Skip to Content

189 Views

دوكانه‌كانی خوێندنی باڵا له‌ كوردستاندا … عیماد عه‌لی

دوكانه‌كانی خوێندنی باڵا له‌ كوردستاندا … عیماد عه‌لی

Be First!
by September 2, 2019 General
image_print


سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی قسه‌ی زۆر له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی له‌ كوردستاندا ده‌كرێت و په‌نجه‌ی له‌سه‌ر داده‌نرێت و داوای چاره‌سه‌ر و چاكسازی بنه‌ره‌تی ده‌كرێت و هیچی بۆ نه‌كراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر كه‌م باس كرابێت و ئه‌گه‌ر به‌ وردی لێی بڕوانین خه‌ته‌رناكترین بابه‌ته‌ كه‌ كاریگه‌ری دوورمه‌ودای بۆ سه‌رجه‌م میله‌ته‌كه‌ هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت دوارۆژی پێوه‌ به‌نده‌ و باس ناكرێت؛ ئه‌ویش ره‌وتی خوێندنی باڵاو په‌روه‌رده‌ و به‌ تایبه‌تی ئه‌و به‌ناو زانكۆ و له‌حه‌قیقه‌تدا دوكان و بارزگانی و دوكانداری یان سوپه‌رماركێتانه‌یه‌ به‌ ناوی زانكۆی ئه‌هلی تا دێت زیاتر ته‌شه‌نه‌ ده‌كات و، كه‌س نازانێت ئه‌م پرۆگرامانه‌ی ده‌خوێنرێت له‌ ژێر كام لێپرسینه‌وه‌ی زانستی و كاری به‌رێوه‌بردن و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م سێكتره‌ زۆر هه‌ستیاره‌ی ژیانی گشتی خه‌ڵك چیه‌ و چۆنه‌ و له‌سه‌ر چی بنه‌مایه‌ك رێگه‌پێدراون و پێوه‌ره‌كان چین.

مه‌عقوله‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی كوردستان ته‌نیوه‌ ئه‌م كه‌رته‌ی نه‌گرتبێته‌وه‌ وا كه‌س توخنی ناكه‌وێت و تا ئێستا قڕوقه‌پی لێكراوه‌ و سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له‌ گه‌نده‌ڵیه‌ گشتیه‌كه‌ی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی كوردستان ترسناكتره‌.
یه‌كه‌م شت به‌ به‌راورد كردنی ژماره‌ی ئه‌م به‌ناوزانكۆیانه‌ به‌ ژماره‌ی دانیشتوانی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ بێ بنامه‌ و هه‌ره‌مه‌كیه‌ی ئه‌م زانكۆ ئه‌هلیه‌ په‌رشوبڵاوانه‌‌ كه‌ ته‌نها مه‌به‌ست له‌ كردنه‌وه‌یان قازانجی مادیه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندێكیان كه‌ مه‌به‌ستی سیاسی و كاری نهێنیشی له‌ پشته‌وه‌یه‌، ژماره‌یان له‌ راده‌به‌ده‌ر له‌ قه‌واره‌ی پێویستبونی خۆی زیاتره‌.


ژماره‌ی كادری پسپۆر و شاره‌زا و به‌توانا و لێهاتوو له‌م زانكۆیانه‌ به‌ ژماره‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ست تێناپه‌رێت كه‌چی ساڵانه‌ ژماره‌ی زانكۆكان زیاتر ده‌بن و، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ڕووی ئابوریشه‌وه‌ كوردستان زه‌ره‌مه‌ندی گه‌وره‌یه‌ له‌م كاره‌ و به‌ ملیۆنه‌ها دۆلار ده‌چێته‌ گیرفانی كه‌سانێك كه‌ به‌قه‌د كادری نێوخۆیی و خه‌ڵكی به‌توانا و خۆماڵی خۆمان قازانج به‌ ئه‌م نیشتمانه‌ ناگه‌یه‌نن و تاكه‌ شانازیان ئه‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌یان لاف و گه‌زافی پێوه‌ده‌ده‌ن و به‌ هه‌وڵی زمانی ئینگلیزی وه‌ك مۆدێل ناووناوبانگ بۆ خۆیان ده‌رده‌كه‌ن و، ئه‌وه‌ ناوه‌ڕۆكی كار و ئامانج و رێباز و پرۆگرامه‌كه‌یان كه‌س نایخوێنێته‌وه‌ و نازانێت چه‌ند گونجاوه‌ بۆ واقیعی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان و قۆناغه‌كه‌.


ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئه‌م زانكۆیانه‌ ده‌كات جێگه‌ی گومانه،‌ چ ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بیه‌وه‌ ته‌مویلكراون و ئێستا به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌ژین یان له‌ رۆژئاواه‌ یان له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵك له‌ بودجه‌ی كوردستان بناغه‌یان بۆ دانراوه‌ و دامه‌زراون و وه‌به‌رهێنانی تێدا ده‌كرێت وه‌كو هه‌ر كارێكی ئابووری رووت وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌كاڵایه‌كی به‌كاربردنی بازرگانیه‌وه‌ ده‌كرێت یان له‌سه‌ر حساب و گیرفانی خه‌ڵك كه‌ چه‌ندین خێزان ده‌كه‌ونه‌ ژێر باری قه‌رزیشه‌وه‌، كه‌ هه‌ستیارترین و گرنگترین كه‌رته‌ بۆ پێشخستنی هه‌ر میله‌تێك چ جای میله‌تێكی دواكه‌وتوو و هیچ نه‌دویوی وه‌كو كورد كه‌ ده‌یان ساڵه‌ به‌ده‌ست پرۆگرامی وڵاتانی داگیركه‌ر ده‌ناڵێنێت و مێشكی له‌ق ده‌كرێت.


كوا ئه‌و پلان و رێبه‌ر و هۆكاره‌ پێویسته‌ی بۆ بوونی ئه‌م به‌ناوزانكۆیانه‌ هه‌یه‌ و چیان زیاتره‌ له‌ زانكۆ حكومه‌تیه‌كان و، ئه‌مه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌كارن، كام داهێنان و كام قازانجیان به‌ ره‌وتی ژیانی خه‌ڵك له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت گه‌یاندووه‌ و چیان له‌ زانكۆكانی تر جیاوازه‌، سه‌ره‌رای ئه‌و خه‌رجیه‌ زۆره‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵك ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌رپێدانی یه‌ك فلسی شه‌خسیشیان به‌رنه‌كه‌وێت.


ئه‌گه‌ر رووه‌ مادیه‌كه‌ش وه‌لانێین و له‌ رووی مه‌عنه‌ویه‌وه‌ وردبینه‌وه‌، تا چه‌ند زه‌ره‌ر له‌ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت وگه‌نجی زیره‌كی خیزانه‌ هه‌ژار و سته‌مدیده‌كان ده‌دات له‌ خۆهه‌ڵكیشانی خێزان و منداڵی خواپێداوان و، ته‌نانه‌ت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك فه‌راهه‌مبونی هه‌لی كاری دوای ده‌رچوون بۆ ئه‌وان و تێكه‌ڵبونیان له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌دا به‌ دوور له‌ دامه‌زراندنی خه‌ڵكیتری ده‌رچووی زانكۆ حكومه‌تیه‌ گشتیه‌كان، ئه‌گه‌ر زیره‌كی و توانای خه‌\لكه‌ هه‌ژاره‌كه‌ش له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ زیاتر بێت كه‌ له‌ به‌ناوزانكۆ ئه‌هلیه‌كان ده‌خوێنن و ده‌رده‌چن.


ئه‌وه‌ی روونه‌ كه‌ گرتنه‌به‌ری ئه‌م رێره‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا و به‌خشكه‌یی رووكردنه‌ به‌ره‌و به‌تایبه‌تیكردنی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان و له‌دواجاردا نه‌هێشتنی خوێندنی زانكۆ حكومه‌تیه‌ گشتیه‌كانه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پێی سیستمی رۆژئاوا و به‌ تایبه‌تی ئه‌مریكادایه‌ .


له‌ كۆتاییدا ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ به‌ فروانكردن و زۆركردنی ژماره‌ی خوێندنی خوێنكارانی پارالێله‌كانی سه‌رجه‌م زانكۆ گشتیه‌كان، هه‌نگوای ئه‌مه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و زانكۆیانه‌ش به‌ره‌و لاوازی و به‌تایبه‌تیكردن و ئه‌هلیكردن ده‌چن و دوای چه‌ند ساڵیكی تر ئه‌وه‌ی پاره‌و پوڵی نه‌بێت بواری خوێندنیشی نابێت و ده‌بێت ته‌ماشای ده‌ستی ئه‌و گه‌نده‌ڵانه‌ بكات كه‌ پوڵی ئه‌م سیستیمه‌ی هه‌رێمیان له‌ده‌ستدایه‌، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كوردستان به‌ قۆناغێكی راگوزه‌ردا تێپه‌رده‌بێت و ده‌وڵه‌مه‌ندبون له‌سه‌ر كارو بارزگانی و سیستمی دیاریكراوی راستی وا نه‌كراوه‌ كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبون به‌ كاری راست و زیره‌كی و كیووركێ وعه‌قڵ ببێت و، وه‌ك ده‌بینین له‌پرێكدا خه‌ڵكی ملیاردێر هه‌ڵده‌تۆقن، ئه‌گه‌ر له‌ دواكه‌وتوترین خێزانیشدا بن. ئه‌مه‌ش له‌ سایه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌یه‌ كه‌وا به‌نه‌زانی له‌ سه‌رجه‌م كه‌رته‌كاندا به‌ تایبه‌تی سێكته‌ری خوێندی باڵا و په‌روه‌رده‌ به‌رێوه‌ده‌برێت، كه‌ كۆڵه‌كه‌ی بنه‌ره‌تی ره‌وتی پێشه‌كه‌وتنی هه‌ر میله‌تێكه‌ له‌ جیهاندا و چاره‌سه‌ری هه‌ر لادانێك له‌م باره‌وه‌، چ عه‌قڵێك و پلانێك و میكانزمێك و چه‌ندین ساڵی ده‌وێت.

Previous
Next

Leave a Reply