سلێمانیی و پاپارازییەکانی کوردایەتیی، بەشی سێیەم و کۆتایی لە ( سلێمانیی، پایتەختی جەهلی کوردایەتیی)


کامیار سابیر

لەناو پاپارازییەکانی ( پاپاراتسی= رۆژمانەنووس و وێنەگری رۆژنامەنووس) کوردستاندا بە گشتیی و سلێمانیی بە تایبەتیی، موناجاتێکی زۆر بەریین هەیە بۆ کوردایەتیی دەکڕوزێنەوە، بۆ خەبات و قوربانییەکانی گەلی کورد خۆیان دەڕننەوە، دەنوزێنەوە کە ئەم حیزبانەی کوردستان، حیزبایەتیی و دزیی دەکەن، کوردایەتیی ناکەن! شیین و موناجاتی ئەوە دەکەن کە ئەم حیزبانەی رێبازی! ئەم جۆرە کوردایەتییە، ناسیۆنالیست نیین و دەبێ حیزبی نەتەوەیی! رەسەن هەبن ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرن و کوردایەتیی راستەقییییییییییییییییییییینە بکەن. هەروەها هەندێ ئەکادیمیستی مۆب و بازاڕیی هەن، پێیانوایە ئەوەی تا ئێستا بووە لە مێژووی سیاسیی کورددا، شتێک نییە ناوی ناسیۆنالیزم بێت، بەڵکو ناسیۆنالیزم زۆر بە پاکیی و جوانیی وێنە دەکەن و پێیانوایە، پاسۆک، پارتیی، یەکێتیی، دێمۆکراتەکانی کوردستانی ئێران و تاد، ناسیۆنالیزمیان نەکردووە بە مەنهەجی سیاسیی خۆیان، بەڵکو ناسیۆنالیزم و کوردایەتییان، ناشیریین کردووە؟
ئەم جۆرە نووسەر، سیاسیی و چالاکوانە پاپارازییانە پێیانوایە، بزوتنەوەی سیاسیی کورد، ناسیۆنالیزمی راستەقیینە و رەسەنی نییە، پێیانوایە پارتیی و یەکێتیی، گۆڕان و نەوەی نوێ، سۆشیالیست و وردەواڵەکانی تر، کۆمەڵ و یەکگرتوو، حشع و چەپەکان، کوردایەتیی جەوهەریی ناکەن، بەڵکو کوردایەتییەکەیان درۆزنانەیە، یان خەریکی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم و کۆمیونیزم دەبن و کوردایەتیی خالیص بەهەند وەرناگرن. هەندێ لەو نووسەرانەی کە لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتدا بەیەکدا هاتن و یەکترییان بە ژۆرناڵیستی سیاسیی و پاپارازیی سیاسەتمەدارە فاشیلەکانی کوردایەتیی تۆمەتبار دەکرد، ئێستا خەریکی خورافەیەکی ئەکادیمیی و نەژادیین کە پێیانوایە لە منداڵدانی ئەم کوردایەتییەوە، پێویستە بناغەی ناسیۆنالیزمی مەدەنیی، دابڕێژرێ و هەمان بەزم و رەزمی کوردایەتییە چەپەکە( جەلالییەکان و ناسیۆنالیزمە مەدەنییەکەیان) و کوردایەتییە راستڕەوەکە( خێڵی موصطەفا بارزانیی)، دووبارە دەکەنەوە.

لە راستییدا، تەواوی ئەو حیزبانە و ئەم جۆرە نووسەر و رۆشنبییرە نەتەوەییانە، بە فۆرم و جۆری جیاواز، خزمەتی چەتەگەرییە ئابوورییەکەی کوردایەتیی دەکەن و زۆربەی هەرە زۆریشیان، وەکو رەعییەتی سیاسیی پارتیی، دوای گەورەتریین حەماقەتی سیاسیی کەوتن لە ریفراندۆمە موخابەراتیی و مورتەزیقەییەکەدا. لە لێکدانەوەی ١٦ی ئۆکتۆبەریشدا، بە مەکتەب سیاسییەکانی یەکێتیی و کادیرە رانتخۆرەکانی یەکێتییشەوە، بەوانەی رەخنەی فۆرماڵیی زۆریان لە پارتیی و بارزانیی هەیە، بەڵام لەگەڵ جەوهەری ناسیۆنالیزمی کوردییدان، هەموویان بووقی تەخوینکردنەکەی پارتییان لێدەدا کە لە واقیعدا، مەرجەعی ئەصیڵی کوردایەتیی و شادەماری کوردایەتیی، هەر خۆیانن.

ئێستا کۆمەڵێ پاپارازیی ئەکادیمیی تر پەیدابوونە، زۆربەیان لە قەومچییەکانی سلێمانیین، لە کوردستان و لە هەندەرانەوە، صەدایان هەیە، لە پاپارازییە نەتەوەییە عەوامەکان خۆیان جودا دەکەنەوە و بەهەموو هێزی فیکریی و ئەکادیمیی خۆیانەوە، دەیانەوێ فۆرمێکی لیبراڵیی و مۆدێرن لە ناسیۆنالیزم کە لە تێکستی هەندێ سکۆلاری رۆژئاواییەوە، کۆپی و پەیستیان کردووە( ناسیۆنالیزمی مەدەنیی)، لەبەرامبەر فۆرمە عەشایەریی و چەتەگەرییەکەی کوردایەتییدا، بە مەغزی کوردایەتیی خۆیان، فۆرمەڵەی دەکەن و کاری ئێثێتیک( جوانناسیی) بۆ ئەم خورافەیەی مەغزی نەژادپەرستییان دەکەن. دەیانەوێ سلێمانیی لە جۆرەکانی تری ناسیۆنالیزم، پاکسازیی بکەن و بە هیوای ئەوەن لە سلێمانییەوە، رەشەبای ناسیۆنالیزمی مەدەنیی، بگات بە هەولێر و بازرگانە سیاسییەکانی کوردایەتیی، بە ئوستاذە ئەفەندیی و باڵە چەپ و لیبڕاڵییەکەی خورافەی ناسیۆنالیزمی نەژادیی-مەدەنیی، بگۆڕن.

ئەمانە زۆربەیان لەو نووسەر و کادیرە تۆراوانەی گۆڕانن کە لە خوار گردەکەوە، لەگەڵ کۆمەڵێ سیاسیی هەشتاکاندا، دەیانەوێ تەحالوفێکی تر دروست بکەن و جارێکی تر گەنجانی کوردستان بە درۆی کوردایەتیی( بە فۆرمێکی نوێوە) هەڵخەڵەتێننەوە، گوایە دژایەتیی دەسەڵاتی کوردیی و گرووپە مافیاکانی دەکەن، بەڵام زمانیان بە بڕیین دەچێت ئەگەر بڵێن دژایەتیی کوردایەتیی دەکەین، چونکە خۆیان بە خاوەنی گوتاری رزییوی کوردایەتیی دەزانن و بەم ئاخیری عومرەیانەوە، بەهەموو عەقڵی پڕی ئەکادیمییانەوە، پێیانوایە ئەم عەصا سیحرییەی کوردایەتیی لە پارتیی و لە یەکێتیی، لە کوڕانی نەوشیروان موصطەفا و لە حیزب و رێکخراوەکانی تر دەسەننەوە و خورافاتە نەژادیی و طائیفییەکانی کوردایەتیی، بۆ سەر رێگەی راست، بەرێدەخەنەوە و شل و مل، خڕ و وڕ، بە ئیستیحماری زیهنیی، تووشی کەرەکەر بوونە و شیعاری ناسیۆنالیزمی مەدەنیی دەچڕن و خەریکیی خورافەی دەوڵەتی کوردیین، بەڵام جورئەتیش ناکەن، خۆیان بە خاوەنی بزانن و دەڵێن هێشتا کاتی نییە؟

مێژووی سلێمانیی، لە صەدان ساڵی رابردوویدا، لە ژێر هەژموونی عوثمانییەکاندا بووە( بەدەر لە هەندێ تەمەڕودی کاتیی هەندێ لە مییرە کوردەکان و ئیمارەتەکانیان، لە عوثمانییەکان(، قسەمان تەنیا لەسەر صەد ساڵی رابردووە. سیاسیی و نوخبە لۆکاڵییەکانی ئەم شارە، هەمیشە شانازیی بە لووتبەرزیی و خۆهەڵنانی نەتەوەیی و نەژادیی خۆیانەوە دەکەن و ناز بەسەر شارەکانی تری کوردستاندا دەکەن.
خۆیان دەهێننن و خۆیان دەبەن، دەگەڕێنەوە بۆ شانازییکردن بە تەمەڕودە ئاغاواتیی و ستەمکارییە شێخنشیینییەکەی شێخ مەحمودەوە و بە دروشمی شاعیرانەی مەلیکی کوردستان، دەیانەوێ سیمبۆڵیزمی سیاسیی و کولتووریی سلێمانیی، بڵند رابگرن. دوای ئەوەی ئیمپراتۆریای عوثمانیی بەرەو فەنابوون دەچوو، بۆ ئەوەی پاشماوە و کەلاوەی ئەو ئیمپراتۆریایە کەمێک بە هەیبەتەوە بمێنێتەوە، تورکە ناسیۆنالیستەکان، فۆرمی سیاسیی نوێیان بۆ تورکیا دیزاین کرد و ویستیان لەگەڵ ئاڵمانیادا، دژایەتی فڕانسیی و بریتانییەکان بکەن. ناسیۆنالیزمی عوروبیی، سوودی لە کەلێنەکان وهاوکێشە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان وەرگرت و دژایەتیی خۆی بۆ عوثمانییەکان، بۆ تورکیای نوێ و ناسیۆنالیزمی تورکیی راگەیاند. لەبەرامبەردا ئەگەر لە کوردستانی جنوبیی ئەوکاتدا، کورد فۆرمەڵەی سیاسیی ناسیۆنالیزمەکەی لەباری عەسکەرییەوە جێکەوت بکەیت، دەبێ دەست بۆ تەمەڕودەکەی شێخی بەرزنجیی بەریت.

رێک بە پێچەوانەوە، شێخ مەحمودی مورتەزیقە، بە دەست لە پشتدانی عوثمانییە نوێکانی ئەو سەردەمە( ناسیۆنالیزمی تورکیی)، وەکو عەمیل و چەتە، وەکو مورتەزیقەیەکی ئیقلیمیی، سەرپەرشتیی فورسانە چەتەکانی کوردی کرد و بۆ شەڕکردن لەگەڵ بریتانییەکاندا رووئام لە شوعەیبییەی عێراق، کرد . رێک وەکو حەماقەتی ریفراندۆمەکەی ٢٠١٧، چۆن تێکەڵەیەک لە ئەردۆغانیزم و میتی تورکیا، لۆبییە یەهودییەکان و وڵاتانی عەرەبیی سوننیی( ناسیۆنالیزمی دیینیی) مەسعود بارزانییان هەڵنا و پەمپیان دا، ئەوکاتەیش عەلیی ئیحسان پاشا، والیی ویلایەتی موصڵ، پەمپی شێخ مەحمودی دەکرد و قەولی ئیعتیرافکردنی پێدابوو، بۆ ئەوەی باشتر شەڕی کافرەکان( بریتانییەکان) بکات!

پاش صەد ساڵ لە خۆگیڤکردنەوەکانی شێخ، شاری سلێمانیی تا ئەم ساتەیش نەیتوانیوە تەنانەت لەناو قالۆری ئەم حکومەتە دز و مافیایەی میلیاردێرەکانی کوردایەتییشدا، جێ پێیەک بۆ خۆی دابنێ و بە تەواویی تەریک کەوتووە. ئەم ئینتێگرەیشن نەکردنەی سلێمانیی لەگەڵ دەوڵەتێکی صەد ساڵەی وەکو عێراقدا، لەگەڵ دزە گەورەکانی کوردایەتیی و هەژموونی قەڵەمڕەویی ماڵی بارزانییدا، بە پلەی یەکەم خەتای ئەو خۆفشکردنەوە نەتەوەیی و نەژادییەیە کە شێخ، ئاوەکەی رژاندووە. لە کاتێکدا شێخ، عەمیلی تورکەکان بووە و بە پارە و ماڵی ئەوان ئەو عەمالەتەیان رۆناوە. بە هەمان شێوەیش، تەمەڕودەکەی ئەیلول، عەمالەتێکی ئیقلیمیی و دەسگا موخابەراتییەکانی جیهان بوو، کەچیی نوخبەکانی سلێمانیی، شانازیی بە رۆحی کوردایەتییەکەی سلێمانییەوە دەکەن کە داینەمۆی هەردوو ئەم چەتەگەرییەیە، بووە. نوخبە نەژادییەکانی سلێمانیی، پاش صەد ساڵ لە حەماقەتی سیاسیی، فیکریی، مەعریفیی و مێژوویی، هێشتا کەرەکەری ئەوە دەکەن کە سلێمانیی پایتەختی جەهلی کوردایەتییە و دەبێت لە سلێمانییەوە، بناغەی دەوڵەتی کوردیی بە پارادایمی ناسیۆنالیزمی مەدەنیی، رۆ بنرێت؟

لە دە ساڵی رابردوودا، سلێمانیی و گەرمیان، دوو بزوتنەوەی سیاسیی بە خۆیەوە دیت. گۆڕان ئەوەی لێ بەرهەمهات کە زۆریینەی قیادییەکانی بەهۆی غوبن و رەدفیعلەوە بەرامبەر نەوەکانی جەلالیزمی ناو یەکێتیی، وەلائی موخڵیصیان بەلای مەرجەعی خورافیی ماڵی بارزانییدا گۆڕیی و بە هەزار و یەک شێوە، بەرقییەی پیرۆزبایی بۆ فەخامەتی عولیای کوردایەتیی دەنێرن. کار بە شوێنێک گەیشتووە کە ئێستا گۆڕان، رۆڵی پرۆکسی( proxy) بۆ پارتیی دەبینێت و پارتییش بەهەموو هێزی خۆیەوە، لیستی خوازروای خۆی لە خانەی راپەڕاندنەکەیدا، جێکەوت دەکات. واقیع ئەوەیە، رۆژێک ئەم گۆڕانە کۆتایی پێ بێت بە قازانجی شەقامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستانە. هەرچیی نەوەی “نوێ”شە، پارەگرافێکی سیاسیی و فیکریی بۆ تەحەداکردنی ئەم چەتەگەرییە ئابوورییە نییە، جگە لە کۆمەڵێ ریتۆریکی سیاسیی، خورافاتی لیبڕالیزم و سەرگەرمیی بە پۆپۆلیزمەوە. دۆخێکیان هێناوەتەوە ئاراوە کە حیزبەکەیان کردووە بە کۆمەڵەی خێرخوازیی سەرمایەدارەکان کە جادە و شەقامەکان بۆ خەڵک چاک دەکەنەوە.

حیزبێک لە هەموو پەیامێکی سیاسیی، ئابووریی و کولتووریی خۆی دابڕیبێت، خەریکی چاڵ پڕکردەنەوەی شەقامەکان و پاککردنەوەی تۆنێلەکان و دروستکردنی پرد بێت، لە پەنای کۆمەڵێ شیعاراتی پۆپۆلیزمەوە، مەعلومە سەر بۆ کوێ دەکوتێت؟ هاوکات، حیزبێک لەیەکەم تەجروبەی سیاسییدا خۆیدا فەشەلی هێنا و ئەندام پارلمانەکانی ئەوەندە چاوچنۆک و لەبرسامردوو بوون، لە پێناو پارەدا، لە پێناو ئەوەی پارە بە حیزبەکەیان نەدەن، خۆیان کردەوە بە مێدیاکانی دەوڵەتی رەیعیی و مێدیا سێبەرەکانی ئەردۆغاندا و بۆ خاڵی صفر لە ئیفلاسی سیاسیی و لە بێ ویقاریی سیاسیی، گەڕانەوە. تەجروبەیەک لە سەردەمی جەلالیزم و مەلاییزمەوە، حیزبێک بەو شێوەیە بۆ بیزنس دروست نەکراوە و سیاسییەکانیشی ئەوەندە بە عەلەنیی وەلائی خۆیان بۆ پارە و پارە و پارە، ساغ نەکردووەتەوە.

بە کورتیی، هەر دەستبردنێک بۆ دروستکردنی حیزبێک یان لیستێکی سیاسیی بۆ پارلمان، چارەنووسی پڕ لە فەشەلی گۆڕان و نەوەی نوێی دەبێت، چارەنووسی فەشەلی ئەو ئیسلامیی و کۆمیونیزمەی( شیوعییەتەی) دەبێت کە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، قاچی هەموویان خزایە ناو زێرابی ئەو چەتەگەرییە ئابوورییە سیاسییەی بە کوردایەتیی و دەوڵەتی کوردییەوە بەستراوە و لە ئیستیحماری ریفراندۆمیشدا، بە لووتکەی حەماقەی سیاسیی خۆی گەیشت. بە دڵنیاییشەوە، چارەنووسی ئەو جەلالیزم و ئەو ناسیۆنالیزمە چەپەی دەبێت کە لە شەستەکانەوە دەڵێن ناسیۆنالیزم لە دەست خێڵ و عەشیرەتی بارزانیی دەسەنیینەوە و خۆمان رابەرایەتیی دەکەین! هەمان بالۆرە، ئەکادیمیستە نەژادپەرستە خەجولەکانی کورد، ئیدامەی دەدەنێ و بە لوقاحی (گێڵنەر,سمیث، ئەندەرسن- ثیۆریستەکانی کایەی ناسیۆنالیزم، بۆچوونەکانی هانا ئارنێت و فۆکۆ) دەیکوتن و لە بازاڕی پڕ لە طاعونی نەتەوەپەرستیی دەکەنەوە و بە خەیاڵی خۆیان، سەری سلێمانیی پێ بەرز دەکەنەوە.

بۆ ئەوەی سلێمانیی، پاش صەد ساڵ لە تەجروبەی تاڵی تەمەڕودی نەتەوەیی و نەژادیی، بە ئاگا بێتەوە، پێویستە سیاسییەکانی، حیزبەکان و نوخبەکانی سلێمانیی و دەوروبەری، گوتارێکی جەرییئانە و پڕ لە روئییەی سیاسیی و تەیارکراو بە روئیای ستراتیژیی، بییر لە ئاڵتەرناتیڤێک بکاتەوە، رێک پێچەوانەی گوتاری جەهالەت وعەمالەتی کوردایەتیی، بێت. دەبێ لە پایتەختی جەهلی کوردایەتییەوە ببێ بە خاوەنی گوتاری نیشتمانیی، پێکەوەژیان و ئاشتەوایی، دەبێ بییر لە دەوڵەتی هاووڵاتیی و خۆئینتێگرەیشن، لە ناو سیستەمی سیاسیی و ئابووریی عێراقدا، بکاتەوە. تا ئەو کاتەی دەوڵەتی ئێستای عێراق( لە دوای ٢٠٠٣)، حوکمی کانوونیی و ستاندەردی جیهانیی هەیە، پێویستە مامەڵەی عەقڵانیی و واقیعیی لەگەڵ بەغداددا بکرێت.
بە عەمەلییش دەبێ کار بۆ ئەوە بکرێ، مەلەفی نەوت و غاز لە دەست ئەم دز و پیاوکوژانەی کوردایەتیی بسەنرێتەوە و تەسلیم بە بەغدا بکرێتەوە. هەر حیزبێکی تریش لە کەلاوەی کوردایەتییدا لە دایک بێت لە شاری سلێمانییەوە، ئەوە چارەنووسی هەمان چارەنووسی ئەو گۆڕانە دەبێ کە ئێستا پرۆکسیی پارتییە، چارەنووسی ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێستا شەریکێکی خەجولی پارتییە.
چارەنووسی ئەو حیزبانە دەبێت کە لە ترسی تەخوینی کوردایەتیی، خۆیان لە کون ناوە و بە دزییەوە بەیعەت بە فیرعەونەکانی کوردایەتیی دەدەن. عێراق، چەند گەندەڵ و طائیفیی بێت، خاوەنی حەشدی میلیشیایی بێت، هێشتا دەیانجار ستاتۆکەی لە حوکمی ئەم پیاوکوژ و میلیشیاییانەی کوردایەتیی باشترە. تا سلێمانیی، مۆڕە لە بەغداد بکات، ئەوە هەموو بۆڵەبۆڵە نەتەوەیی و نەژادییەکانی، دەچێتەوە ناو باراشی چەتەگەرییەکەی پارتیی و ماڵی بارزانییەوە. پارتیی و بارزانییش بە شەکرۆکەی دەوڵەتی کوردیی و خورافەی ناسیۆنالیزمی کوردیی و بیزنسی کوردایەتیی، بۆ ئەبەد سلێمانیی، قان دەدات. ئەکادیمیستە نەژادپەرستەکانی سلێمانییش، بە گەزۆی ناسیۆنالیزمی مەدەنیی و ناسنامەی دەوڵەتی کوردیی، سلێمانیی، بەرەو تەهلوکەی زیاتر دەبەن.