Skip to Content

لە کۆتایی چاوەڕوانیدا … عومەر سەید

لە کۆتایی چاوەڕوانیدا … عومەر سەید

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2020 General, Literature

لە بیرمە سەرەتا ماڵی میمکم رووی لە پانتاییەکی بەرفراوانی سەوزیی بوو. پشتی کردبووە ئۆردوگا قەرەباڵغەکە، تاقە ماڵێکی چکۆلانەی پەڕپووت، کەوتبووە هەرە دامێنی خانووە خوار و خێچەکانەوە.
لە چەند ساڵی یەکەمی بنیاتنانی ئۆردوگا زۆرەملیەکەدا، بستێک خوارتر لە دەرگای حەوشەی ماڵەکەیەوە، هەموو بەهارێک دەبووە پەڵەی فەریکە نۆک، وەک فەرشێکی ئەستووری سەوز, تەواوی دەشتاییەکەی دادەپۆشی. وەک چۆن بەفر چیا دادەپۆشێت.
میمکم کەس کەسی نەبوو, جگە لە خۆی و خودا، کەسیتر لەو ماڵە چکۆلانەیەیدا نەبوو. تاقە ژوورێک و بەر هەیوانێکی بچووک بە دەمییەوە, حەوشەیەکی فراوانی تەنەکە رێژ هەبوو. هەرچی جارێک دەچوومە لای، دەمبینی لە بەردەم دەرگای حەوشەکەیدا هەڵکورماوە و لەگەڵ هەر دەنکە تەسبیحێکی نێو دەستە زبرەکانی، لە ژێر لێوەوە دەڵێت:
” اللهم صلي على محمد و على اله محمد”
چاوە کزۆڵەکانیشی بڕیوەتە ئەو لا رێگەیەی کە کەم و زۆر بە دەگمەن مرۆڤی پێدا رەت دەبێت. بە بینینی منی چکۆلانە، دەگەشایەوە و خێرا هەندێک وردە پارەی دەخستە مشتمەوە و دەیوت:
” بچۆ فەریکە نۆکی پێ بکڕە”
ئیدی دەمەو عەسران، بە دیار باوەشێک فەریکەنۆکەوە دادەنیشتین و لەگەڵ عەسرە چادا، دەنک دەنک دەمانخستە زارمانەوە. (تا ئێستاش منداڵیی نێو یادەوەریم، تامی ئەو فەریکە نۆکانە دەدات). خەڵکی نێو ئۆردوگاکە کەوتبوونە ژێر باری قورسی ژیانەوە، بە هەموو نەگبەتییەکانیەوە، وەک ئەوەی تاعوون لێیدابن، بە لێشاو لار دەبوونەوە و هەناسە سارد دەمردن. زۆری نەبرد، کێڵگەی فەریکە نۆک وەرگەڕا و بوو بە کێڵگەی کێلی گۆڕ. لە ئێستادا هەموو شت گۆڕاوە، تەنیا ماڵە شڕە لانەوازەکەی میمکم نەبێ. هێندە نەبێت جاران پێشی کێڵگە بوو، ئێستا گۆڕستان، جاران توولە رێیەکی خواروخێچی پێدا تێدەپەڕی، ئەمێستا راستە شاڕێیەکی فراوان کە رۆژانە چەندین و چەندین تەرمی پێدا تێدەپەڕێت، لە دۆزەخەوە بۆ دۆزەخ.
من گەورە بووم و بە مەبەستی خوێندن چوومە شار، میمکیشم، وەک کارگوزار لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئۆردوگاکەدا دامەزرا. بەیانان تا دەمە و نیوەڕۆ پۆلی منداڵەکان پاک دەکاتەوە و دەمە و ئێوارانیش، لە بری دانیشتن و چاوەڕوانی بەر دەرگا، دەچێتە نێو گۆڕستانەکە.
_ یەکەم سێ ساڵی نێو ئۆردوگاکەم بە چاوەڕوانی بردە سەر. پێموابوو لە هەر ساتێکدا بێت. کوڕەکەم دێتەوە و لە بەردەم دەرگای حەوشەکەدا، باوەشی پێدا دەکەم و تێر تێر ماچی دەکەم. دڵی دایک، پڕە لە سۆز و خۆشەویستی، لە رێگەی خەونەوە، پەی بە هەموو راز و نهێنی و حەقیقەتێک دەبات.
سوبحەینانێک، بە خەبەر هاتم و زانیم چیتر کوڕەکەم دڵی لێنادا و لە ژیاندا نەماوە. پێشتر چاوەڕوان بووم بە پێیەکانی خۆی بێتەوە و زیت و زیندوو لێم بڕوانێت. بەڵام پاش ئەو خەونە، چاوەڕێ بووم لە ناو دارمەیتێکدا بۆم بهێننەوە تا لە تەنیشت خۆمەوە گۆڕێکی بۆ هەڵبەستم و منیش وەک خەڵکی هەر کات ویستم، بچمە سەر مەزارەکەی و بیدوێنم و بە سەریدا بگریەم. لەوە دەترسام تەرمی کوڕەکەم، درەنگ بگات و لە گۆڕستانەکەی تەنیشتمەوە جێگەیەکی بۆ نەمێنێتەوە.
ماوەیەک خۆم بە هەڵکەندنی گۆڕی کوڕە تەرم بزربووەکەمەوە خەریک کرد. هەموو رۆژێک پاش گەڕانەوەم لە دەوام، خاکەناز و قازمەکەم، هەڵدەگرت و دەچوومە نێو گۆڕەکانەوە و لە جێگەیەکی باشدا، کە هەر چوار لای گۆڕ بوو، دوو چاڵە گۆڕی جوان و باشم لێدا. یەکێکیان بۆ کوڕەکەم و ئەویتریش بۆ خۆم. ئێستە من پیرەژنێکم هەموو ئێوارانم لە نێو چاڵی دوو گۆڕدا، بە نزا و گریانەوە بەسەر دەبەم. تاقە ئومێدم، گەڕانەوەی تەرمی کوڕەکەمە، بەر لەوەی خۆم ببم بە تەرم.
_ جارێکیان لە گەڕانەوەمدا و لە ئێوارە عەسرێکی باراناویدا، رووە و میمکم کەوتمەڕێ. دەرگای شەقوشڕی حەوشەی ماڵەکەی کەوتبووە سەر پشت. لە ژوورەوە چەند بزنێکی لاساری رەش، دەمیان ژەنیبووە تەشتە نانەکەی و بە قەپاڵی گەورە دەیانماشییەوە. پڕمدانێ و پەلە و بە دەمی پڕ نانەوە، تێیان قووچان و هەڵهاتن.
بە دوای خۆمدا دەرگاکەم کڵۆمدا و یەکسەر بەرە و گۆڕستانەکە چووم. بە نێو گۆڕەکاندا و زیکزاک خۆم گەیاندێ. لەو ئێوارە باراناوییەدا، میمکم لە کۆتەرە دارێکی رەش دەچوو، کە بە ئاگری ئافات سووتابێت. بێئەوەی بە خۆی بزانێت، لە نێو ئەو دوو گۆڕە سەر بەتاڵەدا، ببووە سومبوولی کارەسات. کاتێک منی بینی، وردە وردە، وەک گوڵێکی پەشمووردە گەشایەوە، بەرامبەری دانیشتم و هیچم نەوت، ئەویش ورتەی لە دەم نەهاتە دەر.
لە نێو سکوونی گۆڕەکاندا، من و میمکم بەرامبەر بە یەک، لە کێلی سەر گۆڕێک لە گۆڕەکان دەچووین، نەک دوو مرۆڤی زیندوو. رۆژانێک بەر لە ئێستا، منیش وەک ئەم میمکە داماوەم، هەموو رۆژێک دەهاتمە نێو ئەم گۆڕستانەوە، بەڵام من بە مەبەستی خوێندن و سەعیکردن دەهاتمە ئێرە و لە ژێر سێبەری کاڵی توو نەمامێکی سەر گۆڕێکدا، پشتم لە کێڵێک توند دەکرد و دەسکەوتە گرنگەکانی شۆڕش و سووڕی ژیانی بۆقم لەبەر دەکرد.
میمکە خێر لە خۆ نەدیوەکەم، بە دەم نزا و پاڕانەوەوە لێوەکانی تەتەڵەیاندەکرد. زووڵفە سپییەکەی لە ژێر هەورییەکەیەوە شۆڕ ببووە لای چەناگە قوپاوەکەی و تک تک دڵۆپە بارانی لێدەچۆڕا. چاوە کز و بە قووڵاچووەکانی، پڕ و تەڕ فرمێسک بوون. وێنەی خۆرێکی سەوزکاڵ، لە بەرزایی لا تەنیشتی چاوی چەپیدا کوترابوو، کە لەگەڵ خۆیدا دەکەوتە ورتە ورت، وەک خۆری سەر ئاڵایەک، هەستم دەکرد دەشەکێتەوە.
لە سەر خۆ و بە ئەسپایی، بێ ئەوەی سرووتی ماتەمگێڕی بشێوێنم، لێمپرسی:
” میمی، جاران ئێرە چ دڵگیر بوو. هەتا چاو بڕیکردایە سەوزایی بوو، کەچی بوو بەم گۆڕستانەی کە بەردەوام دەکشێ و پەلوپۆ دەهاوێت. وابڕوات وەک ئەژدیهایەکی حەوت سەر، ماڵەکەت و هەموو ئۆردوگاکەش لووش دەدات.”
پاش ئەوەی لە دووعاکانی بووەوە، لە ژێر لێوەوە وتی:
” ئەو کاتانەی منداڵان، بە باوەشی پڕ فەریکە نۆکەوە بە کۆڵانەکاندا دەخولانەوە و دەسکەنەیان دەفرۆشت، لەو کاتەوە دەمزانی ئێرە دەبێتە گۆڕستان.”
پێم وت:
” میمکە گیان، چۆن دەتزانی!؟”
” لە خەونی پاش نوێژی بەرەبەیانێکدا، تۆم بە دەسکە نۆکێکەوە بینی. دەستت برد و دەنکە فەریکێکت هەڵپچڕی، لە بری دەنکە نۆکی سەوز و نەرم و بە تام، کرمێکی گرمۆڵەی مردووت هات بە دەستەوە. توڕت هەڵدا و دەنکێکی ترت هەڵپچری، دیسانەوە کرمە مردوویەکت بۆ دەرچوو. پێکەوە هەرچی ناوکە فەریکەکان هەبوو هەڵمان پچڕین، لە هەر هەموویاندا، کرمی مردوو هاتنە دەرێ، نەک فەریک. بە جووتە هەستاین و چووینە نێو کێڵگەکەوە، لەوێش هەر قاوغێکی سەوزی فەریکمان هەڵدەبچڕی، کرمێکی مردوو لە نێوان پەنجەکانمانەوە دەکەوتنە بەر پێیەکانمان، تا وایلێهات ژێر بنچکەکان، پڕ پڕ بوون لە کرمی بێگیان و بێ جووڵە.
لە پاش خەونی ئەو بەرەبەیانەوە، چاوەڕوانی بەر دەرگای من بۆ لە باوەش کردنی کوڕە بزر بۆکەم، گۆڕا بە چاوەڕوانی تابووتێک، تەرمی کوڕەکەمی تێدا هەڵگیرا بێت. هێشتا ساڵ و نیوێک بە سەر خەونەکەمدا تێنەپەڕی بوو. نیوەی دەشتاییەکە بوو بە گۆڕستان و بەردەوامیش تەرمی زیاتری بۆ بە ڕێدەخرا و هەر دەکشا.
پاشان ئا لێرەدا، ئەم دوو چاڵەم بۆ گۆڕ هەڵکەند. دڵنیام ئەو رۆژە هەر دێت، کە ئێسک و پروسکی کوڕە ئەنفال کراوەکەم دەگەڕێنرێتەوە ئێرە. من باشمکرد، جێگەی خۆم و کوڕەکەم ئامادە و سازە. تاقە داواکاریشم لە خودا ئەوەیە بەر لەوەی بچمە ئەم گۆڕەی خۆمەوە، کوڕەکەمم خستبێتە گۆڕەکەی خۆیەوە.”
لە دڵی خۆمدا، بە هەناسە ساردییەکەوە وتم:
” ئای لە بەد بەختی و نەگبەتی تۆ میمی، چەندین ساڵە بە دیار ئەم دوو چاڵەوە چاوەڕێ دەکەیت. جگە لە خۆت، کەسیتر لە خەمی گەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالەکاندا نییە. دڵنیام گۆڕەکەی خۆت، پڕ دەبێتەوە و پێناچێت تا ئەبەدیش چاڵی کوڕەکەت ببێتە گڵکۆ و کێلێکی لە سەر نوسراو بە خۆیەوە ببینێت.”
***
بە هەنگاوی قورس و لە سەر خۆ بە نێو گۆڕەکاندا هەڵکشا. لە نێوان هەر دوو گۆڕەکەدا هەڵوەستەیەکی کرد. بە ئەسپایی بوخچە رەشەکەی بن هەنگڵی دانایە سەر زەوییەکە و تاوێکی باش بە سەریدا گریا. پاشان خۆی هەڵدایە نێو یەکێک لە چاڵەکان و بە دەستە زبرەکانی، تەواوی خۆڵ و خاشاکەکەی فڕێدایە دەرەوە. لە نێو چاڵەکەوە دەستی برد و بوخچەکەی لە لێواری چاڵەکە نزیک کردەوە و وردە وردە گرێکانی کردەوە.
ئێسکە کەللەسەرێک و کۆمەڵێک ئێسک و پروسکی سپی سپی وەدەرکەوتن. یەکەم جار بە هەردوو نێو لەپی و زۆر بە رێزەوە، کەللەسەرەکەی هەڵگرت و تاوێک لێی راما.
دوو جێ چاوی قووڵ و ریزە ددانی سپی لە سەر یەک نیشتبوو، هێڵێکی بازنەیی رێک و باریک لە ئاستی نێوچاوانی کەللەسەرەکەوە و بە هەردوو لادا تا پشتە سەرەکە کشابوو. توند توند کەللەسەرەکەی نووسان بە سینگییەوە و وەک ئەوەی کۆرپەلەیەکی گرینۆک ژیر کاتەوە، کەوتە لاواندنەوەی:
” کوڕە جوانەکەم، وەک ساتی منداڵیی بۆ دواجار سەر بخەرە سەر سینگی دایکت، لە بیرتە تا سەرت نەخستایەتە کۆشمەوە خەوت لێنەدەکەوت.”
یادەوەری هەڵیپێچا بۆ ئەو رۆژەی، بە پرتاو و گریان و جەستەی خوێناوییەوە خۆی کرد بە ژووردا.
پەنجەکانی گێڕا بە کەللەسەرەکەدا و لە بەر خۆیەوە کەوتە دواندن:
” ئەوە جێ برینی ئەو رۆژەیە لە شەڕە قۆچانیدا شکا. لە بیرتە سووتماکی پەڕۆم بۆ خستیتە سەر و پاشان بە پەڕۆیەکی سپی بۆم پێچایت و ئەوجا هاوارت دەکرد، دایکە منت کردۆتە مەلای گوند.”
هەر دوو جێ چاوی کەللەسەرەکە وەک دوو کانیلە پڕ پڕ بوون لە ئاو، ئاوی سوێری چاوانی دایک، بە سەرنجی قووڵەوە لێی رامابوو. ئاخر ئەمە دووا بینینە،
بێ ئاگا لە فرمێسکبارانی چاوانی خۆی هاواری کرد:
” توخودا، رۆڵە فرمێسکی ناسۆر مەڕێژە سەر دەستەکانم، چیتر مەگری، ئیتر تەواو تۆ لای دایکی خۆتی، تۆ لە لمەوە گەڕایتەوە بۆ خاک.
خودا هاوار لەو زاڵمانە چییان بە سەر هێناوی، رۆڵەکەم کە بردیانی کەی ئاوابوویت، ئا لێرەدا دوو چاوی رەشی گەش، چەشنی دوو دەنکە ترێی بەر خۆرەتاوهەبوو. لووتێکی باریک، دوو لێوی تەنک و ئاڵ، ئەم ریزە ددانانەی داپۆشی بوو. کاکۆڵێکی رەشی لوولپێچ، چ جوان و نازدار بوون.”
لە نێو دەستەکانیدا و لە پڕ ئێسکیچەناگەی پڕ ددانی کەللەسەرەکە بەرە و خوار ترازا و دەمی تا بنا گوێی داپچڕا.
دایکە شڵەژاو، کەوتە راژەندن و لاواندنەوەی:
” نانا، رۆڵە مەگریی، توخودا مەگریی”
شڵەژا و داماو نەیدەزانی چۆن کۆرپەکەی ژیر کاتەوە. پەنجەی شایەتمانی بە ئەسپایی دەکێشا بە سەر ددانەکانیدا و پس پسی بۆ دەکرد. بەڵام کەللەسەرەکە ژیر نەدەبووەوە، دەمی پڕ ئازار و هاواری داپچڕی بوو. لە نێو باوەشیدا رایدەژەند و نەرمە گۆرانی دەدا بە گوێیدا، کەچی سوودی نەبوو. ناچار یەخەی کراسە رەشەکەی بەری خۆی دادڕی و مەمکە شۆڕ و سیسەکانی خۆی دەرهێنا و خۆی شۆڕ کردەوە بۆ نێو چاڵەکە و چوار مشقی لێیدانیشت. گۆی مەمکی خستە نێو بۆشایی هەر دوو ریزە ددانی کەللەسەرەکە و هێمن و لەسەر خۆ، چەناگەی کەللەسەرەکەی بەرز کردەوە تا ئەو ئاستەی هەستی بە ئازاری سەر گۆی مەمکی کرد، کە کەللەسەرەکە توند قەپاڵی پێدا کردبوو.
” تەواو ئیتر نەگرێی، تێر و پڕ شیر بخۆ و بۆ ئەبەد بنوو.”
پشتی دایە دیواری چاڵەکەوە و پێلۆکانی خستە سەر یەک و هەناسەیەکی قووڵی شادومانی هەڵمژی. لە ناخەوە هەستی بە کزە تەزوویەکی لەزەتاوی ئارامبەخش کرد, کە سەرچاوەکەی گۆ مەمکی نێو زاری کەللەسەرەکە بوو.
پاش قەدەرێک، سەری بەرز کردەوە و دوا نیگای بڕییە کۆرپەلەکەی ئامێزی، بە هەر دوو دەستی بەرزی کردەوە و هێدی هێدی خستییە سەرووی چاڵەکەوە و لە سەر لا داینا و بە سەریدا خۆی شۆڕ کردەوە و هێمن، نەکا خەبەری بێتەوە، تەنکە ماچێکی کرد.
هەستایەوە سەر پێی و دیسانەوە دەستی بردەوە نێو بوخچەکە، ئەمجارەیان قەفەزەی سینگ و دوو ئێسکە دەستی شۆڕ و بڕبڕە پشتی هات بە دەستەوە، کە هەر هەموو توندوتۆڵ بێ کەم و کوڕی پێکەوە لکابوون. بە خۆیەوە گوشی و بە دەستی یەکێک لە دەستە بە ئێسک بووەکەی بەرز کردەوە و خستییە سەر شانی.
” کوڕی شیرینم، بۆ یەک جاریتر دەستت لە گەردنم بئاڵێنە، با تێر بۆن بە سنگتەوە بکەم.”
دانەوییەوە و لە سەر لا تەنیشت و لە خوار کەللەسەرەکەیەوە پاڵی خست. دواجار ئێسکی ئەستوور و درێژی قاچەکانی لە چارۆگەکە دەرهێنا و بە هەمان شێوەی پێشوو لە دامێنی چاڵەگۆڕەکەدا راخست.
” هەست بە نیگەرانی و تەنیایی مەکە کوڕە نازدارەکەم، هەتا هەم بەردەوام میوانی هەمیشەیی ماڵەکەتم و چیرۆکە خۆشەکانت دووبارە بۆ دەگێڕمەوە.، کە مردیشم دەبمە دراوسێی ئەبەدیت.”
لەو چاڵەی ئێسکە پەیکەرێکی تەواو و کامڵی تێدا راکشاوە، هاتە دەرێ و قووڵ لێی روانی.
” ئێستە تەواو تۆ لە لمەوە گەڕایتەوە نیشتمان، لە غوربەتەوە بۆ کۆشی دایکت، لە چارەنووسی خۆت دڵتەنگ و نیگەران مەبە ئەزیزم، مەرج نییە هەموو مرۆڤێک قۆناغی لاوێتی ببینێ، یان وەک تۆ بە لاوی دەکوژرێ و پیریی نابینێت. بەڵام مەرجە هەر هەموو ببینە ئێسکە پەیکەر، ئەمە دوا قۆناغ و چارەنووسی هەموانە، ئەوەتا تۆ پێی گەیشتی، ئیتر هەتا دەتوانی ئارام و خۆشحاڵ بنوو.”
دەستی دایە خاکەنازەکە و وەک ئەوەی گەنجینەیەکی هەرە بە نرخ بشارێتەوە، پەلە پەل، نەکا کەسێک بیبینێت گۆڕەکەی پڕ کردەوە لە خۆڵ و دوو بەردی بۆ کردە کێل.
لە بۆڵێڵەدا، ماندوو و یەخە دڕاو، سەراپا نوقمی تۆز و خۆڵ، بە نێو گۆڕەکاندا بەرە و کەلاوەکەی هەنگاوە ماندووەکانی هەڵهێنایەوە.
تاقە شتی گۆڕاو، قووڵایی ناخی بوو، کە لە مێژ بوو چاوەڕوانی هاتنەدی ئەم خەونەی بوو. خەونی بە خاک سپاردنی ئێسکە پەیکەری کوڕە ئەنفال کراوەکەی.
***
سێ رۆژ پاش ئەم رووداوە و بە تۆمەتی دزینی ئێسکە پەیکەری نێو تاقیگەی قوتابخانەکە، لە کارگوزاری فەسڵ کرا.

Previous
Next
Kurdish