Skip to Content

گۆڕێکی ئەڵمانی … ئازاد ئەسوەد

گۆڕێکی ئەڵمانی … ئازاد ئەسوەد

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 7, 2019 General, Poems

مشکێك بە پاژنەی تاکێ پێڵاوی بۆیاغ نەکراوەوە هەڵئەزنێ و ددانە چەماوەکانی لە گۆرەوییە شڕەکەی ناوی گیر ئەکا و ڕایئەکێشێ
سوپایەك مێروولە، هەزارپێیەكی مردوو بە دیواردا سەرئەخەن و لە درزێکدا ئاودیو ئەبن
کوللەیەکی قاچ شکاو، لەسەرخۆ، بە خاچی پەیکەرە بچووکەکەی مەسیحدا هەڵئەشاخێ
ئایکۆنێکی گەورەی مار گریگۆریۆس بە جبەی کەهنووتی و گۆچانی خاچ زێڕین، درز و شێی دیواری داپۆشیوە
وێنەیەکی بێ جامی خاچیك، دەستی خستۆتە ژێر چەنەی؛ تا کاتژمێرە ئاڵتوونیەکەی مەچەکی دەرکەوێ
جزمەی قوڕاوی و بەدلەی نەوتاویی دەرقن هەڵوەشاو. بازنەی تەڕی ژێرپیاڵە و قاچی جاڵجاڵۆکە لەسەر بەرگی ئەتڵەس. خرمە خرمی سیسركی سەر نانەڕەقە. مێشی ناو پیاڵە چا. سەتڵی ژێر تنۆکە بارانی بنمیچ. شووتی شەمەندەفەری کۆمپانیای نەوت. فیکەو چەپڵەی سینەما حەمڕا
خاچیك جگەرەکەی لێوی بە سۆپاوە ئەنووسێنێ، داناگیرسێ
بە قۆڵی چاکەتەکەی، تۆزی سەر (حەسرەتی ئەفیوونی) لائەباو بە قووڵی بۆنی ناوی خۆی ئەکات
پاشماوەی چایە گەرمەکەی هەڵڕشت
دەیان وردە زیندەوەری بە چاو نەبینراوی کوشت
زەردەواڵەیەك بەرلەوەی لە پشت ملی بنیشێتەوە، تەکان ئەدا و کتێبێکی پیا ئەکێشێ
زەردەواڵە وەك هەلیکۆپتەر ئەکەوێ و بەدەوری خۆیدا ئەخولێتەوە، دیسان بەرز ئەبێتەوە و خۆی بە پەنجەرەدا ئەکێشێ
لەناو شەڵتەی تەڕی پاسکیلەکەیدا؛ دوو هێلکەی قەقنەس، شیری چەقەڵی حەبەشی، شەویلاگی گورگ، ئێسقانی نەهەنگ، ئینجیلێکی تەڕ و بێبەرگ، بالادێك بۆ ئەرمینیا
کەڕووی ئاو و کلکی کرم و قەرسیلی خۆڵەمێشاوی
باخچەی کێك و لیکی بۆق و ڕەنگی هەڵە و خواوەندێکی قوڕقۆشم
لۆکەی قەد برینی جێ مووسی چەناگەی، با ئەیبا و
بە یاڵی قاوەیی ئەسپی گالیسکەیەکی سەر شەقامەوە ئەلکێ
لە بالکۆنە ڕزیوەکەیدا بە ڕۆب و قاتێ بێجامەی چڵکنی ئەژنۆ دەرپەڕیو، ئۆپێرایەکی ئەرمەنی ئەڵێتەوە
فیکە و جڕتی قەساب و جگەرە کێشەکانی چایخانە. خڕەی داخستنی دەڕابە و بۆڕەی مانگائاسای پیکابی شێڤرۆلێت
خاچیك لێوی سەرووی وەکو ئەسپ بەرز ئەکاتەوە و ئەپڕمێنێ
سەعاتی چاڵمە لێئەدات، مشك تاو ئەداتە ژێر قەریۆڵە
تووکی پشیلەی قەد بێجامەکەی تاڵ تاڵ لائەبا و، تفێك بۆ قاقلەجنۆکەی بن دیوار ڕۆ ئەکات؛ تێی بەرئەبن
قاچ هەڵئەبڕێ و تەڵە شقارتەیەك لە بنی پێی پێڵاوەکەی ئەخشێنێ، داناگیرسێ!
خاچیك شاقووڵی ڕێ ئەکاو شاقووڵی بیر ئەکاتەوە
حەز ئەکات بە بەلەمێکی پلاستیکی فووتێکراو بگاتە ئەورووپا؛
لە پاریس، لەناو ترامێکدا لووت لە پرچی کچەکەی پێشی بژەنێ و زمان لە پشت ملی بسوێ
لە (کاسکاد)ی یەریڤان، لەسەر پەیژەیەکی بەرین لەسەر لا پاڵکەوێ و “ئیگور ئیگور ئاغفور ئاخچیك” بڵێتەوە
لەسەر پردی قفڵەکانی (کۆلن)ەوە خۆی شۆڕ بکاتە سەر ڕووباری ڕاین
لەپاڵ تاوەری کاتژمێرەکەی بەرلینی ڕۆژهەڵاتدا، بە بیانووی چەرخ، بە ئەڵمانییەکی تێکشکاو سەودا لەگەڵ سۆزانییەکی تایلەندی یا ڤییەتنامیدا بکات، ئەوانەی چاویان وایە
لەسەر گۆڕەکەی برێخت تاوێك ڕاکشێ و “دایکە ئازا” بە ئەڵمانی بخوێنێتەوە
شەپقەیەکی ڕەش بە دوو زوڵفی درێژەوە لەسەر بکا و باجی ئەستێرەی داوود لە یەخەی ببەستێ و بڵێ: شالۆم
لە لەندەن بە پیرێژنە شەپقە مۆرەکەی دراوسێی بڵێ “مێری کریسمەس” و، ملی سەگەکەی بخورێنێ
لە ئیستانبوڵ لە پاسێکی سووردا دەست بە ئەڵقەی بنمیچەوە بگرێ و لەگەڵ هەر وەستانێکی پاسدا خۆی بە ژنە تورکێکی قەڵەودا بکێشێ
لە ڕۆما بەرامبەر (سۆفیا لۆرێن) ڕۆڵ ببینێ و، پۆزێکی گێلانە بۆ کامیرای پاپاڕاتسییەکانی بەر پەنجەرە لێبدات
بە ئومێدی گەڕانەوە سەنتێك بە پشتا هەڵداتە ناو حەوزی (ترێڤی)یەوە
لە مەدرید، لە پێناو مشتێ دۆلاردا، خۆی بکاتە هێستری بارۆنێکی کۆڵۆمبیی مادە هۆشبەرەکان
شەپقەیەکی مەکسیکی لەسەر بکا و بڵێ: ئەدیۆس ئەمیگۆ
حەز ئەکات
ناوی گێڵفڕێندەکانی؛ ئێما و گلۆریا و ئیزابێل و تاتیانا بێ
هاوڕێکانیشی؛ ئەلیخاندرۆ، جیۆڤانی، یارۆسلاڤ، کونتا کینتێ
سکۆتلەندییەك بە تەنوورەی کیڵت و زوڕنای باگپایپەوە
ئەپاچییەك ناوی “بازی دووسەر” بێ
یەکشەموان لە کەنیسەیەکی مانهاتن لەگەڵ ڕەشپێستەکاندا Amazing Grace بڵێتەوە
لە مەیدانی تایمز سکوێر دۆلارێك بخاتە ناو شەپقەی سەکسەفۆنژەنێکی ڕەشپێست و،
لەگەڵ خۆپیشاندەراندا هاوار بکات؛ Make Love Not War
لە سان فرانسیسکۆ شەوان لەگەڵ هیپییەکاندا خۆی بە ئاگری ناو بەرمیل گەرم بکاتەوە و پرسیاری (سەرگۆن پۆڵس)یان لێ بکات. باڕۆکەیەکی جامایکیی پەلك لوول لەسەر بکا و ملوانکەی موورووی دەنک زل لە مل بکا و تاتووی چاریزارد لە بازووی بدات
حەز ئەکات لە هۆڵی سینەمایەك، لە خەڵوەتگایەکی ڕاهیبەکان، لەناو سکی گایەکی باڵداری مووزەخانەی بەریتانیدا بنێژرێ
_ هێشتا ناوم (خاچیك گرابێت ئایدنجیان)ە
ترپەی پێی ئەسپێ و مێروولەش ئەبیستم. بە چەپڵەیەك هەرەس بە چیا ئەهێنم. بە کاشیی شین ئاسمانێکی دووسەد مەتری دروست ئەکەم. مستێك لە گۆی زەوی ئەدەم وڵاتان بەیەکدا ئەدەم؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دائەبڕم و تووڕی ئەدەمە ناوەندی ئۆقیانووسی هیندی
ئەستێرەیەکی نزم و تیژڕەوی گەورەو گەش…
-ئەسپەکەت ڕاگرە!
ئەستێرە نییە، فڕۆکەیە
بە پێڵاوی قوڕاوییەوە بیر لە چی ئەکەیتەوە؟
گووپی شۆڕت هێشتا بۆنی سابوونی لۆکس و هەڵمی حەمام عەلی بەگی لێ دێ
ورگی تووکنت فەرووی ئاژەڵێکی قڕتێکەوتووە..
سیسرکی فلیقاوی قەد دیوار. مشکی تۆپیوی ناو تاوە. کوللەی بێ گیانی قەد خاچی مەسیح. مێشی ناو پیاڵە چا.
خاچیك تاکێکی قۆندەرە بۆیاغنەکراوەکەی قڵپ ئەکاتەوە و مشکی تۆپیو ڕۆ ئەکاتە ئاوەڕۆی هەیوان و، لەگەڵ هێڵنجدانا بۆق لە زاریەوە دەرئەپەڕێ
نەفرەتی ئەپۆلۆیە لە ئەڵقەی بێ پشتێنی پانتۆڵەکەت گیر بووە و لە ڕۆخی گۆڕێکی ئەڵمانیدا ڕاتئەگرێ
-هێشتا ناوم خاچ….

سەبەتەیەکی پڕ لە بەرد و خۆڵی قەڵا و تووتکە سەگێکی وێڵی ناو خاسەی بۆ ئەبەم
لە تەنیشت گۆڕی فریشتەیەك، کە تیرێك گەرووی سمی بوو
تاجەگوڵینەیەك لەقەد خاچی کێلەکەی هەڵئەواسم و ویسکیی بەسەردا ئەپڕژێنم
ئەخزێمە ناو گۆڕەکەی و لە تەنیشتی ڕائەکشێم
بە پشتی دەست، سیسرك و کرم و جرجی قەد کفنەکەی لائەدەم و باوەشی پیا ئەکەم
پڕخەیەکی بەرز و کورتخایەن ئەکات و ئەنوێ
بۆ ملیۆنەها ساڵ ئەمرێ

ئازاد ئەسوەد

بەریتانیا
2017 – 2019

Previous
Next
Kurdish