Skip to Content

کۆمەڵگای خەوتوو … هۆشیارجەمال

کۆمەڵگای خەوتوو … هۆشیارجەمال

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 27, 2019 General, Opinion

زیاتر لە هەشت ساڵ پێش ئێستا، لەوڵاتی تونس، گەنجێک بەناوی (محمەد ئەلبوو عەزیزی) لەبەرامبەر دەست بەسەراگرتنی عەرەبانەکەی، کە سەرچاوەی بژێوی بوو ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا،پاش ماوەیەک مانەوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، بەڵام بۆیە سەرەتای هەڵگیرساندی شۆرش لە چەندین وڵاتی وەک (تونس ، میسر ، لیبیا ، بەحرەین ، یەمەن ،سوریا )،کە ئەمەی دوایان تائێستاش دۆخی وڵاتەکەی ناجێگرە.
خۆسوتاندنی محەمەد ئەلبوو عەزیزی ،کۆتایی هێنا بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری زین عابدین بن عەلی، و لەماوەیەکی کەمدا شۆرشگیران بە خۆپێشاندانی مەدەنی لە وڵات وەدریان نا.
گەر خۆ سوتاندنی ئەلبووعەزیزی، سەرەتای شۆرش بێت،ئەوا بەئاگای و هۆشیاری خەڵکی تونس بوو، لەئاست مافەکانی وای کرد درێژە بە خۆپیشاندانەکان بدەن هەتا گەیشت بەدەرئەنجامێک.
دەرئەنجامەکانی شۆرشی عەرەبی یاخود بە هاری عەرەبی، بەباش یاخود بە خراپ هەرچیەک بووبێت بۆمن گرنگ نیە لە ئێستادا،بەڵام ئەوەی بۆمن گرنگە، کە هەمان شێوازی خۆسوتاندن وەک ناڕەزایەک لەلایەن گەنجێکی شاری ڕانیەوە لە چەند ڕۆژی رابردوودا،لەبەردەم شارەوانی شارەکەیدا هێما وپەیامی گرنگە،کە وا کەسانێک هەن ناڕەزایەکەیان گەیشتۆتە ئاستێک ،کە ئامادەن خۆیان بسوتێن بە هۆی ئەو دۆخە سەختەی کە هەیە لە هەرێمی کوردستان.
چیرۆکی خۆسوتاندنی ئەم گەنجەی هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە داوای کردوە زەویەکەی بکات بەخانوو ، بەڵام شارەوانی شارەکە ڕێگرە چونکە بەرشەقام دەکەوێت ، لەگەڵ چەسپاندنی یاسادام ،بەڵام دەزگاکانی حکومەت پێش ئەوەی قورگی هاوڵاتیانی بێ دەسەڵات بگرن و یاسایان وەک خۆی لەسەر جێبەجێ بکەن، بچن لە و هەزاران زەویە بکۆڵنەوە ،کە کرا بە فێلا و باخی بەرپرسی حیزبەکەکانی هەرێم بە دەسەڵات و زۆرینەی حیزبە بەناو چاکسازی خوازەکان، و پاش دزەکانی چواردەوری بەرپرسەکانی ئەم هەرێمە و شەوان ژیانی شاهانەی، وەک میرەکانی وڵاتە عەرەبیەکانی تێدا دەبەنە سەر و ژیانی خەڵكە کەشیان وەک هاوڵاتیانی ئەفریقایە.
ناکرێت یاسا بکرێت بە تۆڕی ماسی ، هەرچی ماسی بچووکە بیگرێ و گەورەکانیش بۆی دەرچن ،ڕۆژانەش لەشاشەکانی تیڤیەوە نیشتمان پەروەری و شۆرشگێریمان پێ بفرۆشنەوە.

سیاسیەکانی ئەم وڵاتە، هەتا لەشاخ بەرپرس بوون لەژێر ناوی شۆرش گێری دا،نەوەی ساڵانی ٧٠ و ٨٠ کانی سەدەی ڕابردوویان خەڵەتاند ، دوای راپەڕین کە گەیشتنە دەسەڵات هەموو هەوڵێکیان لە پێناو خۆیان و خانەوانەدەکانیان خستە گەڕ ،سامانی سەرتاسەری کوردستانیان دابەش کرد بۆخۆیان.

پاشان هەر ئەم کۆمەڵە سیاسیە، کاتێک بۆنی نەوت مەستی کردن، ژمارە بێ کۆتایەکانی داهاتی نەوتیان دی، لەژێر ناوی چاکسازی و پاکسازی و حیزبی نوێ دا چەندین حیزبیان دروست کرد،و نەوەی دوای ڕاپەڕین دەخەڵەتێن، کە ئەم نەوەیە کوڕ و کچی ئەو دایک و باوکەن، کە لە شاخ خەڵەتێنران لەژێر پەردەی شۆرشەوە زۆرترین قوربانیان دا،بەڵام کەمترین مافیان دەست کەوت!
ئەم حیزبانە، کە بەناو شەڕی دادەپەروەری دەکەن، سەرە گەورەکانی سەرەوەیان هاوبەش و هاوکاری هاوڕێ کۆنەکانیان لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و ئامانجیان تەنها پەردە پۆشکردنی شکستەکانی دەسەڵات، و کپکردنی دەنگی نارەزای خەڵکە.
ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنە، کۆمەڵگای کوردیە کە ساڵانە سەرباری ئەوەی لەسەرجەم پسۆریە جیاوازەکانی بازاڕی کار و سەرچاوە مرۆیەکان و زانستە جیاوازەکان و زمانە جیاوازەکانە دەرچوو پێدەگەیەنێت، هاوشانی ئەوەی لەچەندین زانکۆی دەرەوە و ناوە دەرچووی ماستەر ودکتۆرای هەیە، کەچی کۆمەڵگایەکی خەوتووە ،بێ دەربەستە بەرامبەر خوێن و کەرامەتی مرۆڤێکی هاو دین و زمان و نەتەوەکەی، هیچ ڕووداوێک ڕای ناچەڵەکێنێت و تەنانەت ئەگەر خۆسوتاندنی مرۆڤێک بێت لە پێناو مافێکی رەوای خۆیدا.
هەر ئەم کەسانە، کەزۆربەیان گەنجن و وزەی چالاکی کۆمەڵگان و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان وتەو قسەکانیان دەبینی، هەریەکەیان بۆخۆی فەیلەسوفێکە ،بەڵام لە کرداریدا ناتوانن پێشڕەوی بچووکترن پەیامی ناڕەزایی بکەن، بۆسادەترین مافی خۆیان، کە پاش چارەکە سەدەیەک لە حکوم ڕانی کوردی بەدەستیان نەهێناوە ،وەک ئاو کارەبا و هەلی کار.
هەرچەند بیردەکەمەوە ناکرێت، وەک مرۆڤ بژیت و ئەو هەموو ناداد پەروەریەی هەیە، بیبینت لەم هەرێمە ،کە هەر حیزبێک بارستەی قەبارەی خۆی بەردەکەوێت، و هەمووسامانی سەرزەوی و ژێر زەویان بۆخۆیان برد،و ئاسمانیش کە زانیان بۆیان نابرێ ناچار ژینگەکەیان پیس کرد، و بۆتە هۆی دەرکەوتنی چەندین نەخۆشی لە ئێستادا، لەبەرامبەردا ڕووداوێکی وەک خۆسوتاندنی گەنجێک، ڕات نەچەڵەکێنێت، بۆ داواکردنی سادەترین مافەکانی خۆت و لەخەوی قوڵ بەخەبەر نەیەتەوە.

Previous
Next
Kurdish