Skip to Content

هونەرمەند وەفیق زامدار  لە ڕوانگەی کارە هونەرییەکانییەوە … ئامادەکردنی : عەبدوڵ سڵێمان(مەشخەڵ)

هونەرمەند وەفیق زامدار لە ڕوانگەی کارە هونەرییەکانییەوە … ئامادەکردنی : عەبدوڵ سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by تشرینی دووه‌م 28, 2019 General, Literature


لەگەڵ خوێندنەوەی كتێبی (جياوازییەکانمان) ی مەنسوری حیكمه ت، هونه ری منيش گۆڕانكاری به سه ردا هات

ئامادەکردنی : عەبدوڵ سڵێمان(مەشخەڵ)
کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠١٩

هونەرمەند وەفیق بەکر زامدار لە ساڵی ١٩٦٧ لە شاری هەولێر لە خێزانێکی زەحمەتکێش لەدایکبووە. وەفیق زامدار هەر لە سەرەتای کاری هونەرییەوە توانیویەتی شانبەشانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نوێ لە کوردستان بە هونەرەکەی بەشداری چالاکانە بکات و ئامادەیی هەبێت لە خەباتی سیاسی و جەماوەریی. دوای راپەڕینیش لە زۆربەی مەراسیم و یاد و بۆنە سیاسیی و چینایەتییەکاندا وەک ( هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژن، یادی لینین، ڕۆژی شورا لە کوردستان، یادی مارکس،یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار) هەم بە خەتە خۆشەکەی و هەمیش بە تابلۆ و کارە هونەرییەکانی بەشداری کردووە و جێدەستی دیار بووە. وەفیق زامدار خەباتی چینایەتی کرێکارانی کردبووە سەنگەر و لەوێوە ئاسۆی بەرهەمەکانی بە سۆشیالیزم جوانتر و ڕازاوەتر دەکرد. هونەرمەند زامدار وەک چۆن سەرەتای کاروانی هونەریی و سیاسیی بە بەدەستەوەگرتنی مارکسیزم وەک زانستی رزگاری بەشەرییەت لە ستەم چەوسانەوە دەست پێدەکات، ئاواش تا ئەمڕۆ سەرسەختانە بڕوای بەو ڕێبازە شۆڕشگێرانەیە هەیە و دەستی لێ بەر نەداوە.هونەرەکەشی وەک هونەری چینایەتی کە دەرخەری ڕاز و خەم و هەست و خۆشی و ئاوات و ئارەزووی ئینسانی کرێکارە، ئاواش زادەی ئینتمایەکی چینایەتی بەهێزی هونەرمەندە بە خەباتی چینایەتی و جیهانبینی مارکسیزم. زامداری هونەرمەند لای ڕوونبوو کە هونەر ناکرێ بە موجەرەدی و لەدەرەوەی کێشە چینایەتییەکانەوە ببینرێت و دەستی بۆ ببرێت. بۆیە هونەر لای ئەو ئاوێنەی باڵانومای خەبات و بەرگری چیانیەتی کرێکارانە لە دژی بۆرژوازی. لێرەوە هونەرەکەی تێکەڵ بە باوەڕە سیاسییەکەی(مارکسیزم) دەکات.

ئەسڵی کار و بنچینەی ئیشە هونەرییەکانی زامدار گەرچی زیاتر لە مەراسیمە کرێکاریی و سیاسییەکاندا زەقتر دەردەکەوتن، بەڵام زامدار ئەوەی بە فەرز وەرگرتبوو کە ئینسان ئەسڵە و لەسەرجەم کارە هونەرییەکانیدا گەڕاوەتەوە بۆ ئینسان. وەفیق زامدار لە ڕووی هونەرییەوە سەرباری دەستڕەنگینیی خۆی لە بەکار‌هێنانی بۆیە و هێڵکاری و زەیت و پاستیل. خاوەن سەلیقەیەکی ئیستاتیکیی بەرزیشە کە لە نمایشەکانی ئیشە هونەرییەکانی بینەر کەمەندکێش دەکات و هەوڵ دەدات سەرنجیان ڕابکێشی و بۆ ئەودیو سنوورەکانی تابلۆکان. ئیشە هونەرییەکانی زامدار ڕامانیان تێدایە و بینەر بە ڕامانەوە دەبێ سەرنج لە گەمەی ڕەنگەکان بدات و ئەو هێما و ئاماژە هونەرییانە بدۆزێتەوە و هەوڵ بدات کۆدی ڕەنگ و هێڵەکان بناسێت و بیان کاتەوە. ئەگەر سەلیقەی هونەری و ئاستی ئیستاتیکیی ئیشە هونەرییەکانی زامدار بەو ئاستە سادە نەبن و بە ئاسانی خۆ نەدەن بەدەستەوە، بەڵام خودی خۆی تا بڵێی سادە و ساکارو جوانە و بەوپەڕی سادەییەوە سەرقاڵی ئیشە هونەرییەکانی خۆیەتی. کاتێکیش چەند پرسیارێک ببوونە ئەنگیزەی ئەناتۆمی ئیشەکانی، زامدار بەوپەڕی سادەییەوە وەڵامی دایەوە.

یەکێک لە کارە بەراییەکانی هونەرمەند وەفیق زامدار ١٩٨١

کیمیابانی هەڵەبجە

کاتێکیش لێمپرسی چ کارێکی هونەری نوێی لەبەردەستدایە و سەرقاڵی چ پڕۆژەیەکی هونەرییە، هونەرمەند وەفیق زامدار وتی : پڕۆژەی داهاتووم بریتییە لە كردنەوەی پێشانگایەکی تايبەت له كوردستان کە بەنیازم ٣٩ تابلۆی جۆراوجۆر نمایش بکەم. لەهەمان کاتیشدا هه وڵدەدەم بۆ هاتنه كايەوەی قوتابخانەیەکی هونەريی نوێ له ژير بير و هزری كۆمۆنيزمی كرێكاريی، چونكه ڕياليزمی سۆشياليستيی كه سه ر به بلۆكی سۆفیيەت بوو…له نه تيجه دا دەركەوت کە په يوەندی به چینی کرێکار و خەباتی كرێكارەوە نەبوو.

بەهاری ‌هەڵەبجە


ئەم تابلۆیە لە هۆڵی لەسەر داوای مەلا بەختیار
دروست کرا و لە کۆنفراسی ئاڵای سۆڕش هەڵواسرابوو

سەبارەت بە سەرەتای دەستپێکی هونەری خۆی زامدار وتی : له بيرمه، له قوتابخانە لە پۆلی چواری سه ره تايی، بێ وسیتی خۆم ڕه نگ و بۆيەكانم تيكەڵ دەكرد، بەڵام له و ئەزموونەوە بۆم دەرکەوت، كه هەردوو ڕەنگی سوور و زه رد تێکەڵ بکرێن ده بنه پرتەقاڵی، هەروەها تێکەڵکردنی ڕەنگەکانی شين و زه رد ده بن بە وەنەوشەیی، ئیتر بەو جۆرە. له پۆلی شه شەمی سه ره تايی مامۆستا قەدری حەيران داوای پێكه وه ئيشكردنێكی گه ورەی لێكردم كە بریتی بوو لە هه يكەلی ژنه كوردێك به جه رره (گۆزە) ئاو دەڕێژێت و ئەم ئیشەی ئێمەیان له شه قامێكی گه ورەی شاری هه ولێريان دانا .. له قۆناغی خوێندنی دواناوه ندی مامۆستا محەمەد و مامۆستا سه باح هاوكارم بوون.له سه ره تا دا كا رەكانم مۆركی ناسيونال چەپی، پێوه دياربوو، خۆشەویستی نیشتمان و شتی له وبابه تانه، واته فیكری شيوعی كلاسيكی له عێراق، بەڵام لەگەڵ خوێندنەوەی كتێبی جياوازییەکانمان مەنسوری حیكمه ت، هونه ری منيش گۆڕانكاری به سەردا هات، بۆيه لە ئیشەکانی دواترمدا زۆرتر ڕەنگی سوور تابلۆكانمی دادەپۆشی. پاڵەوانی تابلۆكانم له جەسته و هه يكەلدا، موبالەغەم تيایدا دەکرد، تا قەبە و گەورەيی كرێكار ده ربخه م، ئه و كرێكارەی خاوه ن بنياد نانی دونيايەکی نوێيه، دونيايه ك پر له ئازادی و به رابه ری.

زامداری هونەرمەند ئیشە هونەرییەکانی لە گەلێ پێشانگای تایبەت و بە کۆمەڵ نیشان داوە. کاتێک ڕووی پرسیارم ئاڕاستە کرد، کە ئایا هیچ پێشانگایەکی هونەری تایبەتی کردۆتەوە؟ زامدار لە وەڵامدا وتی : تا ئێستا چوار پێشانگای( ئێكسبيشن Exhibition)ی تايبه ت و دە پێشانگای تری هاوبەشم کردۆتەوە. له وانه:
یەک: پێشانگای هونەری تەشکیلی له هۆڵی ميديا لە يادي لينين لە شاری هەولێر لە ساڵی ١٩٩٢
دوو : پێشانگای هونەری لە باخچەی گڵكەند لە شاری هەولێر بۆ يادی یەکی ئايار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکاری ساڵی ١٩٩٢. شایانی باسە لەو پێشانگايه چاوپێكەوتنێكم لەلايەن ڕۆژنامەنووسی چەپی ئەڵمانی بەناوبانگ (ليزا شميس)م لەگەڵ كراو له وڵاتی ئەڵمانيا بڵاوکرایەوە. به داخه وه تاريكپەرستانی كورد ئەو ڕۆژنامەنووسەیان لەناو کوردستان تیرۆر كرد.
سێ : پێشانگای هونەری لە شاری ڕانيه بەبۆنەی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان. ساڵی ١٩٩٢ . جێی باسە تابلۆکانی ئەم پێشانگایەم لەلایەن ئیسلامییەکانەوە (ئیسلامی سیاسی)یەوە دڕێندران و سوتێنران.
چوار : پێشانگای هونەری لە شاری تۆرۆنتۆ لە ساڵيادی دامه زراندنی حیزبی كۆمۆنيستی كرێكاريی عێراق ١٩٩٤.
پێنج : پێشانگای هاوبەشم له شاری تۆرۆنتۆ لە کەنەدا بۆ شەوی هاوپشتی لەگەڵ چينی كرێكاری عێراق و كوردستان.
شەش : پێشانگای هاوبەش لەگەڵ چەند هونەرمەندی شێوەکاری کەنەدی ساڵی ١٩٩٣.
حەوت : چەندین پێشانگای هاوبەشی تر.

            تابلۆی ستەمی ژنان                   

تابلۆی کۆمۆنیزمی کرێکاریی

هونەرمەند وەفیق زامدار لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا جگە لە کاری هونەری و کردنەوەی پێشانگا تایبەتی و هاوبەشەکانی، لە هیچ بوارێکی تردا چالاکی هەبووە، وتی : بەڵێ بە دڵنیاییەوە چالاکیم هەبووە. سەرباری چالاکی سیاسیم لە چوارچێوەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان، يەکێکیش بووم له ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی گۆڤاری( نينا) ی ئه ده ب و هونه ری كرێكاريی و ئینجا لە مەڵبەندی ئه ده ب و هونه ری كرێكاريی و گۆڤاری( شەبەنگ) ، كه هاوڕێيان جەماڵ كۆشش و ئازادی شاعير و ناڵه حەسەن و خوليا حوسين و به ختيار و يوسف مه نتك و ڕزگار عومەریش لەو ده ستەیەدا بوون.

  تابلۆی بژی سۆشیالیزم

لە کۆتایدا ماوەتە بڵێم زامدار لەو هونەرمەندانەیە کە هونەری تێکەڵ بە باوەڕی خۆی کردووە و کۆمەڵێ کاری جوانی بۆ هێناوینەتە بەرهەم کە تا مێژووی خەباتی کرێکاریی کوردستان بوونی هەبێ، ئەو کارە هونەرییانەش بەهای هونەری و ئیستاتیکیی و سیاسی خۆیان لەدەست نادەن.




mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish