Skip to Content

75 Views

كچه‌ نیگار كێشه‌كه‌- به‌شی دووه‌م .. نوسینی: ئه‌حمه‌د كامه‌ران

كچه‌ نیگار كێشه‌كه‌- به‌شی دووه‌م .. نوسینی: ئه‌حمه‌د كامه‌ران

Be First!
by September 24, 2019 General, Literature
image_print

به‌یانیه‌كه‌ی كه‌ له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستام, به‌ڵام به‌یانیه‌ك له‌ ساڵێكی نوێدا, په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م كرده‌وه‌ و به‌دیار ته‌ماشاكردنی ئاسمانه‌وه‌ , وێنه‌یه‌كی ئه‌و ڕۆژه‌م كێشا,وه‌ هه‌روه‌ها له‌لای خۆمه‌وه‌ وتم: ته‌نها ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رواره‌كانی ڕۆژ گۆڕاوه‌, خۆ هیچ شتێكی تر نه‌گۆڕاوه‌ هه‌موو شتێك له‌جێگای خۆیه‌تی, ئه‌و ڕۆژه‌ قوتابخانه‌مان نه‌بوو ,بۆیه‌ له‌گه‌ڵ براكه‌م چووینه‌ ناو بازار بۆ خۆمان پیاسه‌یه‌كمان كردو,وه‌ هه‌ندێك پێداویستیمان بۆ ماڵه‌وه‌ كڕی, كه‌چی بینیم هه‌موو شتێك له‌ جێگای خۆیه‌تی,به‌تایبه‌تی سه‌یری ئه‌و پیاوه‌ هه‌ژاره‌كه‌م ده‌كرد كه‌ به‌به‌رده‌وامی له‌ناو بازاڕ كه‌وتبوو , كه‌چی ئێستاش هه‌ر له‌ هه‌مان شوێنی خۆی دا بوو وه‌ هیچ گۆڕانێكی له‌ ژیانی دا نه‌كرابوو, منیش زۆر تووشی سه‌ڕسورمان بووم, له‌دڵی خۆمه‌وه‌ وتم: باشه‌ ئێمه‌ بۆچی ته‌نها یادی ژماره‌یه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه‌, با بۆ جارێكیش یادێك بۆ ویژدانی خۆمان بكه‌ینه‌وه‌, وه‌ یارمه‌تی ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ بده‌ین ,ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ ده‌بێته‌ ساڵێكی نوێ , وه‌ جگه‌ له‌وه‌ش زۆر بیری میرالی هاوڕیشم ده‌كرد , دڵم زۆر له‌لای بوو ئاخۆ ئه‌و كچه‌ ده‌بێت چی بكات ئێستا له‌و ته‌نیایه‌دا, گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و باوكیشم نه‌ڕۆیشتبوو بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی, بۆ خۆی له‌ ماڵه‌وه‌ دانیشتبوو به‌ڵام ئێمه‌ی كۆكرده‌وه‌ و وتی :ئه‌مڕۆ ئه‌ڕۆین بۆ چێشتخانه‌ نانێكی ده‌ره‌وه‌ ده‌خۆین و وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا پیاسه‌یه‌كی خێزانیش ده‌كه‌ین, من و براكه‌م به‌وقسه‌ی باوكمان زۆر دڵخۆش بووین…

پاش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ چێشتخانه‌ خواردنێكی خۆشمان خوارد, به‌ڵام هه‌رگیز نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و خواردنه‌ خۆشانه‌ی دایكم كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ بۆمانی ئاماده‌ی ده‌كات, به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ خواردنه‌كه‌مان خوارد, وه‌ له‌وێ به‌ پێ كه‌وتینه‌ ڕێ بۆ خۆمان به‌ پیاسه‌كردن بۆ ماڵه‌وه‌, وه‌ به‌هۆی ئه‌و داراییه‌ كه‌مه‌وه‌ كه‌ده‌ستی باوكم ده‌كه‌وت نه‌مان توانی ئۆتۆمبیلێكی بچووكیش پێی بكڕین, هه‌رچه‌نده‌ باوكیشم به‌ ئاواتی ئه‌وه‌بوو كه‌ ئۆتۆمبێلێكی بچووك بكڕێت بۆمان بۆ ئه‌وه‌ی بمان باته‌ شوێنی جوانتر, به‌ڵام هه‌رگیز نه‌بوونی ئۆتۆمبێل خێزانه‌ ساده‌كه‌ی ئێمه‌ نیگه‌ران نه‌كردبوو,وه‌ یاخود هیچ كاتێك پێوه‌ی دڵته‌نگ نه‌ده‌بووین, كاتێكیش من و براكه‌م ده‌چووینه‌ قووتابخانه‌, هاوڕێكانی قووتابخانه‌مان بینی كه‌ زۆربه‌یان به‌ ئۆتۆمبیل له‌ پێش ده‌رگای قوتابخانه‌ ده‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌, ئێمه‌ش به‌ پێیه‌كانی خۆمان گه‌یشتینه‌ قوتابخانه‌كه‌مان, یاخود له‌كاتی باران بارین دا زۆربه‌ی جاره‌كانمان به‌ جلێكی ته‌ڕاوییه‌وه‌ ده‌هاتینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌, به‌ڵام هیچ كاتێك ئه‌م ڕووداوانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌روونی من یاخود براكه‌م درووست نه‌كردوه‌, به‌ڵكو كاتێك كه‌ باران باریوه‌ ئێمه‌ به‌ده‌م ڕێگاوه‌ به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ به‌ره‌و قوتابخانه‌كه‌مان به‌ڕێكه‌وتووینه‌, وه‌ یاخود هاتووینه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ به‌ جلێكی باراناوییه‌وه‌ دڵیشمان زۆر خۆش بووه‌, به‌ڵام ڕۆژێكیان كه‌له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ره‌و قوتابخانه‌ به‌ڕێ كه‌وتم, بارانێكی زۆر ده‌باری ئه‌و ڕۆژه‌ براكه‌م له‌ ماڵه‌وه‌ بوو نه‌ڕۆیشت بۆ قووتابخانه‌, من خۆم به‌ته‌نیا ده‌ڕۆیشتیم بۆ قوتابخانه‌ كه‌ ئه‌و كات ته‌منم یازده‌ ساڵ بوو ڕۆژێكی زۆر ناخۆش بوو بۆ من, چوونكه‌ له‌ كاتی ڕاكردنم بۆ قووتابخانه‌ وه‌ خۆ ڕزگاركردن له‌م بارانه‌ زۆره‌دا, كه‌چی به‌ربوومه‌وه‌ ناو جۆگه‌یه‌كی پر له‌ ئاو و قوراو دا, هه‌تاوه‌كو بڵێی جله‌كانم زۆر پیس بوون, به‌ڵام هه‌رگیز نه‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌, به‌ڕێ كه‌وتم بۆ قووتابخانه‌ و تاوه‌كو گه‌یشتمه‌ قووتابخانه‌كه‌م, به‌ڵام هاوڕێكانم زۆر گاڵته‌یان پێكردم, منیش هیچ خۆم تێك نه‌داو ئه‌و ڕۆژه‌ی قووتابخانه‌م زۆر به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی توانیم به‌ڕێ بكه‌م,هه‌رچه‌نده‌ش كه‌ به‌ڕێوبه‌ری قووتابخانه‌كه‌مان منی بانگهێشت كردو وتی زیلان كچم تۆ ئه‌مڕۆ مۆڵه‌تی بڕۆره‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ خۆت خاوێن بكه‌وه‌, منیش وتم: هیچ كێشه‌یه‌كم نیه‌ جه‌نابی به‌ڕێوبه‌ر من وانه‌كانم له‌ ده‌ستی خۆم ناده‌م, چوونكه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا جلێكه‌ به‌ ئاوێك خاوێنی ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌, به‌ڵام كه‌ وانه‌كانم لێ بڕوات هه‌رگیز ناتوانم جارێكی تر بیگه‌ڕێنمه‌وه‌, به‌ڕێوبه‌ر وتی :خۆت باشتر ده‌زانی كچم , منیش توانیم ئه‌و ڕۆژه‌ وانه‌كانی خۆم به‌بێ كێشه‌ به‌ڕێ بكه‌م, هه‌رچه‌نده‌ گاڵته‌یه‌كی زۆرم پێكرا له‌لایه‌ن هاوڕێكانمه‌وه‌,به‌تایبه‌تی كچێكی هاوپۆلمان هه‌بوو خۆی زۆر به‌گه‌وره‌ ده‌زانی له‌سه‌ر زۆربه‌ی هاوڕێكانیدا, كه‌ پێ وتم: بۆ باوكه‌ هه‌ژاره‌كه‌ت ئۆتۆمبیلێكتان بۆ ناكڕێت ئه‌ی داماوه‌كان, منیش پێم وت: باوكم پیاوێكی زۆر ماندووه‌ به‌ڕۆژ وشه‌و كارده‌كات ئه‌و داهاته‌ی ده‌ستی ده‌كه‌وێت ته‌نها به‌شی بژێوی ژیانی خۆمان ده‌كات ,بۆیه‌ ناتوانین شتێكی تری پێ بكڕین, ئێمه‌ش خۆ ئاره‌زوومان هه‌یه‌ كه‌ ئۆتۆمبێلێكمان هه‌بێت, به‌ڵام هه‌رگیزیش بێ هیوا نه‌بووینه‌ له‌ نه‌بوونی ئۆتۆمبیلێكدا, به‌م شێوه‌یه‌ كچه‌ خۆ به‌گه‌وره‌ زانه‌كه‌ هیچی بۆ نه‌ده‌وتراو شوێنه‌كه‌ی به‌جێ هێشت, به‌ڕاستی من كه‌سی خۆ به‌گه‌وره‌ زانم خۆش ناوێت, چوونكه‌ ئێمه‌ هه‌موومان یه‌ك مڕۆڤین, نابێت ته‌نها به‌ ئۆتۆمبیلێك یاخود به‌ سامانێك و به‌ ماڵێك , مڕۆڤه‌كان لێك جوودا بكرێنه‌وه‌ و ئه‌وی تریان خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر یه‌كێكی تر بۆیه‌ من ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌م به‌ نا مڕۆڤ دایان ده‌نێم,ئیتر به‌و شێوه‌یه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و دایكم جله‌كانی بۆمن به‌ ده‌سته‌ خامه‌كانی خاوێن كرده‌وه‌ و , منیش چوومه‌ ژووره‌كه‌ی خۆم و پێداویستیه‌كانی وێنه‌كێشانه‌كه‌م هێناو, وێنه‌ی كچێكم كرد كه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ نێو گۆمێكی ئاوه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كچه‌ش من بووم (زیلان).
ئه‌مه‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی من كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ساده‌ به‌ڕێیان ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ براكه‌م و دایكم و باوكم, به‌ڵام به‌ڕێكردنێك كه‌ هه‌رهه‌نگاوێكی بۆمن یاده‌وه‌ری و خۆشیه‌كی پێمی به‌خشی,به‌ڵام ئه‌م خۆشیه‌ی ژیانمان هه‌تا كۆتایی به‌رده‌وام نابێت ,چوونكه‌ باوكم كاتی خۆی شتێكی بۆ باس كردم ده‌رباره‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان, وتی: كچه‌ بچووكه‌كه‌م ئێمه‌ی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستداین ,وه‌ ئێمه‌یان له‌ چوار لاوه‌ گیرۆده‌ی خۆیان كردووه‌ وه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆیان یاریمان پێ ده‌كه‌ن, وه‌ هیچ كاتێك نه‌یان هێشتووه‌ ئێمه‌ به‌ئاسووده‌یی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌مان بحه‌سێینه‌وه‌, قسه‌كه‌ی باوكم ڕاست ده‌رچوو ,چوونكه‌ ڕووداوێك ڕوویدا ئه‌و ڕووداوه‌ش ناویان لێنابوو (به‌هاری عه‌ره‌بی) واته‌ ده‌ستپێكێك بۆ ڕۆژه‌ ڕه‌شه‌كانی ژیانمان,هه‌رچه‌نده‌ من كچێكی گه‌وره‌ نه‌بووم وه‌ زۆریش تێكه‌ڵی ئه‌و ڕووداوه‌ نه‌بووم چوونكه‌ من ته‌نها ته‌مه‌نم چوارده‌ ساڵ بوو ته‌نها فامم له‌لای خه‌ونه‌كانی خۆم دا بوو, به‌ڵام بارودۆخی وڵاته‌كه‌م هاواری به‌سه‌ر من دا كرد و وتی: ئه‌و خه‌ونه‌ت بخه‌ نێو گۆڕستانێكه‌وه‌ بۆ خۆت زۆر باشتره‌, منیش به‌قسه‌یم نه‌كردو وتم: من مافی خۆم هه‌یه‌و ده‌بێت ژیانێكی خۆشم هه‌بێت , ئیتر به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت من له‌ ڕووداوانه‌ تێنه‌گه‌یشتم به‌ڵام ئاسمان وه‌كو خوێنی لێ هاتبوو ,ماڵه‌وه‌مان نیگه‌رانیه‌كی زۆری تێكه‌وتبوو, وه‌ خوێندنی قوتابخانه‌مان به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك پێك نه‌بوو, وه‌ تاوه‌كو ده‌هات بارودۆخه‌كه‌ مه‌ترسیدار تر ده‌بوو, بۆ شه‌وه‌كه‌ی كاتێك چوومه‌ نێو جێگاوه‌ گوێ بیستی ده‌نگی ته‌قه‌و هه‌ڵاو هۆسه‌ بووم, منیش گوێچكه‌كانی خۆی بۆی داخست, به‌یانیه‌كه‌ی منو براكه‌م هه‌ستاین خۆمان گۆڕی بۆ قوتابخانه‌ به‌ڕێ بكه‌وین, به‌ڵام كه‌چی سه‌یر ده‌كه‌م قووتابخانه‌كه‌مان ڕووخێنرابوو, منیش ده‌ستم به‌ گریان كردوو,هاوارم كردو وتم: خوا له‌ ناوتان ببات كێ ئه‌م شوێنه‌ی منی ڕووخاندوه‌, ئه‌م شوێنه‌ ده‌رگای خه‌ونه‌كانی من بوو , بۆچی ڕووخانتان ئێوه‌ چیتان ده‌وێ له‌ ئێمه‌ بۆچی سته‌مان لێده‌كه‌ن ,ئێمه‌ چیمان له‌ ئێوه‌ كردوه‌ , براكه‌م ده‌ستی گرتم وتی: به‌سه‌ داده‌ گیان با زوو بڕۆینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ , ئیتر كه‌وتینه‌ ڕێ بۆ ماڵه‌وه‌ هاتینه‌وه‌, به‌ڵام له‌ ڕێگا كه‌سانی زۆر سه‌یرم به‌ر چاوم كه‌وت كه‌ هه‌موویان چه‌كدار بوون و سه‌یاره‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌یان پێ بوو , منیش له‌ ترسان به‌ كاكم وت ڕاكه‌ با زوو بگه‌ینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌, پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌سه‌ ترسناكانه‌ شتێكمان لێ بكه‌ن , به‌ ڵام كاتێك گه‌یشتینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ بینم باوكم له‌ماڵه‌وه‌ پاڵكه‌وتوه‌ برینێكی به‌ سه‌ره‌وه‌یه‌ , باوكه‌ گیان چی ڕوویداوه‌ چیت لێ هاتووه‌, هیچ نیه‌ كچم من باشم, نه‌خێر باوكه‌ شتێكت به‌سه‌ر هاتووه‌,من باشم كچه‌كه‌م ,به‌ڵام دووكانه‌كه‌مان وێران كراو چه‌ند كه‌سانێك هێرشیان كرده‌ سه‌ر دووكانه‌كه‌مان و هه‌موو شته‌كه‌ی نێویدا بۆخۆیان برد, باوكم زۆر ده‌گریا , ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌یه‌ وه‌كو مندالێكی شه‌ش ساڵان ده‌ستی به‌گریان كرد باوكم ساڵانێكی زۆر له‌نێو ئه‌و دووكانه‌دا بژێوی ئێمه‌ی پێ دابین ده‌كرد ,كه‌چی ئێستا له‌ چاو تروكانێكدا دوكانه‌كه‌یان بۆ وێران كردووه‌, ئێمه‌ش هه‌موومان دڵته‌نگ بووین,وه‌ گڵۆپی خۆشی له‌ نێو ماڵه‌كه‌ماندا كووژرایه‌وه‌ و گڵۆپی نا ئوومێدی و دڵته‌نگی كه‌وته‌ كار,وه‌ هه‌رچه‌نده‌ش وه‌كو ڕۆژه‌ خۆشه‌كانی ڕابردوو سفره‌كه‌مان ڕاخست بۆ نان خوردن به‌ڵام سفره‌ی ئه‌م جاره‌مان هه‌موومانی به‌خۆشی كۆ نه‌كرده‌وه‌, باوكم هیچ خوڵقی نان خواردنی نه‌بوو, وه‌ دایكیشم پاروویه‌كی بچووكی خوارد و هه‌ستایه‌وه‌ , به‌س ته‌نها من براكه‌م له‌سه‌ر سفره‌كه‌ مابووین , عیسا خواردنێكی زۆر باشی خوارد وه‌كو ئه‌وه‌ بلێیت هیچ شتێك ڕوینه‌داوه‌ , كه‌چی ڕۆژ به‌ ڕۆژ خواردنمان كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و وه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ پاشه‌كه‌وتمان كردبوو به‌ره‌و ته‌واو بوون ده‌ڕوات, هه‌رنه‌ك ئێمه‌ خه‌ڵكی هه‌موو ناوچه‌كه‌ كه‌وتنه‌ ژێر قه‌یرانێكی زۆر كووشنده‌وه‌, به‌ڕاستی تاوه‌كو ئێستا من به‌هۆشی خۆم نه‌هاتووم له‌م ڕووداوه‌ چوونكه‌ ئه‌مه‌ ڕووداوێكی ڕاسته‌وخۆ بوو كه‌به‌رۆكی هه‌موو خه‌ڵكی گرته‌وه‌, خێزانه‌كه‌ی میرالی هاوڕێم ئۆتۆمبیلێكیان هه‌بوو, كه‌چی خستیانه‌ فرۆشتن , بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیانیان , به‌ڕاستی منیش سه‌رم سوڕما, ئای خوایه‌ گیان ئه‌مه‌ چیه‌ تووشی ئێمه‌ بووه‌ته‌وه‌ ئێمه‌ ده‌بێت چ گوناحێكی قێزه‌ونمان كردبێ تاوه‌كو شایه‌نی ئه‌م ڕووداوه‌ ببینه‌وه‌, ئیتر به‌هه‌رحاڵ تازه‌ ئه‌م ناخۆشیه‌ ڕووبه‌رومان بۆته‌وه‌,ده‌بێت یان لێی ده‌ربازمان بێت , یاخود ده‌بێت كۆتاییمان پێ بێنێت و هه‌موومان له‌ناو ببات, شه‌وێك باوكم وتی هه‌مووتان خۆتان كۆبكه‌نه‌وه‌ و ئه‌م شوێنه‌ به‌جێ ده‌هێلێن, باشه‌ باوكه‌ بۆ كوێ ئه‌ڕۆین, باوكیشم وتی: ئه‌چین بۆ دیمه‌شق بۆ ماڵی (دانیالی) مامت,هه‌رچه‌نده‌ش باوكم ئه‌و برایه‌ی زۆر خۆش نه‌ده‌ویست, به‌ڵام ناچار بوو كه‌ ڕوو بكاته‌ ماڵه‌كه‌ی ,مامه‌ دانیال له‌دیمه‌شق له‌نێو سووپای سووریا خاوه‌نی پله‌یه‌كی باڵایه‌, ئه‌و ژیانی خێزانی پێك نه‌هێناوه‌ بۆ خۆی به‌ته‌نیا ده‌ژیه‌ت, ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ به‌ره‌به‌یان زوو هه‌ڵستاین و نوێژی به‌یانیمان كردوو , وه‌ باوكم ڕۆیشت ئۆتۆمبیلێك په‌یدا بكات,پاش چه‌ند كاتژمێرێك باوكم ئۆتۆمبیلێكی ده‌سكه‌وت و ئێمه‌ش هه‌موو پێداویستیه‌كانمان كۆكرده‌وه‌, به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ تایبه‌ت به‌خۆم بوون كه‌ گرنگترین شت لای من پێداویستی وێنه‌كێشانه‌كه‌م بوو كه‌ هه‌موویم له‌گه‌ڵ خۆم هێنا, وه‌هه‌ندێك له‌ پێداویستیه‌كانی ترمان به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌رزان فڕۆشتمان, به‌هه‌ر حاڵ له‌ دڵی خۆمه‌وه‌ وتم: ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ كۆتا ماڵئاوایی بێت له‌م شوێنه‌ جوانه‌, كه‌ یاده‌وه‌ریه‌ خۆشه‌كانی ڕابردووم تێدا به‌جێ ده‌هێڵم , وه‌ ڕه‌نگه‌ ئیتر ئه‌م شوێنه‌ بۆ جارێكی تر هه‌رگیز نه‌یبینمه‌وه‌, له‌ ڕێگادا بووین به‌ره‌و دیمه‌شق به‌ڵام له‌ ڕێگادا كۆمه‌ڵێك چه‌كدار وه‌ستابووم كه‌ كۆمه‌ڵێك كچ و كوڕ بوون, من و براكه‌م زۆر ترساین, به‌ڵام باوكم وتی: هێواش مه‌ترسن ئه‌مانه‌ چه‌كداره‌ باشه‌كانی وڵاته‌كه‌مانن , كاتێك كه‌ نزیك بووینه‌وه‌ لێیان وه‌هه‌ندێ قسه‌یان كرد له‌گه‌ڵمان دا, به‌ڵام قسه‌كردنه‌كه‌یان هه‌ر به‌ زمانی كوردی بوو,وه‌ یه‌كێك له‌چه‌كداره‌كان كچێكی گه‌نج بوو زۆر جوان بوو پرچی زه‌رد بوو وه‌ چاوه‌كانیشی ڕه‌ش بوو ,ده‌ستێكی به‌ ڕوومه‌تی من دا هێناو وتی: چۆنی بچكۆله‌ گیان, منیش پێم وت: باشم وه‌ دوایی ماچێكی منی كردو وه‌ به‌منی وت: هیوای به‌خته‌وه‌ری بۆت ده‌خوازم كچه‌ بچكۆله‌ بێنازه‌كه‌ی كورد,له‌وێوه‌ كه‌وتینه‌ ڕێی وه‌ منیش پرسیارم له‌ باوكم كرد, دایكیشم وتی: ئاخ له‌ده‌ستی كچه‌كه‌ی خۆم چه‌ند ئاره‌زووی پرسیاركردنت هیه‌له‌م بارودۆخه‌دا, باوكیشم وتی: با پرسیار بكات كچه‌كه‌ی من بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك بزانێت, به‌هه‌ر حاڵ باوكم باسی ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ من ده‌كرد كه‌ له‌سه‌ر ڕیگادا وه‌ستابوون, كچه‌كه‌م ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێك كچ و كوڕی كوردی ئازادی خوازی وڵاته‌كه‌مانن, كه‌جه‌سته‌ی خۆیان كردۆته‌ قوربانی له‌ پێناو ده‌سته‌ به‌ركردنی ئازادی و دیموكراسی بۆ گه‌له‌كه‌مان, كچی خۆم ئه‌م گه‌له‌ی ئێمه‌ ماوه‌ی چه‌نده‌ها ساڵه‌ به‌به‌رده‌وامی ناخۆشی و ده‌رده‌سه‌ری زۆر گه‌وره‌ ڕووبه‌روی كراوه‌ته‌وه‌,جگه‌ له‌ وه‌ كراوینه‌ته‌ چوار پارچه‌ی دابڕاو به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌ت دا , كه‌ به‌درێژایی مێژوو سته‌میان له‌ ئێمه‌ كردوه‌ و وه‌ ئێمه‌یان كردۆته‌ سووته‌مه‌نی بۆ خۆیان, باشه‌ باوكه‌ ئه‌ی ئه‌م چوار پارچه‌یه‌مانه‌ كه‌ی بۆخۆیان یه‌كده‌گرنه‌وه‌, نازانم كچی خۆم ئه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆباسی لێوه‌ ده‌كه‌ی كارێكی ئاسان نیه‌ , به‌ڵام كچم ئێمه‌ هه‌موو ڕۆژێك به‌و هیوایه‌وه‌ ده‌ژین كه‌ هه‌رچوار پارچه‌كه‌ی كوردستان بێنه‌وه‌ بۆ باوه‌شی یه‌كترو, وه‌ هه‌موومانیش له‌ژێر چه‌تری ئاڵاكه‌ی خۆمان بحه‌سێنه‌وه‌, ئیتر به‌ده‌م ئه‌م قسانه‌وه‌ ڕێگاكه‌مان بڕی و وه‌ براكه‌یشم بۆ خۆی خه‌وی لێ كه‌تبوو وه‌ دایكیشم به‌ كزی بۆخۆی دانیشتبوو جار جاره‌ فرمێسكی گریانی ده‌ڕژاند,پاش چه‌ندین كاتژمێر له‌ ڕێگادا له‌ كۆتایی به‌سه‌لامه‌تی توانیمان بگه‌ینه‌ نێو دیمه‌شق, به‌ڕاستی شارێكی زۆر گه‌وره‌ و سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جارمه‌ ئه‌م شاره‌ ببینم,به‌ڵام پێشتر دایكم و باوكم ئه‌م شاره‌یان بینیوه‌, به‌ڵام باوكم وتی: ئێستا ئه‌م شاره‌ زۆر گه‌وره‌ بووه‌,وه‌ ته‌واوی شوێنی ئه‌م شاره‌م ئێستا له‌ یادم نه‌ماوه‌ بۆیه‌ له‌شوێنێك ئۆتۆمبیله‌كه‌ ئێمه‌ی ڕاوه‌ستاند وه‌ باوكم ته‌له‌فۆنی بۆ مامه‌ دانیالی كرد كه‌ بێت به‌ شوێنمان,پێش ئه‌وه‌ی بێن به‌شوێنمان دا باوكم باسی ئه‌م شاره‌ی بۆم كرد, كچم له‌م شاره‌وه‌ فه‌ڕمانڕه‌واكانیان بڕیار ده‌ده‌ن هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر ناوچه‌ كوردیه‌كانی ئێمه‌, پاش نیو كاتژمێر ئۆتۆمبیلێكی بڵندی ڕه‌ش له‌ پێشمان ڕاوه‌ستاو وتی :سه‌ركه‌ون دانیال منی ناردووه‌, ئه‌و یه‌كێك بوو له‌ پاسه‌وانه‌كانی مامم چوونكه‌ باوكم بۆی باسكردم كه‌ مامم پاسه‌وانێكی زۆری هه‌یه‌, ئێمه‌ش له‌گه‌ڵی دا سه‌ركه‌وتین , كاتێك نزیك بووینه‌وه‌ له‌ ماڵی مامم بینیم ئۆتۆمبیلێكی زۆر و كه‌سانی چه‌كداری زۆر له‌ پێش ماڵه‌كه‌ی ڕاوه‌ستابوون, هه‌مووی بۆ پاسه‌وانی مامم له‌وێ ڕاوه‌ستابوون چوونكه‌ مامم له‌ نێو سووپای سووریا پله‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌, به‌ڵام نێوانی باوكم و مامم زۆر باش نه‌بوو نه‌م ده‌زانی هۆكاره‌كه‌ی چیه‌, وه‌ چه‌ند جارێك پرسیارم له‌ باوكم كرد به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه‌,نزیكی ده‌رگای ماڵی مامم بووینه‌وه‌ و وه‌ مامم له‌ پێش ده‌رگا ڕاوه‌ستابوو تاوه‌كو پێشوازیه‌كی گه‌رمان لێ بكات, كاتێك ئێمه‌ی بینی دڵی زۆر خۆش بوو وه‌ من و براكه‌می له‌ باوه‌ش گرت و ماچی هه‌ردووكمانیشی كرد و وتی: به‌خێربێن دوو گوڵه‌كه‌ی مامه‌, وه‌ به‌خێرهاتنیشی له‌ دایكم كردو به‌ڵام كاتێك ویستی باوه‌ش به‌ باوكم دا بكات ,باوكم ڕاسته‌وخۆ خۆی دوورخسته‌وه‌ لێی, به‌ ڕاستی نهێنیه‌كی ئاڵۆز بوو, زۆرم حه‌ز لێ بوو بزانم, به‌ڵام به‌ڵێنم به‌خۆم دابوو كه‌ هه‌ر ده‌بێت ئه‌و نهێنیه‌ی نێوان باوكم و مامم بزانم, چووینه‌ نێو ماڵی مامم به‌ڕاستی ماڵێكی زۆر گه‌وره‌ و سه‌رنج ڕاكێشی هه‌بوو, شته‌كانی نێویدا هه‌مووی ناوازه‌ بوون, به‌هه‌ر حاڵ من گرنگیم به‌و شتانه‌ دا, چووم پێداویستی وێنه‌كێشانه‌كانی خۆم هێناو , وێنه‌ی به‌شێك له‌ شته‌كانی نێو ئه‌م ماڵه‌دا بۆ خۆم دروست كرد, مامیشم دڵ خۆش بوو به‌ كاره‌ هونه‌ریه‌كانم هه‌موویانم پێ پیشان دا و وه‌ ئه‌ویش تووشی سه‌ڕسورمان بوو وتی باشه‌ بۆ من نه‌م زانیوه‌ كچی براكه‌م وێنه‌كێشێكی لێهاتووه‌, باوكیشم راسته‌وخۆ وتی: ئه‌وه‌ برازای تۆ نیه‌, به‌ڕاستی قسه‌كانی باوكم منی زیاتر تووشی نیگه‌رانی كرد, پاشان منیش به‌ باوكم وت: ئێمه‌ هه‌ر لێره‌ ده‌ژین ئیتر, نه‌خێر كچه‌كه‌م ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی تاوه‌كو تۆ و براكه‌ت ئه‌م ساڵی قۆناغی خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن و دوایی ده‌ڕۆین بۆ شوێنێكی تر,باشه‌ باوكه‌ ئه‌وشوێنه‌ كوێیه‌؟ جارێ نازانم كچه‌كه‌م , من ئه‌مساڵ كۆتا قۆناغی ناوه‌ندیمه‌ پاشان هه‌نگاو ده‌نێم به‌ره‌و قۆناغێكی نوێتر ,وه‌ برا بچووكه‌كه‌م ئه‌و ئێستا له‌ شه‌شی سه‌ره‌تایی دایه‌, من زۆر نیگه‌ران بووم بۆ براكه‌م چوونكه‌ ئه‌و له‌ هیچ شتێكی ئه‌م ڕووداوانه‌ تێ نه‌ده‌گه‌یشت هه‌ر خه‌ریكی یاریكردنی خۆی بوو, هه‌رچه‌نده‌ منیش تاوه‌كو ئێستا له‌ ته‌واوی ئه‌م ڕووداوانه‌ تێنه‌گه‌یشتبووم كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌رۆكی ئێمه‌ی گرتبوو, به‌ڵام به‌ تێپه‌ربوونی كات هه‌وڵده‌ده‌م له‌ته‌واوی ئه‌م ڕووداوانه‌ تێ بگه‌م…

درێژەی هەیە ….

2-3








Previous
Next

Leave a Reply