بەلشەفیزم چ بنەمایەکی ئەنتەرناسیونالی گۆڕی؟ حزبی کرێکاری یان حزبی کۆمۆنیستەکان… ئاسۆ کەمال


لادانی بەلشەفیزم لە بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران بریتیە لە گۆڕینی پێناسی حزب وەک بەشێکی تایبەت لە چینی کرێکار کە خەتێکی سیاسی و بەرنامەیەکی دیاریکراوی هەیە، نەک وەک حزبی هەموو چینی کرێکار، کە مارکس و ئەنگلس پێناسەیان کردبوو. لێکدانەوەی ئەم لادانە گرنگە لەم لێکۆڵینەوەیەدا چونکە ، یەکەم ، زۆربەی مۆدیلی حزبی کۆمۆنیستی سەدەی ٢٠و٢١یش پەیڕەو لە مۆدیلی بەلشەفی دەکەن و ئەمە بە مۆدیلی حزبی چینی کرێکار لەقەڵەم دەدرێ و ئەمە ڕیگری بەردەم یەکگرتوبونی چینەکە و دەورگێڕانی بەشە ڕۆشنبیر و کۆمۆنیستەکەی چینی کرێکارە وەک ڕیکخەر یاخود یەکگرتوکەری چینەکە و مانەوەیەتی لەپەراوێز و سێکتی پاسیڤدا. دووەم، ناسینی ئەم لادانە ئەو خاڵە ڕۆشن دەکاتەوە کە بۆچی ئەم مۆدێلە لە حزبی کرێکاری ئیمکانی هەیە بگۆڕێ بۆ حزبێکی بورژوازی و بیرۆکراتی لە کاتی سەرکەوتنی شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵاتدا. سێهەمیش ، ناسینی بنەماکانی حزبی کرێکاری و جیاوازی سەرەکی لە مۆدیلی بەلشەفی حزبە و بەم پێیەش ناسینی مۆدێلی نوێی کۆمۆنیزمە چ وەک حزب و چ وەک دەسەڵات و بەرنامەی ئابوری.
بۆ چونە ناو ئەم باسە پێویستە سەرەتا ئەو بنەمایانەی ئەنتەرناسیونال بخەینەوە ڕوو کە پەیوەندی بە پێناسەی حزبی کرێکاریەوە هەیە و دواتر مێژوو و پرۆسەی گۆڕانکاریەکان لە ناو حزبی بەلشەفیدا شی بکەینەوە.
ئەنتەرناسیونالی یەکەم وەک یەکەم ڕێکخراوی سیاسی کرێکارانی ئەوروپا لە ئۆکتۆبەری ١٨٦٤دامەزرا. یەکێک لەبنەما سەرەکیەکانی ئەم ڕیکخراوەیە بریتی بوو لە:
“خاڵی چوارەم.ئەبێ هەڵەکانی دابەشبونی پێشووی نێوبزوتنەوەی کرێکاری دوبارەنەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای هەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێ.”1 لە دوای شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس لە سێپتەمبەری ١٨٧١ەوە مارکس لە ئەنتەرناسیونالدا پێشنیاری بڕیارێک دەکا سەبارەت بە دروستکردنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار و دواتر لە ساڵی ١٨٧٢ زیادکردنی ئەم خاڵانەش تێدا دەبێتە بڕیار، کە بەزۆرینەی دەنگ و چەند دەنگێکی ناڕازی و دەنگی هەڵپەساردوو(٢٩بەرامبەر بە٥ و ٨).

لەم بڕیارەدا ئەم بنەمایانە تەئکید لێکراوە: “١.لەخەبات دژی دەسەڵاتی هاوبەشی چینە موڵکدارەکان(سەرمایەداران و خاوەن زەویەکان) کرێکاران ناتوانن وەک چینێک چالاکی بنوێنن تا خۆیان وەک حزبێکی جیاواز و دژ بە هەموو چینە موڵکدارەکان ڕیک نەخەن. ٣.حزب بۆ یەکگرتوکردنی ئەو خەباتە ئابوریەیە کە کرێکاران خۆیان دەستیان پیکردوە و لەهەمان کاتدا بۆ بەهێزکردنی ئەم خەباتەیە دژی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان.”2
ئەوەی لێرەدا هاتوە هەمان بنەمایە کە مانیفیستی کۆمۆنیست ڕایگەیاندبوو کە” کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز لەبەرامبەر حزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن، یان کۆمەڵیک بنەمای سیکتاریستی تایبەت بە خۆیان دانانێن کە بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدات.” 3 ئەم هەنگاوە بۆ دامەزراندنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار وەک ئاستێک لە گەشەی سیاسی بزوتنەوەی کرێکاری هاتە ئارا، وەک بەرئەنجامی کاریگەری ئەنتەرناسیونالی یەکەم لەسەر ئەم بزوتنەوەیە نەک تەنیا لە ئەوروپا بەڵکو لە ڕوسیا و ئەمریکاشدا حزبی سیاسی کرێکاران لەسەر ئەم بنەمایانە دامەزرا. لە نێو سۆشیال دیموکراتیدا جیاوازی سەبارەت بە فۆرم و ناوەرۆکی کاری حزب هاتەئارا، کە هەرکامەیان بە جۆرێک لایان دا لەو بنەمایانەی ئەنتەرناسیونالی یەکەم بۆ پیویستی حزبی سیاسیان دانا بوو .

فۆرمی یەکەم باسی لە ڕیکخراوەی فراوانی جەماوەری سیاسی دەکرد کە بەشداری کاری پەرلەمانی و ڕۆژنامەگەری و کاری جەماوەری سەندیکایی دەکرد، بەڵام لەسەر شۆڕش و گۆڕینی سیستەمی سیاسی خۆی لادەدا. هەروەک ئەنگلس لە ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفۆرتدا ئاماژەی بە مەترسی ئەم “ئۆپۆرتۆنیزم”ە کرد کە لە قاڵبی پەرلەمانتاریزمێکی بێ دەسەڵاتدا دەیەوێ ئامانجی سیاسی بزوتنەوەکە بەرتەسک بکاتەوە. 4
لە بەشەکانی پێشودا بە درێژی باسمان کرد کە چۆن مەیلێکی ئۆپۆرتۆنیستی و ریفۆرمیستیە بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی کرێکارانی گۆڕی سەبارەت بە ناوەرۆکی کاری حزب و دواتر چۆن حزبە سۆشیال دیموکراتەکان بونە بەشێک لە مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی و پەرلەمانی بورژوازی ،کە چیتر بەرنامەی شۆڕشی سۆشیالیستیان لەدەستور و بەرنامەیاندا نەما. لەم بەشەدا باسی چۆنیەتی گۆڕینی ئەم بنەمایانە لە لایەن بەلشەفیزمەوە دەکەین.
لادانی بەلشەفی لە بنەماکانی ئەنتەرناسیونال بریتیە لە پێناسی حزب وەک بەشێکی تایبەت لە چینی کرێکار کە خەتێکی سیاسی و بەرنامەیەکی دیاریکراوی هەیە، نەک حزبی هەموو چینی کرێکار.
ئەم پرۆسەی گۆڕانە لای بەلشەفیزم ئاڵوزترە لەچاو گۆڕانی سۆشیال دیموکراتیدا.چونکە؛ یەکەم ، لەڕوسیادا دەورانی شۆڕشی دیموکراتی بورژوازی بوو و وە چینی کرێکار بەشێک لە هێزی ئەو گۆڕانکاریە شۆڕشگێڕانە بوو و بەمەش زەمینەی دروستکرد بۆ ئەوەی بەلشەفیزم وەک باڵێکی شۆڕشگێڕ خۆی لە مەیلی ڕیفۆرمیستی سۆشیال دیموکراتی و مەنشەفیک جیابکاتەوە و ئەم کارە وەک پێویستی شۆڕش لەقەڵەم بدرێ. دووەم، هەڵوێست بەرامبەر بە شەڕی جیهانی یەکەم بوە مەسەلەیەک کە چینی کرێکار و بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراتی شەق کرد و دیسانەوە جیابونەوەی بەلشەفیزمی کردە واقعیەتێکی سیاسی. سێهەم، بەلشەفیزم تا کاتی گرتنی دەسەڵات وەک حزبێکی نهێنی و نیمچە نهێنی کاری دەکرد کە هەموو کارەکتەرەکانی وەک سۆشیال دیموکراتەکانی ناو دەسەڵات و پەرلەمان دەرنەکەوتبوو و وە هەمیشە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوو.
سەرەڕای ئەم ئاڵۆزیەش بەڵام مۆدێلی بەلشەفی زوو کەوتە بەر ڕەخنەی ترۆتسکی5 و ڕۆزا لۆکسبۆرگ6 ،وە وەک فۆرمێکی حزبی جیاواز لە سۆشیال دیموکراتی و کۆمۆنیستی سەرەتای سەدەی بیست باسی لێوەکراوە. بەڵام لە کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئەم ڕۆحی دەوڵەتەی بەلشەفی جیاوازی سەرەکی خۆی لە بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاری نیشان دەدا کە لێرەدا دێینە سەر باسکردنی.
لیۆن ترۆتسکی لە ساڵی ١٩٠٤دا لە ڕەخنەی لەم مۆدیلەی حزبی بەلشەفیدا لە کتێبی “ئەرکە سیاسیەکانی ئێمە”دا دەڵێ” ئەم شێوازە لە سیاسەتی ناوخۆی حزبدا بە دۆخێک کۆتایی دێت کە ڕابەری حزب جێگای حزب و دواتر کۆمیتەی ناوەندی جێگای ڕابەری دەگرێ و سەرئەنجام یەک دیکتاتۆر جێگای کۆمیتەی ناوەندی دەگرێت و دۆخێک دروست دەبێ کە کۆمیتە حزبیەکان بەبێ بەشداری جەماوەری خەڵک هەمیشە سیاسەتەکانی خۆیان دەگۆڕن.” *7
ئەم سەنترالیزمە بە تێۆری جێنشینی حزب و نوێنەرایەتی چینی کرێکار دەگات کە لەخوارەوە باسی دەکەین. بەڵام هەر لەم دەورەیەدا ڕۆزا لۆکسبۆرگ ڕەخنەی لەلایەنێکی تری بەلشەفیزم گرت کە پەیوەست بوو بە دیسپلینی ناو حزب . بەلشەفیزم کاتێک حزب دەکاتە نوخبەیەکی ناو چینی کرێکار ئەوا پێویستی بە زاڵکردنی جۆرێک لە دیسپلینیش دەبێ کە جیاوازە لەو خۆدیسپلینەی کە چینی کرێکار لە خەباتی چینایەتیدا نیشانی دەدا.
ڕۆزا لۆکسبۆرگ کە هەر لە ساڵی ١٩٠٤ەوە ڕەخنەی لەم مۆدیلە بەلشەفیە گرت کە حزبی کرێکاری دەبێ پەیڕەو لە “دیسپلینی کوێرانە و سەربازی بکا” . لە بەرامبەر ئەم تیۆریەی حزبی لینیدا لە کتێبی ” چەند پرسیارێک سەبارەت بە ڕێکخستن لە سۆشیال دیموکراسی ڕوسیا “دا دەڵێ” ئەو دیسپلینەی لینین لە خەیاڵیدایە بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنری نەک لەلایەن کارگەوە بەڵکو لە ڕێگەی سەربازی و بیرۆکراتیەتی دەوڵەتی ئێستاوە-لەلایەن هەموو میکانیزمی دەوڵەتی مەرکەزی بۆرژوازیەوە. ئایا چ هاوبەشیەک هەیە لە نێوان گوێڕایەڵی ڕێکخراو لەسەر چینی چەوساوە و خود دیسپلینی و ڕێکخستنی خەباتی چینایەتی بۆ ڕزگاری؟ خود دیسپلینی سۆشیال دیموکراتی تەنیا جێگاگرتنەوەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بورژوازیەکان نیە بە دەسەڵاتی کۆمیتەی ناوەندی سۆشیالسیتی. چینی کرێکار هەست بە دیسپلینی نوێ بەدەست دەهێنێ ، خود دیسپلینێکی ئازادانەی سۆشیال دیموکراسی، نەک لە ئەنجامی سەپاندنی دیسپلینێک لەلایەن دەوڵەتی سەرمایەداریەوە، بەڵکو بە لەڕەگ هەڵکێشانی ئەم دیسپلینەی سەرمایەداری، ئەو خوە کۆنەی کە بەگوێڕایەڵی و ملکەچ کردنەوە گرتویەتی. *8

ئەم سەنترالیزم و دیسپلینە لەلای بەلشەفیزم کاتێک تێدەگەین کە تیۆری جێنشینی لای لینین بەکامڵی دەخرێتە ڕوو لەکاتی دەسەڵاتدا.
لینین لە کتیبی “نەخۆشی چەپڕەوی مناڵانە لە کۆمۆمنیزمدا دەڵێ” هەمو کەسێک دەزانێ کە جەماوەر دابەش دەبێ بەسەر چینەکاندا، وە دژایەتی جەماوەر بە چینەکان نامومکینە تەنیا بە دژایەتی زۆربەی زۆر نەبێ، بەبێ دابەشکردنی بەپێی سیستەمی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، بەو توێژانەی کە جێگایەکی تایبەت لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا دەگرن، وە چینەکان بەشیوەیەکی ئاسایی، لەزۆربەی کاتەکاندا، لانی کەم لە وڵاتە مۆدێرنە هاوچەرخەکاندا، حزبەکان پێشڕەویان دەکەن، وە حزبە سیاسیەکان ، بە شیوەیەکی گشتی، چەند گروپێکی تەقریبەن جێگیر لە کەسانی زۆر ناسراو و بە نفوز و بە تەجروبەوە دەبرێنە پێش، کە پێیان دەڵێن سەرکردەکان. ئەمانە هەموی سەرەتا ئەبجەدیەکانە، ئەمانە زۆر سادە و ڕۆشنن.” 3 لێرەوە لینین بەو ئەنجامگیریە دەگا کە ” دیکتاتۆریەتی حزب و دیکتاتۆریەتی چینەکە؟ و دیکتاتۆریەتی حزبی سەرکردەکان و دیکتاتۆریەتی حزبی جەماوەر؟ ” هیچ جیاوازیەکی نیە و” ئەمە تێکەڵوپێکەڵی فکریە.”9
لەوەڵامی سپارتاکیستەکانی ئەڵمانیا و ڕۆزا لوکسبورگدا کە ڕەخنە لەم تێڕوانینە دەگرن ، لینین دەڵێ” ئەم پرسیارە دێتە خەیاڵ : کێ دەبێ بە دیکتاتۆریەت هەڵبسێ ؛ حزبی کۆمۆنیست یان چینی کرێکار..ئایا دەبێ بەشێوەیەکی مەبدەئی کاربکەین بۆ دیکتاتۆریەتی حزبی کۆمۆنیست یان دیکتاتۆریەتی چینی کرێکار.” 10 بەپێی تیورێەکەی سەرەوەی لینین کۆمەڵگە دابەش بوە بەسەر چینەکاندا و چینەکانیش بەسەر حزبەکاندا و حزبەکانیش بەسەر گروپێکی سەرکردەی نەگۆڕدا.

هەربۆیە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا واتە دیکتاتۆریەتی حزب و دیکتاتۆریەتی کۆمیتەی ناوەندی و دواتریش دیکتاتۆریەتی سکرتێر و لیدەری حزب. ئەمە تیۆری جێنشینی لینینە، حزبی کۆمۆنیست جێنشین و نوێنەری چینی کرێکارە. هەربۆیە دیکتاتۆریەت و بڕیار وسیاسەتەکانی حزبی کۆمۆنیست واتە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و بەشداری سیاسی و بڕیاری ئەو چینە. لێرەوە جیاوازی نێوان بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران لەگەڵ ئەم تیۆری جێ نشینیەی حزبی بەلشەفیدا ڕۆشن دەبێتەوە.

ئیتر حزب نەک هەموو چینی کرێکاری ڕیکخراو نیە بەڵکو جێگر و نوێنەری ئەوە و دیکتاتۆریەتی ئەم بەشە کۆمۆنیستەش هەمان دیکتاتۆریەتی چینەکەیە. واتە مۆدیلی دەوڵەت مۆدێلی دەوڵەتێکی تاک حزبیە، کە لە جێگای چینی کرێکار حوکم دەکا و ئەم دەستەی حوکمڕانەش جێگیرن و بەپێی سەنترالیزمێک کاردەکەن کە دەسەڵاتی نوخبە و تاکە کەسی سەرکردە دەکاتە مۆدیلی حوکمڕانی و سیستەمی سیاسی. بۆ ئەوەی پێویستی سەرهەڵدانی ئەم جۆرە لە تیۆری حزبی سیاسی بناسین پێویستە بچینە سەر لێکدانەوە لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و کارکردی ئەم حزبە لەکاتی دەسەڵاتدا لە بواری سیاسی و ئابوریدا و لێرەوە دەزانین بۆچی فۆرمی بەلشەفی بەرەو بیرۆکراتیزم و جێبەجێکردنی بەرنامەی سەرمایەداری دەوڵەتی چوو؟ وە دەزانین کە بنەما و کارەکتەرە سێکتیەکانی بەلشەفی چۆن بونە ڕۆحی دەوڵەتێکی تاک حزبی و دیکتاتۆری نوخبە و تاکەکەسی و بنەمای پەیڕەوکردن لە بەرنامەی موڵکایەتی دەوڵەتی و سەرمایەداری دەوڵەتی؟ بەلآم پێش ئەوە گرنگە شرۆڤەیەکی ئەم بۆچونەی لینین لەسەر حزب بکەین و بزانین ئەم بەلشەفیزمە چ جیاوازیەکی ڕیشەیی لەگەڵ حزبی کرێکاریدا هەیە.

بنەمای یەکەم کە بەلشەفیزم گۆڕی ئەوەبوو کە، چیتر حزب بریتی نەبوو لە هەموو چینی کرێکار و خەباتی سەرجەم ئەم چینەشی لەخۆدا ڕەنگ نەدەدایەوە، بەڵکو تەنیا ئەو مەیل و بەشەی لە کرێکاران نیشان دەدا کە بەدەوری بەرنامەیەکی حزبیدا کۆبوبونەوە و پەیڕەیان لەیەک ناوەند و دەستەیەک لە ڕابەران دەکرد. ئەمە بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەو بنەمایە بو کە مانیفیستی کۆمۆنیست ڕایگەیاندبوو کە” کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز لەبەرامبەر حزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن، یان کۆمەڵیک بنەمای سیکتاریستی تایبەت بە خۆیان دانانێن کە بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدات.” بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو بنەمایەی ئەنتەرناسیونالی یەکەمدا ناکۆک بوو کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد و دەڵێ” ئەبێ هەڵەکانی دابەشبونی پێشووی نێوبزوتنەوەی کرێکاری دوبارەنەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای هەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێ.” بەلشەفیزم ئەم هەڵەیەی دوبارەکردەوە بەوەی حزبی تەنیا وەک بەشێک و گروپێکی دیاریکراو کە خاوەن بەرنامەیەکی دیاریکراوە دەناساند ،وە مامەڵەی حزبی وەک یەکگرتنی هەموو بەشەکانی بزوتنەوەی کرێکاری نەدەکرد. بەپیچەوانەی بڕیارنامەکەی ١٨٧١ی ئەنتەرناسیونال کە ” حزب بۆ یەکگرتوکردنی هەمو چینە موڵکدارەکان و سەرمایەدارانە” و ” بۆ یەکگرتوکردنی خەباتی ئابوری و سیاسی هەموو چینەکەیە دژی سەرمایەداران و حکومەتەکەیان.” بابزانین ئەم جیاوازیانەی بەلشەفیزم لەگەڵ ئەنتەرناسیونالی کرێکاران و مارکسدا لە کوێوە سەرچوەی گرتوە؟ ئەم لێکدانەوەی لینین لە حزب لە زانستێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە بۆ ڕۆشنکردنەوەی پێویستی و چۆنیەتی کاری حزبی سیاسی بورژوازی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ڕاستە، نەک بۆ حزبێکی کرێکاری کە فەلسەفە وبنەماکانی بون و کارکردنی پێچەوانەی حزبێکی بورژوازیە.

بابزانین ئەم پێناسە لینینیە بۆ حزب کە بریتیە لە پلەکانی “جەماوەر- چین- حزب – سەرکردە” ، یان ئەوەی” چینەکە حزبە و حزبیش سەرکردەیە” ، بۆچی لای چینی کرێکار ئەلف و بایەکی جیاوازە؟ حزبی بورژوازی کە نوێنەری توێژێکە لە چینی بورژوازی دەتوانی ئەم پێناسەیە بکەی و بڵێی کە گروپێکی تەقریبەن جێگرن. چونکە حزبە جۆراوجۆرە بورژوازیەکان بەرئەنجامی ململانێی توێژەکانی سەرمایەن کە لە نێو ئەم چینەدا بەهۆی چڕبونەوەی کەڵەکەی سەرمایەوە بەرژوەندی جیاواز و دژ بەیەکیان هەیە. چینی بورژوازی لەسەر بنەمای کەڵەکەی سەرمایە و پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری پەیوەندیەکانی ناوخۆی چینەکە ڕێک دەخا. بێگومان ئەم پەیوەندیانە لە ناکۆکیەکی بەردەوامی نیوان توێژەکانی سەرمایەدایە کە پرۆسەی چڕبونەوەی سەرمایە لەدەستی کەمایەتیەکی چینەکەدا واتە سەرکردەکان و تێکشکانی بەرەبەرەی سەرمایەدارە بچوکەکان وەک یاسایەک چارەنوسی هەموو ململانێ فکری و سیاسی و ئابوریەکانی نێو ئەم چینە دیاری دەکا.

هەربۆیە ئەگەر چی بە گشتی هەموو ئەم حزبە بورژوازیانە پارێزەری سیستەمی سەرمایەداری و کۆیلایەتی هێزی کاری کرێکارانن، بەڵام ئەم حزبانە لەنێوخۆیاندا هەندێ جار دەچنە شەڕی سەروماڵی لەگەڵ یەکتردا. لەنیو چینی کرێکاردا یاسای کەڵەکەی سەرمایە و قازانج دەور ناگێڕێ لە ڕێکخستنی ناوخۆیی ئەم چینەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە یاسایەک کە پەیوەندی ناوخۆی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دیاری دەکا بریتیە لە خەبات و هاوپشتی چینایەتی نێوان هەموو کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستەمی ململانێی سەرمایەداری.
ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و کاری هەرەوەزی و پێکەوەیی هەموو چینی کرێکارە. لێرەوە جیاوازی بنەڕەتی لە شێوەی حزب و کاری حزبی لای کرێکاران دروست دەکا کە جیاوازە لە حزبی بورژوازی. هیچ بەرژەوەندیەکی جیاوازی ئابوری و ململانێیەک لە نێو کرێکاراندا نیە لەسەر چۆنیەتی دەستگرتن بەسەر کار و بەرهەم و سامانی کەسانی تردا تا پێویست بە پێشبڕکێ و شەڕی سیاسی و سەربازی بکا. هەربۆیە دروستبونی “حزب و سێکتە جێگیرەکان و سەرکردە نەگۆڕەکان” یاسای زاڵ بەسەر گەشەی سیاسی خەباتی چینایەتی کرێکاراندا نیە. هیچ ئەنجامگیریەکی لەم جۆرە کە ،” چینەکە حزبە و حزبیش سەرکردەیە” ،بەو چەشنەی لای بورژوازی یاسایەکی سادەیە لای چینی کرێکار ناتوانێ سازگاربێ، مەگەر ئەوەی ئەم حزبە کرێکاریە ببێتە حزبێکی بیرۆکراتی و لەکاتی بەدەسەڵات گەیشتنیشیدا بگۆڕێ بۆ حزبێکی بورژوازی کەمینە. بەپێچەوانەوە کرێکاران لەناو یەکتردا بەرژەوەندیان لە یەکگرتوبون و نەهێشتنی ناکۆکیەکاندایە، لەبەرئەوەی ڕیگەیان لێدەگرێ وەک هێزێک بتوانن چەوسێنەران لەدەسەڵات بخەن. ئەمە باسی ڕزگاربونی چینێکە بە هەموو پێکهاتە و بەشەکانی و دابەش بونی بەسەر ولات و نەتەوە جیاکاندا. چینێک کە کۆمەڵگەیەکی نوێ بۆ ئینسان دروست دەکا نەک بۆ چین و دەستەیەکی دیاریکراو.

لێرەدا هیچ باسێک لە ڕەوتێکی سیاسی و فکری نیە کە بەهۆی ئایدیۆلۆژیەکەیەوە دەتوانێ کۆمەڵگە بگۆڕێ و یان ئیمتیازی دروستکردنی دەوڵەتی بدرێ بە کۆمۆنیستەکان لەبەرئەوەی لەباری تیۆریەوە دەربڕی هەلومەرجی ڕزگاری چینی کرێکارن. هەربۆیە بەپێچەوانەی فۆرم و میکانیزمەکانی کاری حزبە سیاسیە بورژوازیەکانەوە حزبە کرێکاریەکان بریتی نین لە ” چەند گروپێکی تەقریبەن جێگیر لە کەسانی زۆر ناسراو و بە نفوز و بە تەجروبەوە دەبرێنە پێش، کە پێیان دەڵێن سەرکردەکان.” گرامشی ئەمە زیاتر ڕوندەکاتەوە کە حزب و یەکێتی کرێکاری ڕیکخراوکردنی خواستی کۆلێکتیڤ و هاوبەشی چینی کرێکارە، کە دەیەوێ دنیای سەرمایەداری بگۆڕێ.

ئەم خواستە هاوبەشە دروست نابێ ئەگەر جەماوەری ئەم چینە نەیەنە مەیدانی سیاسەتەوە. حزب ئەو ئامڕازیە کە ئەم هاتنە مەیدانە ڕێکدەخا و چالاکی دەکا و جەماوەر ڕوناکبیر دەکا و ریفۆرمی مۆراڵی تیادا پێک دێنێ. بەڵام حزب نەک وەک توێژ و کاتیگۆریەکی کۆمەڵایەتی بەڵکو وەک چینێک کە دەیەوێ دەوڵەتێک دروست بکا. چین حزب دروست دەکا ، وەحزبەکان شەخسیەتی دەوڵەت و حکومەت پێک دێنن. حزب “ڕۆحی دەوڵەتە”.
ئایا پرۆسەی ئەم دروستبونەی حزب چۆنە؟ هەموو چینێک ڕۆشنبیرانی خۆی هەیە. ئەمانە دەربڕینێکن لە گەشەی ستراکتۆری چینەکەیان و نوێنەرایەتی بەردەوامبونێکی مێژوویی دەکەن.ئەم کاتیگۆری و توێژی ڕۆشنبیرەی چینی کرێکار بە شێوەیەکی مێژوویی دروست دەبن ،لە ژێرکاریگەری گشتی لە کۆمەڵگەدا و بەپێی هەلومەرجی دروستبون ، ژیان و گەشەی چینەکەوە ،تا ئەرکی خۆیان نەک تەنیا لە بواری ئابوری بەڵکو لە مەیدانی کۆمەڵایەتی و سیاسیشدا جێبەجێ بکەن، بەتایبەت لەوەڵامدانەوە بە مەسەلە ئاڵوزەکانی دەسەڵات پەیداکردنی چینەکە. لەدرێژەی ئەم باسەدا کە چۆن گروپە جیاوازەکان دروست دەبن ؟ گرامشی دەڵێ؛”دروستبونی گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیەکان لە ناو چینی کرێکاردا کێشەیەکی ئاڵۆزە لە بەرئەوەی کە فۆرمی جۆراوجۆر وەردەگرن کە لە مێژووی ڕاستەقینەی شکڵگرتنی توێژ و کاتیگۆری جیاوازی ڕوناکبیرانی ئەم چینەوە هاتون.
بەڵام خۆجیاکردنەوەی ئەم گروپانە وەک سێکتی جیاجیا بەمانای زاڵبونی“سێکتاریزمە کە ناسیاسی بونە”. ئەم گروپانە ناتوانن حزبی سیاسی چینی کرێکار دروست بکەن تالەم سێکتانە ڕزگاریان نەبێ. حزبی سیاسی کرێکاری پێویستە بریتی بێت لە کۆکردنەوەی هەموو هەوڵ و گروپ و بەرنامە پراتیکیەکانی سەرتاسەری چینەکەی دژ بە دەسەڵاتی سەرمایەداری. حزب خۆی وشیاربونەوە و گەشەکردنی ئەم خواستە کۆلێکتیڤ و هاوبەشەیە لەناو ئەم چینە و توێژە ڕوناکبیرەیدا.

ئەم حزبە کاتێ لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێ کە ” لێکدانەوەیەک لەسەر ستراکتۆری کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە هەبێ و نوێنەرانی هەوڵی خەبەرکردنەوەی ئەو خواستە هاوبەشە هەبێ و لە شکستەکانی ڕابردووی بکۆڵێتەوە” . هەروەها “کاتێک ئەم حزبە دەبیتە پێویستیەکی مێژوویی کە هەلومەرج بۆ “سەرکەوتن” ، و بۆ گەشەی بونی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی، لانی کەم لە پرۆسەی دروستبوندا بێت. وە ئەم دۆخە ڕێگە بە گۆڕان وئیڤۆلوشنی ئایندەی بدا و ئەم پێشکەوتنانە بەچاو ببینرێ.” تێگەیشتنی مارکس و ئەنگلس لەم تێگەیشتنە بەرتەسک و سیکتاریستیە جیاواز بوە کە تا ئێستا زاڵە بەسەر هەموو بەشانەی بەناوی مارکسیزم ، لینینزم، ترۆتسکیزم ، ماویزم و حیکمەتیزم و هتد لەسەدەی ٢٠و تائێستاش هەرلەو قاڵبانەدان. ئەوان کۆمۆنیزمیان وا لێکداوەتەوە کە “ئامانج و مەیلە گشتیەکانی چینی کرێکار لە دۆخی گشتی خۆیەوە سەرهەڵدەدا کە لەوێدا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم ئامانج و مەیلانە لە هەموو چینەکەدا پەیدا دەبێ، هەروەها بزوتنەوەکەی فۆرمی زۆر جۆراوجۆر لە سەریدا ڕەنگ دەداتەوە، کەم تا زۆر خەیاڵی یاخود کەم تا زۆر پەیوەندیدار بەو هەلومەرجەوە کە چینەکەی تێدایە.”11

ئەمە زانستی ئاناتۆمی سیاسی چینی کرێکار و خەباتە چینایەتیەکەیەتی . بەم پێی ئەم زانستە حزبی کرێکاری سەرەڕای بەرنامە و ڕەوت و مەیلە جیاجیاکانی نێو چینی کرێکار دەتوانێ هەموو ئەم بەرنامە و مەیل و ڕابەرانە جۆراوجۆرانە لەیەک قاڵبی حزبیدا کۆبکاتەوە ، چونکە بنەمای پێویستی حزبی کرێکاری وەک ئەنتەرناسیونالی کرێکاری دەڵێ ” بۆ یەکگرتوکردنی هەمو چینە موڵکدارەکان و سەرمایەدارانە” و ” بۆ یەکگرتوکردنی خەباتی ئابوری و سیاسی هەموو چینەکەیە دژی سەرمایەداران و حکومەتەکەیان.” کەواتە حزبی چینی کرێکار دەبێ هەموو ئەو گروپە سیاسی و ڕیکخراوە جەماوەریانەی کرێکاران لە گشتێکدا دژ بە چینی بورژوازی و حکومەتەکەی کۆبکاتەوە لەبەرئەوەی کە” ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاری ئابوری کرێکارانە و هەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێ وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێ”12 حزبی کرێکاری وەک ئەم ئامڕازە سیاسیە خۆی لەسەر بنەمای ململانێی مەیلەکان
دروست نەبوە و ئامانجی یەکلاکردنەوەی ململانێی نێو چینی کرێکار نیە، وەک لە حزبی بورژوازیدا وایە.

بەپێچەوانەوە حزب لێرەدا ئەرکی نەهێشتنی ئەو ناکۆکیانەی نێو چینی کرێکار و یەکگرتوکردنی سەرجەم چینەکەیە و دواتریش کۆتایی هێنان بە خودی پێویستی حزب و دەسەڵاتی سیاسی حزبە لە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا. کێشەی بەلشەفیزم لەگەڵ ئەم بنەمایانەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاریدا لەوەشدایە کە ئەم فۆرمە بەلشەفیە لە حزب، تەنیا یەک بەش و زیاتریش نوخبەیەک لە ڕۆشنبیران بە خاوەنی حزب دەزانێ، کە بە بەرنامەیەک و هێڵێکی سیاسی خۆی لە باقی چینەکە جیادەکاتەوە. ئەم جیابونەوەیە بە مانای هێشتنەوەی حزبە وەک کەمایەتیەک و ئەم سێکتەش دواتر لەناو خودی حزبیشدا بەردەوام ڕوو لە چڕبونەوە لە دەستەیەکی هەڵبژێردراودا دەکا کە میکانیزمەکانی مانەوەی ئەم دەستەیە مسۆگەر دەکا. هەربۆیە لای لینین حزب لەکۆتاییدا بریتیە لە ” گروپێکی تەقریبەن جێگیر لە کەسانی زۆر ناسراو و بە نفوز و بە تەجروبەوە دەبرێنە پێش، کە پێیان دەڵێن سەرکردەکان” نەک لە هەموو چینی کرێکار کە دەیەوێ کۆمەڵگەیەکی دوور لەدەسەڵاتی سیاسی کەمایەتی و نوخبە دامەزرێنێ.
هەربۆیە حزبی کەمایەتی بۆ حوکم کردن بەسەر چینی کرێکار و کۆمەڵگەدا بەناچاری فۆرمێکی بیرۆکراتیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ . بیرۆکراتیزم حوکمی کەمایەتیە لە بنەڕەتدا و نیشانەی جیابونەوەی حزبە لە سەرجەم چینەکە. لە کاتێکدا حزب جێگای چینی کرێکار دەگرێتەوە و سەرکردەش جێگای حزب دەگرێتەوە، ئیتر حزب و سەرکردە وەک کەمایەتیەک حوکمی چینەکە دەکەن بەناوی نوێنەرایەتیەوە، ئەمە لە کۆتاییدا دەوڵەتێکی بیرۆکراتی و دیکتاتۆری فەردیش بەرهەم دەهێنێ. هەربۆیە بیرۆکراتیزم لە دەولەتی سۆڤیەتدا بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتی ئابوری نەبوە ، وەک مەنسور حیکمەت دەڵێ 13،بەڵکو بەرهەمی مۆدیلی سیاسی سۆشیالیزمی دەوڵەتی کە کە بەلشەفیزم نوێنەرایەتی دەکا و لەسەرەتاوە لە هەناوی حزبدا بوە و دواتر کە ئەم ڕۆحی دەوڵەتە دەبێتە دەوڵەتی بەلشەفی یەکسەر نیشانەکانی دەبینین.

هەربۆیە مانەوەی توخمی سیکتاریزم لە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا نیشانەی ڕەنگدانەوەی نەبونی ئەو وشیاریە چینایەتیەیە سەبارەت بە خواستی هاوبەشی کرێکاران و مانەوەی سیکتاریزم بەمانای نەبونی دۆخی سەرکەوتنە و دروستنەبونی ئەو فشارەی پیویستی مێژووییەیە. هەربۆیە سێکتاریزم ڕوو لە فراکسیۆنیزم دەکا و ناتوانێ لە ناوخۆی حزب و چینی کرێکار لەو قۆناغانەدا کە توشی گۆڕانی هەلومەرجی دەرەوە دەبێ بەشێوەی فراکسێۆنی دەورەی ڕاگوزەری تێپەڕێنێ تا دواتر لە ڕیگەی یەکێتی ئیرادە و سەنترالیزمێکی دیموکراتیەوە سەرجەم ئاستەکانی حزب و بزوتنەوەی کرێکاری وەک بزوتنەوەیەکی سەراسەری و یەکپارچە کۆبکاتەوە. بەگشتی کاتێک ئەم جیابونەوە سێکتاریستیانە دەبێ لە ناو چینێکدا پێویستە ئەو”بنەما و مەبدەئە دیاریکراوەکانە چاک بکرێ ” کە زاڵن.

لێرەوە جیاوازی نێوان خۆدیسپلینی ڕۆزا لۆکسبۆرگ لەگەڵ دیسپلینی بیرۆکراتی لینین تێدەگەین.
ئەم حزبە سێکتاریستە نەک وەک ” ڕیکخراوکردنی خواستی کۆلێکتیڤ و هاوبەشی چینی کرێکارە، کە دەیەوێ دنیای سەرمایەداری بگۆڕێ. ” بەڵکو وەک توێژ و کاتیگۆریەکی کۆمەڵایەتی کە سێکتێکی تایبەت بە خۆی هەیە و دیسپلینێکی دیاریکراوی هەیە کاردەکا . خۆدیسپلینیەک کە کرێکار لە خەباتی چینایەتیەوە فێری دەبێ و پشت ئەستورە بە ئامانجی کۆمەڵایەتی گۆڕینی کۆمەڵگەی ئینسانی ، لەم حزبەدا جێگای نیە و لە جیاتی ئەو دیسپلینی کوێرانەی سەربازی جێگای دەگرێتەوە.

بیرۆکراتیەت لەگەڵ ئەم سێکتاریزمدا دوانەن و تەواوکەری یەکترن. کاتێک سێکتاریزم دەبێتە قاڵبی حزب و بزوتنەوەیەک ئەوا میکانیزمی کارکردنی ئەم حزب و گروپە بیرۆکراتیانە دەبێ. کێشانی ئەو سنورانەی کە حزب و گروپەکە خۆیان لە یەکتری پێ جیادەکەنەوە دەبێتە شێوازی جیابونەوەی ئەم گروپی ڕۆشنبیرانە لە چینەکەش.
لەم حاڵەتەدا کە لیدەرەکان و جەماوەر هاوئاهەنگ نابن ئەوا “ڕابەرەکان” توشی شەلەل دەبن و حاشیەیی دەبن. “لە نەبونی پەیوەندی ئۆرگانی لە نێوان ڕوناکبیران و جەماوەری کرێکاراندا یان کورتکردنەوەی ئەم پەیوەندیە بۆ پەیوەندی بیرۆکراتی “ڕابەری” بە “ئەندامانەوە” ، ئەم ڕوناکبیر و ڕابەرانە دەبنە تاقم و دەستەیەک کە خۆیان بە “سەربەخۆ” لە چین دەزانن و خۆیان “بەدەوڵەت” دەزانن. هەربۆیە توشی کاردۆنیزم دێن، واتە هەوڵنەدانی لیدەر بۆ قەناعەت پێکردنی ئەو کەسانەی لیدەریان دەکا و داوای دیسپلین و ملکەچیان لێ دەکات بەبێ نیشاندانی عەقلانیەت. لە کاتێکدا لە حزبی کرێکاریدا ئەبێ لە گروپی لیدەری بپرسرێتەوە نەک ملکەچی بیت. ئەمە جیاوازی فەلسەفەی حزبی کرێکاریە لە حزبی بورژوازی کە سەرەوە خزمەت دەکا نەک سەروەر بێت.

لە کتێبی “میری مۆدێرن”دا گرامشی ،باسی سەنترالیزمی دیموکراتیک وەک پێچەوانەی سەنترالیزمی بیرۆکراتیک دەکا. ئەو باسی پەیوەندی “ئۆرگانیکی” بەشەکانی حزب دەکا نەک دابەشکردنی پۆستەکانی ڕابەری و ئەندام و ملکەچی خوارەوە بۆسەرەوە. سەنترالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاریدا “مانای جێگیرکردنی بەردەوامیە لە ڕیکخراوکردنی بزوتنەوە ڕاستەقینەکەدا ، وەک یەک بونی ئەو هێزەی خوارەوەیە لەگەڵ بڕیارەکان کە لە سەرەوەیە، بەشداری بەردەوامی ئەو توخمانەیە کە لە خوار پلەدارەکانەوە دێن و بەرزکردنەوەی ئەم توخمانەی خوارەوەیە لە چوارچیوەی دەزگای لیدەرشیپی کە زەمانەتی بەردەوامی و کۆکردنەوەی ڕیکوپێکی تەجروبەکان دەکا”. ئەمە نمونەی “ڕۆحی دەوڵەت”ی کاتی کرێکارانە کە لە حزبی کرێکاریدا خۆی وەکو ئەنتی تێزی حزبی بیرۆکراتی بورژوازی نیشان دەدا ، پێمان دەڵێ کە چۆن چینی کرێکار لە ئێستاوە لە قوتابخانەی حزبدا خۆی ڕادەهێنێ لەسەر دژایەتی بیرۆکراتی “فەرمانبەرانی دەوڵەت” و هەڵوەشانەوەی حزب ودەوڵەت و بیرۆکراتیەتەکەی.

دواتر لە پراتیکی حزبی بەلشەفی لەکاتی دەسەڵاتدا ئەم ڕاستیە دەبینین کە “دەرکەوتنی بیروکراتی نیشانەی پڕبونی گروپی لیدەرە کە دەبێتە هێزێکی محافەزەکار و داخراو کە لەدایک بونی هێزی ئۆپۆزسیۆن دەخنکێنێ، هەرچەند ئەو هێزانە هاوئاهەنگیش بن لەگەڵ بەرژەوەندیە سەرەکیە زاڵەکانیشدا.” هەربۆیە گرامشی بیروکراتیەت وەک خەتەرترین پەیوەندی شاراوە باس دەکا و وەک هوبسبام دەڵێ “گرامشی ئاگاداربوە لە خەتەری بیرۆکراتی و مەرکەزیەتی بیرۆکراتی و دژی گەشەی ستالینی بوە لە سۆڤیەتدا و ئەمە کێشەی لە زینداندا بۆ دروست کردوە. ئەمە هەمان ئەو هوشداریانەیە کە مارکس دەیدات کاتێک دەڵێت”چینی کرێکار دەبێ خۆی لە نوێنەرانەکانی و فەرمانبەرەکانی بپارێزێ” و فێرمان دەکا کە حزب و سیاسەت ئامڕازن بەدەست چینی کرێکارەوە بۆ ئامانجی کۆتایی هێنان بە چەوسانەوەی سەرمایەداری و جیاوازی چینایەتی و هەرکات ئەم ئامڕازانە پیرۆزکران ئەوا بزانن کە ئامانجەکە لە پیرۆزی کەوتوە.

بەڕۆشن بونەوەی ئەم گۆڕانکاریانەی بەلشەفیزم بەسەر مۆدیلی حزبی کرێکاری جێگا مەبەستی ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاراندا هێنای ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە کێشەی مۆدیلی بەلشەفی تەنیا ستالین نیە ، وەک ترۆتسکی و تۆنی کلێف دەڵێن ،یان “نەبونی بەرنامەی ئابوری نیە” وەک مەنسور حیکمەت دەڵێ بەڵکو مۆدیلی ئەو سۆشیالیزمەیە کە خۆی لە حزب و دەوڵەت و ئابوریدا وەک پاکێجێک نیشان دەدا. مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی. هەربۆیە وەک لەسەرەتاوە وتمان پێویستە بچینە سەر لێکدانەوە لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و کارکردی ئەم مۆدێلی بەلشەفی لەکاتی دەسەڵاتدا لە بواری سیاسی و ئابوریدا و لێرەوە دەزانین بۆچی فۆرمی بەلشەفی بەرەو بیرۆکراتیزم و جێبەجێکردنی بەرنامەی سەرمایەداری دەوڵەتی چوو.کە لەبەشەکانی داهاتودا درێژە بە شرۆڤەی مۆدیلی سیاسی و ئابوری بەلشەفی دەدەین بۆ تێگەیشتن لە سەرجەم ئەم مۆدیلەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی.

ئەوەی ئەنجامگیری ئەم بەشەیە گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنەمایەی ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران لەسەر پیویستی بونی حزبە کرێکاریەکان وەک حزبی هەموو چینەکە و کارکردنی ئەم حزبە بۆ یەکخستنی خەباتی سیاسی و ئابوری دژی سەرمایەداران و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن هەموو چینی کرێکارەوە بۆ گەیشتن بەڕزگاری ئابوری و نەهێشتنی چینەکان و کۆمەڵگەی چینایەتی. ئەم مۆدێلە لە حزبی کرێکاری دەتوانێ وەڵامی ئەو هەموو دابەشکردن و جیابونەوانە و لەیەکتر دابڕانە بداتەوە کە ئێستا ڕیزەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستەکان دەرگیرین و خستونیەتە پەراوێزی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خەباتی چینایەتی کرێکارانی لاوازکردوە. بەتایبەت ئەم باسە لەم دەورانە شۆڕشگێڕانەی جیهانی ئەمڕۆدا چارەنوسی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەی ئێستای دژی نیولیبرالیزم و سەرمایەداری گلۆباڵ دیاری دەکا بەوەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی دەبنە هیزێکی کۆمەڵایەتی خاوەن هەژمونی سیاسی و حزبی کە وەک بەدیلی سەرمایەداری جارێکی تر هێزی چینایەتی خۆیان نمایش بکەن یان هێشتا درێژە بە مێژووی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی شکستخواردووی سەدەی ٢٠ و بەلشەفیزم دەدەین؟ ئەمە ئەو ڕەخنەیەیە کە دەبێ بەپراتیکی لە خۆمانی بگرین تا بتوانین لەم پاژنەی ئەشیلەی سێکتاریزم ڕزگاربین.

—————————————–

سەرچاوەکان
*1 مارکس، ئەنتەرناسیونالی کرێکاران، ١٨٦٤
https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1864/rules.htm
*2 مارکس، بڕیارنامەی ئەنتەرناسیونال ، ١٨٧٢
https://www.marxists.org/archive/marx/iwma/documents/1872/hague-conference/resolutions.htm2
*3 مارکس و ئەنگلس، مانیفیستی کۆمۆنیست
https://www.marxists.org/kurdi/marx/babetekan/marx_1848_manifesti_komonist.pdf
*4 ئەنگلس ، ڕەخنە لە بەرنامەی ئیرفۆرت
https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1891/06/29.htm
*5 ترۆتسکی ، کتێبی “ئەرکە سیاسیەکانی ئێمە” https://www.marxists.org/archive/trotsky/1904/tasks/ch04.htm
*6 ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، پرسیارە ڕیکخراوەییەکان
https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/1904/questions-rsd/ch01.htm
*7 ئارنست ماندل، سەبارەت بە خۆڕیکخراوەیی چینی کرێکار و حزبی پێشڕەو، https://www.marxists.org/farsi/archive/mandel/works/1990/khod-sazmandehi-hezb.htm
*8 ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، پرسیارە ڕیکخراوەییەکان
https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/1904/questions-rsd/ch01.htm
*9 لینین ، نەخۆشی چەپڕەوی مناڵانە لە کۆمۆنیزمدا
https://www.marxists.org/arabic/archive/lenin/1920-lwc/05.htm
*10 هەمان سەرچاوە
https://www.marxists.org/arabic/archive/lenin/1920-lwc/05.htm
*11 گرامشی ، پەڕاوەکانی زیندان، سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا
http://www.asokamal.com/index/?p=1577
*12
http://www.asokamal.com/index/?p=1750
*13 ttp://hekmat.public-archive.net/ هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت، مه‌نسوور حیکمه‌ت