Skip to Content

482 Views

رەنگەکانی فاشیزم … دارا مەحمود

رەنگەکانی فاشیزم … دارا مەحمود

Closed
by December 9, 2019 General, Opinion, Slider

فاشیزم، ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییە، کە بە کۆمەڵێک بنەماو، باوەڕو خەسڵەتەوە لە ئایدیۆلۆژیاکانی تر جیادەکرێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کە لە بواری کرداری وهەندێ خاڵی تیۆریدا فاشیزم ماهیەتی خۆی ئاشکراو پێناسەی خۆی دەکات، لەهەندێ خاڵی تردا تا ئاستێکی زۆر خەڵەتێنەرە و دەبێتە هۆی گومڕاکردن و سەرلێشێواندن. هەر لەبەر ئەمەشە، زۆرجار ئایدیۆلۆژیای فاشیزم، ئاسانتر خەڵک لەدەوری خۆی خڕدەکاتەوە و پەرەدەستێنێت. و تائەوەی ئەو ماهیەتە ئاشکرا دەبێت کار لەکار ترازاوە و کارەسات روویداوە. لەبەر ئەمە دیراسەکردنی ئەم بابەتە و میکانیزمەکانی شناسایی فاشیزم، وەک کارێکی پێویست خۆی دەسەپێنێت.

لەئەدەبیاتی خۆرئاوادا کاتێک باسی فاشیزم دێتەگۆڕێ، باس لەو دیاردە دیرۆکییە دەکرێت کە لەنێوان دوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا سەریهەڵداو پاشان لەشێوازی فاشیزمی ئیتالیایی نێوان ساڵانی ١٩٢٢-١٩٤٥، و نازیزمی ئەڵمانی نێوان ساڵانی ١٩٣٣-١٩٤٥ فۆرمی بەخۆیەوە گرت. و هەرچەندە فاشیزم لەوڵاتانی تری وەک ئیسپانیا و لەم سەردەمەشدا شێوازێکی دیکە بەناوی فاشیزمی نوێ لە خۆرئاوا هەبوونی هەیە بەڵام بەکۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی و شکەست ولەناوچوونی دەسەڵاتەکانی هیتلەرو مۆسۆلینی، بەگشتی فاشیزم و نازیزم بەکۆتایی پێهاتوو پێناسە دەکرێت.

بەڵام زۆربەئاسانی دەتوانین ئەمە بسەلمێنین کە فاشیزم لەچەندان رەنگ وبەرگی جیاوازدا و لە چەندان شوێنی ئەم جیهانەدا و تا ئەم ساتەوەختەش بوونی هەیە. و ئەوەش کە وا لەخۆرئاوا دەکات فاشیزم بە کۆتایی پێهاتوو لەقەڵەم بدات دوو هۆکارە. یەکەم: خۆرئاوا سەبارەت ئەم پرسە و تەواوی پرسەکانی تریش، باسی خۆی دەکات و لەخەمی ئەوەدا نییە لێرو لەوێی جیهان چی دەگوزەرێت. و تەنیا کاتێک دەکەوێتە ئەو خەمەوە کەمەترسی بەرۆکی خۆی بگرێت، یان بەرژەوەندییەکانی بکەونە مەترسیەوە. هۆکاری دووەمیش ئەمەیە کە دەسەڵاتە فاشیستەکانی ئەم سەردەمە یانیش پارت و بزووتنەوە فاشیستیەکان بەتایبەتیش بەرلەوەی بێنە سەر دەسەڵات، کە لەدەرەوەی سنووری خۆرئاوادان، بەحوکمی تایبەتمەندیی و هەلومەرجی ئەم قۆناغە، واقیعی خۆیان ئاشکراناکەن و لەژێر پەردە و دەمامکی ساختەدا خۆیان دەردەخەن. و لەحاڵێکدا کە لاقێکیان لەناو فاشیزمدایە، لاقەکەی تریان بۆگومڕاکردن، و چاوبەستەکێنی، لەشوێنێکی ترە.
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی فاشیزم:
زۆر لە بیرمەندان و شرۆڤەکارانی سیاسیی، ریشەی فاشیزم دەگێڕنەوە سەدەی نۆزدەهەم. یەکێک لەهۆکارەکانی پەیدابوونی ئەو ئایدیۆلۆژیا و بزووتنەوەیە، کاردانەوەیەک بوو دژی شۆڕشی فەرانسەو ئەو بارودۆخەی لەئاکامی ئەو شۆڕشەوە بەدیهاتبوو. چونکە شۆڕشی فەرانسە کۆمەڵە بایەخێکی لەگەڵ خۆیدا هێنا، کەلەگەڵ بیرو باوەڕە نەریتییەکانی کۆمەڵگای ئەوسا نەدەگونجا و بۆ گەلێکان شیاوی تەحەمول و چاوپۆشی نەبوو. ئەمانەش وەک: عەقڵگەرایی، بەرابەریی، ئازادیی، پێشکەوتن… و فاشیزم کۆمەڵە بایەخێکی تری لەجیاتی ئەمانە هێنایە گۆڕێ وەک: دەسەڵات، جەنگ، قارەمانێتی… و دیموکراسی بەدیکتاتۆری و تۆتالیتاری، و ئازادیی بەملکەچی بۆدەسەڵات، و پێشکەوتنیش بەململانێ وجەنگ… شوێنیان پڕکرایەوە.
هەرچەندە فاشیزم و نازیزم هەردوو وەک یەک دیاردە، و بەناوی فاشیزمەوە، پێناسە و شرۆڤە دەکرێن، بەڵام هەندێ جیاوازیش لەنێوانیادا و بەتایبەتیش هۆکاری دروستبوون و جیاوازیی لە پلەبەخشین بەدوو پێگەی دەوڵەت و میللەت، بەدیدەکرێت.
لەشێوازە ئەڵمانیەکەیدا، نازیزم لەسەر بنەمای نەژادپەرستیی ئاریایی و دژایەتی جوولەکە پایەکانی داڕێژرابوون. لەحاڵێکدا لەشێوازە ئیتالیاییەکەیدا، نەک لەسەر بنەمای نەژادپەرەستی بەڵکو بنەمای دەوڵەتپەرستی دامەزرابوو.
هۆکارێکی تری سەرهەڵدانی فاشیزم بە هەردوو مۆدێلەکەیەوە، ئەو کاریگەریانەبوون کەلەئاکامی جەنگی یەکەمی جیهانیەوە لەسەر رووداوەکانی دوای جەنگ و بێهیوایی و شکەستە دەروونیەکان هاتبوونە کایەوە و هەوڵدانێک بوو بۆ زیندووکردنەوەی گیانی لاواز و مردووی نەتەوەیەکی شکەستخواردوو. لەبەر ئەمە فاشیزم بەردەوام جەختی لەسەر چەمکی (مرۆڤی نوێ) دەکردەوە.
بەگشتی فاشیزم کاردانەوەیەک بوو دژی ئەو بارودۆخەی پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و سەنعەت و سەرمایەداریی ومۆدێرنیتە هێنابوویانە کایەوە، کە بە لەشیرازە دەرچوونی نەریت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بوو. و فاشیزم زۆر زوو لەناو کۆمەڵێکی زۆری خەڵک رەواجی پەیدا کرد. کە هەستی ئارامی و ئاسایشی خۆیان لەدەستدابوو. و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پەناگە و فریادڕەسی بێ نەواوایانە. و لەپێناو گێڕانەوەی شکۆمەندییەکان و پاراستنی نەریتەکانی خانەوادە ومەزهەب و کولتووری پیاوسالارانە. تێدەکۆشێت.

بەمەبەستی شرۆڤەکرنی دیاردەی فاشیزم و هۆکارەکانی درووستبوون وسەرهەڵدانی لەزۆر دیدەوە، کارو کۆشش ئەنجام دراون کەیەکێک لەو بوارانە بریتییە لەدەروونناسیی. فروید لەم رووەوە دەڵێت: (لەدیدی دەروونناسی کۆمەڵایەتییەوە، کەسانێک کە پەیوەندییە نەریتییەکانیان لەدەستدابێت، و لەحاڵەتی سەرگەردانی و بێ بایەخیدا بەسەربەرن، بەدوای (منی نموونە)دا دەگەڕێن تا ئەو بۆشاییەی لەئاکامی هەستی سوکایەتی و سەرلێشێواویەوە بەدەستهاتووە، پڕکەنەوە)١
لەم جۆرە حاڵەتانەدا درووشمەکانی فاشیزم سەبارەت، گێڕانەوەی شکۆ، یەکپارچەیی نەتەوەیی، رێبەری لێهاتوو… کاریگەریی خۆیان لەسەر هەست و عاتیفەی خەڵک دادەنێن و گۆشیان دەکەن.
سەرەڕای ئەمە، ئەوروپا، و بەتایبەتیش ئەڵمانیا لەبارودۆخێکدا بوو کە درزی گەورە کۆمەڵگای دابەشکردبوو. و لەقەیرانێکدا گیری خواردبوو کە بە قەیرانی مۆدێرنیزمی سەرمایەداریی ناودەبرێت. بەشە نەریتییەکەی کۆمەڵگا بەسەختی لەژێر گوشاریی مۆدێرنیزمدا دەیناڵاد و فاشیزم خۆی وەک هاوارو فریادڕەسی ئەمانە خستە روو. لەسەر ئاستی نێوان وڵاتانیشدا رکەبەرایەتی ناسیونالیستیی لەنێوان وڵاتانی پێشکەوتووی سەنعەتی و ئەوانەی دواکەوتووتردا، زەمینەی ململانێیەکی خۆشکرد کە لاوازەکان لەترسی لەناوچوون، پەرەیان پێداو، فاشیزمیش قۆستیەوە.
بنەماکانی فاشیزم
١- دژە ئایدیۆلۆژیا: فاشیزم، لەگەڵ ئەوەدا کەبۆخۆی خاوەن ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام تەواوی تیۆریی و ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکانی تر رەتدەکاتەوە، و دژایەتی هەموویان دەکات. بێگومان شتێکی ئاساییە کە تەواوی ئایدیۆلۆژیاکان، ئەوانی تر رەتکەنەوە و هەریەک خۆی وەک ئەلتەرناتیڤ پێشکەش بکات. بەڵام فاشیزم بەشێوازێکی جیاواز ئەم کارە پەیڕە دەکات. بەر لەهەر شت تەنیا فاشیزم، لەرەتکردنەوەی ئایدیۆلۆژیاکانی تردا پەنا بۆ سڕینەوە و لەناوبردن و کوشتارو جەنگ دەبات. بەڵام ئایدیۆلۆژیاکانی تر لەحاڵەتی رەتکردنەوەی یەکتریشدا توانای پێکەوەژیان و کارکردنیان لەتەک یەکترەوە هەیە و یانیش لانیکەم، لەهەوڵی لەناوبردنی یەکتردا تەنیا رێگای سیاسیی دەگرنەبەر. هۆکاری ئەوەش ئەمەیە کە ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکان، جگە لە فاشیزم، چەندە لەیەکتریشەوە دووربن، کەم یان زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە و زۆربەشیان باوەڕیان بەدیموکراسیە.

هەروا فاشیزم نەک تەنیا دژە ئایدیۆلۆژیایە، بەڵکو دژە فەلسەفە و هەر بیروباوەڕێکی مەعریفیشە. هیتلەر لەتاکە بەرهەمەکەی خۆیدا (نەبەردی من) دەڵێت: (بیروباوەڕی فەلسەفی ئەگەر هەزارجار راست وتۆکمەش بێت، وبتوانێت کۆمەڵێکی زۆر لەدەوری خۆی خڕکاتەوە، سەرئەنجام بۆ بەختەوەریی میللەت بێ بایەخە، مەگەر ئەوەی لەلایەن پیاوانی خاوەن باوەرەوە پایەکانی داڕێژرابێت.)
فاشیزم لەتیۆرییدا و بەرلەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی بگرێتە دەست لەیەککاتدا هەم دژی سەرمایەدارییە و هەمیش سوسیالیزم، و هەمیشە مەیلی بەلای موحافەزەکاریی و راستگەراییدایە. بەڵام هەرکات هاتە سەردەسەڵات، بەلای سەرمایەدارییدا دایدەشکێنێت. و ئەمە چ لەسەر ئاستی دوو نموونەی ئەلمانیای نازی و ئیتالیای فاشستیدا و هەمیش نموونەکانی دواتردا شیاوی سەلماندنە. و بۆنموونە ئەو سوودو قازانجە زۆرەی کۆمپانیا پیشەسازییە گەورەکانی ئەلمانیا و بانکە مەزنەکان لە سیاسەتەکانی حزبی نازی دەستیان کەوت، لای کەس شاراوە و شیاوی نکوڵیکردن نییە. و جگەلەمەش سیاسەتی شەڕخوازانەی فاشیزم وەک ئاکامێکی سروشتی بە زیانی چینی کارگەرو کەمکردنەوەی دەرامەدی خەڵک و دابەزاندنی ئاستی ژیانیان و لە بەرابەریشدا پەرەسەندنی پیشەسازیی قورس تەواوبوو.
٢- بێ بایەخی تاک: لە فاشیزمدا، لە تیۆری و پراکتیکدا، تاک بەرابەرە بە هیچ. و تەنیا ئەو ئامراز و کەرەستەیە کەلەپێناو، بەشکۆگەیاندنی نەتەوەی شایستە و رەسەن و یانیش دەوڵەتی پیرۆز، کە هەردوو ئەمانەو تەواوی ئامانجەکانی تریش لەناو کەسایەتی پێشەوادا بچوک دەکرێنەوە، بەکاردێت. بێ بایەخی تاک لە فاشیزمدا بەواتای کۆمەڵگەرایی نییە. چونکە لە فاشیزمدا مرۆڤ بەگشتیی چ وەک تاک یانیش بەشێک لەکۆمەڵگا جگە لەوەی بەشێک بێت لەکەرەستەی شەڕ شتێکی تر نییە.

٣- میلیتاریزم: فاشیزم هەر تاک و هێزو لایەنێک لە ژێر فەرمانی خۆیدا نەبێت، بە دوژمن ناوی دەبات. و بەواتایەکی تریش هەر شت لەدەرەوەی خۆیدا دوژمنە. لەم سۆنگەیەوە هەر لەسەرەتاوە خۆی بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە ئامادەدەکات و باوەڕی بەشەڕی مەزن و بەردەوام و سەرتاسەری هەیەو لەمەوە رەواج بە بیروباوەڕی شەڕخوازیی و توندوتیژیی و میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگا دەدات و ئەگەر هیچ هەڕەشە و شەڕێکیش لەئارادا نەبێت، ئەو بۆخۆی وەک پێویستییەکی حەتمی و بنەمایەکی ئایدیۆلۆژیکی درووستی دەکات. ئەمە لەهەموو نموونەکانی فاشیزم لە ئەوروپاو دەرەوەی ئەوروپا لەرووی ئەزموونی دیرۆکیەوە سەلماوە.

٤- بێ بایەخبوونی یاسا. لە سایەی دەسەڵاتی فاشیزمدا. یاسا هیچ بایەخێکی نییە. و تەنانەت ئەگەر دامودەزگاکانی وەک پەرلەمان بوونیشیان هەبێت تەنیا رۆڵی راوێژکارییان هەیە. و لەجیاتی ئەمانە رێبەری فاشیستی دەکەوێتە سەرووی یاساوە، و دەبێتە خاوەنی دەسەڵاتی رەها. و ریبەری فاشیستی لەبەرانبەر هیچ کەس و لایەن و دامودەزگایەک و تەنانەت لەبارانبەر خواوەندیشدا بەرپرسیار نییە. و ئەو ڕێبەرە مافی هەر گوفتارو رەفتارێکی هەیەو تەنانەت دەتوانێ درۆش بکات و خەڵکیش فریوبدات. چونکە لایەنگیریی فراوانی خەڵک یەکێک لە پێش مەرجەکانی دەوڵەتی فاشیستییە.

٥- نەژادپەرستیی: تەواوی بزووتنەوە فاشیستیەکان، نەژادپەرستن و لەپرسەکانی وەک نیشتمانپەروەریی و نەتەوەپەرستی و نەژادگەراییدا، توندڕەویەکی وەها دەنوێنن کە ئیتر هیچ بزووتنەوە و بیروباوەڕێکی تر ناتوانی شان لەشانیان بدات. لەبەر ئەم خەسڵەتە بزووتنەوەی فاشیستی هەمیشە لەوپێگەیەوە کە لەبەراووردکردن لەگەڵ هەر غەیرەخودییەکدا خۆی بە باشترو شایستەترو رەسەنتر دەزانێت، هەوڵی لەناوبردن و تواندنەوەی کەمەنەتەوەییەکان و فەرهەنگە بێگانەکان دەدات. و بۆئەمەش پەنا بۆهەر رێبازو مێتۆدێک بە بەرپاکردنی جەنگیشەوە دەبات. هیتلەر لە (نەبەردی من)دادەڵێت: ( بەئەزموون سەلماوە کە رۆژگارێک دێت دانیشتوانی رووی زەوی جۆرێکی لێ دێت، کەنەژادی بەهێز رەگەزی لاواز لەناوبەرێت و ئەو نەژادە بەهێزەش تاماوەیەک لەبەرانبەر یاساکانی سروشتدا خۆڕاگری بنوێنێت، بەڵام پاشان قاڵتردەبێتەوە…)

دکتاتوریی و فاشیزم
هەندێ جار، بەهەڵە دوو چەمکی دکتاتۆریی و فاشیزم تێکەڵ یەک و یانیش لەجیات یەکتر بەکاردەهێنرێت. هەرچەندە لایەنی لەیەکچوونیشیان هەبێت، بەڵام دوو چەمکی جیاوازن. و زۆربەی جارەکان بەتایبەتی لە کولتوری سیاسیی رۆژهەڵاتیدا تەنانەت لەسەر بەرزترین ئاست، هەم فاشیزم وهەمیش دیکتاتوریی وەک جنێو یان سوکایەتی و یانیش تۆمەتبارکردنی دژبەران بەکاردێت کە زۆربەی جارەکان لەجێگای خۆیدا نییە. و بەکارهێنانی ئەم چەمکانە بەشێوازێکی هەڵە و ناڕاست کارێکی وای کردووە کە دکتاتۆرو فاشیستە راستەقینەکان، بشاردرێنەوە و وەک پێویست تیشکی سەرنجیان نەخرێتە سەر.

دیکتاتوریی خاوەن دیرۆکێکی زۆر کۆنە. و لە کۆماری رۆمدا پێگەیەکی دەوڵەتی بوو، لەکاتی قەیرانەکاندا بەشێوازێکی کاتی دەسەڵات رادەستی کەسێک دەکرا. و بەواتایەکی تر، دەسەڵاتێکی یاسایی بوو. بەڵام پاشان دەسەڵاتدارانی وا هاتنەسەرکار کە بێ ئەو پشتیوانە یاساییە دەسەڵاتیان قۆرخ کرد. و لەدیرۆکی کۆندا دەتوانین نموونەکانی وەک: ئیمپراتۆری رۆم یۆلیۆس سیزار (٤٤ پ ز-١٠٠پ ز)، سەرداری رۆمانی سۆلا لوسیوس (٧٨ پ ز-١٣٨پ ز). لەچەند سەدەی رابردووشدا ناپلیۆن بوناپارت، ئوتوفون بسمارک، ستالین، نیکولای چاوچیسکو. لەوڵاتانی ئاسیاو ئەفریقاو ئەمریکای لاتینیش نموونەکانی وەک: ئاناستاسیو سۆمۆزا لە نیکاراگوا، ئوگستو بینوشە لە شیلی، فردیناند مارکۆس لە فلیپین، عیدی ئەمین لە ئۆگەندا، ژان بیدل بوکاسا لە ئەفریقای ناوەڕاست، مۆبۆتۆ سیسی سیکۆ لە زائیر (کۆنگۆی دیموکراتیک)… هەروا زۆربەی هەرەزۆری رژێمەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاستی جۆربەجۆر و تا رابردوویەکی زۆر نزیک دکتاتۆربوون. و هێشتاش نموونەیان هەرماوە، بەڵام وا بەرەبەرە، لەژمارە، یان ئاستی دەسەڵاتدارێتیان کەم دەبێتەوە. و لەنموونە هەرە دیارەکانیش رژێمی دکتاتۆری فاشستی سەدام حوسێن بوو. تورکیاش کە پاشان باسی لێوەدەکەین.

بەڵام فاشیزم دیرۆکێکی زۆر نوێتری هەیە و تایبەتە بە سەردەمی مۆدێرنیتە و مۆدێلی حوکمڕانی دەوڵەت- نەتەوە.
گەورەترین جیاوازیی نێوان فاشزم و دیکتاتۆریی ئەمەیە کە فاشیزم سیستەمێکە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیا بەڕێوەدەچێت. بەڵام مەرج نییە دیکتاتۆریی وەهابێت. بەڵکو هەر دەسەڵاتدارێکی ستەمکاری توندوتیژخواز و خۆسەپێنەر، بەبێ هیچ ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕێکیش دەتوانێ ببێتە دیکتاتۆر.

هەروا دیکتاتۆریی شێوازێکی دەسەڵاتدارێتییە تەنیا لەپەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵات وخەڵکانی تردا دەتوانێ بوونی هەبێت و بەرجەستە بێت. ئیتر ئەو دەسەڵاتە دەوڵەتیی ، حزبیی، یانیش هەر شێوازێکی تر دەتوانێ بێت. بەڵام فاشیزم هەم لەدەسەڵات و هەمیش لەدەرەوەی دەسەڵات و تەنانەت یەک تاکە مرۆڤیش بێ هەبوونی هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکانی ترەوە، تەنیا لەڕێگای فکرەوە دەتوانێ فاشیست بێت. موسولینی دەڵێت: (فاشیزم تەنیا سیستەمێکی حوکمڕانی نییە بەڵکو سیستەمێکی فکریشە).٢
هەروا دیکتاتوریی دەتوانێ لەشێوازی تاکەکەس یانیش گروپێکی دەسەڵاتداردا بێت، کە تاکی رێبەر بەشێک لەدەسەڵاتەکانی خۆی رادەستی نێوەند و کەسایەتیی تری ناو دەسەڵات کردبێت. وەک نموونەکانی: وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵاتی بەناو سۆسیالیستی سەردەمی یەکیەتی سۆڤیەت، کۆماری ئیسلامی ئێران، یان وڵاتانی کەنداو… بەڵام لەفاشیزمدا هەمیشە رۆڵی تاکەکەسی رێبەر تۆخ و زاڵترە.
بەڵام لایەنی هەرەگەورەی لەیەکچوونی دیکتاتۆریی و فاشیزم، توندوتیژیی و سەپاندنی حوکم و دەسەڵاتی زۆرە ملێیانە و رێزنەگرتنی یاسایە. لەبەر ئەمە هەموو فاشستە دەسەڵاتدارەکان دیکتاتۆرن، بەڵام هەموو دیکتاتۆرەکان فاشیست نین.

فاشیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی خەڵەتێنەر
فاشیزم لەسەرەتای درووستبوونیدا و بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهانی، شتێکی عەیب و مایەی شەرمەزاریی نەبوو. چونکە ئەوکات هێشتا ئاکامە زیانبەخشەکانی، لای کەس هێندە رۆشەن نەبوون. بەڵام بەهەڵگیرسانی جەنگ و ئەو وێرانیی و خوێنڕێژییەی بەسەر جیهانیدا هێنا کارێکی وایکرد، ئیتر لەوەبەدوا هیچکەس بەئاشکرا بوێریی لایەنگیریی و پەیڕەوکردنی فاشیزمی نەبێت.
بەگشتیی، فاشیزم، هەمیشە، واقیعی راستەقینەی خۆی ئاشکراناکات و لەژێر روخساری رەنگاوڕەنگدا دایدەپۆشێت و گوتاری فاشیزم پێچاوپێچ و ئاڵۆزو پڕ لەناکۆکیە، بەڵام لەناو ئەو ئاڵۆزی وناکۆکیانەشدا ئەو چەمکانە دەجوێتەوە و بەکاردەهێنێت کە خەمی هەر مرۆڤێکە و سەرنجی هەرکەس بۆ لای خۆی رادەکێشێت. وەک: ئازادیی، ئەخلاق، ئابڕوومەندیی، شکۆمەندیی نەتەوە، سەروەریی خاک … هەروا هەمیشە بانگەشەی ئەوەدەکات بەجێهێنانی خواستەکانی خەڵک تەنیا لای ئەو مەیسەر دەبێت.
مۆسۆلینی ساڵی ١٩٣٢ وتارێکی لە ئێنسکلۆپیدیای ئیتالیادا بڵاکردەوە، لەهەندێ شوێنی ئەو وتارەدا باس لەکۆمەڵە چەمکێک دەهێنێتە ئاراوە کە ئەگەر مرۆڤ پێشتر نەزانێت ئەمە لەلایەن رێبەرێکی فاشستییەوە نووسراوە یان شارەزاو هۆشیارنەبێت، بەئەگەرێکی زۆر بەهەڵەدا دەچێت و بەشێوازێکی ئەرێنی هەڵیدەسەنگێنێت. لەم وتارەدا چەندان جار باسی چەمکەکانی وەک: ئەخلاق، ئازادیی، عەدالەت، هاوڵاتیبوون… دەکات و لێرەدا هەندێ رستەو دەستەواژەی ئەم وتارە بەنموونە دەهێنینەوە کە دەڵێت: (هیچ کردارێک لەدەرەوەی بازنەی داوەرە ئەخلاقیەکاندا نییە.). و (فاشیزم سەرنج نەک تەنیا بەتاک، بەڵکو بە خاک و نەتەوەش دەدات. ئەو تاک و نەفشانە کە پەیوەندی نێوانیان لەرێگای یاساو ئەخلاق و نەریتە ئەخلاقیەکانەوەیە)، (دەبێ ئەمە قبوڵ بکرێت کە فاشیزم نموونەی ئازادییە. تاکە ئازادییەک کە بایەخ لە هەبوونیدا هەیە، واتا ئازادی دەوڵەت و ئازادی تاک لە باوەشی دەوڵەتدا) (تەسەوری فاشیستیی سەبارەت دەسەڵات و مەرجەعیەت هیچ پەیوەندییەکی بە دەوڵەتی پۆلیسییەوە نییە. دەوڵەت خەڵکی وڵات بەرەو هاوڵاتیبوون پەروەردە دەکات، لە پەیامەکەیان هۆشیاریان دەکاتەوە، بەرەو یەکیەتی ئاراستەیان دەکات. سەبارەت راگرتنی پارسەنگی بەرژەوەندییە جۆربەجۆرەکانیان عەدالەت پەیڕەو دەکات)،(ژیان لەتەسەوری تاکێکی فاشیستدا، دەبێ جدیی، بێ فێڵ و راستگۆیانە، و مەزهەبی بێت)٣…
ئەم زمانە خەڵەتێنەرە، سەرەڕای خەڵکی عەوام، ئەگەری خەڵەتاندنی هێزولایەن و دەوڵەتانیش فەراهەم دەکات. و لەسەر ئاستی دیرۆکی، چەندان نموونەی لەمجۆرە لەئارادایە. (لەگەلێک بوارو بۆنەدا، کۆمۆنیستەکانی ئەڵمانیا، هاوکاری نازیەکانیان دەکرد، کەدوژمنی هەرەگەورەی سوسیالیزم و بزووتنەوەی کارگەریی بوون. تەنانەت لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی هێتلەردا، کۆمۆنیستەکانی ئەڵمانیا، سۆسیال دیموکراتەکانیان بەدوژمنی بنەڕەتی خۆیان دەزانی. هەروا لە نەمساش کۆمۆنیستەکانی ئەو وڵاتە کاتێک سۆسیال دیموکراتەکان رووبەڕووی رژێمەکەی دلفوس٤، دەبوونەوە لەتەک فاشستەکاندا ئەوانیان مەحکوم دەکرد)٥
هەروا دەبینین کە فاشستەکانی ئەم سەردەمەش لەژێر پەردەی رەنگاورەنگدا خۆیان دەشارنەوە. و تەنیا ئەو خەڵکانەی قوربانی راستەوخۆی دەستی فاشیزمن، و ئێش و ئازارەکەی دەچێژن و دەزانن چی بەچییە. بەداخەوە هەمیشەش میکانیزمەکانی قەناعەتپێکردنی جیهان لەبەردەستاندا نییە. کاتی خۆی کاتێک کورد دەیگوت، سەدام حوسێن کەسایەتییەکی دیکتاتوریی فاشستییە! لە خۆرئارا دەیانگوت، کە رژێمێکی باشە، چونکە بەشەڕکردن لەگەڵ ئێران، مەترسیی ئیسلامی رادیکال لەسەر جیهان کەمدەکاتەوە. تەنانەت کاتێک کیمیاباران، و ئەنفالیشی ئەنجامدا، تەنیا لەژێر لێوەوە، بۆڵەیەکیان بۆمەحکومکردن لێوەهات و بەئاکامێکی چاوەڕوانکراو و سروشتیی جەنگیان لەقەڵەم دا.
تەنانەت ئەوەش کە لەهەمووان فاشیستترە، دان بە فاشیستبوونی خۆیدا نانێت، و بەپێچەوانەوە نەیارەکانی خۆی پێ تۆمەتباردەکات. دیتمان ئەردۆغان چۆن ئەڵمانیاو هۆڵەندای لەسەر کێشەیەکی دیپلۆماتیکی سادە، کە رێگایان پێنەدا لەم دوو وڵاتەدا بانگەشە بۆ ریفراندۆمەکەی بکات، بە فاشیست، و نازیست ناوی بردن. ئیتر سەرەڕای ئەوەی کە ئەردۆغان بەم رەفتارەی نزمیی ئاستی خۆی وەک سەرۆکی وڵاتێک و سیاسەتمەدارێک سەلماند، ئەوەشی ئاشکراکرد کە ئەو لەکاریی سیاسییدا چ دیماگۆگیەت و درۆ و خەڵەتاندنێک پەیڕەودەکات.
لەبەر ئامانە زۆر گرنگە کە پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی چەمک وبایەخەکان نابێ لەسەر ئەو بنەمایەبێت، کە فاشیزم مامەڵەی روخسارییان لەگەڵدا دەکات. بەواتایەکی دیکە، فاشیستێک تەنیا بەمەندە لە فاشیزم ناشۆرێت کە بۆخۆی بڵێت دژە فاشیزمە. هەروا دیسان بەمجۆرەش نییە کەئەگەر کەسێک، یان ئایدیۆلۆژیایەک، پەیڕەوی لەبایەخ و بنەمایەک کرد کە فاشیزمیش دەیکات، ئیتر ئەو کەس و لایەنە یەکسەر ببنە فاشیست. بۆنموونە کاتێک فاشیزم دژە عەقڵگەرایە، ئیتر نابێ وا لێکبدرێتەوە، هەرکەس دژە عەقڵگەرایی بێت، ئەوە فاشیستە.
فاشیزم دژە دیموکراسیە، بەڵام نەک بە شێوازی ئانارشیزم. دژە تاکگەراییە، بەڵام نەک بەشێوازی سوسیالیزم. کۆنسێرفاتیستە، بەڵام نەک بەشێوازی کۆنسێرفاتیستی عەقڵانی هێگلگەرا، راستڕەوە بەڵام نەک بەشێوازی لیبرالیزم … فاشیزم هیچکام نییەو لەهیچکامیان ناچێت. و لەجێگای هەموو ئەمانەو تاکە ئەلتەرناتیڤێک پێشکەش دەکات کە بریتییە لەخواستی رێبەر (duce – دوچە)، یان (fuhrer – فوهرەر). زۆربەی خواستەکانی رێبەری فاشستیش بریتییە لە ئەفسانەو خەون و خەیاڵ. لەبەر ئەمەیە کەبەشێک لەبیرمەندان لەگەڵ ئەوەدانین کە فاشیزم بریتی بێت لەئایدیۆلۆژیایەک. چونکە هەرکات پێیخۆش بێت، دەم لەهەرچەمکێکی ئایدیۆلۆژیکی وەردەدات. جارهەیە بانگەشەی پەیڕەوکردنی دەکات، وجارێکی تریش رەتیدەکاتەوە. لەبەرئەمە فاشیزم بیروباوەڕێکی پراگماتیستیە و ئەوەی کە لەقۆناغێکدا وەک ستراتیژ ناوی دەبات، لەپڕ لەقۆناغێکی تردا دەبێتە تاکتیک. (بەرنامەی پارتە فاشیستیەکان، بەشێکی زۆر لەپروپاگەندەی حزبی ئەوان پێکدەهێنێت، کەبەشی هەرەزۆری خەسڵەتی تاکتیکی هەیە، ئەرکی بەناو تیۆرسێن و ئایدیۆلۆگەکانی فاشست (لەناویاندا ئالفێرد روزنبرگی ئەڵمانی) بەر لەهەر شت نووسینەوە و رێکوپێککردنی ئەو بڕیارانە بوون کە پێشتر رێبەری حزب دەستنیشانی کردبوون)٦
یەکێک لە مێتۆد و ئامرازەکانی تری هەڵخەڵەتاندن، بەکارهێنانی مەزهەبە. ئەمەش بەتایبەتی کاتێک کۆمەڵگا مەزهەبی بێت. تێکەڵکردنی بیروباوەڕی فاشیزم لەگەڵ مەزهەبدا دەبێتە هۆی راکێشانی سەرنجی مەزهەبگەرایان و تەنانەت خاوەن باوەڕانی سادەی ئایینی. هیتلەر لە (نەبەردی من) دا دەڵێت: ( ئێمە باوەڕمان وایە ئەگەر هەستە مەزهەبییەکان لە نەتەوەیکدا بەهێزبن، لانیکەم دەتوانێ ئەو نەتەوەیە بەرێتە بەرزترین پلەی مرۆڤایەتیی، چونکە باوەڕهێنان بەشتێک، بناغەی ئازادی هزرو رزگاربوون لەکۆتوبەندی دیلێتییە).
ئاکەپە فاشیزمی تەواو عەیار
لەگەڵ هەر ناوهێنانێکی فاشیزم لەتورکیادا، مرۆڤ یەکسەر چەند ناوێکی وەک ئەلپ ئەرسەلان تورکەش، موحسین یازجی ئوغڵو، عەبدولکەریم دوگرو، دەولەت باهچەلی… بەمێشکدادێت، بەڵام ئەمانە لەو ناوە دیارانەن کەبیروباوەڕی فاشیستی خۆیان بێ پەردە راگەیاندووە، لەحاڵیکدا لەرابردوو وئەمڕۆشدا سەدان و هەزاران فاشیستی لەمانە بچوکترو گەورەتر لەسەر شانۆی سیاسیی لەژێر دەمامکی جۆربەجۆری، وەک چەپ، راست، سکولار، و ئیسلامییدا کاروچالاکیان نوواندووە و دەنوێنن.

کۆماری تورکیا، هەر لەسەرەتای درووستبوونیەوە، ساڵی ١٩٢٣ تا ئەمڕۆ، هەمیشە زەمینەی سەرهەڵدان وگەشەسەندنی فاشیزم، چ لەسەر ئاستی دەوڵەت، یانیش دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، تاک، یاخود پارت و گروپی سیاسی، لەئارادا بووە. هەمیشە رەنگوبۆی فاشیزم بەسیاسەتی دەوڵەتیەوە دیاربووە. ئیتر جارهەبووە ئەو رەنگە تۆخ و جارێکی تریش کەمێک کاڵتر. و بەگشتیش هەبوونی فاشیزم وکارییگەرییەکەی لەسەر سیاسەت لەم وڵاتەدا لەئاکامی کۆمەڵێک هۆکار بووە، کەلەگەڵ هەلومەرجی درووستبوونی فاشیزمی ئەوروپیدا شیاوی بەراوردکردنە. و گەورەترین هۆکاریش ئەمەبوو کە دوای روخان و لەناوچوونی ئیمپراتۆریای عوسمانی، و دامەزراندنی کۆمار، بۆ گەلێکان بەواتای بچووکبوونەوەی خاکی تورکەکان و سنوورداربوونی هەژموونگەراییەکەی و لەدەستچونی شکۆمەندیەکەی و بەگشتی بەواتای شکەستێکی گەورە بوو کە کاریگەریی دەروونی لەسەر ناسیۆنالیستەکان دانا. بەتایبەتیش کەرێکەوت بوو لەگەڵ سەردەم و قۆناێک کەبرەوی ناسیۆنالیزم لەئارادا بوو. دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەش هەربۆخۆی لەسەردەستی ناسیۆنالیستە تورکەکان بوو.

هەمیشە حەسرەتی لەناوچوونی ئیمپراتۆریا ئەو هەستەی درووستکرد کە تورکەکان شایستەی زۆرترن لەوەی هەیانە، و ئەو هەستی خۆ بەشایستە زانینە، بەرەبەرە وەرگەڕایە سەر، خۆ بەراوردکردن لەگەڵ غەیرە خودی و، ئەو ئاکامە فکریە بەدیهات کەلەبەراوردی نێوان تورک و غەیرە تورکدا، تورک باشتر، وباڵاترو شایستەترە و ئەمەش کرۆکی بیروباوەڕی فاشستییە. هیتلەر لە (نەبەردی من) دا دەڵێت: (ئەرکی بەهێزتر ئەمەیە کە فەرمانڕەوا بێت وخۆی بەلاوازترەوە هەڵنەواسێت ولەو ڕێگایەوە گەورەیی و مەزنایەتی خۆی نەکاتە قوربانیی، و شتێکی وەها تەنیا لاوازەکان نیگەران دەکات و بەزاڵمانەی لەقەڵەم دەدەن، بەڵام لەهەموو حاڵێکدا ئەگەر وەها یاسایەک نەبووایە تەکامول بەرەو قۆناغەکانی باڵاتر رووی نەدەدا، و لاوازەکان لەم حاڵەشدا دیسان هەر مەحکوم بەلەناوچوون دەبوون). سەرەڕای ئەمە لەبەر ئەوەی ئیمپراتۆریای عوسمانی نوێنەرایەتی خەلافەتی ئیسلامی دەکرد، لەناوچونەکەی نەک تەنیا لەسەر ئاستی رەهەندە ناسیۆنالیستیەکەی، بەڵکو رەهەندە مەزهەبیەکەشی هەر شکەستی بەدیهێنا.

ئەمەش نەک تەنیا لەچوارچێوەی سنووری دەوڵەتە نوێیەکەی تورکیادا، بەڵکو بۆ بەشێکی زۆر لە موسوڵمانانی جیهان، و یەکێکیش لەکاردانەوەکانی ئەم شکەستەو هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەی شکەست درووستبوونی بزووتنەوەی ئیخوان ئەلموسلمین بوو. دیسان هۆکارێکی گرنگی تریش ئەمەبوو کە درووستبوونی کۆماری تورکیا، لەقۆناغی نێوان دوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا بوو. ئەمەش قۆناغی سەهەڵدان و گەشەسەندنی فاشیزم بوو لەئەوروپا، و کاتێکیش جەنگی دووەمی جیهانی بەرپابوو، تورکیا مەیلی پتر بەلای ئەلمانیا و ئیتالیادابوو. و رەوتە فاشیستیەکەی لەگەڵ ئەواندا یەکیدەگرتەوە. بەڵام لەترسی ئەوەی نەکەوێتە بەر پەلاماری هاوپەیمانان، وبەتایبەتیش کە سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ یەکیەتی سۆڤیەتدا هەبوو، ئەو مەیلەی خۆی زێدە ئاشکرا نەدەکرد و ماوەیەک بەڕاڕایی مایەوە، تائەوەی گڵۆڵەی فاشیزم کەوتە لێژی و سەرکەوتنی هاوپەیمانان مسۆگەر بوو، ئەمجار بەشەرمێکەوە هەڵوێستی خۆی کەگوایە لەگەڵ هاوپەیماناندایە ئاشکرا کرد.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، دەبێ دان بەم راستییەدا بنێین کە هەرچەند فاشیزم لەتورکیادا بەردەوام بە ئاستی جۆربەجۆر بوون و کاریگەریی هەبووە، بەڵام هیچکات هێندە گشتگیر نەبووە کە بەسیستەمبوونی خۆی بسەلمێنێت. ئەمەش لەبەر دوو هۆکاری سەرەکیی:

١- تورکیا هەر لەسەرەتای درووستبوونیەوە، بەدەستپێشخەری کەمال ئەتاتورکی رێبەرو دامەزرێنەرەکەی، رووی لە خۆرئاواکرد و خۆرئاواییبوون بووبە دروشمێکی هەرە سەرەکیی و ستراتیژیک کە هەتا ئێستاش، بەردەوامە و ناکۆکی و پارادۆکسێکی سەیری لەنێوان درووشمی زیندووکردنەوەی نەریتی عوسمانی و خۆرئاواییبوون هێناوەتەکایەوە. هەرچۆنێک بێت، کۆماری تورکیا، بۆئەوەی بتوانێت بەرگی خۆرئاواییبوون لەبەر بکات دەبووایە نەریتە دیموکراسیەکەشی قبوڵ بکات. هەرچەندە تورکیا هیچکات، هێندە دیموکرات نەبووە کە بتوانێت شان لەشانی نموونە ئەوروپاییەکان بدات، بەڵام بەشی ئەوەندە هەبووە کەلەلایەن ئەوروپیەکانەوە بەچاوی هیواوە بۆی بڕواندرێت. لەبەر ئەوەش کە فاشیزم لەگەڵ نەریتەکانی ئەوروپای دوای جەنگی جیهانی یەکناگرێتەوە، دەبووایە تورکیاش بوون و پەرەسەندنی فاشیزم بەشاراوەیی یان لەبەرگی جۆراوجۆری چەپ و راستدا بهێڵتەوە.

٢- دابەشبوونی سیاسی تورکیا، بەسەر پارت و گروپ و بەرژەوەندیی جۆربەجۆر هەلومەرجێکی وەهای هێناوەتە کایەوە، کە ئەم وڵاتە سەقامگیریی سیاسی بەخۆیەوە نەبینێت، و دەسەڵاتی دەوڵەت زوو زوو دەستاودەست بکات و هیچ لایەنێک هێندە لەسەر دەسەڵات نەمێنێتەوە کە فریای چەسپاندنی بەرنامە سیاسییەکەی خۆی بکەوێت و تەنانەت ڕوودانی سێ کودەتای سەربازی و چەندانی تری سەرنەکەوتووش هەرچەندە کوشتارو ستەم و چەوسانەوە و بەگشتیی دیکتاتۆریی لەسەر ئاستی هەرە فراوان پەیڕەوکراوە، بەڵام نەیانتوانیوە بەئاستی بەسیستەمکردنی فاشیزمی بگەیەنن.
بەڵام بەهاتنە سەرکاری پارتی دادوگەشەپێدان (ئاکەپە) و رێبەرەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، قۆناغێکی نوێی سیاسیی لەتورکیا هاتە کایەوە. سەرەتا خۆرئاوا باوەشی بۆ ئەم قۆناغە گرتەوە و وەها شرۆڤەکرا، کە هاتنەسەرکاری پارتێکی ئیسلامی میانەڕە و بۆسەردەسەڵات لەوڵاتێکی گەورە و کارییگەری وەک تورکیا، ئاکامی باشی لێدەکەوێتەوە، چونکە دەتوانێ ببێتە نموونەیەکی باش بۆ وڵاتانی تری ئیسلامی لەئایندەدا، و کەمکردنەوە توندڕەوی ئیسلامی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەتایبەتیش کە لەسەرەتادا ئەردۆغان زۆر جەختی لەسەر پەیڕەوکردنی سکولاریزم دەکردەوە و لەدوای سەرکەوتنی ئیخوانەکان لەمیسر یەکەمین ئامۆژگاری ئەردۆغان بۆ محەمەد مرسی سەرۆکی ئەوکاتی ئەو وڵاتە، کەدەبێ سکولاریزم پەیڕەوبکرێت، بۆ پشتیوانی ئەم رژێم و سیستەمە نوێیەش خۆرئاوا، بەتایبەتی ئەمەریکای خولی یەکەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما، مەراییەکی زۆر بۆ ئەردۆغان و رژێمەکەی لەزۆر بوارو بۆنەداو بەتایبەتیش لە دژایەتیکردنی کورد و بزووتنەوە ئازایخوازییەکەیدا کرا.

بەڵام بەرەبەرە دەرکەوت کە ئەردۆغان سکولار نییە و لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (العربیة) دەڵێت: (سکولاریزم لای ئێمە بەواتای رێزگرتن لەئایینەکانی تر)، جا ئەگەر سکولاریزم ئەمەبێت، بزووتنەوەی تالیبانیش سکولارە. ئەوەش کەزۆرتر تورکیاو ئەردۆغانی بە واقیعی خۆی ئاشکرا کرد، راپەڕینەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی و بەتایبەتیش شەڕی ناوخۆی سوریاو لەویش تایبەتی تر پەلاماری داعش بە هاوکاریی تورکیا بۆسەر کۆبانێ، پاشان داگیرکردنی عەفرین و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و دواترینیشیان ئەم هێرشەی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و خۆرهەڵاتی سوریا و داگیرکردنی بەشێک لە خاکەکەی، کە هێشتاش بەردەوامە.

ئەمانە و چەندانی تر… بوونەهۆی ئەوەی هەر رۆژە خەسڵەتێکی نوێی راستەقینەی خۆی لە نەژادپەرستیی، فراوانخوازای و عەسکەرتاریی، خنکاندنی دیموکراسی هەر دەنگێکی بەرهەڵستکار… پەیڕەوبکات و نیشانبدات، تا ئەوەی گەیشتۆتە ئاستێک تەنانەت نووسینی کۆمێنتێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دژی ئەردۆغان بەدواداچوونی یاسایی بەدواوەدەبێت. و ئیتر ئەمجارەیان فاشیزم لەبەرگی ئاکەپەدا بە گوڕوتین و بەشێوازێکی سیستەماتیکیانەتر هاتە گۆڕەپانی سیاسەت و فەرمانڕەوایی. و ئیتر بوارێک نەمایەوە لەپێناسەکردنی ئەم سیستەمەدا کە ببێتە هۆی نواندنی دوودڵی لەوەی ئایا ئەمە سیستەمێکی فاشستییە یان نا. بە چاوپێخشاندنێکی سادەو خێرای ئەم چەندساڵەی دواییەدا دەدردەکەوێت کە ئاکەپەو سەرۆکەکەی هەڵگری تەواوی خەسڵەت و بنەمافاشیستیەکانن کەدەکرێ بۆ ئاسانکاریی لەچەند خاڵدا هەندێکیان خڕ بکەینەوە:
١- رێبەری لێهاتوو: هەروەک پێشتر لەنموونەکانی فاشیزمی ئەلمانی و ئیتالیدا ئاماژەمان پێکرد، رێبەر ئەو پێگەیەیە کە ئەلتەرناتیڤی هەموو دامودەزگاکان و یاسایە. ئەردۆغان. تەنانەت بەرلەوەی ریفراندۆم بۆ ئەرێکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی بەڕێوە بچێت، ئەو سەرۆکە بوو کە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی خستبووە ژێر دەستی خۆی و تەواوی دامودەزگاکانی وەک پەرلەمان، سەرۆکایەتی وەزارەتەکان، دەزگای دادوەریی، سوپا، موخابەرات، هەموو لەهەموو بچووکبوونەوە و بەیەک پەتەوە گرێدرران و سەری ئەوپەتەش ئەردۆغان خستییە دەستی خۆی. کاتی خۆشی گەورە فاشستی تورک، ئەلپ ئەرسەلان تورکەش، کە دامەزرێنەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) یە لە بەرنامە فاشستیەکەیدا کە بە (٩تیشک) ناسراوە، گوتبووی: نەتەوەی تورک لەهەموو سەردەمەکاندا کەخاوەن ئیمپراتۆریای مەزن بووە، سیستەمێکی پەیڕەوکردووە کەخاوەن خەسڵەتەکانی هێز و عەدالەت و خێرایی راپەڕاندن و پراکتیکبوون بووە. و هێنانەکایەی وەها سیستەمێک تەنیا کاتێک دەبێت کە تەواوی دەسەڵاتەکانی راپەڕاندن بکەوێتە دەستی یەک مەرجەعەوە، لەبەرئەمە ئێمە پشتگیریی لەدامەزراندنی سیستەمی سەرۆکایەتی دەکەین چونکە باشتر لەگەڵ دیرۆک و نەریتەکانماندا دەگونجێت)٧. لەبەرئەمە نابێ پێمان سەیر بێت کە بۆچی مەهەپە پشتیوانی ئەردۆغان دەکات و لەریفراندۆمدا بەبەڵێ بەشداری کرد. بەڵام دەبێ ئەمەش بڵێین کە سیستەمی سەرۆکایەتی لەزۆر وڵاتی تری دیموکراسی پەیڕەودەکرێت، و لەبەرئەمە بەتەنیا نابێتە خەسڵەتێکی فاشیستی و تەنیا کاتێک ئەم خەسڵەتە بەخۆیەوە دەگرێت کەلەگەڵ خاڵەکانی تردا یەکبگرێتەوە.

جگە لەمانە رێبەریی فاشستی کۆمەڵە خەسڵەتێکی هەیە کە پێشتر هیتلەر ئاماژەیان پێدەکات و گشت ئەم خەسڵەتانەش لەئەردۆغاندا بەدیدەکرێن. تەنانەت هیتلەر درۆکردنیش بە ڕەوا دەزنێ بۆ ڕیبەرێک کاتێک ئەمە پێویست بێت. ودەڵێت: (تایبەتمەندیی و بلیمەتی رێبەرێک ئەمەیە کە بتوانێت هەموو دوژمنە جۆراوجۆرەکانی خۆی لەتەک یەکەوە دابنێت و وای نیشان بدات کە هەموویان پەیوەندییان بەیەک شتەوە هەیە تا مرۆڤە لاوازو ڕاڕاکان، کاتێک هەست بەهەبوونی دوژمنان لێرولەوێ دەکەن لەحەقانیەتی خۆیان دوودڵی نەکەن). ئەمەش هەمان کارە کە ئەردۆغان دەقاودەق پەیڕەوی دەکات، ودەڵێت جیاوازی نێوان پەکەکە و داعش نییە.

هەروا ریبەری فاشیستی بەوجۆرەی هیتلەر ئاماژەی پێدەکات، پێویست نییە شارەزاو زانا بێت و ئەوەندە بەسە بتوانێت لە شێوازی وتارداندا کارییگەری خۆی لەسەر خەڵك دابنێت و دەڵێت: (رێبەر دەبێ گوتاربێژێکی بەرجەستەو و راگەیەنەرێکی مەزن بێت. و لەحاڵێکدا زانست و دەرکی تیۆری گرنگی پلەدوویان هەیە، رێبەر دەبێ ئارەزووکانی خەڵک بێدارکاتەوە. و لەهەمان کاتدا خامۆشیشیان کاتەوە). دەبینین ئەردۆغان کەبەڕاستی پێناسەی هێتلەری بەسەردا تەتبیق دەبێت، کە ریبەرێکی زۆرەبڵێ، لەهەمان کاتدا، ناشی، نەزان و تەنانەت گەوجیشە. بەڵام بۆلایەنگرانی خۆی کەبەزمانی ئەوان دەپەیڤێت و لەژێی ناسکی خەیاڵیان دەدات، هێندەی نەماوە ببێتە پەیامبەر.

٢- نەژادپەرستی: سیستەم لە تورکیا بەگشتی نەژاد پەرستانەیە. و لەمڕووەوە بەقۆناغی جۆبەجۆر لەهەڵکشان و داکشاندا تێپەڕیوە. و پێوەری ئەم نەژادپەرستییەش مامەڵەکردن بووە لەگەڵ کێشەی کورد. سەردەمەکانی حوکمی کەسایەتییەکانی وەک: کەنعان ئێڤرین، سلێمان دیمیرێل، تانسۆچیلەر… لەهەڵکشان و قۆناغی تریش وەک سەردەمی دەسەڵاتدارێتی کەسایەتییەکانی وەک: تورگوت ئوزال، و بڵند ئەجەوید.. لەداکشاندا بووە. بەڵام لەسەردەمی هاتنەسەرکاری ئاکەپە، و لەمڕۆژگارەدا بەلوتکەی هەرەبەرزی خۆی گەیشتووە، و ئەمەش نەک تەنیا لەسەر ئاستی سیاسیی، بەڵکو کۆمەڵایەتی، ئابووریی، فەرهەنگی، دەروونناسیی.
و ئەمڕۆ ئەوەی لەتورکیا دژی کورد پەیڕەودەکرێت، لەگەڵ رەفتاروگوفتارەکانی هیتلەر دژی جولەکە شیاوی بەراوردکردنە. و ئەگەر هیتلەر جوولەکەی بە پیس، دواکەوتوو، نزم… ناودەبرد. ئەمڕۆ ئەردۆغان، تەواوی ئەم چەمک و دەستەواژە فاشستانەیە دژی کورد بەکاردەهێنێتەوە. دەمێک دەڵێت: لەبەرئەوەی زمانی کوردی تەنیا لە٣٠٠ وشە پێکهاتووە، بە زمان دانانرێت. دەمێکی دیکەش دەڵێت کورد توانای بەڕێوەبردنی دەسەڵاتیان نییە… سەرەڕای ئەمە سیاسەتێکی سیستەماتیکیانە بۆ تێکوپێکدانی ژینگە، کەلەپور، و هەرئاسەوارێکی دیرۆکیی کوردی و سڕینەوەی هەر ئاماژەیەک بە کورد و دیرۆکەکەی لەبەرنامەکانی خوێندن و پەرتوک و راگەیاندندا، پەیڕەو دەکات. و کەم رۆژ دەگوزەرێ کە بەشێوازێکی نەرێنی وخراپ ناوی کورد نەهێنێت. و تەنانەت ئەو هەموو مەرایی و ملکەچکردنەی پارتی و بارزانی بەس نەبوون بۆ رەتکردنەوەی هەر شێوازێکی دەسەڵاتدارێتی کورد بەباشووری کوردستانیشەوە.

٣- توتالیتاریزم: توتالیتاریزم سیستەمێکی گشتگەرای دەسەڵاتدارێتیی سیاسییە، کە بەسوودوەرگرتن لە ئایدیۆلۆژیایەکی دەستکارییکراو، و تێرۆر وتوندوتیژیی، تەواوی دەسەڵات لەرێگای بەسیاسییکردنی گشت جومگە کۆمەڵایەتیی و تاکە کەسییەکان بەدەستدەخات. ئەمەش بەواتای لەناوبردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، و ژیانی تایبەتی خەڵکە. سی،جی، فرێدریش. و برژینسکی، تۆتالیتاتیزم لە شەش تایبەتمەندیدا پێناسە دەکەن:

١- هەبوونی ئایدیۆلۆژیایەکی فەرمی.
٢- حکومەتی تاک حزبیی، کە یەک ریبەر هەموو دەسەڵاتەکان لەدەست خۆی دەگرێت.
٣- سیستەمێکی جاسوسیی تێرۆریستیی،
٤- کۆنترؤڵکردنی دامودەزگاکانی راگەیاندن.
٥- پەرەسەندنی توندوتیژیی.
٦- کۆنترۆڵکردنی گشت لایەنە ئابوورییەکان، لەلایەن دەوڵەتەوە.
٧- لەپەیوەندیی نێوان ئەم شەش خاڵە بەتورکیاوە دەبینین جگە لەخاڵی شەشەم، کە هێشتا گشت لایەنە ئابوورییەکان لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنتڕۆڵنەکراون، ئەوانی تر ئەوە دەسەلمێنن کە لە تورکیا حکومەتێکی تۆتالیتاری رەها لەسەر کارە، و هەروا بەردەوامیشە لەسەر هەرچی تۆکمەترکردنی توتالیتاریزم.

٤- سیاسەتی عەسکەرتارێتی وفراوانخوازیی: عەسکەرتارێتیی، یاخود میلیتاریزم، ئایدیۆلۆژیایەکە لەوێدا بیروباوەڕو بایەخە سەربازییەکان بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنرێن و لەمجۆرە رژێمانەدا هەمیشە ستایشی سوپاو هێزی چەکدارو پێداهەڵگوتنی جەنگ.. بەوپێیەوی مێتۆدو ئامرازی سیاسییە، رەواجی پێدەدرێت.

تورکیای ئاکەپەیی، سەرەڕای جەنگی ناوخۆیی دژی بزووتنەوەی ئازادییخوازی کورد، دەستی لەهەڵگیرساندن و بەردەوامبوونی چەندان جەنگی هەرێمیشدا هەیە، و بەپێی ئایدیۆلۆژیای میلیتاریزم هەموو ئەم جەنگە ناڕەوایانە بە رەوا لەقەڵەم دەدات. و ئەردۆغان، بەپشتیوانی کردنی تیرۆریزم، و بەشدارییکردنێکی کاریگەرانە لە تێکوپێکدانی وڵاتانی وەک سوریا، لیبیا، عیراق، میسر… دەستی هەڵنەگرت و کاتێک زانی ئەمانە بەرنامە فراوانخوازیی و داگیرکارییەکەی جێبەجێ ناکەن، کەوتە دەستدرێژی راستەوخۆی سەربازیی و هەرجارەی بەبەهانەیەک، هێزی شەڕکەری رەوانەی سوریا، و عیراق، قەتەر.. کردو دیارە پێشتریش هێزی سەربازی داگیرکەری لەقوبرس، و چەندان وڵاتی تریشی لەژێر چەتری ناتۆدا هەبووە. و خۆئەگەر خۆڕاگری و بەرخۆدانی قارەمانانی کورد، بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان نەبووایە، و هەلومەرجە جیهانییەکەش رێگای بدایە، هیتلەر چی بەسەر ئەوروپادا هێنا، ئەردۆغان خراپتری بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنا. تاکە جیاوازیی نێوان هیتلەرو ئەردۆغان سەبارەت ئەم خاڵە، تەنیا توانین و نەتوانینە. و ئەوەی لەتوانای هیتلەردا بوو لەتوانای ئەردۆغاندا نییە.

٥- خەون وخەیاڵ: سیستەمی حوکمڕانی لە تورکیا بە هەردوو باڵی سکولار و مەزهەبییەوە هەمیشە و بۆیەک لەحزەش لەخەونی زیندووکردنەوەی رابردووی شکۆمەند هۆشیارنەبۆتەوە، و جیاوازی ئەم دووباڵەش لەگەڵ یەکتر ئەمەبووە، کە سکولارە کەمالیستەکان، ئۆباڵی داڕمانی ئیمپراتۆریای عوسمانی دەخەنە ئەستۆی جیهانی عەرەب وئیسلام، و پێیانوایە تورکیا بەمەبەستی پێشکەوتن و سەرکەوتنی چیای شکۆمەندیی دەبێ لەجیهانی دواکەوتووی عەرەب و ئیسلام دوورکەوێتەوە، و ببێتە بەشێکی چالاک لەخۆرئاوا.

بەڵام هەم ئاکەپە، وهەمیش مەهەپە لەو باوەڕەدان کەدەبێ تورکیا بگەڕێتەوە سەر نەریتە کۆنەکانی خۆی و هێزوتواناو شکۆمەندییەکەی نەک لەخۆرئاوا، بەڵکو لەناو جیهانی عەرەب و ئیسلامدا بەدیی بهێنێتەوە. لەمەوە هەمیشە خاکە لەدەستچوەکەی ئیمپراتۆریای عوسمانی بەخاکی خۆیان دەزانن و بەزمانی پێچاوپێچ و ئاڵۆز خەونەکانی خۆیان تەعبیردەکەن، و هێندە لەمێژنییە کە ئەردۆغان، گوتبووی: حەڵەب وموسڵ وکریما هەمیشە لەعاتیفەی ئێمەدان. و هەرئەمەبوو لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی ناسراو بەبەهاری عەرەبی، تورکیا هەموو هێزوتوانا جۆربەجۆرەکانی خۆی خستەگەڕ تا خەونەکانی لەودا بهێنێتە دی. بەڵام کارێکیان کرد کەتەواوی ئەم راپەڕینانە لەباربران و بەشی هەرەزۆری ئۆباڵی ئەو هەموو خوێن و وێرانییەی وڵاتانی وەک لیبیا، سوریا، میسر، یەمەن… دەکەوێتە ئەستۆی تورکیاو هاوپەیمانەکانی و بەتایبەتیش وڵاتی قەتەر.

بەگشتیی خەون و خەیاڵ و ئەفسانەپەروەریی، بەشێکە لە خەسڵەتەکانی فاشستیی. و رێبەرە فاشیستەکان هەمیشە پێیانوایە، خواوەند، یان دەستێکی شاراوە، لەپشتیانەوەیە، و لەگەڵ هەر شکەستێکیشدا ئەوان دڵی خۆیان بەوە دەدەنەوە کەلە ئاکامدا موعجیزەیەک روودەدات و تێشکانەکان دەبنە سەرکەوتن. دەبینین داعش و نوسرە و ئەلقاعیدەش بەهەمان مۆتیڤ، کە خواوەند لەپشتیانە شەڕدەکەن. ئەردۆغانیش لەشێوازی ئەوان هەمیشە ئەو پشتیوانەیە بۆ رەفتارەکانی خۆی دەهێنێتەوە کە لەسەر بنەمای شەریعەتن. ئەمەش هەمان قسەکەی هیتلەرمان بیردەخاتەوە کەدەیگوت: (ئەگەر من رۆژێک لەدژی جوولەکە راپەڕم، راپەڕینی من جیهادێکی گەورەیە کە خواوەند فەرمانی بە من داوە).
٦- خەڵەتاندن: تورکیای ئاکەپەیی و کەسایەتی ئەردۆغان، لەسەرەتای دەسەڵاتدارێتیەکەیاندا، لەشێوازی تەواوی بزووتنەوە فاشیستیەکانی جیهان، سیاسەتێکی خەڵەتێنەری وەهایان پەیڕەوکرد، کەزۆر لەحکومەت و لایەن و کەسایەتییەکان لەسەرتاسەری ناوچە و جیهان فریویان خوارد. لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا هەرچی خواست و ئارەزووی خەڵک بوو ، لەسەر هەموو ئاستەکان ئەوان بەڵێنی جێبەجێکردنیان دا. و تەنانەت تا ئەو جێگایە رۆیشتن کە لەرێگای چەند هەنگاوێکی رووکەشیانەوە گوایا چارەسەریی کێشەی کورد دەکەن.

و لەمڕووەوە سیاسەتێکی دیماگۆگیانەی وەهایان پەیڕەوکرد، کە جگە لەرێبەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی، هەموو لایەنە کوردییەکان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەردۆغان پیاوی ئاشتیی و چارەسەرییە. و لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامیشدا خواستی رۆڵی ریش سپیەتیی و براگەورەیی بگێڕێت و بەر لە روودانی راپەڕینەکانی ناسراو بەبەهاری عەرەبی، هەوڵی میانجیگەریی نێوان سوریا و ئیسرائیل، دوو بزووتنەوەی فەلەستینی فەتح و حەماس، ئیران و عەرەبستانی سعودی، ئەرمەنستان و ئازربایجان… و دوای بەهاری عەرەبیش لەو هەوڵەی خۆیدا هەربەردەوام بوو، بەڵام زۆر زوو بۆ هەمووان دەرکەوت، ئەو رۆڵەی تورکیا دەیگێڕێت میانجیگەریی نییە، بەڵکو خۆسەپاندنێکە لەبەرگی براگەورەیەکدا کە هەرچی خواستی دەبێ برا بچووکەکان بەقسەی بکەن.

و لەبری بێلایەنیش لەگشت ئەو هەوڵانەیدا لایەنگری تێرۆریستان و شەڕخوازان بووە. هەرلەبەرئەمە ئەردۆغان ئیتر نەک هەر براگەورە بەڵکو بەبرابچوک و زڕبراش جگە لە قەتەر لای هیچکەس قبوڵ نەکرا. ئیتر ئەمجار کە گشت پرۆژەکانی ئەردۆغان شکەستیان خوارد رووی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست و لەڕێگای پشتگیریکردنێکی راسەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆی بزووتنەوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش، و نوسرە، و ئیخوان المسلمین خوێنڕێژیی و وێرانکارییەکی وەهای دەستپێکرد کە بێوێنە بووە.
بەڵام دەبینین تورکیا چ کارێکی بەسەر خۆی هێناوە! ئەمڕۆ لەخۆرئاوا لەهەر ناوهێنانێکدا وەک دیکتاتۆر ئاماژە بەئەردۆغان و رژێمەکەی دەکرێت. ئەمەش کە جارێ باس لە فاشیستبوونەکەی ناکرێت، تەنیا ڕاگرتنی ئەو هیوا لاوازەیە کە بەڵکو نەهێڵن تورکیا لەمە زۆرتر ڕۆبچێت.

تورکیا بۆتە ئەو وڵاتە گۆشەگیرە کە لەسەر ئاستی فەرمی جگە لە وڵاتانی وەک قەتەر، سۆماڵ. و بەشە ئیخوانییەکەی لیبیا، هیچ دۆست و هاوپەیمانێکی نییە و ئەو دۆستایەتییە ڕوکەشیانەش کەلەگەڵ ئەم یان ئەو وڵات هەیەتی کاتیی و تاکتیکیی و لەرووی ناچاریەوەیە. لەسەر ئاستی نافەرمیش دۆست و هاوکاری گروپە تێرۆریستەکان و پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەمەشیاندا هێندە سەرکەوتوو نییەو تەنانەت بزووتنەوەکانی ئیخوان ئەلموسلمینیش هەموو قبوڵیان نییە. بەڵام گشت ئەم قسانە بەم واتایە نییە کە پەتی پەیوەندییەکانی تورکیا بە جیهانی دەرەوەی خۆی هێندە باریکە کە خەریکە دەپسێت.
تورکیا وڵاتێکی گەورەیە و خاوەن پێگەیەکی سیاسیی ستراتیژیکە. خۆرئاوا و تەواوی وڵاتانی تریش لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا توانای سەبر و تەحەمولکردنێکی زۆریان هەیە. بەڵام ئەم سەبرە چەندە زۆریش بێت، سنوورێکی هەرهەیە. و پرسیار لێرەدا ئەمەیە کە ئایا ئەردۆغان، تاسەر ئەو بوارەی لەبەردەمدا دەبێت کەوەک هەر فاشیستێک چارەنووسی خۆی و وڵاتەکەی بەرەو هەڵدێرانێکی حەتمی بەرێت؟ یانیش عاقڵمەند و هێزە دیموکراتخوازەکان و گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەتوانایاندا دەبێت جڵەوی سەرکێشیەکانی توندکەنەوە و پێش بە سەرەڕۆییەکانی خۆی و بزووتنەوە فاشیستییەکەی بگرن؟

—————————————————————————–

پەراوێزەکان
1- S.Freud, Group Psychology and the Analysis of the Ego. (New York, 1960)
٢- عزت اللە فولادوند. خرد در سیاست. انتشارات طرح نو-١٣٧٧ ص٢٣٣
٣- بۆزۆرتر ئاشنابوون وبەدەستخستنی وەرگێڕدراوی تەواوی ئەم وتارەی مۆسۆلینی، بڕوانە: عزت اللە فولاتوند، سەرچاوەی پشوو، ل٢٣٣-٢٣٨
٤- ئینگلبێرت دلفۆس، ساڵی ١٩٣٢ بووە سەرۆک وەزیرانی نەمسا و دەسەڵاتێکی فاشستی بەشێوازی خۆی پیادەکرد و هەرلەو ساڵەشدا بەدەستی نازیستەکانی سەر بە ئەڵمانیا تێرۆرکرا.
٥- تاریخ اندیشەهای سیاسی در قرن بیستم، حسین بشیریە، نشر نی ١٣٧٦، ص١٢٤
٦- سون اریک لیدمن. مترجم: سعید مقدم. تاریخ عقاید سیاسی. از افلاطون تا هابرماس نشر دانش-١٣٧٩ ص٢٨١
٧- فاطمة ازگان، الحرکة القومیة الترکیة.. التقاطع بین التعدیلات الدستوریة، و ادبیات الحزب- لە (ترک برس)ەوە.
٨- اندرو هیوود، مفاهیم کلیدی در علم سیاسەت. مترجمان:حسن سعید کلاهی و عباس کاردان. شرکت انتشارات علمی و فرهنگی ١٣٩١ ص١٩٦

Previous
Next