ئایدیۆلۆژیا و شەقاوە … ڕزگار عومەر


خوێندنەوەیەك بۆ کتێبی (دیاردەی شەقاوە لە حیزبە سیاسیەکانی عێراق)
ڕزگار عومەر

لە ساڵانی ١٩٣٠ تا ساڵی ١٩٧٠ گۆڕەپانی سیاسی عێراق تاقیگەیەکی گەورە بوو، شانۆیەکی واقیعی سیاسەت بوو بە مانا میکیاڤیلیەکەی. عێراق هەمیشە لە خولە مێژوویەکاندا بەرامبەر حیزب و ئایدیاو بزوتنەوەی سیاسی جیاواز خۆی بینیوەتەوە، بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بە مانا چینایەتیەکەی ئەو چانسەیان وەرنەگرتووە کە راستەوخۆ بەچەمکێکی ڕوون و سنووری دیاریکراو خەریکی زۆرانبازی فەرزکردنی ڕوئیای خۆیان بن، بەڵکو حیزبەکان و توێژەکان ئیقتیباسی گوتاری سیاسی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانیانیان دەکرد بە شێوازی جیاواز تا بتوانن لە کشانی چەندایەتی حیزبەکانیان بن.
ڕووداوەکان و ئاراستەکانیان خێراتر بوو لەوەی حیزبەکان و نوخبەکان بتوانن گونجانێك دروست بکەن یەکەم لە نێوان ئەو ” نوێنەرایەتیە” رەمزیەی دەیانکرد گوایە ئەوان گوزارش لە بەرژەوەندی گشتی گەل یان چینە کۆمەڵایەتیە بەرینەکان دەکەن دووەم لە نێوان وەزن و پانتایی حەقیقی بزوتنەوە سیاسیەکانی خۆیان!
ئەم هاوکێشەیە لەو دەمیدا گۆڕەپان و شانۆی سیاسی عێراقی پەلکێشی چەند ئەزموونێك کرد کە کارکردی ئەو ئەزموونانە پەڕیەوە بۆ دوای ئەو قۆناغەی ئاماژەمان پێداوە، هەندێکیان ڕەهەندێکی کلتوری وەرگرت، بەشێکیتری بوو بە عورف و بوو بە کلتوری زاڵی تایبەتمەندی دروست بوونی نەوەیەك لە حیزب و بزوتنەوە سیاسیەکان و جێگیربوونی ستایلێك لە بەڕێوەبردنی ژیانی حیزب لە نێوخۆدا و ڕوو بەکۆمەڵگەدا.

تێگەیشتنی مارکسیزم لە ” توندو تیژی” لە مێژوودا تێگەیشتنێکی پتەوە لە ستراتیژی ئاڵو گۆڕ لە دەسەڵاتی سیاسی، واتە دەسەڵاتی سیاسی لە مێژوودا بە تایبەتی لە زۆرانبازی چینەکاندا بە ئارامی ڕوونادات بەڵکو بە توندوتیژی ڕوودەدات، لە دەرەوەی مارکسیزمدا واقیعی ڕەگەزی توندوتیژی لە بەرەوپێش چوونی مێژودا خۆی هەبووەو پاساوەکانیشی پێکهاتەیەکی دانەبڕاو بوون لە نەخشاندنی ڕابردووی مێژووی جیهان. لە مارکسیزمدا شتێك نیە بە ناوی “ڕەتکردنەوەی بێ مەرجی هەموو جۆرە توندوتیژیەك” بەڵکو شیکردنەوەی ئاراستەی توندوتیژی بووە لە بەرهەمهێنانی کام مێژوو بە بەرژەوەندی کام ئەلتەرناتیڤ و سیستەمی سیاسی.

ئەم چل ساڵەی سەدەی ڕابردوو لە مێژووی عێراق، واتە لە نیوان ١٩٣٠ بۆ ١٩٧٠ ئەگەر لە رووی شیکردنەوەی تیئۆریەوە لێ ی بڕوانی شەبەحی هەموو قوتابخانە سیاسیەکان و روانگە فیکریەکانی لێ دەبینی کە هەرکامەیان لە هەوڵی جێلەق کردنی ئەویتردایە، بۆنموونە : میکیاڤێڵیەت، فۆرمێك لە مارکسیزم ، فاشیزم، ناسیۆنالیزم، هەموو ئەمانە لە شەڕێکی خەستی خوێناویدان بۆ هەژموون و بۆ جێگیرکردنی ئەلتەرناتیڤی خۆیان بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و بۆ جێگیر کردنی سیستەمی بەڕیوەبردنی ووڵات.

ئەم کتێبە لە پاڵ دەیان سەرچاوەیتر لە هەوڵی ئەوەدایە سوچێك لە لاپەرەکانی ئەم مێژووە بخاتە ڕوو. لە ڕووی خستنە روودا ئەم کتێبە هەندێ گرفتی هەیە بە تایبەتی لە “شیکردنەوەدا” بەڵام ئەم کتێبە بێ ئەوەی نوسەرەکەی ئامانجی بووبێت یان نەخشەی بۆ کێشابێت لە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی ڕووت دەپەڕێتەوە بۆ بەرهەمێکی ئەنثرۆپۆلۆجی، کە دەکرێ لەو بوارەدا دەوڵەمەندتر بکرێت.
مرۆڤی عێراقی وەکو هەر هاوڵاتیەکیتری جیهان تەنیا بەروبومی ئایدیۆلۆژیا نیە، یان تەنیا بەروبومی لە قالبدانی حیزبەکان نیە، بەڵکو چەندین بازنەیتر لەدەرەوەی ئەم پێوەرانە شێوازی وجودی مرۆڤەکان دیاری دەکەن، بە دڵنیایی شیکردنەوەی بونیادی ئابوری و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و ستەمێك کەلەم پەیوەندیانە دروست دەبێت بواری چاوپۆشینی نیەو تازە نەك تەنیا درەنگە بۆ حاشالێکردنی بەڵکو زۆر بەسادەیی گەمژانەشە هەوڵی لەم بابەتە! بەڵام، ئەم بونیادە پتەوە لە تیئۆرو ڕەخنەی سیاسی و جیهان بینی بۆ ئەوە لە ئارادا نیە تا ئێمە خۆمان بدزینەوە لە بەکارهێنانی هەموو ئەو ئاراستە تیۆریانەیتر کە دەتوانێ کۆمەك بکا بە ” تێگەیشتن” ی فرە ڕەهەندی لە کۆمەڵگای ڕابردوو و ئێستامان.
زانستە مرۆڤایەتیەکان دەروازەیەکە بۆ بینینی گۆشە نەبینراوەکانی مێژو و کۆمەڵگە بێ ئەوەی وەزیفەی سەرەکی ئەم زانستە بریتیە بێ لە سۆراغ و راست کردنەوەی مێژوو، بەڵام ئیزافەیەکی بنەڕەتی دەخاتە تەواوبوونی شیکردنەوە چ وەکو ئەوەی ڕؤڵێکی نێوەندگیر ببینی لە سەرتاپای شیکردنەوەو تێگەیشتن چ وەکو ئەوەی ئەرکە سەرەکی ئاراستەکە لە ژێرسێبەری ئەودا بگوزەرێت.
ئەم کتێبە تەنیا چانسێك نیە بۆ خوێنەر کە لە گۆشەنیگایەکیترەوە لە ڕابردوو تێبگات، بەڵکو چانسێکیشە کە تێبگەی کلتورو خوڕەوەشتی تاکەکان، پەروەردە، ئاکارە خێڵەکی و مۆدێرنەکان چ نۆڕمێك لە دۆخی سیاسی دروست دەکەن، ئایدیۆلۆژیا یان حیزب چی دەخاتە سەر تاك و تاکیش چۆن دەبێتە پردێك کە ئاکارە کۆمەڵایەتی و شەخسیەکان و دەروونیەکان و رۆشنبیریەکان و کلتورە باوەکان بپەڕنەوە بۆ نێو بازنەو ئەتمۆسفیری حیزب و بزوتنەوە سیاسیەکان.
“شەقاوە” زاراوەیەکە لە کۆمەڵگەی عێراقی بە کوردستانیشەوە کە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسیەکان. شەقاوە بەر لەوەی سیفەت و ڕوخسار بێت “شوناسە” بۆ کەسێك کە هێزێکی فیزیکی و چاونەترسیەکی هەیە لە شەڕکردنی دەستەو یەخە، لە کوشتن، لە هەڕەشەو خۆسەپاندن. شەقاوەکانی کۆمەڵگەی عێراقی هەندێکیان دەسەڵاتیان تەنیا بەسەر کۆڵان و گەڕەکەکەی خۆیان هەیە جۆرێکیتریان دەسەڵاتیان دەپەڕیەوە بۆ سنووری گەڕەكیتر، پەڕینەوەی دەسەلاتی هەر شەقاوەیەك بۆ گەڕەکێکیتر یەکسەر دەیکردە ‌هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی شەقاوەیەکیتر. ئەم بەرامبەرکێیانە بە خوێن وکوشتن و دوژمنداری کۆتایی دەهات، وەکو عورفێکی خێڵەکیش کە تا ئێستا درێژەی هەیە لەو کۆمەڵگایە تۆڵەی کوشتنەکان ئەگەر لە کاتی خۆیا نەکرێ دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانیان.

بوونی “شەقاوە” دیاردەیەك نیە تەنیا پەیوەست بێت بە کۆمەڵگەی عێراقی بەڵکو دیاردەیەکە هەموو کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی بە شێوازی جیاواز هەیانە، بەڵام ئەوەی وا دەکا ئەم دیاردە کۆمەڵایەتیە ببێتە جێگای شیکردنەوەو تێڕامان ئەوەیە کە لە رێگای ” ئایدیۆلۆژیا” دیاردەی شەقاوە لەو ماوە مێژوویەی لەسەرەوە باسمان کرد ڕەگەزی کۆمەڵایەتی خۆی لەدەست دەدا دەبێتە ڕەگەزێکی ” سیاسی ” و دواتر ئاراستەی بەشێکی زۆر لە چارەنوسی لاپەڕەکانی کۆمەڵگا دیاری دەکات، دەبێتە مۆتەکەیەکی خوێناوی بەسەر نەیاری یان دراوسێ ی گەڕەك نا، بەڵکو بەسەر نەیاری ئایدیۆلۆژی و سیاسیدا!
لەو سەردەمەی باسمان کرد لە عێراقدا؛ بوونی یەك تەلەفزیۆن یەك رادیۆی موڵکی دەوڵەت وایکردبوو حیزبە سیاسیەکان بۆ نیشاندانی هیزی سیاسی خۆیان پەنا ببەنە سەر نمایشی سەرجادەو شەقامەکان. ئەم نمایشەو دەرخستنە بە کۆمەڵە، پرسیاری کێ “هەژموونی ” هەیە بەسەر شەقام ؟ دەبووە هۆی ڕووبەروبونەوەی خوێناوی حیزبەکان.

ئەم جۆرە لە هەژموون بەسەر جادەو گەڕەکەکان پێویستی بە کاراکتەری توندوتیژ هەبوو، پێوستی بە ڕۆشنبیرو کتێب نەبوو. کێبڕكێیەکی زۆر توند دروست بوو لە نێوان حیزبەکان بۆ ئەندامگیری کردنی “شەقاوەکان”، چەندین ئەندامی ئاسایی هەموو حیزبە مونافیسەکان بە دەستی شەقاوەی حیزبی بەرامبەر تیرۆر دەکران! تەماح لە دەسەڵاتی سیاسی ببووە پاڵنەرێك کە میکانیزمی ئەندامگیری بۆ شەقاوەیەك وەکو ئاوخواردنەوە وابوو، بەڵام بۆ هاوڵاتیەکی ئاسایی یان ڕۆشنبیرێك بەچەندین فلتەر تێدەپەڕی!

قۆناغی شەڕی سەرجادەو شەقامەکان و حیزبەکان وشەقاوەکان هەر لێرە کۆتایی نایەت، قۆناغە هەرە مەترسیدارەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە حیزبی بەعس یەکەمین دەزگای ئەمنی خۆی بەهەمان میتۆد دادەمەزرێنێ کە هێشتا لە دەرەوەی دەسەلات بوو، دواتر کە گەیشتە دەسەڵاتیش ئەم دەزگایە شەرعیەتی پێدەدرێ و دەبێتە بەشێك لە بونیادی جیهازی “دەوڵەت”! شەقاوەکان ئەوانەی بونە دامەزرێنەری ئەم دەزگایە دیسپلین و بەڕێوەبردنی ئەم یەکە هەستیارەی دەوڵەتیان بە هەمان میتۆدی شەڕە قەمەی کۆڵان و جادەکان بەڕێوەبرد، ئەوان لەوێ کلتوری ئەم جۆرە بەڕێوەبردنەیان چاند، ئەم کلتورە گەورەتر لە هەموو دەستورو یاساکانی عێراق، لەدەرەوەی هەموو یاسا نێودەوڵەتیەکانیش بوو.

بۆچوونێکی زاڵ هەیە کە لەو باوەڕەدایە کە ئایدیۆلۆژیا وحیزب دەتوانن کۆمەڵگە بگۆڕن، کەسێتی تاکەکان بگۆڕن، ئاکارو کلتوری کۆمەلایەتی بگۆڕن، بە دڵنیایی ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەم ڕاستیە هەموو سوچەکانی ئەم پەیوەندیە لە ئاڵ وگۆڕ دەرناخا، بەڵکو تەنیا سوچێکی بە فەرزی ڕەها وەرگرتووە. ئەندامگیری و زاڵبوونی تەونی ئایدیۆلۆژی مەودای پەیوەندیەك دیاری دەکات و دەستی پێدەکات بەڵام دیاریکردنی ئەم مەودایە ناتوانێ گرەنتی ئایندەی ئەم گرێبەستە لە تێکەڵ بوون دیاری بکات! تاکەکان کە دەچن، یان دەبن بە ئەندام لە حیزبێك تەنانەت ئەگەر حیزبێکی زۆر بە دیسپلین بێت ناتوانێ بە یەکجاری باکگراواندی دەروونی و شوناس و کلتوری ئەم تاکە بگۆرێت بە تایبەتی ئەگەر ئامانجی سەرەکی حیزبەکە یان ئایدیۆلۆژیەکە هەر لەسەرەتاوە بۆ دروست کردنی مرۆڤێکی نوێ نەبووبێت بەڵکو بۆ مشەخۆری بووبێت لەسەر خوڕەوشت و کەسایەتی ئەم ئەندامە.

حیزبەکان ویستیان لەوسەردەمە ناسك و هەستیارەی مێژووی عێراقدا شەقاوەکان بکەن بە حیزبیی، بەڵام شەقاوەکانیش بێ ئەوەی نەخشەیان بۆ کێشابێت، نەك تەنیا حیزبەکانیان کرد بەشەقاوە، بەڵکو کلتورێکی ڕەگداری قوڵیان لە شێوازو سیستەمی ئیداری دەوڵەت بە جێ هێشت، ئەم کلتورە، ئێستاش دوای تێپەربوونی نیوسەدە بەسەر دوا ساڵی ئەو قۆناغەی باسمان کرد، شەبەحی ئەم شەقاوەیە دەم نادەم شان لە شانی چارەنوسمان دەدات و مۆڕەمان لێدەکات!