هەواڵی ناڕاستی مردن، وەک بەڵگەی زیندوێتی … کارا فاتیح


لەم ماوەیەدا بەخێرایی هەواڵ مردنی (کەمال مەزهەر،
عەبدولڵا پەشێو، ئیسماعیل خورماڵی و عومەری کەریم ئاغا… هتد) بڵاو بوەوە، خەڵکێکی
زۆر بە دوایدا کەوتنە سەرەخۆشی و ناردنی پرسەنامە، بە ماوەیەکی کەم دواتر، ناڕاستیی
هەواڵەکان سەلمێنرا و بە درۆ خرانەوە، بێ گومان ئەمە یەکەم جار نییە ئەم جۆرە هەواڵانە
بڵاو دەکرێنەوە و پێشتر چەندین جار هەواڵی مردنی کەریم کابان، پێش ئەوەی کۆچی دوایی
بکات، بڵاو کرایەوە…

زوو زوو لە پانتاییی کۆمەڵایەتی و لە سەر ڕووبەری
سۆشیال میدیا و میدیا ڕەسمییەکانیش، هەواڵی مەرگی کەسێک بڵاو دەکرێتەوە، بێ ئەوەی هیچ
بنەمایەکی هەبێت، یان لە سەرچاوەیەکی ڕاستەوە ئەو هەواڵە گەییشتبێت، کەچی زۆر خێرا
بڵاو دەبێتەوە و کەسانێک هێندە تامەزرۆی ئەم جۆرە هەواڵانەن، کە خێرا هەستی خۆیان دەردەبڕن
و دەکەونە ناردنی پرسەنامە و داڕشتنی پەخشانی غەمگین… لە ماوەی ڕابردوویشدا یەک بە
دوای یەک هەواڵی مەرگی چەندین نووسەر و کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هونەرمەند و…
هتد بڵاو کرایەوە، کە پاش بڵاوبوونەوەی بە خێرایی، ئینجا بە ڕوونکردنەوە ناڕاستی و
بێبنەماییی ئەم هەواڵانە ڕاگەیەنرا و هەوڵی ڕەواندنەوەی کاریگەریی ئەو هەواڵانە درا
و یەک یەک ئەوانەی ئەم هەواڵانەیان بڵاو کردبوەوە، پۆزشی خۆیان ڕاگەیاند و لەگەڵیدا
خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ناڕاستیی هەواڵەکە و نەمردنی کەسەکە دەربڕی.

بەدڵنیایییەوە، پێش دەرکەوتنی سۆشیال میدیا و تەنانەت
دەرکەوتنی بەربڵاوی ڕاگەیاندنیش، لە پانتاییی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگای کوردیدا،
ئەم جۆرە دەنگۆ ناڕاستانە وەک بروسکە بڵاو بوونەوە و هەواڵی ناڕاست و درۆ و بەتایبەت
هەواڵی مردنی ئەموئەو تا ڕادەیەک هەبوە و تا ئاستێکیش بەربڵاو بوە، بەڵام ئەمڕۆ بە
هۆی بەربڵاویی سۆشیال میدیا و ئاسانبوونی هۆیەکانی پێوەندی، ئەم جۆرە هەواڵانە خێراتر
بڵاو دەبنەوە و لە چەند چرکەیەکدا دەگەنە هەموو شوێنێک و هەموو سنوورێک دەبڕن. ئەوەی
گرینگە لێرەدا بیکەینە پرسیار:

١- ئەم جۆرە هەواڵانە
لە چ سەرچاوەیەکەوە دێن، ئەو سەرچاوانە کە دەزانن هەواڵەکانیان بێ بنەمان، چۆن دەتوانن
خۆیان وەک سەرچاوە و کانگەی هەواڵ بهێڵنەوە و باکیان لەوە نەبێت، هەواڵی مەرگی خەڵک
بە درۆوە بڵاو دەکەنەوە.

٢- ئەو سەرچاوانە
لەبەر چی ئەو کارانە دەکەن و چ قازانجێک لەم پڕوپاگەندانە دەکەن و برەویان پێ دەدەن؟

٣- خەڵکانێک کە هیچ
نازانن دەربارەی ڕاستی و دروستیی هەواڵەکە و بێ ئاگان لە سەرچاوەکەی، بۆ ئەوەندە بە
پەرۆشن و خێرا ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاو بکەنەوە؟

٣- ئەو پەرۆشی و مەیلە
لە چییەوە هاتوە کەسانێک، زۆر بەزوویی ئامادەی سەرخۆشی و ناردنی پرسەنامە و ماتەمگێڕین
و بێ ئەوەی لە ڕاستیی هەواڵەکە دڵنیا بن، شیوەن و دەگێڕن و خێرا پەخشان و داڕشتنی غەمگین
و شینگێڕانیان بۆ دێ و پەخشی دەکەن؟

بە پێویستی نازانین یەک یەک وەڵامی ئەم پرسیارانە
بدەینەوە، یان هەوڵ بدەین شرۆڤەیان بکەین و لە هۆکاری سەرهەڵدانیان بکۆڵێنەوە، ئەگەر
چی گرینگە، بەڵام بە پێویست نازانینەکەی ئێمە لێرە بۆ کەمیی دەرفەت دەگەڕێتەوە، بۆیە
هەوڵ دەدەین بە گشتی شرۆڤەی کورتی حاڵەتەکە بکەین و لە ناو ئەو شرۆڤە کورتەوە بۆ وەڵامەکان
بگەڕێین.

ڕاگەیاندنی هەواڵی مەرگی کەسێک، تەنها هەواڵی مەرگی
ئەو کەسە نییە، بەڵکوو لەگەڵیدا ڕستەیەکی نەگوتراو هەیە کە دەڵێت، ئەو مردوە، بەڵام
من و تۆ ئەوانی تر زیندووین، کە دەڵێن ئەو مردوە، ناڕاستەوخۆ دەڵێن ئێمە نەمردوون و
زیندووین، بۆیە تامەزۆییی مرۆڤی کورد بۆ ڕاگەیاندنی ئەم جۆرە هەواڵانە، ئەگەر چی جەرگیشی
ئازار بدەن و بە غەمگینییەوە ڕای بگەیەنێت، لەوێوە دێت کە بە شێوەیەک لە شێوەکان جەخت
لە زیندوێتیی خۆی بکاتەوە و بڵێت من نەمردووم.

لە سەر ئاستی نەتەوەیش، کورد ساڵانێکە لەو وەهمەدا
دەژی، کە هەڕەشەی لەناوچوونی لە سەرە، دوژمنەکانی دەیانەوێت لە ناوی ببەن و وەک نەتەوە
بیتوێننەوە، بۆیە هەموو هەوڵ و هێزێکی لە سەر ئاستی سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی بۆ
ئەوەیە، کە بیسەلمێنێت کورد و زیندوە و نامرێت و هەوڵی دوژمنانی بۆ لەناوبردنی بێهوودەیە،
بڕوانە سروودە نیشتمانییەکەی کورد (کەس نەڵێی کورد مردوە، کورد زیندوە…) هەموو هەوڵێکی
کورد بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە زیندوە و نەتواوەتەوە، لە ڕاستیدا ئەم دۆخە، کورد دەخاتە
پێش مێژوو، ئەم نەتەوەیە هێشتا لە ناو میژوودا نییە، توانای خۆسەلماندنی نییە، لە هاوکێشە
سیاسییەکانی دونیادا، دەستی نییە و تەنها بە کار دەهێنرێت، لە پانتیاییی شارستانیەت
و زانست و پێشکەوتنیشدا، هیچ پێگە و قورسایییەکی نییە و جێی باس نییە، چونکە ئەو هێشتا
لە قۆناغی سەلماندنی بوونی خۆی وەک نەتەوەیەک دایە، کە نەمردوە و زیندوە، هەوڵی کورد
بۆ سەلماندنی ژیانە، نەک پرۆسەی ژیان خۆی و داهێنان و کێبەرکێ لەو پرۆسەیەدا.

زۆربەی شتەکان پێناسەی خۆیان لە دژەکەیانەوە وەردەگرن:
سارد، گەرم… ڕووناک، تاریک…. غەمگین، دڵخۆش، مردن، ژیان… بۆ ئەوەی بە باشی لە
جەمسەرێکی ئەو شتانە تێ بگەین، لە بەرانبەر جەمسەرەکەی تر ڕای دەگرین و جۆرێک تێگەییشتنی
پێ دروست دەکەین، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستی مردنی کەسێک لەوێوە دێت، تا هەواڵگەیێن
بەڵگەی زیندوێتیی خۆی بسلەمێنێت و بڵێ کە من نەمردووم… بەڵام هەواڵی ناڕاستی مردن،
بەڵگەی بەهێزی زیندوێتی نییە و هەواڵنێر و بڵاوکار و پەخشکار نەکاتە کەس یان دەزگا
و ئۆرگانێکی زیندووی چالاکی و بەڕاستیی سیفەتی مردووی تێدا نەبێت، بەڵکوو بەڵگەیە لە
سەر مردنی واتاییی خۆی، مردنێک بە مانای ئەوەی کە هیچ ڕۆڵێکی ئەکتیڤ و دا‌هێنەرانەیان
لە ژیاندا نییە و هەموو ئەو کەس و دەزگا و ئۆرگانانە مردوون، لێرەوە بۆ تۆڵە و حەسوودی
لەوەی کە نەڵێن خۆی مردوە، هەواڵی مردنی ئەوانە بڵاو دەکاتەوە، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان
یان لە بوارێک لە بوارەکاندا چالاکن و ناودارن و دەنگیان هەیە، بێ هۆ نییە هەموو ئەوانەی
هەواڵی ناڕاستی مەرگیان بڵاو دەکرێتەوە، کەسانی خاوەن پێگەیەکی هونەری یان ئەدەبی یان
سیاسی یان ڕۆشنبیری یان کایەکی تری دیارن.

پەیج و سایتێکی مردوو، بۆ ئەوەی ئینکاری لە مردوویی
خۆی بکات، دێت هەواڵی ناڕاستی مەرگی کەسێک بڵاو دەکاتەوە، هونەرمەندێک یان نووسەر و
سیاسییەک بۆ ئەوەی باوەڕ بەوە نەهێنێت، کە خۆی وەک هونەرمەند و ڕۆشنبیر و سیاسی…هتد،
نەک مردوە، بگرە هەرگیز زیندوویش نەبوە، خێرا بە پرسەنامەی پڕ ڕیا و غەمگینیی ساختە
هەواڵی مردنی یەکێک بڵاو دەکاتەوە، کە هیچ بنەمایەکی نییە… هەموو ئەوانەی مەستی ڕاگەیاندنی
هەواڵی مەرگی ئەوی ترن، هەرگیز نایانەوێت، یان خۆیان گێل دەکەن لەوەی، کە دەمێکە کاس
بوو بە بۆنی کەلاکی خۆیان و لە مردوویەک زیاتر هیچی تر نیین.