Skip to Content

396 Views

ئەوین دەسپێکی ژیـنە ….  پشتیوان ئەنوەر

ئەوین دەسپێکی ژیـنە …. پشتیوان ئەنوەر

Be First!
by December 14, 2019 General, Literature

بوون و نەبوون، بوون بەیەک بە تەنها عەدەم هەبوو. فریشتەکان بەهەموو جێگایەک بڵاوبوونەوە. فریشتەکان فەرمانبەربوون، تا پەیامی خودا لەبارەگای بڵندی خۆیەوە بەهەموو خەڵکی بگەیەنن.
ئا لەوێدا لەکارگەی ئافراندندا “ئادەم” هاتەبوو.
لەو شەوانەی کە لە ئاسمان ئەستێرە دادەبارێ! میواندارییەکی ڕووحی دەکەن.
لەو دەشتە خوێنینەدا سەرسام دەبێ، ڕێبوار ئاسا لە پەنجەرەی شەمەندەفەرێکەوە
بەگوڵێک ساڵی نوێ بەیەخەوە دەکەن. ئا لەم ساتەدا! هەست دەکات کە، لە هەموو کاتێک زیاتر و
دژوارتر لە هەموو شوێنێک لەم هاوسەنگییە گەورەیەدا، سروشت دووچاری کێبڕکێمان دەکا. ئێمەش ناتەواوین، هەست بە تەنهایی دەکەین. چ ڕەنجێکە ئادەمە..؟!
چ ڕەنجێکە بەتەنها بەسەربردنی جێژەکان؟
چ نەشیاوییەکە بە تەنها بینینی جوانییەکان؟
چەند ئازار بەخشە! بەتەنها خۆشبەختبوون. لە بەهەشت “تەنیابوون” سەختترە لەکوێری. لە بەهەشت چۆن دەتوانین بەبێ هاودەمێک بین؟ سێبەری خۆشی دڵنشین ماڵی ئارامی و دڵڕفین، جۆشی بەردەوامی ژیان
چۆن دەکرێ بێ هاودەم بێ؟
خودا بۆ “ئادەم” هاودەمێکی ئافراند، تا لەڕێگەیانەوە زەوی ئاوێتە بکات لە ئەوینی ئیلاهی خودا.خۆی خۆشویست، ویستی جوانی خۆی نیشانی مرۆڤ بدات. بۆیە دەستپێکی بوون، دەستپێکی ژین “ئەوینە” ئێمە بەعیشقەوە لەدایک دەبین. لێرەن تا لەهەوای خۆشەویستیدا بژێینەوە. جوانی دەستی کردگار بووە عەشق! بەردەوامی ژیان، ئێمە لێرەین عەوداڵی شوێنێکین بۆ پشووی ڕووح، عەوداڵی کەسێکین بۆ ئاوێتەبوونی ڕوحمان، ئێمە لێرەین بەشوێن کەسێک دەگەڕێین، تا لەسایەی هەموو دونیا بڕازێنینەوە.
بتوانین مامەڵە لەگەڵ ڕووحیدا بکەین پێش ئەوەی دەست لەجەستەی بدەین، دەست لەڕوحی بدەین. وەک مەحوی فەرمووی”یەکێ عەشق بەخوو، یەکێ طالبی ڕوو، یەکێ مەجبووری بوو، یەکێ مایلی ڕەنگ”
ئەبێ شەیدای ڕووح بین، نەک چاوەکانی و تێکۆشان لەپێناو کردنەوەی قۆپچەی کراسەکەی.
تەنها مرۆڤە گەورەکان نرخی گشت شتێک دەزانن. هەموو نیگایەکی شەرمن، هەموو بزەیەکی لێوە ئەفسوناوییەکانی خەندەیەکی ئەرخەوانی دەزانن.
ئەوان دەزانن کردگار چ خەڵاتێکی کردوون، بۆیە هەر وەختێ گەیشتن بەئەوینی هاودەمی ڕووحی خۆیان. بۆساتێک فەرامۆشی ناکەن. وەک چۆن مەحوی فەرمووی:
(شوکر تۆ لەفکرم ناچی، ئەگەرچی من لەفکرت چووم.
لەمن غائیب نەبێ تۆ بەسمە با من بم لەتۆ غائیب)
بەلێ ئێمە وێلی هاودەمی ڕووحین، شەیدای گوڵاوین نەک گوڵ، ئەگەر چی سەرەتا پێستی دڵبردە سەرەنجت ڕادەکێشێت، بەڵام بەتەنها تەماشا کردنی ڕووکەشی دڵبردە ناگەین بە ئەوین و ئاوێزانبوونی عەشق. وەلێ لەسەر ئەم جەستە سپی و نەرمۆلەیەوە ڕووحێک بوونی هەیە، ئەوە ئێمەین کە، ناتوانین بیبینین و ئاشنای ڕووحمان بکەین. ئەوینی لەم چەشنە بۆ هاوچەشنێکی خۆمان ئەوەندە مەزنە، بەشێوەیەک گەیشتن بە ئاوێزانبوونی لەگەڵ دڵبردە وات لێدەکا گشت ساتێ عەوداڵی بیت. وەک چۆن نالی فەرمووی:
(یا توربەتێ، یاخوربەتێ، با ڕێبێکشین
هەر مونتەزیرە نالی ئەگەر مرد و ئەگەر ما)
وەک چۆن مەوڵانا ڕومی تەماشی پەرداخەکە دەکات، کەشەڕابی تێدایە. مەولانا وێلی شەڕابی نێو پەرداخەکەیە، چ سود ئەگەر پەرداخەکە زێڕبێ و ئاوی نێوی ژەهربێت؟!
من دەزانم گەیشتن بەهاودەمی ڕووح گەلێ سەختە. وەلێ سەختییەکان وا دەکەن بەردەوام بم.
مەحوی ئاسا:
(لەسەرخۆچوونە، شەیدابوونە، قوڕپێوانە، سوتانە هەتا مردن موحیبەتت ئێشی زۆرە، ڕێزی دەگرم)
ئاخر ناکرێ پەشیمان ببینەوە! دەرکرێ شەیدای نور پشت لەڕوناکی بکات؟
مەگەر دەکرێ سوتاوی ئەوین و عەشقی حەقیقەت دڵبردە فەرامۆش بکات؟ مەگەر دەکرێ بێ ڕووح بژین؟ئاخر “دڵبردە” سەرچاوەی ڕوح و گیانمانە.

بۆیە “ئەوین” هەر لەدەستپێکی ژین هەیە، تەنانەت لە شارستانییەتەکان لە ئایینەکانیشدا ئەوین نکۆلی لێ ناکرێ، وەک (لەشاریستانییەتی یۆناندا، ئاگاپە، ئیرۆس، فیلیا و ستۆرگ)هەن.
ئاگاپە:- عەشقی ئیلاهی وەک (ئەفرۆدیت خودای خۆشەویستی کوڕی زیوس خودای خوداکان و خودای ئاسمان).
ئیرۆس:- ئەوینی دڵبردە.
فیلیا:- ئەوینی هاوڕێ.
ستۆرگ:- ئەوینی دایک و باوک بۆ جگەر گۆشەکەیان. ٭ ٭
هەروەها” ئەوین” لەگەڵ ئایینیش هاتۆتە باس کردن. وەک(مەسحی و ئیسلام).
لەمەسیحیدا/ نامەی “پۆڵص”، کە ئاراستەی (تورنسۆسەکان) دەکات.
((‌ئەگەر بێت بە هەموو زمانەکانی دونیا و فریشتەکان بدوێم، بەلام خۆشەویستی نەبێ ئەوا من وەک گرمە گرمی دەهۆڵ و زیڕە زیڕی زۆڕنام.
ئەگەر بێتو بەزمانی خودا بدوێم، بەلام خۆشەویستی نەبێ ئەوا من هیچم. ئەگەر بێتۆ هەرچی هەمە ببەخشم خۆشەویستی نەبێ ئەوا بێ فائیدەیە.))
٭ ٭ ‌ ٭
لەئاینی ئیسلامیش دا ئەوین سێ جۆرن:-
۱/ئەوینی باڵا.
۲/ئەوینی ناوەند.
۳/ئەوینی نزم.
۱-ئەوینی باڵا/ ئەوینی خودا و پەیامبەرە.
۲-ئەوینی ناوەند/ ئەوینی دروستکراوەکانییەتی.
۳-ئەوینی نزم/ ئەوینی ماڵی دونیا.
لەقورئاندا لە 88 جار خۆشەویستی تەنها یەک ئایەت هەن باسی “ئەوینی ڕەگەز جیاواز “دەکەن ئەویش:

۞ وَقَالَ نِسْوَةٌ فِى ٱلْمَدِينَةِ ٱمْرَأَتُ ٱلْعَزِيزِ تُرَٰوِدُ فَتَىٰهَا عَن نَّفْسِهِۦ ۖ قَدْ شَغَفَهَا حُبًّا ۖ إِنَّا لَنَرَىٰهَا فِى ضَلَٰلٍ مُّبِينٍ [30]
دەسته‌یه‌ك له‌ ژنانی شار (به‌ ته‌شه‌ره‌وه‌) وتیان: ژنه‌که‌ی عه‌زیزی (میسر) ده‌یه‌وێ (هه‌وڵ ده‌دا) له‌گه‌ڵ غوڵامه‌که‌ی داوێن پیسی بکات. به‌ڕاستی خۆشه‌ویستی (ئه‌و غوڵامه‌) چووه‌ته‌ ناو په‌رده‌ی دڵی به‌ڕاستی ئێمه‌ ئه‌و (ژنه‌) ده‌بینین له‌ گومڕاییه‌کی ڕوون دایه‌، چونکە نەدەبوو لەگەل خزمەتکارەکەی کارێکی وا بکات.

لەم دەقەیەدا دەبینین کە خودا فەرموویەتی: خۆشەویستی لەقوڵای دڵەوە دێت.

لەئاینی ئیسلام مەرج هەن بۆخۆشەویستی وەک:
۱/لە چوارچێوەی دەستووری ئاین.
۲/بەوەفا بوون.
۳/شاردنەوە (باس نەکردن).
٤/ڕاستگۆیی.
٥/ئارام گرتن.
ابن حزم دەڵێ: ئەوین بەهۆی شکۆمەندییەوە وردن، بۆیە وەسف ناکرێ.
هەروەها “لەڕووی زانستیشەوە” کۆمەلێک تیۆری هەن باس لەئەوین دەکەن وەک:
‌‌‌‌‌٭تیۆرییە خۆشەویستییەکان.
۱-فیسۆلۆژی:-
بەگوێرەی تیۆری فیسۆلۆژی، گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانی (ئۆکسی تۆسین)، ماددەی ئەبنفرین لە لەشی مرۆڤ زیاد دەکات، لەوەختی سەرسام بوون بەکەسێ دەبێتە هۆی (گرژبوونی دەمارەکان، ترپەکانی دڵ زیاد دەبن، خێرایی هەناسەدان، سوربوونی پێست).
هەندێ لەزاناکان پێیان وایە، کە “ئەوین” بەهۆی هەندێ کۆمەڵەخانە، کە لە مێشکدا هەن پێیان دەوترێ(سیناپس) واتە: بنکەی هەستیاری سۆزەکان، کە دەکەونە بەشی دواوەی مێشک پێیان دەوترێ (چالی ژێرچاو )لەژێر هایپۆپلاموس.

هەندێکی تر بڕوایان وایە (35) شوێن لەمێشک داهەن، کە بە هەموو لەش بەستراونەتەوە گوێزەرەوەی هەستەکانن. هەروەها هۆڕمۆنی( NGF)، کە بەرپرسە لە مانەوەی هەستەکان بەرامبەر مرۆڤ.

۲- سێگۆشەی ئەوین:-
سێگۆشەی ئەوین ناسراوە بە (سترنبرگ)، کە ئەوین دەکاتە سێ بەش (سۆزداری، حەز و پابەندبوون)
بەگۆێرەی تیۆرییەکە ئەبێ ئەوین هەرسێک لەمانەی تیابێت.

*sternbegrg p.92-93
۳-جان لی:-
بەگوێرەی ئەم تیۆریە ئەوینی سەرەکی پێک دێت لەسێ بەش وەک:
۱/ئەوین بۆ هاوچەشنێکی دیاری کراو.
۲/ئەوین بۆ یاری.
۳/ئەوین بۆ هاوڕێ.
٭ http://www.psychology.about.com/
٤-ئیرک فرۆم:-
فڕۆم پێی وایە ئەوین پێک دێت لەچوار بەش وەک:
۱/سەرنجدان و بەئاگابوون.
۲/بەرپرسیارەتی.
۳/ڕێزگرتن.
٤/دانایی.
هەروەها فرۆم پێی وایە ئەوین بەدوو بەش دەناسرێتەوە ئەوانیش وەک:
۱/پەیوەندی قولی نێوان هەردوولا.
۲/شادی.
بەدرێژای باسەکە هەست دەکەین گەیشتووین بە گرینگی ئەوین، هیچ شتێک نییە نکۆڵی لە قەشەنگی ئەوین بکات، چونکە ئەوین هەوێنی ژینە، ڕێگایەکە بۆگەیشتن بەباڵایی و لوتکەی کامڵ بوون و جوانبینی ژیان و ئاسودەگی لەژێر چەتری ئەویندا.
وەک چۆن مەولانای ڕۆمی فەرمووی: ئەگەر ئەوین بچێتە نێوناخی کێوەکان ئەوان دەهەژێن و لەخۆشەویستی دەکەونە سەما.
بۆیە هەنگاونانی دڵ بۆ ئاوێزانی ڕووح گەشتێکی شکۆدارە بەرەو گەیشتن بە هەموو هیوا و ئاواتەکانی دڵ، چونکە گەیشتن بە دڵبردە خودی ئەوینە سەرچاوەی هەموو کەیفسازبوونێکە، دووری ڕێگای و ئازارەکانی گرینگ نییە.
وەک مەحوی فەرمووی: دەزانم بادیەی عیشق خەتەرناک کەچی هەرچووم، ئەگەر مام ئەگەر چووم،
لەبەر ئەمەشە کە ئەوین ئاسن نەرم دەکات بەرد دەتاوێنێتەوە.
ئەو ئەوینەی ئاوێزانی ڕوحی دڵبردە بوو هەرگیز خۆری ئاوا نابێت.

Previous
Next

Leave a Reply