Skip to Content

سەرکەوتنی گێژاوی بریکزیتی حزبی کۆنسەرڤاتیڤ بێ ئایندەیە … ئاسۆ کمال

سەرکەوتنی گێژاوی بریکزیتی حزبی کۆنسەرڤاتیڤ بێ ئایندەیە … ئاسۆ کمال

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 14, 2019 General, Opinion


حزبی کۆنسەرڤاتیفی نیولیبرال بە بارمتەگرتنی گێژاوی بریکزیت توانی زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەربکا، بەڵام ئەمە سەرکەوتنی یەکجاری نیە. لەیبەر بەداخەوە نەیتوانی دڕکی بریکزت لەپێی خەڵک دەربێنێ، بەوەی ڕاستەوخۆ دژی بریکزیت بێتەوە و خۆی و خەڵک لەو سەرلێشێواویە دەربکا و فرسەت نەداتە کۆنسەرڤاتیڤ لەم گۆمە لێڵەدا ڕاوی دەنگی گێژبوی خەڵک بکا. لەیبەر لەبەر بەرژەوەندی تەسکی لەدەست نەدانی ئەندامەکانی کە لایەنگری جیابونەوە بون لە یەکێتی ئەوروپا فرسەتی شکستپێهێنانی ئەم حزبە نیولیبرالەی لەدەستدا و لەکۆتاییشدا ئەو ئەندامە برێکزتانەی هەر لەدەستدا.

بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کە لەم ٤ ساڵەدا لە بەریتانیا لە هاتنە مەیدانی سیاسی گەنجان و خۆپیشاندانی ژینگەپارێزەکان و مانگرتنە کرێکاریەکاندا خۆی نیشان دەدا هەرچەند بە شکستی حزبی کرێکاران فرسەتی خۆسەپاندنی یاسایی لەدەستدا، بەڵام سەرکەوتن بەسەر دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی سەرمایەداریدا هەمیشە لە خەباتی سەر شەقام یەکلایی دەبێتەوە نەک لە پەرلەمان.
برێکزت هەر ئێستا لە ژێر هەڕەشەی جیابونەوەی سکۆتلاند ویاخی بونی ئیرلەندا دایە و بۆریس جۆنسن و حزبەکەی ناتوانێ بەرامبەر ئەم هەڕەشانە و فشاری خراپ بونی باری ئابوری خەڵکی کرێکار و کەم دەرامەتی بەریتانیا وەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەدەنگدانێک سەرکەوتن بەدەست بهێنێ.
ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە ئەم جارە پێویستی بە قاڵبێکی ڕادیکالتر و میلیتانترە لە حزبی لەیبەر و مانەوە لە چوارچیوەی خەباتی یاسایی و پەرلەمانیدا.

ئەم خەباتە چینایەتیە بە ڕزگاربون لە ژەهری برێکزت ڕۆشنتردەبێتەوە کە دەبێ چۆن ڕاستەوخۆ دژی سیاسەتە نیولیبرالەکانی کۆنسەرڤاتیڤ بێتەمەیدان و لێرەشدا چارەنوسی باڵی چەپی لەیبەر و ئەو هێزە جەماوەرە گەنجەی کۆیکردۆتەوە و یەکێتیە کرێکاریەکانی هاوپەیمانی ڕۆشن دەبێتەوە کە ئایا دەتوانن لە مەیداندا بمێننەوە یان بەرمابەر بە باڵی ڕاست و بلێریزمی لەیبەر جارێکی تر پاشەکشە دەکەن.

شکستی لەیبەر سەرکەوتنی ترامپێکی تری بورژوازی جیهانی بوو کە دنیای ئەمڕۆ بەرەو ململانێی ناسیونالیستی نێو دەوڵەتەکان دەبەن و هەژاری زیاتر بەسەر زۆربەی کۆمەڵگەدا دەسەپێنن. بەڵام مەیدانەکانی پاریس و سانتیاگۆ و لوبنان و بەغداد و زۆرێک لە وڵاتانی تر پێمان دەڵێ کە ئەم خەباتە جیهانیە دژی نیولیبرالیزم و سەرمایەداری جیهانی زۆرێک لەم ئاهەنگی سەرکەوتنە پەرلەمانیانەی باڵی ڕاست و نیولیبرال دەتوانێ زوو بگۆڕێ بە سەرئێشەی گیرخواردن بە دەست یاخی بونی جەماوەری ناڕازیەوە.

ئاسۆ کمال

Previous
Next
Kurdish