Skip to Content

میللەتێکی بێ دەنگ …نەوزاد بەندی

میللەتێکی بێ دەنگ …نەوزاد بەندی

Closed
by كانونی دووه‌م 20, 2020 General

برادەرێک لە تەنیشت خۆما مۆبایلەکەی کردەوە و خەریک بوو بە تاسەوە پۆستێک بخوێنێتەوە ، لە پڕ ووتی : ( ئۆی ئەمە ھی تۆیە !!) وەک ئەوەی بڵێ : ھی تۆ بەکار نایەت بیخوێنمەوە !.. ئەمە بە حیساب زۆر موسوڵمانیشە ، منیش ئازادی دەکەم بۆ ئەوەی چیدی پۆستەکانم بێزاری نەکەن ..

ھۆکار زۆرە بۆ ئەوەی پیاوی بەرزمان تێدا ھەڵنەکەوێ .. چونکە ھەر کەسێ بیەوێ لە ھەر بوارێکدا خزمەت بکا و جیاواز بێ ، مرۆڤە زڕەکان ھەوڵی ڕاوەستاندنی دەدەن ، پلاری تێ دەگرن ، سووک تەماشای ھەوڵەکانی دەکەن ، پێی پێ دەکەنن ، ئەیانەوێ وەک خۆیانی لێ بکەن گەڵا و بەر و سێبەری تەنیا بۆ خۆی بێ ..ئەمەیش من ناوی دەنێم ھەوڵی بە فەرھاد پیرباڵکردن ..

خەڵکێکی داھێنەرمان ھەن ھەتا نەچوونەتە تاراوگە ، لە بەرد و بەرقی خەڵکە بودەڵە خۆپەرستە بێ بەرە بێ سێبەرەکە ڕزگاریان نەبووە و نەیانتوانیوە داھێنان بکەن ..دوای ئەوە کە لە دەستیان دەرچووە و بوونەتە داھێنەری جیھانیی ، ئینجا ئەو خەڵکە ڕوخێنەرە سەرەیان بۆ گرتووە تا سێڵفیان لەگەڵدا بگرن ..

داھێنەرانێکی وەک نالی و ئەمین فەیزی و تۆفیق وەھبی و ئیبراھیم ئەمین باڵدار کە لە تاراوگە سەریان نایەوە ، بەڵگەی ئەوەن کە لەم مەملەکەتە ڕوخێنەرەدا مرۆڤی جوان جێی نابێتەوە ..مرۆڤی داھێنەر گەر زات بکات زێدی باب و باپیران ھەڵبژێرێ ئەبێ وەک فەھاد پیرباڵ و جەنڕاڵی پاییز و سەردەشتیان لێ بەسەر بێ ..

لێرە خەڵکێک ھەن شانازی بەوەوە ئەکەن کە بێدەنگن و بارە گوێزیان لێ بنێی خڕەی نایەت ..ھەر کەسێکیش وورتە وورتێک بکات پێیان زۆر بڵێ و بێ بەھایە و ھەوڵ ئەدەن بە جۆرێ لە جۆرەکان لەزگەکە بدەن لە دەمی و کپی بکەن ..ھەوڵ ئەدەن کارێ بکەن چیدی زەبر بە بێدەنگی و بێ ھەڵوێستیەکەیان نەگات و ..کەس زات نەکات بەرد بخایە گۆمە مەنگەکەی عەقڵ و ھزریانەوە ، بۆ ئەوەی بە حەیا و حورمەتی خۆیانەوە بڕۆنەوە بەردەم قاپی خوا ..

لێرە زۆرترین جنێو و سوکایەتی بەو کەسانە دەووترێ و دەکرێ کە قسە بۆ گەل دەکەن و .. دەس بە کڵاوی خۆیانەوە ناگرن و..وازیان لە خۆپەرستی ھێناوە و ..ئەوە بیری مێگەل دێننەوە کە ئەوان لە تەویلەدان نەک لە کۆمەڵگای مۆدێرندا.. ئەوەیان بیر دێننەوە کە ئەوان و کێڵگەیەکی مریشک تەنھا لەوەدا جیاوازن مریشک کە ئەکوژرێ گۆشتەکەی ئەخرێتە سەر برنج بەڵام ئەوان کە ئەکوژرێن گۆشتەکەیان ئەکرێ بە ژێر خۆڵەوە ..

کاتێ کۆمەڵگا بە بێ بەرھەم و بە بێ دەنگ و بەعاقڵی چاوەڕێی خوا دەکەن وەزعەکەیان بۆ وەک وەزعی ئەڵمانیا و سویسرا لێ بکات ، لەو کاتەدا ھەر ورتەیەک ئەخرێتە قاڵبی بێ ئەدەبی و دەستکاریکردنی ئیشی خوداوە ، لێرەدا ئیتر ئەو کەسانە ئەخرێنە ڕیزی ئەوانەی کە تەبایی ئەشێوێنن و ئەزمونی چەند ساڵەی ورگ پڕکردن و ڕیقنە کردنیان لێ تێک دەدەن ، ئەوەیش بە پێی دەستوورە شەفافەکەیان و عەقڵە کیلۆموتر سفرەکەیان جێی قبوڵکردن نییە ..
ئینجا وەرە ئەم کەناریە ئێکس لارجانە لەو قوڕە خەستەدا بھێنە دەرەوە!!

نەوزاد بەندی

Previous
Next
Kurdish