Skip to Content

نامەیەكی کراوە بۆ هاوڕێیانی سەکۆی ئەنارکیستان* …. ھەژێن پیزە قەرەچ

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 5, 2016 General

١ی دێسەمبەری ٢٠١٦

وەك دەزانن نزیکەی شازدە ساڵە لە یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕۆشنبیری دالیان** و دواتر لە بلاگی سەکۆی ئەنارکیستانی کوردی-زمان*** و پاشان لە سایتی چەند زمانەی ئەنارکیستان**** و دوا جار لە سایتی ئەنارکیستانی کوردی-زمان***** و ھەر ئاوا لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان****** بە تەواوی ئەو ساڵانە تەواوی وزە و توانای خۆمان بۆ سێ شت تەرخانکردووە:

یەکەم : بەدرۆخستنەوەی ئەو ناو و ناتۆرانەی لە ماوەی دوو سەدەی ڕابوردوو بەتایبەت سەدەی بیستەم، کە بۆ ھزر و بزاڤی ئەنارکیستی ھەڵبەستراون و ڕەتدانەوەی ئەو لاساییکردنەوە دەروێشانەیە لە کوردستان و ناوچەکە … .

دووەم : ئاشناکردنی خوێنەری کورد بە بنەماکانی ھزری ئەنارکیستی و مێژووی بزووتنەوەکە بە وەرگێرانی دەقە کلاسیکەکان و ھەر ئاوا نووسین و ڕەخنەگرتن لەبەر ڕۆشنایی بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم … .

سێیەم: خوێندنەوە و ھەڵوێستوەرگرتن لەسەر ڕوداوەکانی جیھان و ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەبەر ڕۆشنایی تێگەییشتنی ھەر یەکە لە ئێمە لە هزری ئەنارکیزم و کۆمەڵی ئەنارکی … .

ئەم ڕۆژ بە شانازییەوە دەتوانین وردە وردە دەرکەوتنی بەرەنجامی تێکۆشانی نەپساوەی (سەکۆی ئەنارکیستان) ببینین و دەتوانین ئەم ڕۆژ پاش شازدە ساڵ کۆششکردن و ماندوونەناسین، لێرە لەوێ دەرکەوتنی دەنگ و دەستە و ھەوڵە ئەنارکیستییەکان بەدیبکەین، کە وزە و ھیوا بە ئێمە دەبەخشین و ئەوەندەی دیکە بڕوای ئێمە بە دروستی بیرکردنەوە و دیتن و ئەنجامبەخشیی کار و چالاکیمان بەھێزتردەکات.

شازدە ساڵ لەمەوبەر کاتێك ئێمە بڕیارماندا دژی ھەموو جۆرەکانی سەروەری چینایەتیی، ڕەگەزیی و نەژادیی و ئایینیی و ھەڵاواردن و ستەمکاریی و بەھرەکێشیی تێبکۆشین، ئەناکیزم/ ئەنارشیزم جنێوی ڕامیاریی بوون بەتایبەت لەنێو گروپ و پارتییە چەپەکان و ھەرگیز خۆمان چاوەڕێنەبووین ئاوا بەزوویی بەرەنجامی چالاکی ڕۆشنگەرانەی دەستەیەکی بچووکی وەك ئێمە بەزووی لەنێو کۆمەڵ ڕەنگبداتەوە و تەنانەت لەنێو ڕیزی ئەندامانی پارتییەکان و گروپە دەسەڵاتخوازەکان بیرۆکەی ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەڕشتیکردن و ڕابەریی بە کۆمەڵ و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و زۆر شتی دیکە سەرھەڵبدەن و ببنە دروستکەری مشتومڕ و زۆر شتی دیکە … .

ئێستا پاش شازدە ساڵ وەك دەبینین لە ناوچەکە و ھەرێمی کوردستانش کۆڕ و کۆمەڵی ئازادیخواز/ ئەنارکی لە دەرکەوتن و پەرەسەندان و لەنێو خوێنەرانی کوردی-زمان بەتایبەت لاوان کەسانێکی زۆر ھەن، کە لە دوای سەرچاوە ھزرییەکانی ئەنارکیزم دەگەڕێن و ھاوکاتیش ئەوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوو ھەم دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان و ھەم پارتیی و گروپە دەسەڵاتخوازە ئۆپۆزسیۆنەکان بە ھەموو شێوەیەك کاردانەوەی ھەراسانبوونیان نیشانداوە و ھەوڵی کپکردن و بەرگرتنی دەنگی ئەنارکیستییان داوە و ھەموو ڕێگەیەکیان گرتووەتە بەر.

ئەمانە ھەموو نیشانە و کاردانەوەن بە کارایی سەرھەڵدانی ئاوا بزووتنەوەیەك کە دژی ھەموو جۆرە سەروەرییەكە، دژی ھەموو جۆرە پێکھاتە و ڕێکخستنێکی نێوەندگەرا و قووچکەییە، دژی ھەموو ھەڵاواردن و سووکایەتییەكە، دژی ھەموو جۆرە بەھرەکێشییەكە، دژی ھەموو جۆرە بەرتەریدانێکە بە دەستەبژێرەکان و کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر لەسەر بنەمای یەکگرتن و ھاوپشتی و ھەروەزیی کۆمەڵایەتیی و پشتبەستن بە ڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ڕاستەوخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی و یەکگرتنەوەی ئازادانەی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵە ئۆتۆنۆمەکان لەسەر بنەمای فێدرالیزمی نادەوڵەتی ئامانجی بووە. ھەر ئاوا ھاوکاتی ئەوەش بە ھەموو جۆرێك ئەم ھەوڵە دژایەتیکراوە و ھەرچەندە سەرەتا بە ناونەبردنی و کەم نیشاندان و نەبوو-نیشاندانی دژایەتیکراوە، بەڵام ئێستا کە خەریکە دەبێتە کەتواری نکۆڵیھەڵنەگری کۆمەڵ و بەخێرایی بنەما ھزرییەکان و بۆچوونەکانی ئەنارکیزم لەنێو کۆمەڵ بڵاودەبنەوە و خەریکە تێگەییشتنی ھەڵەی ڕابوردوو ئاوەژوودەبێتەوە و ھۆگرانی ئەنارکیزم لە زیادبووندان و بنەماکانی هزری ئەنارکیستی کارایی دادەنێن.

بە بۆچوونی من، ئەم ساتە و لەم بارەدا ئەرکی ئێمە زیاتر و بەربڵاوتر دەبێت و ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستی لە ناوچەکە بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان وەك ھەموو ڕەوت و بزووتنەوە تازەکانی ڕابوردوو لەبەردەم مەترسی کنەکردنی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازاندایە، ھەر ئاوا کە پێشتر دەسەڵاتداران بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوە تازەکانی کۆمەڵ کاردانەوەی ئاوایان نیشانداوە و ھەوڵیانداوە ھەر بە ناوی خودی ڕەوت و بزووتنەوە تازەکان دژ بسازن، تاکو ھۆگران و شەیدایان و لایەنگرانی ڕەوت و بزووتنەوە تازەکان بەلارێدابەرن و بە پرۆسێسێکی دریژماوە دەستەمۆیانبکەنەوە و ئەوان لە ئەگەری گۆڕانی شۆڕشگێڕانە نائومیدبکەن. لەو بارەوە بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوەی کۆمونیستی و لیبرال ئەو تاکتیکە سەرلێشێوێنەرانە گیراونەتەبەر و ئێستاش بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستی ئەگەری ئەوە ھەیە، کە ئەو کاردانەوانە تەنیا وەك دژایەتی ڕاستەوخۆ نەبن، بەڵکو دەکرێت بە دروستکردنی دەستە و گروپی فریودەر بەناوی خودی ئەناکیزم بێت و ھەوڵبدەن لەژێر ناوی ئەنارکیزم دژ و لێدەر دروستبکەن و بخەنەگەڕ. هەرچەندە دڵخۆشانە ئەو کەلێن و زەمینانەی [دەسەڵاتخوازیی، ناوبانگخوازیی و ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندگەرا و ھەبوونی ڕابەر و سەرۆك و قسەکەر]، کە دەسەڵات توانیویەتی لەوانەوە کنەبکاتە نێو بزووتنەوەکانی پێشتر، لەنێو ھزر و بیرکردنەوە و بۆچوونی ئەنارکیستی بوونیان نییە. بەڵام ئەوە ھێشتا دڵنیاکەری تەواو نییە و ھێشتا لە ھەرێمێك کە بۆ زۆرینە بنەما ھزرییەکان و مێژوو و ئەزموونەکانی ئەنارکیزم ناسراو نین، ئەگەری ئەوە ھەیە، بلوێت کەسانێك یان گروپێك لە پانتایی نائاگاداریی کەسانی ناڕازی و گۆڕانخواز لەبارەی بنەما ھزرییەکان و مێژوو و ئەزموونەکانی ئەنارکیزم، خۆیان بکەنە دایك و باوکی ئەنارکیزم و جۆرێك لە ئۆتۆریتەگەریی/دەسەڵاتگەریی و پاوانگەریی شارداوە بەسەر ھۆگران و شەیدایانی نائاگای ھزری ئەنارکیستی بسەپێنن و لەژێر دێوجامەی ئەنارکیزم کایە چەپەڵە ڕامیارییەکانی خۆیان پەرەپێبدەن.

لەسەر بنەمای ئەو دیتنە، من بەو سەرەنجامە گەییشتووم، کە لەمەودوا پێویستە ئەرك و گرنگیدانی ئێمە لە سێ ئەرکەکەی دەستپێك نەوەستن و واوەتر لەوە پێداچوونەوەی بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆمان بکەین و ھەم سەرنج و ڕەخنەی دەرکەوتنە تازەکان بکەین. بە بۆچوونی من، گرنگی ئەم ئەرکە لەوەدایە، ئەو بۆشاییانە پڕبکەینەوە، کە دەکرێت دەسەڵاتداران و دەربارانی دەسەڵات لەوێوە کنەبکەن. لەو بارەوە من وەك ھەنگاوی یەکەم ھەوڵدەدەم سەردەمێکی دیاریکراوی چەند مانگە بۆ پێداچوونەوە و خوێندنەوەی بۆچوون و تێروانینی خۆمان بکەم و ھیوادارم ھەر ئاوا ئێوەش ھاوڕێیانی ئەنارکیست لە ھەر کوێ ھەن، ئەوەی بە گرنگی دەبینن و دەزانن سەرنجیبدەنێ و لەسەری کاربکەن و ڕەخنە بکەنە لەمپەرێك بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھەوڵێکی دژ و دژەخونگەر، بە بۆچوونی من ئەوەش تەنیا بەوە دەکرێت، کە ئێمە لایەنگرانی تازەی ئەنارکیزم لەوە ئاگاداربکەینەوە، کە ئەنارکیزم پێش ئەوەی ڕەتکردنەوەی دەوڵەت و پارتیایەتی و ڕێکخستن و پێکھاتەی قووچکەیی و نێوەندگەرا بێت، ڕەتکەرەوەی ناوبانگخوازیی و دەستەگەریی و دەستەبژێریی و دەسەڵاتخوازیی ھەر کەسێکە بە ھەر ناوێکەوە بێت، ئەنارکیزم دایك و باوك و مامۆستای نییە و ھەر کەس ئاوا ھەوڵ و پاگەندەیەك بکات، بەبێ گۆمان یان لە بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم تێنەگەییشتووە، یان ئامانجدارانە دەخوازێت دەرکەوتنی تازەکی ھزری ئەنارکیزم لەنێو ناوچەکە و کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان بکاتە دێوجامەیەك بۆ گەییشتن بە ئامانجە کەسییەکانی خۆی یان بۆ خزمەتکردن بە پلانی پارتیی و لایەنێکی دەسەڵاتدار.

ھاوڕێیان ھەڵبەتە ئەم دیتنەی من بەو واتایە نییە، کە ئێمە ھەموو شتێك بەلابخەین و تەنیا خەریکی ڕەخنەگرتن لە خۆمان بین و کۆمەڵ و ناڕەزایەتییەکان لەبیربکەین. نەخێر، بەپێچەوانەوە، ئەم سەردەمە کە ناڕەزایەتییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان فراوانتردەبن و دەبنە دیاردەی ھەر ڕۆژە، کارکردن لەسەر ڕێکخستن و پاگەندەکردنی ڕێکخستنی ئاسۆیی و چالاکی ڕاستەوخۆ و گرنگی گروپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و بانگەوازکردنی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری و تێکۆشانی نافەرانی سڤیلیست (مەدەنی) و بەرەنگاریکردنی پلانی تایبەتیکردنەوەی کەرتی پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و هەر ئاوا ڕۆشنگەرییکردن لەبارەی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی سەربەخۆ/ئۆتۆنۆم و نانێوەندییکردنەوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ، پێداویستی و ئەرکی سەرەکی ئەم قۆناخەی خەباتی ئێمەن و ئەگەر بیرۆکەی کۆبوونەوە گشتییەکان و گروپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و کۆمەڵایەتییکردنەوەی کەرتەکان و ڕزگارکردنی پەروەردە و خوێندن لە دەسەڵاتگەرایی دەوڵەت و پارتییەکان و کۆمپانییەکان و بەرەنگارییکردنی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلۆبرالیزم)، نەبنە ئامانج و دروشم و داخوازیی دەستبەجێ و ھەموو ساتەکی ئێمە، بەدڵنیاییەوە ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستیش وەك ڕەوت و بزووتنەوەکانی پێشووتر دەکەونە کەناری کۆمەڵ و دەبنە دەستەیەکی ئایننگەرا و ئایدیۆلۆجیی و سەرەنجام دوکان و کۆمپانییەك بۆ قازانجی چەند کەسێك.

بە کوردی و بە کورتی، بە دیتن و بە گوێرەی ئەزموونگەریی من، ئەنارکیزم و بنەما ئەزموونیی و ھزرییەکانی بزووتنەوە و شۆرڕشی ئەنارکیستی بریتیین لە خۆھوشیاریی شۆڕشگێرانەی کۆمەڵایەتی، تێکۆشانی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی ئاسۆیی و نانێوەندیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، بزووتنەوە و بەرخودانی کۆمەڵایەتی، ڕاپەڕینی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، گۆڕانی کۆمەڵایەتیی و سیستەم و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی پشتبەستوو بە هەرەوەزی و پشتیوانی کۆمەڵایەتیی بۆ گەییشتن بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی. بە واتایەکی دیکە بەرەنگاریکردنی هەر هەوڵ و ڕێکخستن و سیستەمێکی ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی، لە سەرووی هەموویانەوە دەستەبژێرگەریی، دەستەگەریی، پارتیایەتی، دەوڵەت نەتەوە، دەسەڵاتداریی ئایینی و نەزمی نوێی بازار.

———————————————–
* ئامانج لە نووسینی ئەم نامەیە، نە ئامۆژگاریکردن و نە ڕێنوێنیکردنە، بەڵکو سەرنجڕاکێشانی هاوڕێیانە بۆ شتێك کە من ئەم ساتە هەست بە گرنگیپێدانی و بەهەندوەرگرتنی دەکەم و دەکرێت ئاواش نەبێت و من لنگاوقووچ لە پرسەکان تێگەییشتبم و وەڵام و سەرنج و ڕەخنەی هاوڕێیان لەسەر ئەم نامەیە و بابەتەکانی دیکەی من لەبارەی ئەنارکیزم یان هەر پرسێکی دیکە، دەتوانێت پشتیوانییەکی گەورە بێت بۆ من و کەسانی دیکەش. بێجگە لەوە ئامانجی من گومانخستنە سەر هیچ کەس و هیچ دەستەیەك نییە، بەڵکو سەرنجڕاکێشانی خوێنەرە بۆ ئەوەی وردبینانە و ڕەخنەگرانە بۆچوون و بیرۆکەکان لە هەر کەسێك وەربگرن، بەتایبەت بابەتی پەیوەست بە ئەنارکیزم، چونکە لۆجیکی بیرکردنەوەی ئەنارکیستی ئەوە پەسەندناکات، کە کەسێك دژی سەروەریی بێت و هاوکات خەریکی ناوبانگدەرکردن بێت بۆ خۆی و لە خۆی باوکێك بۆ ئەنارکیزم چێبکات؛ وەك زانراوە و دەزانین ئەنارکیزم تێز نییە، دژەتیزە، ئەنارکیزم ئایدیۆلۆجی نییە، هزرە، ئەنارکیزم زادەی هوشمەندیی هیچ کەسێك نییە و بنەما هزرییەکانی (تیئۆرییەکەی) گەڵاڵەکراوی ئەزموونگەریی بزووتنەوەی سۆشیالیستیی ئازادیخوازی سەدان و هەزاران ساڵە، ئەنارکیزم ئایین نییە و هیچ ئەنجامێك بە دوا ئەنجام و پێگەییشتنی مرۆڤایەتی نازانێت؛ ئەنارکیزم ژییانە و ژییانیش هەردەم دەگۆڕێت و پێشدەکەوێت ؛ وەك پییەر جۆزیف پڕۆدۆن لەنێو نامەیەك بۆ کارڵ مارکس دەنووسێت “وەرە با وەڵامی هیچ پرسیارێك بە دوا وەڵام وەرنەگرین و هەر کات بوار هەبوو و پێویست بوو، جارێکی دیکە لە دوای وەڵامی گونجاتر و دروستر بگەرێین و سەرلەنوێ وەڵامەکان نۆژەنبکەینەوە”
** گوڤاری ڕۆشنبیری – کۆمەڵایەتی دالیان www.geocities.com/dalyan00 ، www.dalian.cjb.net بەداخەوە دەمێکە ئەو خزمەتگوزارییانە نەماون.
*** سەکۆی ئەنارکیستانی کوردی-زمان www.sakurdistan.kurdbloger بەداخەوە دەمێکە بەهۆی نەمانی کوردبلاگەر، ئەو پێگەیە نەماوە.
**** سایتی چەند زمانەی ئەنارکیستان www.anarchistan.co.cc بەداخەوە دەمێکە ئەو خزمەتگوزارییە نەماوە.
***** سایتی ئەنارکیستانی کوردی-زمان www.anarkistan.com
http://facebook.com/anarkistan

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish