Skip to Content

بوژانەوەی ‘ناسیۆنالیزمی نوێ’ لەجیهاندا … نەوزاد جەمال

بوژانەوەی ‘ناسیۆنالیزمی نوێ’ لەجیهاندا … نەوزاد جەمال

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 2, 2016 General, Opinion

برەوسەندنی ‘ناسیۆنالیزمی نوێ’، دەرکەوتێکە ناکرێ ئەمڕۆ لەسەرکەوتنی کاندیدە سیاسیەکاندا نادیدەبگیرێت. ئەوەی مایەی سەرنجە، رۆژبەرۆژ پارتە راستڕەوە نەژادپەرستەکان لە بەهێزبووندان. گوتاری سیاسی لەهەڵبژاردندا، چەندە ئاوبکات بەئاشی نەتەوەپەرستی و سەروەری خاک و ناسنامەی میلی و بێزاندنی ئەویتری بیانیدا، ئەوەندەش ئەگەری دەرچوونی زێترە.
لەکاتێکدا زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین، سەردەمانێک وشەی ‘ناسیۆنالیزم’ جنێوێکی سیاسی ناحەزبووە. بەشێکی زۆر لەروناکبیران و سیاسییەکان خۆیان لێبەدوورگرتووە. چونکە، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە یەکسانکراوە بەسەرهەڵدانی فاشیزم و نازیزم و راسیزم. ئەو جەنگەکاولکاری و سیاسەتە پاکتاوکردنە نەژادییەی لەژێر پێستی ئەم ئایدۆلۆجیە مەترسیدارەوە هاتۆتەدەر، پەڵەیەکی خوێناوییە لەمێژوودا.
بەڵام، زۆرمان پێمانوایە کەبیرۆکەی ناسیۆنالیزم هی سەدەیەک لەمەوبەرە. پاش لێکەوتە وێرانکارییەکانی، چووەتە خانەی مێژووەو ئەو پەڕەڕەشەی لەمێژوو هەڵدراوەتەوە. لەکاتێکدا، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان دەرکەوتی سیاسی و سەرکردەگەلێک دەبینین، کە هەمان تەرزی گوتاری سیاسی هیتلەرو مۆسلینی و کێ و کێیان هەیە. بەسەرنجدانی گوتاری سیاسی ‘ترەمپ’و ‘ماری لۆپین'(فەرەنسا)و ‘خێرت ڤیلدەر'(هۆڵەندا)، ‘پوتین’و ئەردۆگان و چەندان کاراکتەری سیاسی لە چین و پۆلەندا، هەنگاریاو نەمساو بەلجیکاو بەریتانیاو سویدو هندستان و هتد… خاڵی هاوبەش و لێکچوویان لەوەدادەبینینەوە کە: ناسیۆنالیزمێکی فاشیستانە لەبوژانەوەدایە.
سەرهەڵدانەوەو بەجەماوەری بوونی ئەم کاراکتەرە ناسیۆنالیستە نوێیانە، جارێکتر پرسی ئاوابوونی ناسیۆنالیزم زیندوودەکاتەوە. پاڵێوراوەکانی لیستە ناسیۆنالیستە جەماوەریەکان، لەزۆر شوێنی جیهاندا نزیکن لەگەیشتن بەدەسەڵات. لێرەوە، دەبێت سەرهەڵدانەوەی ‘ناسیۆنالیزمی نوێ’ هۆکارو پاڵنەری خۆی هەبێت. ئاخر ناکرێت، دیموکراسی نوێنەرایەتی و دامەزراوەی سیاسی، دەستەبژێر(ئیلیتە)ی سیاسی وابەئاسانی لاوازبن. لەبەرامبەریشدا کاراکتەری پەڕگیر بەدەنگی جەماوەریی و بەهەگبەی خاڵی لەئەزموونی سیاسیەوە، جێگەیان بگرنەوە.
بزوتنەوەی بریکست-چونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەورپا، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ گوتاری سیاسەتی ناسنامە. بۆیە، زۆربەی لپارتەکان، باشترین و ئاسانترین رێگە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەنگدەران، ئەمڕۆ پرسی پەنابەرو کۆچبەرو مسوڵمان بەکاردەهێنن. چونکە، باش دەزانن کۆمەڵگەو تاکی ئەورپی لەسیاسەتدا خەمساربووە. سیاسەتی بۆ دامەزراوەی فەرمانڕەوایی بەجێهشتووە. ئیدی، بۆئەوەی ئەو کارەکتەر پۆپولیستیانە بگەنە دەسەڵات، دەبێت پرسی هەستیاری ئاین و نەژاد بکەنە پەیژەی گەیشتن.
رەنگە، سەیر بێت کە چۆن سیاسیەکی فاشیست لەم سەردەمەو لەوڵاتێکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پێشکەوتنی زانست و کولتوردا، دەنگی زۆرینە بەرێت. وەلێ، سەیرنییە کەسێتی هاوشێوەی ئەردۆگان لەژێڕ گوتاری سیاسی ‘گێڕانەوەی مەزنێتی بۆ تورکیا’ زیندانەکانی پڕبکات لەنەیارەکانی. سەرۆک ‘پۆتین’ چۆن بۆی دەچێتەسەر کە لەناوجەرگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، شەڕ لەسەر مانەوەی رژێمی ئەسەدو بەبەهانەی لێدانی داعشەوە شارو وڵات کاولبکات؟ چۆن، کەسێکی وەک ترەمپ، نەریتی دامەزراوەی سیاسی تێدەپەڕێنێت و دەبێتە کاریزمایەکی سیاسی؟
بەهەمان شێوە، ئەو پرسیارەش راستە؛ ئاخۆ چۆن ‘هیتلەر’و ‘مۆسلینی’ و رژێمە تۆتالیتێرەکان بەئاسانی ملیۆنەها مرۆڤیان کردە قوربانی ئەنگیزەو بیرۆکەی فاشیستی خۆیان؟ وەڵامدانەوەی ئەوەی ئێستە کەلەجیهاندا دەگوزەرێت، ئەو رووبەرەتاریکەی مێژووشمان بۆ رۆشن بکاتەوە. بەڕای سۆسیۆلۆگی ناسراو ‘زیگمۆند باومان'(لەوتارێکدا: ‘چۆن لیبرالیزمی ریگەی بۆ ترەمپ خۆشکرد’ لەماڵپەڕی: socialeeurope.eu/zygmunt-bauman)، تێزەکەی بیرمەندنی ئەڵمانی ‘کارڵ شمید’ تیشکێک دەخاتەسەر ئەوەی چۆن سەرکردەی فاشیست، پشتیوانی جەماوەری بەدەستدەهێنێت.
لەکتێبی(Political Theology) شمید، پێناسەی هەژموونی دەسەلات/هێز بەرێسای “بڕیاردەر”(decisionist) ناودەبات. هەژموونی دەسەڵات بریتییە لەرێسای بڕیاردان و توانای یەکلاکردنەوەو سەپاندنی. ئەو سەرکردەیەی کە بە بەڵێ و سەرسامی جەماوەر دروشمی ‘یەکێتی گەل’ و ‘یەک دەوڵەت’ و ‘یەک سەرکردە’ بەرزدەکاتەوە، دەتوانێت بەئاسانی خۆی بسەپێنێت. چونکە، بەهەمان میکانیزم هیتلەر لە (1935) توانی رای زۆینە بۆخۆی بەرێت.
سەرکردەی بڕیاردەر جگەلە گوێڕایەلی جەماوەر هیچیتری ناوێت. کاتێک، بڕیارەکانی هیج رێگرو سنووریێکی بۆ نابێت، وەکچۆن لەسەدەکانی ناوەڕاستدا، فەرمانڕەوایەتی وەک مافێکی خودایی-یەزدانی تەماشا دەکرا. بۆیە، سەکردەی بڕیاردەر، لە رەهاگەری نزیکدەبێتەوەو وەک خودایەک رازی نابێت کاروبارەکەی خۆی بۆ کەس روونکاتەوە. مافی پرسیارکردن و لێپرسینەوەش لەهەموو کەسێک زەوتدەکات و مافی لێپرسینەوە لەهەمووش بەخۆی دەدات. دواجار، بەئاسان باز بەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و قەزاییدا دەدات.
بیرۆکەی ‘دوژمنسازیی’ خاڵێکیترە کە ‘باومان’ جەختیلێدەکاتەوەو ئاماژە بەتێزێکی ناسراوی بیرمەندی ئیتالی ‘ئومبێرتۆ ئیکۆ’ بەناوی(Making an Enemy ) دەدات. بەڕای ‘ئومبێرتۆ’، هەبوونی دوژمن و نەیار نەک هەر گرنگ و پێویستە بۆ پێناسەکردنی ناسنامە، بەڵکو مەرجە بۆئەوەی پێورەکانی سیستمی بەهایی خۆمان تێپەڕێنین. هاوکات، بەهای خۆمان لەبەرامبەر ئەویتردا نیشانبدەین. ئێمە دوژمنمان پێویستە، تابزانین خۆمان کێین و کێش نین. زانینی ئەمەس، مەرجە بۆ خۆپەسەندیی و متمانە بەخۆ. لەبەرئەوە، ئەگەر دوژمن و نەیاریش نەبێت، دەبێت دایبهێنن و دروستکەین!
هەمیشە، دوژمن و نەیاریش ئەوانەن کەلەخۆمان جیاوازترو خاوەنی نەریتێکن کە لەهی ئێمە ناچێت! لێرەوە، ئەو دوژمنەی ئەو کارەکتەر سیاسیانە گرەوی لەسەردەکەن، ئەویتری نامۆو بیانییە. جگەلەوەش، ‘خاک و خوێن و نەژاد’ پێکهێنەری سەرەکی ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمەن. بۆیە، گۆڕانکارییەکی گەورەدەبینین کە گوتاری سیاسی لەبیرۆکەی هاوڵاتی نیشتمانیەوە، بەرەو بیرۆکەی پیرۆزی خاک دەڕوات و بەپێشمەرجی هاوڵاتیبوونیان دادەنێت. جگەلەوەی دیدیکی رۆمانسیانە بۆ باڵایی نەریتی باوان و ناسنامەی نەتەوەیی لەفۆرمێکی بەرتەسکدا کۆدەکاتەوە.
ئەمڕۆ لەئەورپاو خۆرئاوادا، ئەویتری نامۆی سەرڕەش و موسڵمان، خۆرهەڵاتی و هتد… باشترین میکانیزمی سەنگەر بەهێزکردنی ئەم گوتارە ناسیۆنالیستەیە. بۆنموونە، ‘ئەویتر’ لەسیاسەتی تورکیادا هەمیشە ‘کورد’ی ناجۆربووە. ئەمڕۆ ‘ئەردۆگان’ بەئاسانی هەست بەپشتیوانی خۆی دەکات، چونکە بەناوی لێدانی ئەویتری تیرۆریستەوە، کۆشکی دەسەڵاتی رەها قایمدەکات. بەهەمان میکانیزمیش، سەرکردە فاشیستەکانی جیهان، پاساوی پەنابەر، زۆربوونی بیانی و مەترسی هاتنی ئایینی خۆرهەڵات و خراپی ئابوری و زۆربەی قەیرانەکان دەخەنە ئەستۆی ئەویترێکی بیانیی.
لەپێناو ئەو دوژمنسازییەشدا، ناسنامەی کولتوری، نەژادو پێست و پاشخانی شارستانی دەکرێتە پاساوی رەوایەتیدان. هەڵبەت، گەڕانەوەی فاشیزم بۆ ناو کایەی سیاسەت بەو ئاسانی و خێراییە، بەڕای نووسەری هۆڵەندی ‘رۆب ریمن’ بۆ شکست و کەوتنی دەستەبژێری سیاسی، قەیرانی کولتوری و رۆحی و مایەپووچی سیستمی پەروەردە دەگەڕێتەوە. ئەمەش هەمان ئەو چرکەساتەمێژووییە کە سەدەیەک لەمەوبەر لەئارادابووە کاتێک گەورە رۆماننوسی ئەڵمانی ‘تۆماس مان’ لەسییەکاندا، هۆشداری سەرهەڵدانی ‘هیتلەر’ی دا. بەڕای ئەو، زەمینە سەرکەوتنی ئەو کارەکتەرە ‘بۆشایی و کەلەبەری دەروونی’یە.
دیارە، ‘رۆب ریمن’ راکەی ‘نیتشە’ دووبارەدەکاتەوە کەدەڵێت: ‘کاتێک خوێندنوپەروەردە لەوەدا کورتکرایەوە کە تەنها بۆ ئابوری و دەوڵەت باشە’، ئیتر، بۆشایی دەروونی و قەیرانی کولتوری سەرهەڵدەدات. دواجاریش رێگەکە بۆ کەسێکی فاشیست ئاسانە کەجڵەوی دەسەڵات بگرێتەدەست. لەم سۆنگەوە وتەکەی ‘ترەمپ’ لەمانگی (٢)دا شایەتحاڵێکە کەووتی:”من کەمخوێندەوارم خۆشدەوێت”! چونکە، ئەو چینەبەرینە، پشتوپەنایەکی سەرکەوتنین.
لێرەوە، کە ‘هیتلەر’ بەئاسانی بووە جێگەی متمانەی خەڵکی. لەبەرئەوەی سەر بەدەستەبژێری سیاسی نەبوو. چونکە، خەڵی ئەم چینەی لەقەیرانەکانی ئەڵمانیا بەبەرپرسیار دەزانی. بۆیە، ‘هیتلەر’و ‘ترەمپ’ هەمیشە رەخنەیان لەدامەزراوەی سیاسی دەگرت و خۆیان بەبەشێک لەو سیستمە دانەدەنا. ئەمەش، زەمینەی جەماوەرییانی بەهێزترکرد. شایەنی باسە، کاتێک لەسالانی چلەکاندا ‘تۆماس مان’ سەمینارێکی لەبارەی هیتلەرەوە لەئەمریکا پێشکەشکرد، ئاگاداری کردنەوە لەوەی کە: ‘ئەگەر فاشیزم رۆژێک گەیشتە ئەمریکا، ئەوا ئەوسا بەناوی ئازادییەوە دەبێت’!
کەواتە، برەوسەندن و سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی نوێ، بەشێکی بۆ سیاسی فاشیست دەگەڕێتەوە. سەرکردەیەکی رەهاخوازو ئۆتۆکراسی. هاوکات، گەمەکردن لەسەر پەتی دوژمنایەتی خۆمان و لەبەرامبەر ئەوان. و نەتەوەی خۆمان لەسەروو هەموو شتێکەوە. ئەمانە، هەموو رێخۆشکەرن بۆ ئەو بارودۆخە سیاسیەی جیهان ببێتە مەیدانی لەباری ناسیۆنالیستە نوێکان. بەئاشکرا لەزۆر وڵاتی خۆرئاوادا وەرچەرخانێک لە هاولاتیبوونی گەردوون و نیشتمانیەوە، بۆ خوین-خاک و نەژاد گۆڕاوە. هەستی نیشتمانپەروەری ئەرێنی گۆڕاوە بەنەژادپەرستی و بەهەموو بەهانەیەکی فاشیستی پاساودراوەتەوە.
ئیدی، گوتاری داخستنی سنوورەکان بەرووی بیانیەکاندا، باشترین گوێگرو بەڵێی بۆ دەکرێت. لەهەمووشی سەیرتر ئەو پارادۆکسەی ئەم ناسیۆنالیزمە نوێیەیە. بەدیوێکدا لەسەرئاستی نێودەوڵەتی کۆلۆنیالیزمانە فراوانخوازە. لەلایەکیش جەخت لەسەر دەمەزرکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نەژادی خۆی بەداخستنی سنوورەکانییدا دەکات. هاوکات، دەستوەردەداتە بارودۆخی وڵاتانی پاشکەوتوو و پاڵپشتی ستەمکاری سیاسی دەکات. پێدەچێت، ئەو جۆرە وڵاتانە دژبەلێشاوی پەنابەرو کۆچبەربن، بەڵام پێیویستیان بەو زەرورەتی مانەوی ئەو مەترسیە هەیە تاوەک دوژمنی و نەیار لەنیشتمانی خۆیاندا، بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی جەماوەری سوودی لێوەرگرن.

سەرنج: وێنەکە ئاماژەیەک بەچەند سەکردەیەکی ناسیۆنالیستی نوێ لەجیهاندا

Previous
Next
Kurdish