بۆچی شیعر پێناسە ناکرێ ؟ … ناڵە حەسەن


بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ( بۆچی شیعر پێناسە ناکرێ … ؟ ) یان ( بۆ ناتوانین شیعر پێناسە بکەین …؟ ) ، هەروەها قسەکردن لە هۆکارەکان ، وا پێویست دەکات تێگەیشتنێکی ڕۆشن و دروستمان لەسەر شیعر هەبێت . شیعر دەتوانێ لەسەر هەموو بابەتێک بنووسێ ، یان قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکات . هۆکارەکەش ئەوەیە ، شیعر لە نێو ڕووبەری خەیاڵ دێتە بوون . ڕووبەری خەیاڵیش ، ڕووبەرێکی فراوان و بێ سنوورە . پڕۆسەی نووسینی شیعر بەم شێوەیەیە ، شاعیر لەسەرەتاوە بیر دەکاتەوە ، دواتر لە نێو بیرکردنەوەکانی قووڵ دەبێتەوە ، دەگاتە ئاستی ( ئەندێشە ) واتە خەیاڵ .
لەوێوە شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە گەڕان و داهێنانەکانی خۆی دەکات . یان لە پڕێکا بیرۆکەیەک یان خەیاڵێکی شیعریت بۆ دێت دواتر ، لە ڕێگەی بیرکردنەوە بەنێو خەیاڵەکەت قووڵ دەبییەوە و دەست بە گەڕانەکانت دەکەی ، واتە شیعر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بیرکردنەوە و فیکرەوە هەیە . بە مانای ، بیرکردنەوە پردێکە شاعیر بەهۆیەوە دەگاتە ڕووبەری ئەندێشە و خەیاڵ . دەتوانین خەیاڵ بە نیشتیمانی شیعر ناوبەرین . ئەو شوێنەی شیعر تیایدا لە دایک دەبێت . شاعیر لە نێو خەیاڵدا بەهای مرۆڤایەتی و بەهای بوون و بەهای جوانییەکان و خەونەکان دەنووسێتەوە . لە نێو

خەون و نهێنییەکانی بوون ، نهێنییەکانی ژیان و گەردوون کەشف دەکات و قسەیان لەسەر دەکات . گومان و پرسیارەکان دەهێنێتە بوون ، دەچێتە نێو جەنگە دەروونییەکان و شەڕ لەگەڵ بیرە دواکەوتووەکانی نێو کەلتوورە تەقلیدییەکان دەکات ، ئەوانەی دەیانەوێت سنوورێک بۆ ئازادی ژیان و تەنانەت سنوور بۆ جوانی و خەون و بیرکردنەوەکانیش دابنێن . تاکە چەکێکیش بە دەستی شاعیرەوە بۆ ئەم جەنگە ، فیکر و زمان و مەعریفەیە . چونکە شیعر لە بنەرەتەوە بە هۆی بیرکردنەوە دێتە بوون ، واتە فیکر و مەعریفە سەرچاوەی بوون و پێکهاتەی شیعرن . بیرکردنەوەش سەرچاوەی مەعریفەی مرۆڤە ، تەنانەت لە نێو ڕووبەری خەیاڵیش فیکر لە ڕێگەی زمانەوە بەردەوام کاری خۆی دەکات ، وەک سەرچاوەکی جوولێنەر یان بزوێنەر بۆ بنیاد و پێکهاتەی دەق . ئەگەر زمان بە دیوە بنەڕەتییەکەی ، هۆکارێک بێت بۆ تێگەیشتن یان سیستەمێکی ڕێزمانی یان سیستەمێکی ئاماژەیی بێت ، یان هەر مانایەکیتری هەبێت . بەڵام ، لە بنەڕەتدا بەشێکە لە مەعریفە و پێکهاتەی مرۆڤ ، بەرهەمی بیر و مەعریفەی مرۆڤە . لە هەمانکاتیش ، پێکهاتەیەکی بنچینەییە بۆ بەرهەمهێنانی دەقی شیعری . یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی زمان بەرهەمهێنانی جوانییە لە نێو رووبەری دەقدا .
شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانێ قسە لەسەر بابەتەکان بکات یان ناوەوەی خۆی بخوێنێتەوە و کار لەسەر ئارەزووەکان و غەریزەکانی خۆی بکات ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆیی و لەگەڵ دەرەوەی خۆی ڕەسم بکات . هەروەها بیرەوەرییەکان و ڕابردووی خۆی بنووسێتەوە . تەنانەت ، خەون و پێشبینییەکانیش . شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ، هیچ سنوور و بەربەستێک ناتوانێت بەر بە هێزی خەیاڵ بگرێت . ناتوانین هیچ سنوورێک و بازنەیەک بە دەوری خەیاڵ بکێشین ، یان خەیاڵ لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو بەند بکەین . شیعریش زادە و بەرهەمی ئەم ڕووبەرە بێ سنوور و فراوانەیە . ئەگەر بڵێین ، ئایا شیعر نووسینەوەی ڕابردوو و بیرەوەرییەکانی شاعیرە …؟ یان ئایا شیعر نووسینەوەی خەونەکان و غەریزە و ئارەزووەکانی شاعیرە …؟ ئایا شیعر زمانی ناوەوەی مرۆڤە …؟ ئایا شیعر گەڕانە بە دوای حەقیقەتی جوانی …؟ ئەمانە و دەیان پرسیاریتر …! ڕەنگە بۆ هەر یەکێک لەم پرسیارانە وەڵامەکە ( بەڵێ ) بێت . بەڵام ، هیچ کام لەم وەڵام و ( بەڵێ ) یانە بە ( تەنها ) ، ناتوانن مانایەکی دروست و گشتگیر بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە . دەتوانین بڵێین ( لە یەککاتدا / شیعر هیچ کام لەم وەڵامانە نییە لە هەمانکاتیش هەر هەموویانە …! ) .
بە مانایەکیتر ، دەتوانین بڵێین ( کۆی هەموو ئەم وەڵامانە ڕەنگە مانایەک بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە یان نزیکمان بکەنەوە لە مانای شیعر …! ) . بەو مانایەی وەک گوتمان ، شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ناتوانین تەنها لە گۆشەیەکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین . یان لە یەک دیودا بیبینین . بۆیە هەر کەسەو بە پێی تێگەیشتن ، ئاستی وشیاری و مەعریفە و بینین و بە پێی باری دەروونی خۆی خوێندنەوە بۆ شیعر دەکات و قسەی لەسەر دەکات . هەموو ئەم قسە و گۆشەنیگا جیاوازانەش مانایەک نین بۆ شیعر ، چونکە شیعر بوونێکی چەسپاو و نەگۆڕی نییە ، لە چرکەیەکەوە بۆ چرکەیەکیتر ، لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکیتر گۆشەنیگا و قسە و خوێندنەوەی جودا لە خۆ دەگرێت ، یان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر تەنانەت ، لە خودی کەسێکەوە بەڵام لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر ، تێڕوانینییان بۆ شیعر دەگۆڕێت ، یان بە پێی هەست و باری دەروونی ئەوکاتەی قسە لەسەر شیعر دەکات .
بە بڕوای من / ئەم قسەکردنانەش لەسەر شیعر لە چرکەساتێکی دیاریکراو ، ئەوە مانایەک نین بۆ شیعر بەڵکو ئەوە ، دەربڕینی هەست و باری دەروونی ئەوکەسەیە بەرامبەر بە شیعر بەمانای ، کەسەکە لەو کاتەدا باس لە هەستی خۆی یان باس لە باری دەروونی خۆی دەکات لە پەیوەند بە شیعرەوە . کەسەکان سەر بە هەر زمان و کەلتوور و نیشتیمان و ڕەگەزێک بن ، شیعر هەر بە شێوەی ناچەسپاو و ناجێگیرییە دەبیندرێ و دەخوێندرێتەوە . چونکە شیعر لە بنەڕەتدا بوونێکی گەردوونی هەیە . بۆ هێشتنەوەی شیعر لەم ئاستە فروانییە ، زۆرێک لە شاعیران مانای شیعرییان هاوتا کرد بە مانای ژیان . واتە شیعر تەریبە لەگەڵ ژیان . هەرچەندە شاعیر وەک مرۆڤێک / ئازادی و مافی ئەوەی هەیە لە ژیان دوور بکەوێتەوە و بچێتە دەرەوەی ژیان ، بەڵام شیعر / بۆ هەمیشە لە نێو ژیان دایە و هەر لە نێو ژیان دەمێنێتەوە . بەمانایەک ، ژیان لە کوێ بێت شیعریش لەوێدا دەبێت .
شاعیر دەتوانێ بێدەنگی هەڵبژێرێت و بە بێدەنگی قسەکانی خۆی بکات بەڵام ، شیعر ناتوانێ بەرامبەر هەموو ئە شتانە بێدەنگ بێت کە ژیان ناشیرین دەکەن . بە مانایەکیتر / شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە ..! بەڵام ، لێرەدا ئیشکالییەتێکی تر دێتە پێشەوە ، ئەویش ئەوەیە / گەر شیعر هێندە نزیک و تەریب بێت بە ژیان ، دەتوانین بپرسین ، ئەی ژیان مانای چییە … ؟! ئایا ژیان مانای لە دایکبوون و هەناسەدانە ؟ ئایا ژیان مانای عەشق و خۆشەویستی و پێکەوەییە ؟ ئایا ژیان مانای مردنە …؟ لێرەدا ژیانیش وەکو شیعر چەمکێکی گەردوونی و بوونێکی گەردوونی هەیە . دەقی شیعری لە بنەڕەتدا ڕووبەرێکی نادیار و تاریک دەردەکەوێت ، وەکچۆن مرۆڤ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە و پڕاوپڕە لە نهێنی شیعریش بەهەمانشێوە . مانگەشەوی دەقی شیعری لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەردەوام و قووڵبوونەوە دەردەکەوێت ، بە خوێندنەوەی جیاواز و بەردەوام ، دەقەکە بە گشتی و ئەو ڕووبەرە تاریکەی پشتی ئاماژەکان و کۆدەکانیش بە تایبەتی ، ڕۆشنتر دەردەکەون . لێرەدا دەتوانین بەم ئەنجامە بگەین و مەبەستەکانمان لەو چەند خاڵانەی خوارەوە چڕ بکەینەوە .
١ / هەموو ئەم چەمکانەی بوونێکی گەردوونییان هەیە وەک ( شیعر ، عەشق ، مۆسیقا ، ژیان … ) پێناسە ناکرێن ، چونکە ناتوانین لە یەک گۆشەوە بیانبینین و خوێندنەوەیان بۆ بکەین .

٢/ هەموو ئەم چەمکانەی لە ڕووبەری ئەندێشە واتە خەیاڵ لە دایک دەبن ( بەتایبەت شیعر ) ، پێناسە ناکرێن ، چونکە خەیاڵ بەپێی شوێن و کات دەگۆڕێ و هەمیشە بە جۆرێکی تر دەردەکەوێت .

٣/ هەموو ئەم چەمکانەی لە سەر جوانی ئیش دەکەن یان جوانی بەشیکە لە بنیاد و پێکهاتەیان ، یان ئامانجییان بەرهەمهێنانی جوانییە ، یان لە ڕێگەی جوانییەوە لەزەت بە مرۆڤ دەبەخشن ، وەک ( شیعر مۆسیقا ، تابلۆ ، سروشت ) پێناسە ناکرێن . چونکە جوانی خۆی بوونێکی ڕێژەیی هەیە ، ناتواندرێ بە شێوەیەکی گشتگیر و ڕەها ببیندرێ .

٤/ شیعر وەک مرۆڤ چەمکێکی ئاڵۆزە واتە ، بوونێکی نادیار و شێواوی هەیە و پڕاوپڕە لە نهێنی ، نهێنییەکان و دیوە شاراوەکانیش کۆتاییان نایە و هەوڵەکانیش لە شیعردا هەرگیز ناگەنە خاڵی کۆتایی ، قوڕسایی زمان لە ئاماژە و کۆدەکان چڕ دەبێتەوە . ئاماژە و کۆدەکانیش بوونێکی ئایرۆنییان هەیە ، بە داخراوی و ڕوخسار و ڕەنگی جیاواز دەردەکەون ، بۆیە هەمیشە پێویستییان بە کرانەوە و خوێندنەوەی نوێ هەیە .

نیسانی ٢٠١٦