Skip to Content

بەها و هەڵەی پێشبینییەکان … ئارام سدیق

بەها و هەڵەی پێشبینییەکان … ئارام سدیق

Closed
by January 18, 2020 General, Literature

شاعیرەکان لەو نەسلە هەستیار و پێشبینیکەرەکەی کۆمەڵگەن، ئەوان بەر لە هەرکەسێک ئایندە دەبینن و درک بە جوانی، یان دزێوی ژیان دەکەن. ئەوان بۆ ئەوە دەنووسن تا پانتایی جوانی فراوانتر بێت و ڕووبەری بیرکردنەوە تەنها بیرکردنەوەیەک نەبێت لە سنوورێکی دیارکراوی سیستماتیک کراودا، بەڵکو ئەوان باڵی خەیاڵ بە وشە دەبەخشن بۆ ئەوەی سەرزەمینی نوێ و مەملەکەتی تازە بپشکنێت. شاعیرەکان، ئەگەرچی ڕاوکەری جوانین، بەڵام چاوێکی تیژ و هەستێکی بەهێزیان هەیە بۆ بینینی ناشرینی و دزێوی. وشە تەنها موڵکی شاعیرەکان نییە، بەڵام توانای دورستکردن و ئەفراندن و بەگەڕخستنی وشەی نوێیان هەیە. توانای ئەوەیان هەیە کە لە سیاقی دیاریکراودا مانای نوێ بە وشە ببەخشن.

ساڵانێکی زۆرە خوێنەری شیعرم، ئەمەش ئەو هەستی پێ بەخشیوم شاعیرە ڕاستەقینەکان لە شاعیرە ساختەکان جیا بکەمەوە. مەرج نییە ئەوەی خاوەنی زۆرترین فرۆشی دیوانە شیعرەکەی بوو ئەوە شاعیرێکی ڕاستەقینە بێت. وەک چۆن مەرجیش نییە ئەوەی خاوەنی خوێنەرێکی کەم بوو شاعیرێکی راستەقینە نەبێت. سیازدە ساڵ لەمەوبەر شیعرنووسێکی لاو دیوانە شیعرێکی بڵاوکردەوە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زیاتر لە 30 هەزار دانەی لێ فرۆشرا، بەڵام من ئەوکاتیش دەمزانی ئەو شیعرنووسە، شاعیر نییە، بەڵکو تەنها لە شێوەی شیعردا گوزارشتی لە هەستەکانی کردووە و نابێتە شاعیر وەک چۆن نەبووەتە شاعیر و ئێستا میدیاکارە. بەڵام زۆر شاعیریش هەن وزەی شیعریی لە خوێنیاندایە و من ساڵانێکی زۆرە خوێنەری ئەزموونەکەیانم و دیوان دوای دیوان چاوەڕوانی بەرهەمی نوێیانم، یەکێک لەو شاعیرانە سەباح ڕەنجدەرە.

زیاد لە دە ساڵە بە شیعریی ئەم شاعیرە ئاشنام، بەردەوامیش دەیخوێنمەوە و لەو شاعیرانەیە کە نامەوێت هیچ شیعرێکی نوێی هەبێت و نەیخوێنمەوە، یەک دووجاریش سەرنجی خۆم سەبارەت بە شیعرەکانی نووسیوە، بەڵام ئەوەی لەم شاعیرەدا سەرنجم ڕادەکێشێت ئەوەیە کە بۆ شیعر و وشە دەسوتێت، دەیەوێت نوێگەریی بکات و هەوڵەکانی هەر لە یەکەم کتێبی شیعرییەوە “زێوان” بەردەوامە و زۆرجاریش ڕەنگە نەیتوانیبێت ئەوەی دەیەوێت پێی بگات، یان ئەوەی دەیەوێت بیگەیەنێت. بەشی هەرە زۆری کتێبەکانی، یان دروستترە بڵێم هەمووی بێجگە لەم کتێبە نوێیەی، خاوەنی مانیفێستی شیعرییە. شیعر لای ڕەنجدەر پڕۆژە و بەرنامە و کردەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراوە، کە ئەمە دەڵێم مەبەستم ئەوەیە لە پشت ئیلهامی شیعرییەوە بەرنامە و پرۆژەی شیعریی ئامادەیە. ڕەنجدەر دەیەوێت شتێک بگۆڕێت لە شیعردا، ڕەنگە بۆ من گۆڕینی چێژی شیعریی بێت، بۆ کەسێکی دیکە دەستکاریی کردنی زمان بێت، بۆ خوێنەرێکی دیکە داهێنانی ڕووئیایەکی نوێگەرانەی شیعری بێت. بەڵام ڕەنجدەر دەیەوێت کار بۆ هەموویان بکات.

هیچ شاعیرێک نییە بتوانێت ئەزموونێکی شیعریی نوێ دابمەزرێنێت بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەزموونە شیعرییەکانی پێش خۆی، ڕامبۆی شاعیر ئاگاداری تەواوی ئەزموونە شیعرییەکانی پێش خۆی بوو، بۆیە لەو تەمەنە کەمەدا توانی ئەزموونێکی نوێگەرانە بە شیعریی فەرەنسی ببەخشێت. ڕەنجدەریش ئاگاداری تەواوی شیعریی هاوسەردەمەکانی خۆیەتی، ئەمە بێجگە لەوەی ئاگاداری شاعیرانی کلاسیک و نەوەی دوای خۆشیەتی، هەر ئەمەشە دەتوانێت جێگەی خۆی لەنێو ئەو ئەزموونە شیعریانەدا دیاری بکات و شوێنێک بۆ خۆیی و ئەزموونە شیعرییەکەی بکاتەوە. بێگومان کەم ئەو شاعیرانەی لە چەشنی ڕەنجدەر خاوەنی ئەم ئاگادارییەن.

خاڵێکی دیکەی دیاری ئەزموونی ئەم شاعیرە مانیفیستە شیعرییەکانیەتی، کە نیشانەی سەرنجدان و دەستنیشانکردنی ئەو خاڵانەیە کە دەیەوێت ڕووبەرێکیان لێ داگیر بکات. کاتێک دیوانی “خەون وا خۆی گێڕایەوە” دەنووسێت ڕووبەری کارکردنی خۆی لە خەوندا دیاری دەکات. کاتێکیش “سرودی زەوی” دەنووسێت، ڕووبەرێکی دیکە بۆ کارکردن و ئەفراندنی شیعریی دیاری دەکات، کە جیاوازە لە ڕووبەرەکەی پێشوو. بۆ شیعر لای ئەم شاعیرە وەستان نییە لە خاڵێکدا و ئیدی هەر لەوێدا بەدوای هەوای تازە و هەور و خەونی تازە بگەڕێت. بەڵکو شیعر گەشتکردنە، بەڵام بە هەموو ڕێگەیەکیشدا نا، بەڵکو تەنها بەو ڕێگایانەدا کە شاعیر بە مەبەستەوە هەڵیان دەبژێرێت، یان ڕەنگە هەندێک لە ڕێگەکان بە بەبێ پلانی پێشوەختە لەبەردەمیدا بکرێنەوە.

بەها و هەڵەی پێشبینییەکان، نوێترین کتێبی شیعریی ئەم شاعیرەیە، بەو پێیەی مانیفێستی نییە و شاعیر مانیفێستی بۆ ئەم کتێبەی نەنووسیوە، دەشێ کەمێک تایبەتمەندتر دەربکەوێت، بەڵام بەهەمان شێوەی کتێبە شیعرییەکانی پیشووتری کارکردنە لەسەر هێڵێکی شیعریی، هێڵێک کە شاعیر سێ دۆخی جیاواز دابەشی کردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە ئەم شاعیرە دەیەوێت لە سێ دیدگاوە دونیای نوێی شیعریی خۆی بە ڕەنگ و بەرگێکی نوێوە بنووسێتەوە. دۆخی یەکەم دۆخێکە جیاوازە لە دۆخی دووەم، ئەمەش هەر لە ناونیشانی شیعرەکانەوە تا وشە بە وشەی شیعرەکان ئەو جیاوازیی کارکردنە هەست پێ دەکەین. لە دۆخی دووەمدا خوێنەر بەر دوالیزمە دژەکانی وەکو “هاتن و نەهاتن” دەکەوێت و ئەمەش لە ناونیشانەکاندا ڕەنگدانەوەی هەیە، بەڵام دۆخی سێیەم لە دۆخی دووەم و یەکەمیش جیاواز ترە و کارکردنە لە ڕووبەرێکی شیعرییدا کە گەیاندن، یان باسکردنە لە حاڵەت و پنت و جێگەی نێو بوونی ئینسان.

ئێستا دەشێ بپرسین نووسینی مانیفێست بۆ ئەزموونی ڕەنجدەر ئێستا گرنگی هەیە، یان نییەتی؟ ئەگەر هەیەتی چییە؟ بەپێچەوانەشەوە. بەلای منەوە ڕەنگە هۆکاری نەنووسینی مانیفێست بۆ ئەم دیوانە شیعرییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە شاعیر چیدی بڕوای بە نووسینی مانیفێستی شیعریی نەمابێت، چونکە لە سی ساڵی ڕابردوودا مانیفێستی شیعریی خۆی ڕوونکردووەتەوە و چیدی پێویستی بە نووسینی مانیفێستی تر نەماوە. بەڵام ئایا وەهایە؟ بێگومان من وایدەبینم کە ئەو خوێنەرەی لایوابێت دوای سی ساڵ نووسین و ژیان لەنێو شیعردا شاعیرێک نەیتوانیبێت پەیامی خۆی ڕوون بکاتەوە کەواتە هیچی نەکردووە.
بۆیە هەنووکە مانیفیستی ڕەنجدەر ڕوونە و پێویست بە مانیفێست ناکات، بەڵام ئەی ئەگەر لە کتێبی دواتردا مانیفێستی نووسی، ئایا هیچی نوێ دەخاتەڕوو، لاموایە ئەمە پرسیارە جەوهەرییەکەیە و کە پێموایە چیتر ئەزموونی ئەم شاعیرە پێویستی بە نووسینی مانیفێست نەماوە. چونکە ” بەها و هەڵەی پێشبینییەکان”، ئەوەی تێپەڕاند کە ئەزموونی ئەم شاعیرە پێویستی بە مانیفێست هەبێت، خودی دەقەکان مانیفێستن. بێگومان من لە گرنگی مانیفێستەکانی دیکەی کەم ناکەمەوە. بەڵام مەرج نییە شاعیر ئەو نەریتە نەشکێنێت کە خۆی دایهێناوە، چونکە هەموو شاعیرێکی داهێنەر، شاعیرێکی نەریتشکێنە، ئەگەر نەیتەکە خۆیشی دروستی کردبێت، چونکە خودی شیعر ئەو نەریتشکێنییە دەخوازێت و وەکو مار بەردەوام کاژ فڕێدەدات و خۆی نوێ دەکاتەوە.

Previous
Next