Skip to Content

سێ هۆنراوە بۆ مناڵان …. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

سێ هۆنراوە بۆ مناڵان …. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

Closed
by ئه‌یلول 15, 2019 General, Kids Literature

ئەدەبی منداڵان

ساڵی نوێی خوێندن

خەندەو خۆشی منداڵە
چەندخۆشە ئەم هەواڵە؟!
واساڵی نوێی خوێندنە
کاتی کۆشش کردنە
دەڕۆین بۆ قوتابخانە
کە ماڵی دووهەممانە
پشوی هاوین بەسەرچوو
پڕ لەسەیران و گەشت بوو
بەشداریی خولەکان بووین
بۆیە وا ڕۆشنبیر بووین
کاتی زێڕینی خۆمان
بەفیڕۆ نەچوو لێمان
ئێستاش وەرزی خوێندنە
دیدەمان پێی ڕۆشنە
هەموو بڕیارمانداوە
کۆشش بکەین لەئێستاوە
دژی نەزانین دەبین
خەمخۆری وڵات دەبین
لەژێر ڕۆشنایی خوێندن
بەدەست دێنین سەرکەوتن۰



فڕین لە خەودا

دوێـنـێ فـڕیـم بە دووباڵ
بـەرەو ئـاسـمـانی ساماڵ
ئای بەرزایی چەندخۆشبوو؟!
دونیام لەبەرچاو گەشبوو
ھــەور بـەلامــدا دەڕۆی
کردمـی بەھاوڕێی خـۆی
سەردانی ئەستێرەم کرد
سـودی ھەورم بۆ باسکرد
ئەویش وەک من دەزانێ
ھـەور بـاران دەھـێـنـێ
بۆ بینینی مانگ ڕۆشتـم
کاتێ کەپێی گەیشتـم
وتم ئەستێرەی ھاوڕێم
تۆی باش ناساندوەپێم
پێی وتم کە بەخشندەی
ڕوونـاکی بە ئەو دەدەی
وتی ھاوڕێ ڕاستدەکەی
بـەڵام لـەبیـری نەکەی
خۆر بەخـشندەو پـێزانە
چونکە ھاوڕێی ھەموانە
دەیبەخشێ تیشکی زێڕین
بۆ ناو ئاسمان و زەمین
دەنگی دایکم بەگوێم ھات
وتـی ڕۆڵـە خــۆرھـەڵھات
کـاتـێ چـاوم کــردەوە!
ئینجا زانیـم کـەخـەوە.


ڕۆژی منداڵان

ڕۆژ ڕۆژی منالانە
مافی ڕەوای خۆمانە
بۆئەمڕۆژە پەرۆشبین
چەپلە لیدەین دڵخۆشبین
ئەمڕۆ ڕۆژی قاقایە
گۆرانی ومۆسیقایە
فیستیڤاڵیک سازدەکەین
دڵمانی پێشاد دەکەین
نواندنی سەرشانۆ
زۆرجوانە لە من وتۆ
بیرۆکەی شانۆی ئەمساڵ
ناودەنێین مافی مناڵ
بەبەهرەوخولیای خۆمان
بەسەردەبەین ئەمڕۆمان
زیرەکیمان دەنوێنین
گەورەوبچوک دەدوێنین
ئەمڕۆ ڕۆژی منالانە
مافی ڕەوای خۆمانە
بۆئەمڕۆژە پەرۆشبین
چەپڵە لێدەین دڵخۆشبین.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish