سه‌رزه‌مینی گوناهه‌كان … ئەحمەد حاجی سامی
شوێنێكی دووره ده‌سته. وه‌ك ددانێكی كلۆر، كه زیان به پووكه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، فه‌رامۆشكراوه. شوێنه‌كه ئه‌وه‌نده گه‌رمه، ئه‌و كاروانچییانه‌ی كه به‌وێ تێده‌په‌ڕن، ناویانناوه: دۆزه‌خی سه‌رزه‌مین. هیچ ڕووبارێكی تێدا نییه. باڵنده‌كان هه‌میشه له سه‌فه‌ردان. دۆڵه‌كان بوونه‌ته په‌ناگه‌یه‌ك بۆ په‌زمه‌نده‌كردنی لاشه‌ی به‌جێماوه‌ی دره‌خته ڕزیوه‌كان. گرد و چیاكانیش؛ بوونه‌ته په‌رژینێك، بۆ داپۆشینی هه‌موو ئه‌و ڕقه‌ی، له ناخی دانیشتوانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی ئه‌وێ ده‌ڕژێن و ناوه ناوه به ڕێبواره‌كان ده‌ته‌قنه‌وه. لێره كه‌س جاڕی شه‌ڕ و ئاشتی نادات، ڕق و كینه نه‌بێت. ئێره ته‌نها زامه، كه ڕۆژێك دێت، شنه‌بایه‌كی بوێر، بۆ هه‌رێز و گیاكان و گوڵه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه. لیًبوورده‌ییش ته‌نها وشه‌یه‌كی نه‌فه‌سبڕه و هیچی دیكه. ئێره مه‌مله‌كه‌تێكه له‌لایه‌ن ده‌شته‌كییه‌كان، بۆ كۆچكردن و دۆزینه‌وه‌ی ژیانێكی باشتر فرۆشراوه. چه‌ند ساتێكی خه‌مناكه، كه فریشته زیندانیكراوه‌كان، چیدی توانای ئه‌وه‌یان نییه، ببنه پێژنگ و به‌ری ئه‌و تیربارانه نه‌فره‌تییه بگرن. ئه‌و هه‌موو یاسا قۆڕه، ئه‌و هه‌موو حیكایه‌ته تاڵه، وه‌ك میوه‌یه‌كی پیس، له بازاڕی خۆنمایشكردندا، توره‌گه‌یه‌كیان له شان كردوه و ژه‌هر كۆده‌كه‌نه‌وه. نائومێدی، وه‌ك شاڵاوی بۆقه‌كان، كه ده‌چنه گۆمه‌كانه‌وه و قه‌وزه‌كان هه‌راسان ده‌كه‌ن، وه‌ها هێرشمان بۆ دێنێ. ئێمه‌ش هێنده بێزاربووینه، كه ناتوانین چیدی به‌رگه بگرین. ئێره شوێنی هه‌موو شتێكه، ژیان نه‌بێت، كه خاڵییه له خۆشه‌ویستی… پێنج هه‌نگاو ده‌نێم بۆ ده‌ربازبوون له‌و شوێنه چۆڵكراوه‌ی؛ كه هه‌موو خه‌ونه‌كانی ئێمه‌ی هه‌ڕاجكرد. ده‌ی ئێوه‌ش كه به قسه‌ی ئاده‌مه یه‌كچاوه‌كان نه‌زۆكن، وه‌رن با ئومێدێك بۆ قه‌ده‌ری ڕه‌شمان هه‌ڵبكه‌ین. له‌و شوێنه تاریكه، مۆمێك بۆ ڕۆشنكردنه‌وه‌ی ئاسمانی ڕه‌شمان دابگیرسێنین. هیوایه‌ك بۆ ئه‌و زه‌مه‌نه كوژراوه‌ی سه‌ر لاشه‌مان بهێلینه‌وه.
هه‌نگاوی یه‌كه‌م: گومانه‌كانی پیاوێك
سه‌وزاییه‌ك هه‌یه كه‌س ناتوانێت بچێته ناوی، ته‌نانه‌ت كه‌س ناتوانێت به ته‌نیشت گوڵه‌كانیشه‌وه بچێت، قه‌دیان بگرێت و بۆنیان بكات. سه‌رابێك له‌گه‌ڵ قرچه‌ی گه‌رما؛ درۆ له‌گه‌ڵ ئالووده‌بووه‌كانی ده‌كات، هیچ كه‌سێك ده‌به‌یه‌ك ئاوی نییه، تا بچێت به‌سه‌ر ته‌لبه‌ندی دڕكاویی سه‌وزاییه‌كان پازبدات و تینوێتی گوڵ و ره‌یحانه‌كان بشكێنێت. ئه‌وان به ئه‌سته‌م ڕێ ده‌كه‌ن. كه بڵندگۆ كۆنه‌كه هاوار ده‌كات و بانگی نوێژیان بۆ ده‌دات، ئاخێك هه‌ڵده‌كێشن، تفێك ده‌خه ناو ده‌سته لۆچه‌كانیان و به نێوچه‌وانی خۆیان داده‌ده‌ن. ڕێگه‌كه ده‌كوتنه‌وه. دواجار ده‌گه‌نه مزگه‌وت، مه‌لا قه‌مبووره‌كه بانگی به‌ته‌منترینی ناویان ده‌كات. بزه‌یه‌كی بۆ ده‌كات و لێی ده‌پرسێت: ئه‌مشه‌و خودات له خه‌وندا بینی؟ پیره‌پیاوه‌كه، سه‌ر ده‌له‌قێنێت و ده‌ڵێت: من ئه‌مشه‌و نه‌نووستم و هه‌ر دووعام كردوه. نه‌باده بنووم و ئیدی هه‌ڵنه‌ستمه‌وه. ده‌ست به نوێژ ده‌كه‌ن. ته‌واو ده‌بن. هه‌موو سه‌یری یه‌ك ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌س قسه له‌گه‌ڵ كه‌س ناكات، سه‌یری كاتژمێری بانگبێژه‌كه ده‌كه‌ن و ئاخێك هه‌ڵده‌كێشن. نه‌عله‌كان له باغه‌ڵیان ده‌رده‌هێن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
هه‌نگاوی دووه‌م: فیتنه‌ی شه‌وێك
شه‌وێكی هاوینه، هیچ فانۆسێك به‌رگه‌ی ئه‌و تاریكییه ناگرێت و ده‌كوژێنه‌وه. گلۆپه‌كان هه‌ڵده‌كه‌ن، ئه‌وان ده‌ستی ئه‌و تاریكییه ناگرن، له ترسان ده‌ته‌قن و بڕیارده‌ده‌ن چیدی دانه‌گیرسێنه‌وه. له سه‌ربانی خانوێكی قوڕی كۆن – كه وه‌ك هه‌نارێكی پیر، شه‌ق شه‌ق بووه – كیژۆله‌یه‌كی خرپن، به ده‌سته چكۆله‌كانی – كه شه‌و ڕۆژی لێ تێكچوه – جله ته‌ڕه‌كانی برا ونبووه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕسته ژه‌نگگرتووه‌كه‌یان ڕیزده‌كات. به‌و ئومێده‌ی شه‌وێك هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه و جله دڕاوه‌كانی خۆی داده‌كه‌نێت و داوای ده‌ستێ جلی تازه ده‌كات. خانه‌واده‌یه‌كی به‌خته‌وه‌ر، هه‌موو شه‌وێك كۆده‌بنه‌وه. نوكته بۆ دار و باغ و ئاو ده‌گێڕنه‌وه و به پێكه‌نینیان ده‌هێنن. شه‌وێكی گه‌رم، زۆر گه‌رم، باوه‌ش به ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌كه‌ن و له‌تێك ڕووناكی لێ قه‌رز ده‌كه‌ن. خانه‌واده‌یه‌ك بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر بێستانێكی چه‌ن مه‌ترییه. ئه‌وه‌نده نه‌بوونن، هه‌موو شتێك ده‌چێنن، وه‌فا، ڕێز، عیشق، خۆشه‌ویستی، هه‌موو شتێك كه پێوه‌ندی به مرۆڤ و ئاكاره‌كانییه‌وه هه‌بێت. شه‌وێك فێڵ له كوڕێكی گرگن ده‌كات، به دزی باوكییه‌وه؛ تفه‌نگه‌ی ماڵه‌وه‌یان ده‌دزیًت، تا ته‌قه له مانگ بكات. ئه‌وه‌نده حه‌ز ده‌كات ببێته ڕاوچی. به نینۆكبڕێك په‌نجه‌ی خۆی ده‌گه‌زێت و په‌یمانی برایه‌تی له‌گه‌ڵ فیشه‌ك ده‌به‌ستێت. له هیچ ناترسێت، ئاوڕ له پشته‌وه ناداته‌وه و ده‌چێته ناخی دارستانه‌كانه‌وه. له دوای خۆی، باولێك نامه بۆ دایكه شه‌له‌كه‌ی جێده‌هڵێت. نامه‌یه‌ك به‌وه ده‌ستپێده‌كات: ئه‌وانه‌ی ڕۆیشتن و برینێكی قووڵیان له دوای خۆیان جێهێشت، ئه‌گه‌ر بشگه‌ڕێنه‌وه، هیچ جوانییه‌ك له هه‌گبه‌یان نه‌ماوه، جگه له شكانێكی تر و ئازارێكی تر.
هه‌نگاوی سێیه‌م: هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆحێك
له كه‌لێنی داره‌كانه‌وه به‌ردی ده‌گرته ئه‌و جووتیاره‌ی كه كای په‌شیمانی به با ده‌كرد. جووتیاره‌كه ئاره‌قه‌ی ده‌موچاوی ده‌سڕیی و ده‌ستی به‌رزده‌كرده‌وه: خودایه زۆرم نه‌ماوه. له‌سه‌ر پێسته وشككراوه‌كه به گه‌وره‌یی نووسی: مرۆڤ له پێناو بژێوی خۆی، بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌یه. ڕۆحێك هیچ ئیراده‌یه‌كی گۆڕانكاری نییه. ئه‌و هه‌رگیز له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه‌كان خۆی ناگونجێنێت. ئه‌و نه‌خوێنده‌وارێكی ڕه‌شبینه و به هیچ ده‌قێك باوه‌ڕ ناكات. بڕوای به په‌رتووكه ئاسمانییه‌كان نییه و به چه‌ند دێرێكی كه‌م بایه‌خ؛ كه ژیانی قوورستر كرده‌وه ناویان ده‌بات. ئه‌و له‌گه‌ڵ هه‌موو گیانله‌به‌ره‌كانی ده‌ورووبه‌ری ده‌كه‌وێته شه‌ڕ. جه‌سته‌یه‌كی ماندوو، خۆی لێ بێبه‌ری كرد. لاشه‌یه‌كی بریندار، به‌ره‌نگاری بوویه‌وه و شكستی هێنا. ته‌رمێكی بۆگه‌ن، بڕوای پێكرد و دوای كه‌وت. ئه‌و ڕۆحه ڕۆحێكه، درۆ به درۆ ده‌خاته‌وه. ئازادی به خۆی ده‌فرۆشێته‌وه. فیشه‌ك به خۆیه‌وه ده‌نێت، چونكه ده‌مێك، كه گوێی له گۆرانییه‌كانی ڕۆحێكی تر گرتبوو، كه‌وته ناو دنیای خه‌یاڵه‌وه و هه‌موو شتێكی له یاد كرد. كۆتایی به شۆڕشه‌كه‌ی خۆی هێنا و له لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی تازه له‌دایكبوو، ناوی خۆی نووسییه‌وه… زه‌مه‌ن باكی به‌و ڕۆحانه نییه، كه هه‌رگیز به‌رگه‌ی دژواری ڕێگه‌یان نه‌گرت و كوشتن‌یان هه‌ڵبژارد. ئێمه به ڕێگه‌كه داده‌چین و ناكه‌وین، چونكه به‌ر له‌وه‌ی خۆمان به ڕۆحمانه‌وه سه‌رقاڵ بكه‌ین، گوێ له ترپه‌ی دڵمان ده‌گرین و شایه‌دومان ده‌هێنین، كه ئێمه‌ش دیلی ڕۆژگارین، به‌ڵام هه‌رگیز كۆڵناده‌ین.
هه‌نگاوی چواره‌م: قه‌ڵه‌مێكی شكاو
له‌گه‌ڵ ڕه‌شه‌باكاندا ده‌فڕی. سوارچاكێكی پاڵه‌وان و زمانزانێكی لێزانبوو. حه‌زی به ده‌ركه‌وتن له چوارچێوه‌ی شاشه‌یه‌كی ڕه‌نگاوڕه‌نگ ده‌كرد. ده‌یویست ئه‌و چیڕۆكه تراژیدیای خۆی بۆ هه‌مووان بگێرێته‌وه، كه بووه‌ته ئه‌زموونێكی تاڵ له ژیانیدا. ئه‌و ده‌یگوت: پێشبینم هه‌یه بۆ داهاتوو. به‌ڵام فاڵچی نیم! ده‌زانم ئاینده چۆن خۆی ده‌نوێنێت، به‌ڵام جادووگه‌ر نیم! له‌هه‌ر شوێنێكبا، قسه‌ی خۆی ده‌كرد. هه‌میشه ده‌یگوت: بۆ مرۆڤی ڕۆژگاره دێرینه‌كان، خوێندنه‌وه و موناجات، شه‌و و نووسین، گوزارشت بووه له تێرامان و بیركردنه‌وه له هه‌موو دروستكراوێك. به‌ڵام مرۆڤی سه‌رده‌می مۆدێرین، قوربانی ده‌ستی چه‌ند چه‌مكێكی بێناوه‌ڕۆك و هه‌ندێك كات به‌سه‌ربه‌ری كوشنده‌یه. ئه‌ونده گه‌شبین بوو له‌وه‌ی ڕۆژانێك دادێت هه‌موو شته‌كان وه‌ك خۆیان لێدێنه‌وه. ئه‌وه‌ی خراپبووه چاكده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌شی باشه و نه‌گۆڕاوه، باشتر ده‌بێت. چه‌ند كه‌سێكی له ده‌وری خۆی كۆده‌كرده‌وه، وانه‌ی هۆشیاریی و ڕێگه‌كانی سه‌ركه‌وتنی پێده‌گوتنه‌وه. له هیچ شتێك نه‌ده‌ترسا ئه‌وه نه‌بێت، وه‌ك هه‌تیوێكی سه‌ر شه‌قامه‌كان فڕێبدرێت. ده‌ترسا له‌وه‌ی كه‌س گوێی بۆ نه‌گرێت و په‌راوێز بخرێت. ڕۆژگار به‌زه‌یی نییه! نه‌خۆشییه‌ك – كه ماوه‌یه‌كی زۆربوو په‌له‌قاژه‌ی ده‌كرد – خۆی ده‌رخست و هه‌موو شته‌كانی وردوخاش كرد. پێشبینییه‌كان نه‌مان. ئاینده‌ی له بیر كرد. خۆی له ده‌ستدا و بووه مرۆڤێكی مۆدێرنی گیرۆده. باشییه‌كان خراپبوون و خراپییه‌كانیش خراپتر. ئیدی كه‌س گوێی بۆ قسه‌كانی نه‌ده‌گرت. كه‌س كاتی خۆی به فیڕۆ نه‌ده‌دا و له ده‌وری كۆنه‌ده‌بۆوه. هه‌موو شته‌كان پێچه‌وانه‌بوونه‌وه. سپێده‌یه‌ك كه هیچ ئیلهامێكی بۆ نه‌ده‌هات و بێزاریی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیبوو؛ بۆ پارچه كاغه‌زێك ده‌گه‌ڕا و بۆی نه‌دۆزراوه. قه‌له‌مه‌كه‌ی ده‌رهێنا و له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌په‌ی نووسی: هه‌موومان بۆ جارێكیش بێت، له شوێنێكدا شكاوین. هه‌میشه وێلی ئه‌و كه‌سه‌ین كه له‌دوای خۆمان، پارچه‌كانمان هه‌ڵده‌گرێته‌وه. ماده‌ومان با به خاڵی بمرین! من كه هێشتا زۆرم ماوه بیلێم و زۆریشم ماوه بینووسم، جارێ زووه…
هه‌نگاوی پێنجه‌م: قومارچییه‌كی زۆڕه‌و
ده‌یزانی یاریه‌كه له ته‌واوبوونه و خه‌ریكه ده‌دۆڕێنێت، ده‌ستی بۆ باغه‌ڵی برد و پاره‌ی زێتری خسته سه‌ر مێزه‌كه. بانگی مه‌یگێڕه‌كه‌ی كرد و داوای په‌ڕداخێك مه‌ی كرد. كه بۆیی هات، خێرا نۆشی كرد و هه‌ستایه سه‌ر پێ. به‌رله‌وه‌ی تۆز و گه‌ردی نیشتووی دامێنی كراسه‌كه‌ی بته‌كێنێت، تفێكی له پوله‌كانی به‌رده‌می كرد و نه‌ڕاندی: خراپه وه‌ك سۆزانییه‌كی چلێس له به‌رده‌ممان سه‌ما ده‌كات. ئه‌گه‌ر پاسه‌وانێكی بوێر بین، ده‌توانین حیكمه‌ت به خۆمان بده‌ین و چێژ له جه‌سته‌ی تاریكی ئه‌وان وه‌رنه‌گرین. چونكه ته‌نها خۆتی كه چێژ به خۆت ده‌ده‌یت. ته‌نها ڕۆحی بزێوی خۆته؛ كه له بێئاگایی خۆت، ئاسوده‌ییت پێده‌به‌خشێت.
پیاوێك كه له پشتی ده‌رگه‌وه گوێی بۆ ئه‌و وڕێنانه شلكردبوو، هاته ژووره‌وه و لێًی نزیكبۆوه: ته‌نها دۆِراوه‌كانن وه‌ها به ڕاستگۆیانه قسه ده‌كه‌ن. مرۆڤ كه دركی به‌وه كرد، دۆڕاوه و هیچی نه‌ماوه له ده‌ستی بدات، سه‌یری ده‌ورووبه‌ری ده‌كات و ته‌نها ڕاستییه‌كان ده‌بینێت. قسه له‌گه‌ڵ خۆی ده‌كات و خۆی له هه‌ڵه‌كان پاكده‌كاته‌وه. ده‌ست ده‌خاته سه‌ر برینه‌كانی و بڕیار ده‌دات به‌رگه بگرێت. ئه‌و كاته مرۆڤ له باڵاترین پله‌ی خۆیه‌تی. بیركردنه‌وه له‌و كاتانه به‌ره‌وو ڕێگه‌یه‌كی ترمان ده‌بات و ڕێنوێنیمان ده‌كات بۆ دووباره هه‌ستانه‌وه، چونكه دۆڕان به‌شێكه له بردنه‌وه، به‌ڵام به دڵته‌نگی.
په‌رداخه‌كه‌ی ده‌ستی ڕاوه‌شاند، كۆنتڕۆلی خۆی له ده‌ستدا و هاواری كرد: سه‌یركه پیاوی غه‌ریبه، ده‌زانی تۆ زۆر نه‌زانیت! من ئه‌و قسانه‌م بۆ خه‌می له ده‌ستدانی ئه‌و هه‌موو پاره‌یه كرد. ئه‌گه‌ر بمزانیبا ده‌به‌مه‌وه، سه‌ری خۆم كز ده‌كرد و بیرم له ڕۆژی داهاتوو ده‌كرده‌وه، كه چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك بێمه‌وه و پاره‌ی زێتر ببه‌مه‌وه. به‌ڵام ئێمه ئافرێنراوێكی به‌دبه‌ختی ناو ئه‌و یارییه‌ین. سه‌یركه باڵمان نییه و ده‌مانه‌وێ بفڕین. پڕین له شه‌هوه‌ت و ناتوانین هه‌سته‌كانمان بشارینه‌وه. عه‌وداڵی خۆشبه‌ختین و كه‌چی به‌دوای نه‌مری ده‌گه‌ڕێین. ئێمه چین؟ مه‌گه‌ر ته‌نها كۆمه‌ڵێك مرۆڤ بین كه به خۆمانه‌وه بێگانه‌ین و هه‌میشه ته‌نهاین.
پیاوه‌كه له‌سه‌ر ته‌خته دارینه‌كه‌ی ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌كه دانیشت، قاچی خسته سه‌ر یه‌ك و ده‌سته‌كانی له‌سه‌ر ئه‌ژنۆی دانا. چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵمژی و گوتی: نا وانییه. جاری وا هه‌یه مرۆڤ هه‌میشه دووره. هه‌میشه له‌وسه‌ری ڕێگه‌كانه‌وه ده‌بینرێت، به‌ڵام هه‌رگیز نزیك نابێته‌وه. هه‌میشه هه‌ست به بوونی ده‌كه‌یت، به‌ڵام نایبینیت. ئه‌گه‌ر توانیت وه‌ك مانگ، هه‌میشه له دره‌وشانه‌وه به‌رده‌وام بیت، ئه‌وا هه‌رگیز هه‌ست به‌و هه‌موو ته‌نهاییه‌ی خۆت ناكه‌یت. چونكه بۆ مانه‌وه‌ی كه‌سێك له لات، ده‌بێ بۆ هه‌میشه بدره‌وشێیته‌وه و به بیری بهێنیته‌وه؛ كه تۆش هه‌یت و له لای ئه‌و بوونت هه‌یه. زۆربوون ئه‌وانه‌ی هاتن و ڕۆیشتن. هه‌ندێك جوانییان جێهێشت، هه‌ندێكیش ته‌نها ناشرینی.¬¬¬
بۆ ماوه‌یه‌ك بێده‌نگبوو. هه‌ستی كرد هه‌موو ئاماده‌بووانی ئه‌وێ سه‌رنج ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و، وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی، چاویلكه‌كه‌ی خسته سه‌ر لوتی و ده‌ستی به گۆرانی گوتن كرد. به شێوه‌یه‌ك هه‌مووانی خسته پێكه‌نین، كه‌س بیری له‌لای یاریه‌كه و ئه‌و گفتوگۆیه‌ی نێوانیان نه‌ما. بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رده‌وامبوو… كه بینی هه‌مووان مه‌ستن، ئیدی كاتی خۆیه‌تی! وه‌ك پشیله‌یه‌كی بێوه‌فا، خۆی دزیه‌وه و هه‌موو پاره‌كانیشی له‌گه‌ڵ خۆی برد. كێلونی ده‌رگه‌كه‌ی كرده‌وه. به‌رله‌وه‌ی هه‌نگاو به‌ره‌وو ده‌ره‌وه بهاوێژێت، سه‌یری پیاوه‌كه‌ی كرد و گوتی: ئێمه‌ی دۆڕاو، بۆ شاردنه‌وه‌ی شكستی خۆمان، ده‌بێ هه‌میشه وه‌ك گاڵته‌چییه‌كی بێ‌ئاگا ده‌ربكه‌وین. به‌هۆی تۆوه ئه‌وجاره‌شیان لێیده‌رچووم. خۆ به‌یانیش دێیته‌وه؟