Skip to Content

کێشەی ترۆتسکیزم چیە؟ … ئاسۆ کەمال

کێشەی ترۆتسکیزم چیە؟ … ئاسۆ کەمال

Closed
by كانونی دووه‌م 16, 2020 General, Opinion, Slider


ترۆتسکی وەک ڕەخنەگرێکی بیرۆکراتیزمی ستالینی بەشێک لەو ڕەوتە شۆڕشگێڕانەی بەلشەفیە کە لەگەڵ دیاردە و دەرکەوتەکانی بیرۆکراتی لەناو حزب و لەدەوڵەتدا ناڕازین و دەیانەوێ ئاڵوگۆڕ بکەن لەو واقعیەتە بیرۆکراتیەی دوای شۆڕش دروستبوە. بەڵام ترۆتسکی جگە لە بیرۆکراسی ستالین لە هەموو بنەماکانی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا هاوڕا و بەشداربوو، کە لە بەشەکانی ١٠تا ١٦ باسمان کرد وەک هۆکاری شکستی شۆڕشی کۆمۆنیستی لەڕوسیا. کێشەی ترۆتسکی لە دیکتاتۆریەتی حزب و سەرمایەداری دەوڵەتی و سیاسەتی نیپ دا نیە بەڵکو، وەک خۆی دەڵێ لە ” پشتیوانی کردنی دەوڵەت بۆ کۆلاک لە (١٩٢٣-١٩٢٨) کە خەتەری کوشندەی هەبوو بۆ ئایندەی سۆشیالیزم، بەڵام بیرۆکراسی، کە بورژوازی بچوک پشتیوانی دەکا، سەرکەوتوبوو لە بەرتەسکردنەوەی پرۆلیتاریای پێشرەودا، هەروەها لە تێکشکاندنی ئۆپۆزسیۆنی بەلشەفیدا.” 1 تێگەیشتنی ترۆتسکی بەو شێوەیەیە کە سیاسەتی ئابوری دوای لینین لەلایەن ستالینەوە بریتی بوە لە گرنگی نەدان بە پیشەسازیکردنی وڵات و پشتیوانی جوتیارە دەوڵەمەندەکان(کۆلاک) و بەمەش وردە بورژوازی بوژاوەتەوە و بونەتە پشتیوانی چینایەتی بۆ بیرۆکراتی ستالینی و ئەمەش شکستی بە پرۆلیتاریای پیشەسازی هێناوە و بەو هۆیەوە ئۆپۆزسیۆنی بەلشەفیش کە پشتی بەم پرۆلیتاریای پیشەسازی بەستوە لەلایەن ستالین و بیرۆکراتیزمەوە توانراوە تێک بشکێنرێ.!

ئەمە هەرچەند لێکدانەوەیەکی چینایەتی لە گەشەی سیاسەتی ئابوری نوێ نیشان دەدا، کە بوژانەوەی بورژوازی لادێ و لاوازبونی پرۆلیتاریای پیشەسازی نیشان دەدا ، بەڵام لە ١٩٢٨ەوە کە سیاسەتی پلانی ٥ ساڵەی پیشەسازی کردنی ڕوسیا دەست پێدەکا، ئیتر ئەم لێکدانەوە چینایەتیە ناتوانێ هۆکاری مانەوەی بیرۆکراتیزم و گەشەی سەرمایەداری لە ڕوسیادا بخاتەڕوو.
هەربۆیە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ،ترۆتسکی و ئەو ڕەوتە ئۆپۆزسیۆنە چەپەی لە بەرامبەر ستالینیزمدا ڕاوەستابون، پشت بەستبوو نەبوون بە ئەلتەرنایتڤێکی تری سیاسی و ئابوری کە کرێکارانی ڕوسیا لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە بەرەو چەسپاندنی دەسەڵاتی کرێکاران بەرێ و بەپێچەوانەی سۆشیالیزمی دەوڵەتیەوە سۆشیالیزمێک دروست بکا کە لەخوارەوە و لە کۆمیتەکانی کارگە و شوراکان و سەندیکاکان و هەموو بەشەکانی چینی کرێکار بکاتە خاوەنی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی سیاسی و ئابوری لە سۆڤیەتدا.

ترۆتسکی لە کۆنگرەی ١٠دا لەدژی هەردوو فراکسیۆنی ناڕەسمی ” ئۆپۆزسیۆنی کریكاری و “ناوەندی دیموکراسی” دەوەستێتەوە و لەگەڵ سیاسەتی لینیندایە بۆپاکتاوکردنی حزب لەو فراکسیۆن و ئەندامە کرێکارانەی حزب کە فەرمانی دژی فراکسیۆنی حزب جێ بەجێ ناکەن . ترۆتسکی لە هێرش بۆسەر “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری”لە دەیەمین کۆنگرەی حزبدا دەڵێ”ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری بە دروشمی مەترسیدارەوە هاتوتە مەیدان. بتی لە بنەما دیموکراتیەکان دروستکردوە و مافی کرێکارانی لەهەڵبژاردنی نوێنەراندا خستۆتە سەروو حزبەوە.بە شیوەیەک کە حزب نابێ دیکتاتۆری خۆی پیادەبکا، تەنانەت ئەگەر ئەو دیکتاتۆریە بەشێوەیەکی کاتی ناکۆک بێت بە دیموکراسی کرێکاری .” 2
بگرە زیاتر لە لینین و بەلشەفیەکانی تر ترۆتسکی خوازیاری ” لەپێناو سەربازگیری و میلیتاریزەکردنی کار وەک ئامڕازی توندوتۆڵی کارکردن.”* 3
هەر ئەمەش وایکرد کە پەیوەندی ترۆتسکی و ئۆپۆزسیۆنی چەپ کە ئەو نوێنەرایەتی دەکرد لەگەڵ سەندیکا کرێکاریەکاندا و شورا کرێکاریەکاندا لاوازببێ لە کاتێکدا ئەم ڕیکخراوە کرێکاریانە بنەمای چینایەتی خەبات دژی بیرۆکراتیزم بوون. هەربۆیە بەپێچەوانەی بەرنامەی حزبی بەلشەفی لە ١٩١٩دا ترۆتسکی و زۆرینەی بەلشەفیەکان دەنگیان بە بڕیارنامەی دژی دەوری ڕاستەوخۆی سەندیکا و شوراکان لەبەرهەمهێناندا دا کە جیاوازی نێوان ئەم دوو بەرنامەیە زۆر ڕۆشنە کە یەکەمیان پەیڕەو لە کۆنترۆڵی کرێکاری و دوەمیان پەیڕەو لە کۆنترۆڵی سەرمایەداری دەوڵەتی “نیپ”دەکا.
بەرنامەی حزب دەڵێ”٨-تەنیا ڕیکخراوی شورایی دەوڵەت کە وادەکا شۆڕشی کرێکاری بتوانێ دەزگای کۆنی دەولەتی بورژوازی بەیەک زەربە و بنەماکەی نابود بکا.ئەگەر ئەمە ڕونەدا هیچ گەشەی سۆشیالسیتی دەست پێ ناکا.پایەکانی بیرۆکراتی کە پەیوەندی دەوڵەتی پاشایەتی و دیموکراسیە بورژوازیەکان لەگەڵ بەرژەوەندی خاوەن زەویەکان و سەرمایەداران دەپارێزێ. لەڕوسیە شکاوە. بەدڵنیاییەوە خەبات دژی بیرۆکراتیەت هێشتا کۆتایی نەهاتوە. بیرۆکراتی هەڵدەدا کە بەشێک لە جێگەکانی بەدەست بێنێتەوە ولەڕیگەی ئاستی نزمی فەرهەنگی خەڵک .”
٩-ڕێکخستنی هەموو زەحمەتکێشان لە سەندیکاکاندا.بەشیوەیەکی سیستماتیک سەندیکا ببێتە ئۆرگانی ئیدارەی ئابوری.”*4
لەکاتێکدا کۆنگرەی دەیەمی حزب 5 *ئەم بڕگەیە ڕەت دەکاتەوە کە ئیدعای فراکسیۆنی “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” ڕاست بێ کە حزب لە بەرنامەی ١٩١٩ لایداوە، بەڵام لینین لە بڕیارنامەی “دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکاندا دانی پێدا دەنێ و دەڵێ” سیاسەتی ئابوری نوێ زنجیرەیەک گۆرانکاری بنەڕەتی لە دۆخی پرۆلیاتاریا ،و لە ئەنجامیشدا لە دۆخی سەندیکاکاندا پێک دەهێنێ.
بەشی زۆری هۆیەکانی بەرهەمهێنان لەدەستی دەوڵەتی پرۆلیتاری دەمێنێتەوە.”بەڵام گۆڕانکاریەکان پاشەکشەیەکن “لەوانە بازرگانی و سەرمایەداری ڕیگەپێدراو دەبن و گەشەدەکەن.کاروباری بازرگانی و سەرمایەداری لەلایەن دەوڵەتەوە ڕیک دەخرێ و لەلایەکی ترەوە دامەزراوە سۆشیالیستی کراوە دەوڵەتیەکان دەبنە سەربەو شیوەیەی پێی دەوترێ خود حساباتی ، واتە پاشکۆی ئەسڵی بازرگانی دەبن.ئەم کارە لە هەلومەرجی دواکەوتویی فەرهەنگی گشتی و هیلاکی وڵاتدا بەناچاری دەکێشێتە ئەوەی کە لە زەینی جەماوەردا ئەنجومەنی بەڕیوەبەری ئەم دامەزراوانە دەکەونە بەرامبەر ئەو کرێکارانەی کە لەم دامەزراوانەدا کاردەکەن.”6*
ئەم سیاسەتە ئابوریە نوێیە کە دەوڵەت دەکاتە سەرمایەدارێک و لە کارگەدا تاک بەڕێوەبەرێکی سەرمایەدار بەرامبەر کرێکاران دادەنێ ، بێگومان هەمان واقعیەت لە زەینی کرێکاراندا ڕەنگ دەداتەوە کە هۆیەکانی بەرهەمهێنان لە دەست سەندیکای زەحمەتکێشان وەک ئۆرگانی ئابوری دەرهێنراوە و دراوەتە دەست تاک بەڕیوەبەرێکی سەرمایەداری دەوڵەتی.

ترۆتسکی بەرامبەر ئەم سیاسەتە نەک وەک فراکسیۆنی “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری ” نەوەستایەوە بەڵکو “لایەنگری ئەو لە میلیتاریزەکردنی کار گومانی لای بازنەی سەندیکاکان لەسەر دروستکرد.”7*
ئەم دۆخەی چینی کرێکاری ڕوسیا لەسایەی “نیپ”دا بۆی هاتە پێشەوە، لە گەڕانەوەی کاری بەکرێ و تەنانەت بە پارچە و پێشبڕکێ، هەروەها نەمانی دەوری سەندیکا و شوراکان و زاڵبونی دەوری تاک بەڕێوبەری حزبی ، ئەمانە هەمووی بونە هۆی ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی چەپی ناو حزب کە ترۆتسکی ڕابەری دەکرد لە بازنەیەکی تەسکی حزبیدا دژی بیرۆکراتیزمێکی حزبی کە پایەی ئابوری و دەوڵەتی و حزبی خۆی قایم کردبوو شکست بهێنێ و نەتوانێ ئەو کێشمە کێشە چینایەتیەی لەنێو دەوڵەت و دەزگای نوێی بەڕیوەبردندا هاتبوە ئاراوە بەرەو فشارێکی کۆمەڵایەتی کرێکاران بەرێ بۆسەر دەزگای حزبی و دەوڵەتی بیرۆکراتی و پاشەکشەپێکردنی ئەم ڕەوتە دیکتاتۆریەتە حزبیەی ستالین و زۆرینەی سەرکردایەتی بەلشەفیەکان نوێنەرایتیان دەکرد.

هەربۆیە ترۆتسکی و ئۆپۆزسیۆنی چەپ لەناوحزبدا و تەنیا لەدژی بیرۆکراتیزمی ستالیندا قەتیس مایەوە و باقی مەنهەجی دیکتاتۆری حزبی و سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەبێ ڕەخنە و بەقبوڵکراو دانرا. هەربۆیە لەکاتێکدا کە ئەم دیکتاتۆریە حزبیە پێویستی بە چڕکردنەوەی دەسەڵات لەدەست کەمایەتیەکی حزبیدا بوو بۆ بەڕیوەبردنی سەرمایەداری دەوڵەتی ئیتر بیرۆکراتیزم وەک پیویستیەک چ لە حزب و چ لە کۆمەڵگەدا خۆی سەپاند . شکستی ترۆتسکی و ئۆپۆزسیۆنی چەپ لەم بێ تواناییە فکری وسیاسی و ڕیکخراوەەییەدا بوو کە بتوانێ ببێتە قاڵبی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ڕوسیا بۆ تیثەڕاندنی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و دەوڵەتی دیکتاتۆری حزبی و هێنانەمەیدانی چینێکی کرێکاری ڕیکخراو لە شورا و کۆمیتەی کارگە و سەندیکا و حزبێکدا کە پێچەوانەی بەلشەفیزم و سەرمایەداری دەوڵەتی کاربکا.

بەم پێیە ترۆتسکی و ترۆتسکیزم نەیانتوانی بەدیلێکی جیاوازی کۆمۆنیستی لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی و سەرمایەداری دەوڵەتی بخەنەڕوو و هەربۆیە ئەم ڕەوتە زیاتر ناسنامەکەی وەک سێکتێکی دژی کەمپی ستالینیزم و ڕەخنەگری بیرۆکراتیزم و دواتر سەرمایەداری دەوڵەتی دەرکەوت، بۆ نمونە تۆنی کلێف وەک ڕەخنەگرێکی سەرمایەداری دەوڵەتی بەرامبەر بە دەولەتی سۆڤیەت دەرکەوت، بەڵام لەهەمان قاڵبی ئەنتی ستالینیزمەوە.
ماویزم هەمان کێشەی ترۆتسکیزمیان هەبوو کە پەیڕەویان لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی دەکرد، بەڵام جیاوازیان لەگەڵ لە سیاسەتی دەوڵەتی سۆڤیەت هەبوو. کۆمۆنیزمی ئەوروپاییش ڕەخنەگریان تەنیا لە دیکتاتۆریەتی تاک حزبی و نەبونی دیموکراسی هەبوو، بەڵام هیچ کام لەم ڕەوتانە مۆدیلیکی جیاوازیان لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی نەخستۆتەڕوو.

ترۆتسکی کێشەی دیکتاتۆری ناوخۆی حزبی خستۆتەڕوو بەڵام هۆکاری ئەم دیکتاتۆریەتەی لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و دیکتاتۆری حزبیدا پەی پێ نەبردوە. ئەو تەنانەت کاتێک نمونەی راکۆفسکی دەهێنێتەوە، کە پێشتر سەرۆکی لیژنەی نوێنەرانی گەلی ئۆکرانیابوە و لە دورخراوەکەیدا وتویەتی، “ئەگەر سەیری دەوڵەتی کرێکاری بکەین کە ڕێگە نادرێ بەوەی ئەندامانی حزبی دەسەڵاتدار کەڵەکەی سەرمایە بکەن دەبینین کە جیاوازیەکان لەسەرەتادا بەهۆی ئیش و کارەوەیە و دواتر دەبێ بە جیاوازی کۆمەڵایەتی، وە من ناڵێم جیاوازی چینایەتی بەڵکو کۆمەڵایەتی.” لە لێکدانەوەی دەرکەوتنی ئەم جیاوازیە کۆمەڵایتیە لە دەوڵەتی سۆڤیەتدا ترۆتسکی بەو ئەنجامگیریە دەگا کە دەڵێ” دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا تەنیا هەڵوێستی پرۆلیتاریا بەرامبەر بەچینەکانی تر ناگۆڕێ، بەڵکو لەهەمان کاتدا پێکهاتەی ناوخۆیی پرۆلیتاریاش دەگۆڕێ و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتدارێتی بەرتەسک دەبێتەوە بۆ کۆمەڵەیەکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی کە بەردەوام هەوڵ دەدا چارەسەری “کێشەی” کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆی بکا، بەوڕادەیەی کە ئەرکەکەی خۆی بە گرنگ دادەنێ.”8*
کێشەی ترۆتسکی لەم بەرتەسکیە فکری و سیاسیەدایە ،کە بەلشەفیزمی هەر لەو لە قاڵبەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی دا دەبینی، سەرەڕای کێشەو ناکۆکیەکانی ئەم سیستەمە سۆشیالیستیە دەوڵەتیە لەگەڵ سۆشیالیزمی واقعیدا. بەڵام هێشتا کێشەکە لە مۆدیلەکەدا نابینێ بەڵکو لە دەرکەوتە زیانبارەکانیدا دەبینێ. تەنانەت کاتێ دەڵێ” بەرنامەی حزب کە دەرکەوتنی بیرۆکراتیزمی بە نەزانی ئیداری جەماوەر و سەختیەکانی لە جەنگەوە کەتبوەوە لێکدەدایەوە ، چەند ڕاسپاردەیەکی سیاسی ڕوتی پێشنیارکرد بۆ تێپەڕاندنی ” تێکدانە بیرۆکراتیەکان”، وەک هەڵبژاردنی هەموو بەرپرسان و لابردنیان لەهەر کاتێکدا، وە لابردنی ئیمتیازاتی مادی، و چاودێری چالاکانە لەلایەن جەماوەرە. بڕوا وابوو کە ئەم ڕێگایە وادەکا کە کاربەدەستەکان دەکاتە کرێکارێکی پیشەیی سادە، وە کاتی،دوای ئەوەی دەبێتە سەرۆک، بەمەش دەوڵەت بەرەبەرە ون دەبێ، بەبێ ژاوەژاو.ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە شوراکان جێگەی خۆیان چۆڵکرد لەم ماوەیەدا بۆ دەزگایەکی بیرۆکراتی سەربەخۆ لەجەماوەر.”9*
سەرەڕای هەموو ئەم واقعیەتانەی کە ئەوەی لە ڕوسیادا زاڵە دیکتاتۆریەتێکی حزبیە کە سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی دەپارێزێ، بەڵام ترۆتسکی لەبەر تێگەیشتنی لەڕوانگەی سۆشیالیزمی دەوڵەتیەوە ئەم دەوڵەتە سۆڤیەتیە بە تێکەڵاوێک لە سۆشیالیزم و سەرمایەداری دەزانێ، لەبەرئەوەی موڵکایەتی دەوڵەت بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان هەیە، بەڵام بە شیوەیەکی بیرۆکراتیانە و لە پێناو بەرژەوەندی توێژێکی کۆمەڵایەتی بیرۆکراتدا بەکاردەهێنرێ!هەربۆیە پێشنیاری شۆڕشێکی سیاسی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە دەکا کە ئەم هەڵە بیرۆکراتیانە ڕاست بکاتەوە کە ستالینیزم دروستی کردوە. هۆکارێکی تری زاڵبونی ئەم بیرۆکراتیزمەش بە پەیڕەوکردنی تیۆری ” جێبەجێکردنی سۆشیالیزم لەیەک وڵاتدا” دەزانێ10. ئەمە دەکاتە پاساوی سەرنەکەوتنی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە ڕوسیادا.

واتە مانەوە لەهەمان مۆدیلدا بەڵام لە ئاستێکی جیهانیدا نەک لۆکاڵدا چارەسەری کێشەکەیە. بەکورتی سەرەڕای گرنگی دەرکەوتنی ترۆتسکی وەک ڕەخنەگری بیرۆکراتیزمی ستالینی بەڵام بەهۆی مانەوەی ترۆتسکی لەهەمان مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیدا، ئەم ڕەوتە کۆمۆنیستیە نەیتوانی گۆڕانکاری لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بکا و تەنیا وەک ڕەوتێکی حاشیەیی ڕەخنەگر مایەوە و لە ئێستاشدا وەک بەشێک لە بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی سەردەم لە بەردەم هەمان کێشەکانی نەبونی بەدیلێکی تری شۆڕشگێڕانەیە بەرامبەر بە سیستەمی سەرمایەداری. لەئاستی ئەنتەرناسیونالیزمیشدا دیسانەوە ڕەوتێکی سیکتاریستی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی وکرێکاریدا هەبوو لەسەرەتای دروستکردنی ئەنتەرناسیونالی سێهەم، کۆمێنتێرنەوە ئەمەش بەڕۆشنی دەبینین لە پێشنیاری ترۆتسکی بۆ بانگێشتی کۆمێنتێرن11
دواتر کە مانیفیستی ئەنتەرناسیونالی سێهەم ڕاگەیەندرا ئەم ڕەوتە سیکتاریستیە دەبینین کە بەشەکانی چینی کرێکار بەبنەما وەرناگرێ و لەسەر بنەمای نزیکی لەبەرنامەی بەلشەفیزم و سپارتاکیستەکانەوە ، واتە ئەو ڕەوتە کۆمۆنیستیەی کە لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە ئەنتەرناسیونالی دوەم جیابۆتەوە، دەکاتە بنەمای وەرگرتنی حزبەکان . لێرەدا ناسنامەی ئەنتەرناسیونالی سێهەم بە دژایەتی ئەنتەرناسیونالی دوەم ڕەنگ ڕێژ دەکرێ و باڵی ڕاست و ناوەڕاستی ئەو ئەنتەرناسیونالیستە دەکرێنە ڕەقیبی پلەیەک.12*
ئەمە پێچەوانەی بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکارانە کە بنەماکانی خەباتی سەرجەم چینەکە و ڕیکخراوەکانی بوو دژی سەرمایەداری بە جیا لە بیروڕای سیاسی جیاواز و تاکتیکی جیاوازەوە. هەر ئەم سێکتاریزمە تاک ڕەوتیەی کە دەسەڵاتی بەلشەفیەکانی پێ قبوڵە دواتر دەبێتە میحوەری ئەوەی کە لە ئەنتەرناسیونالیزمی سێهەم هیچ نەمێنێتەوە جگە لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ڕوسیا نەبێ.

لە درێژەی ئەم ڕەوتەدایە کە ئەنتەرناسیونالی چوارەمی ترۆتسکیش ئەم ناسنامەیە دەبێتە دژایەتی ستالینیزم13و ئەنتەرناسیونالیزم و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەم قاڵبە سێکتاریستیە دەگرێتە خۆ کە تا ئێستاش گروپە ترۆتسکی و مارکسیستی و لینینستی و حیکمەتیستی و ماویستی و هەموو جۆرەکانی کۆمۆنیزمی سەردەمی پێ دەناسرێتەوە. ئەم قاڵبە بریتیە لە دانانی سنوری تیوری و سیاسی وتاکتیکی گروپ و حزبە کۆمۆنیستیەکان بە بەرنامە و چوارچیوەی ڕێکخراوەیی لەژێر ناوی نوێنەرایەتی چینی کرێکاردا و باقی چینەکە بە پێی ئەم پێوەرانە دەکەونە دەرەوەی ئەم گروپ و جۆرە حزبانەوە. ترۆتسکیزم بەشێک لەم مێژووەی چین و بزوتنەوەی ئێمەیە کە دەرگیری هەمان گرفت و کێشەی مێژوویی کۆمۆنیزمە.
ئەم ڕەوتە جێگای هەبوە وەک بەشێک لە ڕەوتی ڕەخنەگرانەی سەرمایەداری و بەشێک لەو ئومیدە بوە کە ڕەوتی تێکشکانی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەر بەرپێ بگرێ بەڵام وەک لە بەشەکانی پێشوودا باسمان کرد کە ترۆتسکی هەمان پێوانەکانی لینین و باقی بەلشەفیەکانی تری هەبوو لە مەسەلەی دیکتاتۆری حزبی و سەرمایەداری دەوڵەتی و بەگشتی مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا.
بە جیاوازیەکەوە کە ترۆتسکی لەسەر تێزی “شۆڕشی بەردەوام” پێی دادەگرت وەک بنەمایەکی ستراتیژی بۆ سەرکەوتنی سۆشیالیزم بەڵام ئەم بنەمایە لە چوارچیوەی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا شتێکی لەبابەتی پڕۆژەکانی چاکردنی سیاسەت و تاکتیکەکانی کۆمێنترن یاخود دروستکردنی ئەنتەرناسیونالی چوارەمی لێ دەردەهات کە هیچ ستراتیژیەکی بۆ شۆڕشی جیهانی چینی کرێکار نەدەدا بەدەستەوە. هەربۆیە ترۆتسکیزم نەیتوانی ڕەوتێکی نوێی سیاسی و چینایەتی نوێ بهێنێتە ئاراوە کە وەڵامی کەموکوڕیە مێژوویی و تیۆری و سیاسیەکانی بەلشەفیزم بداتەوە بەڵکو درێژەپێدەری بەلشەفیزم بووە تا ئێستا. هەربۆیە هەمان کێشەکانی سەردەمی ئێستای کۆمۆنیزم لەم ڕەوتەدا دەبینینەوە. سەرچاوەکان: 1 ترۆتسکی، کتێبی “شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی ١١

https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch11.htm
*2 ئارنست ماندل، دەربارەی بیرۆکراسی، تیۆری “جێنشینی”، فارسی.
https://marxists.catbull.com/farsi/archive/mandel/works/1973/boorokrasi.htm
*3 هەمان سەرچاوە
*4 پێشنیاری تەواوی بەرنامەی حزب کۆمۆنیستی ڕوسیا. لینین . ١٩١٩
https://marxists.catbull.com/farsi/archive/lenin/works/1919/tarhe-barnameh.pdf
*5 لینین، پێشنیاری یەکەمی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەمەی حزب سەبارەت بە لادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لە حزبی ئێمەدا، لاپەڕە ٧٩٠، هەڵبژاردەکانی لینین، بەزمانی فارسی
*6 ، لینین ،”دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکان لە هەلومەرجی سیاسەتی ئابوری نوێدا., ل٨٢٨، ،١٩٢٢،هەڵبژاردەکانی لینین، بەزمانی فارسی
*7،شۆڕشی ڕوسیا، ل ٦٤، بەشی ٧، ئاخرین ڕۆژەکانی لینین،ئی ئێچ کار.بەزمانی ئینگلیزی.

*8 ، ترۆتسکی، کتێبی “شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی ٥
https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch05.htm
*9هەمان سەرچاوە ، بەشی ٣
https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch03.htm
10ترۆتسکی، شۆڕشی بەردەوام، شۆڕشی بەردەوام چیە؟ بەشی ٩ https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1930-pr/ch09.htm 11 ترۆتسکی ، پێنج ساڵی کۆمێنتێرن، بەشی ٢ هەڵوێست سەبارەت بە حزبە سۆشیالیستەکان
https://www.marxists.org/archive/trotsky/1924/ffyci-1/app04.htm
*12 ترۆتسکی ، مانیفیستی کۆمێنتێرن
https://www.marxists.org/archive/trotsky/1924/ffyci-1/ch01.htm
*13 ترۆتسکی، لە دامەزراندنی ئەنتەرناسیونالی چوارەمدا، ئۆکتۆبەری ١٩٣٨
https://www.marxists.org/archive/trotsky/1938/10/foundfi.htm

Previous
Next
Kurdish