Skip to Content

قەسەدە لە چاوەڕووانیی گۆدۆی سیاسییدا  …کامیار سابیر

قەسەدە لە چاوەڕووانیی گۆدۆی سیاسییدا …کامیار سابیر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 27, 2019 General, Opinion, Slider

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هێزەکانی پەیەدە، بە تایبەتییش لە فۆرمی قەسەدە( هەسەدە)دا، شەڕی موستەحیلیان لەگەڵ تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی( داعش) و سپۆنسەرە جۆراوجۆرەکانیدا دەکرد و خۆشبەختانەیش، لە مەیدانی عەسکەرییدا، براوە بوون. بەشێکی زۆری کوردستانی سوریا و هەندێ لە ناوچە عەرەبییەکانی سوریاشیان، لە کاولکاریی رزگار کرد و توانییان ئیدارەیەکی باش و پێکەوەژیان بۆ خەڵکەکەی بەسەر پێ بخەن. چۆن ئەو ئیدارە خۆجێیەی کە پێکهاتە جیاوازەکان بەدەر لە ئینتیمای نەژادیی، دیینیی و طائیفیی تێیدا دەژیەن، زۆر گرنگترە لە مەلحەمە عەسکەرییەکان کە بە خوێنی هەزاران لاوی سوریی، کوردی پارچەکانی تری کوردستان و خەڵکی بیانیی، تۆماریان کردووە، بەهەمان شێوەیش، ئیدارەدانی ئەم سەرکەوتنە عەسکەرییانە لەناو حەلەبەی سیاسەتی ئیقلیمیی، سوریی و جیهانییدا زۆر زۆر چارەنووسسازە؟

ئێستا، پاش ئەو هەموو دانیشتنە جۆراوجۆرانەی قیادەی قەسەدە لەگەڵ سوریا، ئەمێریکا و روسیادا کردوویانی، بە هیچ شوێنێک نەگەیشتوون. هۆکارەکان چیین؟ ئایا وەکو بە زمانی شەعبیی دەڵێن “سیاچارە”یە، یان بە عەقڵانیی و واقیعیی، بە وردیی و بەرچاوڕۆشنییەوە، هاوکێشە جیۆسیاسیی، عەسکەریی و هەژموونە ئابوورییەکانی زلهێزە جیهانییەکان، ناخوێننەوە و کاری پێ ناکەن؟ کوردەکانی سوریا بە رابەرایەتیی پەیەدە و لە ناو هێزەکانی قەسەدەدا، توانییان بە هاوکاریی ئەمێریکا و تەحالوفی نێودەوڵەتیی، شەڕێک لەگەڵ داعشدا بکەن کە موخریجەکانی هۆلیودیش، بە خەیاڵیاندا نەدەهات، هێزێکی مەیدانیی هەبێت بەو جۆرە نەک هەر تەحەدای داعش بکات، بەڵکو تێکی بشکێنێت. لە شەڕ گرنگتر ئەوەیە لە دوای سەرکەوتنی عەسکەریی، سەرکەوتنی سیاسیی، بە دەست بهێنیت.

بۆچی کوردەکانی سوریا، لە نێوان روسیا و سوریا لە لایەک و لە نێوان بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمێریکا، ئیسرائیل، سعودییە و ئیماراتدا، لە لایەکی ترەوە ناتوانن بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە بدەن؟ بەدەر لەوەی تورکیا و ئەردۆغان، تا رادەی فاشیزمی سیاسیی، دژایەتیی دەسکەوتەکانی پەیەدە دەکەن، بەڵام ئەم شێر و رێوییە لە نێوان جەمسەرە سەرەکییەکانی وەکو روسیا، ئەمێریکا و تورکیادا، ناتوانێت درێژخایەن بێت. بە تایبەتیی ئێستا کۆمپانیا بیانییەکان، بەتایبەتیی ئارامکۆ و کۆمپانیا رۆژئاواییەکان، بە سپۆنسەریی ئەمێریکا، ئیسرائیل، سعودییە و ئیمارات، بە ئاشكرا دزیی لە سوریا دەکەن، چونکە حکومەتەکەی ئەسەد، سەروەریی سیاسیی و عەسکەریی لەو ناوچانە لە دەست داوە. هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دەکرێن، نەوتی سوریا بە شێوازێکی چەتەگەرییانەی مۆدێرن، دەدزرێت و هێزەکانی قەسەدەیش، رۆڵی پاسەوانیی دەگێڕن، بە کەمێک لە شەراکەتی شییریینیی نەوت و پارەی رەیع، دەیانەوێ ئەم بیزنسی رەیعە، درێژە بکێشێت.

دوای ئەوەی شەیتانی شەڕ و ئاژاوە، شەیتانی تاڵانیی و وێرانکاریی ( بێرنارد لێڤی ) سەردانی قیادییە عەسکەرییەکانی قەسەدەی کرد، ناڕۆشنییەکان، روون دەبنەوە و ئەنەکەسەی هێزە پرۆکسییەکانی (تورکیا و پارتیی)، بڕیارە بەشدارییان لە پرۆژەی نەوتفرۆشییدا پێ بکرێت، ئیتر رۆڵی سیاسیی قەسەدە، بەرەو پاسەوانیی لە چاڵە نەوتەکان دەچێت و دەبێت خۆی لەگەڵ بەرژەوەندیی هەموو هێزە داگییرکارەکانی سوریادا( ئەمێریکا، تورکیا) بگونجێنێت. ئەمەیش راستەوخۆ بەریەککەوتنی لەگەڵ روسیا و سوریادا لێ دەکەوێتەوە.

لە درۆ گەورەکانی تەمەڕودە عەسکەرییەکانی کورددا، لە کوردستانی عێراقدا، هەمیشە ئەوە گوتراوە کە رژێمەکانی عێراق، هەموو رێگەکانی تریان لە کورد بەستبوو، بۆیە ئەم مافیایانەی کوردایەتیی دەستیان دایە چەک و تەقوتۆقیان دەست پێکرد.
لە کاتێکدا هەموو یاخییبوونە چەکدارییەکان، لە ئەیلولەوە بۆ شۆڕشی نوێ و گوڵان، هەمووی بە تەحریکی موخابەراتیی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی بووە و لە دوور و نزیکەوە پێوەندیی بە مافە سیاسییەکانی گەلی کوردەوە، نەبووە. ئێستا کوردەکانی سوریە هەمان بیانوو دەهێننەوە و دەڵێن سوریا و روسیا، ساغ نیین و دەستیی دەستییمان پێ دەکەن و بە هیچ ناگەین لەگەڵیاندا! لە واقیعدا، ئەوە قەسەدەیە، بەهۆی بەڵێنە زارەکییەکانی هەندێ ژەنراڵی ئەمێریکییەوە، چاوەڕووانیی گۆدۆیەکی سیاسیی دەکەن و نایانەوێت، لەگەڵ رژێمەکەی ئەسەددا، رێک بکەون.

دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگییرێت کە پێش راپەڕیینی خەڵکی سوریا دژ بە رژێمەکەی ئەسەد، بەشێکی زۆری کورد، تەنانەت بۆیان نەبوو ناسنامەی سورییشیان هەبێت، بەڵام پاش وەرچەرخانێکی سیاسیی و عەسکەریی زۆر، هەموو هاوکێشەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. ناکرێت تا دوێنێ، هیچت نەبووبێ، ئێستایش بە ناڕاستەوخۆ، داوای دەوڵەتۆکەیەکی رەیعیی بکەیت لەناو دەوڵەتدا و پاسەوانیی لە سامانە سروشتییەکانی سوریا بکەیت بۆ هێزە بیانییەکان و ئەم بیانووانەش بۆ ئەوە بن کە لە تەڕ بخۆن و لە وشک بخەون. لە پاڵیشەوە، پشکیان لەو نەوت دزیینەی سوریادا هەبێت، رێک وەکو شۆڕشگێرە فاسیدەکانی کوردایەتیی لە کوردستانی عێراقدا، پاساو بۆ فرۆشتنی نەوتی قاچاغ بهێننەوە.

هەندێک مێنتاڵیتی سیاسیی هەن کە پەروەردەی حیزبییان لە ستالینیزمەوە نزیکە، هەمیشە دەڵێن کوردەکانی سوریا نابێ رەخنەیان لێ بگیرێت وئەوان کاری خۆیان باش دەزانن. ئەمە جگە لە عونجوهییەتی ستالینیی، شتێکی تر نییە. پرۆسێسی جێکەوتبوونی نەتەوە و گرووپە کۆمەڵایەتییان، لە باری سیاسیی، مێژوویی، زمانیی و کولتوورییەوە، کاتێکی زۆری دەوێت، لای کەم صەدان ساڵی دەوێت، ئێستا کوردەکانی سوریا کە بە کرمانجیی سەروو، دەدوێن و بە لاتینییش دەنووسن، لەگەڵ ئەم کرمانجیی ناوەڕاستەی ئێمە پێی دەنووسیین( ئارامیی-عەرەبیی)، جگە لەوەی نەژادمان یەکە، بە تەواویی بەرەو دوو زمانی جودا( نەک وەکو هەندێ کەس دەڵێن دوو ستاندەرد) هەنگاو دەنێین و لە ئاییندەی نزیک و دووریشدا، ئەم جیابوونەوە زمانییە، شەقڵی سیاسیی، کولتووریی و زمانیی زیاتری تێدەکەوت.

رێک وەکو ئەو جیاوازییانەی لە نێوان زمانی تورکیی، ئاذەریی، تورکمانیی، ئۆزبەکیی…تاد، یان لە نێوان فارسیی، دەریی و طاجیکییدا هەیە. ئەم کورتەیەم بۆ ئەوە بوو کە کوردەکانی سوریا و ئێمەی کرمانجیی ناوەڕاست، شتی یەکتر زۆر بە کەمیی دەخوێنینەوە، بەڵکو لە رێگەی زمانی عەرەبییەوە، وەکو زمانی هاوبەش، لەیەک دەگەین. ئەوەی هەمانە بەشێکی وەکو رەگێکی نەژادیی تێماندا هەیە و هەردوولامان خۆمان بە کورد ئەژمار دەکەین. بە واتایەکی تر، لە جوغزی نەژادییەوە، کوردین.
ئەصڵی مەطڵەبیش ئەوەیە هەر رەخنە و سەنایەکیش بکرێن، دەبێ یان لە رێگەی زمانێکی ترەوە بێت، یاخود کەسێک بە تایبەت پێیان بگەیەنێت. هیوادارم ئەو هەموو خەڵکەی خۆیان بە ئاپۆچیی دەناسێنن، رەخنەکانیشیان وەکو سەناکردنەکان، پێ بگەیەنن.

وێڕای هەموو ئەو هاودەنگیی و پەرۆشییەی میلیۆنان کوردی کوردستانی عێراق و ئێران بۆ کوردەکانی سوریا هەیانبوو و هەیانە، بەڵام نابێ “سوء الاستفادة” لەو هاودەنگییە وەربگیرێ، بەڵکو دەبێ گوێ لە رەخنەکانیش بگرن و بەرەو هەمان تەجروبەی فاشیلی کوردستانی عێراق، لە ژێر وەهمی دەستکارییکردنی نەخشەی ناوچەکە و هەڵوەشاندنەوەی سایکس پیکۆ …تاد، جڵەوی عاطیفەی سیاسیی و حەنینیان بۆ پارەی رەیع و نەوتفرۆشیی قاچاغ نەجوڵێت و تەواوی تەجروبەکەیان نەخەنە مەنگەنەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی جیهانییەوە. دونیای سیاسیی ئێستا، دونیای سەردەمی باڵادەستیی تەنیا دوو زلهێزی جیهانیی ساڵانی سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم نییە کە تەنیا فڕانس و بریتانیا، بڕیاردەربوون. ئێستا روسیا، چین( صین) و ئەمێریکایش هەن و بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانیان، زۆر لەوە ئاڵۆزترن کە بە فەنتازیای نەژادیی و وەهمی کوردایەتیی، چاوەڕووانیی ئەو گۆدۆیە بکەیت کە دەستکاریی نەخشەی ناوچەکەت بۆ دەکەن.
لە ماوەی نییو صەدەی رابردوودا، ئەو پێنج وڵاتە، تەنیا لە پرۆژە عەسکەریی و ئەتۆمییەکاندا، چەندیین تریلیۆن دۆلاریان، خەرج کردووە، هیچیان ئامادە نیین بۆ ویستی ئەویتریان تەنازول بکەن، تا وڵاتێکیان یان دووانیان، غەزەل لەگەڵ حەز و خولیای رەیعیی هەندێ قیادەی عەسکەریی کورددا بکەن و خەلانۆچکەیەکی شێخنشیینیی یان ئیمارەتێک بۆ قیادییە عەسکەرییە”پرۆ”کانی خۆیان لە ناو سوریادا، رۆ بنێن.

کوردەکانی سوریا، هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیان لە عەفرین کرد، چونکە دەیانوسیت پۆز بەسەر روسیا و سوریادا لێ بدەن، سەرەنجام لەسەر صینییەکی زێڕیین، روسیا بۆ ئەجێنداکانی خۆی، پێشکەشی تورکیای کرد. باشترە بۆ کوردەکانی سوریا، بە کەمتریین دەسکەوتیش بێت لەگەڵ سوریا و روسیادا مامەڵە بکەن و چییتر خۆیان خۆشخەیاڵ نەکەن بە ئەمێریکا، سعودییە، ئیمارات و ئیسرائیل..تاد. مافی سیاسیی نەتەوەیەک، بە کۆنترۆڵکردنی چەند کێڵگە نەوتێک بە دەست نایەت.
شەرعییەتی نێودەوڵەتیی بۆ دەوڵەتی ناوەندە کە دەست بەسەر سامانە سروشتییەکانیدا بگرێت، نەک بۆ هێزێکی وەکو قەسەدە کە بە صەدەقە چەک و تەقەمەنیی دەدرێتی. پێش ئەوەی گەلانی سوریا و ناوچەکە زیاتر رق و قیینیان بەرامبەر قەسەدە هەڵسێت، باشترە بە قەرارێکی سیاسیی جەرییئانە، دوور لە هەژموونی ژەنراڵە عەسکەرییەکان کە بوونە بە پرۆ-ئەمێریکایی، بڕیارێکی سیاسیی عەقڵانیی لەم بێسەروبەرییە بدەن و بۆ حەبلی لۆژیکی سیاسیی بگەڕێنەوە.

بە کورتییەکەی چارەنووسیان لە دیمەشق و حەڵەب یەکلا دەکرێتەوە نەک لە شوێنانی تر. لە باری باڵانسی عەسکەرییشەوە کە روسیا وەکو تەنیا وڵات لە دونیادا، خاوەنی چەکی هاپیەرسۆنیکە(hypersonic )، نەک هەر دەستبەرداری سوریا نابێت، بەڵکو دوای ئیدلیب، لە هەوڵی گەڕاندنەوەی کوردستانی سوریادا دەبێت، بە شەڕ بێت یان بە ئاشتیی، ئەمە دەکات. باشترییشە، قەسەدە، ئەم دەستپێشخەرییە بکات و بیانووی تورکیا، بە یەکجاریی ببڕێت و خۆیشیان لە چاوەڕووانیی گۆدۆ، رزگار بکەن.

Previous
Next
Kurdish