Skip to Content

داهۆڵ … شوان عەباس بەدری

داهۆڵ … شوان عەباس بەدری

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 21, 2019 General, Literature
                                                     

ئەمرۆ شەش مانگی تەواوە خۆمم لە ناو ژوورە بچوکەکەم بەند کردووە و بە دیار جگەرە و کتێبەوە ڕۆژگاری خۆم بە سەرئەبەم ، شەش مانگ لەمەوبەر لە ئێوارەیەکی باراناوی ساردا دەستم کرد بە بۆیاخ کردنی ژوورەکەم و سەرتاپای ژوورەکەمم بە بۆیاخی ڕەش بۆیە کرد و پەنجەرەی ژوورەکەشم بە تەختە گرت .

بۆنی جگەرە و عەرەقی لەشم و خەو تێکەڵ بە یەک بووە و هەوای ژوورەکەمی ئاڵودە کردووە ، کەم نییە شەش مانگی ڕەبەقە دەرگای ژوورەکەمم نەکردۆتەوە و بە دیار مۆمێکەوە شەوم بە ڕۆژ گەیاندووە و ڕۆژم بە شەو !

کۆمەڵە کتێبێکی زەردهەڵگەڕاوەی داڕزاو لەسەر فەرشی ژوورەکەم کەوتوون و لەولاشەوە کیسێکی پڕ لە جگەرەی سووتاو و تەپڵەکێکی ڕەش هەڵگەڕاو.
شەش مانگ لەمەوبەر بوو کە بۆ دواجار هەنگاوم نایە ناو کۆڵانە باریکە کۆنەکەمان ، زۆرم ڕق لەم کۆڵانەیە بە نەفرەت بێ ، ئەمەندە باریک و تەنگە کە ناچار ئەبێت لە هەموو ئەوانە بڕوانی کە بەرامبەرت دێن و سەلامت لێ ئەکەن ، سەلامەکەیان جگە لە بۆنی دووڕوویی و خیانەت و بێ ویژدانی هیچی تری لێ بەرز نابێتەوە و منیش بە ناچار ئەبێت وەڵامیان بدەمەوە و هەنێ جاریش لەبەر تەنگی ئەم کۆڵانە نەفرەتیە شان بەم لە شانیان. هەشت مانگێک لەمەو بەر دەر و دراوسێ لەبەر بۆنی زێراب و مەنهۆڵی ناو کۆڵانەکە هاواریان لێ هەستابوو ، گەن و گوو سەرتاپای کۆڵانەکەی تەنیبوو کە ئەمەش خۆی نەگبەتییەکی تر بوو.

ئاە ئەو ڕۆژەی بڕیاڕمدا ئیتر خۆم لە هەموو شتێک و هەموو کەسێ دابڕم هەستم بە وزە و هێزێکی سەمەرە ئەکرد لە دەروونمدا ، بەیانییەکەی وەک هەمیشە کاتژمێر پێنج لە خەو هەستام و بە دیار جگەرە و قاوەوە بە نوکی پەنجەم ئەمکێشا بە تەپڵەکەکەی بەرامبەرم و تاوناتاوێ چاوم ئەبڕیە مێچی ژوورەکە و تاو نا تاوێکیش سەیری عەرزەکەم ئەکرد ، کە هەنگاوم نایە دەرەوەی ماڵەوە هاواری ژنەکەی دراوسێمان ئەگەیشتە حەوت تەبەقەی ئاسمان ، مناڵی ئەبوو، خەڵک دەبەنگە مناڵ لە دوای مناڵ ئەخەنەوە و بە بێ ئەوەی ئایندەیەکیان هەبێت ، تەنها ژمارەی ناو ئەم کۆڵانە نەفرەتییە زیاتر ئەکەن و هیچی تر ، لەولاترەوە پیرەپیاوەکەی دراوسێم وەک هەمیشە لە ناوەڕاستی دەرگای دەرەوە گۆچان بە دەست و گوڵ بە ئێخە وستا بوو و وەک هەمیشە سەیری کاتژمێرەکەی ئەکرد و بە خۆی ئەووت : بۆ نەهات ؟ و هایەکی لە شووشەی کاتژمێرەکەی ئەکرد و بە پەڕۆیەکی سپی پاکی ئەکردەوە ، دەمێ ساڵە پیرەپیاوە چاوەڕێی میوانێکی نەناسراو ئەکا و بۆ نەهاتەکەی بۆتە پرسیارێکی بێ وەڵامی ئەزەلی !

ئاااخ ئەوە لاڤەی کچە شۆخ و شەنگەکەی جارانی کۆڵانەکەمان بوو بە لاما تێپەڕی بە بێ ئەوەی هیچ سەلامێک بکات ، سەردەمانێ شۆخی و شەنگی لە حەوت گەڕەک ئەولاتریشەوە باس ئەکرا ، شوخێکی دەم بە خەندە و میهرەبان و زیرەک بوو کە لە نیوەڕۆیەکی شوومی هاوینا بە زۆر لە پیرەمێردێکی حەفتاساڵە مارەیان بڕی و هەموو خەون و ئاوات و خەندەکانیان لە گۆڕنا و دوای سێ مانگ بە تەڵاق دراوی گەڕایەوە ماڵی باوکی و ڕۆژ نییە بە دەستی باوک و براکانی لێدان نەخوا.

ئەو ڕۆژەی بڕیاڕمدا خۆم زیندانی بکەم کە گەیشتمە سەر کارەکەم چایەکم خواردەوە و جگەرەیەکم کێشا و نامەی دەست لە کارکێشانەوەکەم پێشکەش کرد و بە بێ ئەوەی چاوەڕێی وەڵامەکەیان بکەم چوومە ناو بازاڕ و بۆیاخی ڕەشم کڕی و بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتم ، لەسەر سووچی هەموو شەقامێکا کۆمەڵە مناڵێکی پێ پەتی جل دڕاوی سواڵکەر و لەولاتریشەوە کۆمەڵە سەربازێکی چەک بە دەستی پۆستاڵ لە پێ کە چاودێری ورد و درشتی چواردەوریان ئەکرد ئەبینران، دەسەڵاتداران کۆمەڵە یاسایەکی سەمەرەیان بە سەر خەڵکی و ئاسمانی ووڵاتا سەپاندبوو ، بۆ نموونە فەرمانیان بە کووشتنی هەموو کۆترەکان دەرکردبوو و لە بەرامبەریشا تا حەزت بکردایە قەلەڕەش و قەلەباچکەت ئەبینی ، لە سەر شەقامەکان ئاوێنەیەکی گەورە دانرابوو کە گەر سەربازەکان فەرمانیان پێ بکردیتایە ئەبوایە بچیتە بەر دەمی و بە زەردەخەنەوە سەیری خۆت بکەی و پاشان ستایشی فەرمانڕەوای ووڵات بکەی کە تۆی لە نەخۆشی و ناخۆشی و برسێتی و هەژاری پاراستووە و ژیانی پێ بەخشیوی !

بە نەفرەت بن ئەو شەقام و کۆڵان و خەڵکە ، شەقامگەلێکی پڕ لە چاڵ و چۆڵی کە گەر ئاگات لە خۆت نەبێ و بکەویتە ناویان قاچت ئەشکێ یا گەر شوێنیکیشت نەشکێ سەربازەکان بە تۆمەتی کەمکردنەوە لە هەوڵ و ماندووبوونی فەرمانڕەوا بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان خۆیان دەست و قاچت ئەشکێنن !

شارەکەمان لە کۆمەڵە شەقام و کۆڵان و پردێکی داڕوخاو و گڵی و داتەپیوی بە مشک و جرج تەنراو پێکدێ کە دەور تا دەوری بە تەلی دڕکاوی و دڕک و داڵ تەنراوەو تەنها یەک ڕێگەی هاتوچۆی هەیە بۆ دەرەوەی شار و بە پێچەوانەوە بۆ ناوەوە کە ڕۆژانە تەنها بۆ ماوەی سێ سەعات ڕێگەکە ئەکرێتەوە !

تامی دەمم تاڵ بووە و هێزم لێ بڕاوە ، گاڵتە نییە شەش مانگی ڕەبەق خۆت لە دنیای دەرەوە دابڕی و تەنها بە جگەرەو خواردنێکی کەم خۆت بژێنیت و کاتەکانی خۆت بە کتێب خوێندنەوە پڕ کەیتەوە کە گەر بێتو لایەنە ئەمنییەکان پێی بزانن کتێب ئەخوێنیتەوە بە تۆمەتی بڵاوکرنەوەی فکری دوژمنکارانە و کەوتنە ژێر کاریگەری فەرهەنگ و کەلتووری بێگانە بە کۆمەڵگە لە سێدارەت ئەدەن ، مۆمی ژوورەکەم تروسکایەکی کەم ئەبەخشێتە ژوورە تاریک و ڕەش هەڵگەڕاوەکەم و بە کەشەنگی لەسەر ئەو عەرزە ساردە ڕاکشاوم ، چەند شەوێ لەمەوبەر خەوم بە فەرهەنگەوە بینی ، ئەم بەیانییەش هەرلە خۆیەوە هاتە بەر چاوم و بینیم کە بە چ جۆرێ خۆی هەڵواسی ،قۆڵ کورتێکی سوور و پیجامەیەکی خەت خەتی لە بەرا بوو، بەڵێ بە جوانی بینیم تەنافەکەی وەک پاپیۆنێک خستە دەوری ملی و مێزە بچوکەکەی ژێر پێی وەک تەمەن و ژیانی خۆی فڕێدا و بە دەم گیان دەرچوون و باوەش کردن بە مەرگەوە بە زەدەخەنەیەکی تاڵەوە سەیری ئەکردم ، چاوەکانی سوور سوور هەڵگەڕا بوون و خەریک بوو لە پڵێنە بێنە دەرەوە ، جوان بوون سەرنج ڕاکێش بوون ، دوو چاوی دەرپەڕیو و سیمایەکی دەم بە کەنینی شین هەڵگەڕاوە، نا نا خەو نەبوو ڕاستی بوو ئەم بەیانییە بوو لە بەر چاوما خۆی هەڵواسی ، من بینیم ،خەوەکە چەند شەوێ لەمەوبەر بوو ، خۆ هەڵواسینەکەی ئەم بەیانییە بوو ، بەڵام نازانم بۆ تەرمەکەی لە ناو ژوورەکەما نییە ، کە خۆی کووشت دیار نەما ئەی خۆ من بینیم ئەی بۆ ئێستا هەر چەند سەیری مێچ و دیوار و عەرزی ژوورەکە ئەکەم هیچ نابینم ؟ هیچ دیار نییە !

ئاە فەرهەنگ بیرم کەوتەوە چەن مانگێ لەمەوبەر پیاوە ئاینییەکەی کۆڵانەکەمانی نارد بۆ خوازبێنی کچە دراوسێکەیان کەچی ئەو ناکەس بەچەیە بۆ خۆی داوای کردبوو فەرهەنگیش خۆی کووشت دوای ئەوەش لایەنە ئەمنییەکان بە تۆمەتی وەرنەگرتنی مۆڵەتی ئەمنی بۆ خۆکووشتن باوکیان لە سێدارە دا !

باشە ئەی ئەمە کێ بوو ئەم بەیانییە لەبەرچاوما خۆی هەڵواسی و ئێستا سێبەرێکی تەناف لە مل لە سەر دیواری ژوورەکەم یاری ئەکات و کەچی تەرمەکەشی دیار نییە؟!
قۆڵ کورتە سوورەکەم لەبەر عەرەق و دوکەڵ سپی و ڕەش هەڵگەڕاوە و پیجامە خەت خەتەکەشم لە چەن لایەک بە جگەرە سووتاوە و چڵک سەرتاپای داپۆشیوە، ئەم نیوەڕۆیە لە خۆمەوە کتێبێکم گرتە دەست و کە کردمەوە ئەم دێڕە هاتە بەر دەمم : ئەی خۆکووشتن ئەی دەزگیرانە دێرینەکەم ئاخۆ کەی بێ ڕۆژی گواستنەوە دیاری بکەین و بە یەک بگەین؟

لە دەرەوە دەنگی غەڵبەغەڵبی خەڵکی دێ و سات بە سات ئەو غەڵبەغەڵب و هات و هاوارە لە ژوورەکەم نزیک و نزیکتر ئەبێتەوە ، زۆر ئەترسم ئەم خەڵکە نەفرەتییە هێرشم بۆ بێنن و لەم تەنیایی و گۆشەگیرییە دەرم بێنن .
لەو دیو دەرگاکەوە گوێم لە خەڵکە کە ئەڵێن : دەرگاکە بشکێنن بۆگەنی کردووە .
٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭
بە شکاندنی دەرگای ژوورەکە چەند پیاوێکی سمێڵ زلی کەڵەکەت خۆیان ئەکەن بە ژوورەکە و یەکێکیان کە بە لایتێک تەرمە هەڵواسڕاوەکەی ناو ژوورەکەی ئەپشکنی بە هاوڕێکەی وت :ڕەنگە شەش مانگێک بێ کە خۆی کوشتبێت.

کۆتایی

Previous
Next
Kurdish