Skip to Content

کەڵاشینکۆڤ، کوانتن کۆمپیۆتێر و کورد!… برایم فەرشی

کەڵاشینکۆڤ، کوانتن کۆمپیۆتێر و کورد!… برایم فەرشی

Closed
by تشرینی دووه‌م 16, 2019 General, Opinion


پێشکەش بە منداڵێکی فەیلەسووفی کورد!


کەڵاشینکۆڤ لە زاوزێی شەڕی دووهەمی جیهانی ساڵی ١٩٤٣ داکەوتە ناو بازاڕی چەک. کوانتن کۆمپیوتێر لە سەردەمی کێبەرکێی سایبەرتێکنۆلۆژیی، هاتوچۆی بەپڕتاوی مێگازانیاریی، پاش تێپەڕبوونی ١٥٣ ساڵ بە سەر یەکەم پێوەندی ئینسانی ناو قاڕەکان لە ڕێگای کابلی تێلگراف و تەلەفون، ، لە لایەن شیرکەتی گوگل ساڵی ٢٠١٩ سازکرا. کەڵاشینکۆڤی حەفتاوشەش ساڵەی پارتیزانەکان، هێما نەماوە بۆ شۆڕشگێڕیی و گەیشتن بە ئازادی. پارتیزانەکان لە چنگ فاشیسم، کۆیلەتی و کۆلۆنیالیسم ڕزگاریان هاتوە، هێندێکیان ناویان چۆتە ناو ڕیزی دیکتاتۆڕەکان. کڵاشینکۆڤ بەرهەمی سیستەمێکی فکریی، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک بوو، کە لە بەریەک هەڵوەشاوتەوە، میکایل کڵاشینکۆڤ نەماوە، بەڵام چەکەکەی لە شانی کوردەکان نەبۆتەوە!
کڵاشینکۆڤ وەک چەکیش بەزیوە. ” M136″ -ی ئوسترالیایی بەرهەمی مودێرنترین تیکنۆلۆژیی سەردەم، لە یەک چرکە(سانیە)، شازدەهەزار و لە یەک خولەک(دەقیقە)، یەک میلیۆن فیشەک دەهاوێژێ و نیشانەکان دەپێکێ. ئەو چەکە لە لایەن هێزی نیزامی ئەمریکاوە بەکار دەهێندرێ.
M136 خێراترین چەکی جیهانە، بەڵام خێراتر لە کوانتن کۆمپیۆتێر نییە. کوانتن کۆمپیوتێر هەزار میلیۆن ( یەک میلیارد) جار خێراتر زانیارییەکان بەکار دەهێنێ بۆ وڵامدانەوە بە پرسیارەکان . کوانتن کۆمپیوتێر لە ماوەی سێ خوڵەک، وڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە ئێمەی مرۆڤ بۆ وڵامدانەوەیان پێویستمان بە دەهەزار ساڵ کات هەبوو. واتە گەر مرۆڤ بۆ وڵامدانەوە بە پرسیارێکی ئاڵۆز و فرەلایەنی ماتماتیک پێویستی بە دەهەزار ساڵ کات بۆ حیسابکردنی هەبێ، کوانتن کۆمپیوتێڕ کە حیساباتی بێکۆتایی نێوان ((0-1 ئەنجام دەدات، سێ خولەک و بیست چرکە کاتی پێویستە.
کورتکردنەوەی دە هەزار ساڵ کات بۆ سێ خولەک، یانی گۆڕان لە چەشنی یەکەم تەقینەوە، کە بووە هۆی دەرکەوتنی کائینات. ئەوەی کوانتن کۆمپیوتێر و کورتکردنەوەی کات لەو چەشنە، چ گۆڕانێکی لە دوایە، کەس نایزانێ، بەڵام ئەوە دەردەخات، کە نڕخی کات بەرز دەبێتەوە و ماشینەکان(جیلی نوێ) دەوری سەرەکی لە ژیانی مرۆڤدا پەیدا دەکەن و بە سەر مرۆڤیشدا زاڵ دەبن.(ئەم بابەتە لە کۆمەڵێک وتاری تردا ڕوون دەکەمەوە). کورتکردنەوەی کات بۆ وەرگرتنی زۆرترین زانیاریی و وەرگرتنی وڵامی پرسیارە بێ وڵامەکان لە کورتترین کات، مانای ئەوەیە کە کات و زانیاریی بەرزترین سەرمایە و بەنڕخترین سەرمایەی مرۆڤ بوون و هەن و دەمێنن، مرۆڤ بە بێ کات و زانیاریی، بوونی لە نەبووندا کۆتایی پێدێ. بۆ وێنە شۆڕشی سەنعەتی ئووروپا بە بێ بەستنەوەی مرۆڤ بە کات، گۆڕانی کۆمەڵگا و ئینسانی لێنەدەکەوتەوە. فەلسەفەی ڕۆژئاوا بە تێگەیشتن لە کات و گرنگیدان بە کات، دەوری سەردەمیانەی خۆی گێرا و تێگەیشتنی ئینسانی ڕۆژئاوای لە کات قووڵتر کردەوە و ئینسان و کات و کار لە فۆڕمێکی نوێی کۆمەڵگا، لە یەک گرێدران. لە سەردەمی کوانتن کۆمپیۆتێر ئینسان و کات دەبنە دووانەیەکی نوێ.
خێرایی لە وەرگرتن و بەکارهێنانی زانیاریی، گرنگی چارەنووسسازیی پەیدا کردووە. خێرایی لە بیرکردنەوە، لە مامەڵەکردن، لە هەڵوێستگرتن، لە سیاسەتکردن و دیپلۆماسی و تێگەیشتن لە سەردەم، پێویستی ژیانی سەردەمە. مانای ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە گۆڕانکارییەکانی جیهان لە هەموو بوارێکدا، خێراتر و بە پەڕتاوتر ڕوودەدەن. گۆڕانکارییەکان سەتان جار خێراتر لە سەردەمی کڵاشینکۆڤ ڕوودەدەن و زۆرینەی خەڵکی جیهان، لە ڕەوتەکە و خێرایی گۆڕانکارییەکان بەجێ دەمێنن. بۆ وێنە لە وڵاتێکی وەک ئاڵمانی پێشکەوتوو، شازدە میلیۆن کەس لە ڕەوتی ڕۆژانەی بەکارهێنانی کامپیۆتێر و تەلەفوونی دەستی وەدواکەوتوون. داهاتوو ڕوون نییە، بەڵام ئەوە ڕوونە کە زانیاریی دەوری چارەنووسساز لە ژیانی مرۆڤدا دەگێڕێ. ئەوە ڕوونە کە ڕێژەی وەدواکەوتووان لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکان، زۆرتر و زۆرتر دەبێ، گەر هەر ئێستا لە وڵاتی ئاڵمان بیست لە سەد بێ، لە وڵاتانی تر زۆرترە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نمازە کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە بەجێماون.
سەنعەت و بازاڕی چەک، گرێدراوی زانیاریی و زانست و تەکنیکی نوێیە، بازاڕ بە بێ شەڕیی نوێ گەرم ناکرێ. شەڕ و بازاڕ لەو شوێنە گەرم دەکرێ، کە سەری شەڕ، مایە بۆ کڕین و فرۆشتنی چەک، خەڵکێک بۆ گەرمکردنی کورەی شەڕ هەبن. ئەو شوێنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە هەموو مۆرە و کارێکتەرەکان و مایەی شەڕیی هەیە. ئەو شوێنە لانکەی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بووە و ئەمڕۆ شڵەژاوترین شوێنی سەر گۆی زەوییە. ئەو شوێنە، شوێنی نیشتەجێبوونی یەک لە کۆنترین خەڵکانی جیهانە، شوێنی کوردەکان!
کورد لە سەردەمی خێرایی خێراییەکان، گرفتەکانی سیاسی، نەتەوەیی خۆی بە کام کەرەسە و تێگەیشتن چارەسەر دەکات، تێگەیشتنی سەردەمی کڵاشینکۆڤ یان تێگەیشتنی سەردەم؟ تێگەیشتنی سەردەم، نەتەوەکان هاندەدا بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی- ناوچەیی. هیچ گرووپ و تاقم و دەستە و نەتەوەێکی بێ وڵات، لە سەردەمی نوێدا، داهاتووی بەختەوەرانەی نابێ. ئەو نەتەوانە داهاتوویان مسۆگەر دەبێ کە خۆیان بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان دەدەن. کورد خۆی بڕیاردەر نییە و چارەنووسی کەوتۆتە دەستی حکوومەتەکانی دەوروبەر و حکوومەتەکانی جیهان. بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەرکام لەو وڵاتانە، ئەوە نییە، بەرژەوەندی کورد وەپێش بەرژەوەندی خۆیان بخەن، یان ڕازی بە ماف و بە رژەوەندی یەکسان بن. کورد بە درێژایی مێژووەکەی، بەرژەوەندی خۆی وەدوای بەرژەوەندی نەتەوەکانی تر و زمان و ئایین و کیانی ئەوان خستووە. گرفتی کورد لەو تێگەیشتنەوە دەست پێدەکات و هەتا ئەو فۆرمۆلە نەگۆڕدرێ و بەرژەوەندی خۆی و نەتەوەی خۆی وەپێش نەتەوە و ئایین و زمان و کیانی ئەوانیتر نەخات، کێشەی کورد چارە ناکرێ! لە شەڕدا کورد لە بەرنبەر “دوژمنەکەی” دەوستێ، لە سیاسەتدا بە بەرانبەرەکەی دەدۆڕێنێ. گرفت لە چەکدا نییە، گرفت لە تێگەیشتنی مرۆڤی کوردی خاوەن چەکە!
بە ناوی “رێئاڵ پۆلیتیک” و ستراتێژی “گام بە گام” ناکرێ مێشکی حکوومەتی ئیسلامی و مرۆڤی نوقمبوو لە نەزانی هەزاروچوارسەت ساڵە، بگۆڕدرێ و ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سەدەیەکی نەبوودا، کورد بە ماف بگەییندرێ؟ سیاسەتی بەغدا و دمێشق و ئانکارا بە زەبری فەرهەنگ و تێگەیشتنی سەردەمی کەڵاشینکۆڤ، دێموکراتیزە ناکرێ و مەدینەی فازلە بۆ گشت نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکنایات. بە ناوی فێدڕاڵی مووچە و مووچەی زۆرتر بۆ مووچەخۆر، لە بەغداوە نانێردرێ!
بە کەڵاشینکۆڤ مووشەکی دوورهاوێژ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و تانک و چەکی M136 لە کار ناخرێن! بە چەسپاندنی چوار لاپەڕە بە دیوارەکانەوە، مێدیای زاتلیت و دژیتاڵی و مێدیای ئەلکترۆنیکی حکوومەتەکان ئیفلیج ناکرێن! بە چۆرت گرەو لە کوانتن کۆمپیۆتێر نابردرێتەوە! بە مێشکی سەردەمی کڵاشینکۆڤ حزب و دامودەزگای سەردەمی کوانتن کۆمپیۆتێڕ ئیدارە ناکرێ. بە خولخواردن لە بازنەی زمانی فارسی، ترکی و عاڕەبی، ڕۆشنبیریی و زانیاریی دەست ناکەوێ. بە گوێدانە ڕادیۆ و تەلەویزیۆنەکانی بی بی سی، ئامریکا، ئیسرائیل، ئاڵمان، مۆسکۆ و چوار وڵاتەکەی دەوروپشت ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرەکان نانووسرێ، بە ڕوونووسی بابەتەکانی ئینترنێت، سیاسەت ناکرێ. بە ڕێگرتن لە تەشەنەی بیر وهزریی ئەندامان، ڕێگا لە بیروهزر و گەشەی ئەندامان ناگیرێ. بە زانست و زانیاریی سەدەکانی پێشوو و لاساییکردنەوەی بیرمەندانی سەدەکانی لە بازنەدەرچوو، زانستی ئەمڕۆ پێناسە ناکرێ. بە رۆمانسیسمی کڵاشینکۆڤ چارەی سیاسی کورد ناکرێ!
دیپلۆماسی و مێدیای جیهان لە ناو خێرایی سەردەمدا دەسووڕێنەوە، سوپر سیاسەتمەدارەکان، فریای هەموو شت ناکەون. لە میانەی سەفەری دیپلۆماتەکان بۆ کۆبوونەوەکانی گرنگی جیهان، شتەکان بە خێرایی گۆڕانیان بەسەردادێ و خاڵەکانی جێگای باسی کۆبوونەوەکان دەسڕدرێنەوە و کۆبوونەوەکان ئامانجی خۆیان ناپێکن و بڕیارکان سەر ناگرن. گۆڕانکاریی، هاتوچۆی هەواڵ و خەبەر هێندە بە خێرایی ڕوودەدەن، کە بڕیارەکان قیمەتیان نامێنێ! گەر زانیارییەکان هەزار میلیۆن جار(یەک میلیارد) لە ئێستا خێراتر هاتوچۆ بکەن، کڵاشینکۆڤ لە شان، بیرکڵاشینکۆڤ، سیاسەت کەڵاشینکۆڤ، چۆناوچۆن لە بازنەی سیاسەتی سەردەمدا دەمێننەوە؟! چۆن سەر لە سیاسەت و سیاسەتی جیهانی دەردەهێنن؟
هەنگاوەکانی ئێستای کورد، ستراتێژیی نەبوویی حزبەکان، ناڕوونبوونی ویستی سیاسی، نەبوونی هێزی نیزامی سەردەم، نەبوونی دەزگای بیر وهزری ئەمڕۆیی، لاساریی بەرانبەر بە پڕێنسیپەکانی سیاسی سەردەم، نەبوونی مێدیای سەردەم، گیرفانی بەتاڵی حزب و ڕێکخراوەکان و فەرهەنگی سواڵ و سەدەقە وەرگرتن، بوونی نوخبەی بێکەڵکی هەزار ڕەنگ، بوونی تاک تاکی دڕدۆنگ لەیەک، نەتەوەیەکی داپچڕاو و لەبەریەک ترازاو، ژێربینا و ڕووبینای داڕووخاو، کۆتەردیپلۆماتی کەسایەتی چەماو،لە حاندا دیپلۆماتی مرۆڤخۆریی سێ نەتەوەکەی دەوروبەر، هەمووی کورد فرسەخ فرسەخ لەو سەردەمە و چارەسەری نەتەوەیی و ئینسانی دوور دەخاتەوە.
تێڕوانینن و ئاکار و کاروجموجۆڵی حزب و دەزگاکانی ناحزبی کورد، لە چارەسەریی گرفتی کورد دوورن و لە ئاستی ناوخۆ، ناوچە و جیهان، کورد لە سەرکەوتن نزیک ناکەنەوە. لە چل ساڵی ڕابووردو لە کێبەرکێ سیاسی لە گەڵ هیچکام لە چوار ڕژیمی ئێران و عێراق و سوریە و تورکیا سەرکەوتنی نیزامی بە بێ پاڵپشتی هێزێکی دەرەکی بەدەست نەهاتووە و بە پێچەوانە لە بەستێنی نیزامی تێکشکان لە دوای تێکشکان تۆمار کراوە. داهاتوو ناڕوونە، بە تایبەت بۆ ئەو لایەنانەی چاوەڕێی ئەوە دەکەن، سەرۆکەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، سناریۆی عێراقیان بۆ دووبارە کەنەوە.
نوستالژی ڕابووردو، خەیاڵاتی ڕۆمانسی، وەهمی بە دێمۆکرات کردنی فاشیست و شوونیست، سیاسەتی چاوەڕوانییکردن، خولخواردنەوە لە ناو تێگەیشتن و سیاسەتی سەردەمی کەڵاشینکۆڤ، بەردەوامبوون لە ستراتێژیی سۆڤیەتی حزبەکانی کورد، بە ئیسلامیکردنی سیاسەت، ڕزگاریی بەدوادا نایات. ڕزگاریی لە تێگەیشتنی سەردەم و خۆ لە ئاستی سەردەمدا بینینن، خەڵک بەرەو ئاستی سەردەم بردن، هێزیی سیاسی، نیزامی، ئابووریی پەیداکردن، خۆ تێکەڵ دیپلۆماسی سەردەمکردن، دێتە دی!
هەر هێزێک ستراتێژی بەرەو سەردەم بردنی نەتەوەیەکی ٥٠ میلیۆنی هەبێ و ئەو نەتەوەیە لە پاژگەڵبوونی نەتەوەکانی تر و سیاسەت و فەرهەنگ و تێگەیشتنی ئەوان کە بە سەر میللەتی کورددا سەپێندراوە، ڕزگار بکات، هێزی سەردەمی خۆیەتی. خێرایی کۆمەڵگای جیهانی، ئێمەی بەجێ هێشتووە و لە سەرمان ڕانەوەستاوە. کورد لە سەردەمی کڵاشینکۆڤ، سەردەمی “بیتBit ” و “بایت Byte” بەجێما، با لە سەردەمی “کوبیتQubit” بەجێ نەمێنێ! هەرچەند ئەم قەڵەمبازە لە کەڵاشینکۆڤەوە بۆ”کوبیتQubit” ناکرێ، بەڵام تێگەیشتن لە سەردەم، ڕێگا نیشان دەدا.


برایم فەڕشی
ئۆکتۆبری ٢٠١٩

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish