Skip to Content

56 Views

کەسایەتی، حزب، نەتەوە! … برایم فەڕشی

کەسایەتی، حزب، نەتەوە! … برایم فەڕشی

Be First!
by November 13, 2019 General, Opinion
image_print

سرووشت، شوێن، زمان، فەرهەنگ، تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی، ئایین و ئەفسانە، بە ویست و نەویست، شوێن لە سەر زەین و مێشک دادەنێن. هیچکام لەو لایەنانە لە زاتی خۆیاندا نابنە هۆی لە ناوبردن و بێنرخکردنی تایبەتمەندییەکانی کەسی بەرانبەر، بەڵام بۆ مەبەستی بێنرخکردن و وێرانکردنی ناسنامە و کەسایەتی کەسی بەرانبەر، بەکاردەهێندرێن.

گەر ناسیۆنالیسم ڕەنگدانەوەی لایەنە بێزڕەکانی مرۆڤ بێ، هەر لە خۆشەویستنی زێد و زمان و فەرهەنگ هەتا موسیقا، هونەر و…، سوودمەند و ڕاگریی سرووشت و بایخەکانی مرۆڤی هەمە ڕەنگی سەر گۆی زەوییە. ڕەنگینی کۆمەڵگا بە درێژایی ژیانی چەند دەهەزار ساڵە، بایخی باوەڕپێکراوی دانیشتووانی مێزۆپۆتامیا(ناوچۆمان) و کوردستان بووە، کە هەر ئێستا ڕەنگدانەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرەڕای شەڕ ووێرانی دەبیندرێ.

کەسایەتی کە خۆی لە پەیکەری خودا، پەیامبەر، پاشا، ڕابەرانی ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، هونەریی دەرخستووە، دەوری لە کۆمەڵگادا گێڕاوە. لە دوو شەڕی یەکەم و دووهەم، کەسایەتییەکانی سیاسی، جیهانیان تووشی کارەسات کرد. هیتلێر، ستالین، چرچیل، فرانکۆ، موسولینی، ڕەزاشا، ئاتاتورک و کەسایەتییەکانی هاوچەشن، دژبەرانی ڕەنگاوڕەنگی و لایەنگرانی توناکردنی ڕەنگەکانی تر، جگە لە ڕەنگی خۆیان بوون.

لە پاش شەڕیی دووهەم، حزب جێگای کەسایەتییەکانی گرتەوە، هەرچەند دەوری کەسایەتییەکان بێڕەنگ نەکرا، بەڵام حزب وەک دەزگایەکی فکریی، سیاسی، بەرنامەڕێژیی، ئیدارەکردن، جێگای بە دەوری کەسایەتی لەق کرد و ناسیۆنالیسمی ڕەگەزپەرەستانە و دژبەری ناسنامەی بەرانبەر، دەوری لە سیاسەت کەم کرایەوە و کۆمەڵگا بەرەو ڕەنگاوڕەنگی کێشرا، کە بەرهەمی سیستەمی ئابووریی و نیازی بازاڕ بوو، بەڵام ناسیۆنالیسم نە تەنیا کوێر نەکرایەوە، بەڵکو لە زۆر وڵاتی جیهان بوو بە مایەی داسەپاندنی دیکتاتۆریی و چەوساندنەوە لە بەرگی نژادپەرەستی، شوونیستی. چارەنووسی کورد، کە نەیتوانی خۆی لە ناسیۆنالیسمی کورددا ببینێتەوە، بە دەستەڵاتی نیژادپەرەستەکانی سێ نەتەوەی فارس و عاڕەب و تورک گرێدرا.

گلۆبالیسم، ئیمکانی بۆ گەشەی منۆپۆلی سیاسی، ئابووریی، زانستی، فەرهەنگی، زمانی ، ماڵی و بازاڕ ڕەخساند، کە هێدی هێدی دژایەتی دانیشتووانی خەڵکی سەر گۆی زەوی لێکەوتەوە. چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر قاڕەکانی جیهان ئەوە دەردەخەن کە جیاوازیی ژیان لە نێوان زۆرینەی خەڵک لە ئاسیا و ئافریقا و ئەمریکای لاتین لە گەڵ ئەو خەڵکانەی لە ئووروپا و ئامریکا و ئوسترالیا دەژیین، هەتا دێت زۆرتر و زۆرتر دەبێ، هەر وەها لەو سێ قاڕەیەش جیاوازیی نێوان زۆرینەی خەڵک و تاقمێکی چەند لەسەدی بەردەوام لە زیادبووندایە و بە گشتی زۆرینەی خەڵکی جیهان لە هەموو ناوچەکان، هەست بە مەترسی ئێستا و داهاتو دەکەن.

خێڵی ئاوارەکان لە ساڵدا لە سنووری حەفتا میلیۆن تێپەڕیوە، بێکاری هەرچەند دەگوترێ لە کەمی داوە، گەیشتۆتە ڕێژەی ١٧٤ میلیۆن کەس، کە بێگوومان ژمارەی ڕاستەقینەی فرە زۆرترە. بە پێی ئامار ١٠٠ میلیۆن کەس لە جیهان، بێ ماڵ و سەرپەنا دەژیین. ٧٨١ میلیۆن کەس بێبەش لە خوێندن و نووسین ماونەتەوە، ئەڵبەت بە پێی ستانداردی ژیانی ئەمڕۆ، ئەو کەسانەش کە ناتوانن کامپیۆتێر و دەزگاکانی هاوچەشن بەکار بهێنن و دوورن لە جیهانی دژیتاڵی، بە بێسەواد لە قەڵەم دەدرێن کە ڕێژەکەی نازاندرێ چەندەیە، بۆ وێنە لە ئاڵمان ئەو ڕێژەیە سەروی بیست لە سەتە، واتە شازدە میلیۆن کەس نازانن کامپیۆتێر بەکار بهێنن، وڵاتێک کە یەک لە چەند وڵاتی پێشکەوتووی جیهانە. هەر لە ئاڵمان شەش میلیۆن و دووسەت هەزار(٦٢٠٠٠٠٠) کەس نە دەتوانن بە زمانی ئاڵمانی بنووسن، نە لە نووسراوەیەکی ئاڵمانی تێبگەن. برسییەتی لە سەر گۆی زەوی ڕۆژانە دەبێتە هۆی مەرگی شەست وحەوت هەزار(٦٧٠٠٠) کەس. واتە نزیک بیست و پێنج میلیۆن(٢٥٠٠٠٠٠٠) کەس لە ساڵ.

منۆپۆل بەشی زمان، فەرهەنگ، هونەر، زانیاریی و لایەنەکانی تریشی گرتۆتەوە، کە هەمیسان دژایەتی ئەو لایەن و خەڵکانەی لێدەکەوێتەوە کە زەرەرمەند دەبن. بە پێی ئامار ٣٤٠ میلیۆن کەس بە زمانی ئینگلیسی لە تۆی چەند وڵات قسە دەکەن، بەڵام زۆرینەی دانووستاندنی سیاسی، بازرگانی، زانستی، هونەریی، فەرهەنگی و… بەو زمان دەکرێ. بە ساڵانە لە وڵاتێکی وەک ئاڵمان بەربەرەکانی لە گەڵ هێرشی ڕۆژانەی زمانی ئینگلیسی دەکرێ، بەڵام کەمترین دەرەتان بۆ ئەو دام ودەزگایانە ماوەتەوە کە لە بەستێنی زمانی ئاڵمانی بەربەرەکانی لە گەڵ ئەو هێرشە دەکەن.

گەڕانەوە بۆخۆ، بۆتە هۆی ئەوەی کە زمانە ناوچەییەکانی زمانی ئاڵمانی گرنگی زۆرتریان پێدەدرێ و ئەدەبیاتیان بژێندرێتەوە و بازاڕی خۆیان پەیدا بکەن. ئەم تێگەیشتنە تەنیا زمان ناگرێتەوە، بەڵکو جارێکی تر دەبیندرێ کە خەڵک هێدی هێدی سرنجیان بۆ لای ناوچەکەی خۆیان و تایبەتمەندییەکانی ڕادەکێشرێت و بەرهەمی ناوچەکان گرنگی پێدەدرێت و بازاڕی ناوچەیی گەرمتر پێشوازی لێدەکرێ، ئەم تێگەیشتنە خۆی لە بۆچوونی سیاسی، ژینگە و زۆربەی لایەنەکانی ژیان دەرخستوە و مرۆڤی بەرەو ژیانی دوور لە ژیانی غەریزی و ئۆتۆمات بردووە و بیرکردنەوە و بڕیاردانی تاکە کەسی زیاتر کردووە. ناسینیەوە و خۆناسین، ژینگەپارێزیی و خۆییبوون و ناوچەپاراستن، ڕێگای بۆ گەشەی ناسیۆنالیسمی سەدەی بیست و یەک و هەروەها دژایەتی لە گەڵ “ئەویتر” خۆش کردووە. واتە ناسیۆنالیسمێک کە ئاوڕ لە نڕخەکانی خۆی و ژینگە و ناوچەکەی و بەرهەمەکانی و بەرژەوەندی گشتی تاک و کۆی خۆی دەداتەوە و ناسیۆنالیسمێک کە لە ڕاسیسم و فاشیسم نزیک دەبێتەوە.

گلۆبالیسم و سیاسەتی گەردوونی و کۆسمۆپۆلیتیک بۆتە هۆی بوژانەوەی ناوچەگەرایی و ناسیۆنالیسم و بۆتە هۆی قەیران لە ناو حزبە کلاسیکەکان. بۆ وێنە حزبەکانی کۆمۆنیست بە دەگمەن دەوری سیاسی و ڕێکخراوەییان لە ئووروپا و ڕۆژئاوا ماوە، حزبەکانی سوسیال دێمۆکرات و دێموکرات مەسیحی کە پاش کۆتایی شەڕ ئاڵترناتیوی سەرەکی سیاسەتی ئووروپا بوون، بەردەوام دەوریان دادەبەزێ و کورسییەکانی پاڕلەمان و پۆستەکانی حکوومەتی دەدۆڕێنن. لە بەرانبەردا حزبەکانی ناسیۆنالیست و ئولتراناسیۆنالیست دەوری تازە پەیدا دەکەن و تەنانەت فاشیستەکان لە هێندێک وڵات بیست و پێنج هەتا چل لە سەتی دەنگی خەڵکیان وەرگرتووە.

ئووروپای یەکگرتو لە ناوخۆیدا یەکگرتووە نەماوە و بۆیان نالوێ لە دەوری بڕیارێک کۆببنەوە. ئەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم ڕێکخراوەکانی جیهانی و ناوچەیی دەگرێتەوە، تەنانەت لە ناو ناتۆ یەکگرتووی بۆ پارێزگاریی هاوبەش لە بەرژەوەندییەکانیان نابیندرێ و سەرجەم ئەو چەشنە ڕێکخراوە جیهانیانە کە بەرهەمی پاش کۆتایی شەڕیی دووهەمی جیهانی بوون، لە گەڵ قەیرانی سیاسی، هاوکاریی، بڕیاری هاوبەش رووبەڕوون.

ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکانی جیهان دەبیندرێن، ئەوە دەردەخەن کە بەرژەوەندی ناوچەیی، خۆجەیی و گەڕانەوە بۆ خۆ، جێگای پڕرەنگتر لە سیاسەت و تێگەیشتن و بیرکردنەوە پەیدا دەکەن.

ئەم گۆڕانکارییانە جارێکی تر پرسیارێکی مێژوویی بێ وڵام، دەخەنە بەردەمی کورد، وەک نەتەوەیەکی پەنجا میلیۆنی بێ وڵات، کە خۆی چۆن دەبینێ و داهاتوی خۆی لە کوێ دەبینێتەوە؟ کورد لەو سەردەمە، نە حزبێکی هەمەگیریی ناسیۆنالیستی هەیە، نە کەسایەتی هەمەلایەنی نەتەوەیی، نە دام و دەزگای هەمەگیریی نەتەوەیی و نە پڕۆژەیەکی ڕوونی نەتەوەیی.

نەتەوەیی بیرکردنەوە لە سەر بنەمایەکی ئینسانی و سرووشتی، کە بەرژەوەندی نەتەوە بپارێزێ بە هەموو چین و توێژی ناو کۆمەڵگا، پێویستی سەردەمە. ناسیۆنی کورد پرۆسەی ناسینی خۆی بە سەرئەنجام نەگەیاندووە و خۆی لە کیانی خۆیدا نەدیتۆتەوە و دەرفەتەکانی پێشووی لە دەست چوون. کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێگای تری جگە لە کیانخوازیی بۆ نەماوتەوە. هەموو ڕێگاکانی تری کورد، بە کارەساتە گەورەکان کۆتاییان پێهاتووە!

برایم فەڕشی
ئۆکتوبر ٢٠١٩

Previous
Next

Leave a Reply