Skip to Content

هێڵێکی ئاسنین لە بیابانەوە  رۆمانی: سەزەمینی زیکزیکە … نووسینی: عومەر سەید

هێڵێکی ئاسنین لە بیابانەوە رۆمانی: سەزەمینی زیکزیکە … نووسینی: عومەر سەید

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 13, 2019 General, Literature, Slider

هێڵێکی ئاسنین لە بیابانەوە
رۆمانی: سەزەمینی زیکزیکە
نووسینی: عومەر سەید
چاپخانەی یاد
سالێ بلاوکردنەوە: ٢٠١٨


نووسینی: بەکر ئەحمەد

هۆڵۆکۆستی جووەکان تەنها وەک پرسیارێکی سیاسی و مێژووی نامێنێتەوە و لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەب و هونەردا ئامادەیی خۆی رادەگەێنێت. ئەوەی کە ئینسان دەرەقەتی خوێندنەوەی ئەم مێژووە خوێناوییە درێژەی نەبێت، دەکرێ لە ئەدەبدا و لە رۆمانێکدا گۆشەیەکی ئەم چیرۆکە دیژ و گەوەرەیە بخوێنێتەوە. ئەم ئامادەییە هونەریی و ئەدەبییەی هۆلۆکۆست، وشیارییەکی کۆمەلایەتی گەورە لە دەرەوەی بازنەکانی جووبووندا دروستدەکات و پرسی هۆلۆکۆست لە پرسی جووەکانەوە دەگۆرێت بە پرسێکی ئینسانی و ئاسان ئینسانەکانی ژینگە کۆمەلایەتی و جوگرافیا جیاوازەکانی دیکە لەگەڵیدا هاوسۆزی پەیدادەکەن.

” نۆرمان فینکڵیشتاین” لە (پیشەسازی هۆلۆکۆست) دا دەست بۆ هەستیارترین جومگەکانی تراژیدیای جووەکان دەبات و پێیوایە کە ئازارو فرمیسکی جووەکان لە هۆلۆکۆستدا لە دەستی ناسیونالیزمی جوودا دەبێتە سەرچاوەیەکی سەروەت و سامان پێکەوەنان بۆ ئیلیتێکی کەمی جوو.
بە کورتییەکەی: تەرمی قوربانیەکانی نازیزم هەمیشە بە شانی سیاسەتمەدارانی جوەوەوەیە تا قازانجی تایبەتی لێبکەن. یان بە هەق و ناهەق، پرسیاری جووی قوربانی بەرزڕادەگیرێت.
ئەگەر پیشەسازیدروستکردن لە قوربانییەکانی جوو، فینکڵیشتاین دەخاتە سەرکەلکەلەی ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم ماکینە گەورەیەی دروستکرن و دووبارەدروستکردنەوەی جووی قوربانی دابنرێت، ئەوا لە بوارەکانی ئەدەبدا، کەمتر دروستکرن و دووبارەگێڕانەوەی قەتڵ وعامی جووەکان دەخرێتە بەر هەمان نیگای ڕەخنەگرانە.
بە بڕوای من، (لیستی شیندلەر) و(خاڵکوتەکەی ئاوشویتش) و دەیەها چیرۆک و فیلمی جۆراوجۆرلە ئاگادارکردنەوەی ئینسانەکانی ئەمڕۆدا، لە سەدان دۆکۆمێنت و وانەی مێژووی سەبارەت بە دڕندەییەکانی نازیزم کاریگەرتر بوون.
بەلام ئایا لەبەرانبەر هۆلۆکۆستی کوردەکاندا لە ئەنفالدا، بە جیا لە شیوەن و فوغان و مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال و شیعرە پڕلە فرمێسکەکانی ئەنفالدا، چیرۆکی ئەنفال لە ڕۆماندا چۆن دەگێڕدرێتەوە؟
لێرەوە دەمەوێ سەیرێک لە رۆمانی ” زیکزیکە” ی(عومەر سەید) ە بکەم کە کۆششێکی هەتا بڵێی جوانی بە ئەدەبیکردنی ئەم مێژووە پڕلە نەهامەتییەی خەلکی کوردستانە لە بواری رۆماندا.
بۆ ئەم مەبەستە ، ناچارم باسەکەم هەر لە هۆلۆکۆستی جووەکانەوە دەستپێبکەم.
لە هەر لایەکەوە سەرنج لە هۆلۆکۆستی جووەکان بدەیت، ناکرێ چاوت نەچێتەسەر رەیلی شەمەندەفەرەکەی ئاوشویتس. قوولەیەکی بەرز، هێڵی شەمەندەفەرێک کە بە ژێر قوولەکەدا تێدەپەڕێت و دەتگەێنێتە ئەو دیوی شوراکانی دوای قولەکە. لێرەدا سنووری ژیانی کۆتایی دێت. بەخێربێن بۆ ئاوشویتش!

ئەم وێنەیەی سەرەوە، بە یەکێک لە بەهێزترین سیمبولەکانی قەتڵ و عامی جووەکان دەناسرێتەوە. تراژیدیای جوو، لەبەردەم ئەم دەمە داچەقیوەی ناو قوولە سەربازییەکەی ئاوشویتسدا، بە لووتکەی خۆی دەگات. بەڵام هەمووشمان دەزانین کە بەرلەوەی ژیانی پینەچییەکی کراکۆڤ، یان وێنەگرەکەی پراگ، یان پیانۆژەنەکەی بەرلین، لە کوورەکانی ئاوشویتسدا کۆتایی پێ بێت، ئەوا لە رێگای هونەری ڕۆمانەوە، بێگوومان هونەرەکانی دیکەشەوە، دووبارە ژیان بەبەریاندا کراوەتەوە و تەماشاکەری ئەم وێنەیە، دەکرێ ئەو ژیانەش ببینێت کە لە سەنتەری شارەکانی کراکۆڤ و پراگ و بەرلینەوە دەستپیدەکات و بەرلەوەی ئەو کەسانەی سەرەوە بخرێنە ناو فارگۆنی شەمەندەفەرەکانی ئاوشویتسەوە، ژیانێکی دیکەیان بووە و ئامادەیی هەبووە.
بەڵام لە دۆخی هۆلۆکۆستی کوردەکاندا، لە ئەنفالدا، ئێمە خاوەنی وێنەیەکی وەک ئەو وێنەیەی سەرەوە نین کە لە ناوشیاری دەستەجەمعی ئینسانەکانی سەرزەویدا ، ئەنفالی پێبناسرێتەوە.
هونەر و ئەدەبی کوردیش لەم ئاستەی ئێستایدا لە خوڵقاندنی وێنەیەکی دیار و ناسراوی هولۆکۆستی کوردەکاندا بە تەواوەتی دەستەپاچەیە.
ئەنفال لە شیعری کوردیدا ، بەشی شێری بەردەکەوێت. رێک بە پێچەوانەی (تیۆدۆر ئەدۆرنۆ)وە کە لە ساڵی ١٩٥١ دەنووسێ: (لە دوای ئاوشویتسەوە شیعرنووسین کارێکی بەربەریانەیە). بەڵام ڕێک لەو شوینەدا کە کورتهێنانی شیعر دەکرێتە هۆکارێک لەلای ئەدورنۆوە بۆ ئەوەی دەرەقەتی تراژیدیای هۆلۆکۆست نەیەت ، ڕێک لەو شوێنەوە، شاعیری کورد لە پاڵ ئەو هەموو شێوازەی دەربڕیندا، زیاتر دەست بەداوێنێ شیعرەوە دەگرێت بۆ ئەوەی ئەنفال بگرێت و رامیبکات.
دەربڕینەکەی ئەدۆرنۆ جێگای مشت ومڕێکی زۆرەو بە شێوازی جۆراوجۆر راڤەکراوە. لای رەخنەگری ئەدەبی (سارا عەبدوللاهی)، ئاواهی تەفسیری ئەم دەربڕینەی ئەدۆرنۆ کراوە: لە دوای سامی هۆلۆکۆستەوە، ئینسان لەبەرانبەر ئەو نەکردە مۆراڵییەدایە کە بتوانێت جوانیەکی شاعیرانە فۆرمۆلە بکات. ئاخر زمان وەک کەوتوویەک سەرنجدەدرێت ، بۆ ئەوەی بتوانێت هەستێتەوە ، پێویست بوو ئەو درزە دبدۆزرێتەوە کە کەوتۆتە ناو زمانەوە، پاشان درزەکە تۆماربکرێت. لای ئەدۆرنۆ، شیعر فۆرمی دەربڕینی کەسی ئازادە، ئاوشویتسیش نەفیکەرەوەی هەموو ئازادییەکی ئینسان بووە. ) (1)

گەر زیادەڕەویم نەکردبێ ، دەتوانم ڕاشکاوانە بڵێم: عەرعەر، بیابانی خۆرئاوا، زیل، جاش ئەو وشە هەمیشە ئامادانەن کە چیرۆکی ئەنفالییان لە شیعردا تۆمارکردووە و ئەنفالییان لە ناودا دیلکردووە. هەموویشی لە وێنەیەکی کۆلیکتیڤیستی گەورەدا کە قوربانی دەمووچاوی دیار نییە.
بە تەفسیری سارا عەبدوللاهی، لە هۆلۆکۆستی جووەکاندا، زمان زەربەیەکی گەورەی بەردەکەوێت و درزێکی گەورە دەکەوێتە جەستەی زمان خۆیەوە. کاتێک ئینسان دەستی خستە سەر ئەو برین و درزەی کە زمان تێیکەوتووە، ئەوسا دەتوانێت فۆرمێک بدۆزێتەوە کە دەربڕی ئەو جوانکارییە بێت کە شیعری پێدەناسرێتەوە.
لەوە دەچێت کە دەربرێنی ئیستاتیکییانەی شیعری کوردی لە سی ساڵ دوای ئەنفالیشەوە، هێشتا نەیتوانییەوە دەستبخاتە سەر ئەو برینەی کە ئەنفال لە جەستەی ئینسانی کورددا هەڵیکەندووە. بۆیەش دەربڕینەکانی سەبارەت بە ئەنفال لە پێنچ وشە تێناپەڕێت کە نەک دەروازەیەکی ئەدەبی لەبەرانبەر ئەنفالدا ناکاتەوە، بەڵکو لە بێدەمووچاوییەکی نەبینراودا بە نادیاری دەیهێڵێتەوە.

ئەگەر بگەڕێمەوە سەر وێنەکەی سەرەوە، شەمەندەفەرەکەی کە دەگاتە ئاوشویتس، پەیوەندی ئەم وێنەیە لەگەڵ وێنەیەکدا کە دەکرێ ئەنفالی کوردستانی لە ئاستی لۆکاڵیدا پێبناسرێتەوە، ئەوا ئێمە جگە لە بیابانێك رووت، هیچ شتێکی دیکە شک نابەین. واتا لەبەرانبەر دوا ویستگەی ئەنفالدا کە چارەنووسی 182 هەزار ئینسانی کوردی تیا دەگاتە کۆتایی، تەنها بیابانێکی ڕووت شک دەبەین.
بەڵام لە هۆلۆکۆستی جووەکاندا، لە دوای گەیشتنی جووەکانەوە بۆ ئاوشویتش، لە ڕێگەی چیرۆک و رۆمانەوە ، ئێمە دەمووچاوی ئەوانە دەبینین کە دەسووتێنرێن. واتا لە رێگای دووبارە دروستکردنەوەی ئەدەبی هۆلۆکۆستەوە، بە سەر هێڵی هەمان ئەو شەمەندەفەرەدا کە سەرێکی لە ئاوشویستدایە دەتوانین بگەرێینەوە بۆ ناو کوچە وکۆلانەکانی شارەکانی ئەوروپا و ژیان و دەمووچاوی قوربانییەکان بدۆزینەوە. بەڵام شیعری کوردی کە گێرەرەوەی بەشێکی زۆری ئەدەبی ئەنفالە، ئەم دەرفەتەمان بۆ ناڕەخسێنێ. واتا هێڵێک دروست ناکات بۆ گەرانەوە بۆ ناو ژیان.

هەر بۆیەش رۆمانی (سەرزەمینی زیکزیکە)ی عومەر سەیدە لەم شوێنەوە جیگای سەرنجدانە کە بەرلەوەی قوربانییەکانی ئەنفال بگەێنرێنە عەرعەر و لە ژێرلمدا بشاردرێنەوە، ژیانێکی دیکەیان بۆ دروستدەکات و سەرزەمینی زیکزیکە دەبێتە ئەو هێڵی شەمەندەفەرەی کە لە وێنەکەی ئاوشویتسدا هەیە ، بەلام لە شێوەی رێگای قەتارئاسای ئەو لۆری و زیلانەی لە گوند و شارەکانی کوردستانەوە بەڕێدەخرێن تا بە دوا مەنزلگای خۆیان بگەن کە بیابانە.
ئەگەر لە دیمەنی شەمەندەفەرەکەی ئاوشویتسدا سەرێکی ئەم هێڵی ئاسنە لە ناو ئاوشویتسدایە و سەرێکی تری بە پایتەختی شارەکانی ئەوروپاوەیە، سەرێک لە ناو مەرگ و سەرێکیش بە ژیانەوە، ئەوا رۆمانی (سەرزەمینی زیکزیکە) کێشانی ئەو رێگا درێژەیە کە سەرێکی لە مەرگدایە، لە بیاباندا و سەریکی دیکەی ڕیگاکە لە ناو شارو گوندێکی کوردستانەوە دەستپێدەکات. لێرەوەیە کە ئەنفال و حەکایەتە گەورەکەی تراژیدیای کورد دەکرێ بگیرێت و قوربانییەکان ببنەخاوەنی دەمووچاوی خۆیان. سەرزەمینی زیکزیکەی عومەر سەید، لێرەوە لە بەشەوە دەچێت بۆ کۆ، نەک وەک ئەو گوتارە باوە ئاساییەی کە ئەنفال هەمیشە لە کۆدا تەفسیردەکات و توانای پەڕینەوەی نەبووە بۆ بەش.

” لەم ماڵەدا من و میمکم و باپیرەم دەژین. لە باوک و دایک و سێ براو دوو خوشک ، هەر بە تەنها خۆم ماوم و ئەوان هەر هەموویان ئەنفالن. میمکیشم حەوت براو چوارخوشکی بێسەروشوێنی ئەنفالە.”
عومەر سەیدە لە کێشانی وێنەی یەکێک لە پاڵەوانەکانیدا، بەو شێوەیەی سەرەوە، لە زمانی کەسی یەکەمی تاکەوە، کاراکتەرێکی رۆمانەکە دەخوڵقێنێ. ئەم پاڵەوانە لە ئۆردۆگایەکی کەس و کاری بێسەروشوینکراوی ئەنفالکراوەکاندا ژیان بەسەر دەبات. دیمەنی ئەم ئۆردوگایە کە بەسەرزیندووکانی دوای ئەنفالی تێدا دەژی، هێندە خاکستەری و بێرەنگ باسدەکرێت، کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لە ژیانی ناو ئاوشویتسدا نییە. دیمەنی کارو لە خەوهەستانی پالەوان و ئاخاوتنی بێ ئاخاوتنی ئەم لەگەل میمکدا، لە شانۆگەرێەکی بێدەنگ دەچێت. باسکردنی ژیانی ئەم ئۆردوگایە، خوێنەر دەخاتە ناو کەشوهەوایەکی هەتا بلیی ئۆردوگا ئاساوە.
بەڵام ئەوەی کە جێگایەکی گەورە لە (سەرزەمینی زیکزیکە)دا داگیردەکات، لە راستیدا میمکی پالەوانە و لە بێزمانی ئەو و کەم قسەکردنیشیدا ، بەشێکی گەورە لە حەکایەتی ئەنفال دێتە گێرانەوە، بێگوومان لە چارەنووسی بنەماڵەیەکدا.
یەکێک لە دیمەنە جوان و بەهێزەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە پرۆسەی ئەنفالکردنی گوندێک لە گوندەکانی ئەنفال، لە رێگای پالەوانەکانی کتێبی (ئەلف و بیی) باڵدارەوە دێتە گێرانەوە ئەویش لە ریگای ئاخاوتنی نێوان دارا لەگەڵ کوڕە فیگورئاساکەی (ناجی ئەلعەلی)دا کە بە حەنزەڵە ناودەبرێت. بێنە بەرچاوی خۆت کە دارا بۆردومان دەبینێت و مام زۆراب هەڵدێت و زارا پەلاماری منداڵ دەدات.
هەڵبژاردنی کەسایەتییەکانی ناو ئەلف و بیی باڵدار کە زرنگانەوەیەکی گەورە و شەخسی لە یادەوەری ئینسانی کورددا هەیە، قورساییەکی گەورە لە سەر زەینی خوێنەر دروستدەکات و نووسەر زیرەکانە خوێنەر کیشدەکاتە ناو بازنەیەکی خۆناسینەوەی کۆمەلایەتییەوە کە پالەوانی چیرۆکی ئەنفال پێویستی پێیەتی.
شایەنی باسەکە کە دەنگی گێرانەوەی ناو ڕۆمان بەسەر چەند کاراکتەرێکدا دابەشدەبێت . دەنگێکی بێڕەنگ کە رووداوەکان وەک ئەوە دەبینێ لە پەیوەند بە ژیان لە دوای قەومانی ئەنفالەوە. دەنگێکی دیکە کە هێندەی لە دەنگی ڕەنگدار دەچێت کە جێگایەکی تایبەت لە دووبارە نیشاندانی ژیانی پالەوانەکانی ناو ڕۆماندا داگیردەکات بەرلەوەی لە دوا ویستگەی ئەنفالدا ، لە بیاباندا جێبگرێت.
ئەم دەنگە وەک دەنگی زیکزیکەکانی گەرمیان وایە و ڕەنگاورەنگە. ئەم ڕەنگە دەکرێ ئازارێکی پرتەقاڵی بێ کە سەرگوزشتەی دڕکەپیاوێکە کە شادی هێنەری ناو مەملەکەتی درکە، یان دەکرێ دەنگێکی خەنەیی بێت کە لە سیمای تارماییەکەی دەشتی حەمریندا خۆی بەرجەستەدەکاتەوە.
زمانی گێرانەوە لە دەربڕینی هەردوو دەنگی بێڕەنگ و ڕەنگداری سەزەمینی زیکزیکەدا سادەیە و وەک زمانی سادەی گەرمیانیەکانی قوربانی ئەنفال ئاسان دەچێتە دڵەوە. ئایا ئەمە هەڵبژاردنێکی بە ئاگاهانەی نووسەرە بۆ نەخشاندنی زمانێک کە تراژیدیای تیا دەخوڵقێ، یاخود زمانی ناوەوەی قوربانیانێکە کە کەوتنی زمان لە دوای ئەنفالەوە تەنیویەتی، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئەدۆرنۆ، هیشتا دەستی نەخستۆتە سەر درزو بریندارییەکانی ناو زمانەوە تا لە ئاست ئەم تراژیدیایەدا بێت. بە هەر حاڵ، سادەیی ئەم زمانە لە گێرانەوەدا لە هەرکامێکی ئەو هۆکارانەی سەرەوە سەرچاوەی گرتبێ، وەک خاڵێکی سەرکەوتووبۆ نووسەر تۆماردەکرێت.
بەڵام جێی داخە لە نێوان لاپەرەکانی ٧٥ تا ٧٩ دا ئەم دووبارە گێرانەوەی تراژیدیای ئەنفال لە گێرانەوە ئەدەبییەکەی خۆی دەکەویت و بە زمانی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی، مێژوویەکی سادە وەک ئەوەی کە چۆن بووە دەگێڕدرێتەوە.
بە بروای من ئەگەر ئەم بەشەش وەک دەنگی زیکزیکەیەکی رەنگدار بهێنرایەتە گێرانەوە، دەکرا ڕەهەندی تر و گۆشەی دیکەی رووداوی تێبکەوتایە کە زمانی ریپۆرتاژی رۆژنامەوانی نەدەکردە دەربرین بۆ خۆی.

لەگەڵ گەیشتنە کۆتایی دێرەکانی ئەم ڕۆمانەدا ، خوێنەر هەستدەکات کە هەڵبژاردنی ناونیشانی سەرزەمینی زیکزیکە چەند هەڵبژاردنێکی بەئاگاهانەی نووسەرە و خوێنەر لە بەشی ٧ رۆماندا: کیڵگەی دڕک، زریکەی ئەبەدی میمکمدا دەکرێ زریکەی ئەنفال ببیستێت وهاوکاتیش بە تاسەیەکی زۆرەوە بەشوێن گەیشتن بە کۆتاییەکانی ڕۆمانەوە بێت. لە جیگایەکی ئەم رۆمانەدا گوێبیستی ئاخاوتنێکی نێوان حەزرەتی ئیبراهیم و خودا دەبین:
حەزرەتی ئیبراهیم بەدەم چەقۆ تیژکردنەوە ڕووی کردە ئاسمان و وتی:
خودایە قوربانییەکە ئامادەیە لە کوێ سەری ببڕم؟
دەنگێک لە ئاسمانەوە وەلامی دایەوە: بچۆرە گەرمیان، مەگەر نازانی من ئەو جێگایەم بۆ قوربانیدان خوڵقاندووە.
لە زریکەی ئەبەدی میمکمدا، زۆر بە سادەیی نەک هەر پرۆسەی سەربڕینی قوربانییەکان، بەلکو ژیانی ئەوانەیشی لە دوای ئەنفالەوە لە چاوەروانیدا رۆژەکان تێدەپەڕێنن، بە تەواوەتی دیلتدەکات و قورگت پڕدەکات لە گریان. لانی کەم بۆ من کە چاوەروانی ئەم جۆرە لە چارەنووس نەبووم بۆ میمکی پالەوان.
عومەر سەید، بەوەی حەنزەڵەی (ناجی ئەلعەلی) دەکاتە گوێگری دارای ئیبراهیم ئەمین باڵدار بۆ بیستنی چیرۆکی ئەنفال، ئەوا جێگای خۆیەتی ئاماژەیەک بەم فیگورە کاریکارێستییەی ناجی ئەلعەلی بدەین . ئەو لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بەم فیگورە دەڵێ: حەنزەلە خۆیەتی لە منداڵیدا کە لە گووندەکەی خۆی هەلدەکەنرێت. وەک منداڵێکی تۆراو، دەست لەپشتا و پشت لە بینەر، تەمەن دە ساڵ، بڕیارە گەورە نەبێ تا نەگەرێتەوە بۆ شوینێ خۆی.

لە سەر زەمینی زیکزیکەدا، حەنزەلەکانی کوردستان، بە گەورە و بچووکەکانیانەوە، دەست لە پشت و پشت لە بینەر نین. وەک ئەوەی کە فیگۆرەکەی ناجی ئەلعەلیدا دەبینرێت، بەلکو روخسارییان هەیە و ناوییان دڕکە پیاو و میمک و کاکەولایە.
ئەگەر حەکایەتی گومناوکردنی ١٨٢هەزار گوندنشینی کورد تاکە زانیاری ئێمەیە لەسەر یەکیك لە برینە قوڵەکانی سەرجەستەی ئینسانی کورد، ئەوا (سەرزەمینی زیکزیکە) پێدانی دەمووچاوە بە چەند کەسێکی ئەم قوربانییانە.
وەزیفەی ئەدەبیش هیچ شتێکی دیکە نییە جگە بەخشینەوەی دەمووچاو بەوکەسانەی لە دەموچاو بێبەشکراون.
عومەر سەیدە لە کیشانەوە و دووبارەدروستکردنەوەی هەندێک لە دەمووچاوەکانی ئەنفالدا، بە سۆزو میهرەبانانە و وەستایانەوە ئەم پرۆسەی بەکەسیکردنەوەی قوربانییەکان ئەنجام دەدات و لە چەند سەد لاپەرەیەکدا کارێکی هەتا بڵێی جوان دەخوڵقێنێ.


سەرچاوەکە بە سویدی لە ژێر ناونیشانی: شیعر لە دوای ئاوشویتسەوە لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پەیدادەبێت.
1) https://sverigesradio.se/sida/avsnitt/1297766?programid=503

Previous
Next
Kurdish