Skip to Content

گۆڕانی فۆڕم و وەرگێڕانی مرۆڤ خۆی … سۆران ئازاد

گۆڕانی فۆڕم و وەرگێڕانی مرۆڤ خۆی … سۆران ئازاد

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 7, 2016 General, Marxism, Opinion

دیدی (کاڕل مارکس) بۆ ئامانجی ژیانی مرۆڤ و وەرگێڕانی ئەو ناوەڕۆکە هەر بە تەنیا لە پێناو مانەوە لە ژیاندا

(ئەم پارچە نووسینە بەشێکە لە پڕۆژەی کتێبێک لەژێر ناونیشانی “هێزی گۆڕینی ژیان”، کە لە ئێستادا کاری تێدا دەکەم).

چەمکی وەرگێڕان (Transformation)، (کە لە هەندێک کۆنتێکستدا وشەی گواستنەوەی و گۆڕان-یشی بۆ بە کار دەهێنم) لە ئاڕاستەکردنی هۆشیاریمان بۆ تێگەیشتن لە بونیاد و داهێنانی مرۆڤ ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. سەرەتا پێویست دەکات بزانین وەرگێڕان چییە و لە چ ئاستێکدا مامەڵە لەگەڵ بوونماندا دەکات. وەرگێڕان کرداری گۆڕینە. ئەو کردارە لە ئاستی و ئاڕاستەی جیاوازدا کار دەکات. ئێمە دەکرێت فۆڕمی شتێک بۆ شتێکی تر وەربگێڕین. وەکو ئەوەی مرۆڤ بەردەوام لە هەوڵی وەرگێڕان و دەستکاریکردنی فۆڕمەکانی سرووشتە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی خۆیی پێ پڕ بکاتەوە. ئێمە دەتوانین لە دارێکدا کورسی، مێز، لاپەڕە و دەیان شتی جیاوازتر دروست بکەین. ئەو کردارە وەرگێران و دەستکاریکردنی ڕەسەنیەتی فۆڕمێکە بۆ شێوە و فۆڕمی جیاوازتر لە خۆی. پاش ئەوەی فۆڕمە ڕەسەنەکەی وەرگێڕدرا و دەستکاری کرا، هەرگیز و هیچ کاتێک ناتواندرێت بۆ فۆڕمەکەی پێشوو، کە شێوە ڕەسەنەکەیەتی، بگەڕێندرێتەوە. دارێک، کە کرا بە کورسی، ناتواندرێت بکرێتەوە بەو دارەی، کە پێش کران بە کورسی هەبوو.

بەڵام ئایا ئەو وەرگێڕانە تەنیا فۆڕم و کەرەستە سرووشتییەکان لە خۆی دەگرێت، یان مرۆڤیش دەتواندرێت وەربگێڕدرێت و هەرگیز نەبێتەوە بەوەی، کە پێشتر هەبووە؟ ئایا بە دەستکاریکردنی فۆڕمەکانی دەرەوە، مرۆڤ دەتوانێت خۆی لەوە بپارێزێت، کە ڕەسەنیەتیەکەی لە دەست نەدات و خۆیشی بە هەمان شێوە بمێنێتەوە؟
بۆ دروستکردنی پردێک، کە نزیکمان بکاتەوە لە تێگەیشتن لەو پرسیارە، پەنا بۆ (کاڕل مارکس) دەبەین. ئەو لە پارچە نووسینی (ئایدۆلۆجیای ئەڵمانی)، کە لەگەڵ (فریدریک ئەنگڵس) نووسیویەتی، ئاماژە بە ئامانجی ژیان، کە دروستکردنی مێژووە دەدات و لە هەمان کاتدا، چی وامان لێ دەکات ئەو ئامانجە گۆڕان و لادان بە خۆیەوە ببینێت، دەخاتە بەر باس. هەر وەک لە بەشی (ڕەخنەیەک لە ئادیۆلۆجیای ئەڵمانی) دەنووسێت:

“… یەکەم مەرجی هەموو بوونی مرۆڤ و کۆتا مەرجی هەموو مێژوو ئەوەیە، کە {مرۆڤ} دەبێت لە ئاستێکدا و شێوە ژیانێکی گونجاودا بژێیت بۆ ئەوەی بتوانێت مێژوو دروست بکات. بەڵام بەر لە هەر شتێکی تر ژیان دەکەوێتە پێش هەموو شتێکەوە، خوارد، خواردنەوە، شوێنی حەوانەوە، جلوبەرگ زۆر شتی تر. یەکەم کرداری مێژوویی بەرهەمهێنانی شتومەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە، بەرهەمهێنانی ژیانی ماتڕیاڵ خۆی. لە ڕاستیشدا، ئەوە کردارێکی مێژووییە و بنچینەی هەموو دۆخێکی تری مێژووە، کە ئەمڕۆ وەکو هەزاران ساڵی تر دەبێت ڕۆژانە و کاتژمێر لە دوای کاتژمێر پڕ بکرێنەوە بە تەنیا لەبەر بەردەوامیدان بە ژیانی مرۆڤ.” ل. 7

(مارکس) دروستکردنی مێژوو ناخاتە پێش پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیان خۆی، چونکە بەر لەوەی ئێمە ڕۆڵی مێژوویمان هەبێت، لە بەردەم بەربەستە فیزیکییەکان داین. ئێمە لە ڕووی جەستەییەوە پێویستیمان بە بەرهەمهێنانی شتومەکە هەر بە تەنیا بۆ ئەوەی بتوانین بژین. ئەو خاڵە لای (مارکس) جێگەی ڕەتدانەوەیەکی گەورە نییە و نکۆڵیش لە گرنگیی پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە ناکات. ئەوەی کێشەی مێژوویی دروست دەکات ئەوەیە، کە بە پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە بەربەستەکانی بەردەم دروستکردنی مێژوو کۆتاییان نایەن، چونکە پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە مرۆڤ دەخاتە بەردەم هاوکێشەی ترەوە، ئەوانیش بەرهەمهێنانی پێداویستیی نوێن. کاتێک ئێمە پێویستیمان بە شتومەکێکە، بە پڕکردنەوە و تێربوون لەو شتومەکە، ویست و پێداویستیی شتومەکەی ترمان بۆ دروست دەبێت. بەرهەمهێنانی ئەو شتومەکە نوێیانە دەبن بە یەکەم کرداری مێژوویی.
ئەوەی (مارکس) پێمان دەڵێت ئەوەیە، کە یەکەم کرداری مێژوویی (historical act) دروستکردنی مێژوو خۆی نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانە لە پێناو بەردەوامیدان بە ژیان. ئەوە پارادۆکسێکی گەورەی ناو ژیانە، چونکە لە لایەک ئێمە ژیانمان بۆ ئەوەیە مێژوو دروست بکەین، لە لایەکی ترەوە ئامانجی دروستکردنی یەکەم کرداری مێژویی، لە دیدی (کاڕل مارکس)، دەبێتەوە بە بەرهەمهێنانی پێداویستییەکان بە تەنیا بۆ بەردەوامیدان بە ژیان.

یەکەم دۆخ، کە ڕووبەڕووی دەبینەوە پێداویستییە سەرەتاییەکانن، دووەم دۆخ، کە هەم دۆخ (circumstance) و هەم یەکەم کرداری مێژووییە، بەرهەمهێنانی شتومەکە و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانە. سێیەم دۆخ، کە لە هەمان پارچە نووسین (کاڕڵ مارکس) ئاماژەی پێی داوە ئەوەیە، کە لە هەمان ئەو کاتەی مرۆڤ خەریکی بەرهەمهێنان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیەتی، وەچە دەخاتەوە و مرۆڤی تر دروست دەکات بۆ بەردەوامیدان بە وەچە و جۆری خۆی. لێرەوەیە خێزان دەبێت بە یەکەم پێباندیی کۆمەڵایەتی. زیاتربوونی پێداویستییەکان پێداویستیی نوێ لەوانە زۆربوونی دانیشتوان زیاد دەکات. بۆیە لە دیدی (مارکس) ئەوە دۆخێکی کۆمەڵایەتییە.

(خستنەوەی ژیان – production of life) لای ئەو چ لە ڕووی کار و چ لە ڕووی خستنەوە، پێوەندییەکی دوانەیی دروست دەکەن، کە لە لایەکەوە سرووشتییەوە و لە لاکەی تریانەوە کۆمەڵایەتییە. هەر ئەو بەشە کۆمەڵایەتییەیە وا دەکات پێوەندیی لە نێوان تاکەکاندا دروست بێت و پێوەندییەکانیش پاڵنەری زیادکردن (productive force) بڕیاری لەسەر دەدات و ئاڕاستەی دەکات. بۆیە مێژوو لای (مارکس) هەمیشە دەبێت لە چوارچێوەی پیشەسازی یان پیشە و گۆڕینەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بخوێندرێتەوە.
بە خستنەڕووی دیدی (مارکس) بۆ ئامانجی ژیان بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە خودی ئامانجی ژیان و مێژوو وەرگێڕدراو یان گوستراونەتەوە. ئەو وەرگێڕانەی ژیان لە دروستکردنی مێژوو بۆ بەکارهێنانی مێژوو هەر بە تەنیا بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، وەرگێڕانی ناوەڕۆکی مرۆڤ خۆیەتی. لەو کاتەی، کە پێویستە ئێمە دەست بە ژیان بکەین، ئێمە دەست بە ژیان ناکەین، چونکە ئەوەی دەمانەوێت دەستی پێ بکەین، لە خۆیدا ناتەواوە. مرۆڤ ژیانێکی پڕی نییە، چونکە بەردەوام پێویستی بە تەرخانکردنی ژیانە بۆ پڕکردنەوەی ژیان خۆی. لێرەوەیە مرۆڤ ناوەڕۆکەکەی وەردەگێڕێت. ئەو پرۆسێسی وەرگێڕانە پێمان دەڵێت، کە لە بنچینەدا مرۆڤ وەردەگێڕدرێت و ناوەڕۆکی بۆ ئامانج و ویستی تر دەگوازرێتەوە.

ئەوە چەندە لەو ڕۆڵە مێژووییە دامان دەبڕێت، هێندەش پێمان دەڵێت، کە ئێمە دەتوانین بۆ فۆڕم و ئامانج و ناوەڕۆکی تر بگۆڕێین و خۆمان بگوازینەوە.
ئەو گۆڕانە ناوەکییە دەبێت بە پێناسمان و بڕیار لەسەر کەسایەتیمان دەدات. ئێمە کاتێک پێویستیمان بە کەسایەتییە، کە لە ناو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانە داین و لەگەڵ ئەو کێشە بنچینەیانە مامەڵە دەکەین، بە تەنیا کەسایەتی لە یەکتر جیامان دەکاتەوە.
خاڵێکی تر، کە لەو تێگەیشتنەی (مارکس) بۆمان دەردەکەوێت گۆڕانی مرۆڤە لەو کاتەی هەوڵی گۆڕینی فۆڕمە سرووشتییەکان دەدات. کاتێک مرۆڤ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان دەستکاری شێوە و ناوەڕۆکی یەکە سرووشتییە ڕەسەنەکان، لەوانە کەرەستەی خاو (raw material)، دەکات، هەر بە تەنیا بە دەستکاریکردنی سرووشت ڕزگاری نابێت، بەڵکو بەو دەستکاریکردن و گۆڕینەی سرووشت، سرووشت و خودی خۆیشی دەگۆڕێت و شێوە و ناوەڕۆکی دەگوازرێتەوە بۆ ناوەڕۆک و ئاستی تر، کە ئامانجی ئەو گۆڕانە لەبەر ئەوەیە بە کۆمەڵێک بەربەست بەستراوینەتەوە بۆ ئەوەی بتوانین بژین.
(مارکس) پێمان دەڵێت ئەوەی دەیکەین هەر ئەوە نییە، کە دەیکەین، بەڵکو دەرئەنجامەکانی ئەو کردنە گۆڕانی گەورە لە ئێمەدا دروست دەکە. ئەو گۆڕانە ناوەکیەش (inner transformation) ناوەڕۆکی مێژوو و بوونی مرۆڤ بەرەو ئاڕاستەی نادیار دەبەن.

—————————–
بڕوانە ئەم سەرچاوەیە

Mrax, Karl. The Germany Ideology’, part of the ‘A Critique of The German Ideology’ Book / Written: Fall 1845 to mid-1846. First. Published: 1932 (in full). Source: Progress Publishers, 1968

https://www.marxists.org/archive/marx/works/download/Marx_The_German_Ideology.pdf

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish