Skip to Content

ئیتر بەو جۆرە … نەوزاد بەندی

ئیتر بەو جۆرە … نەوزاد بەندی

Closed
by كانونی دووه‌م 23, 2020 General, Poems

ئەمەوێ بڵێم
تاقەتی زۆر شتم نەماوە ..
وەک دووبارە کردنەوەی دوێنێ و ..
ئیستینساخکردنی سبەینێ لەسەر ئەمڕۆ ..
وەک تەماشاکردنی سەفەرە خۆشەکان و
قات و بۆینباخە جوانەکانی سەرۆک ..
وەک کۆچە خەمگینەکانی لاوان و .. قڵپ بوونەوەی یەختەکانیان و
خنکانیان بە جوملە ..
وەک سەیرکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و
نەڕە نەڕی ئەندام پەرلەمانێکی مناڵ و
قیژە قیژی سەرۆک پەرلەمانێکی پیرەژن ..

ئەمەوێ بڵێم
تاقەتی زۆر شتم نەماوە ،
وەک ئەوەی بە کەسێ بڵێم چۆنی و ..
دڵنیایش بم ئەو ئەڵێ زۆر باشم و ..
زۆر خراپیشە ..
وەک ئەوەی بچیتە بازاڕ و
کۆمەڵێ شت بکڕیت ، کە دڵت پێی خۆش نییە و
ھەروەک عادەت و تەقالیدێ
بۆ ئەوەی پێت بڵێن کەڵەشێری ماڵە ،
بیانکڕی ..

تاقەتم نەماوە
لەم شەقام و خانووە سەقەتانەی
کە بەکاری ژیانکردن نەماون ..
لەو ھەموو تەنەکە خۆڵانەی
کەوەک گەدە و ڕیخۆڵەی خەڵکەکە ،
پڕ بوون
ترشاون
لێیان ئەڕژێ ..

تاقەتم نەماوە
لە تیڤیدا تەماشای بۆینباخلەملێک بکەم
لەگەڵ گۆرانی کۆچی کوردانی عەدنان کەریم
یان فلوتەکەی قالە مەڕە ،
چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمەڵێ ڕەش و ڕووتا بکا و
بڵێن : بە زاتی خوا دوو صەو پەنجا دینار شک نابەم

تاقەتم نەماوە و
ڕۆژەکان وەک جەلاد
بە دوای خۆیانا ڕامدەکێشن ..
وەک ئەوەی پێم بڵێن
جارێ ماوتە کۆمەڵێ عەزاب
تا ئەگەیتە ئەو گوزەرەی
کە تیایدا ڕۆحت ئەکێشن ..

وەک ڕووداوەکانی ھات و چۆی
خەتی سلێمانی — کەلار ..
وەک کوژانەوەی کارەبا
وەک لە دەرگادانی دوو کچی شۆخ
یان دوو کوڕی لاو و
داوا کردنی پارەی خاشاکی سێ مانگ

— ن . بەندی —

Previous
Next
Kurdish