Skip to Content

بە دیار منەوە دا مەنیشه … سەدا جەودەت

بە دیار منەوە دا مەنیشه … سەدا جەودەت

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 27, 2019 General, Poems

وەک پەپولەیەک به دیار وەرزی
پڕ لە حەسرەتم، دا مەنیشه
حەزت نەچێته سەرینەکەی شەوانم
من ژنێکی بێ چاو و رووم

من ژنێکم….
له نیوەی شەوا حەزم دەچێته بینینی مانگ
له نیوەی شەوا ئاوی گوڵەکان دەدەم
بۆنی ئالۆڤێرام له خۆم تەرک کردوو
بەیانیەک له خەو هەلدەستم
ناوی خۆمم لەبیر چووە
بیرم چووە له کوێوە هاتووم و
لە کوێ لەنگەر دەگرم.

من ژنێکم وەک بۆقێکی پیس
شەوان له ناو قەوزەکان رادەکشێم و
خەون به بەچکه ماسی و بەچکه مراوویەوە نابینم
تاریکی له باوەش دەگرم بێ ئەوەی بیلاوێنمەوە
شەمشەمەکوێرەم و تەرکی روناکی دەکەم
پشت دەکەمه دوا تیشکی خۆری ئێواران

به دیار منەوە دامەنیشه….
چش بکه ئینجانە شینەکانم
چش لەوە بکە که دەستم لێی داوە
بۆنی ئالۆڤێره به ماڵەکەم پەرت و بڵاو کەوە
ببه به هەورێکی رەش و پەنجەرەی ژوورەکەم بگره
تۆ چیت داوە له ژنێکی دەم رووت
دەر و دراوسێ نما به شووم ناوم نەبا
له ئێوارەیەک دا هەناسەم لێ دەبرێ و
ئەم هەموو دەم رووتیەم فریام ناکەوێ
مانگ بەم هەموو گرینگی پێدانه روم لێ وەردەگێرێ
وەک گەلایەکی ڕەنگ زەردی پایزانە
دەکەومه خوارەوە و هەستانەوەم نییە
ژنێکی دەم رووت چ له زەردی پایزان تێدەگا
ژنێک به هەموو تەمەنیەوە چاوەرێی
هەورە پەشمەک ئاساکانی بەهاری نەکردبی
من ژنێکی تر نەبووم هەورەکان بێنمه بەر پەنجەرەکان و
به دیاریەوە شت بنووسم و بیدەم بە ئاوا
له هەر شوێنێ ئارامی هەبێ تێکی دەدەم و
دەنوکی کۆتڕەکانی ئاسمان دەبڕم و
هەڵیان دەواسم بە تەنافی حەوەشەوە
هێڵانەی کوکوختیەکان دەسووتێنم و
بۆنەکەی دەدەم به “با”
من وا ئافرێنراوم حەزم به دەنگه دەنگی نەورەسەکان بێ

به دیار منەوە دامەنیشه ….
گۆچان به دیار منەوە به دەست مەگڕە
وەک من حەزت نەچێته دار هەنجیره پیرەکان
لەگەل من دا له ناو باخه دار مردووەکان مەگەڕێ
تەبیعەتی قێزەوەنی من مەگڕه
که منالەکان به دار زەیتونەکەی بەر مالتان
جۆڵانەیان هەلخست دەریان مەکه
دامەنیشه…..

با دەم رووتی من تێکەڵ به شەونمی گوڵەکانت نەبێ
من لەو کوکوختیه تەنهاترم که به دەست منەوە
دەنوکی براوە و وەک فاحیشەیەک لێم دەروانێ
ئەو شەوانەی مانگ لێم ناڕوانێ
تێدەگەم مانگ باکی بەسەر بەچکه فیڵێکی رەزا قورسەوە نیه
تێدەگەم نەیزەکەکانیش قسە بۆ دەم روتی شارێکی سارد و سڕ ناکا
ئەو دەمەی دەستی خۆم له ناو خوێنم بۆ نادۆزرێتەوە
وەک قەلەرەشێک قاره قارم لێ هەلدەچنێ و
وەک ئەوەی دەنوکی کوکوختیەکان دوعایان لێ کردبم
تۆ مەلێ دا دەنیشم به دیارتەوە
با بۆنی هەلوژەی گەنیو له دەمتەوە نەیە
به دیار تەبیعەتی نەورەسیەوە دامەنیشە
با شەوان له پشت پەردەکانی پەنجەرەوە
گوێ نەگری لە چیرۆکی خوێنی دار تووێک
ئەوەتا گوڵی باخچەکەشم له دەستم وەرەز و بێزار بووە و
گازندەی ئەوە دەکا ئاوی نادەم
کەچی ئەو، رۆژ به رۆژ جوانتر ئەبێ
بیری بۆ ئەوە ناچێ له نیوەی شەوا
ژنێک به دەستە ئەسمەرەکانیەوە ئاوی ئەدا
و ئەو لە شیرینی خەو بینینە
جار جار پەڕەکانی ئەوەند پڕ و گەورەن
له باڵی تاله ئاوریشمەکانی تاوسێک ئەچن و
وەک مۆمێکی پیر تنۆک تنۆک ئەکەونە خوارەوە
ئەوەتا ئەویش نایەوێ له تەبیعەتی من تێبگا
نایەوێت بیری بۆ ئەوە بچێ که ژنێکی ئەوەنده بۆگەن و
مووخەنەتیش توانای خۆشویستنی گوڵی هەیه
ئەی نەورەسی جێماوم
تۆش تێمەگە و چش بکه به دیار دانیشتنمەوە.

ــــــــــــــــــــــــ
سەدا جەودەت

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish