ناوچەی شیعر، لە »لەنێو ماساییەکان«ی پێشەوا کاکەیی‌دا … دیار لەتیف


 سەفەرێکی مەجازی جوگرافیبڕە، شیکارێکی واڵای شیعریانەی کلتوورخوێنە و لەو ڕێگەوە زەمەنێک بەرباس دەدرێ دوور کیشوەر، دەستبردن بۆ ڕیشەکانی نەریت و سازاندنەوەی مێژوو. قووڵبوونەوە بەناو ژینگە و ژیان و خووڕەوشتە میللییەکان. دەقێکی کوردی ئەفریقینووس، زمانێکی ڕەوان، پەیڤی و لە فەرهەنگێکی دێرین، لە میللەتێکی سادە ژیانکردووی سرووشتخواز.

 لەنێو ماساییەکاندا؛ ئەو گەشتە شیعرییە بان نەتەوەییەیە، کە خۆی دەکاتە هەناوی ڕۆحانییەتدا، پەیڕەو لە شێوازێکی نا لاسایکەرەوە و خوودکاری تازە داهێنراو، جۆرێک لە فۆڕم خۆی بەیان دەکات لە چەشنی پەراوێزی شیعریی، کە ئەمە هاوکات نوێکارییەکی سەربارخراوی وێژەییە.
 ئەم دەقە بزێوە درامییە؛ لە تەنیشت ڕۆچوون بە ناوکی ماساییەکانەوە، ڕەخنەیەکی توندە لە سەرمایەداریی و شێوە ژینی ئێستایی و هاوکات کەمینەیەک دێڕ بە زمانێکی گەپ، توانجدەر و قامچی وەشێن!

دووزەنەی ناونیشان لەم دەقی واڵایـەدا، چینە ڕووداوییە و گێڕانەوەخوازییە، ئەمەش تەرزە مانشێتێکی نوێسازە بەپێی مامەڵەی ڕەخنە.

چەمکی ڕوانین،
لە »منم، دیدەوانی گوڵ دەکەم«ی پێشەوا کاکەیی‌دا.

ئەى گوڵ: تۆ موحیبەتیت،
چۆن دڵم دێت ڕۆحت بکێشم؛
سەرت لە لاشە جـیا بکەمەوە و
بتکەمە قوربانى خۆم… بۆ یارەکەم.
ئیزنم بدە ئەى گوڵ…
بە خاکەوە بتگوێزمەوە بۆ لاى یارەکەم.
تا ببینێت…
دەستێکم، بە قەدتەوە بێت و
دڕکەکانیشت بە پەنجەکانما بچن و خوێناوى بێت.
دەستێکیشم، لە ژێر ڕەگوڕیشەى نێو خاکتەوە بێت.
تا تێبگات یارم کە تۆش موحیبەتیت.
ئیزنم بدە ئەى گوڵ…
دیدەوانیت بکەم و نەهێڵم کەس لە دژت بجەنگێت،
تا ئەوساتەى تەمەن یەخەت دەگرێت؛
تا خودا، پلانى مەرگت بۆ دەکێشێت.
٭

 ئەمە کڕۆکی چامەشیعرییەکەی کتێبەکەیە، گۆشە و سێنتەری نیگای هەڵێنجاوی ناوەڕۆک و بیرۆکەی بابەتی چەمکە هزرییەکەی شاعیرە.
 لەم خاڵەوە پشکنینە وێژەییەکە دەست پێ دەکات، واژەی گوڵ وەک گوزارەیەک، ڕەهەندی جوایەز دێنێتە گۆڕێ، لەوێوە کێبڕکێ و تێپەڕاندن و دەستکارییەکان و  دونیابینین دێتەئارا و بۆچوونێکی نوێ سەربار دەخرێت. واتە ئەمە ڕوانگەیەکی ترە بۆ چەمکی گوڵ؛ گوڵ جارێک تەسەووفانە و جارێکیش ژینگەدۆستانە و ئەوجاریش مرۆدۆستانە مژار دەکرێت.
 گوڵ چیتر یار نییە لێرەدا و یاریش چیتر ئەو گوڵە نییە وەک بەرتر لە ئەدەبیاتی کلاسیک و سۆشیالیزم و هتد... ئامادەیە، بەڵکوو یار پاژە تەوەرێک و گوڵیش نا قووربانیکراو؛ بڕیارنییە کەس قووربانیی ئەویتر بکرێ. شاعیر هزرمەندانە تەوەر لەسەر گوڵ دەگرێ، دەلاقەیەکی تر لە ڕوانین سەرخان دەکات.
 ئەفسووس دەخوازێت لەوەی ڕۆژێک هەرزانە بووەتە کوشتیاری چڵەنێرگزێک و بۆ ڕەگەزی هەمبەری بردووە، دواتر لە دانپێدانگەی شیعریدا، سروودی لێخۆشبوون و پاقژبوون دەڵێتەوە، تەنانەت داوای پەنجە کرتاندنی خۆی لەهەمبەر تاوانەکەی دەکات!
 ئەم گوڵ پەرستییە تەسەووفانە و جیهانییە، خەمخۆری سرووشتە و ناچڕاڵییەتی خۆی مۆرک دەکات. بۆ ڕەگەزی ناونیشان، لە ئاستێکی هەم جوان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕستەسازییەکی نوێ و بارگاویکراو بە ڕەهەندی ئاراستەکراوی هزریی ـ عیرفانی. 
 دەبێ ئەوەش بوترێ، کە جوانتر و ئابووریتر دەبوو ناونیشانی «منم دیدەوانی گوڵ دەکەم» بە «منم دیدەوانی گوڵ» بهاتبا؛ چونکە ئابووریبوون لە ئەدەبیات و زمانەوانیدا کۆڵەکەن.

دیار لەتیف