كه‌ی جه‌نگ كۆتایی دێت …. نووسینی|ئه‌حمه‌د كامه‌ران


جه‌نگ جه‌نگ وشه‌یه‌كی قێزه‌ون و وێرانكه‌ره‌ كه‌ به‌ له‌ناو بردنی مڕۆڤایه‌تی و ژینگه‌ داده‌نرێت, كه‌ هاوكات وه‌كو پیشه‌یه‌كی ڕۆژانه‌ی لێ هاتووه‌, كه‌ به‌ به‌رده‌وامی گوێ بیستی ده‌بین له‌ جیهان وه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ نێو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا.

هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نی من ئه‌و جه‌نگانه‌ی نه‌بینیوه‌ كه‌ له‌ سه‌ده‌كانی ڕابردوو ڕوویان دابوو , كه‌ له‌ نێویدا به‌ هه‌زاران كه‌س بۆته‌ قوربانی و وه‌ له‌ كۆتاییشدا هه‌ڵگیسێنه‌رانی ئه‌م جه‌نگانه‌ش توانیویانه‌ ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ به‌ ده‌ست بهێنن بۆ خۆیان,به‌ڵام من ئه‌وكاته‌ی كه‌ له‌ قۆناغی ئاماده‌یی ده‌مخوێند له‌ به‌شی وێژه‌یی دا كتێبێكمان هه‌بوو به‌ ناوی (مێژوو), ئه‌م كتێبه‌ به‌ هه‌ر سێ ساڵی قۆناغه‌كه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی باسی جه‌نگ و كوشتاری و ململانێی یه‌كتر له‌ناو بردنی ده‌كرد بۆمان,كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ درێژایی ئه‌و مێژووه‌ ئه‌وه‌مان بۆ شیكرایه‌وه‌ كه‌ مڕۆڤ بوونه‌وه‌رێكه‌ به‌ به‌رده‌وامی ئاره‌زووی له‌ جه‌نگ و خوێن ڕشتن هه‌بووه‌ بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسه‌كانی,وه‌ به‌تایبه‌تی كه‌سه‌ فه‌رمان ڕه‌واكانی ده‌وڵه‌ت كه‌ به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیانه‌وه‌ یان له‌ پێناو ده‌سكه‌وتنی كۆمه‌ڵێك ده‌سكه‌وتدا هه‌ستان جه‌نگی خوێناویان ڕاده‌گه‌یاند,وه‌ له‌ئه‌نجامی ڕاگه‌یاندنی ئه‌م جه‌نگانه‌ دا ئه‌وه‌ی كه‌ باجه‌كه‌ی دا ته‌نها هاوڵاتیه‌كان بوون كه‌ تێیدا بوون به‌ سووته‌مه‌نی ,وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ هه‌ڵگیسێنه‌رانی جه‌نگه‌كان دانران له‌ كۆتایی دا له‌سه‌ر مێزێكی قوماردا وه‌ به‌ڕوویه‌كی پڕ پێكه‌نیناویه‌ كه‌یف و سه‌فای خۆیان ده‌كرد .

له‌ سه‌رده‌می ئێستاشماندا كه‌ ده‌بینین جه‌نگ به‌رده‌وامه‌ و ڕۆژانه‌ به‌ چه‌ندان خه‌ڵك ده‌كووژرێن و سه‌رگه‌ردان ده‌بن , به‌ تایبه‌تیش له‌و ساڵانه‌ی ڕابردوودا كه‌ ڕێكخراوی داعش چه‌ندین كوشتاری قێزه‌ونی دژ به‌ مڕۆڤایه‌تی و ژینگه‌ ئه‌نجام دا كه‌ هه‌رگیز له‌یاد ناكرێن,چوونكه‌ كاتێك جه‌نگی جه‌سته‌یی كۆتایی پێ دێت , له‌ پاش خۆی دا كاریگه‌ری جه‌نگی ده‌روونی درووست ده‌كات,وه‌ ئه‌م جه‌نگه‌ ده‌روونیه‌ش ساڵانێكی زۆری ده‌وێت تاوه‌كو تاكه‌كانی دیكه‌ له‌ یادی بكه‌ن وه‌ به‌ تایبه‌تیش بۆ منداڵان و هه‌رزه‌كاران وه‌ هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عێراق ده‌گوزه‌رێت به‌هۆی ئه‌و جه‌نگانه‌وه‌ كه‌ تێیدا ڕووده‌دات كه‌ شیرازه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایان به‌ ئاراسته‌ی توندڕه‌وی بردووه‌,وه‌ هه‌رچه‌نده‌ش تاوه‌كو ئێستاش ڕێكخراوی داعش به‌ كۆتا نه‌هاتووه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی یاخود به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌ته‌واوه‌تی بنبڕ بكرێن , كه‌ زۆرجاران ده‌بیستین هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ست درێژی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هه‌ندێ شوێندا به‌ تایبه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كاندا كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامدا مه‌ترسی و نیگه‌رانی لای تاكه‌كان درووست ده‌كات,له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش دا به‌ چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی ئه‌زیز وخۆشه‌ویست ده‌بنه‌ قووربانی وڵاته‌كه‌یان كه‌ پێیان ده‌وترێت (شه‌هید).

وه‌ جگه‌ له‌مانه‌ كاتێك سه‌یری سوریا ده‌كه‌ی كه‌ بۆته‌ ناوه‌ندێكی ململانێی جه‌نگی كه‌ هه‌موو وڵاتان جه‌نگی خۆیان له‌وێ به‌رپا ده‌كه‌ن,بۆ نموونه‌ توركیا ده‌یه‌وێت به‌شی خۆی له‌وێ هه‌بێت , ئه‌مریكا هێزی خۆی له‌وێ جێگر كردووه‌,وه‌ ڕووسیاش جاروبارێك پیاسه‌یه‌كی وێرانه‌كه‌ر به‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كات, جگه‌ له‌ وڵاتانی تردا كه‌ جه‌نگی ژێر به‌ ژێری خۆیان ده‌كه‌ن له‌و ناوچه‌یه‌دا, وه‌ له‌نێویشیاندا كورد ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له‌و گۆڕه‌پانه‌دا براوه‌ بێت وه‌ ئومێدیشم هه‌یه‌ كه‌ ته‌نها كورد له‌ كۆتایی ئه‌م ململانێیه‌دا براوه‌ ده‌بێت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م دووژمنه‌كانی دا, به‌ڵام تاوه‌كو ئه‌و براوه‌یه‌ به‌ده‌ست بهێنێت چه‌ندین كاولكاری و خوێن ڕشتن به‌ دوای خۆی ده‌هێنێت , كه‌ ئه‌مه‌ش ئازارێكی گه‌وره‌ به‌ دوای خۆی ده‌هێنێت, بۆ نموونه‌ گریانی منداڵێكی بێ تاوان ده‌بینیت كه‌ له‌ تاو ده‌نگی ئه‌م جه‌نگه‌ی نێو ئه‌م جه‌نگڵستانه‌ هاوار و ناڵه‌ ناڵیه‌تی , ئاخۆ ئه‌و منداڵه‌ چ تاوانێكی كردووه‌ تاوه‌كو ئه‌م باجه‌ قورسه‌ بدات.

وه‌ یاخود ده‌بینین ئه‌و ململانێیه‌ی نێوان ئه‌مریكاو ئێران كه‌ هه‌ر ڕۆژێك به‌شێوازێك گوتاری دژ به‌یكتر ده‌ده‌ن, كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌روونی لای تاكه‌كان درووست ده‌كات, یان دڵه‌راوكێیه‌كی به‌ردوام درووست ده‌بێت له‌ ترسی هه‌ڵگیرسانی ئه‌م جه‌نگه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌دا له‌ هه‌ر كاتێكی نادیار دا, وه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵگیرسانی دا چه‌ندین كاولكاری گه‌وره‌ به‌دوای خۆی ده‌هێنێت, وه‌ له‌نێویشیاندا كورد دووباره‌ ده‌بێته‌ قوربانی ده‌ستی هه‌ردوو لایان دا, كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ی كه‌ له‌ مێژووی نێوان عوسمانی و سه‌فه‌ویه‌كان ڕووی دا كه‌ تێیدا خاكی كورد بوو به‌ سووته‌مه‌نی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تدا.

له‌ كۆتایی دا ئه‌م پرسیاره‌م به‌جێ ده‌هێڵم بۆ خوێنه‌ر:

*بۆچی ئه‌م هه‌موو جه‌نگ و كێشه‌یه‌ به‌ ڕێگای ئاشتی چاره‌سه‌ر ناكرێت؟