Skip to Content

ئێمە دووبارە دەبینەوە … نەوزاد بەندی

ئێمە دووبارە دەبینەوە … نەوزاد بەندی

Closed
by ئه‌یلول 2, 2019 General

کۆمێنتێک بۆ بابەتێکی کەیوان کەمال:

ئێمە میللەتێکین ناھێڵن پەروەردە وەربگرین ..لێرە مرۆڤەکان لە گەشتی ژیانیاندا تەنھا نان و دەرمان وەردەگرن ،شتێک نیە بە ناوی کولتووری مرۆڤایەتی و شارستانیی لە پرۆسەی وەرگرتنەکانیاندا..
ئێمە نازانین بژین چونکە فێر نەکراوین بژین و..پێیشمان نەنگە بڵێین نازانین بژین ..بەو جۆرە بە شێوەیەکی ڕاندەم شانی پیا دەکەین و ..وەک شۆفێرێک کە شۆفێریی نەزانێ و پێی عەیب بێ بڵێ شۆفێریی نازانم و ھەر پێی پیا نێ ،کارەسات لە دوای کارەسات لە دەستمان ئەقەومێ …
ئەمە کێشەکەیە ، ئێمە مرۆگەلێکی پەروەردە نەکراوین و خوا وەکیلی ئەژین و ھەڵوێست و بڕیارەکانمان دەدەین ..گرتی حەج نەیگرت یاری ..
لەم سی ساڵەی خودموختاری کورددا ، تاکی کورد لە ھەموو پەروەردەیەک پچڕا و.. بووە کائینێک کە ھەموو ھەوڵ و خەون و ھیوا و ئاواتێکی پارووە نانێک بێت ،واتا مرۆڤی کورد لە گیاندارێکی بایۆلۆجی بێ ھەست و ئیحساس نزیک کەوتەوە ،کە ھەموو شتێکی لە دەست ئەقەومێ و ..پێوەری مرۆڤەکان بە پێوەری پارووەکانیانە ،ھەتا پارووەکەی گەورەتر بێ ،بەڕێزتر و گەورەتر دەبێ لە دیدی خەڵکەکەدا و ..تا پارووەکەیشی بچووکتر بێ ،بچووکترە لە دیدی کۆمەڵگادا..

بابەتەکەی کەیوان کەمال :

‎سەر و دڵم گیرا كاتێك وەك هەمیشە هەواڵی كوشتنی ئافرەتێك بڵاو بۆیەوە
‎ئەمە تا ڕادەیەك لەم زێد و كۆمەڵگا و شەرقەدا ئاسای بۆتەوە
‎ئەوەی زیاتر سەر و دڵی گرتم ئەو چینەبون كە وەك پارێزەر و نوێنەری دادگا ونوێنەری مافی مرۆڤ و نوێنەری خودا هاتن و دەستیانكردوە بە دادگایكردن لە پۆست و كۆمێنتدا

‎حەوت گەڕەک بگەڕێ پیانۆیەک، سەنتوورێک، گیتارێکت دەستناکەوێت. بەڵام هەموو ماڵێک کڵاشینکۆفێکی تیایە.
‎لەهەموو تیر و تایەفەکەتدا، پەیکەرێکی جوان نابینیتەوە کە بەڕێزەوە لەسەر شوشەیەک نمایش کرابێت، وەلێ لە چەگمەچەی سەیارەی هەموو خزمەکانتدا، دەمانچەیەک هەیە.
.
‎بەهەموو تەمەنت دوو سیدی مۆسیقات، بۆ مناڵەکەت نەکڕیووە، بەڵام مۆبایلەکەت پڕەیەتی لە ڤیدیۆی سەربڕین و کوشتن و شەڕە بلۆک.
‎لەڕۆژی لەدیکبوونی مناڵەکەتدا، لەجیاتی کتێب و فیلم، باوەشێک تەرەقە و دەمانچەی مناڵانە ئەهێنتەوە بۆی…!
.
‎ژێرخانی ماڵەکەتان لەبری تابلۆی گرانبەها و میراتی هونەری بەجێماوی باوباپیرتان، لە جیاتی بری گۆرانی و سەمای پێشینانمان، پڕیەتی لە تایەی کۆنە و مۆلیدەی شکاو قایش پانکەی سەیارە و فەردەی دڕاوی گەنم و تەنەکەی چەور و چەقۆی کول…
.
‎ئێمە ئالێرەوە هاتووین، مناڵی ناو خێزانێکین کە :
‎بەیانیان بەشەڕی نێوان دایک و باوک خەبەرمان بۆتەوە، بە دەم و چاوی ترشاوی مامۆستای مۆن و دڕ گۆشکراوین. گوێمان بە وتاری ئاگراوی مەلای توڕە ڕاهێنراوە. ڕۆحمان بە جوێن و قسەی زبری وەستای دیوار ئاودراوە. شەوان گوێمان لە سیاسی کوردی گرتووە.

‎ئێمە نەوەی ئەو شاخ و کەژ و کێوە بێ خەیر و زبر و وشکانەین، کە جگە لە عەبەسیەت و توندڕەوی و کەڵەکەکردنی ڕق و بوغز، هیچ هەستێکێتر ناخاتە دەروونمانەوە.
‎ئێمە لەو مرۆڤانەین کە هەژاری نەیهێشتووە چاومان بکەینەوە.
‎ئێمە لێرەوە هاتووین، لەم ژینگەوە درووست بوین. ئیتر زۆر بە ئاسانی دەبینە پیاو کوژ. دەبینە ژن سووتێن. دەبینە کەسێکی توڕە و مەرگ دەبەخشینەوە. دەبینە دەسکەلای حیزب و خۆمانی بۆ فیدا دەکەین.
‎مرۆڤ کەلەناو ژینگەیەکی ئاوا هەژارانەدا ژیا، هەرگیز چاوی ناکرێتەوە. مرۆڤ کە چێژی لەژیان نەبینی ئیدی باوەش بۆ مەرگ دەکاتەوە. ئینسان کە ژیان لای بریتی بوو لە تەحەموولکردنی ئازار ئیدی زۆر بەئاسانی لەپێناوی ئاڵا و نیشتیمان و دیندا خۆی فیدا دەکات.
‎ئەوانەی مردن، تازە کەوتنە ئەودیوی ژیانەوە، بەخشینەوەی مەرگ بەسەر تاوانباردا، ئاسانترین ڕێگایە ئێمەش ئەوەمان هەڵبژاردووە و هیچ کەسێکیشیان ناگەڕێنێتەوە ناو ژیان، بەڵام ئێمە دەتوانین نەهێڵین مەرگ ئەم تاوانبارەش ببات، دەتوانین وابکەین بیگێڕینەوە بۆ باوەشی ژیان. خۆی ئەمە ڕێگا درووستەکەیە..
.
‎سزای لەسێدارەن هەر درێژکراوەی ئەو لۆژیکەیە کە تاوانبار تاوانی تیا ئەنجامداوە. ئەو پیاوە مەرگی بەخشیوەتەوە، ئێوەش لە فەیسبووکەوە هەر مەرگ دەبەخشنەوە. لەڕاستیدا سێدارە و تەناف و مل پەڕاندن و ژەهرخواردنکردن، پۆڵی پێچەوانەی سوتاندن نیە، ئەویش هەر کووشتنە.
‎سەدان ساڵە لە جیهانی سێدا قورسترین سزاکان لە زیندانەکاندا هەیە، بەڵام لە واقیعیشدا زۆرترین تاوان ئەنجام دەدرێت و هەرگیز سزای قورس نەک ڕێگرنەبووە لە کەمبوونەوەی تاوان، بەڵکو ئەو جۆرە سزایانە خۆیان بەشێکبوون لە بەرفراوانبوونی بوونی تاوان و زیاتر ئاگری کوورەی کووشتنیان خۆشکردووە.
‎ئەوەی دەگوزەرێت تۆڵەیە نەک دادگایی. ئێمە لێرەوە بەناوی دادگاییەوە ڕق دەبەخشینەوە، بەناوی قەرەبووکردنەوەوە مەرگ دەبەخشینەوە.

Previous
Next
Kurdish