Skip to Content

پێ بە کلکی شێرێکی نووستوودا ئەنێم  … ئازاد ئەسوەد

پێ بە کلکی شێرێکی نووستوودا ئەنێم … ئازاد ئەسوەد

Closed
by تشرینی دووه‌م 16, 2019 General, Poems


لەناکاو تەنێکی ئاسمانیی بەبن گوێما گڤە ئەکا و بەر نووکی لووتم ئەکەوێ
تالیبەرێك لە لاقەبڕغەم ئەچەقێ و لەگەڵ ڕێکردنما ئەلەرێتەوە
وەك مردوویەك لەناکاو چاو بکاتەوە
وەك پەیکەرێك لە نیوەی شەودا بە ڕووما بقیژێنێ
لە ژوورێکی بێ دیوارو زەمینەو بنمیچدا وێنەی خۆم بە پیریی ئەبینم دائەچڵەکێم؛
هەردوو پێم چەپە، رووم لەپشتەوە،
پرچم، دڕكوداڵی خوار تەلبەندی تێکشکاوی ئۆردووگایەکی تەپیوە
دەستم، قولاپی ژەنگاویی دوورە کەناری رووبارێ
ئەژنۆم ئەژنۆی مێشەنگ و چاوم دەنکە تەسبیح
زمانم مۆز، بیرم بارانی ئەسید
قەفەزی سینگم؛ کەڵبەی قەرش
دڵم کۆندۆمی سپێرماوی
سەرم میتاڵی کرۆم و، مێشکم زەڕنیخ و چیمەنتۆ
من هەڵاتووی ناو بورکانی تابلۆیەکم؛ شلەبەردی ئاگراویی لێ ئەڕژایە سەر کاشیی پیشانگا
لە کونە رێوییەکی تەنگ سەرم دەرهێنا و لەناکاو شڵپە لە ناوچەوانمەوە هات نازانم فیشەك بوو نەیزەك بوو
لەگەڵ سووڕانەوەی زەویدا بەربوومەوە
چاڵە ڕەشەکان هەڵیانلووشیم
لە هەسارەیەکی تاریکدام ناو بەناو لە ئاسمان ئەخشێ و
پڕیشکی؛ شوێنپێی زلی ناو قوڕاو ڕۆشن ئەکاتەوە
زریکەی دار خۆڵەمێش و، فۆسیلی ملیۆنان ساڵەی مامووت و، مەکینەیەکی لەکارکەوتووی زەمەن.
خوا پەنجە بە دوگمەیەکدا ئەنێ؛ هەسارەیەك ئەتەقێ
بە تووڕەیی ئاوڕ لە زەوی ئەداتەوە؛ زەوی ئەلەرزێ
زنجیرێك لە ئاسمانەوە شۆڕ ئەبێتەوە؛ ئەژدیهایەك بە نەڕەنەڕ سەرئەخات
خۆڵەمێشی تیشکی گەرم ئەوەرێتە سەر مووی بازووم
نیوە شەوێك بە قیژەی پیرێژن بەئاگا دێم. قیژە ئەبێ بە سەدای قاقا
ئێسکەپەیکەری دەستێکی زل، بە ڕیتمێکی ڕێک، بە نووکی پەنجە لە پەنجەرەکەم ئەدات
بروسکێك بەتەوقی سەرما دێ. گوڵاڵە ڕەشەکانی دەوری گورچیلەم لە دەممەوە سەردەردێنن
بە دەرپێی کورتەوە خۆم ئەگەیەنمە داڵان؛ جیڕە جیڕی دەرگای واڵا. زڕەی کەوچکی هەڵدراو لە متبەق. نەڕەی دووکەڵ و، زیڕەی جنۆکە
لەناکاو گڵۆپی توالێت دائەگیرسێ
شوێنپێی تەڕی سەر پێپلیکانەکان. پارچە شووشە و دەمامکی نیمچە سووتاو.
کلکی مارێك ئاوی توالێت ئەشڵەقێنێ و خۆی ون ئەکات
دەست بۆ دەسکی دەرگا ئەبەم؛ قیژەی لێوە هەڵئەستێ
لەناو لیك و ئارەقەدا لەخەو ڕائەچڵەکێم؛
بە قاچی نەعامە و شاخی گامێش و کلکی بەرزی سمۆرەوە خۆم ئەبینم
جنۆکەیەكم لە ژێرزەمینی نووتەکی خانوویەکی جێهێڵراودا، بە فیکەی بنیادەم هاروهاج ئەبم و ئەقیژێنم
ژەنگی بنی پێم لە سمارتە ئەدەم و بە شەقامە پشکۆڕێژەکاندا پیاسە ئەکەم
لەناو سەرمدا؛ هارمۆنیکای (ئینیۆ مۆریکۆنی) و وێنەی پێنج کاوبۆی پاڵتۆ درێژ بەرامبەر مێردمناڵێکی دەبە ئاو لەباوەشگرتوو
جووەکان لە موسا یاخی ئەبن و بەدەوری گۆلکێکی زێڕیندا ئەخولێنەوە
لە شەقامێکی قەڵەباڵغدا لەشکری ئاشوورییەکان بە تیر و کەوانەوە مارش ئەکەن
قەشە و فەلەکناس، پشت لەیەك، دە هەنگاو ئەنێن و لەگەڵ ئاوڕ دانەوەدا رووی دەمانچە لەیەك ئەنێن…
هەزاران باڵندە لەژوور سەری پیرەمێردێکدا ئەفڕن؛ لە جەنگی رزگاریدا پاڵەوانی نەتەوەیی بوو، ئێستاش نیمچە شێت
لە جامی ئاودییەکی شاهانەوە سەگێك پێم ئەوەڕێ، ڕائەچڵەکێم
سەر بە چێشتخانەیەکدا ئەکەم؛ لەژێر مێزەکاندا بە سکەخشکێ خۆم ئەگەیەنمە ڕانی ژنێك. هەموو هەڵدێن و قاپ و چەنگاڵ و کورسیم تێ ئەگرن
سەر بەرز ئەکەمەوە، لە جامی چێشتخانەکەدا خۆم ئەبینم؛ من ماری ئەناکۆندام!
لە ئاهەنگێکدا، لەسەر شانی ڕووتی ژنێکی قژ زەرددا خۆم ئەبینم؛ بە قاچ گوێم ئەخورێنم. ئاهەنگگێڕەکان بە قاقاوە دەستم ڕائەوەشێنن. دەستێك تەپەتەپ لە پشتم ئەدا. وەرئەسووڕێم؛ مۆزێک بە دەستیەوە، لە چاویلکەکەیدا خۆم ئەبینم؛ من مەیموونم!
ئەگەڕێمەوە ناو جەنگەڵ؛ مەیموونەکان بە قیژەقیژ سەر دارودرەخت ئەکەون و ئەم چڵ و ئەو چڵ ئەکەن. لە قیژەیان هەڵدێم تا ئەگەمە سەر گۆلاوێك، دائەنەوێم؛ من مرۆڤم!
مرۆڤێکی درێژکۆلەی بێدەست و قاچ، لە پێستی مار، لە قوژبنی بنمیچی دارینی نزمی کۆختێکدا، شەڕی پارتیزانی لەگەڵ جوتیارێکدا ئەکەم بە خاکەنازەوە بۆم دێ.
بە شەش قاچ و چوار باڵ و دوو شاخیلەوە، لە پەنا گوێی ژیشکێکی تۆقیودا خۆم ئەبینم
بەرەو گۆلاوێکی پڕ لە تیمساح هەنگاو ئەنێم، لە پشتمەوە؛ پێکەنینی ترسناکی کەمتیار و، ژوور سەریشم؛ قیژەی واشە
پێ بە کلکی شێرێکی نووستوودا ئەنێم. خۆم بە ورچێکدا ئەکێشم. پێم لە مارێکی سڕ هەڵئەکەوێ و ئەکەومە سەر پشتی تیمساحێك
لەناو لیك و ئارەقەدا لە خەو ڕائەچڵەکێم؛
لەشم نوقمی لمە. سیسارکە کەچەڵێك چڕنووکی لە برۆم گیر کردووە. بیست مەترێك لەولامەوە خێڵێك کەمتیار بە ئەسپایی بۆم دێن، پاشان بە غاردان

Previous
Next
Kurdish