Skip to Content

مه‌نسور حكمه‌ت  یۆران گردیر … وه‌رگێرانی له‌ سویدیه‌وه‌: كاوه‌ كه‌ریم

مه‌نسور حكمه‌ت یۆران گردیر … وه‌رگێرانی له‌ سویدیه‌وه‌: كاوه‌ كه‌ریم

Closed
by ئه‌یلول 20, 2019 General, Literature

** ئه‌م نووسینه‌ به‌شێوه‌ی په‌خشانه‌ شیعرێك له‌لایه‌ن نووسه‌ر و شاعیر و رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی سویدی” یۆران گرەیده‌ر”ەوه‌ نووسراوه‌ له‌ دوای كۆچی مه‌نسوور حكمت كه ‌له‌ كتێبی دیوانه‌ شیعره‌كه‌یدا ”نامه‌كه‌ی یاكۆب” چاپكراوه‌ .. وه‌ من هه‌وڵم داوه‌ وه‌ڕگێرانه‌كه‌ی وه‌كو خۆی بكه‌م، ته‌نانه‌ت شێوه‌ی نووسینه‌كه‌شی.هه‌رچه‌نده‌ شێوه‌ی نووسین و ده‌ربڕینی یۆران جیاوازه‌ له‌ نووسه‌ره‌كانی تر ، كه‌ كاری وه‌رگێرانه‌كه‌ی بۆ كوردی كه‌مێ سه‌خته‌ . هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت لێره‌دا سوپاسی كاك سلیمانی قاسمیانی بكه‌م‌ كه‌ پێداچوونه‌وه‌ی به‌ وه‌رگێرانه‌كه‌و تێكسته‌كه‌دا‌ كرد .

مه‌نسور حكمه‌ت

( تۆ و من و‌ هه‌موو ئه‌و ملێون كه‌سه‌ی كه‌ خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ ئازادی، یه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی و‌ دژی ئیمپریالیزم وبه‌ربه‌رێتی ئیسلامی سیاسی و ده‌سەلاته‌ تاوانباره‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كایان، له‌به‌رچاویان بوونمان نییه‌ له‌م دنیایه‌دا. ئێمه‌ كه‌ به‌ وه‌حشیانه‌ترین شێوه‌ ده‌چه‌وسێینه‌وه‌، زیندانی ده‌كرێین و له‌سێداره‌ ده‌درێین بوونمان نییه‌).

مه‌نسور حكمه‌ت، له‌ ته‌مه‌نی په‌نجاو یه‌ك ساڵیدا
له‌ رۆژێكی هاوینی ساڵی ٢٠٠٢،
له‌ له‌ندن به‌ شیرپه‌نجه‌ كۆچی دوایی كرد،
له‌لایه‌ن خۆشه‌ویستەکە‌یەوە ئازه‌ر ماجدی و خێزانه‌كه‌ی پرسه‌ی بۆگیرا و له‌ ماڵپه‌ره‌كه‌ی ئەم داویین په‌یامە دانرا بە چەند وشەی دڵنیاكه‌رانه‌ لە گورانییه‌كی “جێترۆ تول” :
” ئاسمان لە ڕووتدا نووسرابوو”

من هەرگیز به‌ تۆ نه‌گه‌شتووبووم
جگە لە نامیلكه‌یه‌كی ته‌نكی زه‌رد نەبێت کە کەسێکی نەناسراو بۆی ناردبووم
ئەویش ماوەیەکی زۆر دەست لێنەدراو لەبیرەوەچوو
بە وەرگێرانێکی کەمێک ناتەواو له‌ فارسیه‌وه‌.
سەرەنجام شیکردنەوەکانتم خوێندەوە
له‌ سەر تیروری ئیسلامی و
شەڕی بە هەمان ئەندازە بەربەرییانەی دژبە تێرۆر.

تۆ لات وابوو ئەم دووانە لە یەک دەژین
تۆ هەردوو بەرەت سەرکۆنە کرد
بە ناوی بڕوای کۆمۆنیستیت
بە ناوی خەونە رادیکاڵەت بۆ خۆرهەلاتی ناوەراستێکی جیاواز
ڕزگاربوو لە چنگ گەندەڵیی سیاستمه‌داره‌كان، مەلاکان، ئایەتووڵڵا دەنگ نووساوەکان، ژنکوژەکان، خۆکوژە بۆمب لەخۆبەستەکان،
ئەوانەی کە بێهیوایی و بێدەسەڵاتی هێناونییە ڕوو
یان مەسەلەی چارەسەرنەکراوی فەلەستین
کە سێبەری بەرینی خۆی هەڵدەکێشێ هەتا “بالی” لە ئه‌نده‌نوسیا”

وەک هێزێکی گەورەی پاڵپێوەنەر
تۆ سەرکوتگەریی بەرینی دەسەلاتدارانت لەم ناوچەدا ناساند
ناوچەیەک کە هەرگیز شانسی پێشکەوتوویی و مۆدێرنیزمی پێنەدرا،
شانسی ئەوەی کە مرۆڤ وەک مرۆڤ بژی،
له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بنه‌ قوربانی
ئەمپریالیزمی ئەمەریکی و
ئامرازە ئیسلامییە خوازراوه‌كه‌
بۆ خنکاندنی هەر هەولێکی
جوولانەوەی کرێکاری.

تۆ له‌ ئێران گه‌وره‌بووی و خوێندت،
لە سەرەتای هه‌فتاكاندا رۆیشتی بۆ له‌ندن
له‌وێ ورد بوویتەوە له‌ خوێندنه‌وی ماركس

  • بریا منیش بمتوانیایە لێی بەشدار بم –
    ماركسی رادیكال، ئۆمانیست، ئانتی‌ ئیدیۆلۆگ.
    تۆ یه‌كیتی سوڤیه‌ت و چین، رۆمانسی جیهان سێیه‌می، تروتسكیزم ، سوسیال دیموكراتی، هه‌موویانت ره‌تكرده‌وه‌ :
    ده‌مویست بمزانیایه
    ‌چیت ڕاگرت و لە قوولاییدا بە چی گەیشتی؟

وابزانم دوایی گه‌رایته‌وه‌ بۆ ئێران
دواتر رووتکردە ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی كوردستان
كاتێ ئاخونه‌ده‌كان به‌ته‌واوی ده‌سەلاتیان گرته‌ده‌ست و ڕەشبگیرییەکانی‌ ٢٠ی مانگی حوزیه‌رانی ١٩٨١ بەرانبەر به‌ ٣٠ی خوردادی سالی ١٣٦٠ ده‌ستی پێكرد
كه‌ به‌ دوایدا قه‌تل و عامی سوسیالیسته‌كان
رەخنەگران لە دەولەت، هەلسسووراوانی نەقابه‌ و رێكخراوه ‌جەماوەرییەکان، مانگرتووه‌كان:
بە دەیان هەزار کوژران لە چەند رۆژ و چەند هه‌فته‌دا.

تۆ یه‌كێك بووی له‌ دامه‌زرێنه‌رانی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ئیران
كه‌ من هیچ له‌باره‌یەوە ‌نا‌زانم
جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێ یەکێک له‌و جولانه‌وه لاواز و ناتەواوانە بێت
کە تەنیا ڕووناکییەکن له‌ناو ئەم تاریكستانە چڕە دا.
زمانی مه‌كتب سیاسی له‌ پرسه‌ی تۆدا هه‌ڵگری ئەو وشانە بوو کە جووڵە لە مرۆڤ دەبڕێ.

به‌ چه‌ند رێگای جیاواز تۆ گه‌رایته‌وه‌ بۆ له‌ندن.

به‌لام كۆمونیزمی تۆ بەرچاوی ڕوونتر كرده‌وه‌
له‌ مەیدانی شەڕی تێرور ودژه‌ تێرۆردا

خەونەکەت بۆ کۆمەڵگایەکی سێکولار
كه‌مێ ئه‌سپایی هه‌ڵده‌گرێ و
هەڵگری مەندییەکی لە بەرچاوە
وتووێژەکانت مەندیی مناڵیکی خەوتوو دێنێتە بەرچاوم
کە له‌ ناته‌بایه‌كی قووڵ دایه‌ له‌گه‌ل كۆمونیستی خیتابیدا
كه بەداخەوە دەڵێی تاكه‌ شتێکه‌ كه‌ ماوه‌ له‌ دونیایەک دا
كه‌ رێگە نادات به‌هیچ ریفۆرمێكی هەڵقولاو لە ژێرەوە.

به‌ڵێ، لە رۆژنامەکانا خوێندمەوە
له‌سه‌ر‌ خەباتی ژنانی ئێرانی له‌ سوید دژ بە توندوتیژی نامووسی
کە تۆ زۆر جار نموونەیانی
به‌ وێنه‌یه‌كی گەورە لە رۆژنامەیەکدا تۆم بینی
لە پشت سەری “پەروین کابولی”یەوە
چالاكه‌وانی مافی ژنان له‌ یوتۆبۆری و ماموستای داینگه‌‌ له‌ گەرەکی “به‌ریشۆن”.

له‌ شه‌وێكی ئوكتوبه‌ردا
كاتێك لە گشت نووسینەکانت تەنیا ئەو نامیلكه‌ بچكۆله‌كه‌تم خویندەوە کە به‌رێكه‌وت گەیشتبووە دەستم
بیرم بەرز فڕی و هەڵکشا بە سەر ‌تاقیکردەنەوە گەورەکەی رووناکبیری چەپی وەکوو من بە ویژدانی پڕ لە ئازارەوە:
چاوپۆشی کردنی زیادڕه‌وانه‌
لە ئامڕازی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكی
ببوره‌ له ‌ئامڕازه‌كه‌ی تری تیرور

  • واتە “پیشەسازی بەرینی دین” وەک تۆ دەڵێی –

ئەوسا کتێبەکەی یوحەنا، لە ئینجیلی نوێم له‌بیر نەبوو کە بە ناو تێرۆری ئیلاهییەکەیدا پیاسەم دەکرد.
به‌ڵی ، من به‌رده‌وام بووم له‌گوێگرتن لە زرمەی چه‌كوشه‌كان
نا، نه‌خێر، من سوفییەکانیشم بە تەواوی وەلانەنا،
به‌لام لە پڕ تێگەیشتم ئەوان چی بوون و چین:
دەنگی خۆشی تێکهەڵچوونە کۆمەڵایەتییەکان
له‌ كه‌نار دەسەڵاتی زه‌به‌لاحی وه‌ستاوی هه‌زار ساله
به‌لام ئەوان چیتر ڕێپیشانده‌ر نین‌
له‌م كۆمه‌لگای پڕ لە بیابانی سووتینەر، سه‌رمایه‌داری،
دیموكراسی ناته‌واو، چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی.

“دونیا دوای ١١ سپته‌مبه‌ر، هەڵسان و داکەوتنی ئیسلامی سیاسی”
ناونیشانی نامیلكه‌ ته‌نكەکەتە..
بە رێكه‌وت گەیشتە ده‌ستم لە سالی ٢٠٠٢دا، تێرۆر و تێرۆری دەوڵەتیی
له‌وانه‌یه‌ ئەم نامیلکە وەکوو تاکە نووسراوەت بمێنێتەوە کە خوێندوومەتە‌وه.‌
تۆ كۆچت كردووە و تاڕاده‌یه‌ك كه‌س لێره‌،
لێره‌ كه‌ من لێ ده‌ژیم كه‌م ده‌تناسن و بیرت ده‌كه‌ن
ناوی راسته‌قینه‌ت “ژوبین رازانی” یه‌.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish