Skip to Content

فەلسەفە لە جڤاکی سوننەتیی بێ-فەلسەفەدا  …کاوە جەلال

فەلسەفە لە جڤاکی سوننەتیی بێ-فەلسەفەدا …کاوە جەلال

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 9, 2019 General, Opinion, Slider

گومان هەمیشە پاڵهێزی هزرینە لەبارەی لێرەبوونی خۆمان لە جیهاندا، هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی نێو جیهانەکەمان. لێ گومانی چێبوو چڕتر و فرەلایەنیتر دەبێت، گەر مرۆ لە جڤاکێکی سوننەتیدا (لاساییکەرەوەدا، نەریتگەرادا) سۆسیالیزەکرابێت (بەکەسکرابێت) کە تێیدا بەردەوام هزرین و ڕەفتاری نەریتی بەرهەمدەهێنرێنەوە. کەسی گومانکەر لەم جۆرە جڤاک و کولتوورانەدا هەمیشە سەرەتا دەکەوێتە دۆخێکی ناکامییەوە، چونکە چیدی ناتوانێت پەیوەندییەکانی خێزان و هەڤاڵێتی، پیشەیی و سیاسی و هتد،
لە ڕەوشی ئاسایی باویاندا دەرکبکات و وەریانبگرێت، بەڵکو بێ پشوو دەیانخاتە ژێر پرسیارەوە. لێ کێشە کرۆکییەکەی مرۆڤی جڤاکی سوننەتی ئەوەیە کە ئەو بەدەگمەن دەوێرێت پرسیار بکات، کەواتە ناتوانێت لە پێستی کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییەکەی بێتە دەرەوە، ئەوجا خۆی ئاوەڵا بکات و هێدی هێدی سەرجەم دیاردە و پەیوەندییە سوننەتییەکان هەڵبووەشێنێتەوە و بەوەش لەکاریانبخات، هەروەها زۆر جار ڕوودەدات کە کەس دوای سەرهەڵدانی گومانی ناخەکی لە ترسدا دەچەقێت، چونکە ئەو وەک خۆشەکراوی کولتوورەکەی هەر لە سەرەتای بەکەسکردنییەوە تێیگەیەنراوە کە گومانکردن / پرسیارکردن لە نەریتی سوننەتی هەڵوێستێکی خودانەویست و ناپەسەندە، ئاخر پرسیار شیرازەی پەیوەندییە باوەکان دەشێوێنێت و بەوەش دەبێت بە مایەی بێزرانی کەسی پرسیارکەر.
ئەم هەڕەشە ئایینی-کولتوورییە هێندە بەدەسەڵاتە، کە پێی دەکرێت زۆر خێرا کەسی گوماناوی بسڵەمێنێتەوە، بۆیە پاشان بە ویستی ئازادی خۆی گومانە سەرهەڵداوەکانی نێو ناخی دەچەپێنێت تاکو خۆی لەنێو ئەو پەیوەندییانەدا بگونجێنێتەوە کە لە منداڵییەوە ناسیونی. ئاخر کێشەی پسیکۆلۆژیانەی گومان یان پرسیاری ناخەکی ئەوەیە کە لەبەر ئەوەی کەس وەڵامی دروستی بۆ پرسیارەکانی گەرەکە، ئەوا لە ناخەوە دەوروژێت، بەو ڕێیەشەوە دەشێت زەمینەی سوننەتی لەژێر پێیانیدا بلەرزێت و ژیانی لەق ببێت.
ئەوە لە بنەڕەتدا نیشانەی تێکچوونی ئەو ژیانە نەریتییەی گومانکەر خۆیەتی کە لە منداڵییەوە پیادەی کردووە. لەم ڕەوشەدا گومانکەر لە خودی خۆی دەسڵەمێتەوە، بەڵێ خۆ شێواوەکەی بۆی دەبێت بە مەترسی و دەیسڵەمێنێتەوە لەوە کە چیدی ستایشی “کوڕی باش” یان “کچی باش”ی پێنەبڕێت، یان ئەو جۆرە ستایشەی لێبسەنرێتەوە و وەک “یاخی” بنرخێنرێت. لە بنەڕەتدا پێناسەی “یاخی” بۆ کەسێتیی سوننەتی هێندە ترسێنەرە کە ئیدی پشتدەکاتە پرسیارەکانی، تاکو هەتا بشێت سەقامگیریی خۆی لەنێو جیهانی باوی سوننەتیدا نەدۆڕێنێت.

کەواتە لەبەر ئەوەی فەلسەفە بە گومان لە بیروباوەڕەکان، چە ئایینی و چە ئیدیۆلۆژییەکان، یان لە شێوازی زانستکردنی سوننەتی، بێگومان هەروەها لە پەیوەندییە نەریتییە جڤاکییەکان و هتد شکۆفە دەکات، ئەوا لای کوردەکان پەیوەند بە فەلسەفەوە دەکەوینە بەردەم ژمارەیەک پرسیاری ئاڵۆز، پرسیارەکانیش تەنیا خەڵکی سادە و چالاکانی نێو بوارەکانی کولتوور (بە بێ-بیر و ڕۆشن-بیر و تاریک-بیرەوە) ناگرنەوە، بەڵکو هەروەها چواندنیان بۆ بەشێکی زۆری یان تەنانەت زۆرینەی فەلسەفەکاران و خۆخەریککردووان بە فەلسەفەوە هەیە، لێرەشدا وەک پێشتر پێشانمان دا، بنەڕەتی کێشەکان لە کرۆکەوە مرۆڤییە و دەبێت لێرەوە لێیان نزیک بکەوینەوە.

لەم ڕوانگەیەوە هەڵوێستی ڕۆشناییدان گونجاوترین شێوەی هەنگاونانە بۆ نێو پرسی گومان وەک دەستپێکی هزرینی فەلسەفەیی، چونکە ڕۆشنایی دەستدانە لە مرۆڤێتییەکەی تاکەکەس. لێ گەرەکە هاوکات هەر لەم پەیوەندییەدا جەخت لەوەش بکەین، کە پێویستە پسیکۆئانالیز دەسوێژێکی ئەم ڕۆشناییە بێت (وەک چۆن لە سەرەوە تا ڕادەیەک هەنگاومان نایە نێوییەوە).
ڕۆشنایی واتای واعیزێتی ناگەیەنێت، کەواتە گەڤی کەسان ناکات بۆ ئەوەی ئەم کار بکەن یان خۆیان لەو کار بەدوور بگرن، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ڕەخنەییانەی شێوە هزرین و ڕەفتاری مرۆڤی سوننەتییە، واتا ئەو جۆرەی کەسێتی هەڵدەوەشێنێتەوە کە درێژەپێدەری ڕەفتار و نەریتی باڵادەستە بەبێ ئەوەی هەرگیز خۆی وەک سەرچاوەی هەڵە و ڕاست یان کێشەکانی دەوری ببینێت. بەڵێ ڕۆشنایی هەڵوێستێکی دژبەری هەر شێوە هزرینێک یان کردارێکە کە لە تاکەکەس خۆیەوە دەرنەچووبێت، بەڵکو کەسانی دی دایان نابێت و وەک ڕێنوما بەسەر پێکڕای جڤاکدا سەپاندبێتیان.

ئاخر وەک کانت دەبێژێت، ڕۆشنایی مرۆڤ لە بێتوانایی بۆ هزرین و کردار ڕزگار دەکات، کە ڕزگاربوونە لە کۆتی ڕێنوما سوننەتییەکان. ئێستا کەسی ڕزگاربوو کە بە ئازادی گەیشتووە، چیدی ڕێ نادات کەسانی دی بۆ ئەویش بهزرێن و تێڕوانینەکانی خۆیان وەک ڕێنومای هزرین و کردار بەسەردا بسەپێنن. ڕوونتر ببێژین، ڕۆشنایی ئەو کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییە هەڵدەوەشێنێتەوە کە دایکان و باوکان، پیاوانی ئایین، هەروەها نوێنەرەکانی کولتوور و زانست لە باخچەی زارۆکان و فێرگە و زانستگەکاندا بنیاتیان ناوە: کەسێتییەکی لەرزۆک، بێ-پرسیار، نەوێر بۆ ژیان یان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دلێرانەی درۆزنی و جەبانی و ملنەواندنەکانی ڕۆژانە.

بێگومان فەلسەفە وەک ڕۆشنایی هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ڕەخنەییانەی سەرجەم ئەو هزرینە سوننەگەرایانەیە کە خۆیان بە ناوی فەلسەفەوە نمایش دەکەن. ئەمەش بە واتای: مەرج نییە تاکەکەس بە ماستەر و دکتۆرای بواری فەلسەفە ببێت بە فەلسەفەکارێکی ڕەسەن، جا بڕوانامەکەی لە هەولێر، بەغداد یان کێمبریج بەدەستهێنابێت (ئەمە سەرجەم تاکە زانستەکانیش دەگرێتەوە). ئاخر لەبەر ئەوەی بێدادی، چەساندنەوەی تاک و گرووپ، درۆزنی، خوداپەرستی لە ترسی چاو و دەمی ئەوانیدی، جەبانی و ماچ و پاشوقل، ترس لە دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و هتد، سەرجەم جیهانی ئیسلامییان تەنیوە، ئەوا جیهانی ناوبراو تا نێو مۆخ نەخۆشە، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە نەخۆشییەکە تاکەکەسی دکتۆرادار و پرۆفیسۆری فەلسەفەش (یان زانستیش) دەگرێتەوە.

لەم ڕوانگەیەوە کەس تەنیا کاتێک ڕێگەی ڕووەو فەلسەفاندنی پێ ئاوەڵا دەکرێت، گەر ئەو خۆی سەرەتا وەک کەسێتییەكی سۆسیۆکولتووری بخاتە ژێر پرسیارەوە: شێوازی هزرین و پرسیارکردنەکانی، شیمانەکانی زانین و نەزانییە سوننەتییە بە زانین دانراوەکان، ئەوجا بنەڕەتی سوننەتییانەی زانست لە فێرگە و زانکۆکاندا کە دانانی نووسراوە وەک بابەتی دەرخکردن، بەڵێ لای ئەو تەنانەت شێوازی نووسینی زانستی و هتد سەراپا دەکەونە ژێر پرسیارەوە. کەواتە لە جیهانێکی بەو چەشنەدا ئەو کەسانەش دەکەونە ژێر پرسیارەوە کە خۆیان وەک زانا، بەڵێ تەنانەت ئەو کەسانەش کە خۆیان وەک بلیمەتی کولتوور ڕاگەیاندووە. کەسانی بەم چەشنە لە بنەڕەتدا ئەو سوننەگەرایانەن، بەڵێ ئەو چەوساوە-چەوسێنەرانەن کە هاوشێوەی بلیمەتە ئەشکەوتییەکانی پلاتۆن لەنێو جیهانە-ئەشکەوتی باب و باپیرانیاندا خەریکی ڕاڤەی ئەو سێبەرانەن کە وەک ڕاستی چواندنیان پێدراوە، واتا کوڕی لەڕێلانەداوی باب و باپیری خۆیانن، هەر بۆیە وەک بارگاوی بە کێشە تەگژەییە ناوبراوەکان، هەروەها وەک نەوێر بۆ ڕووکردنە خودی خۆیان، ناتوانن یەک هەنگاو لە فەلسەفە نزیک بکەونەوە.

لێ کێشەکە لەنێو جڤاکی سوننەگەرای بێ-فەلسەفەدا کە هاوکات بە تەنگژەی قووڵی ئیسلام وەک ئایین و کولتوور تەنراوە، لەوەش تێپەڕ دەکات. ئاخر تەنگژەی قووڵی ئیسلام هاوکات تەنگژەی شێوە هزرین و ڕەفتاری سوننەتییە، جیهانێکیش کە پڕ بووبێت لە هاڤرکێی رواڵەتی و کیناوی، گومانی تێدا نییە کە داکەوتەکەی ڕاستەوخۆ لەنێو کایەی کارکردنی فەلسەفەییشدا دەردەکەوێت – و ئەوە لە ڕاستیشدا بە ئاشکرا دەبینرێت.

بۆیە ئەمڕۆ لەنێو خۆخەریککردوواندا بە فەلسەفەوە (نەک فەلسەفەکاران!) نەک تەنیا بیچمی ئەوتۆ زیتبوونەتەوە کە فەلسەفە وەک دەسوێژی مووچەی مسۆگەر و دابینکەری پرێستیژی سۆسیال دەبینن، بەڵکو هەروەها تەواو ئاشکرا پیرەمێردی قەدیمی ی دەروون نەخۆش دەبینین کە سوێندی خواردووە دوژمنایەتیی هەر کەسێک، بە تایبەتی هەر گەنجێک بکات کە ئازادانە بهزرێت و خۆی بە شێوازی تایبەتمەندی دەرببڕێت، واتە فەلسەفەکارانی نوێی ئەوتۆ کە گرنگی نادەن بەو جۆرە قەدیمییانە و شێوازی ناڕەسەنی خەریکبوونیان بە فەلسەفەوە.

ئاخر گومانی تێدا نییە ئەو جۆرە بیچمانە، چە سوننەگەرا خۆمەڵاسداوەکان بۆ ستایش و چە قەدیمییە دەروون نەخۆشەکان، وەک دژبەری داواکاریەکەی خودی فەلسەفە کردار دەنوێنن کە داواکارییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕەخنەییانەی هزرینی سوننەتی و “ئەوجا بەدوویدا” هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دراوە دەرەکییەکان: جڤاکی یان زانستی. بەڵێ، بەبێ بوێری بۆ پرسیاری وەک: داخۆ مرۆڤ بتوانێت چی بزانێت و چی نەزانێت، داخۆ خواستە ناخەکییەکانی چی بن و تا چەند لەو جیهانە تەنگژاوییەدا نەخۆش یان مرۆڤدۆست بێت، تا چەند پولەکی و رواڵەتگەرا یان ئەوداڵی ڕاستی بێت، هەروەها داخۆ تا چەند زمانی باوی پەخشانییانەی گەلەکەی بۆ فەلسەفە بگونجێت و هتد، بە کورتی بەبێ پرسیارانی بەو چەشنە نەشیاوە مرۆڤ بتوانێت هەنگاو بنێتە نێو فەلسەفەوە. لە بنەڕەتدا ئەو جۆرە بیچمە ناوبراوانە نە لە داکەوتی جڤاکیدا وەک کەسێتییەکی ئازاد و نە لە نووسراوەکانیاندا وەک خۆهزریو دیاردەدەن، بۆیە ئەوەی ئەنجامی دەدەن، فەلسەفەیی نییە.

لێ فەلسەفە لە کۆمەڵگە سوننەتییە “بێ-فەلسەفە”کاندا، کە بە بەرهەمی فرەچەشنی هۆشەکی و ماتەریی کولتوورانی دی تەنراون، هەروەها لە مەترسیدایە ببێت بە بابەتی مۆدەگەری، کە ئیدی زۆر کەس لەنێو کایەی کولتوورەوە خۆیانی تێهەڵبقورتێنن، هەروەک فەلسەفە هاوشێوەی ئەدەب بێت، یان هاوشێوەی شتەکانی دیکەی ژیانی ڕۆژانە بێت و هەموو یەکێک پەی پێ بەرێت. لێ ئەم ڕەوشە لە بنەڕەتدا جووتەنییە: لە لایەک کەسانی ساویلکە خۆیان زۆر سانا لە فەلسەفە هەڵدەقورتێنن (لەسەر نموونەی “دە کاکە ئەو هایدغەرەمان نەختێک سووک بۆ بنووسن با لێی تێبگەین!”)، ئەمەش لە بنەڕەتدا داواکارییەکی نیازباشی ساویلکەیە، بۆیە مرۆڤ ناتوانێت کەسی خۆزگەدەربڕیو تەریق بکاتەوە، بەڵکو ناچارە هەر وەڵامێکی دۆستانە بدۆزێتەوە کە ڕەنگە تێگەیاندنی بێت لەو هەقیقەتە کە فەلسەفە بابەتی ئەو نییە؛ لێ ئێمە لە لایەکی دی ڕەوشێکی بەد و تەنانەت نەخۆشمان هەیە:

لەم ڕەوشەدا کەشخەبازانی ئەوتۆ دەردەکەون کە ئەلفوبێی فەلسەفەیان نەخوێندۆتەوە، واتا خۆیان هێشتا بە وروژێنەکانی هزرینی فەلسەفەیی، بە واژە تایبەتییەکانی فەلسەفە، بە فەلسەفەی زمان و ڕستەی لۆژیکی و هتد خەریک نەکردووە، کەچی نەک تەنیا داوای تێگەیشتن لە هێگل، هوسەرل، هایدێگەر و ئادۆرنۆ و هتد دەکەن، بەڵکو تەنانەت دەوێرن بە بڕێک خوێندنەوەی ئارەبی دەست بدەنە نووسین لەبارەی ئەم یان ئەو فەیلەسوف!! یان گۆڤاری هزری دەربکەن! لێرە بەبێ هیچ گومانێک کێشەی پسیکۆلۆژیانەی هاوتاگەری لەگۆڕێیە کە بووە بە مایەی سەرهەڵدانی شێواوییەکی ئاڵۆز لە کایەی هزر و کولتووردا. مەبەستمان لەوەیە کە مرۆڤ ئاخافتن لەسەر هەموو شتێک بە مافی خۆی دەزانێت، چونکە گۆیا هەموو لە هەر پرس و کێشەیەکدا یەکسانن – کە بێگومان بە هیچ شێوەیەک ئەوها نییە، چونکە کێ نەوێرێت گومان بکات، کەواتە کێ ڕەوشە ناوبراوەکانی سەرەوە لە وروژێنە ناخەکییەکانی فەلسەفەوە تا دەگات بە بنیاتنانی زمانی تایبەتی فەلسەفەیی “نەژێنێت”، نەک تەنیا ناتوانێت لە هیچ فەیلوسوفێک تێبگات، بەڵکو هەروەها بۆ نییە ناویان بهێنێت.

گەر ئەم جۆرە بەرهەڵستیکردنەی سوننەگەرایی بە هەموو ڕووە ناوبراوەکانییەوە بکەین بۆ مۆرکی فەلسەفە وەک ڕۆشنایی، ئەوا خویا دەبێت کە فەلسەفە ئەدگارێکی شۆڕشگێڕانەی هەیە – ئاخر دەست بۆ سەرجەم پایەکانی سوننەگەرایی دەبات: بۆ لاساییەکان، بەرهەمهێنانەوەکان، گۆتنەوەکان (پارافرازەکان)، بێدادییەکان و خۆمەڵاسدانە ساختەچییەکان کە لە پێناوی سەندنی ڕەزامەندیی گشتیدا ئەنجام دەدرێن.
لە جیهانێکی تێکشکاوی کولتوور-سوننەتیدا، کە چیدی هیچ شتێکی نێوی بنج ناگرێت، هزر تەنیا، ئادۆرنۆ واتەنی، بە کەنارگیری بۆی دەلوێت لای خۆی بێت و بە کرۆکی خۆی بگونجێت، ئەوجا لە کەنارەوە ڕەخنەییانە ڕووبکاتە سەرجەم بەدپەیوەندییەکانی نێو جڤاک و کولتوور. ئەم هەڵوێستە کەنارگیرە ڕەخنەییە ئەمڕۆ ئەدگاری ڕاستەقینەی فەلسەفەیە، کە بە زمانی تایبەتیی خۆی، بەبێ سازش بۆ هیچ کەسێکی خۆ دەربڕ و خوێنەرەوەی نێو جڤاک ڕێگەی خۆی دەگرێتە بەر، لێرەشدا ئاشکرایە کە ئەدەب و هونەری سەرگرتووی نێو کولتوور سەر بە فێنۆمێنە ئاشکراکانی ئەون و وەک کەرەسەی نەشیاوی دەستبەرداری دەرکیان دەکات.

کەواتە فەلسەفە چاکساز نییە، خەمخۆری جڤاک نییە، هەروەها خاوەنی هیچ دیدێکی ئایندەیی نییە – ئاخر فەلسەفە بە دیدی ئایندەییەوە دەبێت بە ئیدیۆلۆژی. لێ فەلسەفە وەک ڕۆشنایی دەشێت ئەمڕۆ بە دوو شێوە کارا ببێت: مرۆڤ دەشێت بەهۆی تەشەنەی درۆ و بێدادی و هتد بکەوێتە نێو تەنگژەیەکی قووڵەوە، بەوەش تەحەدای کەسێتییە سۆسیۆکۆلتوورییەکەی بکرێت و ژیانی ڕاهاتووی سوننەگەرای بشێوێنرێت، ئەوجا وەک هەستناسک و بوێر بۆ پرسیار ڕوو لە پرسیارەکانی نێو ناخی بکات، کە ئیدی خۆی ڕێگەیەک ڕووەو فەلسەفەی ڕۆشناییدەر ئاوەڵا بکات، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە نووسراوە ئەلفبێییەکانی فەلسەفە کاریگەریی بەو جۆرە لەسەر ئەو دەنوێنن.

لێ کەس هەروەها دەشێت لە دەرەوە، بە ڕەخنەی کرۆکی، کاری تێبکرێت، کە ئیدی لای ئەو ئاگایی ڕەخنەیی بێداردەکرێتەوە، هاوکات ئەویش وەک هەستناسک و بوێر بۆ پرسیار ڕێ دەدات ئاگایی بێداربۆوەی ببێت بە دەرچەی بنیاتنانی کەسێتییەکی نوێی فەلسەفەکار (یان تەنیا ئاگامەندی جڤاکی). فەلسەفە لە هەردوو ڕووەوە بە هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی ژیانی کەس کە لە شێوەی ترس لە خودا، سەرفی نەزەر لە “هەموو شتێک”، ترس لە چاو و دەمی ئەوانیدی و هتد کارا دەبن، بە ئاڕاستەی بەرەڤاژ کاریگەری دەنوێنێت.

لە ڕەوشی ڕۆشناییداندا لە دەرەوە زۆر دەشێت فەلسەفەکاران ئەو رۆڵە وەربگرن. جگە لەوە ئاسایی و ڕەوایە کە ئەوان چالاکییەکەی خۆیان وەک پیشەیەک ببینن و گوزەرانی خۆیانی پێ دابین بکەن، بۆ نموونە وەک مامۆستا. لێ ئەمە تەنیا کاتێک دروستە، گەر ئەوان مامۆستایەتی وەک ئامانجی ژیان دانەنێن، کەواتە وەک ئەو سوننەگەرایانە نەبن کە بۆ نموونە قبووڵ مەرکەزی ناردوونی بۆ بەشی فەلسەفە، ئەوجا دەردی گەیشتن بە پیشەیەکی فەرمی و مووچەی مفت ناچاری کردوون چۆک بۆ خوێندنی فەلسەفە دابدەن، نەخێر، بەڵکو گەر ئەوان کاری مامۆستایەتی وەک کردارێکی ڕۆشناییدەری بەرپرسیار ببینن کە تەنیا لەبەر ئەوەی تەوەری بەرپرسیاریی لە خۆ گرتووە، ئەوا ئەوپەڕی مایەی ئارامیی دەروونە.

جا با سوننەگەرایان لەنێو ژێر-زەمینی باب و باپیرانیاندا بە دەنگی زل هەر بنەڕێنن. فاکت ئەوەیە کە لەبەر ئەوەی ئەوانی دەنگزل بوێرییان بۆ پرسیار (بۆ گومان) نییە و پاشپاتکەرەوەن، ئەوا هەرگیز بە فەلسەفە ناگەن – جا گەر تەنانەت نازناوی پرۆفیسۆریان لە بەرۆکی خۆیان دابێت و بەردەوام نووسراوی بەناو فەلسەفەیی فڕێ بدەنە نێو بازاڕی کتێبەوە. ئەوان بە فەلسەفە ناگەن، چونکە سوننەگەرای ملکەچن، ئەو نازناوەش کە نازی بەسەر جڤاکدا پێ لێدەدەن، هاوئەشکەوتییەکانی نێو ژێر-جیهانەکەیان بۆ خاتری مەزناندنی خۆیان لە بەرۆکی ئەوانیان داوە.

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish