Skip to Content

«منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم»‌ـی پێشەوا کاکەیی،  چاپی دووەمی بڵاوکرایەوە.

«منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم»‌ـی پێشەوا کاکەیی، چاپی دووەمی بڵاوکرایەوە.

Closed
by تشرینی دووه‌م 12, 2019 General, Literature

    ئەم بەرهەمە: لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٠، نووسراون، ساڵی ٢٠١١، بۆ جاری یەکەم لە چاپخانەی دیلان لە سلێمانی چاپ کراوە. ئەم پەڕتووکە: پێک هاتووە لە ١٦ شیعر و چامە، لەگەڵ تەوەرەیەک لە بەشی دووەمی توێژینەوەیەکی زانستگە، لە لایەن: «هیوا ئەکرەم عومەر و ڕابەر محەمەد محەمەدەمین»ـەوە، بەنێوی: «چەمکی گوڵ، لە دیوانی: (منم، دیدەوانی گوڵ دەکەم)ـی پێشەوا کاکەییدا.» بۆ ساڵی ٢٠١٨- ٢٠١٩، لە زانستگەی ڕاپەڕین. هەروەها، دیار لەتیف: ڕانانێکی بۆ کردووە، بەنێوی: «چەمکی ڕوانین، لە (منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم)ـی پێشەوا کاکەییدا.»  ئەم پەرتووکە: ١٣٤ لاپەڕەیە؛ کە کاری ڕێنووس و هەڵەچن: وشیار عەلی، بەرگ: ئیبراهیم ساڵح، ئەنجامیان داوە. هەروەها، بۆ جاری دووەم، لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی، ساڵی ٢٠١٩، لەسەر ئەرکی خۆی چاپ کراوەتەوە. 

   ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی سەرەتای نوێی شاعیرە لەمەڕ بوونێتیی هەبووەکان، کاکەیی لەم بارەوە دەڵێت: ئەم بەرهەمەم: لەمەڕ دونیای ڕۆحانیی و هەبووێتی بوونەکانەوەیە، کە بوون تێیدا ناوەندی دەقە. ڕوانینە لە جیهانبینی مرۆڤ بۆ بوونەکان، کە لەپێناو خودێتیدا بوونەکان دەخەنە ژێر حەز و ویست و دەسەڵاتی خۆیانەوە. مرۆڤ وەک بکوژی لێ هاتووە لەپێناو خواستەکانیدا، هەبووێتی دیکە وەک پێویستیی بۆ هەبووێتی خۆی تەماشا دەکات. لەمبارەوە، لە پێشەکیی پەڕتووکەکەیدا، دەڵێت: «گوڵ، ئەو ڕۆحە موقەددەسەیە، کە وەک گشت ڕۆحە خوڵقاوەکانى دیکەى خودا، بە دیار پشووى درێژى ژیانه‌وه‌ ڕاوەستاوە و هەمیشە لە دەلاقەى جوانيى خۆیەوە دەڕوانێتە ژیان. ئەوە گوڵە هەمیشە فەرامۆشیمان دەداتێ، وێنەى بەهەشتمان نیشان دەدات. گوڵ شوێنگەى خۆی ڕازاوەیە و دەروونى مرۆڤەکانیش ئاسوودە دەکات؛ ئه‌گەرچی هەر گوڵە، دەبێتە شەهید و ئەنفالی «زیندەبەچاڵ»ـى دەستى مرۆڤەکان.»

    «هیوا ئەکرەم و ڕابەر محەمەد» لەبارەی چەمکی گوڵ لە توێژینەوەکەیاندا، لە ئەنجامەکەیدا دەڵێن:

دوای نووسینی ئەم توێژینەوەیە، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە:

  1. گوڵ و مرۆڤ هەردووکیان خاوەنی هەمان ڕۆحن، کە خودا پێی بەخشیون، پێکهاتەی دروستبوونی هەردووکیان لە خاک و ئاوە؛
  2. پێشەوا کاکەیی، بە شێوازێکی جیاواز لە هەموو شاعیرانی قۆناغەکانی دی لە گوڵ دەڕوانێت و نایەوێت گوڵ بکاتە قوربانی لە پێناو یارەکەیدا، بەڵکوو ئەو دەیەوێت سروشتی گوڵ وەک خۆی بمێنێتەوە؛
  3. چەمکی گوڵ لای شاعیرانی کورد لە هەرسێ قۆناغی کلاسیکی، نوێگەری و ‌هاوچەرخدا بە یار چوێنراوە؛
  4. پێشەوا کاکەیی لە دیوانی «منم، دیدەوانيی گوڵ دەکەم»ـدا لە گۆشەنیگای تایبەتيی خۆیەوە و بە هەستێکی مرۆڤدۆستانەوە لە گوڵ دەڕوانێت. «دیار لەتیف» لە چەمکی ڕوانین لە منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەمی پێشەوا کاکەییدا دەڵێت: لەم خاڵەوە، پشکنینە وێژەییەکە دەست پێ دەکات، واژەی گوڵ وەک گوزارەیەک، ڕەهەندی جوایەز دێنێتە گۆڕێ، لەوێوە کێبڕکێ و تێپەڕاندن و دەستکارییەکان و دونیابینین دێتە ئارا و بۆچوونێکی نوێ سەربار دەخرێت. واتە ئەمە ڕوانگەیەکی ترە بۆ چەمکی گوڵ؛ (گوڵ) جارێک تەسەووفانە و جارێکیش ژینگەدۆستانە و ئەوجاریش مرۆدۆستانە مژار دەکرێت.
    پێشەوا کاکەیی، خاوەنی چەند کتێبێکی شیعرییە، هەروەها خاوەن پڕۆژەی شیعرییە، بە نێوی: «شعرە/ڕێ» کە کارنامەکەی لە هەشت پڕۆژە پێک هاتووە، ئەوانیش:

۱- ئەفریقانامە، بە تامی شیعر.
۲- زەمیننامە، بە تامی شیعر.
۳- ئەمریکای باشوور، بە تامی شیعر.
٤- ئەمریکای باکوور، بە تامی شیعر.
٥- زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر.
٦- ئۆقیانووسیا، بە تامی شیعر.
۷- ئاسیانامە، بە تامی شیعر.
۸- ئەورووپانامە، بە تامی شیعر.

    شاعیر، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تاکوو ئێستا، چوار پڕۆژەی نووسیوە، ساڵی ۲۰۱۸، لە دوو کتێبدا بە چاپی گەیاندوون، بە نێوی: «ئەفریقانامە و زەمیننامە، بە تامی شیعر» و «ئەمریکانامە، بە تامی شیعر»
    پارچە شیعرێک لە کتێبەکەی منم دیدەوانیی گوڵ دەکەم:

ئەى گوڵ! تۆ موحیبەتیت،
چۆن دڵم دێت ڕۆحت بکێشم؛
سەرت لە لەش جـیا بکەمەوە و
بتکەمە قوربانى بۆ یارەکەم!
ئیزنم بدە ئەى گوڵ!
بە خاکەوە بتگوێزمەوە بۆ لاى ئه‌و؛
دەستێکم بە قەدتەوە،
تا دڕکەکانت بە پەنجەمدا بچن و خوێناوى بن،
دەستێکیشم به‌ ڕەگوڕیشەى نێو خاکته‌وه بێت‌.
تا تێبگات یارم کە تۆش موحیبەتیت.
ئیزنم بدە ئەى گوڵ!
دیدەوانیيت بکەم و نەهێڵم کەس لە دژت بجەنگێت،
تا ئەو ساتەى تەمەن یەخەت دەگرێت؛
تا خودا، بەرەو مەرگت ڕادەکێشێت.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish