Skip to Content

لێگەڕێن ئەم خاکە نیشتمانێک بێ دووبارە … ن: لانگێستۆن هیوگێس

لێگەڕێن ئەم خاکە نیشتمانێک بێ دووبارە … ن: لانگێستۆن هیوگێس

Closed
by تشرینی دووه‌م 28, 2019 General, Poems


لە ئینگلیزیەوە: هێمن ئەمانی

لێگەڕێن ئەم خاکە نیشتمانێک بێ دووبارە
لێگەڕێن ئەمجارە ئەو ئاواتە بێت کە بوو
لێگەڕێن کە ڕابەرێک بێ لە دەشتا
وە لە هەوارێکدا کە ئازادە ئۆقرە بگرێ

(ئەم خاکە هەرگیز نیشتمانێک نەبوو بۆ من)

لێگەڕێن ئەم خاکە خەیاڵ و خەونی هەموو ئاواتەکان بێ
لێگەڕێن ببێتە هەرێمی شکۆمەند و مەزنایەتی خۆشەویستیی
ئەو شوێنە بێت، زوڵمی زاڵمان بە دەستی پاشاکان دانەپۆشرێ
تا هەرکەسێک ژێرچەپۆکانە ژێر خاک نەندرێ

(ئەم خاکە هەرگیز نیشتمانێک نەبوو بۆ من)

ئاه، لێگەڕێن ئەم نیشتمانە وڵاتێک بێ کە ئازادی
نەڕازابێتەوە بە پشتێنی درۆینەی نیشتمانپەروەری،
بەڵام بوار و دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ هەموانە، ژیان ئازادە
وە یەکسانی لەو کەش و هەوایەدایە وا هەڵیدەمژین

(لەم نیشتمانی ئازادە، نە یەکسانی بۆ من بووە و نە ئازادی)

پێم بڵێ، ئەتۆ کێی وا لە تاریکیدا لێو دەبزێوی بە ئەسپایی؟
ئەتۆ کێی وا کە سەرپۆشت هەموو ئاورینگی ئەستێرانی گرتووە؟

سپی پێستێکی عەوداڵم، هەڵخەڵەتاو لە سوچێکا فڕێ دراوم،
ڕەش پێستێکم ئاسەواری کۆیلایاتی بەسەر جەستەدا ڕادەکێشم،
ئەو سوور پێستەم کە لە خاک وەدەرنراوم،
ئەو ئاوارەم وا چنگی لەو هیوایەی بۆی دەگەڕێ توند کردووە،
کەچی هەمیشە ئەو یاسا کۆنە گەمژانە دەدۆزمەوە
کە سەگ سەگ هەڵدەدڕێ، وە خاوەن هێز هەژاران وەبن پێ دەنێ.

من لاوێکم لێوان لێو لە هیوا و توانا
پێ بەستکراو بەو زنجیرە دێرینە تا هەتاییەی
قازانج، هێز، بەدەست هێنان، دزینی خاک!
تاڵانی زێر! تاڵانی شێوازی بەرهەم هێنانی داخوازی!
کاری مرۆڤ! یان مووچەکەی!
یان تاڵانی هەموو شتێک بە یاسای تەما کردن و چاو چنۆکی!

من جوتیارم، کۆیلەی زەوی
کرێکارم فرۆشراو بە هێزی ماشێن
ڕەش پێستێکم خزمەتکاری هەموو ئێوە.
من کۆمەڵم، پەشۆکاو، برسی، چارە ڕەش
لەگەڵ هەموو ئەو ئاواتەم، هێشتاش برسیم
هێشتاش ئەمن چەوساوەم، ئاه، پێشەنگەکان!
من ئەو کەسەم تا ئەمڕۆکە هەنگاوێکی بۆ بەرەو پێش نەبزاوتووە،
چارە ڕەشترین کرێکار کەساڵەهایە دەست بە دەست مامەڵە دەکرێ.

بەڵام هەر ئەو کەسەم لەم جیهانە پاشکەوتوە دا
کە هەنووکەش ئاغا و ڕەعیەت بوونی هەیە،
سەرەتایی ترین خەونەکانی لەسەردایە
خەیاڵێکی وەها بەهێز، وەها دلێر، وەها ڕاستەقینە،
کە توانای بێباکانە و بوێرانەی هەتا ئێستاش سروود دەڵێ و
لە ناخی هەر خشت و بەردێکا، لە هەر کون و قوژبنێکا دەزرینگێتەوە و
ئەم خاکەی کردووە بەو نیشتمانە، کەئێستا هەیە.

ئاه، من ئەو کەسەم کە هەموو کۆنە زەریاکانی پێواوە
بۆ گەڕان بەدوای شوێنێکدا کە مەبەستمە خاکی من بێت
من هەر ئەو کەسەم کەناراوە تاریکەکانی ئیرلاند و
دەشتەکانی پۆڵۆنیا، مێرگوزارەکانی ئینگەلتەرای بەجێ هێشت
وە دابڕام لە کاناراوەکانی ئافریقای ڕەش
تا ناوچەیەک “نیشتمانێک لە ئازادی” بونیاد بنێم.

ئازاد؟

کێ وتی ئازاد؟ من نا!
بە دڵنیاییەوە من نا! بە ملیۆنان کەس ئەمڕۆکە ئازار چەشتوو؟
ملیۆنەها کە دەکوژرێن کاتێ مان دەگرن؟
ملیۆنەها کە هیچیان نییە بۆ وێدانەوەی ئێمە؟
بۆ هەموو ئەو خەونانەی کە هەمانە
هەموو ئەو سروودانەی خوێندوومانە
هەموو ئەو هیوایەی کە بوومانە
وە هەموو ئەو ئاڵایەی هەڵمان کردن،
ملیۆنەها کە هیچیان نییە بۆ وێدانەوەی ئێمە
جگە لەو ئاواتەی نزیک مردنە ئەمڕۆکە.

ئاه، لێگەڕێن ئەم خاکە نیشتمانێک بێ دووبارە
ئەو وڵاتەی کە تا ئێستاش نەبووە
بەڵام دەبێ ببێتە ئەو خاکەی کە هەموان تێیدا ئازادن.
ئەو نیشتمانەی هی منە، هی هەژارەکانە، هی سوورپێستەکانە،
ڕەشپێستەکان، من،
ئەو کەسەی ئەم نیشتمانەی درووست کرد.
ئەوانەی ئارەقە و خوێنیان، ئیمان و ئازارەکانیان،
دەستی ئاسنگەری داڕشتە، لەژێر باران گاسنەکانیان،
دەبێ دووبارە خیاڵی بەتوانای ئێمە بگەڕێننەوە.

بەڵێ، هەر تەشەر و جنێوێکت لە دڵدایە ئاڕاستەم کە
پۆڵای ئازادی ژەنگ ناهێنێ.
لەو کەسانەی زەروو ئاسا بەسەر ژیانی خەڵکەوەن،
ئێمە دەبێ ئەو خاکەمان جارێکی تر بگرینەوە.
ئاه، بەڵێ،
من بە ئاشکرا دەریدەبڕم،
ئەم خاکە هەرگێز نیشتمانێک نەبوو بۆ من،
لەگەڵ ئەوەش بەڵێن دەدەم کە دەبێتە وڵاتی من!

لەسەر کەلاوە و وێرانەی تاوانباران
دەستدرێژی وگەندەڵیەکان، نهێنی کاری و دزی، درۆکان
ئێمە، هەموو کۆمەڵ
دەبێ زەوی، کانەکان، دارستان و ڕووبارەکان
کێوەکان و دەشتە پان و بەرینەکان
هەموو، هەموو پانتایی ئەم هەرێمە گەورە سەر سەوزە، ڕزگار بکەین
وە دووبارە نیشتمانێک بونیاد بنێین.

Previous
Next
Kurdish