەستووریی بەریتانیا. بەو مانایە کورتکردنەوەی ئەو میژووە فرەجەمسەر، پڕگرێ و گۆل، دەوڵەمەدند ، قوول و پانوپۆڕە لەتەنیا ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتیدا کە ڕەهەندی خەباتی چینە ژێردەستەکانە لە دژی چینە دەسەڵاتدارەکان، بریتیە لە ئاوەژوکردن و ڵێڵکردنی ئەو مێژوە نەک ڕونکردنەوەی لاپەڕە تاریکەکانی.

بەڵام دیسانەوە ئەوەش جێی سەرنجێکی قووڵترە کە بکەر و پاڵەوان و پێشڕەوی ئەو ئەو ئاڵوگۆڕانە و بەتایبەتی لەوەرچەرخانە گەورەکانیدا چینی ناوەڕاست بون و ئەوان بون کە چینە ژێردەستەکانیان مۆبەلایز، هوشیار و ڕابەری کردوە بەشۆڕشی ئوکتۆبەریشەوە. ئەوە چینی ناوەڕاستە کە ئاراستەی دیاردەکان و ئاڵوگۆڕەکان دیاری ئەکات. ئەو چینەیە کە ئاسۆی سیاسی و فکریی قۆناغەکان ڕەسم ئەکات و هەر قۆناغە و لەهەر شوێنەش ناوێکی لێئەنێت و یا بە شۆڕشی گەل ، بزووتنەوەی خەڵک ، ڕاپەڕینی جەماوەر، هەستانی برسیەکان یا شۆڕشی کریکاری و سۆسیالیستی ناوزەدیان ئەکات. ناونانەکە و نازناوە هەڵبەستراوەکە زەمان و باوبونی ئایدیۆلۆجیەکان و گیرابونی بیروباوەڕە جیاوازەکان دیاریی ئەکەن. شۆڕشی فەرەنسا لەژێر چەتری ( برایەتی و یەکسانی و ئازادیدا ) بەرپائەبێت بەڵام شۆڕشی ڕووسیا لەژێر نازناوی سۆسیالیزم و ڕزگاریی چینایەتی و لەناوبردنی سیستمی سەرمایەداریدا. گەر ئەو ٢ نموونەیە لەهەموو شتێکدا جیاواز بن ، کە حەتمەن جیاوازی زۆریان هەیە ، بەڵام لەوەدا یەکسانن کە ڕابەر ، دیاریکەری ئاسۆ سیاسیەکەی ، و سودمەند و سوکان بەدەستەکەی هەمان چینی ناوەنجیی کۆمەڵە.

بەلام ئایا ئەوانە لەسایەی چ سیستمێکی چینایەتیدا ڕوئەدەن و قۆناغی تەمەنی خۆیان تێئەپەڕینن و میژو دروست ئەکەن؟ بێگومان لە جەرگەی سیستمێکی ئابوری و کۆمەڵایەتیی چینایەتیدا ( فیۆدالی و پاشان سەرمایەداری) . هەرلێرەوەش ناسکی و ئیشکالیەتی سەرەکی باسەکە سەرهەڵئەدا کە مارکسیزم تیکەڵێەکی سەیر ئەکات لە نێوان جیاوازی چینایەتی و خەباتی چینایەتی و لەئەڵقەی دواتریشدا ئیتر خەباتی چینایەتی لە دیاردەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە ئەگوێزێتەوە بۆ دنیای ئایدیۆلۆجی و تەوتەم و تابۆیەکی ئایدیۆ – سیاسیی تەمام عەیاری لێ ساز ئەکات.
مرۆڤی سەدەی بیست هەمو شێواز وباڵەکانی کۆمۆنیزم و مارکسیزمی تاقیکردەوە بەڵام هیچیان نەک ڕیشەی چەوسانەوەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەویان هەڵنەتەکاند بەڵکوو ئەو تاڵاوەی لەسایەی ئەو سیستمەدا چەشتیان لە تاڵاوی سەرمایەداری خراپتر بوو.
لێرەدا ئەبێ ئەوە دووبارە بکەمەوە کە ئاژیتاسیۆن لە دژی ستەمی کاپیتالیزم خۆی لە خۆیدا هیچ شەرعیەتێک و ڕەوابوون نادات بە کۆمۆنیزم. ئەمە بەپێچەوانەی سەرەتای سەدەی بیست واقیعیەتێکی دنیای ئەمڕۆیە و تایبەتمەندی جیهانی ئێستای ئێمەیە کە کۆمۆنیستەکانی ئەم سەردەمە دەرکی ناکەن و ئەوە نادیدە ئەگرن کە جارێکی تر زەحمەتە کۆمۆنیزم بەو ڕابوردوە تاڵەیەوە ببێتەوە بە پەرچەمی ڕزگایی چینی کرێکار یا گەلانی ژێرستەم یا پەرچەمی ناڕەزایەتیی هیچ بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگای ئینسانیی ئەمڕۆ. ئەمڕۆ هاتنەوە مەیدانی کۆمۆنیزم تەنها لەژێر ئاڵای پەردەهەڵماڵین لەستەمی سەرمایەداری و پاکنەکردنەوەی پاشەڵی کۆمۆنیزم لەو پۆخڵەوات و ” گەوڕی ئۆجیاس” ەی کە ڕابوردوی کۆمۆنیزمی پیس کردوە نەک هەر مەحاڵ بگرە وەهمێکی گەورەشە. ناکرێ ئەو پاشخانە خوێناوی و پڕ لەستەمەی کۆمۆنیزم بە هیچ پاساوێک بخرێتە ئەستۆی هیچ لایەنێکی دەرەکی و نەیار و ئەنتی کۆمۆنیست و لادەر بەڵکو جورئەتی سیاسی و فکری لەوەدایە کە ڕێک دان بەو ڕاستیەدا بنێن کە ئەوە کۆمۆنیزم و مارکسیزمە کە لێپرسراوی ڕاستەوخۆی ئەو تراجیدیانەیە کە لە سایەی سیستمی سۆسیالیستیدا خوڵقاون نەک ڕیتۆریک داتاشینی وەکو جۆرەکانی سۆسیالیزمی بورجوازی و وردە بۆرجوازی و تێزگەلی وەکو سەرمایەداری دەوڵەتی و چی و چی.

ئەمڕۆ هەڵگرانی ئاڵای خەباتی چینایەتی ، واتە کۆمۆنیستەکانی سەدەی بیستویەک لەبەردەم ئەرکێکی سیاسی و فکری و ئەخلاقیی گەورەدان و ناچارن وەڵام بدەنەوە بەدەیان پرسیار وکێشەی سەردەم یا کێشەکانی پەیوەندیدار بە مێژوی کۆمۆنیزمەوە ئەگینا پرۆسەی پەراوێزبونیان بەردەوام ئەبێت. ئایا ئەوان بڕوایان بە هەڵبژاردنی ئازاد هەیە یان نا ؟ فەلسەفەی پلۆرالیزمیان قەبووڵە؟ لەسەر دیموکراسی چی ئەڵێن ؟ چۆن ئەڕواننە مەسەلەی مافی مرۆڤ ؟ ئایا بەکارهێنانی کارتی مافی مرۆڤ لێرە و لەوێ لەلایەن غەرب و ئەمریکاوە بۆ مەرامی سیاسی ئەتوانێ ببێت بە بیانوویەک بۆ سوکایەتی و کایەکردن بەبایەخی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە؟ ئایا تەنیا کەمپەینکردن لە دژی شەڕ، هێرشی سەرمایەداری بۆسەر مافەکانی کرێکاران، تەسکردنەوەی بوارەکانی ماف و ئازادیەر گشتیەکان ، پەرەسەندنی ڕاستڕەوەی یا وتنەوەی قەوانی ” ئەزمەی سەرمایەداری ” … تاد، ئەتوانێت کۆمۆنیزم لەو گۆشەگیری و پەراویزکەوتویی و بێئایندەییە ڕزگار بکات ؟ ئایا تەنها بەوەندە ئەستۆیان پاک ئەبێتەوە بڵێن تاقیکردنەوەکانی سۆڤیەت، چین ، کوبا، ڤێتنام ، ئەوروپای شەرقی ، و …..، تاد کۆمۆنیست نەبوون و ئەوانە ناوزەد کرێن بە لادان و پیادەنەکردنی دروستی مارکسیزم ؟ ئایا دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی مارکسیزم بووە یا ” بدعە ” یەکی ستالین و ماو یا ئەنوەر خۆجە و هۆنیکەر بووە؟ تا ئێستای بەشەجۆراوجۆرەکانی کۆمۆنیزم لە جیهان و ناوچەکەی ئێمەدا ( ترۆتسکیستەکان ، چەپی نوێ ، مارکسیە ڕادیکالەکان ، لایەنگرانی ئەنتەرناسیونالیزمی چوار ، کۆمۆنیزمی کرێکاریی ئێران …تاد ) وەڵامێکی ڕون بەوانە و بەدەیان پرسیاری تری چارەنووسساز نادەنەوە کە یەخەیان گرتوون و دەیان ساڵە تەپاون بەسەریەکدا و ئوباڵی خۆیان بەوە پاک ئەکەنەوە کە ئەوڕەوتە فکری و سیاسیانەی تا ئێستا و دەولەتانی بلۆکی سۆڤیەت و سەرجەم نیزامە سۆسیالیستەکانی تا ئەمڕۆی جیهان هیچیان نوێنەرایەتیی میراتی مارکس و لینین ناکەن و تەنیا ڕێگەش گەڕانەوەیە بۆسەر تیۆری و ڕێنماییەکانی ئەوان.
گەر ١٠٠ مێژووی ١٠٠ ساڵی رابووردووی کوردستان ( عێراق ) بەهەمان پێودانگ تاوتوێ بکەین ئەگەینە ئەنجام و دەسکەوتێکی چوونیەک.

بەدوای شەڕی جیهانی یەکەمدا سەرمایەداری وەکوو فەرماسیۆنێکی ئابووری ، زیاتر لەدەرەوە و بەڕادەی یەکەم لەڕێی داگیرکردنی عێراق لەلایەن بەریتانیا و لکاندنی بازاڕی ئابوری و بازرگانیی ئەم ولاتەوە بە بازاڕی سەرمایەی جیهانی ، پاشانیش لەڕێگەی ئەو گەشە ئابوریەوە کە ڕوئەکاتە ووڵات ، چەکەرەئەکات و کوردستانیش ڕائەکێشرێتە ناو ئەو گۆڕانکاریانەی کە دینەپێش. ئەوانە سەرەتای ئاڵوگۆڕێکی ڕادیکالبوون لە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستاندا.
لە کۆتایی سیەکانی سەدەی پیشودا ناسیونالیزم و کۆمۆنیزم لەکوردستانی عێراقدا نەشونمائەکەن. ئەم قۆناغە هاوکات ئەبێت لەگەڵ هەڵچونی خێرای نازیەت و فاشیەت لە ئیتالیا و ئەڵمانیا کە ڕەنگدانەوەیان لە عێراقدا زۆر ئەبێت و وجگە لەوەی کە توێژاڵێکی سیاسی ناسینالیزمی عەرەبی لە عێراقدا ئەکەونە ژێر هەیمەنەی فاشیەتەوە بەڵام شیوعیەکانی عێراق زیرەکانە ئەکەونە گەڕ بۆ هەڵخراندنی بیروڕای گشتی کۆمەڵگای عێراق و کوردستان بە ئاراستەی پەیڕەوی لە سیاسەتی هاوپەیمانان واتە سۆڤیەت و بەریتانیا لە دژی دەوڵەتانی میحوەر واتە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و هاوپەیمانەکانیان کە لە ١٩٣٩ – ١٩٤٤ هەمو جیهان ئەبێت بە مۆڵگەی شەڕی جیهانی ئەم ٢ قوتبە.

گەشەی شیوعیەت و مارکسیزم لەم قۆناغە لەکوردستاندا ، لەسایەی نەبونی سونەتەکانی ململانێی فکری و سیاسیی دیموکراتیک و عەقلیەتی جدلی بیروباوەڕەکان ، فەزای گشتیی ئازادیی دەربڕین و گفتوگۆی ئازاد و هەڵبژاردنی ئازادانەی بیروباوەڕ و جدلی نێوان ڕەوتە فکریەکان بەتووندی ئەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و بەئاراستەی هەیمەنە وکپکردنی دەنگی جیاواز کارئەکات تا ڕادەی تەخوین و تەکفیری سیاسی وفکری و تێرمەکانی “وردەبورژوا ‘ و ” کۆنەپەرست ” و ” فاشیست ” بەکاردەهێنن بۆ ناوزەدکردنی نەیارانی سیاسی و فکریان. لەو قۆناغەدا هەردو باڵی شیوعیەت و ناسیونالیزمی کوردی ژیانی سیاسی و فەزای فکری داگیر ئەکەن و لەقاڵبی ئەدەن و بەتوندی ئەیخەنە ژێرگوشارەوە ئیتر هەر زۆر زوو جدلی ناو بزوتنەوە سیاسی و ڕەوتە فکریەکان قاڵبێکی ڕادیکال و توندوتیژ وەرئەگرێ و ڕێچکەی ئازادی بیروباوەڕ و پلمیکی ئازاد تیایدا بزر ئەبێت.

کوردستان لە سەردەمی پاشایەتیدا بارودۆخیکی چونیەکی هەبو لەگەڵ باقی عێراقدا. داخوازی و شیعاری سیاسی و ئامانجی خەڵک یەک بو. هەمو وڵاتەکە لەلایەن ڕژیمێکەوە بەڕێوە ئەبرا کە دەسنیشاندە و جێپەسەندی بەریتانیا بو و بەجەندین پەیماننامەی زیللەت ئاوەر بەسترابۆوە بە بەریتانیاوە. جگە لەوە ناسیونالیزمی کورد پایگایەکی سیاسیی بەهێزی لەناو خەڵکدا نەبو. بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەهێز لەکوردستانیشدا وەکو باقی عێراق لەئارادابو کە زیاتر بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی دیموکراتی بو. ئەم بزوتنەوەیە لەلایەن حیزبی شیوعیەوە ڕابەری ئەکرا و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو مەددە ئازادیخوازە چەپیە ئەوپەڕی هەوڵی ئەدا کە بۆیەی چەپی وپێشکەوتنخوازی بدا لە سیاسەتەکانی.

حیزبی شیوعیی عێراق لەقۆناغی ڕابەریی فەهد و سەلام عادلدا حیزبێک نەبو خۆی لەناو قاڵبە فکری و سیاسیە تەسەکەکانی مارکسیزمی کلاسیکدا قەتیس بکات. ئەوان عەقلانی تر و بەشێوازێکی سیاسیی باڵاتر ئەیانڕوانیە مەیدانەکانی خەباتی سیاسی ونەدەبون بە ئەسیری تێزی خەباتی چینایەتی و هیچی تر. بزوتنەوە واقیعیە کۆمەڵایەتیەکانی ئەوڕۆژگارەی خۆیان پیکەوە گرێئەدا بۆ دەرهێنانیان لە بزوتنەوەیەکی سەرتاسەریدا. بزوتنەوەی جوتیاران لەپێناوی زەوی ، بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک بەکرێکارانیشەوە بۆ بژیوی ڕۆژانە و خۆشگوزەرانی ، بزوتنەوەی دژ بە ڕژیمی پاشایەتی و پەیماننامە زەلیلەکانی لەگەڵ بەریتانیا، بزوتنەوەی ژنان و قوتابیان و لاوان و هەمو ناڕەزایەتی و جموجۆڵەکانی تری کۆمەڵگا و چاوەڕوانی ئەو وەهمە نەبون کە چینی کرێکار ببێت بەفریشتەی نەجات و هەمو کۆمەڵگا و وڵات ڕزگار بکات.
چەپ لەم قۆناغەدا کە حیزبی شیوعی نوێنەرایەتی ئەکرد ڕەوتێکی واقیعیی دانەبڕاو لە کۆمەڵگا بو. بە عەینەکی ئایدیۆلۆجی نەیدەڕوانیە جموجۆڵ و کێشەکانی کۆمەڵ و ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی بۆیەش ببو بە هێزی سیاسیی سەرەکی گۆڕەپانی وڵات.
ئەم بزوتنەوەیە لەو قۆناغەدا بێئەوەی شیعاری قەبە و گران هەڵگرێت ناسیونالیزمی کورد و عەرەبی خستبوۆە پەراوێزەوە.

لەنیوەی دوەمی حەفتاکانەوە ڕەوتێکی چەپی نوێ لەکوردستاندا سەرهەڵئەدات کە کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان نوێنەرایەتی و سیمبولیەتی. ئەم ڕەوتە لەجەرگەی بنبەستی حیزبی شیوعی و شکستی بزوتنەوەی ناسیونالیستی پارتی و بزوتنەوەی چەکداری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا زۆر خێرا گەشە ئەکا و لەماوەیەکی کەمدا ئەبێ بە هێزی یەکەمی گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و چەکداری لەدژی ڕژیمی بەعس.

ئەم ڕەوتە گەرچی خۆی بە هێزێکی مارکسی – لینینی دەناساند بەڵام ڕیکخراوێک بو کە پێی لەناو بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خەڵکی کوردستان و مقاوەمەتی ئەوان لە دژی سیاسەتە شۆفینیەکانی ڕژیم و باڵی ناسیونالیستی کورددا قایم کردبوو.
کۆمەڵە هێزێکی چەپی و نیشتیمانیی ئازادیخواز بوو کە لەهەمو بوارەکانی کۆمەڵی کوردستانی ئەوکاتەدا تەشەنەی کرد. ئەم ڕێکخراوە ڕوانگە و پراتیکێکی زۆر داینامیکی پەیڕەو دەکرد سەبارەت بە مەیدانەکانی خەبات . ئەو وەکو ڕێکخراوێکی مارکسی نەدەهات چاوەڕوانی ئەوە بکات کەی بزووتنەوەی کریکاری دێتە سەر شانۆی سیاسەت تا ئەم ڕابەری بکات. کۆمەڵە نەبزی دڵی کۆمەڵگای ئەگرت و لەناو زۆربەی چین و توێژەکانی کوردستاندا نفوزی گەورەی پەیداکرد.

خۆ ئەسیر کردن لەناو ڕیتۆریکی خەباتێ چینایەتی و بە دیاریکراوتر لەناو قەفەزی مەقولەی خەباتی چینی کرێکار لەدژی چینی سەرمایەدار سەرچاوەی ئەو سیاسەتە پاسیفیستی و نەزۆکانەن کە چەپی ئەمڕۆی کوردستان وبەدیاریکراویش کۆمۆنیستەکان دەرگیری بوون. ئەو پێداگریە لەسەر ئەولەویەتی ڕۆڵی بزوتنەوەیەک کە لە دنیای واقیعدا بروزێکی ئەوتۆی نیە یانی بێدەنگە کردن لەسەر ڕەوەند و شەڕێکی ڕاستەقینە کە لە کوردستاندا زۆر بە تووندی لەئارادایە. ئەمڕۆ چی لەوە گومڕاکەر ترە کە تۆ لەبەرانبەر دەسەڵاتدارەتیەکدا کە تەڕ و وشکی وڵات بەتاڵان ئەبات و دەیان ملیاردێری حیزبی تیا پەیدابوە بێیت و بەناوی کۆمۆنیزمەوە بڵێیت سەرمایەداری سەرچاوەی کێشەکانی ئەم وڵاتەیە وهەموو کێشەکانی ئەم ووڵاتە لە ڕێی چینی کرێکارەوە چارەئەبێت و تەنها ئەو ئەتوانێت وەکو پاڵەوانی ڕزگاری ووڵات دەرکەوێت؟ ئەوە سیاسەتی هیچ نەکردنە بەناوێکی زۆر قەبە و ڕادیکالەوە. لە کوردستانی ئەمڕۆدا دەیان مەیدانی خەباتی سیاسی و ئابوری درێژەیان هەیە و ئەوەی کە تیایدا چالاک نیە چینی کرێکارە و دەلیلی ئەوەش ئەگەڕێتەوە بۆ فاکتەری زۆر بنەڕەتیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی لەم وڵاتەدا ئیتر دانیشتن و چاوەڕوانی بەدیار هاتنی فریشتەیەکی ڕزگاریبەخشی وەهمی کە خۆی ئەو حسابە لەسەر تواناکانی خۆی ناکات لەخۆشباوەڕی زیاتر هیچی لێ شین نابێت. ئەبێ خاوەنەکانی ئەو تێزە نیشانمان بدەن کامانەن بەرەکانی شەڕی فیعلیی ئەو چینە ؟ ڕێکخراوبونی چۆن و لە فۆرمێکدا بەرجەستە بۆتەوە؟ پلاتفۆرمی سیاسیی ئەو چین و بزوتنەوەیە کامەیە؟ ڕابەران و قسەکەرانی کێن ؟ دەرکەوتنی خەباتەکەی و بزوتنەوەکەی بە چی شێوازێکە؟ قورسایی لە تەرازوی هێزدا چیە؟ سیاسەتی ئەم هێزە لەسەر کێشە ڕۆژانەکان و دەرگیریە ڕاستەقینەکانی ئەو هەموو توێژ و جەماوەرە فراوانەی کوردستاندا لەگەڵ دەسەڵات و حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیدا چیە؟ لەسەر دەها کێشەی وەکو مادەی ١٤٠ و ڕیفراندۆم و دزینی سامانی نیشتیمانی و پەیوەندی بەغدا و هەریم و دەیان گیروگرفت و ململانێ و دەرگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەیان پرسیار و ئیشکالیاتی فکری تردا ئەو بزوتنەوە کرێکاریە چی نیشانی خەڵک ئەدات و چ ئاسۆیەک ئەخاتە بەردەم وڵاتێک کە لە لیواری داڕوخانی گشتیدایە؟
هەڵگرانی تێزی خەباتی چینایەتی بریتین لە ڕاکردوان لە بەرەکانی خەباتی فیعلی و پیاهەڵگوتن بە خەباتێکی زیهنی و فەرەزی و هیچی تر و کرێکار و زەحمەتکێشی ئەو ووڵاتەش بێخەبەرترین بەشی کۆمەڵن لەو هەموو ریتۆریک و نازناوانەی لەوان نراون.
هەڵگرانی ئەو دیدگایە دابڕاوترین لایەنی سیاسیین لە واقیعی کوردستان و کەمترین کاریگەریان بەسەر ڕەوتی ڕوداوەکانەوە هەیە و دەسەڵاتیش پێیخۆشە هەمو نەیارەکانی لەهەمان قیافەت و بچمدا دەرکەون .


درێژەی هەیە ……

Previous
Next
Kurdish