Skip to Content

سەلیم سۆتکە … عەبدولرەحمان فەرهادی

سەلیم سۆتکە … عەبدولرەحمان فەرهادی

Closed
by تشرینی دووه‌م 12, 2019 General, Literature

سەلیم سۆتکە تازەکانە لە ھەندەران گەڕابۆوە، لەوێ گونلەمست ھیچی بەھیچ نەکردبوو و ھاتبۆوە لێرە فشەفشی لەسەر برادەرانی دەکرد، گوایە مسەققەف بووە و لە ڕەفتار و کردەوەی ئەوان دڕدۆنگە، زۆر دەگەڕا ئیشێکی دەسکەوێ بەڵام لەبەر تڕوتۆپەستووری نەدەکارا ئیشان، ئەو خۆی بە گووێکی گەورە دەزانی و لە قسە و گفتولفتیدا ھەر ناوی ئەم وەزیر و ئەو بەرپرسی دەھێنا گوایە برادەری گیانیی ھەمووانە، خۆی بەلاوە کەسایەتییەکی گەورە بوو، کەچی کەس حسێبی دوو فلسی سۆتیی بۆ نەدەکرد. ھەموو جار کە دەھاتە چایەخانەی مەچکۆ دەبایە پارەی چایەکەی بدەین، خۆ ئەو دایما موفلیس بوو، گەر ھەشیبا فلێس بوو، دەستی لە بەڕکی ڕانەدەکرد، سەلیم سۆتکە وەختی خۆی لە ڕۆژنامەی ھاوکاری بەھۆی شێخێکی خزمی کە جاشێکی گەورە بوو، ئیشی بەردەستی بۆ دەزگاکە بە پاداشت دەکرد، بیری کردەوە ھەر ئەمڕۆ سەرێکی شێخەی خزمی بداتەوە بەڵکم ئەمە خوایە ئیشێکی میدیاکاریی بۆ وەدۆزێ.
سبەینێ چێشتانان سەری شێخەی لە ڕۆژنامەی زمانحاڵی حیزب دا، لەوێ شێخە پێشنیازی نووسینەوەی بیرەوەریی بۆ سەلیم سۆتکە کرد، سەلیم ئەو پێشنیازەی زۆر بە عەقڵدا چوو، شێخە بە سەلیمی گۆت: کەسایەتییەکی گەورەی وەک تۆ کە ھەم ڕۆشنبیر، ھەم سیاسی، ھەم کۆمەڵایەتی، ھەم بیرمەند و ڕۆژنامەنووس، وەرە لێبکشێوە بیرەوەریت بنووسەوە، بەشەرەفم بە یەکەم چاپی کتێبەکەت، پارووت دەکەوێتە ڕۆنی ھیزە.

سەلیم سێ مانگان لە کونی ژوورەوە نەھاتە دەرەوە، خەریکی نووسینەوەی بیرەوەری بوو، کە لێبۆوە، سەری شێخەی دایەوە و بیرەوەرییەکانی نیشاندا، بیرەوەری چ بیرەوەری! مەگەر ئەحمەد ڕۆڕۆ سەری لێ دەرچێت!
شێخە، سەلیمی ناردە چاپخانەیەک و کەمێ پارەی بە قەرز دایێ و پێیگوت: ئەویتریش خۆت بیخە سەر و کە کتێبت فرۆشرا پارەکەم بۆ بێنەوە. سەلیم ئەم دەرگا و ئەو دەرگای کوتی و بە قەرز و قۆڵە ئیشەکەی پێکھێنا.

بیرەوەری بە چاپی بەرگ ئاوزێڕی ڕەقی جزووبەند لەچاپخانە ھاتە دەرێ، سەلیم ئاھەنگێکی خنجیلانەی بۆ دابەشکردنی بیرەوەرییەکانی لە بنکەی ڕۆشنبیریی شار بۆ سازدا و لە ئاھەنگەکە داوا کرا ئامادەبووان سەر و کتێب وەرگرن و پارەی کتێبەکەش دانێن، نەک وەک دیاری بەڵکوو دەبێ بیکڕن، ئاھەنگ تەواو بوو لە شێخەی جاش زیاتر زەلامی خوا دانەیەکی گل نەدایەوە، ھۆڵە بچکۆلەکە ھەندەی دەمێ چۆل بوو.سەلیم تەنگەتاو بوو، شێخە بەپێشنیازیترەوە دڵی سەلیمی خۆش کرد و گوتیێ: سەلیم تۆ واچاکە ژمارەیەکی باشی ئەم کتێبەت لە ئاھەنگێکی دیکە بە فراوانی، بە دیاری دابەش بکەیت و ئەوکات ناوبانگت زۆر زێتر دەڕوا و واش باشترە ھەر کتێبێک لەو ڕێوڕەسمەدا کە دەیدەیتە یەکێک، با وێنەیەکت بۆ بگیرێ تا لە ئەکاونتی خۆت لە فەیسبوک دایبەزێنی، بەمجۆرە کتێبت ھەڕمێنی زیاتر دەبێ و خەڵک بەدوایەوە دەبێ و ناچارن لە بازاڕ بیكڕن، سەلیم وای کرد و فەیسبوکی پڕ کرد لە ڕەسمی خۆی لەگەڵ خەڵک، کتێب ھەڕمێنی پەیدا کرد و لە بازاڕ نەما، بەڕکی سەلیم ماوەیەک باش گەرم بۆوە، ئەمجارە شێخە سەری لەبن گوێی سەلیم نا و دایە بەر پێشنیازان: سەلیمۆکی سۆتکەی سەیانی، بەخوای من نەبم کەس گوو بە کڵاوە بۆرەکەت ناپێوی، وەرە ئێستا لێ بکشێوە ڕەسمەکانی فەیسبوکت بکە کتێب، ئەوانەی لە ڕێوڕەسمەکەدا بیرەوەرییەکانت لێ دابەش کرد.
سەلیم پێشنیازی جوانی شێخەی کەوتە دڵ و ئەلبوومێکی چاپ کرد و چەندین وێنەی سەردەمی گەنجی و ھەندەرانیشی ھاویشتێ، کتێب لە چاپخانە ھاتەوە و ئەویشی لە ڕێوڕەسمی شاھانەدا بە شرقوھۆڕی وێنە گرتنەوە دابەش کرد و قەولە وێنەکانی ئەویش بکاتە کتێب، ئیتر ئەم بەزمەی سەلیم سۆتکە وەک ھەقایەتی مێش بنی نایە و کۆتایی نییە، ھەر کتێب چاپ دەکات و ڕەسمەکانی دابەشکردنی دەکاتەوە کتێب. ئێستا سەلیم بەو حاڵ و وەزعەوە خاوەنی ھەشتا تا نۆھەت کتێبە، لەسەر پێشنیازی تازەی شێخە، قەولە سەلیم قژ بەرداتەوە بۆ ئەوەی ھێشتا زیاتر بەناوبانگ بێ، شێخە دەڵێتە سەلیم: سەگبابم ئەگەر وا نەکەم سەت ئەوەندەی ئاینشتاین بەناوبانگ بیت، ھەی لە قەبری بابی ئاینشتاینیش بەم گەر نیو ئەوەندەی تۆ ئەقڵی لە کەللەدا بێ!

Previous
Next
Kurdish