Skip to Content

بێ ناونیشان … فەرەیدوون سامان

بێ ناونیشان … فەرەیدوون سامان

Closed
by ئه‌یلول 17, 2019 General, Poems

سڵاو گوڵی غوربەت
لەدوورەوە
بۆنت دەکەم
بۆنی عیشق
هەناسەی ئاسوودەگی ژیان
خەمی نەگەیشتن بە دیدارت
بە دیداری ئەو چاوانەی پڕن
لە سۆزی عاشقێکی سەرگەردان
لەخەمی باوەشی گەرمی
میهرەبانی تۆ…
کوانووی گڕی عیشقی ئاگرینم
لەنێو سەهۆڵبەندانی چاوەروانیدا
دەبن بە خۆڵەمێش…

جار جار دەبیتە بارانی رەحمەت
جارجاریش گێژەلووکەی نەفرین
کە پشت لە یاسای عیشق دەکەی
مەرگ دەبێتە ناسنامەی ژین…

کەی باران
لە تەڕ بوونی من و تۆدا پەژیوان بوویەوە
شەپۆل لەکەنار هەڵگەڕایەوە
شەرع و یاساکانیش لە من و تۆ…
لەو ونگەیە
کە تۆم ناسی
لەنێو هەورە تاریکەکاندا
بەدوای ئاسۆیەکی تردا گەڕام
رەنگەکان شێوەیەکی تر
خۆیان نواند…
رۆژانێك بوو
لە نێو چاوەكانی تۆدا
بەدوای رەنگێكی تردا گەڕام
خۆم لێ ون بوو
درەنگ زانیم پیاڵەیەک ژەهری پەژیوانیم نۆشیوە
ئاخر عیشق وێڕای وەهمێک
خەیاڵێکی سەرشێتانە…
چی بە شاعیر بەخشیوە؟

فەرەیدوون سامان

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish