Skip to Content

وەرە هاوڕێ چ ڕێکەوتێکی سەیر بوو! … شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

وەرە هاوڕێ چ ڕێکەوتێکی سەیر بوو! … شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 22, 2019 General, Poems

بۆ حەمەزەکی هاوڕێم

چ ڕێکەوتێکی جوان بوو وەختێ هاتی و
لەسەر سووچی کۆڵانێکی تفت و تاڵدا مێژووی برسێتیت دەخوێندەوە
بێ ئەوەی شەقامی ترس دڵت بێنێتە لەرزین و
بێ ئەوەی مانای مردنیش ببێتە شڕۆڤەی ژینت
دەتگوت دەڕۆم هاوڕێ دەڕۆم زۆر درەنگە
ناکرێ لە تەمەشای هەتاوی ڕەش ببمە تەماشاکەر
ناکرێ لە مەرگی کانییەک پشت لە شەپۆڵی دەریا کەم
ئێ چۆن دەکرێ دایکم بگری و منیش فرمێسک نەبینم
ئاخر چۆن دەشی باوکی دەستگێڕ بتوێتەوە و منیش تامی مردن نەکەم
چ بێتامە هاوڕێ ژیان ڕەنگاوڕەنگی خۆی کوشتووە
هاوڕێ شەوەکانم درێژ بوونەتەوە وەک درێژبوونەوەی ستەم
خەمەکانم گەورە بوونە وەک گەورەبوونی ژێردەستیی
ئومێدیشم گەڵەگەت وەک باڵای بەرزی بەیداخی سووری تێکۆشان
هاتی و بە بێدەنگی نامیلەکەی ڕزگاریت لەسەر سکت لەژێر کراسەکەت شاردەوە و
گوتت ئەڕۆم..
گوتت هاوڕێ ئەڕۆم هەتا لەناو گەرووی برسییەکانا ئەبم بە زایەڵەی هاوار
لە مشتیانا ئەبم بە زەبر
لە کتێبی نێو دەستیانا ئەبم بە پەنجەرەی وشە و
بە ئاوێنەی پیتەکانی بیرکردنەوەیان لە ژیان
ئەبم بە دەروازەی گڕ و
بە دەربەندی پێکەنین و
بە جەنگەڵی چڕی باوەڕ
ئەبم بە نەخشەی خەونە ڕەنگاڵەییەکانی کچانی شار
ئەبم بە شیعرێکی دەستی ئازاد سوبحی
بەو سەرزەمینە خەمڵیوەی کە هەر خەیاڵ سنوورەکانی دەبینێ
گوتی ئەڕۆم هاوڕێ ئەڕۆم
گوتم نەء هێشتا وەرزەکان بێکەسترن لە زیندانییەکی تاک و تەنیا
هێشتا ڕوون نییە بارانی سوور دەبارێت
یان دەبێتە وشکەساڵییەکی بێوێنە
گوتم هاوڕێ هەتا تاڤگەی ئەوێنێکی سەوداسەر
جوگرافیای دڵ جێ نەهێلێ و نەچێتە نێو دوو توێی ژیان
تا لەژوانی هەتاو نەبین بە عاشقێکی لەخەم وەڕس
تا مەشخەڵی سەرفرازی شەوەکانمان نەسپێرێ بە کازیوەی خوشنوودی
هەتا هاوارە دیلەکان شەقام لەباوەش نەنێن و
تا تروسکەی ئاسۆی ڕەوینەوەی ترس و ژان و ئازار
نەبێتە چەتری سەرسەری ڕژگارەکان
بیر لە چوون و سەفەری نێو وەرزەکان و
بیر لە داگرتنی هەور و
نووسینی کتێبی عەشق مەکەوە
گوتم هاوڕێ کەی بە شەرابی خەستی سووری تەنیایی خۆت مەست بووی و
فێری فڕینی نێو ئاسمانی سروودە مەزنەکەی بووی
کەی باخچە ڕاز و گلەییەکانی خۆی بۆ کردی
کەی پێکەنین لێوی دایە و بابەکانی ئێمەی کردە مۆڵگا و جێژوان
ئەوکات وەرە بەیەکەوە دەبین بەگۆرانییەکی جوان
دەبین بە سروەی ئازادی ژیانی سەرجەم هەژاران
دەبین بە شیعرێکی درێژ تێکەڵ بە خۆشەویستی و عەشق
دەبین بە ڕێگا بۆ هەموو شۆڕشگێڕانی ڕێی رزگاری کرێکاران
دەبین بە دەریای ڕووناکی و
بە سەمای دار و درەختەکانی ڕووی ژیان
هاوڕێ وەرە با لە ئەوینی سوورەوە
لە کێڵگە بەپیتەکانی ئەزموونی ئۆکتۆبەرەوە بڕۆینە نێو دڵی شۆڕش
با لە هەمان مانیفێستی مارکس و ئەنگڵسەوە دەست پێبکەین و
ببین بە شوراکانی بناغەی دەسەڵاتی ئومێد و خەون
بەئاڵایەکی سوورەوە ئاسمان بکەین بە هێلانەی هاوارێکی بێوێنە و نوێ
هاوارێکی بێئەندازە تازە و ڕەوان
نەک لێدانەوەی هەر هەمان بەیت و بالۆرەی جاران و
وتنەوەی هەمان کۆنە قەوان
وەرە هاوڕێ چ ڕێکەوتێکی سەیر بوو
چ ناسینێکی دڵتەنگ و
چ پێکەوەبوونێکی سادە و ساکار بوو
هەردوو بە هەمان ڕێگادا ملمان نا بۆ ناسینەوەی گوڵەکانی کەنار ڕووباری هاوڕێتی
بە هەمان ڕێگا کەوتینە ناسینەوەی دژوارەکان
بووین بە قەرەج
بووین بە مەشخەڵ
بووین بە چیرۆکی بە چێژی دەم ئاگردانی شەوانی خەباتی چینی کرێکار
بووین بە دڕکەزی نێو چاوی ژان و ستەم و تەواوی سەرمایەدار.

ئایاری ٢٠١٩

دوو تێبینی :

یەک : محەمەد زەکی کەریم قادر ناسراو بە حەمەزەکی لە بنەماڵەیەکی دەستەنگ و کرێکاری گەڕەکی ئازادی لە شاری کەرکووک چاوی بە دونیای نایەکسانی و پڕ لە ستەم هەڵهێناوە. هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە مێشکی بەوپرسیارانەوە جەنجاڵ بوو کە مێشکی زۆرێک لە ئێمەی جەنجاڵ کردبوو. ئەم دونیایە بۆ وایە؟ بۆچی ستەم هەیە؟ بۆچی هەندێ کەس هەژارن و هەندێکیش دەوڵەمەند؟ چی بکەین بۆ ئەوەی ئازاد بین؟ ڕێگای ڕزگاری کامەیە؟ و دەیان پرسیاری تر. حەمە لەپاڵ خوێندنی قوتابخانەی، منداڵی و گەنجی خۆی بە یارمەتیدانی باوکی و ئیشکردنی لەپێناو پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەیان بەسەر برد.

بۆیە هەر لە تەمەنی لاوییەوە دەستی کرد بە خوێندنەوە و جگە لە کتێبە ئەدەبییەکانی ئەو سەردەمە کە بەچڕی دەیخێندنەوە، دواتریش کەوتە خوێندنەوەی نووسراو نامیلکە سیاسییەکان بەتایبەتیش نووسراوەکانی مارکسیزمی ئەرسەدۆکس و مارکسیزمی شۆڕشگێڕ و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. حەمە کوڕێکی لاوازی بڕێک ڕەشتاڵەی قژخاوی دەموچاو بە خوریکە بوو، بەڵام تا بڵێی چوست و چالاک بوو.

ئەم ئینسانە ڕوحێکی شۆڕشگێڕانەی جوانی بوو، بڕوای وابوو کە لە ڕێگای شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکارەوە دەتوانرێ دونیای ئازاد و یەکسان دابمەزرێ و چەوسانەوە نەمێنێ. هاوڕێتی من و حەمە زەکی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٠ کاتێ هەردووکمان خوێندکاری قوتابخانەی ئامادەیی (عبدالملک بن مروان ئەوسا و ئامادەیی کوردستانی ئێستا) بووین لە کەرکووک. ئەوکات کورێکی شیرین و جوان، هێمن و دڵسۆز،پاک و ڕاستگۆ بوو و دواییش هەر بەو سیفاتانەوە مایەوە. کاتێ کە ئەم دێرانە دەنووسم ئەوەی بۆم گرنگە ئەوەیە کە وەک هاوڕێیەکی بەوەفای ئەو یادی بکەمەوە.

یادی پێکەنینەکانی، نوکتەکانی، پیاسەکەنمان، موناقەشەکانمان، کتێب گۆڕینەوەکانمان، ئومێدمان بە مارکس و و سۆشیالیزم و زۆر شتی تر. حەمە زەکی جگە لەوەی شاعیرێکی باش بوو، لەهەمان کاتیشدا چرایەک بوو لە تاریکستانی کۆمەڵگەی ئینسانی داگیرسابوو، بەڵام بەداخەوە ئەو چرایە لە ساڵی ٢٠٠٢دا بۆ هەمیشە خامۆش بوو.

دوو : ئازاد سوبحی نووسەر و شاعیری جواننووسی لە دایکبووی شاری کەرکووکە و لە ساڵی ٢٠١٤ لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی سەرچنار لە شاری سلێمانی ماڵئاوایی لەژیان کرد.(ئاگرەکەم مەسڕنەوە) ناوی یەکێک لە کتێبە چاپکراوەکانییەتی.

شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish