Skip to Content

میز … جەلال قادر

میز … جەلال قادر

Closed
by تشرینی دووه‌م 8, 2019 General, Literature

ئەمڕۆ خێزانێکی جوان داوایان لێکردم بیانگەیەنمە شاری هەولێر. ئافرەتەکە کۆرپەیەکی بەچەشنی پەپوولە لەباوەش کردبوو، کیژۆڵەیەکی بچکۆلانەش کە تەمەنی چوار پێنچ سالێک دەبوو، تووند دەستی باوکی گرتبوو. باوکەکە بە تەنیشتمەوە دانیشت، دایکەکەش لەگەل مندالەکان لەکورسیەکەی پشتەوە.
پێشئەوەی بگەیینە بازگە و مەفرەقەی (دارامان)، بینیم دایکەکە لەچکەکەی سەری داکەند و چاوی کیژووڵە وردیلەکەی داپۆشی. وتی : بۆ خۆت بخەوە تا دەگەینە ناو شاری هەولێر.
لەبازگەی سەربازە عێراقییەکان بێ لێپرسینەوە و لەسەرخۆ بەسەر تاسە و نێوان دوو (هامەر) کە ئالای ڕەشیان پێوە هەڵواسرابوو تێپەڕین.
دونیا فێنک و خۆش بوو، چەند ڕۆژێک بوو باران بە خووڕ باریبوو. بە موسافرەکەم وت : هەرچەندە پاییزە، لی لەپاش ئەم باران باریینە ئەو دەشت و دەرە دیمەنێکی جوانی هەیە.
موسافرەکەم بزەخەنەیەکی کرد و وتی : هێشتا زووە، پەلەی نەداوە.
پێشئەوەی بگەینە شارۆچکەی پردێ، یەک دوو بازگەی ترمان بڕی.
دایکەکە لەپشتەوە وتی : ئاخۆ کەی ڕۆژێک دێت لەدەستی ئەم بازگە و چەکدارانە ڕزگارمان دەبێت؟.
باوکەکە بە پێکەنینەوە وەلامی دایەوە: هێشتا زووە پەلەی نەداوە.
منیش خەندەیەکم بۆکرد و وتم : ئەها ئێستا تێگەیشتم، کەواتە هێشتا سێو پێنەگەیووە.
نزیک پردەکەی پردێ بووینەوە وتم: زۆرمان نەماوە. دەگەینە دوا بازگە ، بەلام تووخوودا بۆچی چاوی ئەو کچە بچکۆلانە ناکەنەوە تا شارۆچکەی پردێ و دیمەنی دەرەوە ببینێت؟
باوکەکە : لێیگەڕێ ئەوهای پێخۆشترە
لە ئاوێنەکەوە سەیرێکی کیژؤلەکەم کرد. پێی لەسەر چۆکی دایکی دانابوو، دایکشی یاری بە پەنجە وردیلەکانی دەکرد. كیژۆلەکەش لەشوێن خۆی دەبزوا، یان وەک ئەوەی ترسێک لە لەشیابێت دەڵەرزی
نزیک بە دەروازەی شاری هەولێر بووینەوە، پێشمەرگە، یەک یەک ناسنامەی لە موسافرەکان دەسەند و خێرا خەلکیان بەڕێ دەخست. کە نۆبەی ئێمە هات، پێشمەرگەیەک دەمانچەیەکی بەلا قنگەوە بەستبوو، لەپاش سلاوکردن پرسی لە کوێوە بۆ کوێ؟
لە کەرکووک بۆ هەولێر.
سەیرێکی ژن و مندالەکەی پشتەوەی کرد و پرسی : بۆچی چاوی ئەو منداڵەتان بەستووە.
دایکەکە خێرا وەلامیدایەوە: چاوی ژان دەکات.
دەتوانم، چاوی بیبینم. منیش کەمێک تووڕە بووم وتم : برا خۆ تۆ پزیشک نیت پێشمەرگەکە گەنجێکی باریکەلانە و گەنم ڕەنگبوو، لەپڕ رووخساری سوور هەڵگەڕاو و بە پێکەنینەوە وتی : کاکی شوفێر، زەحمەت نەبێت دابەزەو ئەو سنووقەی پشتەوەمان بۆ بکەوە. دابەزیم و سنوقەکەم کردەوە، کەچی پێشمەرگەکە هەر لەشوێن خۆی وەستابوو، نەهات سەیری ناو سنووقەکە بکات! پێمگووت : فەرموو… پێویست ناکات، ئێستا دەتوانیت بڕۆیت.
ئەی سنوقەت بۆ پێمکردەوە؟.
خەندەیەکی کرد و وتی : یەک بە یەک..
منیش پێکەنیم و وتم : هەی لەدینت بەم.
لەبازگەکە دەرچووین، باوکەکە وتی : پێشمەرگەکە تۆڵەی خۆی کردەوە.
دایکەکە لەچکەکەی لەچاوی کیژۆڵەکە کردەوە وتی : هەستە کچم بازگە تەواو بوو، چیتر چەکدار نابینیت
دایکەکە بە لەچکەکە سەری خۆی داپۆشی و پرچی کچەکەی بەشانەیەک داهێنا
لە باوکەکەم پرسی : ئەو کیژۆلەیە لە چەکدار دەترسێت؟
-بەلێ…هەر شوێنێک چەکداری لێبێت، دەترسێت و نایەوێت بیان بینێت.
گەیشتینە ناوباژێری هەولێر و نزیک بە قەیسەری، باوکەکە کرێکەی پێدام و خێرا دەرگەکەی پشتەوەی کردەوە ویەک یەک زارۆکەکانی لە هاوسەرەکەی وەردەگرت. پێشئەوەی دایکەکە دابەزێت، سرتەیەکی کردە بن گوێم : ببورە کچەکەم لەترسا (میزیی) بەسەر کوشنەکەتدا کردوە

Previous
Next
Kurdish